روسیا‌و ئۆكراینا:  ئایا جەنگ دەبێتە هۆی داتەپینی ئابوری جیهانی ؟

Draw Media

2022-03-11 12:58:23



پاپلۆ ئۆجاوا- بی بی سی
وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت
سەرباری ئەو جەنگەی لەنێوان روسیا‌و ئۆكراینادا هەیە، هێشتا پسپۆڕان پێیانوایە لەمساڵدا ئابوری جیهان گەشە دەكات، بەڵام كاریگەریی جەنگەكە لەسەرتاسەری جیهان بەرجەستە دەبێت، ئاستی زیان لەسەر ماوەی درێژەكێشانی جەنگ راوەستاوە. 
ئەم زیانەش دەكەوێتەسەر ئاستی بەردەوامبوونی ئاڵۆزییەكانی ئەمدواییە لە بازاڕەكاندا، سەبارەت بەوەی ئایا ئەمە شۆكێكی كاتییە یان قەیرانێكی بەردەوام. 
جەنگ چۆن كاریگەری لەسەر ئابوری جیهانی دادەنێت، ئایا سەردەكێشێت بۆ داتەپین ؟

بە جیاوازی ئەو شوێنەی تێیدا دەژیت؛ كاریگەریی دەگۆڕێت
بەگوێرەی كۆمپانیای راوێژكاریی (ئۆكسفۆرد ئیكنۆمیكس) كە بارەگاكەی لە بەریتانیایە، ئاكامە ئابورییەكانی جەنگ بۆ روسیاو ئۆكراینا "كارەساتبار" دەبێت، بەڵام سەبارەت بە ناوچەكانی تری جیهان جیاوازە.
بۆ نمونە، هەریەكە لە پۆڵەنداو توركیا پەیوەندی بازرگانی گرنگیان لەگەڵ روسیادا هەیە، ئەم دوو وڵاتە زیاتر دەكەونە بەردەم كاریگەرییەكانی جەنگ بە بەراورد بە وڵاتانی تر. 
پۆڵەندا زیاتر لە نیوەی پێداویستی نەوتی خۆی لە روسیاوە هاوردە دەكات، هەروەك توركیاش زیاتر لە یەك لەسەر سێی پێداویستی خۆی بەهەمان شێوە لە روسیاوە هاوردە دەكات. 
مامەڵەی بازرگانی ئەمریكا لەگەڵ روسیا رێژەی 0,5%ی تێكڕای بەرهەمی ناوخۆیی تێناپەڕێنێت. سەبارەت بە چین، ژمارەكە 2,5%ە، بۆیە كاریگەریی قەیرانەكە لەسەر ئەم وڵاتانە زۆر سنوردار دەبێت. 
(بن مای) بەڕێوەبەری "گڵۆباڵ ماكرۆ ریسیرچ" لە "ئۆكسفۆرد ئیكۆنۆمیكس"ی پێشەنگ لەبواری پێشبینی جیهانیی‌و شكاریی چەندێتی دەڵێ: پێشبینی دەكرێت جەنگ بەرێژەی نزیكەی 0,2% ئاستی گەشەی ئابوری لەمساڵدا كەمبكاتەوە، واتە رێژەكە لە 4ەوە دابەزێت بۆ 3,8%، بەڵام ئەمە مەرجدارە بەوەی ململانێكە بۆ ماوەیەكی درێژ بەردەوام نەبێت". 
"ئەگەر جەنگ بۆ ماوەیەكی درێژ بەردەوام بوو، كاریگەرییەكان زۆر خراپتر دەبن".

"هەڵاوسان بە داتەپینەوە" لەگەڵ نرخی نەوتدا
پاڵنەرێكی تر هەیە كە زۆر گرنگە‌و دەبێت لەبەرچاوبگیرێت، كە كاریگەرییە لەسەر نرخی نەوت‌و ئەوەش بەشێوەیەكی كردەیی بووەتە هۆی ئاڵۆزی لە بازاڕەكاندا، بەگوێرەی ئیدارەی زانیارییەكانی وزەی ئەمریكا، روسیا سێیەم گەورە وەبەرهێنی نەوتە لەسەر ئاستی جیهان لەدوای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا‌و سعودیەوە. 
لە ساڵی 2020دا روسیا رۆژانە (10 ملیۆن‌و 500 هەزار) بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، لەم بڕە (5 بۆ 6 ملیۆن) بەرمیلی هەناردە كردووە‌و نیوەی هەناردەی بۆ ئەوروپا بووە. 
7ی ئازار نرخی نەوتی خاوی برێنت كە لە دەریای باكور دەردەهێنرێت، بەنزیكەیی بۆ ئاستێكی پێوانەیی بەرزبووەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمریكا‌و ئەوروپا وتیان تاوتوێی قەدەغەكردنی هاوردەی نەوتی روسی دەكەن. 
دوای ئەوەی بەرێژەی 21% لە هەفتەی پێشوو بەرزبووەوە، بەرێژەی 18%ی تر بەرزبووەنەوەی بەخۆوە بینی‌و نرخی بەرمیلێكی گەیاندە نزیكەی 140 دۆلار، ئەمەش بەر لەوەی كەمێك نرخەكە پاشەكشێ بكاتەوە. 
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رۆژی 8ی ئازار هاوردەی نەوتی روسیی قەدەغەكرد، بەریتانیاش بەڵێنیداوە لە كۆتایی 2022دا هەمان كار بكات.
روب ویست سەرۆكی كۆمپانیای توێژینەوەی "سندەر سید ئینێرجی" بە رۆژنامەی فاینانشیال تایمز-ی وتووە:" رەنگە ئەم ئاڵۆزییانە نرخی نەوت بگەیەنێتە زیاتر لە 200 دۆلار بۆ یەك بەرمیل". 
لە 8ی ئازاردا ئەلیكسەندەر نۆڤاك جێگری سەرۆك وەزیرانی روسیا لەمە زیاتریش رۆیشت‌و وتی:" بەرزبوونەوەی نرخەكان پێشبینی نەكراو دەبێت. دەگاتە 300 دۆلار بۆ یەك بەرمیل، ئەگەر زیاتریش نەبێت".
نۆڤاك لە بەیاننامەیەكدا كە تەلەفزیۆنی حكومی بڵاویكردەوە، رایگەیاند" زۆر روونە قەدەغەكردنی نەوتی روسیا دەبێتە كۆتاییەكی خراپ بۆ بازاڕی جیهانیی". 
زیادبوونی نرخی نەوت تەنیا نابێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی، بەڵكو دەبێتە هۆی زیادبوونی نرخی هەموو كاڵایەك. هەڵاوسان زیاد دەكات، چونكە سوتەمەنی‌و وزە تێچووی بنەڕەتین لە دروستكردن‌و گواستنەوەی كاڵاكاندا. 
ئەم تێكەڵەیە لە شۆك، رەنگە ببێتەهۆی "هەڵاوسانێكی هاوتا لەگەڵ داتەپین"دا، ئەمە بەگوێرەی قسەی ئابوریناسانی بانكی باركلیز-ی بەریتانی، كە ئاستی پێشبینی خۆیان بۆ گەشەی ئابوری جیهان لەمساڵدا بەرێژەی یەك پۆینت لەسەد دابەزاندووە.
"هەڵاوسان بە داتەپینەوە" كاتێك روودەدات كە ئابوری دەوڵەت لە یەككاتدا بەرزبونەوەی لە نرخەكان‌و داتەپین بەخۆوە ببینێت. 

بەرزبونەوەی نرخی ماددە خۆراكییەكان
دەكرێت جەنگ ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ماددە خۆراكییەكان، چونكە هەریەكە لە روسیا‌و ئۆكراینا لە گەورە وەبەرهێنەرانی ماددە خۆراكییەكانن، ئەم دوو وڵاتە رێژەی 14%ی گەنمی جیهان بەردەم دەهێنن‌و سەرچاوەی 29%ی هەناردەی جیهانن، ئەمە بەگوێرەی قسەی لواندیل سیهلوب گەورە توێژە لەبواری ئابوری كشتوكاڵیدا لە زانكۆی (ستیلینبوش)‌و بانكی (جی پی مورگان).
لەپاڵ ئەمەشدا، هەردوو وڵات لە گەورە وەبەرهێنەرانی زەیتی گەنمەشامی‌و گوڵەبەڕۆژەن. ئاڵۆزییەكان كاریگەرییان دەبێت لەسەر گەیشتنی دانەوێڵە بە هاوردەكاران لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌و ئەفریقا‌و توركیا. 
لوبنان زۆرینەی گەنمی خۆی لە روسیا‌و ئۆكراینا دەكڕێت، هەروەها میسرو توركیاش، سودان‌و نەیجیریا‌و تەنزانیا‌و جەزائیر‌و كینیا‌و باشوری ئەفریقا پشت بەو دانەوێڵەیە دەبەستن كە لە روسیا‌و ئۆكرایناوە هاوردە دەكرێن. 
سڤن توری هولسیتیر سەرۆكی كۆمپانیای "یارا" كە یەكێكە لە گەورە كۆمپانیاكانی پەین لەسەر ئاستی جیهان دەڵێ" بەلای منەوە، بابەتەكە ئەوە نییە ئایا ئێمە بەرەو قەیرانێكی جیهانیی خۆراك دەڕۆین، بەڵكو قەبارەی قەیرانەكەیە". 
بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی غازەوە، نرخی پەین بەرزبووەوە، روسیا گەورەترین هەناردەكاری ئەو پەینەیە كە لە بواری كشتوكاڵدا بەكاردەهێنرێت. 
هولسیتیر بە بی بی سی رایگەیاند" بەر لە جەنگ لە دۆخێكی سەختدا بووین، نیوەی دانیشوانی جیهان خۆراك لە ئەنجامی پەینەوە بەدەستدەهێنن، ئەگەر هەندێك لە چێندراوەكان پەین نەكرێن، ئاستی بەرهەم بەرێژەی 50% دادەبەزێت". 

بەرزبونەوەی نرخی سود
پێشبینی دەكرێت زیادبوونی نرخی وزە‌و خۆراك ببێتەهۆی زیادبوونی هەڵاوسان لە وڵاتانی تازەگەشەكردوودا، بەجۆرێك بگاتە یەك پۆینت لە سەد، ئەمە وەكو ئەوەی (جێنیفەر ماكیون) سەرۆكی بەشی خزمەتگوزاری ئابوری جیهانیی لە كاپیتاڵ ئیكۆنۆمیكس دەڵێت. 
لە هەندێك وڵات كە خۆیان بەدەست هەڵاوسانەوە دەناڵێنن، بەتایبەتیش لە ئەوروپای ناوەڕاست‌و ئەمریكای لاتینی، بانكە ناوەندییەكان لەرێگەی بەرزكردنەوەی نرخی سودەوە دەیانەوێت روبەڕووی هەڵاوسان ببنەوە. 
ماكوین بە بی بی سی وت:" ئەمە دەبێتە هۆی سەختییەكی زیاتر بۆسەر ئەو ئابورییانە". 
هاوكات، بەشێك لە ئەروروپای خۆرهەڵات‌و ئەڵمانیا‌و ئیتالیا‌و توركیا كە بەشێوەیەكی زۆر پشت بە هەناردەی غازی روسیا دەبەستن، بەرزبوونەوەی نرخی بژێوی بەخۆیانەوە دەبینن.

پێداویستییەكانی بەكاربەر
ماكیون دەڵێ، پاشەكشێی توانای كڕین لەلایەن بەكاربەرانەوە لەسەر ئاستی جیهان، رەنگە گورز لە ئابوریی ئاسیا بدات.. لەوباوەڕەدام كاریگەری سەرەكی لەسەر ئاسیا لە پاشەكشێی خواستی بەكاربەران‌و خواست لەسەر هەناردەی ئاسیاوە سەرچاوە دەگرێت". 
"بۆ نمونە ئەگەر بینیمان بەهۆی جەنگەوە خواست لە ناوچەی یۆرۆ پاشەكشێ دەكات، لەگەڵ زەرەرمەندبوونی توانای كڕین بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە، ئەمە كاریگەری گەورەی لەسەر هەناردەی ئاسیا دەبێت".

بوژانەوەیەكی ناڕێك
هێشتا شیكەرەوەكان پێشبینی گەشەیەكی بەهێز دەكەن لەمساڵدا، هۆكاری بەشێكی ئەمەش بۆ گەڕانەوەی ئابورییەكان بۆ ئاستی بەر لە پەتای كۆرۆنا، دەگەڕێتەوە. 
بن مای بەڕێوەبەری "گڵۆباڵ ماكرۆ ریسێرچ" دەڵێ، گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی لەڕووی گەشەی ئابورییەوە "دەستكەوتی پێشبینی نەكراو" دروست دەكات. 
تاوەكو ئێستا، جەنگ هەڕەشە لە هەندێك لەم گەشەكردنە دەكات، بەڵام كاریگەرییەكە بەشێوەیەكی زیاتر پشت بە ماوەی جەنگەكە‌و ئاستی تێكچوونی بارودۆخەكە دەبەستێت. 
مای ئاماژە بەوەدەكات" ئەمە شتێك نییە كە پاڵ بە ئابوری جیهانییەوە بنێت بۆ داتەپین یان هەر شتێكی تری لەوشێوەیە"، بەڵام دان بەوەدا دەنێت دۆخەكە بەشێوەیەكی گشتی حاڵەتێكی نەبوونی متمانە دروست دەكات‌و ئاستی تێكچوونی بارودۆخەكە نەزانراوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand