بۆچی بەكارهێنانی سیتمی سویفت دەبێتە گورزێكی تێكشكێنەر لەدژی روسیا؟

Draw Media

2022-02-26 18:13:48



درەو:
سەرچاوە: الحرە
دوای چەند كاتژمێرێك لە هێرشی روسیا بۆسەر خاكی ئۆكرانیا, ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چەند سزایەكی نوێ لەدژ مۆسكۆ راگەیاند‌و جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە وتەیەكیدا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند دەركردنی روسیا لە سیستمی "سویفت" تایبەت بە مامەڵە داراییەكان یەكێك دەبێتە لە بژاردەكان.
بایدن رونیكردەوە كە ئەم بژاردەیە هێشتا لەلایەن ئەوروپییەكانەوە جێگەی رەزامەندی نیە, ئاماژەی بەوەشدا ئەو سزایانەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكان‌و هاوپەیمانەكانی بەسەر روسیایان سەپاندووە هەمان كاریگەری دەبێت, بگرە كاریگەری گەورەتریشی دەبێت لە دوورخستنەوەی مۆسكۆ لە سیستمی سویفت.
هاوكات ئۆكرانیاش رۆژی پێنج شەممە داوای كرد مۆسكۆ لە سیستمی سویف دووربخرێتەوەو سەرۆكی ئەو وڵاتە ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لە تویتەر رایگەیاند داوادەكەن روسیا لە سیستمی سویف دووربخرێتەوە‌و ئاسمانی ئۆكرانیاش بكرێتە ناوچەی قەدەغەكردنی فڕین.

سیستمی سویفت چیە؟
دامەزراندنی سیستمی سویفت دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1973 كاتێك كۆمەڵەی پەیوەندییە داراییەكانی جیهانی نێوان بانكەكان دامەزرێندرا كە بارەگاكەی لە بەلجیكایە.
بانكی نیشتمانی بەلجیكی بە هاواكاری لەگەڵ بانكە ناوەندییە سەرەكییەكانی تری وەك یەدەگی فیدراڵی ئەمریكی‌و بانكی ناوەندیی ئەوروپی و بانكی ئینگلتەرا سەرپەرشتی ئەم كۆمەڵەیە دەكات.
كاری سویفت تەنها لە حەواڵكردنی دراودا چڕنابێتەوە بەڵكو وەك سیستمێكی ئاڵۆگۆڕكێكی نامەی سەلامەت كاردەكات‌و زیاتر لە (11 هەزار) دامەزراوەی دارایی لە زیاتر لە (200 )دەوڵەتدا بەیەكەوە بەستوەتەوە.
ژمارەكانی سویفت ئاشكرایدەكەن كە لە ساڵی 2021دا لە یەك رۆژدا (42 ملیۆن) نامە ئاڵۆگۆڕكراوەو لە 2020دا روسیا نزیكەی لەسەدا (1.5) ی جوڵە داراییەكانی دارایی لە رێگەی سویفتەوە ئەنجامداوە.
رێكخراوی سویفت لە ساڵی 2014 لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە كۆمەڵەیەكی جیهانیی بێلایەنە‌و هەر بڕیارێك بۆ سەپاندنی سزا بەسەر دەوڵەتان و قەوارەكاندا دەكەوێتە سەر شانی حكومەتەكان‌و دەسەڵاتە تەشریعییە پەیوەندیدارەكان.

بە دورخستنەوەی چ كاریگەرییەك دەكاتە سەر روسیا
راپۆرتێكی تۆڕی "سی ئێن ئێن" ئاماژەبەوەدەكات كە لە حاڵەتێكدا ئەگەر روسیا لە سیستمی سویفت بكرێتە دەرەوە ئاستەم دەبێت دامەزاراوە داراییەكانی بتوانن پارە بۆ ناوخۆ یان دەرەوەی وڵات حەواڵە بكەن, ئەوەش كۆمپانیا گەورەكانی روسیا دەخاتە حاڵەتی شۆك بە تایبەتی بۆ كڕیارەكانی نەوت‌وغاز.
ئاماژەیبەوەشداوە كە لە پێشترداو ساڵی 2012 ئێران لە سیستمی سویفت كرایەو دەرەوە بەهۆی سەپاندنی سزا بەسەریدا لەبەر پرۆگرامە ئەتۆمییەكەیو تاران نزیكەی نیوەی داهاتی هەناردەكردنی نەوتی لەدەستدا‌و لە سەدا 30ش جموجوڵی بازرگانی دەرەكی زیانی بەركەوت.
هەروەها راپۆرتێكی تۆڕی " ئێن بی سی نیوز" جەختدەكاتەوە كە دوورخستنەوەی روسیا لەو دامەزراوە بانكییە گرنگە دەبێتە هۆی دەستبەجێی گەیاندنی زیان بە ئابوری روسیا بە تایبەتی كە ئەوە بەواتای دابڕاندنی روسیا دێت لە مامەڵە داراییە نێودەوڵەتییەكانی لەوانەش داهاتی بەرهەمهێنانی نەوت‌و غاز كە زیاتر لە 40%ی داهاتی روسیا پێكدەهێنێت.
راپۆرتەكە دەڵێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سیستمی سویفتەوە قایل كرد بۆ دەركردنی ئێران بەهۆی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەیەوە, دەركردنی روسیا لەوانەیە زیان بە ئابوری وڵاتانی تری وەك ئەڵمانیا بگەیەنێت.

جیهان روسیا لە سویفت دووردەخاتەوە؟
جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا رۆژی پێنجشەممە جەختیكردەوە كە بەباشتری دەزانێت كۆمەڵێك سزای نوێ‌ بەكاربهێنرێت كە چوار بانكی گەورەی روسیای گرتوەتەوە بەڵام چەند كۆنگرێسمانێكی ئەمریكی دەیانەوێت روسیا لە سویفت بكرێتە دەرەوە‌و بایدنیش ئاماژەی بەوەدا كە پێویستی بە پاڵپشتی هاوتا ئەوروپییەكانی هەیە كە وادەردەكەوێت كەمتر حەماسەتیان بۆ ئەو رێوشوێنە توندە هەبێت چونكە روسیا سەرچاوەی سەرەكی دابینكردنی وزەیە بۆ ئەوروپا.

رێوشوێنەكانی روسیا
بەگوێرەی راپۆرتێكی " سی ئێن ئێن" روسیا لەماوەی رابردوودا هەنگاوی ناوە بۆ دامەزراندنی سیستمێكی تایبەت بەخۆی بۆ حەواڵەكردنی دراو كە لەسەدا 20ی حەواڵە ناوخۆییەكانی پشتی پێدەبەستن.
راپۆرتەكە ئاشكراشیكردووە كە سیستمی ئاڵۆگۆڕ‌و حەواڵەی بانكیی روسیی بواری ئەوە بۆ مۆسكۆ دەڕەخسێنن كە بتوانێت لەگەڵ بانكەكانی چیندا مامەڵە داراییەكانی بكات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand