گومان لە هێزە عێراقیەکەی زاخۆ 

Draw Media

2020-07-03 11:55:13



   هیوا سەید سەلیم

   دوای چەند هەفتە لە ئۆپراسیۆنی زەمینی و سەربازی سوپای تورکیا بۆ ناوچەی حەفتانین لە دەوروبەری قەزایی زاخۆ، دیمەنی هێزێکی سەربازی لە دەڤەری شەڕی نێوان سوپای تورکیا و  PKK یڵاودەبێتە  کە ئالای عێراقیان لەو دەڤەرە هەڵکردووە کە ساڵانێکی زۆرە ئەو ناوچەیە بەو ئاڵایە و بە هێزەکانی عێراقی نامۆیە.
هێزە عێراقیەکە کێن و سەر بەکێنە و سەر بە چ لایەن و نەتەوەیەکن کوردن یان عەڕەب؟  زۆر گرنگ نیە، ئەوەی کە زۆر گرنگە بزانرێت ئەرکی ئەو هێزانە لەو کاتە هەستیارە کە دەڤەرەکە مەیدانی شەڕێکی یەکجار نابەرابەرە لەوێ چیە؟
پرسیار و گومانەکان لەوە سەرچاوە دەگرن،  کە لێرەو لەوێ باس لە هەماهەنگی سەربازی و ئیستخباراتی تورکیا – عێراق دەکرێت،  بۆ سەرکەوتنی تورکیا لەو ئۆپراسیۆنە، ئەوەشی کە گومانەکان زیاتر دەکات، هاتنی شاندی باڵای ئیستخباراتی تورکیا بە سەرۆکایەتی (هاکان فیدان) بۆ بەغدا بە دوو رۆژ پێش دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازیەکەی سوپای تورکیا.
هاکان فیدان سەرۆکی دەزگای ئیستخباراتی تورکیایە، پێشتر بە حوکمی کارەکەی پەیوەندی باشی لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق هەبووە، کە هەردووکیان لە پۆستی سەرۆکی دەزگای موخابەرات بوونە.
دوا جاریش ئەو لێدوانەی کە لەزاری قسەکەری وەزارەتی دەروەی ئەمەریکا بڵاوکرایەوە، کە باس لە گرنگی هەماهەنگی نێوان عێراق و تورکیا و هەرێم دەکات بۆ وەدەرنانی هێزەکانی PKK لەو ناوچەیە.
هەڵوێستی عێراق لە بەرامبەر ئەو ئۆپراسیۆنە بە دوو جۆر شیکاری بۆ دەکرێت، یەکەمیان بەوەی گومانەکان ڕاست بن و ژێر بە ژێر ریکەوتن لەسەر دژایەتی PKK کرابێت، هی دووەمیش عێراق نەچووبێتە ژێرباری داخوازی تورکیا و بۆ ڕێگری لەو ئۆپرسیۆنە ئەو هێزەی لەو ناوچەیە دامەزراندبێت.
هەردوو بژاردەکە ڕێگای تیدەچێت بە تایبەت لایەنی دەستەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان هەمیشە جەغت لەوە دەکاتەوە کە نابێت چیتر PKK بیانوو بداتە هێزەکانی تورکیا،  و ماکینە راگەیاندنەکەشی لە خزمەتی بیانووهێنانەوەیە بۆ ڕەوایەتی دان بە شەڕی (PKK)ە.
   ئەوەی تا ئێستا وا دەکات گومان بکەین عێراق و هەرێم بەو ئۆپراسیۆنە رازی بن،  و هاوکاری تورکیا بکەن ، گومانی هەموو لایەکە لە ئەجێندای دەوڵەتی تورکیا، بەوەی نایشارنەوە ئەوان بە گەڕانەوە بۆ میساقی میللی دەیانەوێت دەست بگرنەوە بەسەر ئەو ناوچانەی کە لە رێکەوتننامەی لۆزان لەدەستیان داوە.
بە واتایەکی دیکە هەموو کارەکتەرەکانی نێو قەیرانەکانی ناوچەکە لە پیلانی دەولەتی تورکیا گەیشتوون، بەوەی ئەگەر بۆی بچیتە سەر نەک دەست دەگرێت بەسەر هەرێمی کوردستان و سنووری ویلایەتی موسڵی کۆن، بگرە هەموو ئەو ناوچانەش دەگێڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی کە لەسەردەمی شەش سەدەی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی لە ژێر دەستی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە دابوونە.
لە سەرتایی ساڵانی ٢٠٠٠،  و دوای هاتنە سەرکاری پارتی داد و گەشەپێدان لە تورکیا دوڵەتی عوسمانی نوێ ئەجیندای ئەردۆغان و پارتەکەی بووە، تێزەکەی ئەحمەد داود ئۆغلو کە لە نامەی دکتۆراکەی هاتووە ( قوڵایی ستراتیژی) زۆر بە ڕوونی باس لە تورکیای نوێ دەکات.
بۆیە لە بەرژەوەندی هیچ یەک لە عێراق و هەرێمی کوردستان دانیە بچنە ژێر باری ئەجێندای دەوڵەتی تورکیا، بەڵام وەرنەگرتنی هەڵوێستێکی جدی لەبەرامبەر ئەو ئۆپراسیۆنە و بردنی هێزی سەربازی بۆ ناوچەکانی شەڕ هیشتان جێگای گومانە.
ئەوەی کە زۆر گرنگە ئەوەیە PKK بەرەیەکی شەڕی دیکە لە دژی خۆی نەکاتەوە،  و کاردانەوەی دژ بەو هێزە نەبێت کە لەو ناوچەیە جیگیرکراوە، ئەگینا ڕادەکێشرێت بۆ نێو شەڕێک کە ئەنجامەکەی بە سوودی ئەجێندای تورکیا دەشکێتەوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand