سەرۆکی حکومەت چاکسازی لێرەوە دەکرێت..

Draw Media

2020-07-02 20:49:42



كەمال رەئوف

• هەمووان ئەو راستیە ئەزانین کە دۆخی ئێستای هەرێم لە زۆر رووەوە لە چ تەنگژە وناجۆریدایە، تورکیاو ئێران، سنور ئەبەزێنن، پەیوەندی لایەنەکان تەندروست نییە، متمانەی نێوان حکومەت و خەڵک لەسفردایە، پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغداد باش نییە، کێشەی ئابوری بەسەختی یەخەی حکومەتی گرتووە، کەس پرۆژەی کرداری پێنییە، رێککەوتنیش لەگەڵ بەغداد بەوشێوەیە بۆ هەرێم قورسە، ئەوانە هەمووی مەعلومە، بەس ئەوەی دیار نییە وکەس نازانێت و هیچ تەفسیرێک نییە لەم دۆخەدا ئەم بێ باکی و لوتبەرزییەی سەرکردە کوردەکان لەپای چییە.
• لەوە دەچێت پرۆژە چاکسازییەکەی حکومەت، توشی ماخۆلانی کەمرکردنەوەی مووچە بووبێت، بۆیە هەر بەدەوری کەمکردنەوەی مووچەدا دەسورێتەوە، خۆ هەرکەس چاکسازی بکات، بەدڵنیاییەوە خەڵک پشتیوانی ئەکات، بەڵام گەر چاکسازی هەر کەمکردنەوەی مووچە بێت، نەکردنی باشترە.
• دەکرێت سەرۆکی حکومەت نیەت پاکی و ئیرادەی چاکسازی لەم هەنگاوانەوە نیشان بدات...
1- هێزەکانی رۆژ، کە لەسەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگەیە و نیزک لە ٦ هەزار چەکدار ئەبێت، هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە خۆ شوکر مەترسی لەسەر هەرێم و رۆژئاوا نەماوە، تا ئەو هێزە بەرگری لێبکەن و هەرێمیش بەناچاری ئەو مەسرەفە زۆرەو ئەو هەموو مووچەیەیان بۆ خەرج بکات.
2- هەموو لایەک دەزانێت، کۆمپانیاکانی پارتی و یەکێتی، ساڵانێکی زۆرە دەستکەوتی قەبەیان هەبووە، داهاتێکی زۆریان کۆکردۆتەوە، بائێستا حکومەت فەرزی بکات بەسەریاندا هیچ نەبێت، مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفال کراوەکان بخەنە سەر شانی خۆیان تا هەرێم لەم دۆخە قوتار دەبێت.
3- بۆ مووچەی ئەم مانگە حکومەت بری ٨٠ ملیاری نوقسانە، بۆیە دەبێت بەچەند وەجبەیەک مووچەی وەزارەتەکان بدرێت، باشە سەرۆکی حکومەت روولە بازرگان و سەرمایەدارە ناوخۆییەکان دەکات بۆ قەرز، ئەی ناکرێت حکومەت برێک پارە لە پارتی و یەکێتی قەرز بکات، خۆناکرێت و بوترێت نیانە چونکە کەس بروای بەوە نییە کە پارتی و یەکێتی پارەیان لەبانکەکانی دەرەوەو ژێرزەمینەکاندا نەبێت.
4- چەند مانگە باس لەوە دەکرێت هەندێک لەکۆمپانیاکان بری ٧٠٠ ملێون دۆلار قەرزاری حکومەتن و هەندێکیان وادەی دانەوەی قەرزەکە زۆری بەسەردا تێپەریوە، ئەی ناکرێت حکومەت ئیجرائاتێکی یاسایی و شەفاف وەربگرێت بۆ گەرانەوەی ئەم قەرزانە.
5- لەزاری بەرپرسە باڵاکانی حکومەتەوە قسەیەکی زۆر لەوە دەکرێت زیاتر لە ١٥٠ هەزار مووچەخۆری بندیوار هەن، هەندێکیش باسی بوونی دوومووچەو سێ مووچەدەکەن، هەندێکیش باس لە ٢٠٠ هەزار کەس دەکەن کە بەنایاسایی کراونەتە مووچەخۆر، ئەوانەش زۆربەی لەسەر حزبەکان مەحسوبن و بەشی شێریشیان هی یەکێتی و پارتییە، ئاخۆ حکومەت ناتوانێت لەماوەیەکی کەمدا لیستی مووچەخۆان پاک بکاتەوەو و ئەو بارە قورسە لەسەر شانی خۆی لابدات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand