فوئاد حسێن لە پۆستەكەیدا دەمێنێتەوە

Draw Media

2020-04-15 12:43:32



درەو:
كورد لە كابینەكەی مستەفا كازمیدا چوار وەزارەتی بەردەكەوێت، پێش بەرنامەی كار، بەرپرسانی كورد پشتیوانی خۆیان بۆ كازمی راگەیاند، ئێستا پارتی و یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی یەكلاكردنەوەی كاندیدن بۆ ئەو وەزارەتانەی بەریان دەكەوێت.

ئەمڕۆ مستەفا كازمی راسپێردراو بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند:" ئێستا ناوی ئەندامانی كابینەی حكومەت ئامادەیە، من دەمەوێت لەوبارەیەوە دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ كوتلە سیاسییەكان بكەم"
چاوەڕەوان دەكرێت ئامادەكردن و یەكلاكردنەوەی پۆستەكان بۆ كازمی قورس نەبێت، بەو پێیەی پێشتر زۆرینەی لایەنە سەرەكییەكانی (شیعە، سونە، كورد) پشتیوانی خۆیان بۆ كابینەكەی دەربڕی.
لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان لە رێگەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە پشتیوانی خۆیان بۆ مستەفا كازمی دەربڕێ، بە پێی زانیارییەكانی (درەو) كورد لە كابینەكەی مستەفا كازمیدا (4) وەزارەتی بەردەكەوێت: 
وەزارەتی دارایی
وەزارەتی  ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن
وەزیری داد، یاخود وەزارەتی بازرگانی
وەزیری پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغداد
لایەنە سیاسیەكان بەتایبەتیش ( پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان) لە هەوڵی یەكلاكردنەوەی كاندیدی ئەو وەزارەتانەدان كە بەریان دەكەوێت لە كابینەكەی كازمیدا.
-    پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە كابینەكەی عەبدولمەهدی دوو وەزارەتیان بەركەوت ( دارایی و ئاوەدانكردنەوە) كە هەریەك لە (فوئاد حسێن و بەنگین رێكانی) كە تا ئێستاش لە پۆستەكانیاندان، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) پارتی گرنتی مانەوەی (فوئاد حسێن)ی كردوە لە پۆستی وەزارەتی دارایی وەرگرتووە، ئەگەر لە پەرلەماندا تێپەڕێت، بۆ پۆستی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەش، تا ئێستا روون نیە (بەنگین رێكانی) لە پۆستەكەیدا دەمێنێتەوە یان نا، چونكە لەناو پارتی ناو چەند كاندیدێكی تریش دەهێنرێت، بەڵام ئەگەری مانەوەی لە پۆستەكەیدا هەیە چونكە پارتی دەیەوێت وەزیرەكانی چوار ساڵی خۆیان تەواو بكەن. 
-    یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كابینەكەی عەبدولمەهدیدا بە كێشەو گرفتی زۆرەوەو بە ناوی بێلایەنەوە ( فاروق شوانی) وەك وەزیری داد دانا، بۆیە پێدەچێت بۆ كابینەكەی كازمی خۆی كاندیدی خۆی دیاری بكات،  كە چاوەڕەوان دەكرێت وەزیری داد بگۆڕدرێت بۆ وەزیری بازرگانی، بەپێی ئەوەی لە میدیا ناوخۆیی و عێراقیەكان بڵاوكراوەتەوە كاندیدی بەهێز بۆ ئەو پۆستە ئاڵا تاڵەبانی ئەندامی سەركردایەتی و پەرلەمانتاری یەكێتی لە عێراق، ئەگەر پشتیوانی حزبكەی بەدەستبهێنێت پۆستێكی وزاریەكەی یەكێتی لە كابینەكەی مستەفا كازمی بەدەست دەهێنێت. 
-    بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدیدا پۆستی وزاری بەرنەكەوت، لەدوای بەشداریكردنی لە وەفدی لایەنە كوردستانیەكان، بەڵێنی پێدانی پۆستێكی وزاری پێدراوە  لە كابینەی نوێدا، لە ئێستادا لەناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆ لەسەر یەكلاكردنەوەی ئەو پۆستە دەكرێت، كە پێدەچێت وەزیری پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغداد بەر بزوتنەوەی گۆڕان بكەوێت، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) چانسی (جەلال جەوهەر) ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، كە ئێستا لە بری ( عومەر سەید عەلی) كاروباری بزوتنەوەی گۆڕان بەرێوە دەبات، لەهەموویان زیاتر بێت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand