رۆژانەی (220) هەزار بەرمیل نەوت بە قاچاغ رەوانەی توركیاو ئێران دەكرێت

Draw Media

2024-04-24 08:13:59




درەو:
🔹نەبیل مەرسومی, مامۆستای زانكۆ و شارەزایی ئابوری عێراقی, لە نوسینێكدا, گرنگی نەدان بە پرسی نەوت, لە سەردانەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ عێراق, بۆ شەش هۆكار دەگێڕێتەوە.
یەكەم: كوردستان لە ئێستادا, رۆژانە (295) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت, كە (65%) تێكڕای بەرهەمهێنانی پێش بڕیارەكەی دادگای نێودەوڵەتیە, (220) هەزار بەرمیلی بە قاچاغدەبرێت بۆ توركیاو ئێران, بە نرخێكی هەرزان دەفرۆشرێت, كە نزیكەی (30) دۆلارە, بەوەش توركیا زۆر سودمەندە لەو دۆخەی ئێستا.
دووەم:ئەو نەوتەی لەئێستادا لە كوردستانەوە بە قاچاغدەبرێت داهاتەكەی رادەستی حكومەتی فیدراڵی ناكرێتەوە, بەڵكو هەردوو حزبەكە دەسەڵاتدارەكەی هەرێم دەستی بەسەردا دەگرن, ئەو دۆخەی ئێستاش لەبەرژەوەندی حكومەتی هەرێمە, بە تایبەت كە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە دەدرێت, لەكاتێكدا بەغداد هیچ داهاتێكی نەوتێكی بەدەست نەگەیشتووە.
سێیەم:بەغداد لەئێستادا گوێ بەدەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان نادات, لەڕێی بەندەری جەیهانی توركیەوە, بەتایبەت كە عێراق خەریكە چاككردنەوەی بۆری شكاوی نێوان عێراق توركیا تەواودەكات, كە لە كەركوكەوە دەستپێدەكات و دەچێتە باشور بۆ بێچی لەسەڵاحەدین دواتر بەرەو باكورو سنوری توركیا, دەكرێت نەوتی كەركوكی لێوە هەناردەبكرێت بۆ توركیا, بەبێ‌ بەكارهێنانی هێڵی بۆری كوردستان.
چوارەم: نەوتی بە قاچاغبراوی هەرێمی كوردستان, ناچێتە چوارچێوەی پشكی بەرهەمهێنانی عێراقەوە, سەرەڕای ئەوەی بە پێشێلكاریەكی ئاماژە بۆ دراو دانراوە, لەلایەن سەرچاوە لاوەكیەكانی ئۆپێكەوە.
پێنجەم: سەرلەنوێ‌ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان بەشێوەیەكی فەرمی, مانای بەكرداری كەمكردنەوەی پشكی بەرهەمهێنانی عێراق بەرێژەی (400)هەزار بەرمیلی رۆژانە, ئەوەش مانای كەمكردنەوەی پشكی نەوتی عێراق, بۆ كەمتر لە (3) ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە, كە كاریگەری نەرێنی دەكاتە سەر داهاتی نەوتی عێراق و, بەرزكردنەوەی زیاتر ئاستی كورتهێنان لە بودجە, كە لە بنەمادا كورتهێنانێكی زۆری هەیە.  
شەشەم: سەرلەنوێ‌ هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان پێویستی بە زیادكردنی تەرخانكراوە دراییەكانە بۆ هەرێمی كوردستان بە رێژەی زیاتر لە دوو ملیار دۆلاری ساڵانە, بۆ پێدانی تێچووی بەرهەمهێنان و رسوماتی تێپەڕین, كە ئەوەش جارێكی تر كورتهێنانی بودجە زیاتر دەكات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand