چاوەڕێی ئەنجامی پشكنین دەكرێت

Draw Media

2020-03-27 15:48:20



 (درەو):
درەنگانێكی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، لە چەند گوندێكی سەربە قەزای قەرەداغ خەڵك هەستیان بە بارینی دەرمانێكی رەنگ زەرد كرد، دانیشتوانی ناوچەكە نیگەرانن‌و ترسیان هەیە، قایمقامیەتی قەزاكە نمونەیەكی لە دەرمانەكە ناردووە بۆ پشكنین.
هەندێك لە خەڵكی ناوچەكە دەڵێن فڕۆكەیەكی رەش بە ئاسمانی ناوچەكەدا سوڕاوەتەوە‌و ئەو دەرمانەی رشتووە، دەرمانەكە رەنگی زەردە‌و بۆنی هێلكەی لێدێت، گومان دەكرێت گۆگرد بێت.
لە لێدوانێكدا بۆ (درەو)، رەئوف شێخ محەمەد قایمقامی قەزای قەرەداغ رایگەیاند، نمونەی دەرمانەكەیان ناردووە بۆ پشكنین، بەڵام تائێستا ئەنجامی پشكنینەكان دەرنەچووە.
قایمقام وتی:" ئەوەندەی ئێمە زانیاریمان هەیە لەم هەفتەیەدا لەناوچەكانی باشوری عێراقەوە تا دەگاتە خانەقین خەڵك ئاگاداركراون لەوەی دەرمانی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەڕژێندرێت، داوا لە خەڵك كراوە دەرمان‌و كەلوپەلەكانیان ببەنە ناو ماڵەكانیان، زانیاریمان وەرگرتووە لە خانەقین دەرمانەكە رژێندراوە، گومانمان هەیە ئەو دەرمانە رەشەبا لەو ناوچانەوە هێنابێت بۆ سنوری قەرەداغ، بەتایبەتی كە لەم یەك دوو رۆژەدا با هەبووە".
قایمقام نەیشاردەوە كە هەندێك لە خەڵكی ناوچەكە پەیوەندییان پێوەكردوون‌و باسلەوەدەكەن، فڕۆكەیەكیان بینیوە كە لای بازیانەوە هاتووە‌و بەناو دۆڵی قەرەداغدا تێپەڕیوە‌و بەنزمی فڕیوە، بەڵام تاریك بووە‌و بەباشی فڕۆكەكەیان نەبینیوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand