ئامادەیی كشتوكاڵی بەكرەجۆ لەسەر كۆمپانیای بەرێز تاپۆكرا

Draw Media

2024-04-17 14:59:53




درەو:
ئەو پارچە زەویەی بەكرەجۆ ئەحمەد حەسەن بەكر (52) ساڵ لەمەوبەر لەسەر پەروەردەی تاپۆكرد مانگی رابردوو لەسەر كۆمپانیای بەڕێز تاپۆكرا، رووبەری (182) دۆنم زەوی ئامادەیی كشتوكاڵی بەكرەجۆ لەسەر كۆمپانیای بەڕێز تاپۆكراوە بۆ پرۆژەی نیشتەجێبوون، بەرپرسانی پەرەروەردە نیگەرانن و لە دەستەی نەزاهە سكاڵایان تۆماركردووە، پێشتر بەڕێوەبەری گشتی پەرەروەردەی سلێمانی وتی ئەگەر بدرێتە كۆمپانیای ئەهلی بۆ پرۆژەی نیشتەجێبوون دەستلەكاردەكێشێتەوە.
بەپێی (سورەت قەیدی) زەویەكە كە دەست (درەو) كەوتووە  رۆژی 25ی ئازاری 2024 ، (182) دۆنم زەوی ئامادەیی كشتوكاڵی بەكرەجۆ لە ناحیەی بەكرەجۆی شاری سلێمانی تاپۆكراوە لەسەر كۆمپانیای بەڕێز بۆ مەبەستی پرۆژەی نیشتەجێبوون.
ئەو پارچە زەویە بە پێی بڕیاری (796)ی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش لە 18/7/1970 بە واژۆی ئەحمەد حەسەن بەكر تەرخانكراوە بۆ وەزارەتی پەروەردە.
نیسانی رابردوو دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەبەرهێنەرێك دەیەوێت 182 دۆنم زەوی ئامادەیی كشتوكاڵی بەكرەجۆ بكاتە شوێنی نیشتەجێبوون بەڵام ئەوان رەتیانكردووەتەوە،  وتی دڵنیام ئەو وەبەرهێنەرە پشت‌ وپەنای هەیە.
بە وتەی  بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی زەوییەكە وەك خۆی ماوە و دەیكەنە كۆمەڵگەیەكی پیشەیی تا خزمەتی خوێندكاران بكات، هەروەها دیزاینی پرۆژەكەش تەواو بووە بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە تا ئێستا نەتوانراوە بكرێتە بینا.
دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ئەوكات رایگەیاند ئەگەر ئەو زەویەی پەرورەدە بدرێتە وەبەرهێنەرو كۆمپانیای ئەهلی و پرۆژەی ئەهلی تیادرووست بكرێت، دەستلەكار دەكێشێتەوە، سەرچاوەیەك لە پەروەردەی سلێمانی بە (درەو)ی راگەیاند بەرێوەبەری پەرەوەردە لە دەستەی نەزاهە سكاڵای تۆماركردووە، ئەگەر دادوەر لەبەرژەوەندی پەروەردە ئەو كەیسە یەكلا نەكاتەوە ئەوا دەستلەكار دەكێشێتەوە.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند چەند جارێك فەرەیدوون عەبدولقادر ئەندامی پێشووتری مەكتەبی سیاسی یەكێتی و یاسین مەحمود بەریوەبەری كۆمپانیا بەرێز هاتوونەتە وەزارەتی پەروەردە بۆ وەرگرتنی ئەو پارچە زەویە.
بە پێی ئەو نوسراوانەی دەست (درەو) كەوتووە بەڕێوەبەرایەتی خانوبەرەی میری سەربە وەزارەتی دارایی دەڵێت ئەو پارچە زەویە موڵكی وەزارەتی پەروەردەیەو ئەوان وەك خاوەن موڵك رەفتار دەكەن پێیەوە.
بەڵام نوسراوێكی دەستەی وەبەرهێنان بە واژۆی د. محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان دان بەوەدا دەنێت كە ئەو پارچە زەویە دراوە بە كۆمپانیای بەڕێزو پێویستە سەرجەم پێكهاتەكانی وەزارەتی پەروەردە درووست بكات.
بە پێی (سورەت قەید)ی ئەو زەوییە كە لەبەردەستی (درەو)دایە ئەو موڵكە تاپۆكراوە لەسەر كۆمپانیای بەرێز بۆ پرۆژەی نیشتەجێبوونی ئاسوودە.

 

 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand