"ژنەکەمیان روتکردەوەو وێنەیان گرت"

Draw Media

2020-03-27 07:32:48



(درەو):

لە پێنجوێن ژمارەیەك چەكداری نەناسراو هێرش دەكەنە سەر ماڵی رۆژنامەنوسێك و لە ژێر فشاری ئەشكەنجەدان و وێنەگرتنی هاوسەرەكەی بەرووتی ناچاریانكردوو زانیاری لەبارەی چالاكوانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە بدات.
رێكخراوی نێودەوڵەتی پاراستنی رۆژنامەنوسان (CPJ) داوا لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دەكات لێكۆڵینەوەیەكی خێرا لەسەر ئەم رووداوە بكەن.

عەدنان رەشیدی کە رۆژنامەنوسێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانەو ئێستا لە شاری پێنجوێن نیشتەجێیە، دەڵی ژمارەیەک چەکداران هێرشیانکردوەتە سەری لە ماڵەکەی خۆیدا .
عەدنان قسەی بۆ لیژنەی نێودەوڵەتی پاراستنی رۆژنامەنوسان کردووەو وتویەتی:" رۆژی ۱۱ی ئەم مانگە، سێ بۆ پێنج کەس کە دەموچاویان هەڵبەستووە، چونەتەسەر ماڵەکەی لە پێنجوێن و لێیانداوە".
عەدنان رەشیدی کار بۆ سایتی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان دەکات، کە سایتەکە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاودەکاتەوە.
هێرشبەرەکان خۆیان بە ئاسایشی هەرێمی کوردستان ناساندووەو دەست و قاچەکانی رەشیدییان بەستوەتەوەو بە دار لێیان داوە تاوەکو دەستیان شکاندووە، ئەوان داوای کەلوپەلی ئەلیکترۆنی و سیدی ناوی ئەو کەسانەیان لە رەشیدی کردووە کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان چالاکوانن.
رەشیدی بە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکەی وتووە، هێرشبەرەکان هاوسەرو کچەکەیان گرتووە، هاوسەرەکەیان روتکردوەتەوەو وێنەیان گرتووە، لەژێر ئەم فشارەدا ئەو ناچار بووە زانیارییەکانی بەو کەسانە بدات.
کەسە دەمامکدارەکان دوای ئەوەی کەلوپەل و زانیارییەکانیان لە عەدنان وەرگرتووە، ماڵەکەیان بەجێهێشتووە، رێکخراوی نێودەوڵەتی پاراستنی رۆژنامەنوسان داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەکات لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیرو خێرا لەو رووداوە بکەن.
رۆژی ۱۷ی ئەم مانگە ئاسایشی سلێمانی رایگەیاندووە دوو کەسی دەستگیرکردووە کە گومان دەکرێت لەو هێرشەدا تێوەگلابن.
ئێستا عەدنان لە نەخۆشخانەیەکی شاری سلێمانی چارەسەر دەکرێت، بەهۆی کۆرۆناوە وەکو پێویست دەستی بە پزیشک و پشکنینی ئەشیعە ناگات.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand