شەمخانیی پێشنیازی مانەوەی عەبدولمەهدی دەكات

Draw Media

2020-03-09 10:44:56



 (درەو):
ئێران پێشنیازی مانەوەی عادل عەبدولمەهدی كردووە لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، نوری مالیكی‌و بەرهەم ساڵح پێشنیازەكەیان رەتكردوەتەوە.
بەپێی هەواڵێك كە سایتی سۆمەریەنیوز لەزاری سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردوەتەوە، ئامانجی سەرەكی لەسەردانەكەی عەلی شەمخانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بۆ عێراق، خستنەڕووی پێشنیازێك بووە بۆ مانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق تائەوكاتەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەدەچێت.
بەپێی قسەی سەرچاوەكە، شەمخانی چاوی بە سەركردەی لایەنە شیعەكان كەوتووە‌و لەڕێگەی فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی باڵای حەشدی شەعبییەوە پێشنیازی مانەوەی عەبدولمەهدی لە پۆستەكەی خستوەتەڕوو، بەڵام هەندێك لە سەركردەكان پێشنیازەكەیان رەتكردوەتەوە لەوانە نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا‌و بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق.
رۆژی شەممە عەلی شەمخانی بە سەرۆكایەتی وەفدێكی باڵای سیاسی‌و ئەمنی ئێران گەیشتە بەغداد‌و لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای عێراق لەوانە بەرهەم ساڵح‌و عادل عەبدولمەهدی‌و فالح فەیاز‌و مستەفا كازمی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری كە دەوترێت چانسی گەورەی هەیە كاندید بكرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand