درۆن و خێمە

Draw Media

2024-01-07 11:52:23



مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

بە درێژایی مێژوو, یەکێک لە کارە ھەرەسەرکییەکانی مرۆڤ ئەوەبووە ھەوڵی باشترکردنی جیھان بکات، دەسکاریی ڕووکارە خراپەکانی جیھان بکات و بەشداربێت لە گۆرانیدا بەرەو جیھانێکی باشتر و ئینسانیتر.  بەڵام پێدەچێت ئەرکی سەرەکیی بەشێکی زۆری مرۆڤەکان لە ئێستادا، بە تایبەتی لەو بەشەی جیھاندا کە ناوی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستی لێنراوە، ئەوەبێت رێ لەوەبگرن شتەکانی ناو ئەو جیھانە، ناو ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژین، بشکێن و وێرانببن و لەناوبچن.
لەم سەردەمی جەنگ و کوشتن و درۆن و خێمە و رق و بوغز و دوژمنایەتییە گەورانەدا، کە ھەندێکیان لەناو سیاسەتەوە دێن، ھەندێکیان لەناو دینەوە و ھەندێکی تریشیان لەناو لەدەستدانی لانی ھەرةکەمی ڕێز بۆ ژیان، دۆخێکی تەواو ترسناک دروستبووە. کوشتن بە ژمارەی گەورە، بۆمبارانکردنی ڕۆژانە، تەعەداکردنە سەر ژیان، تاوانی جەنگ، بوون بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە.  
لەم دۆخەدا ئەوەی مرۆڤ دەگۆرێت بۆ مرۆڤێک بەلانی ھەرەکەمی بەرپرسیاریەتيەوە، بەرگریکردنە لە دوو شت: بەرگریکردن لە خودی مرۆڤ خۆی وەک مرۆڤ و بەرگریکردن لە ژیان خۆیشی وەک ژیان. لە ئێستادا ئەم دوو ڕەھەندە بنەڕەتییەی بوون لەژێر ھەڕەشەی ھەمەجۆر و گەورەدان. ئەو بڕە گەورەیە لە رق و بوعز و دوژمنایەتی کە دروستکراوە، بەشی ئەوەدەکات ژیانی سەدەھا ملیۆن مرۆڤ وێرانبکات. ھێزگەلی وا ھەیە، جگە لە دۆست و ئەندام و ھەوادارەکانی خۆی، ئامادەیە ھەموو ئەوانیتر بە زیندوویی بۆ جەھەنەم بنێرێت. ئەو جەھەنەمەی لە ئێستادا لە غەزەدا دروستکراوە و ئەو جەھەنەمانەی تریش لەم دوو دەیەی دواییدا لە سوریا و لیبیا و یەمەن و عێراق و ئێران و تورکیا و لوبناندا بەرزکراونەتەوە، شایەتی لەم ڕاستییە ترسناکە، ئەدەن. ملیۆنان مرۆڤ لەدەستی کوشتن و برسیەتی و تەعەدا ھەڵدێن، ماڵیان نەماوە و لەناو خێمە و کەمپە گەورەکاندا دەژین.

ڕۆژگارێک دروستبووە تیایدا بە ئاسانی شتەکان دەشکێن، ئەوەی مرۆڤ بەدەیان ساڵ دروستیدەکات دەکرێت لە چەند چرکەیەکی کەمدا وێرانبکرێت، توانای ئەوە دروستبووە لە دووری سەدەھا کیلۆمەتر و لە پشتی شاشەی کۆمپیوتەرەکانەوە، تاوانی جەنگ ئەنجامبدرێت و ژیانی ئەوانەش وێرانبکرێت کە ھێشتا لەدایکنەبوون. لە زۆر سەرەوە ھیچ سەردەمێک لە مێژووی مرۆڤدا بە ڕادەی ئەم سەردەمە پێویستی بەوە نەبووە مرۆڤ بەرگریی لە مانەوە و پاراستنی خۆی وەک مرۆڤ و لە پاراستنی ژیان لە سادەترین مانایدا، بکات. لە ڕاستیدا ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین چەندەھا شت ھەیە پێویستیان بەوەیە بپارێزین و بەرگریان لێبکرێت بۆئەوەی بتوانن بمێننەوە و لەناونەچن، چونکە شکاندن و لەناوبردنیان ھەم ئاسانە و ھەم ئەگەرێکی گەورەیە.

یەکێک لەو شتانە کە پێویستی بە بەرگریلێکردنێکی بەردەوام ھەیە، بۆ نموونە، ژیانی ئەو جۆرە مرۆڤانەیە کە لە دۆخی کەمینەبووندان، کەمینەی ئەتنی یان نەتەوەیی یان رەگەزیی یان ئایدیۆلۆژیی یان دینیی، بە تایبەتی لەم بەشەی جیھاندا کەناوی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستی لێنراوە و بەشێکی زۆری سیستمە سیاسییەکانی، سیستمی کەمینەیەکی توندڕە و توڕە و ڕقاوییە، کە بەناوی زۆرینەیەکی وەھمی و خورافییەوە، حوکمدەکات. ئەم دۆخە بە ئاستێک گەیشتوە مرۆڤ بۆئەوەی مرۆڤبوونی خۆی بپارێزێت، پێویستی بە پاراستنی دەیان شت لە دەرەوەی خودی خۆیدا ھەبێت.

یەکێک لەو ڕێگایانەی دەکرێت مرۆڤ لە ڕێگایەوە خۆی بپارێزێت و نەبێت بە بەشێک لە ھێزە تاریک و وێرانکەرەکانی ناوچەکە، ئەوەیە کار لەسەر کەسایەتی خۆی بکات و خۆی وەک بوونەوەر و مرۆڤێکی سەربەخۆ دابھێنێت و دروستبکات. ئازادییەکی ناوەکیی ھەبێت کە دەستی ھیچ ھێزێکی نەگاتێ، ھیچ چاوساغێکی سیاسیی و ئەخلاقیی و دینیی نەتوانێت سنورەکانی ببڕێت. بەڵام مرۆڤ بۆئەوەی ببێت بە کەسێکی سەربەخۆ و ئازاد، پێویستی بەوەیە ھۆشیاربێت بەرامبەر بەوەی کە  لە دەرەوەی ئەودا جیھانێک ھەیە پڕ لە کەسان و بوونەوەران و ژیانی تر. ئەو جیھانەش پێویستی بەوە بۆ مانەوەی. ھۆشیارییەک پاراستنی شتەکانی ناو ئەو جیھانە، بەشێکە لە پاراستنی خود خۆی و بەشێکە لە کردەی دروستکردنی ئەو خودە سەربەخۆ و ئازادە، خۆیشی. ئازادیی ناوەکیی مانایەکی نابێت گەر گرێنەدرێت بە بەرپرسیارێتی دەرەکییەوە، مرۆڤ بۆئەوەی بتوانێت بوونەورێکی ئازادبێت پێویستی بەوەیە ھەم کەسێکی سەربەخۆبیت، ھەم خاوەن رۆڵێکی بەرپرسیارانە بيت لەو ژینگەیەدا کە تیایدا دەژیی. ئەو ئاسۆ ئەخلاقییەش کە مرۆڤ لە دۆخێکی لەو بابەتەدا پێویستیی پێیەتیی، بەیەکەوەگرێدانی ئەو سەربەخۆییە ناوەکییە و ئەو بەرپرسیاریەتییە دەرەکییەیە بەرامبەر بە جیھان.
سۆکرات، فەیلەسوفی یۆنانی، بە مرۆڤ دەڵێت پێویستە ئاگاداری رۆحت بیت، بەڵام ئاگاداربوون لەو رۆحە، بەبێ ئاگاداربوون لە جیھانی دەرەوە، بەبێ ئاگاداربوون لەو ژینگەیەی مرۆڤ تیایدادەژیی، یان بەبێ ئاگاداربوون لەو کەسانەی ژیانیان لەگەڵدا بەشدەکات، ئاگاداربوونێکی نووقسان و بێدەرەنجامە. بە کورتییەکەی، مرۆڤ لەم ساتەدا پێوستی بەوەیە لەیەککاتدا ھەم ئازادیی ناوەکیی ھەبێت و سەربەخۆبیت، ھەم توند بەو ژینگەیەوە گرێدرابیت کە بە ھەموو مەترسییەکانییەوە، تیایدادەژی. بەبێ گرێدانێکی بەھێزی ئەم دوو رەھەندە بەیەکەوە، توانای وێرانکردن ڕوو لە زیادبوون و گەورەتربوون و ھەمەلایەنتر، دەبێت. ھەنگاوی ژمارە یەکیش لەم ھاوکێشە دووجەمسەریەدا بریتییە لە ئامادەگیی دیدگایەکی ئەخلاقیی کە مرۆڤەکان وەک بوونەوەری یەکسان بەیەکتری ببینێت، ئەو لانیکەمە لە رێز و دانپیانان مەیسەربکات کە ژیانی مرۆڤەکان لەسەر ئەم ھەسارەیە، پێوستیی پێیەتی.

لە ئێستادا مرۆڤی ئەم دەڤەرە لەبەردەم دوو جۆر لە بەرپرسیاریەتيدایە، یەکەمیان بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە خودی خۆی و دروستکردنی کەسایەتی خۆی وەک خودێکی ناوەکیی سەربەخۆ و ئازاد، لە دەرەوەی کۆی ئەو ھێزە ناشرینانەدا کە ھەن و کاردەکەن. دووھەمیان، بەرپرسیاربوونی دەرەکیی بەرامبەر بەو جیھانەی لەناویدا دەژیی و پاراستنی شتەکانی ناوی لە شکاندن و وێرانکردن.

لەناو ئەو ھەموو میلیشیا و گروپە چەکدار و دوژمنکارانەدا کە لەم ناوچەیەدا ھەن و بەردەوامیش لە زیادبووندان، لەناو ئەو سیستمە سیاسیە تاکڕە و پڕ چەکانەشدا کە پەلاماری ھەمووشتێک ئەدەن لەگەڵ قازانجی رۆژانە و ھێڵی بیرکردنەوەی خۆیاندا نەگونجێت، لەناو ئەو تەماحە زۆر و گەورەیەی حوکمڕانیکردنی ئەبەدیشدا، لە بێشکەوە تا قەبر، ھەردوو ئەرکەکەی مرۆڤبوون لە ڕادەبەدەر زەحمەتکراوە. ھەم ئەرکی خۆدروستکردن و خۆداھێنان وەک کەسێکی سەربەخۆ و ئازاد زەحمەتە، ھەم ئەرکی بەرپرسیاربوون بەرامبەر بەو جیھانەی لەناویدا دەژین و ئەو شتانەیش لەبەردەم ھەڕەشەی شکاندن و لەناوچووندان. لەوکاتەدا کە درۆن گۆڕاوە بۆ رەمزی تەکنۆلۆژیای تازەی کوشتن و لەناوبردن، خێمەش بووە بە رەمزی ژیانی ئەو ملیۆنەھا مرۆڤانەی ماڵیان لێسەندراوەتەوە. درۆن وەک داھێنانێکی تەکنۆلۆژیی تازە و خێمەش وەک یەکێک لە کۆنترین ئەو شوێنانەی مرۆڤ ناچاربووە لەناویدا بژیی.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand