کۆمپانیای (DNO) بەرهەم و قازانجی بۆ چارەکی یەکەمی ئەمساڵ ڕاگەیاند

Draw Media

2024-05-08 21:18:25



 

درەو:
🔻 رۆژی (8/5/2024) کۆمپانیای (DNO)ی نەوت و غازی نەرویجی، بەرهەم و قازانجی خۆی بۆ چارەکی یەکەمی ئەمساڵ ڕاگەیاند؛
🔹 کۆی گشتی داهاتی کۆمپانیا نەوتییەکە (183ملیۆن) دۆلار بووەو (61 ملیۆن) دۆلار قازانجی کردووە.
🔹 لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە تێکڕای رۆژانە (76 هەزار و 310) بەرمیل نەوتی خاوی بەرهەمهێناوە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ، بە جۆرێک؛
🔹 رۆژانە (28 هەزار و 379) بەرمیل نەوتی لە کێڵگەی تاوکێ و (47 هەزار و 931) بەرمیل نەوتی کە کێڵگەی فیشخابور و هیچ بەرهەمێکی لە کێڵگەی نەوتی بەعشیقە نەبووە.
🔹 هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە (30) دۆلار بە بازرگانانی ناوخۆ فرۆشراوەو لە ڕێگەی تانکەرەوە گواستراوەتەوە.

یەکەم؛ پوختەی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی
رۆژی (8/5/2024) کۆمپانیای کۆمپانیای (DNO)ی نەوت و غازی نەرویجی بەرهەم و قازانجی خۆی بۆ چارەکی یەکەمی (2024) ڕاگەیاند، لە هەموو ئەو ناوچانەی کاری تێدا دەکات و بەپێی ڕاگەیەندراوەکە؛
لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا کۆی گشتی داهاتی کۆمپانیا نەوتییەکە (183 ملیۆن) دۆلار بووەو (61 ملیۆن) دۆلار قازانجی کردووە.
وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، "پوختەی بەرهەمهێنان"ی کۆمپانیاکە لە ماوەی ناوبراودا بە تێکڕای رۆژانە (74 هەزار و 772) بەرمیل نەوتی خاو بووە، کە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بە تێکڕا (57 هەزار و 232) بەرمیل نەوتی رۆژانە، لە دەریای باکوور (14 هەزار و 217) بەرمیل نەوتی رۆژانەو لە ڕۆژئاوای ئەفریقا بە تێکڕا (3 هەزار و 323) بەرمیل نەوتی رۆژانە بووەو وەک پشکی کۆمپانیاکە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ، بەرهەمهێنانی گشتی لە ناوچەی گرێبەستی تاوکێ کە کۆمپانیای (DNO) پشکی (75%)ی تێدا هەیە، لە دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم و داخستنی بۆری نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان لە مانگی ئازاری (2023)ەوە تاڕادەیەکی زۆر کەوتووەتەوە سەر پێ و  گەیشتە تێکڕا (76 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە. پوختەی پشکی شایستەی دارایی کۆمپانیاکە نزیکە لە (30) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەشێوەی کاش و فرۆشتنی بەرهەمەکە بە بازرگانان و تانکەر یان بە بۆری دەگوازرێتەوە بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکان.

دووەم؛ کۆمپانیای (DNO) لە کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان
کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی، لە چوارچێوەی گرێبەستی کێڵگەکانی نەوتی (فیشخابوور و تاوکێ) کە بە گرێبەستی "تاوکێ" ناسراوە، لەگەڵ کێڵگەی نەوتی بەعشیقە، گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەجۆرێک؛
1.    ناوچەی گرێبەستی تاوکێ: هەردوو کێڵگەی نەوتی (فیشخابور و تاوکێ) دەگرێتەوە، لە بەر ئەوەی هەردوو کێڵگەکە بە یەک گرێبەست دراوە بە کۆمپانیا پشکدارەکان، بۆیە بە ناوچەی گرێبەستی "تاوکێ" ناسراوەو (75%) پشکەکانی دراوە بە کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی و (25%) کۆمپانیای گنێڵ ئێنێرجی تورکی وەبەرهێنانی تێدا دەکات.
2.    کێڵگەی نەوتی بەعشیقە: یەکێکی دیکەیە لەو کێڵگە نەوتیانەی کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی پشکی (64%) تێدا هەیە و (16%)ی پشکەکانیشی دراوە بە کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC)  و (20%)ی پشکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و لە ناوەڕاستی نیوەی یەکەمی ساڵی (2022) گەیشت بە قۆناغی بەرهەمهێنان.

سێیەم؛ بەرهەمی کاری (DNO) لە کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان لە چارەکی یەکەمی (2024)دا
پاڵپشت بەو داتایانەی کۆمپانیای (DNO) بڵاوی کردووەتەوە، لە ڕابردووشدا وەرزانە ڕاپۆرتی کارو چالاکییەکانی خۆی لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە، لە سەرجەم ئەو ناوچەو کێڵگانەی پشکدارە تێیدا، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بە تێکڕای رۆژانە (76 هەزار و 310) بەرمیل نەوتی خاوی بەرهەمهێناوە، بە جۆرێک؛ رۆژانە (28 هەزار و 379) بەرمیل نەوتی لە کێڵگەی تاوکێ و (47 هەزار و 931) بەرمیل نەوتی کە کێڵگەی فیشخابور و هیچ نەوتێکی لە کێڵگەی نەوتی بەعشیقە بەرهەم نەهێناوە.
لەم خشتانەی خوارەوەدا، رونکراوەتەوە، کە بەشێوەی وەرزی (چارەکە ساڵ)ەکانی ڕابردوو بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە چی ئاستێکدا بووەو پوختەو پشکی کۆمپانیاکە تێدا تێیدا رونکراوەتەوە.

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand