ھەڵبژاردن لە ھۆڵەندا: وانەیەک بۆ شوێنانی تر

Draw Media

2023-11-26 13:24:41



مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

رۆژی چوار شەمەی رابردوو، رێکەوتی  22-10-2023 ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە ھۆڵەندا ئەنجامدرا. ئەو ھێزەی کە پلەی یەکەمی لە ھەڵبژاردنەکاندا بەدەستھێناو بوو بە خاوەنی 37 کورسیی، ھێزێکی راستڕەوی پەڕگیرە. من ماوەی سی ساڵە لە ھۆڵەندا دەژیم، ئەمە یەکەمین جارە بومەلەرزەیەکی سیاسیی گەورەی لەم بابەتە، لەم وڵاتەدا ڕوبدات. ئەم ھێزە 37 کورسی لەکۆی 150 کورسیی پەرلەمانی ھۆڵەندا بەدەستھێنا، کە دەکات نزیکەی 25%ی دەنگەکانی ئەو وڵاتە.

ھەندێ کەس ئەم ھێزە راستڕەوە بە ھێزێکی ” فاشیستی“، یان ”نیو فاشیستی“، واتە فاشیزمی نوێ“ دەزانن و بەوشێوەیە ناویدەنێن. ساڵانێک لەمەوبەر گفتوگۆیەکی زۆرلەسەر شوناسی ئەم ھێزەو ئەم شێوازە لە ھێزی سیاسیی لە ھۆڵەندادا دروستبوو، زۆرینەی راکان لەسەر ئەوە جێگیربوون کە ئەم ھێزەو ھاوشێوەکانی ھێزی فاشیستی نین، نە فاشیزمی کۆن و نە فاشیزمی نوێ، بەڵکو ھێزی راستڕەوی پەرگیرن کە پۆلیزم و دژایەتیکردنی خەڵکی بیانی، بە تایبەتی کۆچبەران، ئایدیۆلۆژیا سەرەکییەکەیان، پێکدەھێنێت.

ئاکاری سەرەکیی ئەمجۆرە ھێزە ئەوەیە کە دووانەیەکی دژ بەیەک دروستدەکەن و لایەکی ئەو دووانەیە بە باش و لاکەی تریان بە خراپ، ناودەبەن. بۆ نموونە، دووانەی خەڵک، کۆمەڵگاو گەل لەبەرامبەر نوخبەی حوکمڕان لە وڵاتەکەدا. یاخود دوانەی سیستم بەرامبەر بە دژەسیستم. ئەم ھێزانە خویان بە نوێنەری لایەنە باشەکە دەزانن و بەناوی ئەوانەوە دژ بە لایەنە خراپەکە قسەدەکەن. لە ھۆڵەندادا ئەم ھێزە بەناوی کۆمەڵگای ھۆڵەندیی و ھۆەڵندییەکانەوە دژ بە ھێزە حوکمڕانەکانی وڵاتەکە، ئەوانەی ئەوان ناوی نوخبە یان سیستمیان لێدەنێن، قسەدەکات. باس لەوەدەکەن دەسەڵات لەو نوخبە حوکمڕانە دەسێننەوەو دەیدەنەوە بە خەڵک خۆی.
بۆ ئەمەش بەردەوام بەناوی ھەموو میلەتەوە قسەدەکەن و ململانێ سیاسییەکەی خۆیشیان وەک ململانێی میلەت دژ بە نوخبەی حوکمڕان، یان میلەت دژ بە سیستم، بە خەڵک دەفرۆشن. بە مانایەک لە ماناکان ئەم ھێزە خۆی وەک فریادرەسێک وێنادەکات کە ھۆڵەندا لە دەستی حوکمڕانانی خراپ و گەندەڵ و دابڕاو لە خەڵک، رزگاردەکات.

 باس لەوەدەکات کار بۆ گەڕاندنەوەی وڵاتەکەو خاکەکەی و خێروبێرەکانی بۆ میلەتەکە خۆی دەکات و لەدەستی ئەو نوخبە حوکمڕانە دەریدەھێنن کە زۆرجار قازانجی خۆیان و قازانجی دەرەکیی، یان قازانجی خەڵکانی کۆچبەر بۆ ئەو وڵاتانە، ئاڕاستەیان دەکات. میلەت لای ئەم ھێزە تەنھا ھۆڵەندییە سپی پێستەکانە، نەک ئەو خەڵکانەی تر کە چەندان نەوەیان لەو وڵاتەدا لەدایکبووەو باپیرەکانیان وەک کۆچبەر ھاتوون بۆ ئەو وڵاتە. ئەم ھێزە زۆربەی کێشە گەورەکانی وڵاتەکە، بە بوون و ئامادەگیی ئەو کۆچبەرانەوە گرێئەدات کە دەیان ساڵە لە وڵاتەکەدا دەژین. کێشەی ھەژاریی، کەمیی و نەبوونی خانوبەرە، کێشەی ئاسایش، نەبوونی کار، زۆری تاوان، مەسەلەی توندڕەویی، بەبوونی کۆچبەرانەوە گرێئەدەن و بەڵێنی کۆتاییھێنان بەم کێشانە لە رێگای کۆتاییھێنان بە دیاردەی کۆچەوە، بە کۆمەڵگاکەیان ئەدەن.

ئەم ھێزە لەڕاستیدا ھێزێکی تاکەکەسییە، پارتەکە پارتی سەرۆکەکەیەتی بە تەنھاو ئەم سەرۆکە دەسەڵاتی رەھاو ھەمەلایەنی لەناو ئەو پارتەدا ھەیە. زۆربەی جار ئەم جۆرە پارتە، ئەو ئۆرگان و رێکخراو و بازنانەی دەسەڵاتی تێدانییە کە لەناو پارتێکی سیاسیی رێکخراودا ھەیە. کۆی بۆچوون و سیاسەتەکانی بە کەسی یەکەمی پارتەکەوە گرێدراوە.

ئەوەی ئەم ھێزە لە دە پازدە ساڵی رابردوودا ئەنجامیداوە تێکەڵکردنێکی ترسناکی ناسیۆنالیزمێکی پەرگیرە بە دین. ئەم ھێزە لە سەرێکەوە بەناوی نەتەوە و شوناس و کولتوری نەتەوەیی ھۆڵەندییەوە ئەدوێت، خۆی بەبەرگریکارێکی سەرسەخت لەو شوناس و کولتورە دەزانێت. لەسەرێکی دیکەوە بەناوی دژایەتیکردنی ھەرشتێک لە حیسابی ئەواندا ھۆڵەندیی نەبێت، دەدوێت، لەوانەش دژایەتیکردنی کۆچبەران و کولتورو دینی ئەو کۆچبەرانەوە. لەمەشدا گریمانی ئەوەدەکات ھۆڵەندا یەک کولتوریی ھەیەو کۆچبەرانیش یەک کولتور، ئەم دوو کولتورەش جیاوازو ناکۆک و دژبەیەکن. ئەم ڕوانینە بۆ کولتور ڕوانینێکی تەواو ھەڵەیەو ھیچ میلەتێک نییە بە تەنھا یەک کولتوریی ھەبێت، ھەموو میلەتێک لە چەندان چین و گروپ و ھێز و ناوچەی جیاواز دروستبووە، کە تیایاندا کولتورو دیدگای جیاوازو ھەمەچەشن ئامادەیە.
ئەم ھێزە دەیەوێت دەسکاری دەستوری ھۆڵەندا بکات و تیایدا بنوسێت کە میلەتی ھۆڵەندی ”میلەتێکی مەسیحیی و جولەکەی ھیومانیستیی“ەو دەبێت ئەم کولتورە مەسیحیی و جولەکەیی و ھیومانیستییە کولتوریی باڵادەست و سەروەربێت، لە وڵاتەکەدا. ئەمەش لە دژایەتیکردنی ئەو کۆچبەرو بیانیانەدا کە مەسیحی و جولەکە نین. ئەم پێداگرتنە لەسەر باڵادەستیی کولتوریی ئەم یان ئەو دین، تەواو ناکۆک و دژ بە دەستوریی ھۆڵەندایە، کە تیایدا ھەموو دینەکان وەک یەک ماماڵە دەکات و ئازادیی نەبوون یان ھەبوونی ھەر دینێک لە دینەکان، نەک تەنھا دینی مەسیحی و جولەکە، بۆ ھەموو کەسێک لە وڵاتەکەدا دابیندەکات.

ھاوکات ئەم ھێزە داوای ھەڵوەشاندنەوەو لابردنی ئەو دەزگایانە دەکات کە دژ بە راسیزم و دژ بە دروستکردنی فەرق و جیاوازیین، لەسەر بنەمای ئەتنی یان دین، لەنێوان ھاوڵاتیانی ئەو وڵاتەدا. داوای ئەوەش دەکات ھۆڵەندا ئەو دوای لێبوردنەی کە بۆ بەشداربوون لە بازرگانیکردن بە کۆیلەوە لە سەدەکانی پێشتردا کردویەتی، ھەڵبوەشێنرێتەوەو لاببرێت. ھەروەھا داوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەو داوای لێبوردنەی تریش دەکات کە ھۆڵەندا بەرامبەر بە کردەوەکانی وەک ھێزێکی داگیرکەرو کۆلۆنیالیست لەسەدەی بیستەمدا لەھەندێک وڵاتدا، ئەنجامیداوە. بەم مانایە ئەم ھێزە دەیەوێت رابوردی ھۆڵەندا وەک وڵاتێک کە بەشداربووە لە تاوانی بازرگانکردنی بە کۆیلەوەو وەک وڵاتێکیش کە داگیرکەرو کۆلۆنیایست بووە، باسنەکرێت و وانیشانبدرێت ئەو وڵاتە ھیچ ھەڵەیەکی مێژوویی نەکردوە. بەشێک لەو کۆچبەرانەی لە ھۆڵەندا دەژین لەو شوێنانەوە ھاتوون کە ھۆڵەندا داگیرکەریان بووە، یان نەوەی ئەو کۆیلانەن کە ھۆڵەندا بازرگانی پێوەکردون. ھاوکات داوای ئەوە دەکات باسی ئەو کەسانەش نەکرێت کە لەو رابردووەددا تاوانی گەورەیان ئەنجامداوە لە نموونەی تاوانی جینۆساید لە ئەندەنوسیادا.

لە ھۆڵەندەدا نزیکەی ملیۆنێک تورک و عەرەبی مەغریبیی و نامەغریبی دەژین، کە دەکاتە نزیکەی ٥%، پێنج لە سەدی، دانیشتوانی وڵاتەکە. ئەم دۆخە وادەکات ھەندێکجار ئەو زانیاریانەی کە دەوڵەت دەیەوێت بە ھەموو دانیشتوانەکەی بگەیەنێت بە زمانی عەرەبیی و تورکیش بڵاوبکاتەوە. ئەم ھێزە راستڕەوە دەیەوێت حکومەت کۆتایی بەم کارە بھێنێت و چیتر بەو دوو زمانە زانیاریی، بڵاونەکاتەوە. ھاوکات دژایەتیی گرنگیدان بە ژینگە دەکەن و ئەو بڕە پارەیەی بۆ بەگژاچوونەوەی پیسبوونی ژینگە تەرخانکراوە، بوەستێنرێت. ھەروەھا دەیانەوێت ھەموو ھاریکارییەکی مادیی بۆ کاری ھونەریی و کولتوریی و بۆ مەسەلەی پاراستن و بەرگریکردن لە جیاوازیی بوەستێنن و کۆی ئەم شتانەش بە ھیوایەت و ”خولیای“ ھێزە چەپەکان ناودەبات. ھاوکات دەیانەوێت دارایی کەناڵە گشتییەکانی تەلەفیزیۆن، کە حکومەت دەستەبەری دەکات، بوەستێت و کۆی میدیاکانی ئەو وڵاتە ببنە میدیایەکی بازرگانیی. ئەمە جگە لە دژایەتیکردنی ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپاو لابردنی یۆرۆ و گەڕانەوە بۆ ئەو جۆرە دراوەی بەر لە یۆرۆ لە وڵاتەکەدا، بەکاردەھێنرا.

ئەم ھێزە لەچەندان سەرەوە ھێزێکی پۆپۆلیستی ترسناکەو ئەوەی داوایدەکات نادەستوریی و پەرگیرانەیە. بەڵام ئەوەی سیستمە سیاسییەکەی ھۆڵەنداو لەگەڵیدا کۆی کۆمەڵگای ھۆڵەندی لە ھێزێکی لەم بابەتە دەپارێزێت کۆمەڵێک خاڵە کە زۆر بە خێرایی و بە کورتیی ھێمایان پێدەکەم.

یەکەم، ھۆڵەندا دەستورێکی ھەیە کە دادپەرەورو یەکسانخوازو دیموکراسە، تیایدا مافەکانی ھەموو مرۆڤێک کە ناسنامەی ئەو وڵاتەی ھەبێت، پارێزراوە. ئەو سنورانەی بە وردیی تیادا دەستنیشانکراوە کە ھیچ ھێزێک بۆی نییە تێیانبپەرێنێت و پێشێلیان بکات.
دووھەم، ئەم وڵاتە خاوەنی دەیان دەزگای گرنگە کە ناتوانرێت قورسایی و بریارەکانیان وەلابنرێن، یان ھەر ھێزێک ھەڵبژاردنی بردەوە، بتوانێت پەکیانبخات. ئەو دەزگایانەی کە کۆمەڵگاکە لەبەرامبەر ھێزە حوکمڕانەکاندا دەپارێزێت. لەوانەش دەزگاکانی سیستمی داوەریی و ئەو دەزگایانەی تر کە کاریان چاودێریکردنی چۆنیەتی پیادەکردنی دەسەڵاتە.
سێھەم، دەسەڵات لەم وڵاتەدا ھەمووی لە دەستی حکومەتدا کۆنەکراوەتەوەو دەسەڵاتێکی مەرکەزپەرست نییە، بەڵکو بەشێکی گرنگیی دەسەڵات لە دەستی شارەوانەییەکانیدایەو شارەکان و ناوچە جیاوازەکان خاوەنی بریارو دەسەڵاتی تایبەتی خۆیانن و ھەمووشتێک لە پایتەختەوە بڕیاری لەسەرنادرێت.


چوارھەم، مەرج نییە ئەو ھێزەی کە ھەڵبژاردنی پەرلەمان دەباتەوە، ھەمان ئەو ھێزەبێت کە ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەباتەوە، ئەمەش وادەکات لە شاراوەنییەکاندا دەسەڵاتێک ئامادەبێت تاڕادەیەکی زۆر جیاوازبێت لە دەسەڵاتی مەرکەزی. بۆ نموونە لە شاری ئەمستردام ھێزە سەوزەکان و سۆشیال دیموکراتەکان حوکمدەکەن و ئەو ھێزە پۆپۆلیستییە راسترەوەی ھەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی بردەوە، لە ئەمستردامدا تەنھا ٨%، ھەشت لە سەدی، دەنگەکانی بردۆتەوە.
پێنجەم، سیستمی سیاسیی وڵاتەکە سیستمێکی دوو حیزبی نییە ئەو حیزبەی ھەڵبژاردنی بردەوە ھەموو دەسەڵاتەکان ببات. براوەی ئەمجارەی ھەڵبژاردنەکان تەنھا نزیکەی ٢٥%ی دەنگەکانی بردوە، بۆئەوەی بتوانێت حوکمبکات ناچارە لەگەڵ ھێزی دیکەدا رێکبکەوێت کە ھەڵگری ئەو بۆچوون و دیدگایانەی ئەو نین.
شەشەم، ھۆڵەندا بەشێکە لە یەکێتی ئەوروپاو یاساکانی ئەو یەکێتییە، زۆرجار، دەچنە پێش یاساکانی ناو ھۆڵەندا خۆیەوە، بە تایبەتی لە بواری پاراستنی مافەکانی مرۆڤدا. ئەمەش وادەکات ئەوروپای یەکگرتوو وەک پاڵپشتێکی بەھێزی پاراستنی مرۆڤ دژ بە راسیزم و بوغزو رقی کلوتوریی و ئەتنیی و دینیی، بپارێزێت.
حەوتەم، ھیچ ھێزێکی سیاسیش نییە لەم وڵاتەدا میلیشیای تایبەت بەخۆی ھەبێت، یان ئابوریی وڵاتەکەی لەژێردەستدابێت، یان جیھازی بیرۆکراسیی وڵاتەکەی قۆرخکردبێت، یان کەناڵەکانی میدیای داگیرکردبێت، یان رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی قۆرخکردبێت.

بە کورتییەکەی، وڵاتەکەو سیستمە سیاسییەکەی بەجۆرێک ڕێکخراوە، بەرگەی بومەلەرزەی سیاسیی لەم شێوەیە بگرێت، کۆمەڵگاکەو سیستمە سیاسییەکەی لە سیاسی خراپ و ھێزی سیاسیی ترسناک بپارێزێت. کاتێک دیموکراسیەت و مافە بنەڕەتییەکان وەک سیستم چەسپابێت، کاتێک دەزگای بەھێزھەبێت بۆ پاراستنی ئەو مافانە، ئەمجۆرە گۆڕانە لەپڕانە ناتوانن سیستمەکە ھەڵبوەشێننەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand