چارەنوسی سێ موچەی ئەمساڵ نادیارە

Draw Media

2023-10-14 14:41:47



راپۆرت: درەو
چارەنوسی سێ موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە 2023 بە نادیاری دەمێنێتەوە، حكومەتی هەرێم لەمساڵدا توانای خەرجكردنی (9) موچەی دەبێت بە بڕی (8 ترلیۆن‌و 496 ملیار) دینار لەكۆی (11 ترلیۆن‌و 328 ملیار) دیناری كۆی ساڵەكە، بەوپێیە لە 2023دا چارەنوسی (2 ترلیۆن‌و 832 ملیار) دیناری موچەی سێ مانگی موچەخۆران بە نادیاری دەمێنێتەوە، كە دەكاتە (25%)ی تێكڕای خەرجی موچەی موچەخۆران.

موچە لە 2023دا
حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە پێویستی بە (944 ملیار) دینارە بۆ خەرجی موچەی (ملیۆنێك‌و 255 هەزار) موچەخۆر، تائێستا كە لەمانگی (10)داین، موچەی (7) مانگ خەرجكراوە.
كۆی گشتی موچەی ئەو حەوت مانگەی كە ئەمساڵ حكومەت خەرجیكردووە بڕەكەی (6 ترلیۆن‌و 608 ملیار) دینارە، لەكاتێكدا دەبوو  تائێستا موچەی (9) مانگی خەرج بكردایە كە بەتێكڕا دەیكردە (8 ترلیۆن‌و 496 ملیار) دینار.
ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی هاتنی دوو (700 ملیار) دیناری ترە لە بەغدادەوە بۆ موچەی مانگەكانی (8-9)، ئەمە لەگەڵ بڕی (320 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆو (25 ملیار) دیناری یارمەتی هاوپەیمانان، لەم دۆخەدا موچەی مانگەكانی (10-11-12) بەنادیاری ماوەتەوە.
واتا حكومەتی هەرێم بۆ ئەمساڵ 2023 تەنیا بۆ خەرجی موچەی موچەخۆران پێویستی بە (11 ترلیۆن و 328 ملیار) دینارە، خۆ ئەگەر دوو موچەی تر بدات لە مانگەكانی (8-9)دا، پێویستی بە بڕی (یەك ترلیۆن‌و 888 ملیار) دیناری تر دەبێت، واتا ئەمساڵ بەكۆی گشتی دەتوانێت موچەی (9) مانگی موچەخۆران بدات، كە بەتێكڕا خەرجی موچە بۆ ئەم (9) مانگە بڕەكەی دەكاتە (8 ترلیۆن‌و 496 ملیار) دینار، بەڵام چارەنوسی سێ موچەی موچەخۆران بە نادیاری دەمێنێتەوە كە بەتێكڕا بڕەكەی دەگاتە (2 ترلیۆن‌و 832 ملیار) دینار، واتا رێژەی (25%)ی تێكڕای خەرجی موچە لەساڵێكدا.

موچە لە هەرێم بە ژمارە:
•    مانگانە: (944) ملیار دینار
•    ساڵانە: (11 ترلیۆن و 328 ملیار) دینار
•    كۆی موچەی حەوت مانگ: (6 ترلیۆن‌و 608 ملیار) دینار
•    كۆی موچەی (9) مانگی ئەمساڵ: (8 ترلیۆن‌و 496 ملیار) دینار
•    كۆی خەرجی موچەی سێ مانگی خەرجنەكراو: (2 ترلیۆن‌و 832 ملیار) دینار
•    سێ موچەی خەرجنەكراو لە ساڵێكدا رێژەی (25%)ی كۆی موچەی ئەمساڵێكدا پێكدەهێنێت

ژماردنی موچە بەپێی رۆژ
ئەگەر موچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ خەرج نەكرێت، بەتایبەتیش كە حكومەتی هەرێم هیچ زەمانەتێكی لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە بۆ موچەی ئەم مانگانە وەرنەگرتووە، ئەوا موچەخۆرانی هەرێم لە ماوەی یەك ساڵدا (365) رۆژ، موچەی سێ مانگیان بۆ خەرج ناكرێت (90) رۆژ، بەوپێیەش بە تێكڕا لە ساڵی 2023 موچەخۆرانی هەرێم بە (40) رۆژ جارێك موچەیەكیان پێدەدرێت، واتا بە شێوەیەكی گشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 2023دا (2 ترلیۆن‌و 832 ملیار) دیناری موچەی موچەخۆران قەرزدار دەبێت‌و بۆیان خەرج ناكات، كە دەكاتە (25%)ی كۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە ساڵێكدا، واتا لە كۆی (11 ترلیۆن‌و 328 ملیار) دینار، لەمساڵدا بڕی (8 ترلیۆن‌و 496 ملیار) دینار بۆ موچە خەرجدەكات كە دەكاتە رێژەی (75%)ی كۆی خەرجی موچە لە ساڵێكدا.

ژمارەی موچەخۆر لە هەرێم
ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە (1 ملیۆن‌و 255 هەزار) كەسە، ئەگەر دانیشتوانی هەرێمی كوردستان (6 ملیۆن) كەس بێت، ئەوا (20%) دانیشتوان سەرچاوەی سەرەكی داهاتیان لەو موچەوە دێت كە لە كەرتی گشتی (حكومەت) وەریدەگرن.
بەپێی داتاكانی دەستەی ئامار، ژمارەی خێزان لە هەرێمی كوردستان (1 ملیۆن‌و 201 هەزار) خێزانە، بەم پێیە بە نزیكەیی هەموو خێزانێك موچەخۆرێكی بەردەكەوێت.

حكومەت چەند قەرزاری موچەخۆرانە ؟
سەبارەت بەو شایستە داراییانەی موچەخۆران كە كەتووەتە لای حكومەت، بریتین لە دوو جۆر:
‌أ.    پاشەكەوتی موچە؛ ئەم قۆناغە لە سەردەمی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەچوو، لەماوەی نێوان ساڵانی (2015 - 2018) موچەخۆران (5) موچەی تەواویان پێنەدراوە، (23) مانگیش چارەكە موچەو (11) مانگ بەشێك لە موچەكانیان پاشەكەوت كراوە.
بەهای پاشەكەوتی موچە لەو ماوەیە بریتییە لە (8 ملیارو 966 ملیۆن‌و 156 هەزارو 514) دۆلار، كە بەرامبەرە بە (10 ترلیۆن‌و 597 ملیارو 997 ملیۆن) دینار.
‌ب.    لێبڕینی موچە؛ ئەم قۆناغە لە سەردەمی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی داهێنرا، لەم قۆناغەدا لەماوەی ساڵی (2020 - 2021) موچەخۆران (7) موچەی تەواویان بڕاو و (10) موچەشیان بە لێبڕینی (18%)و (21%) بۆ خەرجكرا.
رۆژی 28ی حوزەیرانی 2021 ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند:" كۆی قەرزەكانی هەرێمی كوردستان لە مانگی 3ی 2020دا بریتی بووە لە (28 ملیارو 476 ملیۆن‌و 675 هەزار) دۆلار، بەڵام لە مانگی 3ی 2021دا گەیشتووە بە: (31 ملیارو 637 ملیۆن دۆلار". دواتریش لە ڕونكردنەوەیەكدا ئەوەیان ڕاگەیاند؛ زیادكردنی ئەو (3) ملیار دۆلارە پەیوەندیدارە بە شایستە داراییەكانی فەرمانبەران بۆ مانگەكانی (5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020)ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.
كەواتە كۆی ئەو شایستە داراییانەی موچەخۆران لە كابینەی نۆیەمدا لێیان بڕاوە بریتییە لە؛
•    (7) مانگ موچەی بڕاو X (900 ملیار) دینار = (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار
•    (10) مانگ بە لێبڕینی (21%)  X (189 ملیار) دینار = (1 ترلیۆن 890 ملیار) دینار
•    كۆی ئەو موچانەی لە كابینەی نۆیەمدا لە موچەخۆران بڕاوە دەكاتە؛ (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار + (1 ترلیۆن 890 ملیار) دینار = (8 ترلیۆن 190 ملیار) دینار.
كەواتە كۆی ئەو شایستە داراییانەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، كە بەهۆی لێبڕین‌و پاشەكەوتی موچە لە لایەك‌و ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە لەلایەكی دیكە، بریتییە لە؛ (18 ترلیۆن‌و 787 ملیارو 997 ملیۆن) دینار پاشەكەوت (لە كابیەی هەشتەم‌و نۆیەم)و (5 ترلیۆن‌و 327 ملیارو 115 ملیۆن) دیناری راگرتنی بەرزەموچە (لە كابینەی هەشتەم‌و نۆیەم) = (24 ترلیۆن‌و 115 ملیارو 112 ملیۆن) دینار.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand