لێبڕین و خەرج نەکردنی موچە لە کابینەی نۆیەمدا

Draw Media

2023-07-06 11:06:29




 
شیكاری: درەو

کۆی ئەو موچانەی لەکابینەی نۆیەمدا خەرج نەکراوەو لێبڕدراوە دەکاتە؛
# (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار "7 موچەی تەواو"
# (1 ترلیۆن 701 ملیار) دینار "9 موچە بە لێبڕینی 21%"
# (162 ملیار) دینار "1 موچە بە لێبڕینی 18%"
# (900 ملیار) دینار "موچەی مانگی (6)ی 2023" دواکەوتووە
# کەواتە سەرجەم ئەو موچە شایستانەی لە کابینەی نۆیەمدا خەرج نەکراوە (9 ترلیۆن 63 ملیار) دینارە.

پاشەکەت و لێبڕینی موچە وەک شایستەی دارایی موچەخۆرانی هەرێم
لە بانگەشەی هەڵبژانی (30/9/2018) لایەنە سیاسییەکان بانگەشەی گێڕانەوەی موچە پاشەکەوت کراوەکان و کردنەوەی ژمارەی حیسابی بۆ موچە خۆران دەکرا، لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم موچەخۆران لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانیان بوون، بەڵام ئەم کابینەیە بیدعەیەکی نوێی داهێناو ناوی نا، لێبڕین، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی (2020)دا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرا لە خەرج نەکردنی موچەی موچە خۆران.
سەبارەت بەو شایستە داراییانەی موچەخۆران کە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمەوە، تەنها لە کابینەی نۆیەمدا زۆرترە لە (9 ترلیۆن) دینار.
قۆناغی پاشەکەوتی مووچە لە سەردەمی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەچوو، لەماوەی نێوان ساڵانی (2015 - 2018) مووچەخۆران (5) موچەی تەواویان پێنەدراوە (23) مانگیش چارەکە مووچەو (11) مانگیش بەشێک لەم موچەکانیان پاشەکەوت کرا.
بەڵام لە کابینەی نۆیەم دا پرسی موچە پێی نایە قۆناغێکی نوێوە کە ئەویش لە بری پاشەکەوت داهێنانی لێبڕین بوو، لەم کابینەیەدا موچەی مانگەکانی (4، 5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020) خەرج نەکرا (9) موچەش بە لێبڕینی (21%) و موچەیەکیش بە لێبڕینی (18%)ەوە لە ساڵانی (2021 - 2022)ی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرجکراوە.
کەواتە ئەگەر کۆی خەرجی موچە بە (900 ملیار) دیناری مانگانە بخەمڵێنین، ئەوا کۆی ئەو شایستە داراییەی موچە خۆران لە کابینەی نۆیەمدا لێیان بڕاوەو بۆیان خەرج نەکراوە بریتیە لە؛
•    (7) مانگ موچەی بڕاو X (900 ملیار) دینار = (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار
•    (9) مانگ بە لێبڕینی (21%)  X (189 ملیار) دینار = (1 ترلیۆن 701 ملیار) دینار
•    (1) مانگ بە لێبڕینی (18%)  X (162 ملیار) دینار = (162 ملیار) دینار
•    لە ئێستاشدا کە مانگی (6)ی (2023) تێپەڕیوە بەڵام موچەی موچەخۆران دابەشنەکراوە کە زیاتر لە (900 ملیار دینار)ە.
کەواتە کۆی ئەو موچانەی لەکابینەی نۆیەمدا خەرج نەکراوە دەکاتە؛ (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار "7 موچەی تەواو"+ (1 ترلیۆن 701 ملیار) دینار "9 موچە بە لێبڕینی 21%" + (162 ملیار) دینار "1 موچە بە لێبڕینی 18%" + (900 ملیار) دینار "موچەی مانگی (6)ی 2023" = (9 ترلیۆن 63 ملیار) دینار.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand