درەو: بە وتەی ئەندامێکی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی (CPT) ئەمەریکی ئێران 151 بنکە و بارەگای سەربازی نوێی لە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە، کە بە قوڵایی ( 5 بۆ 10 )کیلۆمەتر سنورەکانی فراوانکردووە و هاتووەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، هاوكات توركیا (74) بنكەو بارەگای لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا هەیەو (35) كیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاكی هەرێمی كوردستانەوە. کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێران دەستیکردووە بە دروستکردنی بنکەی سەربازی نوێ لەسەر سنورەکان و زیاتر لە 151 بنکەی دروستکردووە، لە کاتێکدا تورکیا 74 بنکە و بارەگای لە ناوچە سنورییەکانی هەرێم بونیاتناوە." دەشڵێت،"ئێران بە قوڵایی 5 بۆ 10 کیلۆمەتر لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بنکە سەربازییەکانی دروستکردووە، بەڵام تورکیا 35 کیلۆمەتر هاتووەتە نێو خاکی هەرێمەوە و بنکەی سەربازی داناوە." لە سنوری قەزای مەندەلی پارێزگای دیالەوە هەتا ناوچەی سیدەکان، بەشێک لە خاڵ و رەبییە سەربازییەکانی ئێران هێندە نزیکن لە گوندە کوردییەکانەوە، بە ئاسانی هەست بە جم و جۆڵی سەربازە ئێرانییەکان دەکرێت. کاروان رەحیم، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندەکانی سنوری ئێرانە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گوندی مەحمود قەجەری نزیک دەروازەی پەروێزخان کە پێشتر باوباپیرانمان لێی نیشتەجێ بوون، ئێستا خەڵکەکەی ناتوانن بۆی بگەڕێنەوە چونکە کەوتووەتە نێوان خاڵە سەربازییەکانی عێراق و ئێران." دەشڵێت،"ئێستا گوندەکە لە جێگەیەکی تر بونیاتنراوەتەوە، ئەمە جگە لەوەی ئێران لە زۆر ناوچەی تری وەکو سنوری مەجید سالار و پەروێزخان و بێشکان رەبیە سەربازیییەکانی هێناوەتە پێشەوە." بەپێی وتەی بەرپرسانی پاسەوانی سنوری عێراق، ئێران و تەنانەت عێراقیش رەبیەو خاڵی سەربازییان لەو ناوچانە دروستکردووە کە بە (سفری حدودی) ناسراون و سنوری دەوڵەتێک لە دەوڵەتێکی تر جیادەکەنەوە، هەرچەندە نابێت خاڵی سەربازی ببرێتە ئەو شوێنانە.
درەو: وەفدێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد دەستیان بە دانوستانەکان کردووە، لە پێناو کۆتاییهێنان بەدواین هەنگاوەكانی هەناردەکردنی نەوت بە بۆری جەیهانی تورکیدا، لە ڕێی کۆمپانیای سۆمۆی عێراقییەوە. سەرچاوە ئاگادارە عێراقییەکان بە رۆژنامەی "الشرق الاوسگ" یان راگەیاندووە، رۆژی یەک شەممە وەفدێکی کوردی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبونەوەیان لەگەڵ بەرپرسان لە بارەگای وەزارەتی نەوتی فیدراڵی لە بەغداد ئەنجامداوە، بۆ چارەسەرکردنی پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێم و، ئەو پرسانەی پەیوەستن بە کاری کۆمپانیاکانەوە. سەرچاوەکە رونیکردەوەتەوە، بڕیاربوو ئەو کۆبونەوەیە سێشەممەی داهاتوو ئەنجام بدرێت، بەڵام پێشهاتەکانی ناو دۆسیەكە وایکردووە، كاتەكەی پێشبخرێت. ئەوەش دوای ئەوە دێت، وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژی شەممەی رابردوو، ئەو کۆمپانیا بیانییە نێودەوڵەتییانەی كە لەژێر چەتری کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر) کاردەکەن، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بانگهێشتی کۆبونەوەیەکی كردن لە بەغداد رۆژی سێ شەممەی داهاتوو. وەزارەتی نەوتی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردبوو، گفتوگۆکان باس لە پرسەکانی پەیوەست بە گرێبەستە واژوكراوەكانن، بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک کە بەشداربێت لە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان، بەپێی باشترین شێوازە نێودەوڵەتییەکان، بە شێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندی نیشتمانی بکات. وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی هەینی رایگەیاند، بەغداد لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە رادەگەیەنێت بە بڕی سەرەتایی (185)هەزار بەرمیل، كە بەشێوەی پلەبەندی بڕەكەی بەرز دەكرێتەوە تا دەگاتە ئەوبڕەی لە بودجەی گشتی فیدراڵیدا دیاری کراوە، لە ڕێی كۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ). کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان کە نوێنەرایەتی لە (60%ِ)ی بەرهەمی هەرێم دەکات، دوای ئەوە رایگەیاند، هیچ پەیوەندییەکی فەرمی بۆ رونکردنەوەی رێککەوتنە بازرگانییەکان و گەرەنتی پارەدان بۆ هەناردەکردنی رابردوو و داهاتووی لەگەڵ نەکراوە. نزیکەی (8) کۆمپانیای نێودەوڵەتی نەوت، کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، رایانگەیاند، هەناردەکردنی نەوت لە ڕێی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەستپێناکەنەوە، سەرەڕای ئەوەی بەغداد رایگەیاند، نزیکن لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن. حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت، سێشەممەی رابردوو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە ڕێی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگەیاند. كێشە هەڵپەسێردراوەکان سەرەڕای ئەم بەرەوپێشچونانە لە پەیوەندی نێوان بەغدادو هەولێر لە کەرتی وزە، کە ئاماژەن بۆ نزیکبوونەوەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێی بۆری نەوتی نێوان عێراق و تورکیا، هەندێک کێشە بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوەو، هەردوولا گفتوگۆکانیان چڕتر دەکەنەوە بۆ چارەسەرکردنیان. دیارترین گرفتەکان بریتین لە، شێوازی حسابکردنی بڕی نەوت و شێوازی پێدانی پارەکەی و، پشکی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، کە نەوتیان لە هەرێمی کوردستان دەرهێناوە، جگە لە دۆسییەكانی موچەو رسومات و گومرگ. شاندەکانی نێوان هەردوولا هەوڵ دەدەن پێش دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردن، ئەم کێشانە چارەسەر بکەن. وەزیری نەوتی عێراق، هەفتەی رابردوو، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەكراو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی لە کوردستانی عێراقەوە راگەیاند، ئەو هەنگاوش رەنگە ببێتە هۆی کۆتایهێنان بە ململانێیەک كە نزیكەی دوو ساڵی خایاندو، بووە هۆی راگرتنی بڕی زیاتر لە (300)هەزار بەرمیل رۆژانە، كە لە ڕێی تورکیاوە دەچووە بازاڕەكانی جیهان. دوای داخستنی ئەو بۆرییەی کە نەوتی خاوی بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا لە ساڵی (٢٠٢٣) دا گواستووەتەوە، بەقاچاخبردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە بۆ ئێران لەڕێی بارهەڵگرەوە زیادیكرد، بەگوێرەی راپۆرتەكانیش لەڕێی بارهەرڵگرەكانەوە نزیكەی (200) هەزار بەرمیل نەوت بەشێوەیەكی رۆژانەو بەنرخێكی هەرزان لە كوردستانەوە بۆ ئێران و بڕێكی كەمتریش بۆ توركیا رەوانە دەكرا. تورکیا زۆرترین وزەی دەوێت بەگوێرەی ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیا، ئەمڕۆ یەک شەممە، ئەلپارسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاندووە، وڵاتەکەی دەیەوێت لەگەڵ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، هێڵی بۆری نەوتی نێوان عێراق و تورکیا بەوپەڕی توانایەوە کاربکات. تورکیا لە مانگی ئازاری ساڵی (2023)بۆرییەکەی راگرت، دوای ئەوەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی فەرمانی بە ئەنكەرە کرد، بڕی یەک ملیار و (500) ملیۆن دۆلار بداتە بەغداد، وەک قەرەبووی هەناردەکردنی ڕێگەپێنەدراو لە نێوان ساڵانی(2014)بۆ . (2018) تورکیا لە کۆتایی ساڵی (2023)ەوە، رایگەیاندووە، ئامادەیی دەبڕیوە بۆ کارەکانی لەسەر دەسپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە رێی ئەو بۆرییەوە. وەزیری وزەی تورکیا وتویەتی: ئەم هێڵە ماوەی ساڵ و نیوێکە ئامادەیە، دەیانەوێت هێڵی بۆری تورکیا-عێراق بەکاربهێنرێت، بەتایبەت هەر دوو بۆری (650) کیلۆمەتری لە سیلۆپیەوە بۆ جەیهان. ئاماژەی بەوەشکردووە: دەیانەوێت بەشێک لەو نەوتەی بەم بۆرییەدا تێدەپەڕێت بچێتە پاڵاوگەی کریکالێ، هەروەها لەڕێی کەشتیەکانەوە لەڕێی بەندەری جەیهانەوە بچێتە پاڵاوگەکانی تورکیا یان بۆ پاڵاوگە جیاوازەکانی جیهان، بۆ ئەوەی توانای بۆرییەکە لە بەرزترین ئاستی خۆیدا بەکاربهێنرێت، بایراکتار ڕونیشیکردووەتەوە، پڕۆژەی رێڕەوی بازرگانی پلان بۆ داڕێژراوی نێوان تورکیا و عێراق، کە ناوی پڕۆژەی "رێگای گەشەپێدان"ە، دروستکردنی بۆرییەک کە دەگاتە کەنداوی عەرەبی لە خۆدەگرێت، بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ بازاڕە جیهانییەکان لە ڕێی تورکیایەوە.
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) نزیکەی شەش مانگێک لەمەوبەر ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی «کۆمار» کە کۆمەڵێک رۆشنبیر و ئەکادیمی کوردانی ڕۆژهەڵات لە پاریس دایانمەزراندوە و بەڕێوەی دەبەن، چەند پرسیارێکیان سەبارەت بە دۆخی کورد لەمرۆکەی جیهان و ناوچەکە و ناوخۆدا بۆناردم. یەکێک لەو پرسیارانەی ئاراستەیان کردبووم پەیوەندیی بە مەسەلەی خەبات و بەرگریی چەکدارانەوە هە بوو. ئەوان لە پرسیارەکەیاندا دەپرسن: «هەندێ جار بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە سەردەمی شەڕی چەکداری بەسەر چووە و حیزبەکانی باکوور و ڕۆژهەڵات باشترە واز لە خەباتی چەکداری بهێنن و ڕوو بکەنە خەباتی سیاسی و مەدەنی. ئەم بانگەشەیە ئێستە یەکانگیر بووە لەگەڵ پڕۆژەی چەککردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و بەرتەسککردنەوەی مەیدانی چالاکیی ئەوان و پارتی کرێکارانی کوردستاندا. ئەگەر واز لە بەستێنە ئەخلاقی و نیشتمانییەکەی ئەو بانگەشەیە و ئەم پرۆژەیە بهێنین و تەنها لە سۆنگەی پراتیکی و سیاسییەوە لێیان بکۆڵینەوە، لە ئەگەری وازهێنان یاخود بنبڕکردنی خەباتی چەکداریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و باکووردا، ئەمە چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر خەباتی خودی ئەو پارچانە بە ئاستی یەکەم و دۆخی حکومەتی هەرێم بە ئاستی دووهەم؟ ئایا وەک بانگەشەی بۆ دەکرێت، ئەمە بە سوودی باشوور دەکەوێتەوە و جۆرێک لە پارێزراوبوون لە شەڕ و هێرشی دراوسێکانی بۆ بەرهەم دەهێنێت، یاخود هەڵەیەکی ستراتیژییە و حکومەتی هەرێم بە دەستی خۆی خەریکە کارتەکانی دەسووتێنێت؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا من جارێکی دیکە پێم لەسەر ئەو خاڵە داگرتەوە کە پێویستە شێوازی خەبات لە کوردستاندا گۆڕانی بەسەردابێت و خەباتی چەکداریی کۆتایی پێبهێنرێت. من لەوێدا بە کۆنکریتیی نووسیم: «چەککردنی هێزەکانی ڕۆژهەلات و بەرتەسککردنەوەی چالاکیەیکانی پارتی کرێکاران شتێکە و بیرکردنەوە لە گۆڕانی شێواز و ستراتیژیەکانی خەباتکردن شتێکی دیکەیە. نووسینی زیاد لە بیست ساڵێک لەمەوبەری من هەیە کە باس لە وازهێنان لە خەباتی چەکدار دەکەم. ئەودەم نە چەککردنی هێزەکانی ڕۆژهەلات و نە بەرتەسککردنەوەی چالاکیەیکانی پارتی کرێکاران، بەو شێوەیەی ئەوڕۆ لە ئارادانەبوون.» لە درێژەی نووسینەکەدا دەڵێ: «خەباتی چەکدار توانای دەستەبەرکردنی مافە سیاسیی و کولتوریی و ناوچەییەکانی خەڵکی کوردستانی نییە. ئەو دەوڵەتانەی کورد لەگەڵیاندا لە ناکۆکیدایە گوێ بە ژمارەی کوژراو و زیانی مادیی خەڵکی کوردستان و خەڵکی خۆیشیان نادەن. بەکارهێنانی هەموو چەکێکی کوشندە و ئەنجامدانی تاوانی گەورە بە مافی «پاراستنی سەروەریی» خۆیان دەزانن. بە مانایەکی دیکە ئێمە لەبەردەم کۆمەڵێک دەوڵەتداین کە تا ئاستی جینۆسایدکردن دەڕۆن و ئامادەن هەزاران هەزار گوند و شار و شارۆچکە لەسەر نەخشە بسڕنەوە، سەدان هەزار مرۆڤیش رابگوێزن و بێجێگە و بێڕێگەیان، بکەن. بەهیچ شێوەیەکیش تەکنۆلۆژیای کوشتنی ئەم دەوڵەتانە و چەکی بەرگریکردنی هێزە کوردییەکان لەخۆیان، بەیەکتری بەراورد ناکرێت.» بێگومان ئەم دۆخە تەنها لە کوردستاندا بەوشێوەیە نییە، بەڵکو دۆخێکی جیهانییە و لە ساڵانی رابردوودا چەندان بزوتنەوەی چەکداریی گەورە، کە خاوەنی مێژوویەکی درێژی خەباتی جەکداریی و قوربانیدانی گەورەبوون، کۆتاییان پێهێندرا. لەم رووە لە هەمان چاوپێکەوتندا دەنووسم: «ئەوەی دەوڵەتی سریلانکی دوای ٢٥ ساڵ خەباتی چەکدار بە پڵنگەکانی تامیلی، Tigers Tami ، کرد یان ئەوەی ئیسرائیل بە غەزە، بەشار ئەسەد بە حەڵەب، سوپای تورکی لە ساڵانی نەوەددا بە خەڵکی هەزاران گوندی باکور و ئەوەی بەعسی عێراقیش لە ئەنفالدا بە کوردانی باشوری کرد، نموونەی ئەو شێوازی مامەڵەکردنەی دەوڵەتانە بۆ هەر بزاوتێکی سیاسیی لە رێگای چەکەوە خواستی وەدستهێنانی مافی هەبێت.» لە هەموو ئەو دۆخانەدا ئێمە لەبەردەم هێزى سەربازیی و مادیی گەورەی دەولەت و هێزی سەربازیی و مادیی لاوازی هێزە بەرگریکارەکانداین. بەڵام بێگومان بە جیاوازییەکی گەورەوە، کە جیاوازییە قورساییە رەمزییەکەی هەریەکێکیاندا. قورسایی رەمزیی هێزە بەرگریکەرەکان زۆرجار لە قورسایی رەمزیی دەوڵەتە پڕ جەکەکان گەورەترە و هەر ئەو قورساییە رەمزییەشە وادەکات خەباتی جەکداریی لەزۆر شوێنی جیهاندا بەردەوامبێت، ئەگەرچی لەرووی مادیی و لەناو واقیعدا دەستکەوتێکی قابیلی باسکردنیشی نەبێت. بەم مانایە خەباتی میلەتی ئێمە رووی بە ڕووی کۆمەڵێک حوکمڕان و دەوڵەتدا تەقیقوەتەوە کە باکیان نە بە مەرگی خەڵکی کوردستان و وێرانکردنی خاکی کوردستان هەیە، نە بە مەرگ و وێرانکاریی خەڵکی خۆیان و وێرانکردنی ماڵەکانیان. میلەتی ئێمە لەبەردەم جۆرێک لە حوکمڕانی نابەرپرس و گۆشدراوداین بە لۆژیکی جەنگ و پەنابردن بۆ کوشندەترین شێوازەکانی تەکنۆلۆژیای جەنگ. راستە ئەوان نەیانتوانیوە کۆتایی بە خەباتی جەکداریی و لەناوبردنی هێزە چەکدارە کوردستانییەکان بهێنن، بەڵام بەدیوی ئەودیودا خەباتی چەکداریش توانای رزگارکردنی خاک و پاارستنی هیچ شوێنێکی نەبووە و نەماوە، جگە لە شاخ و کێوە دوور و تەریک و عاسییەکان نەبێت. لە هەمان نووسیندا پێ لەسەر گڕرانی دۆخی ئەمرۆکەی جیهان دادەگرم و باس لەوەدەکەم یەکێک لە خاڵە هەرەسەرەکییەکانی خەباتی میلەتی ئێمە لە سەد ساڵى رابردوودا وەدیهاتوە و سەردەمەکە چیتر سەردەمی تواندنەوە و سڕینەوەی شوناسی ئەتنیی و میلیی و نەتەوەیی و نیشتیمانی هیچ میلەتێک لە میلتەکانی جیهان نییە. دونیای ئەمرۆ دونیای تواندنەوەی میلەتان نییە. لەم بارەیەوە دەنووسم: «لە سەرێکی دیکەوە ئەگەری ئەوەی کورد لە دونیای ئەمرۆدا وەک میلەت بتوێتەوە و کۆتایی بە زمان و شوناس و فەرهەنگەکەی بهێندرێت، بوونی نەماوە. شێوازی پاراستنی زمان و شوناس و کولتور و گەشەپێدانی هەریەکێکیان لەمرۆدا چیتر لە ژێر دەستی ئەو دەوڵەتانەدا نییە و نەماوە کە کورد لەناویاندا وەک کەمینە ئامادەیە. کورد هەم لەناو کوردستان خۆی و هەم لە دەرەوەی کوردستانیشدا خاوەنی ژێرخانێکی مادیی و مرۆیی و تەکنۆلۆژیی و ڕۆشنبیریی وایە، توانای پاراستنی هەرشتێکی هەیە خەڵکی کوردستان وەک شوناس کولتوری خۆی ببینێت و بیناسێنێت.» لەم رووەوە کۆچبەرانی کورد لە جیهاندا دەتوانن رۆڵێکی گرنگ و پۆزەتوڤ ببینن: «خاڵێکی پۆزەتیڤی دیکە ئەوەیە کورد ئەمڕۆکە خاوەنی ژمارەیەکی زۆری کۆچبەر و دیاسپۆرایەکی گەورەیە لە دەرەوەی کوردستاندا. بە تایبەتی لە ئەوروپا و ئەمریکادا، کە دەتوانن رۆڵی گرنگ بگێڕن لە بەسیاسیکردنی مەسەلەی کورد و لە بەرگریکردن لە مافە بنەرەتییەکانی خەڵکی کوردستان، لە ناوەندە جیهانییەکاندا. چالاککردن و بەگەڕخستنی تواناکانی ئەم دیاسپۆرایە ساڵانێکی درێژی خەبات و کارکردنی بەردەوامی دەوێت.» لە هەمان نووسیندا باس لە دروستبوونی هەندێک گۆڕانکاریی ناوەکیی دەکەم لەو وڵاتانەدا کە کورد لەناویاندا وەک میلەتێکی جیاواز دەژیی کە پەنجا ساڵێک لەمەوبەر بەوشێوەیەی ئێستا نەبوو. «گۆڕانێکی دیکە کە دروستبووە گۆڕانە لە ژینگە سیاسییەکەی ئەو وڵاتانەدا کە کورد لەناویاندا وەک کەمینە ئامادەیە. بۆ نموونە، تورکیای ئەمڕۆکە، تورکیای ساڵانی بیست و سى سەردەمی ئەتاتورک و ساڵانی کودەتا سەربازییەکان نییە. لەناو وڵاتەکەدا سیستم و ژینگەیەکی سیاسیی هەیە کە مەودای کارکردن، هەرچەند سنووردار، بە کورد و خەڵکی کوردستان دەبەخشێت و دەکرێت لەم رێگایەوە هەندێک لە مافە سیاسیی و کولتورییەکان وەدەستبهێنرێن. ئەم دۆخە تازەیە، بە لەمپەر و رێگری جیاوازەوە، لە بەشەکانی تری کوردستانیشدا لە ئارادایە و ئەگەری بچوک و سەرەتایی بۆ ریفۆرمکردن لە ئارادایە. باشوریش بە کردەوە ئازادە و ئازادییەکەشی پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە بوونی هێزی چەکدار و خەباتی چەکدارییەوە نییە.» هێندەی پەیوەندیی بە گۆڕانی ئیقلیمی و سیاسەتی زلهێزەکانی جیهانەوە هەیە. بێگومان دۆخی رۆژئاوا جیاوازە، رۆژئاوا لە ئێستادا قۆناغی خەباتی چەکداریی تێپەڕاندوە و شتێک دروستبووە لە فۆرمی حوکمڕانییەکی ناوچەیی لەناوسیستمێکی سیاسیی لامەرکەزیدا، کە دەسەڵاتی سێنتەر تەواو لاواز و بێهێزە. پاراستنی ئەم دۆخە پێویستی بە هێزی سەربازیی هەیە. لەم رووەوە دەنووسم : «رۆژئاواش خاوەنی ئازادی خۆیەتی و لەوێدا هێزی سەربازیی بۆ خۆپاراستن بەرامبەر بە هەر هێڕش و پەلامارێکی ناوەکیی و دەرەکیی پێویستە، بەڵام لێرەشدا مۆدێلی حوکمڕانییەکە و ئەو قورساییە ئەخلاقییەی ئەم مۆدێلە هەیەتی بەقەد هێزە چەکدارەکەی گرنگە، ئەگەر گرنگتر نەبێت.» لەم رووەوە ئەوەی لەسەر هێزە کوردییەکان پێویستە ئەنجامیبدەن نیشاندانی مۆدێلێکە لە حیزبایەتیی و دەسەڵاتدارێتی و کارکردن و بەڕێوەبەرایەتی دیموکراس و دادپەروەر و کراوە و مافپارێز و ئەخلاقیی، کە بتوانێت لە ئاستی سیاسیی و ئەخلاقیدا وەک مۆدێل بۆ سەرجەمی ناوچەکە کاربکات. لەم ئاستەشدا سەرجەمی هێزە کوردییەکان پێویستیان بە ساڵانێکی دوورودرێژی خۆدەسکاریکردن و خۆتازەکردنەوە هەیە. بە کورتییەکەی، بە درێژایی مێژووی سەدەی بیستەم و چارەکی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەم، دۆخی کورد بە رادەی ئەمرۆ هەنووکەیی و خاوەن قورسایی و ئامادەنەبووە. مەترسیی تواندنەوە و نەمان لەسەر کوردبوون نەماوە، فۆرمی جیاوازی خەباتی سیاسیی و فەرهەنگیش، بە بڕ و ڕادەی جیاواز، هاتونەتەپێشەوە. لەناو خودی کوردستان خۆیشیدا هیچ شتێکی ئەمرۆکە هەمان شتی پەنجا ساڵ لەمەوبەر نییە، نە سیاسەت، نە دین، نە ئەخلاقیی کۆمەلایەتیی، نە ئەدەبیات، نە فیکر، نە ژیانی رۆژانەی کۆمەڵگاکە، نە ئەرشیتێکتی شارەکان، نە شێوازەکانی پەیوەندیکردن، نە پەیوەندییەکانی کۆمەڵگاکە بە خۆی و بە دەرەوەی خۆیەوە، نە ئابوریی. هەر هەموو ئەمانە گۆڕانکاریی گەورە و هەمەلایەنیان بەسەرداهاتوە و بەدەمەوەچونی ئەو گۆڕانکارییانە پێویستیان بە شێوازی تری تێکۆشان و خەباتکردن هەیە. بە درێژایی سەدەی بیستەم خەمی سەرەکیی میلەتی ئێمە خەمی سڕینەوە و لەناوچوون و تواندنەوەی شوناسی ئەتنی و کولتوریی و ئینسانیی میلەتی ئێمە وەک کورد بووە. هەڕەشەی لەناوچوان لە قۆناغی جیاوازدا لەسەر میلەتی ئێمە وەک میلەت، لەسەر کوردبوون وەک فۆرمی بوونی ئێمە لە جیهاندا هەبووە و کاریکردوە. خەباتی چەکداریی وەڵام بووە بەو دۆخە تۆقێنەر و تراژیدییە. بەڵام وەک لەسەرەوە باسمکرد، بەشی هەرەزۆری ئامراز و تواناکانی توناندنەوەی میلەتان لە دونیای ئەمرۆدا بوونی نەماوە، بە میلەتی ئێمەوە، بۆیە گۆڕین و دەسکاریکردنی شێوازی خەباتکردن کارێکی هێجگار گرنگ و بنەڕەتییە، لە پێش هەمووانیشەوە دۆزینەوەی ئەلتەرناتیڤی تازە بۆ خەباتی چەکداریی.
هێمن ئەمینی لە چەند سەدەی ڕابردوودا و لە گەڵ گرنگیدان بە ئاوەزی مرۆڤ و بە ناوەندبوونی مرۆڤ و ئەو پێشڤەچوونانە خێرایەی مرۆڤ لە بواری زانست و بەرهەمهێناندا کاریگەری سەرەکیان لە سەر ژیانی مرۆڤ و خۆشبژوێی و ڕابواردنی مرۆڤ داناوە و هەروەها ویستی لەبڕاننەهاتوو و تێرنەخواردوی بازار و مرۆڤەکان بۆ مشەخۆریکردن وبەرخۆری هەر لە برەوسەندن و تەشەنەسەندن دایە و ئەو پێشکەوتن و بەرخۆریەش بۆتە هۆی تێکدانی ژینگە. مرۆڤ بۆ دەستڕاگەیشتن بە بەرهەم و پێداویستی زیاتر دەستی لە ئەوکی ژینگە ناوە و لەو نێوانەشدا ژینگە لە هەموو لایەنێکەوە گورزی مەترسیداری بەرکەتووە. ئەوەش هەموومان بە سانایی هەستی پێدەکەین و ڕۆژ بە ڕۆژیش هەست بە کاریگەرییە نەرێنیەکانی ئەو دەستوەردانە نابەجێ و زۆر و زەوەندەی مرۆڤ دەکەین و ئەوەش بە شێوەی؛ گەرم بوونی زەوی، مەترسی کوونبوونی توێژی ئوزۆن، وشکەساڵی، گۆڕانی کەشوهەوا، توانەوەی چاڵە بەفرەکان و بەفر و سەهۆڵی جەمسەرەکان، لەنێوچوونی بە هەزاران جۆری گژ و گیا و بوونەوەر، خۆڵبارین، هەڵگەڕانەوەی هەوا، دووکەڵ، پیسبوونی ئاوەکان، چەندین جۆری نەخۆشی و بە دەیان کێشەیتر کە ڕۆژانە ڕوبەڕوی سروشت و مرۆڤ دەبنەوە و هەردەمیش لە هەڵکشاندان، خۆیان دەردەخەن. ئەوەش هەموو دنیای بە گشتی کەم یا زۆر تەنیوەتەوە و هیچ شوێنێکی گۆی زەوی لەو بازنەیەی تێکدانە بە دوور نیە و کاریگەرییەکانیشی هەموو شوێنێک و هەموو کەسێک کەم تا زۆر دەگرێتەوە. دیارە ئێرەش لەو کاوڵکاریە ژینگەییانە پشکی شێری پێبڕاوە. جا بۆ ئەوەیکە دۆخەکە لەوەی هەیە مەترسیدارتر نەبێت، چەند ڕێکارێک هەن کە دەکارین ڕەچاویان بکەین و بۆوەی یارمەتیەکی ژینگەمان دابێت و بەر لە هەموو شتێک بە هانای خۆشمانەوە بێین و ئەو ڕێکاڕانەش کە لە ئینگلیزیدا بە ڕ(ئار R) بە نێوبانگن، شی دەکەینەوە. دیارە ئەوانە هەر بۆ وەبیرهێنانەوەن و دەنا داهێنانێکی نوێ نین و وەچەکانی بەر لە ئێمە لە گشت دنیا بە خۆ سازدانیان لە گەڵ سروشت ئەوە ڕێکارانەیان ڕەچاو کردوە و لە بەشی زۆری ئایین و ڕوانینەکانی ڕابردوودا سەرنجی وردی ئەو ڕێکارانە دراوە و ڕەچاویان کردون و لەو ڕێکارانەش دەکڕێ ئاماژە بەوانە بکەین؛ ١-دەست پێوەگرتن(Reduce)، کەمکردنەوە، داشکاندن. ئەو ڕێکارە واتە ئێمە دەست بە دەکارکردنی شتیەوە بگرین و یان ئەگا هەتا ئێستا زۆرمان دەکار کردوە، ڕێژەکەی کەم کەینەوە. بۆ وێنە؛ -ئێمە دەکارین بە جێی وەی کە هەموو چرای دە ماڵەوە یا نووسینگەکەمان باییسێ با هەر چرای ئەو ژورەی کارمان پێیە و ئەویش ڕوناک نیە، هەڵکەین. - ئەگا ماشێنی دەشۆین یا خۆ دەشۆین با دەست بە ئاوەوە بگرین. -بە جێی وەی دە دەست کەوش و دە دەست کاوپاتۆلمان هەبێت با کەمترمان هەبێت. با بەجێی سێ ماشێن با ماشێنێکمان هەبێت و بە جێی سیپەیەک میوە چەندمان دەوێت ئەوەندە ببەینەوە کە دەخورێت و پێویستە. با بیستۆکیكمان هەبێت و چەند دەنکمان نەبێت. - با ئەگا گەرمامانە، بە جێی وەی پەنجەرەی وەکەین، کورەکە کز و کەم کەین و یان ئەگا لە ماڵەوەین با بەرگی گەرم لە بەر کەین و بە تەواوی خۆ نەکەینەوە و تینێ نەدەینە گەرمکەرەوەکان. -هەر کات چووینە نانەوەخانەی با کەوڵ و پارچەی خۆمان بەرین و بەجێی جارێک بە دەیان جار دەکاری کەین و ئەوە بۆ شت کڕینی دیکەش دەتوانین زەمبیل، سەوەتە، تورەکە و ... خۆمان بەرین و بۆ چەندین جار بە کاری بێنین. -پێویست ناکات هەموو ڕۆژێک ماشێن بشۆین و ئاو بە فیڕۆ بچێت و با لە جیاتی ماوە ماوە بیشۆین و ئەوە بۆ کەسانێکیش کە سۆسەی ماڵپیسیان هەیە، با ساڵێ لە جارێک زیاتر ماڵێ هەڵنەگرن و لە خۆوە ئاوی زۆر دەکار نەکرێت و لەو لاشەوە زۆر شتی کیمایی لە ڕێگای ئەو شلانەی شومەک شتنەوە، بشتە دەنێو ئاوەکان و زێرابەکانەوە. واتە پێش بە فیرۆدان و خۆڕاییکردن بگرین. ٢-پاتەکردنەوە(Repeat)، دووپاتکردنەوە، دووبارەکردنەوە. ئێمە هەر ئەو شتەی کە هەمانە بێ ئەوەی دەسکاری کەین و لێی کەم و زیاد کەین، هەر بەو شێوەیە و هەر بۆ ئەو کارە دەکاری دەکەینەوە. بۆ میناک؛ دەستێک کاوپاتۆڵمان هەیە، وا هەست دەکەین ڕەنگیان کاڵبۆتەوە بە جێی وەی فڕێیان بدەین، بۆ کاری کشتوکاڵی یا دەرودەشتێ و یان کاریتر دەکاریان دەکەین. یان جاری وایە بەرگەکانمان بۆ تەنگ بوونەوە و دەیاندەین بە کەسانیتر با لە بەریان بکات. ئەو کۆنە یا بەرگی دەستی دوو یا تاناکۆرا کە دێت هەر ئاوایە، واتا وەک خۆی دەکار دەکرێتەوە. ئەوە بۆ کەڵوپەڵی ماڵێ و ماشێن و سەدان شتی دیکەش ڕاستە، خۆ ئێمە ناچین فڕێیان دەین، دەچین دەیاندەین بە کەسێک یان بە کۆنەکڕێک و یان بە ئی تازەیان دەگۆڕێنەوە و ئەوانە بێ ئەوەی گۆڕانکاریان بە سەر دابێت هەر بەو شیوەیە و هەر بۆ ئەو کار و مەبەستە بەڵام بە دەست کەسێکی دیکە و لە شوێنێکتر هەر وەک خۆیان دەکار دەکرێن. ٣-لەکارکردنەوە، بەکارهێنانەوە، خستنەوەکار(Reuse). لە خستنەوەکاردا، ئەو شتەی کە کارمان پێنەماوە بەجێی وەی فڕێی بدەین، دەچین بە شیوەیەکی دیکە و ڕەنگە بە هێندێک گۆڕانکاریەوە بێ ئەوەی پێکهاتە سەرەکیەکەی لە نێو بچێت بۆ کارێکی دیکە دەکاری دەکەین. بۆ وێنە تەنەکە یا پوتی ڕۆنی بە جێی وەی فڕێی بدەین، دەیکەنە تەنەکەی پەنیری و پەنیری تێدا دادەگرین و یان پاشماوەی زبڵ و خاشاکی تێدەکەین. -ئەو جل و بەرگەی کەڵکیان نەماوە دەکەینەوە پەڕۆ کۆن. ساڵان لە لای خۆمان دەهاتن بە تورەکە و کیسە برینجی کەوڵی نانیان هەڵدەدرو. -لایلۆنی میوەی یا شومەکی کە هێنامانەوە و پاشی شومەکمان لێدەرهێنان، دوایە بیانکەینە لایلۆنی زبلی. -کەڵک وەرگرتن لە شتی قایم و بۆ چەندین جار بەکارهاتن و دەکارکردن بە جێی شتومەکی یەکڕایی و سەفەری. بۆ وێنە بۆ نانوەرگرتن لە کەوڵ و خام و پارچەی تایبەت کە بۆ سەدان جار دەکار دەکرێت و هاسانیش دەشورێت کەڵک وەرگرین. - لە ماڵەوە، خواردنگەکان و لە دەرودەشت بە جێی کەوڵ، سفرە و هەوروهۆڵەی یەکڕایی و سەفەری کە شتیشیان تێدا خۆش نیە، کەڵک لە کەڵوپەلی چەندڕایی و تۆکمەتر وەرگرین. ۴-مردەوەژیRecycling))؛ لە مردەوەژیدا کەڵوپەڵی لە کەڵکەوتوو، لە بەردادەکارکراو و لە کارخراو لە بنیڕا هەڵدەتەکێنرێت و و سەر لە نوێ هەڵدەشێلرێت و دادەڕێژرێتەوە و بۆ شتێکی دی و بۆ دەکارکردنێکی هاوشێوەی گۆرینی خۆی یا نوێتر و جیاوازتر دەگۆڕدرێت. بۆ وێنە پڵاستیکە کۆن، ئاسنی ژەنگاوی، زەردە و شتی لەو بابەتە سەر لە نوێ دەتاوێنرێتەوە و هەڵدەشێلرێنەوە و دەکرێنەوە بە هەمان بەرهەمی پێشوو یان شتێکی دیکە. یا لاپەڕە و کۆنە قاقەز و نووسراو هەویر دەکرێنەوە و سەر لە نوێ دەبنەوە بە قاقەز، کارتۆن و شتیتر. ۵-گێرانەوە، دەستخستنەوە(Recover)؛ لە دەستخستنەوەدا ئەو پاشماوانەی خواردنەکانی مرۆڤ یا پاشەرۆی ئاژەلان بۆ نێو سروشت خۆی دەگێرینەوە. بۆ وێنە ئەو توێکل و پاشماوەی میوە، ورکەنان هەر لە نێو سروشتدا یا گەوەردا بۆ ئاژەڵ، پەلەوەر و بوونەوەرەکانیتری ڕۆدەکەین، یان گەڵای دارەکان هەر لە بن دارەکان دەکەینەوە بۆ خۆی وەک پەینی کیمیاوی کار دەکات و زەرەر و زیانی ویشی نیە، پەین و پاشەڕۆی ئاژەلەکان لە بن دار و گژی گیادا بکرێت با باشتر هەڵدەن و بەر بگرن. دیارە ئەوەش لە مێژە باوە. ۶-سەر لەنوێ گۆڕین، گۆرین، دیسان گۆرین(Rechange)؛ لە سەر لە نوێ گۆڕیندا دوو لایەن دەکرێت ڕەچاو بکرێت؛ یەک: ئەو شت، ئامێر، کەڕەستە و شتانەی کە وزەیەکی زۆر دەکار دەکەن، دەستکاری بکرێن و یا بگۆڕدرێن بە ئامێر و کەرەستەی نوێ کە وزەی کەمتر دەکار دەکەن. بۆ میناک؛ چرا و گلۆپێ کە وزەی زۆر دەکار دەکەن بۆ ئەو چرا و گلۆپە نوێیانە دەگۆڕدرێن. ئەو ماشێنانەی کە وزە و سووتەمەنی زۆر دەکار دەکەن، وەلا دەنرێن و ئی نوێ دەکار دەکرێن. دوو: بە جێی وزە نوێنەبووەکان لە وزەی نوێبووەکان(وەژینەوەکان) کەڵک وەردەگیرێت. بۆ وێنە؛ بەجێی کەڵک وەرگرتن لە وزەی نوێنەبووی هاوشێوەی سووتەمەنە بەردینەکانی وەک؛ نەوت، بێنزین، دار، گاز، ڕەژی بە هەردووک جۆری کانگە و دارینەکەیەوە و ... لە وزە وەژینەوە(نوێبووە)کانی وەک؛ خۆر، با، ئاو و ... کەڵک وەربگیرێت. ٧-سەر لە نوێ تێرامان، بە خۆداهاتنەوە(Rethink)؛ لە بە خۆداهاتنەوەدا لە تیرامان و بیرمان و داب و نەریت و هەڵسوکەوتەکان ڕادەمێنین و ئەوەی دەزانین بۆ ژینگە مەترسیدارە دەیانگۆڕین. بۆ وێنە؛ - هەموو کەسێک ڕون بکرێتەوە کە بۆ شتی پروپوچ وەک؛ ئەوەی ئەو شوێنەی ئاژەلێک بۆ میناک جگی گورگی یا ئاژەلێکیتر بەختت دەکاتەوە دەست هەڵگرن و ئاژەلێک بۆ بیرێکی وا چەوت تێدا نەبرێت. -ئەگا هەتا ئێستا لە باڵتەی چەرمی، یا شتێک کە لە پێستی ئاژەڵ یا پەر و تووکی باڵندە و ئەندامی بوونەوەرەکانیتر دروست کراوە. دەست هەڵگرین و دنەی کەسانی دیش بدەین لەوەی بتەکنەوە. -گۆشتی ڕاوێ و ڕاوچیەتی کە ئەوەش بۆ سەردەمی نێچیرڤانی و بەروبۆ خڕکردنەوە دەگەڕێتەوە، وەلا بندرێت. ئیدی ئێستا کە مرۆڤ بۆ خۆی بە دەیان ئاژەڵی کەوی کردوە و بۆ خۆی بەڕێژەیەکی زۆر بە خێویان دەکا و کێلگەی ناوەتەوە، خواردنی گۆشتی ئاژەڵی کێوی و پەلەوەر و باڵندەکان هیچ واتایەکی نیە و با بە نێوی تامی خۆش و ئەوە دەست بە خوێنی ئەوانە سوور نەکەین. هەروەها با ڕاوچیەتی کە وەکوو ڕابواردنیش لێی دەنواڕن، وەک پیشەیەکی سووک، دڕندانە و قێزەوەن زەق بکرێتەوە و وەک تاوانباری و تێکدەری هاوسەنگی ژینگە پێناسە بکرێت. -هەروەها با هێندە گرنگی بە ئاژەلێک لە سەر هەژماری ئەوانیتر نەدرێت، بۆ وێنە سەگ کە لە چاو ئاژەڵەکانی دیکە زۆری پێڕادەگەن، ئەو گرنگیدان بە گەماڵ و یان لانیکەم کار پێنەبوونی لە جاو بوونەوەرەکانیتر بۆتە هۆی زەوەنانەوە، ترەکین و وەچەنانەوەی لە ڕادەبەردەریان. جا ئەو شوێنەی سەشی لێیە، ئیدی هیچ ئاژەڵێکی کێوی لێنامێنێ و سە لە نێویان دەبات و هاوسەنگی سروشتی دەوەرەکە تێکدەدات. -دەست لە بازرگانی؛ پەلەوەر، باڵندە، گژ و گیا دەگمەنانە هەڵگرین، ئێستا کەسانێک فێربوون لە دەرەوەشڕا کەسانێک دێنن کە زۆرێک لە گیاکان بۆ وێنە مێکۆک لە بنەوە هەڵقەنن، بە قسێ خۆیان ئەو گیایە ڕیشاژۆیە زۆر دەکات و ئەوە لە کاتێکدایە ئەو گیایە و هەزاران گیایتر بە چەندان کەڵکی ژینگەیی و پزیشکیان هەیە، بەر بە جمگە، ڕۆچوون و داخزانی زەوی دەگرین و هەروەها ئاوێکی باشی بارانیش بۆ زەوی پاشقوول دەدەنەوە و پاشەکەوتی دەکەن. - ئاژەڵ و باڵندە دە کەژاوە و قەفەس و ماڵێدا حاسیە نەکەین و هەر ئاژەڵە لە سروشتی خۆی و لە شوێن و جێگای خۆی چالاکتر، ئاسودەتر و جوانتریشە. -با بە نێوی وەرزێری، ڕابواردن، مەڕداری، باخداری دەست لە پیخی لێرەوار نەنێین و ئەو بیری ئەوەی کە هەموو دەبێت خاوەن ماڵە باخی خۆمان بین وەلانێین. زەوی و زار لە کەسانێک کە ژینگەیان تێکداوە نەکڕینەوە و زەوی بەرهەمهاتوو لە تێکدانی ژینگە نەکڕینەوە. بەروبۆی ئەو زەوی و باخانەش نەکڕینەوە کە لەبەردا دارستان، پاوان و بە گشتی ژینگەی سروشتی و گشتی بووە. -با هێندە دەستکاری ئاوەکان نەکەین و هێندە ئاوێ هەڵنەبەستین و بەردەوام بیر لێنەدەین و وابزانین کۆتاییان نایە. -با نەیکەینە پیشە هەموو ڕۆژ و هەموو حەوتەیەک وەنێو سروشت بکەوین و گژ وگیا بشێلین و بۆ چایەک دارێک ئاور بدەین یا بۆ مریشک برژاندنێک مۆرەدارێک نەفەوتێنین و با هەر لە ماڵەوە چێشتەکەمان لێنین و لە دەرێ بە گەرمکەرەوەیەکی وەک پەڕەمێز، پکنیک و ... گەرمی کەینەوە، لە ماڵێ ساردوگەرمی پڕ کەین و یان لە سەر گەرمکەرەوەیەکی گەڕۆک چای وەسەر نێین و ئەو بیرە وەلا نێین کە چای داری یان کەبابی ڕەژیەی خۆشترە. - با لە ئاگرکردنەوەدا جا چ بۆ ڕابواردن، پێداویستی، جێژنی نەورۆز، چا و چێشت لێناندا و ... بە خۆداچوونەوەیەک بکەین و لە داری لێرەوار کەڵک وەرنەگرین و لە داری هەرسکراوی دەسنێژ و یا داری بڕاوی دەسنێژی تایبەتی نەک خۆڕسک، سروشتی و گشتی کەڵک وەرگرین و بە ئاگری چووک بسازێین و مۆرەدارانی پێوەنەنێین. ٨-بەرەنگاری(Resistance)؛ لە کۆتاییدا هەر تاکێکمان لە سەر شانمانە بە هەموو شێوەیەک دژی ئەوانەی ژینگە تێک دەدەن بوەستینەوە، جا ئەوە بە ئاگادار کردنەوە، ڕونکردنەوە و وشیارکردنەوەی ئەو تاوانبارانە و هەروەها تەواوی کۆمەڵگا لە ئاکامی کردەوەی دزێوی ئەو ژینگەتێکدەرانە بێت و یان بە مانگرتنی گشتی و بەرگرتن لێیان بە شێوەی ئاسایی و یاسایی و دەنگهەڵبرین یان بە هەر شێوەیەک بێت، وا بکەین ئەو کاولکاریەکانە بوەستێنرێت. دیارە لەو چەند ڕێکارە سەرەکیە بە زۆرینە لە سەرچاوە و نووسینەکاندا ئاماژە بە ڕێکاری یەک، سێ و چوار زۆرتر دەکرێت و جاری واشە ئاماژە بە دوو و پێنجیش دەکرێت و بەڵام هەر پێنجەکەم ڕیزکردن و جیا لەوەش ڕێکاری شەش، حەوت و هەشت بۆ خۆم زیادم کردون و ئەو میناکانەش هەر بۆ خۆم هێناومەنەوە و بە پێی ژینگەی خۆمان دامڕشتوون. ئێمە ئەگا ئەو ڕێکارانە ڕەچاو کەین جیا لەوەی کەڵکی بۆ ژینگە هەیە و لەولاشەوە لە باری ئابوریشەوە تێچوومان کەمتر دەبێت و لە لایەکی دیکەشەوە کاتمان بۆ دەگەرێتەوە و هەروەها پێویستیش ناکات خۆ ماندوو بکەین و بۆ وێنە تێچووی زیادی بکەین بەڵێ ئەوە ئێمە دار لە نێو دارستاندا لێدەدەین و ئەو هەموو خەڵکەکە بە خۆوە ڕاگیر بکەین، بە تایبەتی لەو شوێنانەی دارستانی خۆڕسکی لێیە، هەر ئەوی بپارێزین تەواوە و جا تێچووشی نیە بۆ سرۆشتەکەشی خۆڕاگرترە. هەروەها بە دەکارکردنی ئەو ڕێکارانە زۆر ڕوداوی سروشتی نەخوازراو و ئەو مەترسیە ژینگەییانەی کە لە سەرەتادا لە بارەیان دواین، لە کەمی دەدەن. لە کۆتاییدا دەتوانین ئەو هیوایەشمان هەبێت کە زانست و خراپ بەکارهێنانی چەندە لە تێکدانی ژینگەدا مەترسیدار دەرکەتووە، دەتوانرێت بە شێوەی دروست بۆ بەرژەوەندی سروشتیش دەکاری کەین و بەر لەو تێکدانە ژینگەییانە بگرین.
درەو: لە كۆشكی سپی گوفتوگۆیەكی توند لە نێوان دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا و ڤۆلۆدمیر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكراینا روویدا، گفتوگۆكە راستەوخۆ لەلایەن میدیاكانەوە گواسترایەوەو دوای گفتوگۆكەش زیلینسكی بە تەنیا كۆشكی سپی جێهێشت، بەشێك لە قسە توندەكان لەلایەن جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆكی ئەمریكاوە بەرامبەر بە سەرۆكی ئۆكراینا كرا. دەقی تەواوی گفتوگۆكە: - جەی دی ڤانس: ......... دەبێت ئەم شەڕە بە ڕێگەی دیپلۆماسیی کۆتایی پێبێت. - زێلینسکی: جەی دی ڤانس، تۆ باسی چ جۆر دیپلۆماسییەت دەکەیت؟ مەبەستت چییە؟ - ڤانس: باسی ئەو دیپلۆماسییەتە دەکەم کە کارەساتەکانی وڵاتەکەت کۆتایی پێ دەهێنێت. - زێلینسکی: بەڵێ، بەڵام ئەگەر... - ڤانس: سەرۆک (بە ڕێزەوە)، پێموایە؛ ناشایستەیە تۆ بێیتە ژووری سەرۆکایەتی و هەوڵ بدەیت ئەم بابەتە لەبەردەم ڕاگەیاندنی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەنگۆی تیا بکەیت. ئێستا خەڵکەکەت خەریکی جوڵەن بۆ ئەوەی سەربازەکان بە زۆر بۆ هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ بنێرن، چونکە تۆ کێشەی زۆرت لە گرتنی سەربازدا هەیە. پێویستە سوپاسی سەرۆک (ترامپ) بکەیت. - زێلینسکی: تۆ هەرگیز سەردانی ئۆکراینت کردوە بۆ ئەوەی بزانیت چ کێشەیەک هەیە؟ - ڤانس: من چیرۆکەکانم خوێندووەتەوەو تێگەیشتووم چی ڕوو دەدات، ئێوە خەڵک دەبەن بۆ گەشتی پڕۆپاگەندەکردن، سەرۆک ئایا هاوڕامی لەوەی کێشەت لە سەربازگرتن هەیە؟ ئایا پێتوایە؛ شایستەیە بێیتە ژووری سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو هێرش بکەیتە سەر ئەو ئیدارەیەی کە هەوڵ دەدات وڵاتەکەت لە کاولبوون بپارێزێت؟ - زێلینسکی: یەکەم، لە کاتی جەنگدا، هەموو کەسێک کێشەی هەیە، تەنانەت ئێوەش، ئێوە سەرەڕای ئەوەی چارەسەری جوانتان هەیە، بەڵام ئێستا هەستی پێ ناکەن، بەڵام لە داهاتوودا هەستی پێ دەکەن. - ترامپ: تۆ نازانیت! پێمان مەڵێ کە داهاتوو چی هەست پێ دەکەین! ئێمە هەوڵدەدەین چارەسەرێک بۆ کێشەکە بدۆزینەوە. پێمان مەڵێ کە داهاتوو چی هەست پێ دەکەین! - زێلینسکی: پێت ناڵێم، من تەنیا وەڵامدەدەمەوە.. - ڤانس: ڕێک ئەمە ئەوەیە کە ئێستا دەیکەیت. - ترامپ (بە دەنگ بەرزکردنەوەوە): تۆ لە پێگەیەکدا نیت تا بیسەپێنیت بەسەرماندا چی هەست پێدەکەین! ئێمە هەستێکی زۆر ئارام و بەهێزمان دەبێت! (زێلینسکی هەوڵدەدات قسەی ترامپ بیپچڕێنێت.) - ترامپ: ئێستا تۆ لە بارودۆخێکی باشدا نیت. خۆتت خستووەتە دۆخێکی زۆر خراپەوە. تۆ هیچ کارتێکت نییە لەم ساتەدا. لەگەڵ ئێمە نەبێت هیچ کارتێکت بە دەستەوە نییە. تۆ ژیانی ملیۆنان خەڵک دەخەیتە بەردەم مەترسییەوە، سەرکێشیی بە هەڵگیرساندنی جەنگێکی جیهانی سێیەم دەکەیت. ئەوەی دەیکەیت نیشانەی بێڕێزییە بۆ ئەم وڵاتە! - ڤانس: هەرگیز سوپاسی ئێمەت کردووە؟ - زێلینسکی: چەندین جار. - ڤانس: نەخێر، مەبەستم لەم کۆبونەوەیەیەدا، بەدرێژایی ئەم دانیشتنە؟ هەندێک سوپاسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سەرۆکەکەیان بکە کە هەوڵدەدات وڵاتەکەت ڕزگار بکات! - زێلینسکی: بەڵێ، تۆ وا دەزانی کە ئەگەر بە دەنگێکی بەرز قسە لەسەر جەنگ بکات. - ترامپ: ئەو بە دەنگی بەرز قسە ناکات! وڵاتەکەت لە بارودۆخێکی زۆر قورسدایە! نەخێر، زۆر قسە کردوە، وڵاتەکەت لە ساتەوەختێمی زۆر قورسدایە! - زێلینسکی: ئەوە دەزانم، بەڕاستی دەزانم. - ترامپ: تۆ سەرکەوتوو نابیت، بەڵام بەهۆی ئێمەوە هەلێکی باشت لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی گونجاو لەم کێشە دەربچیت. - زێلینسکی: ئێمە لە سەرەتای جەنگەوە توانای هێزەکانمانمان پاراستووە. لەسەرەتاوە بە تەنیا بووین، گوتومانەو دەبێژین سوپاس. - ترامپ (بە هاوکاتی قسەکەی زێلینسکی): تۆ تەنیا نە بوویت! ئێمە ئامێرە سەربازییەکانمان بۆ دابینکردن! سەربازەکانت ئازان، بەڵام بە هۆی سوپاکەی ئێمەوە بە هێز بوون، ئەگەر ئامێرە سەربازییەکانی ڕێگر نەبوونایە، ئەوا شەڕ لە ماوەی دوو هەفتەدا کۆتایی پێدەهات... نەخێر دوو ڕۆژدا! - زێلینسکی: ئەوەت لە پوتین بیستوە؟ لە ماوەی سێ ڕۆژدا!؟ - ترامپ: گفتوگۆکردن بە ئەم شێوەیە زۆر قورس دەبێت. - ڤانس: سوپاسی بکە! - زێلینسکی: چەندین جار سوپاسم کردووم. - ڤانس: پێموایە؛ ناکۆکیی هەیە، با ئەم ناکۆکیانە چارەسەر بکەین لەجیاتی ئەوەی لەبەرامبەر میدیای ئەمریکادا ڕووبەڕوو بینەوە. کاتێک هەڵەیت. ئێمە دەزانین هەڵەیت! - ترامپ: خەڵکەکەت دەمرن! لە زۆر بواردا کێشەو کەموکورتیت هەیە. گوێبگرە، دواتر پێمان دەڵێیت ئاگربەستم دەوێت، نەخێر ئاگربەستم ناوێت، دەمەوێت ئاوا بکەم، ئەمەو ئەوەم دەوێت! - ترامپ: ئاوا ڕەفتار مەکە کە سوپاسگوزاریی! ئەمە شتێکی جوان نییە! بەڕێزم، ئەمە شتێکی خۆش نییە! پێموابێت تەواو بووین. ساتێکی تەلەفزیۆنی خۆش دەردەچێت، ڕای تۆ چییە؟
درەو: بڕیارە دوای دیدارەكەی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی وەفدی باڵای دانوستانكاری یەكێتی و پارتی رێككەوتنی بەڕێوەبردنی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان واژۆ بكەن. چاوەڕوان دەكرێت سبەینێ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی و مەسرور بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی لە پیرمام كۆببنەوە، تایبەت بە هەنگاوەكانی رێككەوتنی یەكێتی و پارتی لەسەر پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دواتر لەم هەفتەیەدا وەفدی دانوستانكاری نێوان هەردوولا رێككەوتنی حوكمڕانی واژۆ بكەن. رێككەوتنی حوكمڕانی كە لەلایەن تیمی هاوبەشی تەكنیكی پارتی و یەكێتیەوە ئامادەكراوە زیاتر لە (50) خاڵ لەخۆدەگرێت و پێكدێت لە (9) تەوەرو لە (16) لاپەڕەدا كۆكراوەتەوە. چۆنیەتی بەڕێوەبردنی (حكومەت- پەرلەمان- پەیوەندییەكان- دارایی- پەیوەندی لەگەڵ بەغداد- پێشمەرگە- وزە- دەسەڵاتی دادوەریی) باسكراوە، ئەمە وەكو بنەمای كاركردنی داهاتووی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان دادەنرێت و لەسەر ئەو بنەمایە یەكێتی و پارتی حكومەت پێكدەهێنن، لەدوای واژۆكردنی ئەو رێككەوتنە ئیتر وەفدی دانوستانكاری یەكێتی و پارتی لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان گفتوگۆ دەكەن بەشێوەی دوو ستونی یاخود خاڵ بۆ هەر وەزارەت و پۆستێك. جگە لە پۆستی وەزارەت و پلە تایبەتەكان چوار پۆستی سەرۆكایەتی هەیە: - سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە پارتی سورە لەسەر وەرگرتنی بۆ نێچیرڤان بارزانی - پۆستی سەرۆكی حكومەت كە پارتی سوورە لەسەر وەرگرتنی بۆ مەسرور بارزانی - پۆستی سەرۆكی پەرلەمان ەگەری هەیە بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان بێت - پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری كە لە ئێستادا لای پارتی دیموكراتی كوردستانە. - پۆستی جێگری سەرۆكی سەرۆكی هەرێم - پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت - پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان -
(درەو): وەزارەتی نەوتی عراق بۆ لێكتێگەیشتن لەبارەی گرێبەستە نەوتییەكان، كۆمپانیا نەوتییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی كوردستانی بانگهێشتی بەغداد كرد. وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا بانگهێشتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم و کۆمپانیا بیانییە نێودەوڵەتییەکانی كرد كە لەژێر چەتری (APICOR)دان و گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی هەرێم، رۆژی سێشەممەی داهاتوو 3/4/2025 لە بەغداد ئامادەبن، بەمەبەستی "گفتوگۆکردن و لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بەو گرێبەستانەی كراون، بۆ ئەنجامدانی لێکتێگەیشتن و پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان بە باشترین شێوازی جیهانی، بەشێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندی نیشتمانی بكات". لێدوانەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق دوای ئەوە دێت، دوێنێ كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان "ئەپیكور" رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو تیایدا رایگەیاند: وەكو ئەوەی چەندین جار رونمانكردوەتەوە، كۆمپانیاكانی ئەندامی ئەپیكور ئامادەن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان ئەگەر هاتوو رێككەوتنی فەرمی كرا بۆ گەرەنتیكردنی پێدانی پارەی هەناردەی پێشوو و ئایندەی نەوت، بەوجۆرەی كە هاوتایە لەگەڵ مەرجە یاسایی و بازرگانییەكانی گرێبەستەكانی ئێستاماندا، تائێستا هیچ رێككەوتنێك لەبارەی مەرجە یاسایی و بارزگانییەكانی گرێبەستەكانمان نییە، بۆیە كۆمپانیاكانی ئەپیكور هیچ رێككەوتنێكیان نییە بۆ ئەوەی ئەمرۆ هەناردەی نەوت دەستپێبكاتەوە.
(درەو): کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی كرێكارنی كورستان (پە*کە*کە) رایگەیاند، بەمەبەستی جێبەجێکردنی بانگەوازەکەی رێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکرات، لە ئەمڕۆوە ئاگربەست ڕادەگەیەنین، بابەتی چەکدانانیش تەنها بە پێشەنگایەتی پراکتیکیی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامگیر دەبێت. دەقی ڕاگەیاندراوەکە: “بانگەوازییەکەی ٢٧ـی شووباتی ڕێبەر ئاپۆ بە ناونیشانی “بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک”، ڕێگەی هەموو هێزە ئازادیی و دیموکراسییەکان ڕووناک دەکاتەوە و وەک مانیفیستۆیی سەردەمە. لەبەرئەوەی بۆ گەلەکەمان و مرۆڤایەتی مانیفیستۆی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی زیاد کردووە، بە ڕێزەوە سڵاو لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەین جێبەجێ کردنی ناوەڕۆکەکەی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە زۆر گرنگە لە بانگەوازیی ناوبراودا ئاشکرایە لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قۆناغێکی مێژووی دەستپێکردووە. ئەمەش کاریگەرییەکی مەزن لە پێشکەوتنی بەڕێوەبەری دیموکراتیک و ژیانی ئازاد لە سەرانسەری جیهاندا دەکات. پەیوەست بەمەوە بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی هەمووان؛ دەبێت هەموو کەسێک بە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی هەستێت و ئەوانە جێبەجێ بکات. بێگومان ئەنجامدانی بانگەوازییەکی لەم شێوەیە گرنگ بوو؛ لە ئێستاوە جێبەجێ کردنی ناوەڕۆکەکەی بە شێوەیەکی سەرکەووتوو زۆر گرنگە. وەک پەکەکە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداری ناوەڕۆکی بانگەوازیی ناوبراو دەبین و دیاری دەکەین بە گوێرەی پێویستییەکانی بانگەوازییەکە دەجوڵێینەوە و جێ بەجێیان دەکەین. بەڵام بۆ سەرکەووتن دەبێت هەلومەرجی سیاسەتی دیموکراتیک و زەمینەی یاسایی دابین بکرێت. ئەو هێزەی بەڕێوەبردنی تێکۆشان و ئەو ئەزموونەی پەکەکە ئافراندی دەدرێتە گەل ئاشکرایە پەکەکە، بووە تەڤگەری حەقیقەت و قارەمانێتی مەزنی ئەم نیوسەدەیەی کۆتایی کوردستان. هەموو شتێک بە تێکۆشانی مەزنی قارەمانی، فیداکاری، قوربانی و کاری گەورە بەدەستهێندرا. بە ڕێز، خۆشەویستییەکی زۆر و پێزانینەوە هەموو شەهیدانی قارەمانی ئەم تێکۆشانی ئازادییە یاد دەکەینەوە. لە ئێستا بەداوە بە هەمان ڕۆح و باوەڕی دەستکەوتە مێژووییە ناوبراوەکانەوە دەپەڕینەوە بۆ ناو پرۆسەیەکەی نوێی تێکۆشان. ئەو هۆشمەندییەی ڕێبەر ئاپۆ پێشکەشی کردووە و ئەو ئەزموونە گەورەیەی پەکەکە ئافراندی، باشی، درووستی، جوانی و هێزی بەڕێوەبەری تێکۆشانی ئازادی بە ڕێگەی سیاسەتی دیموکراتیک دەداتە گەلەکەمان. تا هێرش نەکرێت هیچ هێزێکمان چالاکی چەکداری ئەنجام نادات لەم چوارچێوەیەدا، بۆئەوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ بێتەئاراوە، لەمڕۆ بەدواوە ئاگربەست ڕادەگەیەنین. تا هێرش لە دژمان ئەنجام نەدرێت، هیچ هێزێکمان چالاکی چەکداری ئەنجام نادات. بابەتی چەکدانانیش تەنها بە پێشەنگایەتی پراکتیکیی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامگیر دەبێت. بۆ سەرکەوتنی کۆنگرە پێویستە ڕێبەر ئاپۆ خۆی کۆنگرە بەڕێوەببات هەروەها ئێمە ئامادەین کە بەپێی داواکاری ڕێبەر ئاپۆ کۆنگرەی پارتەکەمان ئەنجام بدەین، بەڵام بۆ ئەنجامدانی ئەمە پێویستە هەلومەرجی گونجاو دابین بکرێت و بۆ سەرکەوتنی کۆنگرە پێویستە ڕێبەر ئاپۆ خۆی پێشەنگایەتی کۆنگرە بکات و بەڕێوەی ببات. تا ئێستا لەگەڵ هەموو هەڵە و کەموکوڕییەکانمان بەڕێوەبەرایەتییەکەمان شەڕی کرد؛ بەڵام تەنها ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت پێشەنگایەتی سەردەمی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک بکات. پێویستە هەلومەرجی ئازادیی جەستەیی، ژیان و کارکردنی ئازاد دابین بکرێن ڕاستییە بەرچاوەکان بە ئاشكرا نیشانی دەدەن بۆئەوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک بە شێوەیەکی سەرکەوتوو پێک بێت، بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد، بۆ پێشخستنی تەڤگەری دیموکراسی جیهانی، پێویستە مەرجەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان مسۆگەر بکرێن تا ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی جەستەیی ئازادانە بژی و کار بکات، بتوانێت بەبێ ڕێگری لەگەڵ ئەو کەسانەی دەیەوێت بە هاوڕێکانیشییەوە پەیوەندی دروست بکات. ئێمە هیوادارین کە ئەو هەلومەرجە لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتەوە جێبەجێ بکرێن. بانگەواز کۆتایی نییە بەڵکو سەرەتایەکی نوێیە گەل و دۆستە بەڕێزەکانمان! بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بەدڵنیاییەوە کۆتایی نییە، بە پێچەوانەوە سەرەتایەکی نوێیە. وەک لە ڕاگەیاندنەکەدا بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش باس دەکرێت و بە شێوەیەکی ئاشکرا دەیخاتە بەرچاو ئەو شتانەی کە پێویست بوو لە ٣٥ ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەتیش لە ٢٠ ساڵی کۆتاییدا ئەنجام بدرێن، بەڵام بە ئەندازەی پێویست لە کاتی خۆیدا نەکراون، ئێستا پێویستە بەدڵنیاییەوە ئەنجام بدرێن. لەم بارەیەوە پێویستە بانگەوازی ڕێبەرایەتی، هۆکارەکانی، تایبەتمەندی و ئەرکەکانی پرۆسە نوێیەکە کە دەستی پێکردووە بە دروستی و تەواوی تێبگەن و پێویستە پێداویستییەکانی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکەن. پێویستە بە بەرپرسیارێتی و جددیەتێکی گەورەوە نزیک لە ناوەڕۆکی بانگەوازەکە ببنەوە و زۆر گرنگە کە لە هەموو بوارێکدا بە شێوەیەکی سەرکەوتوو جێبەجێ بکرێت. پێویستە هەموومان خۆمان بە بەرپرسیار بزانین بۆ سەرکەوتنی بانگەوازی ڕێبەرایەتی ئێمە لەبیرمان نەچێت کە قورسترین بار هەمیشە ڕێبەر ئاپۆ خستوویەتە سەرشانی، ڕێگامان ڕووناک دەکات و پێشەنگایەتیمان دەکات. ئێستا بە ‘بانگەوازی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک هەنگاوێکی نوێ دەنێت و بۆ هەموو ژێردەستان بەتایبەتی ژنان و گەنجان پڕۆسەیەکی نوێی تێکۆشان دەستپێدەکات. بۆیە ئێمە تایبەتمەندییەکانی ئەم پڕۆسە نوێیە بە دروستی تێبگەین و لەسەر بنەمای ئەوەی کە هەمیشە لە بەرامبەر هەر جۆرە ساختەکاری و هێرشێک ئامادە بین، ئەرکەکانی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکەین. ڕێکخستنبوونی دیموکراتیکی خۆمان و تێکۆشانی ئازادییمان لە هەموو گۆڕەپانێک بە ئازایەتی و فیداکارییەکی گەورە لە کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە چوار لای جیهان گەش بکەین. پێویستە هەموومان خۆمان بە بەرپرسیار بزانین بۆ سەرکەوتنی بانگەوازی ڕێبەرایەتی. بانگەوازی؛ بەهێزتر خاوەنداری لە ٨ـی ئادار و نەورۆز بکەن ئەوەتا، ئێمە چووینە مانگی ئادارێکی نوێ و لە جۆشێکی ٨ـی ئادار و نەورۆز دەژین. ئێمە شۆڕشی ئازادیی ژنان لەسەر بنەمای ژنۆلۆژی پەرەپێدەدەین و لەسەر هێڵی شارستانییەتی دیموکراتیک ژیانی کۆمەڵگای ئەخلاقی و سیاسی ڕێکدەخەین. هەوڵدەدەین حەقیقەتی ئاپۆیی بە شێوەیەکی دروست و تەواو تێبگەین و شۆڕشی حەقیقەت کە شۆڕشی زیهنییەت و شێوازی ژیانە پەرەپێبدەین. کۆتا بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ لە بنەڕەتدا بانگەوازی بەهێزتر خاوەنداری کردنە لە ٨ـی ئادار و نەورۆز و بە جۆشێکی گەورە پیرۆزی بکەن. لە هەموو کەسێک زیاتر پێویستە ژنان و گەنجان ئەم بانگەوازە بە دروستی تێبگەن، بە بەهێزی پشتگیری لێبکەن و پێداویستییەکانی جێبەجێ بکەن. لەسەر ئەم بنەمایانە ٨ـی ئادار ڕۆژی ژنانی کرێکار و نەورۆز لە هەموو ژنان و گەنجان، گەلی خۆمان و دۆستەکانمان پیرۆز دەکەین و بانگەواز لە هەمووان دەکەین کە بە ڕۆحی ٨ـی ئادار و نەورۆز پشتگیری لە بانگەوازی ڕێبەرێتی بکەن و لە هەموو گۆڕەپانێک تێکۆشانی ئازادیی گەش بکەن! بژی پێشەنگی قارەمانی گەلەکەمان پەکەکە! “بژی ڕێبەر ئاپۆ!”“
نووسینی: سهڵاحهدین دهمیرتاش وهرگێڕانی له توركیهوه: هێمن خۆشناو ئهردۆغان، باخچهلی و ئۆجهلان، له پێناو ئاشتی رۆژههڵاتی ناوهڕاست و ئاشتی مێژوویی كورد – تورك دهستپێشخهریان كردووه. ههموو ههوڵێك دهدهم بۆ سهركهوتنی ئهم سێ سهركردهیه. لهگهڵ چوونه ناو مانگی رهمهزان یهكهمین بهروبوومی ئهم ئهركه نوێیه پێگهیشت كه دهوڵهت باخچهلی، رهجهب تهیب ئهردۆغان و عهبدولڵا ئۆجالان جهختی لێدهكهنهوه. ههیه متمانه بهم سێ سهركردهیه دهكات، كه ههر یهكێكیان كهسیهتی ههره بههێزه له ناو ئهو گرووپهی كه نوێنهرایهتی دهكات، ههشه متمانهیان پێناكات و ههست به نیگهرانی دهكات. بهههر حاڵ، ههردوو لایهنهكه هۆكاری خۆیان ههیه و كهس ناتوانێ نكۆڵی لێبكات. ئا لێرهدا زهحمهتی ئاشتی بهدهر دهكهوێت، بهبێ ههبوونی پڕۆسهیهك كه جێگای متمانه و باوهڕی زۆرینهی كۆمهڵگا بێت، نهمومكینه ئاشتی بهرقهرار بێت. زهحمهتیهكی دیكهش، بریتیه لهو گێرهشێوێنی كه گرووپه بهرژهوهندیخوازه نیشتیمانی، ناوچهیی و جیهانیهكان دهیگرنه بهر، له ترسی لهدهستدانی دهستكهوت و بهرژهوهندیهكانیان كه له شهڕدا بهدهستیدههێنن. ههرچهنده ئاسانیش نیه، بهڵام بهلاوهنانی ئهم زهحمهتیانه مهحاڵ نیه، لهسهر ههموو ئهوانهی كه باوهڕیان به ئاشتی ههیه و ئاشتیخوازن پێویسته ههموو ههوڵێكیان بخهنهگهڕ بۆ زاڵبوون بهسهر ئهم كێشانه. لهم قۆناغهدا لهوانهیه ئهم پرسیاره رهوایهمان لهلا گهڵاڵه بێت:" باشه، ههموو ههوڵێك دهخهینهگهڕ، بهڵام نازانین چی روودهدات و چی بكهین". رێگام بدهن تا بۆتان روون بكهمهوه مهبهست لهمهدا چیه!؟ براكانم دهخوازین، كۆتایی به جهنگ، چهك، توندوتیژی، تیرۆر، خوێن، فرمێسك، مردن و كاولكاری بێت. ئهمه ههموو شتێكه. دهخوازین كۆتایی پێبێت! بێگومان پێویسته ههموو ژێرخانی یاسایی و سیاسی ئهم پڕۆسهیه لهناو پهرلهمانی توركیا ئاماده بكرێت. بۆ ئهوانهی دهڵێن "دڵم بهمه ئاو ناخواتهوه" ئهم روونكردنهوهیه دهخهمهڕوو: - برای بهڕێزم، ئهگهر ئهوانهی چهكیان بهدهسته بڕیاری كۆتاییهێنان به جهنگ بدهن، تۆ بۆچی نیگهران دهبیت؟ - ئایا متمانهت بهخۆ ههیه كه بهردهوام دهبی لهسهر خهباتی سیاسی و مهدهنی؟ ئهگهر به پشتبهستن به چهكی پهكهكه یان دهوڵهت سیاسهت دهكهی، بهدڵنیایی تۆ نیگهران دهبی له كۆتاییهاتنی جهنگ. بـﻪڵام ههموو جهنگێك كۆتایی ههیه، باشتره ئهگهر به شێوهیهكی ئهخلاقیانه خۆمان ئاماده بكهین بۆ پشتگیریكردن له ئاشتی. - ئهگهر دهڵێی " من كوردم مافهكانم چی بهسهردێت؟"، سهرهتا پێویسته متمانهت بهخۆت بكهیت. متمانه به ئهزموون، ژیری و توانایی رێكخراوهیی و سیاسی میللهتهكهت بكهیت. درك بهوه بكهیت كه رێگای ململانێی سیاسی، رێگای بهدهستهوهدان، شكستن و دۆڕاندن نیه. - ئهوانهش كه دهترسێن و دهڵێن:" من توركم، ئهگهر سازش بۆ (تیرۆر) بكهین، وڵاتم، دهوڵهتم پارچه نابێت؟" دهبێت سهرهتا متمانه بهخۆیان و دواتریش به برایهتی ههزار ساڵهی كورد بكهن. ئهگهر ئهم دهوڵهته كوردیش لهباوهش بگرێت، ئهگهر له پێناو ژیانێكی دادپهروهر، یهكسان و ئازاد له رێگای خهباتی سیاسی و ئاشتیانه پشتگیری له كورد بكهیت و دهستی بگریت، نهوهكو پارچهبوون، بهڵكو بهیهكهوه گهوره دهبین. - براكهم ئهگهر دوودڵی و دهڵێیت:" ئهم كاره ئهوهنده ئاسانه، ئایا له ژێرهوه مهترسیهك خۆی حهشار نهداوه؟" ئهوه له وهڵامدا دهڵێم:" ئهم كاره ئهوهنده ئاسانه. بهڵام بۆ ئهوهی ئهم كاره (ئاسانه) جێبهجێبكرێت، پێویستی به ههوڵ، تهقهڵا و پڵانێكی زۆر رشت ههیه. چارهسهری ئاسانه بهڵام پڕه له رشتی. پڕه له رشتی چونكه ئێره رۆژههڵاتی ناوهڕاسته، هێشتا پهنجه لهسهر پهلاپیتكهی چهكه، هێشتا خوێن دهڕژێت. پڕه له رشتی چونكه مردن رشتبوونه و بۆ نهمردنیش یهك شتی دیكهی رشتتر ههیه ئهویش برهودانه به ژیان. ههوڵدان بۆ زاڵبوونی ژیان بهسهر ئهم دوو مهترسیه، ئهوهنده ئاسان نیه وهكو له دهرهوه دهیبینین. له ئاشتی و ئاشتبوونهوه مهترسه براكهم. تورك و كورد دهست لهناو دهست، مهترسن له ههماههنگی و كار كردن بۆ گهورهبوونی توركیا. له هیچ ههنگاوێك مهترسن كه دهبێته مایهی ئاشتی لهناوچهكهدا. مهترسن، ئهمجاره دهتوانین چهك بێدهنگ بكهین و رێگا بدهین سیاسهت قسه بكات. با بهیهكهوه له رێگای ململانێی سیاسی زاڵبین بهسهر ههژاری، بێكاری، برسیهتی، چهوسانهوه و نایهكسانی. با گهرهنتی بكهین كه ئهو ملیار دۆلارانهی له جهنگ خهرج دهكرێن، راستهوخۆ بۆ میللهت خهرج بكرێت. ناشبێت له بیرمان بچێت كه واتای ئاشتی بریتیه له نان، خۆراك و كار. له خودا دهپاڕێینهوه، تا تهمهن درێژی و تهندروستی باش به ئهردۆغان، باخچهلی و ئۆجالان ببهخشێت. بۆ سهركهوتنی ئهم سێ سهركردهیه كه له قۆناخی كۆتایی ژیانیاندا بۆ ئاشتی رۆژههڵاتی ناوهڕاست، ئاشتی مێژوویی كورد – تورك دهستپێشخهریان كردووه زیاتر لهو دهكهم كه له دهستم دێت. ئهگهر دهشڵێی "ئهی ههڵبژاردن؟" ئهوه پهیوهسته به بڕیار و ئیرادهی خۆتهوه ئهی برای ئازیزم. ئێوه میللهتن، ههر ئێوهش بڕیاری كۆتایی دهدهن. ئهمڕۆ كهس داواتان لێناكات، دهنگ بۆ ئهردۆغان یان باخچهلی، یان دهمپارتی و جهههپه بدهن. داواتان لێدهكهن تا به دڵۆپه ئاوێك داری ئاشتی تێر ئاو بكهن. من ناخوازم برای سهربازی ئێشكگرم له چیای گابار، یان برای خوێنیم له قهندیل بمرێت. با ههردووكیان چیتر گولـله نهنێن بهیهكترهوه. سهرهتا بۆ خاتری پهیوهندی ههزار ساڵه وهكو كورد و تورك با یهكتر لهباوهش بگرین، ئهوهی دهشمێنێتهوه ململانێی سیاسی و كاری سیاسیهكانه. هیوادارین مانگی رهمهزان ئاشتی و برایهتی و ئارامی لهگهڵ خۆیدا بێنىت. له پێناو ئهمه پێویسته ههموومان لهگهڵ ئاشتی بین. تا گهیشتنه ئاشتی من لهگهڵ ئاشتیدام.
(درەو): سەرباری هۆشداریدانی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، وەزارەتی نەوتی عێراق بەبێ گوێگرتن لە خواستی كۆمپانیا بیانییەكان، دەیەوێت ئەمڕۆ هەناردەی نەوتی كوردستان دەستپیبكاتەوە، كۆمپانیاكانیش رەتیدەكەنەوە. كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان كە بە "ئەپیكور" ناسراوەو كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە. ئەپیكور رایگەیاند" وەكو ئەوەی چەندین جار رونمانكردوەتەوە، كۆمپانیاكانی ئەندامی ئەپیكور ئامادەن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان ئەگەر هاتوو رێككەوتنی فەرمی كرا بۆ گەرەنتیكردنی پێدانی پارەی هەناردەی پێشوو و ئایندەی نەوت، بەوجۆرەی كە هاوتایە لەگەڵ مەرجە یاسایی و بازرگانییەكانی گرێبەستەكانی ئێستاماندا". ئەپیكور پێكهاتووە لە (8) كۆمپانیای بیانی لە كەرتی نەوت و غازی كوردستان كە ئەمانەن (DNO-GENEL ENERGY-GKP-HKN-SHAMARAN-HUNT OIL-WESTREN ZAGROS-MOL) "تائێستا هیچ رێككەوتنێك لەبارەی مەرجە یاسایی و بارزگانییەكانی گرێبەستەكانمان نییە، بۆیە كۆمپانیاكانی ئەپیكور هیچ رێككەوتنێكیان نییە بۆ ئەوەی ئەمرۆ هەناردەی نەوت دەستپێبكاتەوە" راگەیەندراوی كۆمەڵەی پیشەسازی كوردستان وا دەڵێ. ئەم راگەیەندراوەی كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان وەڵامدانەوەی راگەیەندراوی ئەمڕۆی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراقە سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان بە بۆریی بۆ بەندەری جەیهانی توركیا لە چەند كاتژمێری ئایندەدا. رۆژی 26ی ئەم مانگە (ماركۆ رۆبیۆ) وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە تەلەفۆن لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق قسەی كرد، داوای لە سودانی كرد هەناردەی نەوتی كوردستان دەستپێبكاتەوەو حكومەتی عێراق باپەند بێت بە گرێبەستی كۆمپانیا ئەمریكییەكانەوە، بەڵام وادیارە هێشتا كۆمپانیاكان قایل نین بەوشێوەی ئێستا دەست بە هەناردەی نەوت بكەنەوە. بە وتەی وەزیری نەوتی عێراق، ئەمڕۆو لە هەنگاوی یەکەمدا، كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"، رۆژانە 185 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەفرۆشێت، تاوەکو هەنگاو بە هەنگاو دەگاتە ئەو بڕە نەوتەی لە بودجەی گشتیی فیدراڵیدا ئاماژەی پێدراوە (لە بودجەدا باس لە رادەستكردنی 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە كراوە، وەزارەتی نەوت 300 هەزار بەرمیلی رۆژانەی بۆ هەناردەكردن دیاریكردووە) .
(درەو): حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری نەوتی عێراق، لە کاتی بەسەرکردنەوەی بەندەری "خۆر ئەلزوبەیر" لە پارێزگای بەسرە، ڕایگەیاند : لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان ڕادەگەیەنین. بە وتەی وەزیری نەوتی عیراق لە هەنگاوی یەکەمدا، سۆمۆ ڕۆژانە 185 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەفرۆشێت تاوەکوو هەنگاو بە هەنگاو دەگاتە ئەو بڕە نەوتەی لە بودجەی گشتیی فیدراڵیدا ئاماژەی پێ دراوە . كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكان مانگی رابردوو رایگەیاند: لەو ماوەیەی كە هەناردەی نەوتی هەرێم راگیراوە، ئەو زیانەی بەر حكومەتی عێراق و هەرێم كەوتووە زیاتر لە 22 ملیار دۆلار بووە". رۆژی 25ی ئازاری 2023، بە بڕیاری دادگای نێودەوڵەتیی پاریس لەسەر سكاڵایەكی عێراق، هەناردەی نەوتی هەرێم راگیرا.
(درەو): دەقی پەیامی ئۆجەلان لە گرتوخانەی ئیمرالییەوە سەبارەت بە قۆناغی نوێی ئاشتی لە توركیا: بانگەوازیی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک پەکەکە؛ لە سەدەی بیستەمدا، لە توندترین سەدەی مێژوودا دامەزرا، ئەو زەمینەیەی کە پەکەکە تێیدا دامەزرا، زەمینەی دوو جەنگی جیهانیی بوو، سەردەمی سۆسیالیزمی بونیاتنراو سەردەمی جەنگی سارد بوو لە جیهاندا، لەم زەمینەیەدا نکۆڵیکردن لە ڕاستینەی کورد، قەدەغەکردنی ئازادییەکان، بەتایبەت قەدەغەکردنی ئازادیی فکری لە ئارادا بوو. لەڕووی تیۆریی، بەرنامە، ستراتیژو تاکتیکەوە، کاریگەری راستینەی سیستەمی سۆسیالیزمی بونیاتنراوی سەدەکە لەسەر ئەم دەرکەوتنە دروستبووە. لە ساڵانی ١٩٩٠ـەکاندا، بەهۆی ڕووخانی سۆسیالیزمی بونیاتنراو بە هۆکاری ناوخۆیی، شکاندنی نکۆڵیکردن لە ناسنامە لە وڵات و پێشکەوتنی ئازادیی فکریی، بووە هۆی ئەوەی کە پەکەکە لە واتای خۆی ببورێت و خۆی زۆر دووبارە بکاتەوە، بەو هۆیەشەوە ئەویش وەکو ئەوانی دیکە گەیشتووەتە کۆتایی ژیانی خۆی و پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی هەیە. پەیوەندی کوردو تورک؛ لە مێژوویدا زیاتر لە هەزار ساڵە، تورک و کورد بۆ ئەوەی بەردەوامیی بە هەبوونی خۆیان بدەن و لە دژی هێزە هەژموونخوازەکان لەسەر پێی خۆیان بمێننەوە، هەمیشە بە پێویستیان زانیوە، کە بە دڵخوازیی بە هاوپەیمانیی بمێننەوە. لە دوو سەدەی کۆتایی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، شکاندنی ئەم هاوپەیمانییەی کردووەتە ئامانجی خۆی، ئەو هێزانەی کە کاریگەرییان لەسەرە، لەگەڵ بنەما چینایەتییەکانیان، خزمەتی ئەم ئامانجەیان بە بنەما گرتووە، ئەم پرۆسەیە بە پێناسەکردنی یەکڕەنگیی کۆمار خێراتر بووە. ئەرکی سەرەکی ئەوەیە، کە ئەو پەیوەندیە مێژووییە کە ئەمڕۆ شکاوە، بە ڕۆحی برایەتی و یەکێتیی و پشتگوێنەخستنی متمانە، سەرلەنوێ دەست بە ڕێکخستن بکەین. پێویستیی کۆمەڵگای دیموکراتیک دەستلێبەرنەدراوە، پەکەکە لە مێژووی کۆماردا درێژترین و بەرفراوانترین تەڤگەری سەرهەڵدان و توندوتیژییە. لەبەر ئەوەی کە ڕێگای سیاسەتی دیموکراتیک داخرابوو، پەکەکە بەهێز بوو، پشتگیری بەدەستهێنا. دەوڵەت-نەتەوە جیاوازەکان، فیدراسیۆنەکان، خۆبەڕێوەبەری ئیداریی، ڕێبازە کەلتورییەکان، بوون بە دەرئەنجامی نەتەوەپەرستییەکی توند، ناتوانن ببنە وەڵامدەرەوەی کۆمەڵناسی کۆمەڵگای مێژوویی. ڕێزگرتن لە ناسنامەکان، ئازادیی فکر، بەڕێکخستنبوونی دیموکراسیی، دامەزراندنی کۆمەڵگای-ئابوریی و سیاسیی هەموو پێکهاتەکان، تەنها بە هەبوونی کۆمەڵگاو گۆڕەپانی سیاسیی دیموکراتیک بەدی دێت. ١٠٠ ساڵی دووەمی کۆمار، تەنها کاتێک بە دیموکراسیی ڕەنگڕێژ دەبێت، دەتوانێت ببێت بە خاوەنی یەکگرتوویی و مانەوەو بەردەوامییەکی مسۆگەر، لە دیموکراسیی بترازێت هیچ ڕێگایەکی بەرەوپێشچوون و دامەزراندنی سیستەم نییەو بەدی نایەت، هەماهەنگی دیموکراسیی ڕێبازیی بنچینەییە. پێویستە زمانی سەردەمی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیکیش، بەگوێرەی ئەم ڕاستییانە پێشبخرێت. ئەو بانگەوازییەی کە بەڕێز دەوڵەت باخچەلی کردی و ئەو ئیرادەیەی کە سەرۆک کۆمار نیشانی دا، نزیکبوونەوەو پەیوەندی ئەرێنی پارتەکانی تر، ئەم قۆناغەی هێنایە بەرهەم، منیش لەم قۆناغەدا داوای دانانی چەک دەکەم و بەرپرسیارێتیی مێژوویی ئەم بانگەوازییەش دەگرمە ئەستۆ. چۆن هەر کۆمەڵگاو پارتێکی سەردەم، هەبوونی بە فشارو زۆرەملێ کۆتایی پێ نەهاتووە، ئێوەش بە دڵخوازییەوە کۆنگرەی خۆتان ئەنجام بدەن و بڕیار بدەن، دەبێت هەموو گروپەکان چەک دابنێن، پەکەکە هەڵبوەشێتەوە، لێرەوە سڵاو بۆ هەمووتان دەنێرم کە بڕواتان بە ژیانی هاوبەش هەیەو گوێ لە بانگەوازییەکەم دەگرن. ٢٥ـی شوباتی ٢٠٢٥ عەبدوڵا ئۆجالان دوای ڕاگەیاندنی پەیامە مێژووییەکە، سری سورەیا ئۆندەر ڕایگەیاند کە ڕێبەر ئاپۆ بە شاندەکەی وتووە: بێگومان بۆ ئەوەی لە پراکتیکدا چەک دابنرێت و پەکەکە خۆی هەڵوەشێنێتەوە، پێویستە سیاسەتی دیموکراسیی و یاسایی بڕەخسێندرێت.
(درەو): دوای نزیكەی (10) مانگ لە دەستبەكاربوونی، كۆتایی بە كاركردنی (خزەیر عەباس) بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای بەبازاخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" هات و گواسترایەوە بۆ كۆمپانیای پاڵاوگەكانی ناوەڕاست. لە شوێنی (خزەیر عەباس)، بەگوێرەی نوسراوی كۆمپانیای "سۆمۆ" (عەلی نزار فایەق) لە پۆستی بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە دانراوە، لە دوێنێ 26ی شوباتەوە بەڕێوەبەرە نوێیەكە دەستبەكاربووە، عەلی نزار پێشتر جێگری بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیاكە بووە. خزەیر عەباس جێگری بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆ بوو بۆ كاروباری نەوتی خاو و غاز، لە رۆژی 7ی ئایاری 2024دا بە فەرمی لە پۆستی سەرۆكی كۆمپانیاكە دەستبەكاربوو. گۆڕانكارییەكە هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، كە رۆژانە 300 هەزار بەرمیلەو بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی دەبێت كۆمپانیای (سۆمۆ) نەوتەكە بفرۆشێت.
(درەو): ئەنجامەکانی روپێوی ئابوری و کۆمەڵایەتی خێزان لە هەرێمی کوردستان ٢٠٢٣ – ٢٠٢٤ دەریدەخات ئەو خێزانانە مانگانە ٦٨٥٠٠٠ دینار کەمتر خەرجیان هەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان دەکەونە ژێر هێڵی هەژاریی. ئهم رووپێوه لهلایهن (دهستهی ئاماری ههرێم) به ههماههنگی و پاڵپشتی تەکنیکی و دارایی (بانكی نێودەوڵەتیی) ئهنجامدرا لە لە ۱٥ـ ۷ـ ۲۰۲۳ دەستیپێکردو لە ۱٥ـ ۷ــ ۲۰۲٤ کۆتایی پێهات. مهبهست له ئهنجامدانی رووپێوهكه زانینی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابوری خێزانهكانه بهشێوهیهكی گشتی و چهندین بواری جۆراو جۆر لهرێگای پرسیارنامهیهك کە پێکهاتووە له ۲٥ بهش کە بابەتەکانی (تایبهتمهندییه دیمۆگرافییهكانی خێزان، پهروهرده، تهندروستی، نیشتهجێبوون، پێوانهكردنی جهسته، كارو بێكاری، ئاسایشی خۆراك، كشتوكاڵ، بهشهخۆراك، داهات و خهرجی تاك و خێزان، قهرز و سولفه، دادپهروهری و...) لهخۆوه دهگرێت. گرنگترین نیشاندەرەکانی ئەم رووپێوە هەژمارکردنی هێڵ و رێژەی هەژاریی، خەرجی و داهاتی تاک و خێزانە کە لە خوارەوە ئاماژەی پێدراوە: ههژاریی هێڵی ههژاریی ههژماركراو ١٣٧,٠٠٠ دینار بۆ ههر تاكێك له مانگێك بۆ ساڵی ٢٠٢٣ – ٢٠٢٤، بۆ نموونە لە هەرێمی کوردستان قەبارەی خێزان پێکهاتووە لە ٥ کەس، واتە ئەو خێزانانە مانگانە ٦٨٥٠٠٠ دینار کەمتر خەرجیان هەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان دەکەونە ژێر هێڵی هەژاریی.