Draw Media
هه‌واڵ / عێراق

ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ " شنەبای بەسرە" ئەو یەختە گرانبەهایەیە  كە سەددام حسێن ساڵی 1981 دروستیكرد و هەرگیز  گەشتی پێنەكرد، ئێستا كراوەتە هۆتێلێك بۆ ئەو كەسانەی لە دەریادا رێنمایی كەشتییەكان دەكان بۆ هاتن و چوون لە بەندەری بەسرە. یەختەكەی سەددام درێژییەكەی 82 مەترە و  جێگەیەكی نوستنی شاهانە و پەردەی حەریر تایبەت بە سەدامی تێدایە لەگەڵ گەرماوێكی ئاڵتونیی و كورسییەكی تایبەت بە سەر چاككردن. ئەم یەختە تایبەتەی سەددام حسێن ماوەی 30 ساڵ بووە لە دەرەوەی عێراق بوو، تا دواتر حكومەتی عێراق لە شەڕێكی دادوەرییدا و 2010 بەدەستیهێناوە. بەشێكی یەختەكە تایبەتە بە سەددام حسێنە كە پێكهاتووە لە ژووری نانخواردن و نوستن، هەروەها 17 ژووری میوان و 18 شوێنی مانەوەی تیمەی یەختەكە و كلینیكی تێدایە. بەوتەی لێپرسراوانی عێراق یەختی " شنەبای بەسرە" لە كاتی شەڕی عێراق – ئێراندا لە دانیمارك دروستكراوە و پاشان گواستراوەتەوە بۆ سعودیە بۆئەوەی لە هێرشە ئاسمانییەكانی ئەو كاتە بۆسەر بەسرە پارێزراو بێت. دوای داگیركردنی كوەیت لەلایەن عێراقەوە ، سعودیە یەختەكەی رادەستی ئوردن كرد، حكومەتی عێراقی دوای 2003 بەدواداچوونی كرد بۆ هێناوەوەی و یەختەكەی لە سەیرانگای نیس لە فەرەنسا دۆزییەوە و بە بڕیارێكی دادگا گەڕاندییەوە بۆ بەسرە. حكومەتی عێراق هەوڵیدا ئەم یەختە بفرۆشێت و 30 ملیۆن دۆلاری لەسەر داناوە، بەڵام نەیتوانی كڕیارێكی بۆ بدۆزێتەوە و لە دوو ساڵی داهاتوودا لەلایەن زانكۆی بەسرەوە بۆ گەشتكردنی توێژەران بۆ توێژینەی ژیانی نێو دەریا بەكاردەهێنرا. عەبدولزەهرە عەبدولمەهدی ساڵح كاپتنی یەختەكە لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز وتی:" لە رووی تەكنیكییەوە بزوێنەرەكانی یەختی شنەبای بەسرە زۆر باشە، دوانیان كاردەكەن، هەروەها موەلیدەكانیشی كاردەكەن و تەنها پێویستی بەوە هەیە بەشێوەیەكی وەرزی چاكسازی تێدا بكرێت." ئێستا دەسەڵاتدارانی عێراق بڕیاریانداوە یەختی" شنەبای بەسرە" بە شێوەیەكی هەمیشەیی لەنزیك بەسرە لەنگەر بگرێت و وەك هۆتێلێك بەكاربهێنرێت بۆ شوێنی مانەوەی ئەو كەسانەی لە بەندەری بەسرە رۆڵیان رێنماییدانە بە كەشتییەكان كە ژمارەیەكی زۆریان دوور لە ناوچەكە دەژین." ئەنمار سافی وتەبێژی رەسمی دەستەی بەندەرەكانی عێراقیش لەو بارەیەوە دەڵێت:" ئێستا بەندەرەكان پێویستیان بەوەیە كە یەختەكە ببێتە وێستگەی پشوودانی رێنماییكەرە دەریاییەكان  لە دەریادا."


(درەو میدیا): لە خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا ژن و مێردێك لە تەنیشت یەكترییەوە دادەنیشن. یەكێك لە دیاردە ناباوەكانی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار، دەرچونی ژن و مێردێكە كە هەردووكیان لەسەر یەك لیست و لە دوو پارێزگای جیاواز خۆیان كاندیدكردبوو. پیاوەكە ناوی (حسێن زوهیری)یە كاندیدی ژمارە یەكە لەسەر لیستی فەتحی هادی عامری كە لە پارێزگای دیالە خۆی كاندیدكرد و سەركەوت بۆ پەرلەمان، هاوسەرەكەشی ناوی (ئیمان رەشید عوبێدی)یە كاندیدی ژمارە 20 لەسەر هەمان لیست لە پارێزگای بەغداد سەركەوت بۆ پەرلەمان. هەواڵی سەركەوتنی ئەو دوو هاوسەرە بۆ پەرلەمان، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی عێراق چەندین كۆمێنتی گاڵتەئامێزی لەسەر نوسراوە، بەتایبەتی لەبارەی پەیوەندی خێزانی ئەو ژن و پیاوە و كاریگەریی لەسەر كارەكانیان لە پەرلەمان. كەسێك لەسەر وێنەی ئەو ژن و پیاوە نوسیویەتی" ئەگەر پیاوەكە لە ماڵەوە هاوسەرەكەی بێزار بكات، هاوسەرەكەی لە پەرلەمان لێپرسینەوەی لێدەكات". ساڵی 2011 حاڵەتێكی لەمشێوەیە لە میسر تۆماركراو بۆیەكەمجار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا ژن و پیاوێك پێكەوە گەیشتنە پەرلەمان.  


(درەو میدیا): حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێ" هەڵبژاردن دووبارە ناكرێتەوە، بۆیە پێویستە لەسەر لایەنە سیاسییەكان پابەند بن بە وادەی دەستوری بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت". حەیدەر عەبادی كە هاوكات سەرۆكی هاوپەیمانی (النصر)ە، رایگەیاند، دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن بە دوور دەزانن، بۆیە داوا لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەكەن بەشێوەیەكی شەفافانە كاربكات و هەموو زانیارییەكان لەبارەی وێستگەكانی هەڵبژاردنەوە بە هەموو كوتلە سیاسییەكان بدات. لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا، عەبادی وتی: داوا لە كوتلە سیاسییەكان دەكەم پابەند بن بە خشتەی وادەی دەستوری پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەوە. عەبادی ئاماژەی بەوەكرد، نیمچە لێكچونێك هەیە لەنێوان بۆچونی لیستەكەی و لیستی سائرونی موقتەدا سەدر بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی تەكنۆكراتی بەهێز.  


( درەو میدیا) : وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ  كۆبوونەوە لەگەڵ لیستە براوەكانی هەڵبژاردن  گەیشتە بەغدا. لە لێدوانێكیدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن، فازیل میرانی سەرۆكی وەفدەكە رایگەیاند لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكاندا دەربارەی پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ گفتوگۆدەكەن. میرانی ئاماژەیبەوەشدا كە كورد بەبێ‌ رەچاوكردنی ئەو كورسیانەی لە پەرلەماندا هەیەتی، پێگەیەشكی گرنگی لە عێراقدا هەیە." سەرۆكی وفدەكەی پارتی وتیشی:" پێویستە پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كوردبێت، هەرچەندە ئەو پۆستە تەشریفاتیی و رەمزییە، بەڵام بۆ ئێمە گرنگە كە رەمزی عێراق كورد بێت، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان هیچ دەسەڵاتێكی نییە، ئەگەر كوتلەیەكی گەورە پشتگیری لێ نەكات، ئەوەش بەواتای ئەوە دێت كە هاوشیچوەی پۆستی سەرۆك كۆمار دەبێتە پۆستێكی رەمزی". میرانی دەربارەی سەردانی بەغدا بەبێ‌ لایەنە سیاسییەكانی تری كورد وتی:" داوامانكرد وەفدێكی هاوبەشی هەموو لایەنە كوردییەكان بچینە بەغدا، بەڵام وەڵامیان نەداینەوە."  


(درەو میدیا): كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەتۆمەتی ناوزڕاندن و هاندان لەدژی كۆمسیۆن بڕی (50 ملیۆن) دینار غەرامەی بەسەر حەسەن تۆران كاندیدی بەرەی توركمانی و جێگری سەرۆكی بەرەكەدا لە كەركوك سەپاند. بەپێی بەڵگەنامەیەكی كۆمسیۆن، لە رۆژی دوای بڵاوكردنەوەی نامەی سزادانەكەوە بۆ ماوەی سێ رۆژ حەسەن تۆران دەتوانێت لەرێگەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەوە تانە لەو سزایە بدات كە بەسەریدا سەپێندراوە. لەیەكەم كاردانەوەدا نوسینگەی راگەیاندنی حەسەن تۆران بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا دەڵێ" ئەو غەرامەیەی كە كۆمسیۆن بەسەر حەسەن تۆراندا سەپاندویەتی زۆرترین غەرامەیە لە مێژووی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكاندا". بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەكردووە" كۆمسیۆن بەهۆی ئاشكراكردنی ساختەكاری و پێشێلكاری هەڵبژاردن لە كەركوك ئەو سزایەی بەسەر حەسەن تۆراندا سەپاندووە". باسلەوەشدەكات، حەسەن تۆران بەڵگەی لەبەردەستدایە كە دەیسەلمێنێت لە كەركوك ساختەكاری رویداوە و یاری بە سندوقەكانی هەڵبژاردنەوە كراوە و لەسەر چەندین ئاست لەگەڵ سەركردەكان لە بەغداد و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان دیداریان كردووە و باوەڕێك دروستبووە بەوەی دەنگەكانی كەركوك بەشێوەی دەستی ئەژماربكرێنەوە. حەسەن تۆران كە پەرلەمانتاری خولی ئێستای پەرلەمانی عێراقە ولەسەر لیستی بەرەی توركمانی خۆی كاندید كردبوو، بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن (6504) دەنگی هێناوە و سەرنەكەوتووە بۆ پەرلەمان. دەقی نوسراوەكەی كۆمسیۆن:


( درەو میدیا): بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق موقتەدا سەدر و شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ كۆدەبنەوە. سەرچاوەیەكی نزیك لە رابەری رەوتی سەدر لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی هەواڵی " SNG  "  عێراقی رایگەیاتد ئەمشەو موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر بۆ تاوتوێكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ كۆدەبنەوە. لە ماوەی رابردووشدا سەدر كە هاوپەیمانێتییەكەی " سائرون" لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە بەجیا لەگەڵ حەیدەر عەبادی و هادی عامری كۆبووەوە. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كە كۆمسیۆن بەرەبەیانی رۆژی شەممە ئەنجامەكانی بڵاوكردەوە، نەوەی نوێ‌ بە سەرۆكایەتی شاسوار عەبدولواحید چوار كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە.  


( دەرەو میدیا): كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجامی 103 وێستگەی دەنگدانی لە پێنج پارێزگای عێراق هەڵوەشاندەوە. كۆمسیۆن لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند" ئەنجومەنی كۆمسیاران تەماشای 1436 سكاڵای دەنگدانی گشتی و تایبەت و دەرەوەی كردووە و لەلایەن لیژنە پسپۆرەكانی  ئەنجومەنی كۆمسیارانەوە تاوتوێكران و دەركەوت 33 سكاڵایان سورە، و دوای وردبینیكردنی بڕیاردرا دەنگی 103 وێستگەی دەنگدان لە پارێزگاكانی ئەنبار، نەینەوا، سەلاحەدین، بەغداد و هەولێر هەڵبوەشێنرێتەوە. دەربارەی تانەكانیش كۆمسیۆن رایگەیاند نوسینگەی پارێزگاكان و هەردوو نوسینەگەی كەرخ و رەسافە لە بەغدا تانەی ئەو لایەنانە وەردەگرن كە تانەیان لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران داوە لە بەردەم دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان لە دادگای تەمیزی فیدراڵی و بڕیارەكانیش پێویستە جێبەجێبكرێت لەلایەن كۆمسیۆنەوە.


( درەو میدیا ): بە گوێرەی ئەو ئەنجامانەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردەنەكانی عێراق بڵاویكردونەتەوە، چەند كاندیدێكی ژن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا بەبێ‌ سیستمی كۆتا سەركەوتوون و كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە. ئەو كاندیدانەش ئەمانەن: •    پارێزگای زیقار: هەیفا ئەمین – هاوپەیمانی سائرون زەینەب وەحید – دەوڵەتی یاسا عولا عودە – هاوپەیمانی نەسر •    كەربەلا مەنال حەمید – هاوپەیمانەی نەسر •    بابل مەنال وەهاب – هاوپەیمانی الفتح نەورەس كامل – هاوپەیمانی سائرون •    هەولێر هەدار زبێر ، مەیادە محەمەد : پارتی دیموكراتی كوردستان •    دهۆك ڤیان سەبری ، وەسفیە محەمەد ، دالیا فەرهاد : پارتی دیموكراتی كوردستان •    سلێمانی جوان ئیحسان ، بڵێسە جەبار فەرمان، ئارەزوو محەمەد : یەكێتی نیشتمانی كوردستان •    كەركوك ئەڵماس فازیل ، دیلان غەفور: یەكێتی نیشتمانی كوردستان •    بەغداد ماجدە تەمیمی ، ئەنعام مەزید : هاوپەیمانی سائرون عالیە نسەیف: دەوڵەتی یاسا •    موسەننا ئەشواق كەریم : هاوپەیمانی الفتح  


(درەو میدیا): وەرگێرانی: فازل حەمەڕەفعەت گۆڤاری (فۆرین پۆلیسی) راپۆرتێكی لەبارەی ناوی (10) كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق بڵاوكردەوە. گۆڤارە ئەمریكییەكە بەمشێوەیە كاندیدەكانی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق پۆلێن دەكات: یەكەم: حەیدەر عەبادی هێشتا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران لە ریزی پێشەوەی ئەو كەسانەیە كە دەیەوێت پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێتەوە سەرباری ئەوەی ئەو هاوپەیمانێتییەی كە ئەو سەرۆكایەتی دەكات لە پلەی سێیەمدایە لە هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایاردا، ئەو لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا متمانەی ناوخۆ و دەرەوەشی بۆ خۆی كێش كرد لەوانە سعودیە و توركیا، لەمەش گرنگتر ئەوە بوو توانی ئاڵۆزییە تائیفییەكان ئارام بكاتەوە، لیستی (سائرون) كە سەربە  موقتەدا سەدرە ئاماژەی بەوەكرد كە ئامادەیە پشتیوانی عەبادی بكات بۆ خولی دووەم، بەتایبەتی ئەگەر ئەو بەو هەنگاوە بتوانێت "رێگری لە هەر كەسێك بكات لە لیستەكەی هادی عامری لە گەیشتن بە دەسەڵات".  سەرباری ئەوەی ئەو كەسێكی گەندەڵ نییە‌و نیازەكانی باشن، بەڵام هێشتا عەبادی كەسێكی لاوازە و گەندەڵی ئەوانی تر جڵەو بكات. كەسێكی شارەزای عێراقی لەبارەی عەبادییەوە وتی" ئەو تەنیا بەڵێن دەدات، هەروەها وەكو ئەندامێكی حزبی دەعوەش بەردەوامە لەسەر زۆرێك لە هەڵسوكەوتەكانی مالیكی، عەبادی دەرفەتی خۆی وەرگرت و شكستیهێنا لە روبەڕوبونەوەی گەندەڵی، هەروەك ئەنجامی هەڵبژاردنی لیستەكەشی یارمەتی نادات بۆ ئەوەی بۆ خولی دووەم ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران". دووەم: عەلی دەوای لازم تەمەنی (53) ساڵە، لە 2009 وە پارێزگاری میسانە، دەوترێت ئەم پیاوە بژاردەی لیستەكەی سەدرە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كە (54) كورسی بەدەستێهناوە و گەورەترین كوتلەی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایارە. پسپۆڕێكی عێراقی دەڵێ" كاتێك پشتیوانی لیستی براوە و موقتەدا سەدریشی هەبێت، ئەوە تایبەتمەندییەكی ترە بۆ ئەو". ساڵی 2014 عەلی دەوای كاندیدی رەوتی سەدر بوو بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، وەكو كەسێكی راستەخۆ لە كارەكەی تەماشا دەكرێت و كەسێكە كە خاوەنی پێگەی جەماوەرییە، ئەو بەدلەی كاركردن لەبەردەكات و دەچێتە سەر شەقامەكان و لە پارێزگای میسان یارمەتی كرێكاران دەكات لەكاتی كاركردنیاندا، دەستكەوتەكانی وەكو پارێزگاری میسان وایلێكردووە ببێت بە كەسایەتییەكی نیشتیمانی و میللی، بەڵام سەرباری ئەمە هەندێك كەس دەڵێن ئەو تایبەتمەندی پێویستی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە تێدا نییە، یەكێك لە شیكەرەوە عێراقییەكان دەپرسێت" چۆن باوەڕ بەوە بكرێت پارێزگارێك كە كاتی خۆی بە پاككردنەوەی شەقامەكانەوە بەسەر بەرێت، ئەگەر ئەو كەسێكی بەتوانا بوایە كاتی خۆی بە نەخشەكێشانی سیاسەتی گشتییەوە وەكو پارێزگار بەسەر دەبرد و كاری پاككردنەوەی شەقامەكانی بۆ كەسانی تر بەجێدەهێشت". سێیەم: هادی عامری تەمەنی (63) ساڵە و خەڵكی دیالەیە، كوتلەكەی پلەی دووەمی بەدەستهێنا، شارەزایان دەڵێن دەرفەتی هەیە ببێت بە سەرۆك وەزیران، بەڵام وای بەباش دەزانێت ئێستاجارێ‌ لە پشت پەردە بمێنێتەوە و دەرفەت بە یەكێك لە شوێنكەوتووەكانی بدات. شارەزایەكی عێراقی وتی" عامری كەسێكە كە بنكەیەكی جەماوەری بەرفراوانی هەیە و چانسی گەورەی هەیە"، بەڵام سەرباری ئەمە سەدرییەكان گومانیان هەیە لە خۆی و هەر كەسێك لە شوێنكەوتووەكان كە ببن بە سەرۆك وەزیران، هەروەها سەرباری هێواشكردنەوەی هەڕەشەكانی لەبەرامبەر ئەمریكا، بەڵام دنیابینییەكانی وا لە واشنتۆن دەكات دوودڵ بێت لێی. چوارەم: عەلی عەلاوی تەمەنی (70) ساڵە و خەڵكی بەغدادە، ماوەی چەندین ساڵ وەكو وەزیری بەرگری و دارایی و بازرگانی خزمەتی كردووە، بەردەوام ناوی دەهێنرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران، ئەو بەو بڕوانامەیەی كە لە زانكۆی هارڤارد و پەیمانگەی ماساچۆستس بۆ تەكنەلۆژیا لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا وەریگرتووە لە هەموو كاندیدەكانی تر بە باشتر دەزانرێت. یەكێك لە شیكەرەوەكان دەڵێ" عەلاوی پیاوێكی زۆر باشە، ئەكرێت لەحاڵەتی پێویستبوندا بە كاندیدی تەوافوقی پەنای بۆ ببرێت" سەرباری ئەوەی ئەو تاڕادەیە دورە لە سیاسەتەوە، بەڵام بەمدواییە بینرا كە لە لایەنگرانی حزبی دەعوە نزیك دەبێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بنكەی جەماوەری و شارەزایی سیاسی نییە و ئەوەش وادەكات دەرفەتی هەڵبژاردنی لاواز بێت". پێنجەم: نوری مالیكی تەمەنی (67) ساڵە ، سەرەڕمی حزبی دەعوەیە و لە 2006 وە بۆ 2014 سەرۆك وەزیران بووە، لە ماوەی دەسەڵاتیدا ژێرخانی وڵات و ئاستی بژێوە جۆرێك لە باشبونی بەخۆوە بینی، بەڵام ئاڵۆزییە تائیفییەكان و توندوتیژی و گەندەڵی لەسەردەمی حوكمی ئەودا گەیشتە لوتكە. لە هەڵبژاردنی 2018دا زۆرترین رێژەی دەنگی بەدەستهێنا وەك كاندید، زۆر بەدوور نازانرێت جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بەڵام پێویستە لەسەری بەسەر ناڕەزایەتی گەورەی سوننەكان و كورد و هەروەها ئەمریكا و سعودییەكان سەركەوێت. لەگەڵ ئەمەشدا سەدرییەكان رقیان لێیەتی بەهۆی دامركاندنەوەی ئەو راپەڕینەی كە ساڵی 2008 كردیان. شەشەم: ساڵح حەسناوی تەمەنی (58) ساڵە و خەڵكی كەربەلایە، پێشتر وەزیری تەندروستی بووە و كاندیدی سەربەخۆ و تەكنۆكراتی سەدرییەكانە بۆ ئەوەی ببێت بە سەرۆك وەزیران. مامۆستای پزیشكی دەرونییە و بە ئینگلیزی قسەدەكات، ئەو ساڵی رابردوو كاندیدی عێراق بوو بۆ سەرۆكایەتیكردنی رێكخراوی یونسكۆ، توانای تەكنۆكراتی ئەو وای لێدەكات ببێت بە كاندیدێكی ركابەر بۆ بردنەوەی پۆستەكە ئەگەر عەلی دوای نەیتوانی پۆستەكە بباتەوە، بەڵام یەكێك لە شیكەرەوەكان سورە لەسەر ئەوە ساڵح حەسناوی گونجاو نییە بۆ ئەو پۆستە و ئاماژە بەوەدەكات" كەرتی تەندروستی لەسەردەمی ئەودا بە دەست پشتگوێخستنەوە ناڵاندویەتی و نەخۆشخانەكان بێسەروبەرە بوون و گەندەڵی و خەڵكی بێ توانا هەبووە". حەوتەم: عادل عەبدولمەهدی تەمەنی (76) ساڵە، شارەزای ئابورییە و بە زمانی فەرەنسی قسەدەكات، بەپێی قسەی ژمارەیەك چاوێر،  بەردەوام ناوی دەهێنرێت وەكو كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران. وەكو وەزیری دارایی و نەوت و جێگری سەرۆك كۆماریش خزمەتی كردووە. كەسێكی خواستراویشە لەلایەن ئەمریكا و ئێرانییەكانەوە، سەرباری پەیوەندییە توندوتۆڵەكانی لەگەڵ باڵی عەممار حەكیم، دۆستایەتیشی لەگەڵ حزبی دەعوە هەیە، وەكو كاندیدێك تەماشا دەكرێت كە وەكو خوێنێكی نۆێ بۆ ئەو پۆستە جێگەی رەزامەندی هەموانە. هەشتەم: ئەیاد عەلاوی تەمەنی (73) ساڵە و خەڵكی بەغدادە، پزیشكی نەشتەرگەریی خانەنشینە، پێدەچێت كاندید بێت بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران سەرباری لاوازی ئەگەری كاندیدبونی، لیستتەكەی (22) كورسی بەدەستهێنا، دۆستایەتی لەگەڵ ئەمریكییەكان بوەتە هۆی ناپەسەندبوونی لەلای ئێران، بۆیە بەدور دەزانرێت بۆ ئەو پۆستە دیاری بكرێت. نۆیەم: تارق نەجم تەمەنی (72) ساڵە و خەڵكی پارێزگای زیقارە، لایەنگری حزبی دەعوەیە و بڕوانامەی لە زانستە ئیسلامییەكاندا هەیە، پێدەچێت ئەمیش كاندید بێت بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران. لەسەردەمی مالیكیدا لە لە پۆستی سەرۆكی ئەركاندا خزمەتی كردووە، ساڵی 2014 وەكو كاندیدێكی گریمانەكراو بۆ شوێنگرتنەوەی مالیكی دادەنرا، تەمەنی لە تاراوگە بەسەربردووە و لە نیمەدورگەی عەرەبی و میسر خوێندویەتی، پەیوەندییەكی بنیادنەرانەی لەگەڵ واشنتۆن و تاران و ئەنكەرە و هەروەها مەرجەعیەتی نەجەفیشدا هەیە. لە توانایدایە هەردوو باڵی عەبادی و مالیكی لەناو حزبی دەعوە یەكبخات. یەكێك لە چاودێرە سیاسییەكان وتی" پێدەچێت كاندیدێكی قبوڵكراو بێت لەلای حزبی دەعوە ئەگەر بیانەوێت پارێزگاری لە یەكێتی حزبەكە بكەن". دەیەم: زیا ئەسەدی تەمەنی (49) ساڵە و ئەندامی پەرلەمانە لەسەر پارێزگای بەسرە و لایەنگری موقتەدا سەدرە، بە زمانێكی ئینگلیزی باش قسە دەكات، وەكو پردێك بۆ بەستنەوەی سەدرییەكان بە خەڵكانی ئاسایی و میدیا جیهانییەكان و دیپلۆماتكاران كاریكردووە.  


لیستەكەی عەبادی لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان ( 2757 ) دەنگی بەدەستهێناوە.  بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی 12ی ئایار  ئیئتلافی نەسری حەیدەر عەبادی لە پارێزگای سلێمانی تەنها ( 818 ) دەنگی بەدەستهێناوە، سەرۆكی لیستەكەی ( 85) دەنگ و دوایین كاندیدیشی ( 8 ) دەنگی بەدەستهێناوە  لە پارێزگای هەولێر ( 919 ) دەنگی بەدەستهێناوە  لە پارێزگای دهۆك ( 1020 ) دەنگی بەدەستهێناوە   


درەو میدیا:  لەكۆی پارێزگاكانی  عێراق ( 10653 ) فلاش میمۆری دەنگەكان نەگەڕاوەتەوە بۆ ناوەندی نیشتیمانی دەنگەكان لە بەغداد كە زۆرینەی لە پارێزگاكانی هەرێم و ناوچە جێناكۆكەكانە بەم شێوەیە:. پارێزگای هەولێر  دەنگی ( 1071 ) فلاشی وێسگەی دەنگدان نەگەڕاوەتەوە  بەغداد  پارێزگای سلێمانی دەنگی ( 779 ) فلاشی وێسگەی دەنگدان نەگەڕاوەتەوە  بەغداد  پارێزگای دهۆك   دەنگی ( 609 ) فلاشی وێسگەی دەنگدان نەگەڕاوەتەوە  بەغداد  پارێزگای كەركوك   دەنگی ( 1887 ) فلاشی وێسگەی دەنگدان نەگەڕاوەتەوە  بەغداد  پارێزگای نەینەوا دەنگی ( 2847 ) فلاشی وێسگەی دەنگدان نەگەڕاوەتەوە  بەغداد  بەو پێیەش ساختەكاری گەورە جگە لە موسڵ و ئەنبارر لە هەر چوار پارێزگایەكەی (هەولێر، سلێمانی، كەركووك و. دهۆك ) كراوە  ئەمە سەرەرای ئەوەی بە پێی خشتەیەكی بڵاوكراوەی سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، كە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە جێناكۆكەكان جیاوازیەكی زۆر لە نێوان دەنگی راگەیەنراوی  راگەیەنراوو راستەقینەدا هەیەو هێڵی سوری تێپەراندووە. هێڵی سور سەرو 10% و  جگە لە پارێزگای ئەنبار هەموو ئەو پارێزگایانەی لیستی كوردی و كاندیدی لیستە كوردیەكانی تێدایە لە سەرو هێڵی سورەوەن.       


راپۆرتی شیكاریی: نامیق رەسوڵ لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمان و  هەرسێ‌ جێگرەكەی سەرۆك كۆمار و 11 وەزیری كابینەكەی عەبادی خۆیان بۆ ئەندامێتی پەرلەمانی عێراق كاندیدكرد. سەرۆك وەزیران و هەرسێ‌ جێگرانی سەرۆك كۆمار دەنگی هاوڵاتیانیان بەدەستهێنا و كورسی پەرلەمانیان مسۆگەركرد، جگە لە سەرۆكی پەرلەمان كە كورسییەكەی پەرلەمانی لەدەستدا. هەروەها (11) وەزیری ئێستای كابینەكەی عەبادی لە چەند لیستێكی جیاوازدا چارەنوسی خۆیان دایەدەست سندوقەكانی دەنگدان، لەو ژمارەیەش (8) كەسیان متمانەی دەنگدەرانیان بەدەستهێنا و (3) وەزیریان شكستیانهێنا، هاوكات وەزیرێكی كابینەكەی عەبادی كە لە لایەن پەرلەمانەوە لەسەر گەندەڵی متمانەی لێسەندرایەوە، لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا دەنگی پێویستی بەدەستهێنا و كورسییەكی پەرلەمانی بردەوە. ئەنجامی بەرپرسە باڵاكانی سێ‌ دەسەڵاتەكەی عێراق لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا بەمشێوەیە بوو: •    سەرۆكایەتی كۆمار: 1-  فوئاد مەعسوم:  سەرۆك كۆمار كە سەر بە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، خۆی لە هیچ لیستێكدا بۆ هەڵبژاردن كاندید نەكردەوە.        2- ئەیاد عەلاوی: جێگری سەرۆك كۆمار، سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانیی بوو، لە هەڵبژاردندا لە بەغدادی پایتەخت (28069) دەنگی بەدەستهێنا و كورسییەكی پەرلەمانی بردەوە.        3- نوری مالیكی: جێگری سەرۆك كۆمار، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا،  لە بەغداد خۆی كاندیدكرد و (102128) دەنگی بەدەستهێنا و زۆترین دەنگی لەسەر ئاستی عێراق بەدەستهێناوە.       4- ئوسامە نوجێفی: جێگری سەرۆك كۆمار، سەرۆكی هاوپەیمانی قەراری عێراقی، لە پارێزگای نەینەوا خۆی كاندیدكرد و (11650) دەنگی بەدەستهێنا. •    سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران ( پەرلەمان) 1- سەلیم جبوری: سەرۆكی خولی ئێستای پەرلەمان، لە هاوپەیمانێتییەكەی ئەیاد عەلاویدا بەشداری هەڵبژاردنی كرد و دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا و كورسییەكەی لەدەستدا. 2- هومام حەمودی: جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، سەر بە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامییە، لە هاوپەیمانێتی فەتحی هادی عامریدا خۆی كاندید كرد، دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا و كورسییەكەی لەدەستدا. 3- ئارام شێخ محەمەد: جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، سەر بزوتنەوەی گۆڕانە و بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایار خۆی كاندیدنەكردەوە. •    سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران: حەیدەر عەبادی: سەرۆك وەزیران، سەرۆكایەتی هاوپەیمانی " النصر"ی كرد لە بەغدادی پایتەخت خۆی كاندیدكرد و (59710) هەزار دەنگی بەدەستهێنا. •    وەزیرەكان: (11) وەزیری كابینەكەی حەیدەر عەبادی لە چەند لیستێكی جیادا لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا خۆیان كاندید كرد و ئەم وەزیرانە دەنگی پێویستی دەنگدەرانیان بەدەستهێنا و كورسیی پەرلەمانیان مسۆگەركرد: 1- قاسم ئەعرەجی: وەزیری ناوخۆ، كاندیدی هاوپەیمانی " الفتح" بوو لە پارێزگای واست، (11372) دەنگی بەدەستهێنا. 2- محەمەد شیاع سودانی: وەزیری كار، لەسەر لیستی دەوڵەتی یاسا لە بەغدادی پایتەخت خۆی كاندیدكرد و (14326) دەنگی بەدەستهێنا. 3-قاسم فەهداوی: وەزیری كارەبان لە لیستی " عابرون" لە پارێزگای ئەنبار بەشداری هەڵبژاردنی كرد و (7993) دەنگی بەدەستهێنا. 4- فەلاح حەسەن زێدان: وەزیری كشتوكاڵ، لە لیستی هاوپەیمانی نیشتمانی ئەیاد عەلاوی لە پارێزگای نەینەوا خۆی كاندیدكرد و (12558) دەنگی     بەدەستهێنا. 5- محەمەد ئیقباڵ سەیدەلی: وەزیری پەروەردە ، كاندیدی لیستی " نەینەوا ناسنامەمانە"  بوو لە پارێزگای نەینەوا (7668) دەنگی بەدەستهێنا. 6-  جەبار لعێبی: وەزیری نەوت، لە پارێزگای بەسرە كاندیدی لیستەكەی حەیدەر عەبادی بوو، (28645) دەنگی بەدەستهێنا. 7- عەبدولحسێن عەبتان: وەزیری وەرزش و لاوان، لە بەغداد كاندیدی ژمارە یەكی لیستی " رەوتی حیكمە"ی  عەممار حەكیم بوو، (34461) دەنگی بەدەستهێنا. 8- كازم فنجان حەمامی: وەزیری گواستنەوە، لە پارێزگای بەسرە كاندیدی لیستی دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی بوو ، بەبەدەستهێنانی (8493) دەنگ كورسییەكی پەرلەمانی مسۆگەركرد. •    ئەو وەزیرانەی كە خۆیان كاندیدكرد و دەنگی پێویستیان بەدەستنەهێنا و دەرنەچوون: 1-    ئان نافع ئەوسی: وەزیری شارەوانی و نیشتەجێكردن 2-    عەدیلە حەمود: وەزیری تەندروستی 3-    سەلمان جومەیلی : وەزیری پلاندان و بازرگانی " وەزیرە گەندەڵەكە و هەڵبژاردن" خالید عوبەیدی، وەزیری بەرگری كابینەكەی حەیدەر عەبادی بوو، مانگی ئابی ساڵی رابردوو بە تۆمەتی گەندەڵی لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەی لێ سەندرایەوە، بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایار لیستێكی بەناوی " بیارق الخیر" پێكهێنا، بەڵام خۆی لەسەر لیستەكەی حەیدەر عەبادی لە پارێزگای نەینەوا كاندیدكرد و (72690) دەنگی بەدەستهێنا و لە دەرگای پەرلەمانەوە دەچێتەوە ناو گۆڕەپانی سیاسەت.          


( درەو میدیا) : تۆفیق كەعبی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نیشتمانی، رایگەیاند كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردەنەكانی عێراق لە شاری دیترۆیتی ئەمریكا  شوێنێكی " مردوو شۆردن"ی كردوەتە بنكەی دەنگدان و رۆژێك پێش هەڵبژاردنیش دەنگدەران لە بوونی ئەو بنكەیە ئاگاداركراوەنەتەوە، بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر نەچوون بۆ دەنگدان. كەعبی لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكانی عێراق وتیشی:" چەندین بەڵگە هەن كە دەیسەلمێنن پێشێلكاری زۆر لە هەڵبژاردنەكاندا كراون، لە رووی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكان و ناراستی زانیارییەكان و دزینی دەنگی دەنگدەران." ئاماژەیبەوەشدا كە :" كوتلە سیاسییەكان ئەگەر بڕواننە بەرژەوەندی دەتوانن هاوپەیمانێتی بكەن، چونكە ئەنجامەكانیان نزیكن لەیەكەوە، بەڵام ئەگەر بڕواننە بەرژەوەندی وڵات ئەوا پێویستە هەڵبژاردنەكە هەڵبوەشێنرێتەوە، بە تایبەتی دەنگدانی دەرەوەی وڵات." ئەو پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نیشتمانی وتیشی:" بەڵگەی زۆرمان لەبەردەستدایە كە سندوقەكانی دەنگدان لە دەرەوە پێش دەنگدان پڕكراون لە دەنگ."  


(درەو میدیا): دوێنێ شەو موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر و سەرۆكی لیستی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن سەردانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی (النصر) كرد. بەپێی هەواڵێك كە تەلەفزیۆنی (سكای نیوز)ی عەرەبی لەزاری سەرچاوەیەكەوە لە رەوتی سەدر بڵاویكردوەتەوە، لەو كۆبونەوەیەدا موقتەدا سەدر مەرجێكی خستوەتە بەردەم حەیدەر عەبادی بۆ پشتیوانیكردن لە خۆكاندیدكردنەوەی بۆ ویلایەتی دووەم. بەپێی قسەی ئەو سەرچاوەیە، لە كۆبونەوەكەدا موقتەدا سەدر بە عەبادی وتووە بە مەرجێك پشتیوانی لە خۆكاندیدكردنەوەی دەكات، وازهێنانی لە حزبی دەعوە رابگەیەنێت. وەك باسدەكرێت، ئامانج لەم مەرجەی موقتەدا سەدر بۆ حەیدەر عەبادی رێگرتنە لەو هەوڵانەی كە ئەنجومەنی شورای حزبی دەعوە دەستیپێكردووە بۆ زیندوكردنەوەی لێكتنێگەیشتنەكانی پێشتری نێوان هەردوو باڵی نوری مالیكی و حەیدەر عەبادی بەمەبەستی گەرەنتیكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ حزبی دەعوە. لەبارەی كۆبونەوەكەی لەگەڵ سەدر، حەیدەر عەبادی رایگەیاند، ئامانج لە كۆبونەوەكە ئەوەبوو پێكەوە كار بكەن لەپێنان پەلەكردن لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. لە زاری موقتەدا سەدریشەوە لەبارەی كۆبونەوەكەوە راگەیەندرا، دیدارەكە نامەیەكی دڵنیاكەرەوە بوو بۆ عێراقییەكان لەبارەی بایەخی پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەتێك كە لە ئاست خواستی رۆڵەكانی گەلدا بێت.  


( درەو میدیا) د. محەمەد عەلی ساڵح كاندیدی ژمارە 22ی لیستی  هاوپەیمانی مەدەنتی دیموكراتی لە بەغدا بەبێ‌ هەڵواسینی هیچ پۆستەرێك توانی 7351 دەنگ بەدەستبهێنێت و ببێتە ئەندامی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. دكتۆر محەمەد ساڵح لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا  هیچ پۆستەرێكی لە شەقامەكاندا بڵاونەكردەوەو تەنها كارتێك كە بەشێك لە سیڤی خۆی و بەرنامەی هەڵبژاردنی لەسەربوو لە شەقامەكانی بەغدا بڵاوكردەوە و وێنەكەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوبووەوە و بەوەش توانی كورسییەكی پارێزگای بەغداد لە پەرلەمان بەدەستبهێنێت. د. محەمەد ساڵح، كەسایەتییەكی تەكنۆكراتە و ساڵی 1962 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە ئەندازیاریدا لە زانكۆی بێرمینگهام بەدەستهێناوە و ساڵی 1973ش لە زانكۆی موستەنسرییەی بەغدا بەكالۆریۆسی لە یاسادا بەدەستهێناوە و ساڵی 1977 ماستەری لە ئابوری نەوتدا لە زانكۆی كۆلۆرادۆی ئەمریكا بەدەسهێناوە و ساڵی 1980 دكتۆرای لە هەمان پسپۆریدا لە زانكۆی كۆلۆرادۆ بەدەستهێناوە. د. محەمەد ساڵح بەهۆی ئەوەی بە تەمەنترین پەرلەمانتاری ئەم خولەیە، سەرۆكایەتی یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand