Draw Media

هیوا سەید سەلیم لەدەستێپێكدا دەبێت بڵێین لە هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە دەنگە جیاوازەكان بگەنە دەسەڵاتدارن، چونكە لە بەشی هەرەزۆری كۆمەڵگای رۆژهەڵاتی سرووشتی دەسەڵات وایە كەمترین دەرفەت دەدات بۆ گوێگرتن لە ڕا جیاوازەكان، ئەوان هەمیشە گوێ بیستی كەسانێكی سنورداری كۆمەڵگا دەبن، ئەو دەنگانەی كە زیاتر لە خۆیانەوە نزیكن، بە خواست و ویستی ئەوان قسەدەكەن، قسەی کەسانێک کە وەک گەورەکانیان بیردەكەنەوە، هەمیشە لە ستایش و پیاهەڵدانی دەسەڵات دان. لەچەند رۆژی ڕابردوو لە هەرێمی كوردستان دوو جارە دەرفەت ڕەخسا كە دەسەڵاتدارانی ئەوهەرێمە گوێبیستی دەنگ و ڕای جیاوزبن. شایانی باسە لەم دوو جارەدا خەلكانێك دەرفەتەكەیان قۆستەوە، تا قسەی دڵی خەڵك بە گوێی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستاندا بدەن. لەبۆنەی یەکەمدا، كە تایبەت بوو بە پەردەلادان لەسەر چەند كتێبێكی مێژووی، كەسێكی ئەكادیمی كە باگڕاوندێكی جوانی هەیە لە داكۆكی كردن لە كێشەكانی خەڵك لە ئێران و كوردستانی رۆژهەلاتدا، لە وتاركەیدا رەخنەبارانی بەرپرسانی هەرێمی كوردستانی كرد كاتێك ووتی:"لە هەرێمی كوردستان تەنیا كۆشك و باڵەخانەتان بەرزكردۆتەوە و كارتان لەسەر پڕۆژەی ستراتیژی نەكردووە".   ئەو قسەیەی د.سادق زیبا كەلام، دەسەڵاتدارانی تووشی شۆك كرد، بەتایبەت كە ئەوان دەمێكە هیچ كەس و لایەنێك وا بە ڕاشكاوی رووبەڕوو پێی نەوتوون لە پشتی چاوتان دوو برۆ هەیە، بە تایبەت کاتێک ووتی:" ئێوە لە كۆمەڵگای كوردستان لە نەوەیەك دابڕێندراون كە كە پێی دەوترێت نەوەی نوێ". شایانی باسە زیبا كەلام، لە نێو سەدان كەسی ئەكادیمی و رۆشەنبیری هەرێمی كوردستان ئەو قسانەی كرد، كە ئەوانی دیكە جگە لە چەپڵە لێدان و سێلڤی گرتن، كە لە هەرێمی کوردستاندا بۆتە خەسڵەتی بەشداربووانی ئەو جۆرە كۆڕ و كۆبوونەوانە ، هیچ یەكێكی دیكە جورئەتی بە خۆی نەدا وەك دكتۆر سادق ببێتە خاوەنی "زیبا كەلام" واتا قسەی جوان. بۆنەی دووەم، كە دیداری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو لەگەل ژمارەیەك لە میدیاكاری جیاوازی هەرێمی كوردستان، لەم دیدارەدا جیاواز لە بۆنەی یەكەم بەشێك لە رۆژنامەنووس و میدیاكاران بە قسە و پرسیارە جوانەكانیان توانیان ڕایەكی جیاواز بگەیەنە سەرۆكی حكومەت، ڕایەك كە قسەی دڵی زۆرینەی خەلكی كوردستان بوو، لە "شكستی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان، نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست، بەردەوامی دان بە ئاسەواری دوو ئیدارەی، گەندەڵی و قۆرغكاری بازاڕ، تا دەگاتە پاشكەكشەی دیموكراسی و بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان" لێرەدا پێویستە بووترێت، ئەو جۆرە کۆبونەوە و دیدارانەی دووەم بۆ ئێستای هەرێمی کوردستان گرنگن، چونکە هەنگاوێک دەبێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو دابڕانەی کە ساڵانێکە کەوتۆتە نێوانی چینی دەسەڵاتداران لە هەرێمی کوردستان و زۆریەی خەڵک،  کە بە ئاسانی دەنگیان بە گوێ بەرپرسان نەگات. وێڕای ریزو ستایشمان بۆ ئەو دەنگە بوێرانەی کە بە ئەمانەتەوە ڕای خەڵکیان گەیاندە سەرۆکی حکومەت، گرنگە کە بۆ لەمەودوا بەرپرسانی هەرێم بەردەوام بن لەسەر سازدانی ئەو جۆرە دیدارانە، نەک ڕەخنەکانی بەشێکی ئامادەبووان لێیان، ساردیان بکاتەوە، لەوەی جارێکی دیکە کۆبوونەوەی لەم شێوەیە سازنەدەن، یان ئەگەر کراش ئەو جۆرە کەسانە بۆ کۆبوونەوکانیان بانگ نەکرێن. جێگای تیبینیە، لە کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەت و میدیاکاراندا، وەک زۆربەی جاری دیکە خەڵکانێکیش قسەیان کرد،  کە قسەکانیان پیاهەڵدان و ستایشی دەسەڵات بوو، هەندێکی دیکەش ویستیان نەشیش بسووتێ نە کەباب، بەڵام دەنگی زاڵ لە نێو کۆبوونەوەکە زیاتر ئەو دەنگانە بوون کە بە دەنگی خەڵک هەژمار دەکرێن، لە راستیشدا ئەوەیە رۆڵی ڕاستەقینەی میدیای پڕۆفیشناڵ، کە دەبێت پردی پەیوەندی بێ لە نێوانی خەڵک و دەسەڵاتدا. شایانی باسە، ئەگەرچی سەرۆکی حکومەت ئامادەنەبوو بچێتە ژێرباری تەواوی ڕەخنەکان، تەنانەت هێرشی پێچەوانەشی کردە سەر میدیاکاران و رۆژنامەنووسان بەوەی "بە ئەرکی خۆیان هەڵنەستاوەن و رۆڵی خراب دەبینن لە لاوازکردنی ئینتیمای نیشتمانی لە لای خەڵک و بە تاریک نیشاندانی ئەزموونی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان"، بەڵام ئەوەی گرنگ بوو لەو دوو بۆنەیەدا، دەسەڵاتداران ناچارکران گوێبیستی ڕایەکی جیاواز بکرێن، ڕایەک کە نە کەسە نزیکەکانیان وێراون پێیان بڵێن نە خۆشیان لە میدیاکان دەیخوێنەوە یان دەیبینن. بۆیە لە جیاتی ئەوەی دەسەڵاتداران خۆیان بدزنەوە لە ڕاستیەکان، بیانوو بۆ کێماسیەکان بهێنەوە، کاتی ئەوە هاتووە دەرفەتی جۆراو جۆر بڕەخسێنن بۆ دیداری چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، ئینجا تێدەگەن هۆکاری لاوازبوونی ئیتنیمای نیشتمانی کێیە؟ ئەوسا دەزانن خەڵک چەندە لە ژێر باری قورسی نەبوونی خزمەتگوزاری گشتی وەک نەبوونی کارەبا پێویست وکەمی ئاو و خزمەتگوزاریەکانی دیکە دایە، قۆڕغکاری بازاڕ و گەندەڵی نادادی چەندە تینیان بۆ خەڵک هێناوە. لەکۆتاییدا دەڵێین گوێگرتن لە دەنگە جیاوازەکان بە پلەی یەکەم خزمەت بە دەسەڵات دەکات، تا لەوە زیاتر لەسەر هەڵەو کێماسیەکانی حوکمڕانی بەردەوام نەبن، بگرە هەنگاو بە ئاڕاستەی چارەسەری کێشە و گرفتەکان بنێن.


سه‌ردار عه‌زیز ئەو بڕیارەی موقتەدا سەدر بۆ کشانەوە، سەرتاپا هێزە سیاسییەکان و لایەنە بەشدارەکان و چاودێران و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی حەپەساندوە. هەموو ئەوانەی کە هەوڵیانداوە قسەی لەسەر بکەن هەموو پاش پشێوی هەوڵی ئەوەدەدەن کە بە میتۆدی سیناریو پرسەکە ڕاڤە بکەن. لەم نوسینەدا دەمەوێت قسە لەسەر پرسی پەیوەندی نێوان سەرۆکی حیزب و ڕەوت و جوڵانەوە بکەم لەگەڵ ئەندام پەرلەمانەکانیاندا. پرسی پەیوەندی نێوان سەرۆکی حیزب و ئەندامی پەرلەمان پرسێکی ئاوکێشە لەناو کایەو پرۆسەی دیموکراسیدا. ئایا ئەندامی پەرلەمان نوێنەری حیزبە یان خەڵک؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە وڵاتێکی وەک عێراقدا بە زەقی دیارە، ئەندام پەرلەمان نەک نوێنەری خەڵک نیە، بەڵکو داردەستێکی تەواوی سەرۆکی حیزب یان جوڵانەوەکەیەتی. کاتێک سەدر فەرمانی بە سەرۆکی کوتلەکەی دا لە پەرلەمان بکشێنەوەو ئەوانیش بەبێ هیچ نوزەو جوکەو بۆڵەیەک دەستوبرد کارەکەیان جێبەجێکرد، دەرخەری ئەوەیە کە ئەندامبوون و ئەندام نەبوونی ئەوان پرسێک نیە کە پەیوەندی بە خۆیان و دەنگدەرو بازنەی هەڵبژاردنەوە هەبێت بەڵکو بە تاق و تەنها بڕیاری سەرۆکی حیزبە. سەدر سەرەتا وەها ناسراوبوو کە ڕەوتێکی پەرش و بڵاوی هەیەو زۆرجار لەسەرەتاوە پرسیاری ئەوە دەکرا ئایا سەرتاپای ئەندامانی رەوتەکەی گوێڕاڵی ئەون؟ بەڵام ڕەوتی ڕوداوەکان سەدرو ڕەوتەکەیان بە ئاڕاستەیەک برد کە زیاتر تۆکمەو سیستەماتیک بێت. ڕەوتی سەدر یەکێکە لە نمونەی ئەو هێزانەی کە پاش ڕوخانی ڕژێمی پێشوو سەریانهەڵداوە کە بە بڕێکی زۆر تەنها پشت بە کەسایەتی سەرۆکەکەیان دەبه‌ستن بۆ بوون و بەشدارییان لە پرۆسەی سیاسیدا. ئەم جۆرە هێزە سیاسییانە بە حیزبی کەسایەتی یان شەخسی ناسراون. خەڵک و چالاکوانان لە باشوری عێراق هەستیان بەم دۆخە کردووە کە ئەندامانی پەرلەمان بەکاری نوێنەرایەتی خەڵک هەڵناسن بەڵکو زیاتر خزمەتکاری سەرۆکەکەیانن، بۆیە هەوڵیاندا کە سیستەمی هەڵبژاردن بگۆڕن بۆ بازنەی بچوک، لەبری پارێزگا، هەتا دەرفەت بۆ کەسایەتی سەربەخۆ بڕەخسێت بۆ سەرکەوتن، هەروەها پەیوەندییەکی نزیکایەتی و پشت بە یەکبەستن لەنێوان ناوچەی هەڵبژاردن و نوێنەرەکەیاندا بێتە ئاراوە. ئەم پرۆسەیە بە بڕێکی زۆر سەرکەوتوو نەبوو. زاڵیی سەرۆکی حیزب بەسەر دەزگای پەرلەماندا یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پەککەوتنی دەزگای پەرلەمان وەک ناوەندێکی نوێنەرایەتی، پشت بە دەستور بەستووی، چاودێر بەسەر دەسەڵاتەوە. لە کوردستان زمانێکی سەیر بۆ ئەم دیاردەیە داهێنراوە. کاتێک پرسێک دێتە ئاراوە، پەرلەمان ناتوانێت بڕیاری لەسەر بدات، دەستوبرد دەڵێن، ئەو پرسە دەبێت سەرەتا سیاسییانە ڕێکكەوتنی لەسەر بکرێت پاشان بهێنرێتە پەرلەمان. ڕامان لەم دەربڕینەو هەڵوەشاندنەوەی زۆر لایەنی و لاوازی سیستەمی پەرلەمان تێگەیشتنی سیاسیمان پێدەڵێت. یەکەم مانای دەربڕینەکە ئەوەیە کە پەرلەمان ناوەندێکی سیاسی نیە، بەڵکو سیاسەت لە جێگایەکی ترە. لە سیاسەتخستنی پەرلەمان لە هەمانکاتدا یانی کردنی بە ناوەندێکی ئیداری بیرۆکراتی. بە بوونی بە ناوەندێکی لەوشێوە ئەوا بە هەموو جۆرێک داڕن دەبێت لە دەسەڵاتی سیاسی. لە ڕابوردودا لە میانەی کارم لە لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان، خێرا ئەوەت بۆ رون دەبووەوە، کە ئەندام پەرلەمان لە دیدگاو خەیاڵ و ڕەفتاریدا، خۆی لە فەرمانبەرێک زیاتر نابینێتەوە. بوونی بە بیرۆکرات، هەموو تواناو مافەکانی نوێنەرایەتی لێ دەسێنێتەوە. بیروکرات یان فەرمانبەر، ئەو کەسەیە کە فەرمانەکان دەبات یان جێبەجێیان دەکات، بەڵام فەرمانەکان لە جێگایەکی ترەوە دێن. ئەم دیاردەیە ناتوانرێت تەنها بە بەهێزی ڕۆڵ و کەسایەتی سەرۆکەکان لێکبدرێتەوە بەرامبەر لاوازی ئەندامەکان، بەڵکو زیاتر ململانێی شەخس و دەزگایە، لەهەناو کەلتوری ئێمەدا. ئەم دیاردەیە پێمان دەڵێت چۆن دەزگا ڕۆڵ و کاریگەری دەگۆڕێت لەبەرامبەر کەسی سیاسی خاوەن دەسەڵاتدا. هەر ئەم تێگەیشتنەشە کە هۆکاری ئەوەیە کە زۆرێک لە خەڵک دەنگ بە کەسی سەربەخۆ نەدەن. هەموو کەسێک دەبێت پیاوی کەسێکی تر بێت، ئەگینا هیچی پێناکرێت، وەک دەڵێن. لێرەدا جێگایەتی باس لە ئەو شەپۆلە لە سەقەت- ئاگاییە بکەین، کە بەوپەڕی بڕوابەخۆبونەوە هاواردەکات خەباتی پەرلەمانی یان سیاسەتی پەرلەمانی کۆتایی هاتووە. ئەم بانگەشەیە وەک زۆرێکی تر لە بانگەشە کڵێشەیی بیرلێنەکراوەکانی دونیا ئێمە لای زۆر کەس، دەوترێتەوە. ئایا ئەوە کەلتورو ڕەفتارو ئاستی تێگەیشتنی ئێمە نیە، کە دەزگا لاواز دەبینێت و کەس یان کەسایەتی بەهێز. ئایا سوچی دەزگایەک چیە کە تۆ لە هەموو ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی داڕنی دەکەیت؟ یان ڕونتر بڵێین ئەوە ئاستی ئاگایی تۆ نیە کە خێرا جاڕی کۆتایی دەزگا دەدەیت بەوەی شکستی هێناوە، بەڵام یەک تاکە نیشانەی پرسیار ناخەیتە سەر ڕۆڵی کەسایەتی سیاسی و خۆپەرستی و بەرتەسکێتی ئامانجی شەخسی سیاسی؟ ئایا جاردانی شکست ئاماژە نیە بۆ ئەوەی کە هێشتا دەزگا ڕێگایەکی زۆری لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی تەی بکات هەتا ببێت بە دەزگا، چونکە بوونی دەزگا ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە جۆری پەیوەندی و ئاگایی ئەوانی تر بۆی و هەروەها هەتا چ ئاستێک ناوەکییان کردووە. ئەوەی جێگای سەرنجە دەزگای پەرلەمان یەکێک لە کۆنترین دەزگاکانی مۆدێرنە کە لە ڕۆژئاواوە هەوڵدراوە بهێنرێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەردوو عوسمانییەکان و ئێرانییەکان لە سەدەی نۆزدەو بیستدا هەوڵیاندا هەردوو دەزگای دەستورو پەرلەمان خۆماڵی بکەن. تەنزیماتی ساڵی ١٨٣٩ بنەمای یەکەم قۆناغی دەستوری داڕشت لە ساڵی ١٨٦٧. لەم سەردەمەدا ڕۆشنبیرانی وەک میرزا فەتحعەلی ئاخونزادەو ئەوانی تر لە ئێران چالاک بوون. سەرباری کۆنی ئەم دەزگایە، ئەمڕۆ ناتوانرێت بڵێین لە سەرتاپا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەم دەزگایە بە کارەکانی خۆی هەڵدەستێت. دیارە دژە پەرلەمانی پاڵنەرو هۆکاری زۆرە، ئێمە لێرەدا ئامانجمان ئەوە نیە کاری لەسەر بکەین، ڕەنگە کاریگەرترین کتێب لەمبارەوە لە نوسینی کارل شمت بێت. بەڵکو تەنها یەک ڕەهەندی ئەم شکستە ئاماژە پێدەدەین کە مەڕبوونی پەرلەمانتارانە. گەر لە ئەزمونی ساڵانی ڕابوردوی پەرلەمانی عێراق و کوردستان بنواڕین هەمیشە هەوڵەکان لەناوەوەو دەرەوەی پەرلەمان بەو ئەو ئاڕاستەدایە کە پەرلەمانتاری سرک تەرا بکرێت. ڕەنگە هەوڵدان بۆ ڕاڤەکردنی ئەم پرسە بە پشتبەستن بە تێزە ڕۆژئاواییەکان ئەوەندە ئامانج نەپێکێت. لە تێزی دوکتۆراکەمدا کاری زۆرم لەسەر ڕۆڵی ترادیشیون یان کەلەپور کردووە لە پرۆسەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ترادیشیوانی ئەو ناوچەیە لەگەڵ سیستەمی پەرلەمانی لیبرالدا تەبا نیە. لەمیانەی کارم لە سەر خزم و خزمایەتی و پەیوەندی هەرێمێتی وڵاتان بردمیان بۆ کتێبێکی دەگمەن لە نوسینی هەردوو لێکۆڵەری ئێرانی میهرزاد بروجەردی و کروشی ڕەحیمخانی، کتێبەکە بە ناونیشانی Postrevolutionary Iran: A Political Handbook لەوێدا هەردوو لێکۆڵەر بەپێچەوانەی لێکۆڵەرانی تر لە تیورەو ئایدەلۆژیاوە نایەن بۆ ڕاڤەکردنی سیستەمەکە، بەڵکو دێن بە ووردی ڕایەڵەی پەیوەندییە خزمایەتی و نزیکایەتی و پیاویانەی ناو سیستەمە پێشان دەدەن. سیستەمی سیاسی ئێرانی لەسەر بنەمای ئەوە بونیادنراوە کاتێک کەسێک دەستی دەگاتە دەسەڵات چۆن لە خزم و پیاوەکانییەوە پێگەی خۆی قایم کات و ململانێ و کێبڕکێی ئەوانی تر بکات. کاتێک خامنەئی دەبێت بە سەرۆک کۆمار ٤٠٠ پیاوی خۆی دەهێنێت لە جێگا جیاوازەکان دایاندەنێت هەتا کاری بۆ بکەن. بەردەوام لە کوردستان دەبیستی و دەبینی کاتێک کەسێک تێدەپەڕێت دەڵێن ئەوە فڵانەکەسە، پیاو یان چاوی فڵانەکەسە. بونیادنانی ئەم ووردە تۆڕە لە دەسەڵاتی شەخسی بنەمای تێگەیشتن و پیادەکردنی دەسەڵاتی سیاسییە. بەم پێیە کەسێک بۆ ئەوە سیاسەت ناکات هەتا پرسێکی گشتی لە بواری گشتیدا بوروژێنێت یان داکۆکی لەسەر بکات بەڵکو بۆ ئەوەیە هەتا خۆی بەسەردا بسەپێنێت و پێگەی خۆی تیادا قایم بکات. بەمجۆرەش بردن لە سیستەمەکە بۆ خود، ناچاریی و پێداویستیە. بۆیە دەسەڵاتی سیاسی لە ڕۆژهەڵات گەندەڵ نەبووە. بەڵکو باڵاترین مۆدێلی دەسەڵاتی سیاسی لە ڕۆژهەڵات گەندەڵییە.


ئاسۆس هەردی رۆژی (٢٠/٦) ژمارەیەک میدیاکار لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەو سەبارەت بە ئازادی رادەربڕین و بابەتەکانی رۆژ گفتوگۆیان کرد. سەرەتا ئەبێ ئەوە بڵێم سەرسام بووم بە جورئەت و راشکاویی هەندێ لەو هاوکارە ئازیزانەم، کە بوێرانەو راستگۆیانە هەندێ لە كیشەکانی ئازادی رادەربڕین و کێشە هەنووکەییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانیان رووبەڕوو لەگەڵ سەرۆکی حکومەتدا باس کرد.  ئەوەی بۆ من جێگەی تێڕامان بوو، وەڵامەکانی سەرۆکی حکومەت بوو. پێم وایە گەلێک لە بۆچوونەکانی هی ئەوەن قسەیان لەسەر بکرێت، بەڵام من لێرەدا زۆر بە کورتی تەنها قسە لەسەر ئەو تەوەرانە ئەکەم کە پەیوەندییان بە ئازادیی بیروڕادەربڕین و ئاازادیی رۆژنامەگەرییەوە هەیە. سەرۆکی حکومەت راشکاوانە پێی وتین بڕوای بەوە نیە میدیایەک هەبێت سەربەخۆ بێت. پێی وا بوو میدیای حیزب و سیاسەتمەدارەکان باشترن، چونکە ئاشکرایە سەر بە کێن! هەموو میدیاکانی تریشی تۆمەتبارکرد بەوەی ژێر بەژێر سەر بە لایەکن.  لەسەر ئەو بۆچوونانە تەنها ئەوەندە ئەڵێم، سەیرە سیاسەتمەدارێک لە خۆرئاوا خوێندبێتی کەچی هێشتا هەر بە مەنتیقی موئامەرە بیر بکاتەوەو بە تێڕوانینی ستایلینیانە لە دنیا بڕوانێت! هەر میدیایەک سەر بە خۆی نەبێت، ئیتر چاوی دا بخات و بڵێت کەواتە سەر بە رکەبەرەکانمە، ئەگەر نەڵیت سەر بە دوژمنە. سەیرە ئەوەی لەبیر نەبێت کە یەکێک لە ئەرکە هەرە سەرکییەکانی میدیا چاودێری کردنی دەسەڵاتە، مەحاڵیشە میدیایەک کە سەر بە دەسەڵات بێت بتوانێت لە هەمان کاتدا چاودێر بێت بەسەر خودی خۆیەوە. سەیرە ئەوەی لە بیر نەبێت یەکێک لە مەرجەکانی سیستمێکی دیموکرات و شەفاف و کراوە، جیاکردنەوەی کایەی سیاسی و کایە گشتییەکانی ترە، وەک میدیاو بازاڕو رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی. چونکە لە راستیدا میدیای سەربەخۆ، بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەو میدیایەیە کە لە نێوان حیزبەکاندا سەربەخۆیەو لە دەرەوەی کایەی سیاسییە، واتە لە رووی خاوەندارێتییەوە موڵکی هیچ حیزب و جووڵانەوەیەکی سیاسی نیە، بەڵام چاودێرە بەسەر کایەی سیاسییەوەو کاریگەریی راستەوخۆی لەسەری هەیە. روون و ئاشکرایشە ئەمە بەو مانایە نیە کە هیچ فکرو تێڕوانینێکی سیاسیی نیە، بەڵکو بەو مانایەی گەمەکەرێک نیە لە کایەی سیاسیداو، ئامانجی ئەوە نیە رۆژێک لە رۆژان دەسەڵات بگرێتە دەست. بۆ نموونە (رۆبێرت مەردۆخ)ی خاوەنی دەزگای (فۆکس) کە گەورەترین تۆڕی میدیایی ئەمەریکایە، ئەگەرچی لە رووی فکرییەوە کۆنسێرڤاتیڤەو لە کۆماریخوازەکانی ئەمەریکاوە نزیکە، بەڵام نە بە فەرمانی پارتی کۆماری دەجووڵیتەوە، نە ئامانجی ئەوەیە ببێتە رکەبەری دوو حیزبەکەو فەرمانڕەوایی ئەمەریکا بکا. بە هەمان شێوەش تیم وارنەری خاوەنی (سی ئێن ئێن) کە لە دیموکراتەکانەوە نزیکە. دەتوانین هەمان شت لەسەر نیویۆرک تایمزو واشینگتۆن پۆستی ئەمەریکی و گاردیانی بەریتانی و ... هتد، بڵێین. ئەمانە هەموو میدیان و سەر بە کەرتی تایبەتن، پلانی میدیاییان هەیە، نەک بەرنامەی سیاسی بۆ دەسەڵات گرتنە دەست. هەر لەو دانیشتنەدا، سەرۆکی حکومەت و هەندێ لە رو رۆژنامەنووسانەی لای خۆی کاردەکەن، زۆر باسیان لەوە کرد کە ئەبێ سەرچاوەی دارایی میدیاکان ئاشکرا بکرێت. وتیان ئاشکرایە میدیای حیزب و سیاسەتمەدارەکان لە کوێوە پشتیوانی دارایی دەکرێن، بەڵام پرسیارەکە لەسەر ئەوانەیە کە "لە دەرەوە" هاوکاری مادی دەکرێن. دیارە مەبەستیشیان لە هاوکاریی رێکخراوە قازانج نەویستە خۆرئاواییەکان بوو بۆ میدیای ئازادو میدیای کوردی بەگشتی.  جارێ با ئەوە بڵێم من بە تەواوی لەگەڵ ئەوە پرنسیپە گشتییەدام کە نەک هەر میدیاکان، بەڵکو ئەبێ هەموو دامودەزگا گشتی و تایبەتەکان شەفاف بن و هیچ شتێکی شاراوەیان نەبێت. ئەمە یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی شەڕکردن لەگەڵ گەندەڵیدا. بەڵام پێش ئەوە پرسیارێک هەیە کە ئەو مەنتیقی یاریکردن بە قسەیە خۆی لێ ئەدزێتەوە. ئەویش ئەوەیە: باشە حیزب و سیاسەتمەدارەکان ئەو سەدان ملیۆن دۆلارەیان لە کوێ هێناوە کە لە میدیادا سەرفی ئەکەن؟ داهاتی حیزبەکان چەندەو سەرچاوەکەی چییە؟ مووچەی بەرپرسەکان چەندەو ئەو بودجە زەبەلاحەیان لەکوێ بوو کە لە میدیای سێبەرو سۆشیال میدیای جنێوفرۆشدا سەرفی ئەکەن... هتد؟  بەڕێزان! جارێ ئێوە پێمان بڵێن ئەو پارە زەبەلاحەتان لە کوێ هێناوە بۆ تەمویلی کەناڵەکانتان کە خەرجی یەک مانگی هەر یەکێکیان چەندین ئەوەندەی خەرجی یەک ساڵی هەموو میدیای ئازادە لەکوردستان، ئەوسا هەقتانە بپرسن سەرچاوەی دارایی خەڵکی تر لە کوێوەیە. کورد ئەڵێ: "شووژنێک بکە بە خۆتا، ئینجا دەرزییەک بکە بە خەڵکدا!". دیارە ئەمە بەو مانایە نیە کە من لەگەڵ ئەوەدابم میدیای ئازاد سەرچاوەی داهاتی خۆی بشارێتەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە پێم وایە میدیای ئازاد ئەبێ دەستپێشخەر بێت لە پرۆسەی شەفافییەتدا، تەنانەت ئەگەر یاساکانیش پابەندی نەکەن بەوەی بودجەو داهاتی ئاشکرا بکات. ئەوەندەی لە میدیاشدا کارم کردبێت، پەیڕەویم لەو قەناعەتەی خۆم کردووە. پاشان خۆ هەر خودی میدیای حیزب و سێبەرو رێکخراوەکانی سەر بە حیزب سوودمەندی گەورەی هاوکاریی رێکخراوە قازانج نەویستەکانی خۆرئاوان، بە هاوکاری و پرۆژەی هاوبەشی کۆنسوڵخانەکانیشەوە. باشە بۆ بۆئەوان حەڵاڵەو بۆ خەڵکی تر حەرام؟ فەرموون دەست لە پرۆژە هاوبەشەکانی نێوان میدیاکان و رێکخراوەکانتان لەگەڵ رێکخراوە نێوەدەوڵەتی و کونسوڵخانەکان هەڵگرن، ئینجا بۆ خەڵکیشی حەرام بکەن. سەرۆکی حکومەت وتی لە کوردستان کەس لەسەر کاری رۆژنامەوانی و ئازادی بیروڕادەربڕین نەگیراوە! باسی لەوە کرد رۆژنامەنووس هاوڵاتییەو ئەگەر تاوانێکی ئەنجام دا، دەبێ لە بەردەمی دادگادا بەرپرسیارێتیی تاوانەکەی لە ئەستۆ بگرێت. جەختیشی لەوە کردەوە ئەبێ هەموومان، بە حکومەتیشەوە، پابەندی بریارەکانی دادگا بین. سەیرە! هەر لە بندەستی سەرۆکی حکومەتدا مامۆستا بەدەل بەرواری و شیروان شیروەندی و هاوڕێکانیان لەسەر خۆپیشاندانی ئاشتیانەو کاری رۆژنامەوانی دەستگیرکران و تۆمەتی ناڕەوایان بۆ هەڵبەسترا، کەچی سەرۆکی حکومەت ئەڵی لە کوردستاندا هیچ کەسێک لەسەر بیروڕادەربڕین نەگیراوە! جارێ با ئەوە روون بکەمەوە کە ئازادی رادەربڕین تەنها پەیوەندیی بە رۆژنامەنووسانەوە نیە، بەڵکو بەپێی دەستوورو یاساکان هەموو هاوڵاتییەک خاوەنی ئەو مافەیەو کەس بۆی نیە لێی زەوت بکات. بۆیە کەس مافی ئەوەی نیە بڵێت بۆ نموونە مادام مامۆستا بەدەل رۆژنامەنووس نیە، کەواتە دەبێ مامەڵەیەکی جیاوازی لەگەڵ بکرێ. ئازادی رادەربڕین مافی هەموو هاوڵاتییەکە، بە گردبوونەوەو خۆپیشاندانیشەوە. بە هەمان شێوە ئەو قسەیە هیچ بنەمایەکی نیە کە ئەڵی شیروان شیروەندی ئەندامی سەندیکا نیە، کەواتە رۆژنامەنووس نیە. چونکە لە یاسای رێکخستنی کاری رۆژنامەوانیی ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧دا بەم شێوەیە پێناسەی رۆژنامەنووس کراوە: "رۆژنامەنووس: هەر کەسێک کە لە بواری رۆژنامەگەرییدا لە هەر کەناڵیکی راگەیاندندا کاردەکات" (مادەی یەکەم، بڕگەی پێنجەم). واتە ئەندامبوون لە سەندیکای رۆژنامەنووساندا نەکراوەتە مەرج بۆ شوناسی رۆژنامەنووسی. شیروانیش سەرنووسەری گۆڤارێک بووە کە مۆڵەتی یاسایی هەبووەو چەندین ژمارەی لێدەرچووە. پاشان کێ وتوویەتی رۆژنامەنووس پارێزبەندیی هەیەو نابێ دادگایی بکرێت؟ رۆژنامەنووسیش هاوڵاتییەو ئەگەر دەستی چووە تاوانێک، ئەبێ وەکو هەموو هاوڵاتییەکی تر برپرسیارێتی یاسایی لە ئەستۆ بگرێت. کێشەکە لەوەدایە لەسەر کارەکەی یا خود لەسەر ئازادی بیروڕادەربڕین لە زیندان توند بکرێت. ئەمە نە یاساییەو نە شەرعی. ئینجا با بێمە سەر دادگاو تاوان. دیسانەوە ئەڵێم من هیچ کێشەیەکم لەگەڵ ئەو پرنسیپە گشتییەدا نیە کە ئەبێ هەموومان پابەندی بڕیاری دادگا بین، بەڵام لە چ هەلومەرجێکدا؟ من هیچ ناڵێم، باسی راپۆرتی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و بۆچوونی چاودێرانی یاسایی و ئەندام پەرلەمانەکان لەسەر چۆنییەتیی بەڕێوەچوونی دادگایی کردنی مامۆستا بەدەل و رۆژنامەنووس و چالاکوانەکانی تر ناکەم. تەنها ئەوە بەبیر سەرۆکی حکومەت دەهێنمەوە کە لە سەروبەندی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتدا، ئەو کاتەی دادگاکانی سلێمانی فەرمانی گرتنیان بۆ ژماریەک کەس دەرکرد کە هەندێکیان کادری پارتی بوون، فازیل میرانی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئاشکراو لە بەر چاوی کامێرای کەناڵەکانی راگەیاندندا وتی: "ئێمە کادرەکانمان تەسلیمی دادگا ناکەین، چونکە متمانەمان بە دادگاکانی سلێمانی نیە". پرسیارەکەش زۆر بە سادەیی ئەوەیە، ئەگەر باڵاترین بەر پرسی پارتی متمانەی بە دادگای کوردستان نەبێ، چۆن چاوەڕێ ئەکەن خەڵکی ئاسایی متمانەی پێ بکەن؟ چۆن داوا لە خەڵکی ئاسایی و هاوڵاتیی ئاسایی ئەم وڵاتە ئەکەن بڕوا بەوە بکەن کە هیچ جۆرە دەستێوەردانێک لە دادگاکاندا نیە؟ دواجار سەرۆکی حکومەت رەخنەی لەوە گرت کە رۆژنامەنووسان و چالاکوانان لەگەڵ دیپلۆماتە بیانییەکاندا دائەنیشن و باسی کێشەو کەموکوڕییەکانی حکومەتی هەرێم ئەکەن. ئەم قسانە ئەو تۆمەتانەی وەبیر هێنامەوە کە لە دادگا ئاڕاستەی رۆژنامەنووس و چالاکوانانی بادینان کرابوون: "سیخوڕی، دانیشتن لەگەڵ نوێنەرایەتیی دەوڵاتانی خۆراوا لە هەولێر"! ئەو تۆمەتەی دواتر لەژێر گوشاری ئەو دەوڵەتانەدا لە لیستی تۆمەتەکان دەرهێنرا. ئەمە لە کاتێکدایە کە سەری زمان و بنی زمانی حکومەتی هەرێمەکەی ئێمە ئەوەیە ئەو دەوڵەتانە هاوپەیمان و دۆستمانن و ئێمەش بەشێکین لە هاوپەیمانێتیی ئەوان. باشە ئەگەر دانیشتن لەگەڵ ئەو نوێنەرایەتییانە سیخوڕییە، یاخود لانیکەم کارێکی نەشیاو و هەڵەیە، بۆچی رێگە بە میدیاو رێکخراوەکانی خۆتان ئەدەن خواخوایان بێت بانگهێشتی یەکێک لەو کونسوڵخانانە بکرێن و وێنەکەی لە فەیسبووک بڵاوبکەنەوە؟ جگە لەوەش، ئەگەر خەمی ناو و ناوبانگی هەرێمی کوردستانتانە، باشترە رێگە لە پێشێلکارییەکان بگرن و کەموکوڕییەکان چارەسەر بکەن، نەک هەرچی قسەی لەسەر ئەو کەموکوڕییانە کرد، تۆمەتباری بکەن بە سیخوڕی و دەستی دەرەکی. وێنەی هەرێم بە شاردنەوەی کێشەکان جوان ناکرێت، ئاخر لە کوێی دنیادا رووبەرێک دەدۆزینەوە بێ کێشەو کەموکوڕی بێت؟ وێنەی هەرێم بەوە جوان ئەکرێت، جورئەتمان هەبێ بە ئاشکرا باسی کێشەکان بکەین و هەوڵی چارەسەرکردنیان بدەین. بەوە دەکرێت بیسەلمێنین ئێمە هەرێمێکین ناترسین لەوەی لە رووناکیدا باسی کەموکوڕییەکانی خۆمان بکەین و بە جورئەتەوە دەست بۆ چارەسەرکردنیان بەرین. دانیشتنی ئاشکرای چالاکوانان لەگەڵ نوێنەرایەتییەکانی خۆرئاوا کێشە نیە. کێشەی گەورە نفووزو دەسەڵاتی ئەو دەوڵەتە دراوسێیانەیە کە پەیوەندیی رەسمییان لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی ئێمە هەیەو هەر رۆژەی زەبرێکمان لێ ئەوەشێنن. بەداخەوە حکومەتی هەرێمەکەی ئێمەش هیچ دەسەڵاتێکی بەربەرچدانەوەیانی نیە، وەک خۆشتان راشکاوانە باسی ئەکەن. کەسیش نازانیت لە دانیشتنە داخراوەکان لەگەڵ ئەو دەوڵەتاندا چی دەگوزەرێ و چی دەوترێ. دواجار ئەگەر دانیشتن لەگەڵ دیپلۆماتە خۆرئاواییەکاندا تاوانە، بۆچی یەخەی ئەوان ناگرن و ئەو چالاکییانەیان لێ قەدەغە ناکەن؟  ئەو قسانەی سەرۆکی حکومەت بۆنی ئەوەیان لێ ئەهات، بیر لە سنووردارکردنی پەیوەندی رێکخراو و دامودەزگا میدیاییەکانی هەرێم لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماتە بیانییەکان بکاتەوە. هیوادارم بە هەڵە تیگەیشتبم، بەڵام ئەگەر وابێت، ئیدی تەنها هەنگاوێکمان ماوە بۆ ئەوەی بگەین بە سیستمێکی داخراوی وەک ئێران و میسرو سووریا.


 نەوزادی موهەندیس • عێراق بۆ ماوەی 19 ساڵی ڕێكە دوای بەناو ئازادكردنی، لەجیاتی ئەوەی هەنگاو بۆ پێشەوە بنێت لەسەر هەموو ئاستە سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئاوەدانیەكان و..هتد.. بەداخەوە ڕۆژ بەڕۆژ و ساڵ بەساڵ بۆ دواوە پاشەكشەدەكات، هەمووشی بەهۆی لەلایەك ململانێ ناڕەواكانی نێوان حیزب و سەركردە سیاسیەكان لەناوخۆ و دواتریش ململانێ ئاینی و مەزهەبیەكانی نێوان یەك ئاین و یەك مەزهەبیش و دواتر لەنێوان نەتەوە و پێكهاتە جیاوازەكان و لەلایەكی تریشەوە بەهۆی دەستێوەردانە دەرەكیە بەردەوامەكانی وڵاتانی ناوچەكە و دونیاشەوە هێندەی تر دۆخی سیاسی عێراق بە ناجێگیری و ناڕۆشنی ماوەتەوە و لەئێستاشداو دوای19 ساڵ هێشتا لە بازنەیەكی بۆشدا دەسوڕێتەوەو چەقیوەتە ناو تونێڵێكی تاریك و تونی واوە كە تروسكایەكی لاوازیش نابینرێت بۆ قوتاربوون لەو چەقبەستووییە. • لەئێستادا و دوای نزیكەی 9 مانگ لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی 10/10/2021وە هێشتا لەبەر ئەو هۆكارانەی سەرەوە نەتوانراوە كە ئۆرگانە سەرەكیەكانی حوكمڕانی لە عێراقدا هەڵببژێردرێن و عێراقیش ببێتە خاوەنی حكومەتێكی بەهێزو دەستەبەكار بۆ ئەوەی عێراق لەو چەقبەستوە سیاسی و ئابوری و ئەمنیەی ڕزگاربكات. هەموو ئەم ململانێیانەش لەئێستادا كورتكراونەتەوە لە ململانێ كەسیە ((كۆن و نوێ))كانی نێوان موقتەدا صەدری ڕابەری ڕەوتی صەدرو نوری مالكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا، كە هیچ كامیان بە ڕابەرایەتی و دەسەڵاتی ئەویدی ڕازی نیەو تەنانەت نەیانتوانیوە چاویشیان بەیەك بكەوێت و لانی كەم تەوقەیەكی سیاسیش بكەن لەنێو ماڵی شیعیداو بەم كارەشیان لەلایەك نێوماڵی شیعیان كەرت و پەرت كردوەو تەواوی عێراقیشیان گیرۆدەی دۆخێكی سیاسی ناڕۆشنكردوە. سەرەڕای هەموو هەوڵەكانی 9 مانگی ڕابووردوو تائێستا نەتوانراوە ئەو تەوق و چەقبەستوە سیاسیە تێكبشكێنرێت. هەرچەندە لەهەردوولاوە پەنایان بردە بەر دەستشكانەوەو ملبادانی یەكتری بە پێكەوەنانی بەرەو چوارچێوەی دژ بەیەك بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان بسەپێننە سەر یەكتری بەناوی دروستكردنی زۆرینەی پەڕلەمانیەوە، بەڵام خۆشبەختانە هیچ كامیان نەیانتوانیوە ئەو كارە بكەن. • لەئێستادا و دوای بێهیوابوونی صەدر لەدەرچوون و سەركەوتن لەگەیشتن بەبەرنامەو خواستەكانی لە پێكەوەنانی حكومەتێكی نیشتیمانی سەربەخۆی نەڕۆژهەڵاتی ((ئێرانی))و نەڕۆژئاوایی ((ئەوروپاو ئەمریكاو هاوپەیمانەكانیان لە ناوچەكەدا))، بەناچاری وەكو سیاسیەكی بێ ئەزموون و نەفەس كورتی سیاسیانە بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەی 73 ئەندام پەڕلەمانەكەیداو لەئێستاشدا بڕیاری كشانەوەی لەتەواوی جومگەو پلەو پۆستە حكومیەكانیشدا داوە لەسەرتاسەری عێراقدا. لەلایەك ئەم هەڵوێستەی صەدر بۆتە هۆی شڵەژانی زیاتری دۆخی سیاسی و سەرهەڵدانی گریمانەی نوێ بۆ ئایندە، لەوانە: گریمانەی كودەتای سەربازی و شەڕی میلیشیایی ناوخۆیی و ئاژاوەو بێسەروبەری و هەڵبژاردنێكی نوێی پەڕلەمانی ودوایش نەمانی ئەوەی پێی دەوترێت نەزم و یاسا و دەستور و دەوڵەت وفەوزا،كە هەموو ئەمانەش لەبەرژەوەندی عێراق و عێراقیەكاندا نیە، دووریشە وڵاتانی ناوچەكە و دونیاش لێبگەڕێن كە بەو ئاڕاستەیە عێراق هەنگاو بنێت.لەلایەكی تریشەوە بوە هۆی هەڵوەشانەوەی بەرەی ڕزگاری نیشتیمانی 3 قۆڵی و هەردوو هاوپەیمانەكەی خستە دۆخێكی ئیحراجیەوە كە لە نیوەی ڕێگادا بەجێی هێشتن و سەرگەردانی كردن.بەڵام لەلایەكی تریشەوە وەك دەڵێن دەستی چوارچێوەی هەمئاهەنگی كردەوە و دەروازە گەلێكی فراوانی  خستە بەردەمیان بۆ ئەوەی بتوانن كە حكومەتی نوێ پێكبێنن.بەمەرجێك شوێنگرەوەكانی ئەندام پەڕلەمانەكانی صەدر لەخەڵكانی سەر بە سەربەخۆ و چوارچێوەی هەمئاهەنگی بن بۆ ئەوەی بتوانن زۆررینەی ناو پەڕلەمان پێكبێنن.ئەگەر نا ئەوا كارەكە هەروەكو خۆی دەمێنێتەوە.لەئێستادا چوارچێوەی هەمئاهەنگی كەوتونەتە خۆ بۆ دانوسان لەگەڵ هەمواندا بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سیاسیە نادیار و لێڵ و نوێیە،و ڕایانگەیاندوە لەدوا جەژنی قوربانەوە هەوڵەكانیان گەرموگوڕتر دەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئایندە. • بەڵام لێرەدا پرسیارێك دروست دەبێت، كە ئایا ئەو حكومەتەی بەبێ صەدریەكان پێكبێت دەتوانێت لەبەردەم گوشارو فشارە جەماوەریەكانی صەدریەكاندا تاسەر خۆڕابگرێت؟ ئایا لەگەڵ ئەو هەموو دەسكەوت و داهاتە زۆروزەوەندەی نەوتی ئەم چەند مانگەدا كە حكومەتی عێراقی دەستیكەوتوە، دەتوانێت خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاریە سەرەتاییەكان بۆ هاوڵاتیان دابینبكات، كە مەرجی هێوربونەوەی جەماوەری توڕەو سەركەوتنی حكومەتەكەشە؟ و دەیان پرسیاری تر. بۆیە گرنگە هێزو سەركردە سیاسیەكانی چوارچبێوەی هەمئاهەنگی زۆر بەووردی و دیقەت و ووریاییەوە لە هەنگاوە چاوەڕواننەكراوەكانی صەدر بڕوانن و بەكەمی نەزانن و ڕەنگە تەپكەیەكی سیاسی بێت بۆ تێكەوتنی ئەو حكومەتەی ئایندە بێت! چونكە صەدریەكان توانای بەئاسانی توانای جوڵاندنی شەقامی توڕەی عێراقیان هەیە لەكاتێكدا بۆخۆی كەشوهەوا سیاسیەكە پاڵنەرو یارمەتیدەرە بۆ تەقینەوەو لێكهەڵوەشان و قڵپبونەوەی یەكجارەكەی. بەتایبەتیش گەر چوارچێوەی هەمئاهەنگی بیر لەوەبكەنەوە جارێكی تر نوری مالكی بكەنەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق. چونكە هێندەی تر بەنزین بەسەر ئاگری توڕە و ڕق و قینی كۆن و نوێی موقتەدا دەكات و چی لەدەست بێت بۆ شكاندن و هەیبەت و شكستپێهێنانی مالكی ئەنجامی دەدات. لەبیرمان نەچێت نە صەدرو نەمالكی فریشتە نین و هەردووكیان تاقیكراونەتەوە لەهەڵوێست و گوتارو كرداریاندا لە كاتی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتیشیانداو بەتایبەتیش مالكی لە گەڕی دووەمی دەسەڵاتیداو بەدیاریكراویش لە 6 مانگی یەكەمی ساڵی 2012دا كە ئەوكاتیش ببەوە تاكڕەو و حسابی بۆ كوردو مافەكانی نەدەكردو كارگەیشتە ئەوەی كە بارزانی و نوجەیفی و عەلاوی و...هتد. متمانەی لێوەربگرنەوە. ئەوە موقتەداشە كە هیچ كات ناتوانرێت پشتی پێببەسرێت بەهۆی ڕاڕایی و ناجێگیری هەڵوێست و بڕیارەكانی و دواتریش نیەتەكانی بۆ وەلانانی پشكپشكێنەی نەتەوەیی و تایەفی و ئاینی لە داهاتوودا.و هەڵوەشانەوەی هێزی پێشمەرگەو جێبەجێنەكردنی مادەی 140ی دەستوورو هەمواركردنەوەی دەستور وپشتگیركردنیشی لە بڕیارەكانی دادگای دەستوری و...هتد. كە هەموانیان دژ بە بەرژەوەندیەكانی كوردو كوردستانن. بۆیە سەرەتا وەكو كورد گەرەكە نێوماڵی خۆی ڕێكبخاتەوەو یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بێت و نەچێتە ناو هاوپەیمانی و بەرەی نەشیعەكان و نە سونەكانەوە و تەنهاوتەنها پێكەوەو بە یەكویەكگرتوویی نێوماڵی كورد پتەو و بەهێز بكەنەوەو پێدابگرن لەسەر ماف و ئیستیحقاقە دەستوری و نەتەوەیەكانی كوردو لێگەڕێن بۆ ئەوەی شیعەو سونە كێشەو ململانێكانی نێوخۆیان دوور لە كورد چارەسەر بكەن ئەگەر توانیان.  بەپێچەوانەوە هێندەی تر نێوماڵی كورد پەرتەوازەو لێكدوور دەكەوێتەوە. هەربەمەش دەتوانرێت عێراق لەم دۆخە قەتیس و ناجێگیرو ناڕوونە سیاسیەی دەربازبكرێت.و كوردیش ئەوەی دەیەوێت بەدەستی بێنێت. ئەگەر نا ئایندەی عێراق  وەكو دەوڵەت لەئێستادا لەهەموو كات لەبەر مەترسی لێكهەڵوەشان و نەماندایەو ئەمەش بۆخۆی لە بەرژەوەندی كورد تەواو دەبێت.  


عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا چۆن ئه‌و خولیا فاشییه‌ له‌ناو سیاسه‌تی كوردیدا كۆتایی پێبهێنین، كه‌ له‌ ململانێی سیاسیدا، به‌خه‌یاڵدانی له‌ناودانی یه‌كتر، كارده‌كات؟ چۆن ئه‌م مه‌ترسییه‌ جڵه‌و بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م ململانێی ئاشتییانه‌ له‌نێوان هێزه‌كانماندا هه‌بێت، هه‌م-یش ئه‌گه‌ری گۆڕانكاری و ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات، وه‌ك زاده‌ی ئه‌و ململانێیه‌، ئه‌گه‌رێكی ئاسایی و مومكین بێت؟ ئه‌م پرسیارانه‌ له‌ واقعی سیاسیی كوردستاندا، چاره‌نوسسازن، چونكه‌ ره‌گه‌زی فاشییانه‌، كه‌م و زۆر، له‌ سیاسه‌تی زۆربه‌ی هێزه‌ كوردییه‌كاندا، هه‌یه‌. ئه‌وان، زۆرجار، به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك له‌ ره‌فتاری سیاسیی یه‌كتر تووڕه‌ن، بوونی یه‌كترییان لێ ده‌بێته‌ بارو به‌ڵا!، هه‌ندێجار، ته‌نانه‌ت ده‌گه‌نه‌ ئه‌و تێزه‌ مه‌ترسیداره‌ی كه‌ له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتریدا "تاقه‌ چاره‌سه‌ر" ته‌نها كۆتایی پێهێنان و له‌ناوبردنه‌..!. ئه‌گه‌ر هه‌ندێ له‌ ئه‌ده‌بیاتی نوسراو، زانیاریی دزه‌كردووی ناو كۆبوونه‌وه‌ حزبییه‌كان، شایه‌تیدانه‌ مێژووییه‌كانی شایه‌تحاڵانی ناو بزووتنه‌وه‌ی سیاسی، بپشكنیت، نموونه‌ی تێزی په‌ڕگیرانه‌ی وه‌های زۆری تێدا ده‌دۆزیته‌وه‌!، به‌تایبه‌تی كه‌، له‌هه‌موو حزبێكدا، ئه‌گه‌ر باڵی هه‌ڵۆو سه‌ربازییش بوونی نه‌بێت، ئه‌وا، لانیكه‌م، ده‌نگی په‌ڕگیرو هه‌ندێجاریش بڕیارده‌ستی شه‌ڕانگێزی له‌و فۆرمه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ململانێی سیاسیدا، به‌ خه‌یاڵدانی له‌ناودان بیر له‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ركابه‌رانی سیاسیدا ده‌كاته‌وه‌!، به‌تایبه‌تی كه‌ هه‌ندێجارو له‌هه‌ندێ هه‌لومه‌رجی دیاریكراودا، كه‌ تیایدا ململانێی ئاشتییانه‌ ده‌گاته‌ بنبه‌ست، خۆبه‌خۆ ئیتر، ئه‌و خه‌یاڵدانه‌ فاشییه‌، ره‌واجی خۆی په‌یدا ده‌كات!. ئه‌و ره‌واج وه‌رگرتنه‌، ئه‌گه‌ر كاتی و تێپه‌ڕیش بێت، به‌ ته‌نها به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی، له‌هه‌ندێ چركه‌ساتی مێژووییدا، كه‌ ره‌شبینی و هه‌ڵچوون باڵ به‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كاندا ده‌كێشن، ببێته‌ خه‌یاڵدانی گشتیی حزبی كوردی، ببێته‌ قه‌ناعه‌ت و بڕیاری بڕیاربه‌ده‌ستان، به‌بۆنه‌ی ئه‌وه‌شه‌وه‌ بچینه‌وه‌ ناو ده‌ورانی تری به‌ریه‌ككه‌وتنی ناوخۆی خوێناوییه‌وه‌، چ جای بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كی وه‌ك كورد، كه‌ به‌هۆی دابه‌شبوون و بێ قه‌واره‌یی و پیلانی دوژمنانه‌وه‌، به‌ ئه‌ندازه‌ی جه‌نگی له‌گه‌ڵ داگیركه‌راندا، شه‌ڕی ناوخۆیی كردووه‌!، لانیكه‌م له‌سه‌رده‌می ئه‌ماره‌ته‌ كوردییه‌كانه‌وه‌: ئه‌رده‌ڵان (1169-1867ز)، بابان(1649-1851ز)، به‌هدینان (1376-1843ز)، هه‌كاری سه‌ده‌ی شازده‌، سۆران (1816-1838ز) و زۆری تریش، كه‌ زۆربه‌یان له‌سه‌ر ده‌ستی یه‌كتر روخان!، تا ده‌گاته‌ براكوژییه‌كانی شه‌سته‌كان و ته‌نانه‌ت ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی بیستیش!. بێگومان، ئه‌و قه‌ده‌ره‌ شوومه‌، وه‌ك برینێكی وجودی و سایكۆلۆژی، له‌ناخی هه‌موو مرۆڤێكی كورددا ماوه‌ته‌وه‌و، هۆشیارییه‌كی دووفاق-ی بۆ دروستكردووه‌!، له‌سه‌رێكه‌وه‌، به‌وه‌ بێدارى كردۆته‌وه‌ كه‌ شه‌ڕی خۆكوژی له‌به‌رژه‌وه‌ندیی داگیركه‌راندایه‌، له‌سه‌رێكی تریشه‌وه‌، رقی مێژوویی به‌رامبه‌ر به‌ خودی كوردبوون خۆی و تێكشكانی وجودی بۆ ده‌بوژێنێته‌وه‌!، بۆیه‌ ده‌بینی، هه‌ندێجار، له‌گه‌ڵ هه‌ر گرژییه‌كی ناوخۆییدا، ده‌بێته‌وه‌ به‌دێوه‌زمه‌و بگره‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌شه‌و دنه‌دان بۆ توندتیژی و سڕینه‌وه‌ی یه‌كتر!. به‌كورتی، خه‌یاڵدانی له‌ناودان، خه‌یاڵدانێكی فاشییانه‌یه‌، فاشییه‌تیش، پێش ئه‌وه‌ی پیرۆزكردنی ده‌وڵه‌ت، ناسیۆنالیزمێكی ره‌گه‌زپه‌ست، ره‌تكردنه‌وه‌ی دیموكراسی و فره‌یی Pluralism، باڵاده‌ستیی سیسته‌مێكی سته‌مكار، مه‌زنكردنی خواهانه‌ی رێبه‌ر، نه‌هێشتنی ئازادیی ئابوری و سڕكردنی چینه‌كان بێت، ئایدیۆلۆژیایه‌كی تۆتالیتێره‌، ره‌فتارێكی حزبییانه‌ی په‌ڕگیره‌و، ئه‌زموونه‌ كاره‌ساتباره‌كانی، له‌و كاتانه‌دا، ده‌رده‌كه‌ون كه‌ شوێنكه‌وتووانی ده‌گه‌نه‌ ده‌سه‌ڵات.  واته‌ فاشیزم، هه‌ر ته‌نها له‌حزبی حوكمڕاندا خۆی نمایشناكات، به‌ڵكو له‌حزبی به‌رهه‌ڵستكاریشدا!، به‌ڵگه‌ش هه‌ردوو ئه‌زموونی فاشیزمی ئیتاڵی و نازیزمی ئه‌ڵمانییه‌ كه‌ هه‌ردووكیان، پێشتر، وه‌ك هێزی به‌رهه‌ڵستكاربوون، جوڵانه‌وه‌ی جه‌ماوه‌رییان پێكده‌هێناو هه‌ردووكیشیان به‌ هه‌ڵبژاردن گه‌شتنه‌ په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵات!، فاشیه‌كانی ئیتاڵیا له‌ (1921ز)و نازیزیه‌كانیش له‌ (1932ز)، بۆیه‌ ده‌بێ له‌ئه‌زموونی كوردستاندا، پێش ئه‌وه‌ی، به‌سه‌ر هێزی ده‌سه‌ڵاتدارو به‌رهه‌ڵستكاردا، دابه‌ش ببین، هه‌موومان له‌به‌ره‌یه‌كی به‌هێزی دژایه‌تیكردنی توندوتیژی و خه‌یاڵدانی له‌ناودان بین كه‌ خه‌یاڵدانێكی فاشییانه‌یه‌و به‌كاره‌ساتی گه‌وره‌ بۆ گه‌لان ته‌واو ده‌بێت. ...  توێژەر لە ناوەندی ئەکادیمیی توێژینەوەی نیشتمانی ACNS


سه‌ردار عه‌زیز زۆر پێش کەسێکی وەک زیباکەلام بە گوێمانیدا بدات، دیدی ئەوەی کە گۆڕین و گەشە و چاککردنی کۆمەڵگا لە پەروەردەوە دەست پێدەکات، دەمێکە وەک کڵێشەیەکی لێهاتووە. من بەردەوام ئەم دەربڕینە حازرباشەم گوێ لێدەبێت. وەک زۆر دەبڕینی تر، وتراوێکی بیرلێنەکراوەیەو ئەوانەی دەیڵێن، بڕوای تەواویان هەیە کە ئەگەر بێتوو ئەوە بکرێت، ئەوا گەشەو پێشکەوتن، مسۆگەرە، ئاغای زیبا زیاتر لە ئەوە ڕۆشت و بڕوای وەهایە ئەوە تاکە جیاوازی نێوان ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵاتە. کە بۆخۆی باڵاترین ئاستی دەبەنگییە، کە ڕۆژئاواو وەرچەرخانی لە یەک هۆکارو فاکتەردا کورت بکەیتەوە. پرسی ئەوەی بۆچی ڕۆژهەڵات دواکەوت و ڕۆژئاوا پێشکەوت پرسێکی زانستی نییە، هێندەی دەربڕی دۆخێکی دەرونی بیمارە. دەمێکە ئیسلامییەکان پێوە گیرۆدەن و پرسیارەکەیان وەک جۆرێک لە سەرسوڕمان و نەدەبوایە ببێت، دەردەبڕن. بەتایبەتی زۆرێک لە موسوڵمانە سیاسییەکان خۆیان لە ئاستی مێژوویی و کەلتوری و ئەخلاقی و چەندین بواری تردا باڵاتر دەبینن لە ڕۆژئاوا. ئەم دۆخە دەرونییەش وەهایکردووە کە پرسیارەکە نەبێتە پرسیارێکی مەعریفی بەڵکو هەمیشە وەها وەڵام بدرێتەوە، کە ئێمە لە هیچمان کەمتر نیە تەنها یەک بوار نەبێت، ئەگەر بێتوو ئەوە بکەین ئەوا پێشکەوتن مسۆگەرە. پرسی پەروەردە تەنها کرۆکی پرۆژەی ئیخوان نییە. بەڵکو لای برادەرانی پەکەکەو چەپ و ماوییەکان و زۆری تریش دەیبینیت. چەمکی پەروەردە بەگشتی لای ئەو هێزانە ڕەواجی هەیە کە خاوەن ئایدەلۆجیان. بوونی ئایدەلۆجیا وەهایان لێدەکات کە وەها بیربکەنەوە، ئەگەر بێتوو لە ڕێگای پەروەردەوە کۆمەڵگا بە ئایدەلۆجیاکەت ئاشنابکەیت و ڕای بهێنیت ئەوا نەوەیەکت دەبێت لەسەر بنەمای ئایدلۆجیاکەت و بە باشی ڕەفتار دەکات و کۆمەڵگا پێش دەکەوێت. ئەمە کرۆکی ئەفسانەکەیە. بەو مانایە بەکاربردنی دەزگایی و سیستەمی خوێندن یان پەروەردە بۆ دروستکردنی مرۆڤ و کۆمەڵگایەکی ئایدەلۆجی. ئەم دیدەیە کە پاڵنەری ئەوەبوو حیزبە ئیخوانییەکان هەڵپەی دەست گەیشتن بە بواری پەروەردە بدەن و لەوێوە کۆمەڵگایەکی هەڵگری بیری خۆیان بەرهەم بهێنن. ئەم دیدە لە میانەی ڕەخنە لە گۆڕاندا بەکاردەبرێت کە دەبوایە گۆڕانیش وەهای بکردایە، پەنای بۆ پەروەردە ببردایە نەک چەک و پارە. ئەم دیدە حازرباشە لە چەندین لاوە هەڵەیە: یەکەم، نە وەرچەرخانی ڕۆژئاوا تاک فاکتەرەو نە هیچ مۆدێلێکی گەشە لە دونیادا تاک فاکتەر بووە. گەر لە مێژوی بە ئایدەلۆژیاکردنی مرۆڤەکان و کۆمەڵگا بنواڕیت لە مێژوودا، ڕەنگە کۆمیونیستەکان و ماوییەکان زەقترین نمونە بن، بەڵام لە هیچ کوێ نەبونە مایەی هیچ گەشەیەک. دووەم، بیرکردنەوەی تاکڕەهەندی لە گەشە یان وەرچەرخان، بیرکردنەوە نیە، هێندەی دەربڕینی کۆمەڵێک ڕستەی کڵێشەیی ئامادەکراوە. بەم پێیە ئەمجۆرە بیرکردنەوە هەتا ئەوپەڕی ئاسانگەرایەو بێئاگایە لە مێژوو و فەلسەفەو قەیرانەکانەنی گەشەو مۆدێلەکانی. سێیەم، ئەم جۆرە بەناو بیرکردنەوە هەتا باڵاترین ئاست میکانیکییە. بەتەواوی بێئاگایە لە ئاڵۆزی مرۆڤ و مێژووی و کەلتوری و دۆخی جودای لە جێگا جیاوازەکاندا. زۆر بەدڵناییەوە دەڵێت، ئەگەرئەمەبکەیت، ئەوا ئەوەت دەستدەکەێت. چوارهەم، ئەم جۆرە بیرکردنەوانە نامێژوویین. بەو مانایە ڕەنگە لە ساتەوەختێکدا پەروەردە گرنگ بوبێت، بەڵام مانای ئەوە نیە کە هەمیشە باشی پەروەردە حەتمەیەتی گەشەیە. پێنجەم، ئەم مۆدێلە بێئاگایە لە هەموو ئەو تێزە زۆرانەی کە دەربارەی پرسی چیەتی گەشەو چۆنێتی کراون. لە کتێبی بۆچی گەلان یان دەوڵەتان شکست دەهێنن، جەیمس و حاتچەمئۆغلۆ گرنگی بە دەزگاو جۆری سەرچاوی سامان دەدەن. لای ستیفان دیرکۆن شوناس و بایەخ و دیدی نوخبەیە. لە چەندین دەیەی ڕابوردوودا سەرجەم پرۆژەی مۆدێرنەگەریی بوو. گەشە کاتێک دێتە دی کە بڕیارو خواست هەبێت بۆ گەشە. بۆ پیادەکرنی ئەم بڕیارو خواستە بە دوای بنەمای زانستیدا بگەڕیت بۆ چۆنێتی گەشەو مۆدێلە نزیکەکان. لە هەمانکاتدا بڕوابوون بە بونیادی ئاڵۆزی فرە رەهەندی و فرە قۆناغی. بۆ نموونە کاتێک ئایرلەندییەکان بڕیاریاندا بەرەو ئاڕاستەی گەشە بڕۆن، خوێندنیان خۆڕایی کرد، بەڵام ئەمە بە تەنها بەس نەبوو، دەبوو کارگە بهێنن بۆ ئەم خوێندەوارانە، لەم ڕوانگەیەوە پەنایان بۆ دوو سەرچاوە برد، یەکەم توێژی هەندەرانی ئایرلەندی و دووەم، داڕشتنی سیاسەتێکی باجداریی کە بە سودی کۆمپانیا گەورەکان بێت. پاشان سودبینی لە ئەندامێتی یەکێتی ئەوروپاو بەکاربردنی زمانی ئینگلیزی بۆ بوون بە دەروازی کۆمپانیا ئەمریکاییەکان بۆ ئەوروپا. لە هەمانکاتدا پشتیوانی خێزانەکان بۆ ئەوەی بتوانن مناڵەکانیان بەردەوامی بە خوێندن بدات. دوورکەوتنەوە لە ئایدەلۆژیای ئایرلەندای کاتۆلیکی پاک، بەهۆی بیرمەندو بیرۆکراتێکی وەک ویتیکەرەوە. زۆر شتی تر. بەڵێ سیستەمی خوێندن نەک پەروەردە گرنگە. چەمکی پەروەردە چەمکێکی دژە ئازادییە. مرۆڤی پەروەردەکراو مرۆڤێکی داهێنەر نیە. بەڵام دەبێت سیستەمی خوێندنت پەیوەست بێت بە سیستەمی ئابوریتەوە. هەروەها سیستەمی سیاسیت ڕابەرو ئاسانکەری ئەم پرسە بێت. لە هەمانکاتدا نەترسیت لەوەی کە چینی ناوەندی ڕاستەقینە دروست بێت و داوای دیموکراسی ڕاستەقینە بکات، بەو مانایە واز لە مۆنۆپۆلی و خەیاڵی حوکمی هەمیشەیی و بنەماڵەی و خێزانی و خوشک و برایی بهێنیت. ڕێگا بدەی خەڵک بیربکەنەوە. نەک بە سۆشیال میدیا هەموویان توشی نەخۆشی دەرونی بکەیت.


گۆران هەڵەبجەیی لە سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵاتدا دامودەزگا و دامەزراوەکانی دەوڵەت لەزۆرترین حاڵەتدا نوێنەرایەتی جۆری ئەو  دەسەڵاتە دەکەن کە وڵات بەڕێوەدەبات،دەتوانین بڵێین ئاوێنەی  جۆری ئەقڵیەت و بیرکردنەوەو ڕەفتاری حیزبە حکومڕانەکانن. گەر دەسەڵاتێک خاوەن بەرنامە و پلان و خەمخۆری خەڵک بێت و ئەولەویەتی کارەکانی خۆشگوزەرانی و پاراستنی کەرامەتی هاوڵاتیان بێت،کەواتە  گەرەکە و سرووشتیە کە سەرجەم پێکهاتەکان ،ئەوانەی نوێنەرایەتی دەوڵەت دەکەن لەسەر هەمان ڕیتم بڕۆن و بەهەمان نەفەس کاربکەن. لەدەمی دەسەڵاتی نازیەکاندا لە ئەڵمانیا سوپا،پۆلیس، ئاسایش{گستاپۆ} ، مەلیشیای حیزبی،ڕێکخراوەکانی لاوانی نازی و سەرجەم هێزەچەکدارەکانی وڵات ،تەنانەت فەرمانگە میریەکانیش،ڕەفتاروکرداریان ڕەنگدانەوەی سیاسەتی باوی نازیەکان بوو.ئەندامانی ئەو هێزانە بەدڕندەیی و سادیەت ناسرابوون ،کووشتنی مرۆڤ لە کنیان لە کووشتنی چۆلەکە ئاسانتر بوو،ئیهانە و ئەشکەنجەدان و شکاندنی کەرامەتی مرۆڤەکان لەلایان کارێکی ڕۆتین بوو، بەجۆرێک لەگەڵ ئەو جۆرەکارە نامرۆڤانە ڕاهاتبوون، لەزەتیان لێ دەبینی و خەنی دەبوون پێی. ئەم جۆرە پەروەردەیە بەبەرنامە کرابوو ،ویست و   لەماوەی دەسەڵاتی جووت حیزبدا  لەلایەن پیاوانی ئەو دەزگایانەوە بەردەوام سوکایەتی، تێهەڵدان، ئازاردان ،گرتن و زۆر کاری نابەجێ و نایاسایی بەرامبەر بە هاوڵاتیان کراوەو دەکرێت ،دەمێکیش لەسەر ئەم تێهەڵدان و کەرامەت شکاندنانە دەبێتە هەرا ،بەرپرسێکی ئەو دەزگایە یا کەسێکی سەرووتر زۆر بێباکانە دەڵێت ،ئەو کارە فەردی بووەو ئێمە ڕێز لەیاسادەگرین و بکەران سزادەدەین،وەک ئەوەی یەکەمجاربێت کاری واڕوویدابێت. هەر زۆری پێناچێت هەمان شت لە شوێنێکی دیکەو بەرامبەر بە کۆمەڵە کەسانێکی دیکە دووبارە دەبێتەوە .کێشەکە لەوەدا ئەم ئەفسەرو پۆلیسانە بەو ئەرکە هەڵناسن کە دەبێ پێی هەڵسن ،بەڵکو ئەوان پاراستنی حیزب و دەسەڵات بەئەرکی سەرەکی خۆیان دەزانن ،بەوەی دووشەق زیاتر بوەشێنن ئافەرینێک و پلەبەرزکردنەوەیەک وەردەگرن. ئاخر گەر کارمەندانی دەزگایەکی گرنگی وەک  پۆلیس کە بەرکەوتنی ڕۆژانەیان لەگەڵ هاوڵاتیاندا هەیە ،گەر ئەمانە لە ژیانی کارکردنیاندا خولێکیان بۆ نەکرابێتەوە، ئامۆژگاری و ڕێنمایی نەکرابن دەربارەی چۆنیەتی مامەڵەی جوان و مەدەنیانە لەگەڵ هاوڵاتیاندا،یاخود باسی ئەزموونی مامەڵەی شارستانیانەی پۆلیسی وڵاتە پێشکەوتووەکانیان بۆ نەکرابێت ،کەواتە هەر چاوەڕێی شەقوەشاندن و شکاندنی کەرامەتی خەڵکیان لێدەکرێت. ڕاستیەکیش هەیە کە دەبێ بیزانین ،ئەویش ئەوەیە کە  جووت حیزب پێویستیان بەم جۆرە بەڵتەجی و شەق وەشێنانە هەیە ،هەر ئەمانەن بە شەق و بۆکس و تووندووتیژی کۆڵەکەکانی دەسەڵاتیان ڕاگرتوە. ئەمانە بەوەفاترین خزمەتکاری دەسەڵاتن ، ئاوێنەی سرووشتی دەسەڵاتن،دەسەڵات خۆی مرۆڤ کوژە ،نادادپەروەرە ،نادیموکراتە،گەندەڵە سەرکووتکەرە،ئێ خۆ ناکرێت ڕێبازی دەسەڵاتێک بەوجۆرەبێت و چەکدارەکانی بەجۆرێکی تربێت . وەک پێشتر ئاماژەم پێدا ئەوانە لە دوای وەشاندنی هەر شەقێکدا مووچەو پلەیان بەرزدەکرێتەوە،جا گەر هەندێک لە بەرپرسە پەیوەندیدارەکان  باسی ڕاگرتن یا لەکاردەرکردن یا دادگایی و زیندانی کردنی ئەوکەسانەیان کرد ، هەرگیز بڕوایان  پێ  مەکەن ،ئەوە تەنها بۆ گێلکردنی خەڵکە و هیچی تر. قوباد تالەبانی چەند لە بەڵێنەکەی بردەسەر بە سزادان و زیندانی کردنی ڕائید دلێری {نەخوێنەوار }،ئەو ڕائیدەی لە سلیمانی شەقی لەدەمی خوێندکارێک دا ،یاخود شەقوەشێنەکەی هەولێر و بکوژانی خۆپیشاندانەکان چەندوچۆن سزادران ،هەر هێندەش بەڵێنی سزادانی ئەو شەقوەشێنانەی دادگای سلیمانیش جێبەجێ دەکرێت. نە بڕوا بە بەڵێنەکانی پەرپرسانی ئیداری بکەن ، نە بەسەردانی بەرپرسانی  حیزبی بۆلای شەقتێهەڵدراوان.دڵنیابن ئەوان شەقوەشێنێکی بەڵتەجی کە پەروەردەی خۆیانە و تاسەر ئێسقان دڵسۆزو گوێڕایەڵیانە ،هەرگیز سزانادەن لەبەرخاتری هاوڵاتیەک. نیوەی تەمەنم لە ئەوروپا بەسەربردوە زۆر جار لە نزیکەوە ئاگاداری مامەڵەی پۆلیسم لەگەڵ خەڵکدا، هێندە بەئەدەب و شارستانیەوە ڕەفتاردەکەن مرۆڤ شەرمەزاردەکەن.تەنها لە حاڵەتی {داکۆکی لەخود}دا بۆیان هەیە هێز بەکار بهێنن دەنا بە پێچەوانەوە گەر سەلمێندرا پۆلیسێک بێ هۆ زەبری بەکار هێناوە ئەوە سزادەدرێت و ڕاگەیاندنەکانیش دەیکەنە هەرا. بەڕای من تا ئەم دوو حیزبە بەمجۆرەی ئێستا بەردەوامبن ،بەوەی تەنها لە خەمی خۆیاندابن و هاوڵاتیش لەکنیان بێ بەهاو  کۆیلەبێت ،ئیدی بەهیچ جۆرێک چاوەڕێی ڕەفتاری جوان و شارستانی لە کەسانی سەربە دامەزراوە میریەکانیش مەکەن، دڵنیابن ئەوانە  هەر وەک خۆیان دەمێننەوە و بەردەوام دەست و شەقیان کراوەدەبێت. دڵنیام لە نێو ئەو دامەزراوانەدا کەسانی پاک و دڵسۆزهەن کە دەسەڵات نەیتوانیوە مەعدەنیان بگۆڕێت،بەڵام بەداخەوە  کەمینەن و ڕۆڵیێکی ئەوتۆیان نیە و ڕێگەشیان پێ نادرێت ڕۆڵیان هەبێت،دەلیلیشم ئەوەیە ئایا لە نێو ئەو پۆلیسانەی نێو بینای دادگادا بەویژدانێکیان تێدا نەبوو ڕێگری لەو شەقوەشێنە بکات؟  


(د. کاروان حەمەساڵح) دەمێکە ئەو زانیاریەم لایە کە ترسی کۆمپانیا نەوتیەکان لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی زۆر جدییە. ترسەکەیان تا ئاستێکە کە پرۆسەی گەران و وەبەرهێنان لە نەوتی هەرێمدا نزیکە لە وەستان (دەرهێنانی نەوت نا)، کە هەر ئەمەش ئامانجی یەکەمی بڕیاری دادگای فیدڕالی و دەستەڵاتی بەغدادە.  ئامانجی دووەمی بریتیە لە وەستاندنی پرۆسەی فرۆشتنی ئەو نەوتەیە کە پێشتر وەبەرهێنانی تێدا کراوە و هەناردە دەکرێت. ئەویش لە ڕێگای تورکیا و دواتر ئەو کۆمپانیا و ووڵاتانەی نەوتی هەرێم دەکڕن، لەوێشەوە بۆ لێپێچینەوەی یاسایی.  ئەوجا دواتر لە خراپترین حاڵەتدا لە قۆناغەکانی داهاتوو، حسابی خیتامی لەگەڵ هەرێم و حستنە ژێر باری قەرزی پارەی ئەو نەوتەی هەناردە کراوە.  کە هەمیشە و هەر لەسەرەتاوە ئەو ترسەم خستۆتە ڕوو، کە دەبێت بۆ ئەم پرسە هاوڵاتیان هەمووی فشار بکەن بۆ ڕێککەوتن، چوونکە دواجار ئێمەو نەوەکانمان دەبێت قەرزی ئەو نەوتە بدەینەوە کە هەرێم فرۆشتوویەتی.  بۆیە تا هەر وەک لەسەرتای بڕیارەکە ەوە ووتمان ئەم بڕیارە سەرەتایەکە و تا هەنگاوی تری بەدوادا نەهاتووە زوو رێکەوتن بکرێت. ئێستا دوای گرتنەبەری چەند هەنگاوێکی تری مەترسیدار لەلایەن بەغدادەوە و خەمساردی هەرێم، وا گۆمەکە قوڵتر و قوڕەکە قەستر بووە، تا توانای هەنگاو ماوە لەم قوڕەدا واجب و هەنگاوێکی حەکیمانەیە کە هەڕێم لەگەڵ بەغداد ڕێکەوتنی کۆکرێتی بکات، چوونکە نە ووڵاتانی دراوسێ، نە جیهانی، عێراقێک کە داهاتی مانگێکی نەوتی 11 ملیار بێت و جوگرافیایەکی سیاسیی و مەزهەبی و ئابوری گرنگ بێت، نایکەنە قوربانی ئێمە ( کە نەتوانراوە نموونەیەکی سەرکەوتوو وێنا بکەین لە دیموکراسی و ئیدارە و ئابوری و سیاسیی). بۆیە دەبێتە بە بیرێکی ستراتیژیانە دەرک بەو ئەگەرە بکرێت کە لە هەر دۆخێکدا بێت و  ڕێکەوتنێکی هەندێک ووڵات لەگەڵ عێراق بکرێت، هەموو ڕێگاکان دادەخرێن و هەرێم بە تەواوی دەکرێتە قوربانی.  ئاشکرایە لای هەمووشمان کە ڕابردووی خۆمان و ووڵاتانی دەوروبەریشمان ڕووداوی هاوشێوەی تێدایە...


كارزان سه‌باح هه‌ورامی بریاره‌ له‌چه‌ند رۆژی داهاتوو شاندێكی ئیتاری ته‌نسیقی سه‌ردانی پارتی دیموكراتی كوردستان بكات و له‌سه‌ر پرسی پێكهێنانی حكوومه‌ت گفتووگۆ له‌گه‌ڵ پارتی بكرێت، پارتی گفتووگۆ ره‌تناكاته‌وه‌ و گوێ له‌ داواكاری و پێشنیاری ئیتاری ته‌نسیقی ده‌گرێت، به‌ڵام كارته‌كانیشی به‌ وریاییه‌وه‌ به‌كارده‌هێنێت، ره‌نگه‌ ئه‌و پاكێجه‌ی پارتی ئاماده‌ی كردووه‌ بۆ گفتووگۆ له‌گه‌ڵ ئیتاری ته‌نسیقی جیاواز بێت له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌در بێت، كشانه‌وه‌ی به‌رێز موقته‌دا سه‌در، له‌ په‌رله‌مانی عێراق له‌لایه‌ن سه‌رۆك بارزانییه‌وه‌ پێشوازوی لێكراوه‌ و رێز له‌و بریاره‌ گیراوه‌، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ له‌ ناو (هاوپه‌یمانی به‌ره‌ی رزگاری نیشتیمانی) پارتی دیموكراتی كوردستان و لیستی بەرێز محەمەد حەلبوسیەوە‌ كه‌ ئه‌وانیش ده‌بێت بریاری له‌ چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن كه‌ ئایا وه‌ك یه‌ك هاوپه‌یمانی ده‌مێننه‌وه‌ یان به‌جیاواز و به‌ته‌واوه‌تی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌، له‌به‌رانبه‌ردا ئیتاری ته‌نسیقی خه‌ریكه‌ گفتووگۆكانی چركردوه‌ته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی بتوانێت حكوومه‌ت دروست بكات، هه‌موو ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن كه‌ ئه‌گه‌ر موقته‌دا سه‌در ببێته‌ ئۆپۆزسیۆن هیچ كاتێك ئیتاری ته‌نسیقی ناتوانێت سه‌ركه‌وتووبێت به‌حوكمی ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌در شه‌قامێكی به‌هێزی له‌گه‌ڵ دایه‌ و توانای له‌رزاندنی حكوومه‌تی هه‌یه‌، له‌رووێكی دیكه‌وه‌ ئیتاری ته‌نسقی چونكه‌ پێشووتر حوكمی عێراقیان به‌ده‌سته‌وه‌ بووه‌ هه‌رچه‌نده‌ هه‌وڵ بده‌ن ببنه‌ خاوه‌نی حكوومه‌ت ناتوانن پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریان هه‌بێت و له‌ماوه‌ی 18 ساڵی رابردوو به‌رپرسیارن له‌و دۆخه‌ی به‌سه‌ر عێراق هاتووه‌. پارتی دیموكراتی كوردستان هێزێكی كاریگه‌ری عێراقه‌، ژماره‌یه‌كی به‌رچاو كورسی په‌رله‌مانی هه‌یه‌ سه‌رۆك بارزانی رۆڵی گرنگ و ستراتیژی له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌ راسته‌ له‌م قۆناغه‌دا موقته‌دا سه‌در، له‌ چوار چێوه‌ی هاوپه‌یمانی كشایه‌وه‌ به‌ڵام هێشتا سیناریۆی دیكه‌ ماوه‌ له‌به‌رده‌م هێزه‌ سیاسییه‌كان كه‌ بتوانن عێراق له‌م قۆناغه‌ رزگار بكه‌ن، پارتی ئه‌گه‌ری زۆر له‌به‌رده‌میدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بریاری له‌ داهاتووی عێراق بدات، به‌ڵام قسه‌كانی سه‌رۆك بارزانی به‌و ئاراسته‌بوو كه‌ چاودێری دۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ن، به‌و واتایه‌یی پارتی ناچێته‌ ناو یاریه‌كه‌وه‌ وه‌ك ته‌ماشاكه‌ر ده‌یه‌وێت بزانێت ئاراسته‌كانی عێراق به‌ره‌وكوێوه‌ ده‌ڕوات چونكه‌ دواجار هه‌ندێك هاوكێشه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش له‌م نێوه‌نده‌ رۆڵ ده‌بینن، یه‌كێك له‌و ئه‌گه‌رانه‌ كه‌ پارتی ره‌نگه‌ بێته‌ پێشی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان رێككه‌ون بۆ ئه‌وه‌ی پێكهاته‌ی ئێستای حكوومه‌تی عێراق وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه‌ تا هه‌ڵبژاردنی داهاتوو چونكه‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ عێراق ئاسته‌م بووه‌ و ره‌نگه‌ ئه‌م جاره‌ به‌هۆی كه‌می به‌شداری هێزه‌كانه‌وه‌ نه‌گاته‌ ستانداری جیهانی و نیشانه‌ی پرسیار له‌سه‌ر پرۆسه‌كه‌ دروست بێت، ئه‌گه‌ری دووه‌م، كه‌ دێته‌ پێش پارتی هێزه‌ سیاسییه‌كانی عێراق له‌سه‌ر كاندیدێكی هاوبه‌ش رێككه‌ون كه‌ سه‌ر به‌هیچ گروپێك نه‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌سه‌رده‌می مسته‌فا كازمی روویدا، به‌ڵام ئه‌مه‌ش دووباره‌ دووچاری شكست ده‌بێته‌وه‌ چونكه‌ به‌بێ ره‌زامه‌ندی سه‌در سه‌ركه‌وتوو نابیت. ئه‌گه‌ری سێیه‌م: پارتی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراقی پێبدرێت له‌به‌رانبه‌ردا پشتیوانی له‌ پێكهاته‌ی حكوومه‌تێكی نوێی عێراق بكات كه‌ ئه‌گه‌ر راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ هێزه‌ شیعه‌كان سه‌پۆرتی بكه‌ن ئه‌مه‌ش به‌رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی. بۆ ئه‌م پرسانه‌ش گرنگه‌ به‌شێك له‌و رێككه‌وتنه‌ی به‌ره‌ی رزگاری نیشتیمانی ئه‌گه‌ر پارتی و محه‌مه‌د حه‌لبوسی وه‌ك خۆیان بمێننه‌وه‌ ئه‌وه‌ بتوانن به‌یه‌ك پاكێك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ گفتووگۆكان بكه‌ن.


ئاسۆ عەبدوللەتیف دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵی پەڕلەمانتارانی کوتلەی سەدریی لە هەفتەی پێشوو دوابەدوای گوتاری ڕێبەرە ڕۆحیەکەیان، جگەلەوەی پەردەی شانۆیەکی تازەبوو بۆ سوپرایزێکی سیاسی گەورەی سەدریی، هەمان کات بەیعەتی مەزهەبیی ئایدۆلۆژیی ئەو مەندوب و یاسادانەرانە بوو لە حەنانەی ئاینیی نەجەف لەبەردەم ئەمیرەکەیان موقتەدا سەدر. ئەو جوڵەو ئاکتە، ئەگەر یەک مانای هەبێت ئەوەیە ئەو نوێنەرانە بەندەو بەیعەتداری ئەمیری خۆیانن نەک یاساکان و بۆ فرۆشتن و سەوداو مامەڵەکردن نیین، تا شۆکهێنەر بێت بۆ چوارچێوەی هەماهەنگیی و کۆتایی بە مۆدێلی حکومەتی سازان و پشکپشکێنە، هەنگاوەکە ئەگەرچی یاسایی نییەو حیزبییە، لێ عێراقی بەتەواوی گەیاندە بنبەست و چەقبەستوویی سیاسیی و بۆشایی دەستوریی بۆ حکومەتێکی کاربەڕێکەر.  به‌ڵام ره‌مزێكی سیاسیی نابینینه‌وه‌ له بیست ساڵی ڕابردوی‌ عێراقی نوێ ئه‌وه‌نده‌ی "موقته‌دا سه‌در" ی رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در مانۆڕی ڕێکخراوی سیاسیی و له‌ف و ده‌ورانی کردبێت به‌ وه‌ره‌قه‌و گوتاره‌ سیاسه‌كان و كورسیه‌ به‌ده‌ستهاتوه‌كانەوە، عێراق مێرگ و مەیدانی خێڵ و تائیفە و ململانێی رەچەڵەک و ئەهلی بەیعەتسازییە و میراتەکە هی سەردەمی خەلیفە عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب و ئیمامی حەسەن و حسێنە. کێشەکان کۆنن و پەیوەستە بە نەسەب و فەتواو بەیعەتداریی و ئیمامەت و جێنشینیی لەگەڵ بەرەی ئیمامی موعاویەی کوڕی ئەبوسوفیان و یەزیدی کوڕی لە شامەوە تا کوفە و شەهید بوونی حوسەین و پۆلێک لە هاوەڵان و گەوزاندنیان لە خوێنی یەکترو لێسەندنەوەی بەیعەت و شەرعیەتی جێنشینی بەبێ شورا لە ئەمیری موسوڵمانان بە زۆری شمشێرو خوێن و قەتل و قصاص. يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ كُتِبَ عَلَيْكُمُ الْقِصَاصُ… بۆیە، هەمیشە دۆخی دوای بەیعەتدان مەترسییە بۆ کۆمەڵگاو بۆ ئەوانی تر بەرەو فیتنەو ناکۆکی و ئاژاوەی گەورە، فەتواو بەیعەت و دارولخیلافەی مەزهەبیی شوێنی هەموو یاساو دەزگاکانی گرتووه‌تەوە لە عێراق. موقتەدا بۆشی چۆتەسەر چونکە میراتگری بەشێکی ئەو مێژوەیەو كوڕی چواره‌می زه‌عیمی رۆحی و دینی كۆچكردوو "محمد محمد سادق سه‌دره‌" و قوتابی سه‌یید كازم ئه‌لحائیری مه‌رجه‌عی هاوچه‌رخ و دیاری عێراقی و دانیشتووی قومه‌و بنه‌ماڵه‌كه‌یان ریشه‌یه‌كی كۆنی تائیفیی و مه‌زهه‌بی و دینی و حوكمرانییان هه‌یه‌ له‌ ناوه‌راست و خوارووی عێراق و ئه‌تباع و ئه‌ولادو مه‌والی ویلایه‌تی خۆیان هه‌یه‌، دوای محمد باقر سه‌درو باوكی و براكانی. بەڵام وەک چۆن زەحمەتە باوەڕ بەوە بهێنین موقتەدا بەم ئاکتەو بەکردەنی بچێتە بەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە وەک هێزێکی یەکلاکەرەوە بۆ ڕیفۆرم و چاکسازیی، زەحمەتیشە باوەڕ بەوە بکەین بەتەواوی هاتبێتە ئەو بەرەیەی کە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران وەستابێتەوە. بۆیە باشترە کورد لەو ململانێ مەزهەبیی و مەرجەعیەتە دینیانە بەئاگا بێت و عەقڵانیی و بەرمەبنای مافە دەستووریی و مێژووییەکانی خۆی مامەڵەو دانوستان بکات نەک دیدارە حیزبیی و پۆستە حکومییەکان و کورسی بەدەستهاتوو. ئاخر مۆدێلی سیاسی حوکمڕانی و فۆڕمی نەگۆڕی تەشریعاتی لە عێراق بۆ بیست ساڵی تر مۆدێلێکی کۆنی دەسەڵاتگەریی و سیاسیی و تەقسیماتی و دیفاکتۆی ئەمریکا_ئێرانەو کورد دەبێ لەو دۆخە بگات و چیتر تەفرە نەخوات لەکاتێکدا لە هاوبەشیی و بەڕێوەبردنی سەدساڵەی پێشووی عێراقدا شكستیهێناوە.دەستورو فیدراڵیەت و دنیای ئازاد، هیچ نەبوو جگە لە وەهم و مۆدێلێك بۆ داپۆشینی دیكتاتۆریەتی رابردووی بەعس و جوانكردنی ئەزموونی دەوڵەتی مەزهەبی شیعیی. ئەو حوكمڕانییەی وەك مۆدێل كاری پێدەكرێت و كورد بەشدارە تیایدا، زیاتر مۆدێلی خێڵ و میللیگەرایەو ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن کە عێراقێکی نوێ لە ئارادا نییەو ڕوخسارە گەورەکان وەک خۆیان دەمێننەوە. ئیدی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانیی چییەو چۆن دروست دەبێت کە ڕوانگەی توندی ڕەوتی سەدرییە بەبێ سازان، عێراق پڕیەتی لە پێكهاتەی نەتەوەیی و ئەتنی و مەزهەبی و دینی و تائیفیی، ئەوەی ئەم پێكهاتە موزائیكی و هەمەجۆرەی راگرتووە، دەستوور و یاساكانن بەڵام کاریان پێ ناکرێ و لەبری ئەوە فەتواو بەیعەت و دارولخیلافەی مەزهەبیی شوێنی گرتۆتەوە؟


سامان محەمەد* ١. زیاتر لەسەد هەزار کارمەندی وەک ئەم پۆلیس و ئەفسەرە هەیە کەهیچ مەشق و فێرکاریان نیە و نەبوە. چەندین ساڵە بەحکومەت و بەرپرسان دەوترێت ئەم وەزعە نابێت وا بەردەوام بێت چەکێک بدەیتە دەستی کەسێک و پێی بڵیت لەمڕۆوە تۆ پیاوی میریت. ئەمە مەترسیە بۆسەر ژیانی کارمەندەکە خۆی و هاووڵاتیانیش. هەموو کارمەند و ئەفسەرێک بێ جیاوازی خەو بەوە دەبینێت مەشقی پێبکرێت بەڵام پێیان ناکەن، مەشقی شەق وەشاندن نا هی هەڵسوکەوت و مامەڵەی پیشەیی لەگەڵ هاووڵاتی. کاک قوباد تکایە بڕۆ ئەوەیان بۆ بکە. ٢. کاتێک دادوەر لەسەربنەمای لێکۆڵینەوەو ئەدلەی بەردەست بڕیار دەدات کارێکی ئاساییە گەر کەسوکاری تاوان لێکراوەکە توڕەبن و یان هاوار و جنێویش بدەن بەڵام کاتێک داوایان لێدەکرێت شوێنەکە بەجێبهێڵن دەبێت ئەوکارەش بکەن دەنا لەسوید بێت یان لەسلێمانی لەهۆڵەندا بێت یان لە یابان پۆلیس بۆی هەیە توندوتیژیان بەرامبەر بەکار بهێنێت و گەرپێویست کات سجنیشیان بکات جا کەسوکاری تۆمەت لێکراو ژن بن یان پیاو هیچ جیاوازی نیە. واتە بۆئەوانەی خەمی دادوەری کوردستانیان هەیەو دوو ڕۆژە لەسەر فەیس بوک بونەتە فریاد ڕەسی مافی ژنان لەمەودوا باسی ئەوەمەکەن کەدەبێت ڕێز لەبڕیارەکانی دادگا بگیرێت چونکە بانێک نیەو دوو هەوا.  ٣. لەبەینی ئەو پۆلیس و ئەفسەرەو کاک قوباد تاڵەبانی سوپایەک لەپۆلیس و لێکۆڵەرو داواکاری گشتی هەیە کەکاری ئەوانە لێکۆڵینەوە لەم ڕوداوانە بکەن. من نازانم بۆ جێگری سەرۆک وەزیران ڕۆژێک لێکۆڵەری پۆلیسەو، ڕۆژێکی تر جێگری حزب و ڕۆژێکی تر حاکم و لەسەر گرتە فلیمێک کەهێشتا هیچ زانیاری تر نەبوو بڕیار لەسەر ئەم پۆلیسە دەدات کەدەبێت بگیرێت. کاک قوباد دەبێت هیچ شتێک لەسەر ئەم کەیسانە نەڵێت و بەجێی بهێڵێت بۆ لێکۆڵینەوە دەنا بەم شێوەیە سوکایەتی بەهەموو دەزگاکانی حکومەتەکەی خۆی دەکات. لەم دەست تێوەردانە سەیرتر ئەوەیە کە کەس و کاری تۆمەت لێکراو دەڵێن کاک قوباد و بەڕێوبەری پۆلیس هاتونەتە سەر خەت و دەڵێن نابێت حاکم بڕیاری وابدات کە تۆمەتبار سزای کەم بدرێت. ئاخر پۆلیس و جێگری حکومەت چۆن دەبێت قسەیان لەسەر بڕیاری دادوەر هەبێت هەی میللەتی نەگبەت   * عەمیدی پۆلیس لە هۆڵەندا 


   ئاسۆ حاجی  هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن، کە عێراق بەرەو قۆناغێکی سیاسی ئاڵۆزتر دەڕوات، ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان زۆر بەهێزە، بەو کارەش ئەو حکومەتە دەمێنێتەوە و وادەیەکی دیکە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دیاری دەکات، ئێستا زۆرینەی پەرلەمانی ئامادەیە بۆ وەرگرتنی ئەو بڕیارە. ئەگەر لایەنگرانی ئێران دەست بە دانوستان نەکەن و تەنازول بۆ بارزانی و حەلبوسی نەکەن. ئەوەی دەیبینم هاوپەیمانی نێوان سەدر و بارزانی و حەلبوسی هێشتا زۆر بەهێزە، بۆیە قەناعەت پێكردنی بارزانی و حەلبوسی بەدوور دەزاندرێت بۆ چوونە پاڵ چوارچێوەی هەماهەنگی، مەگەر بەڕێکەوتن بێت لەگەڵ موقتەدا سەدر، لەو کاتەشدا دەبێ حکومەتێک بێت مالیکی یان پیاوێکی ئەو سەرۆکی نەبێت.  گرێنتی مانەوەی حەلبوسی بکرێت لە سەرۆکایەتی پەڕلەمان و سەرۆكایەتی کۆماریش یان بدرێت بە پارتی دیموکراتی کوردستان یان کاندیدێکی هاوبەشی کورد. هه‌روه‌ها هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ یان هەموارکردنەوەی بڕیاری دادگای باڵا له‌باره‌ی دۆسیه‌ی نه‌وتی كوردستان. تەنانەت ئەگەر بەم شێوەیەش حکومەت پێکبهێنرێت، ئەوا موقتەدا سەدر رێگە نادات زیاتر لە شەش مانگ بخایەنێت، بەمەش جەماوەری زیاتر دەبێت و رکابەرەکانی لاواز دەبن. موقتەدا سەدر ئەم یاریانە ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بە ئەنجامی 50-1 سەربکەوێت. بەریتانیا و ئیمارات لە پشت ئەو یاریەن و ئەمریکا ولاتانی دیکەی ئیقلیمی و ئەوروپی پاڵپشتیان دەکەن.


عەلی مەحمود  تۆمەتبارانی ئەنفال هەر ئەو 423 كەسە نین كە دادگای باڵای تاوانەكان بە ناو (قائمة باسما‌و الاشخاص المطلوب اتخاذ الاجرا‌وات القانونية بحقهم)  لیستی ناویانی  بڵاوی كردۆتەوە.  لە پرۆسەی دادگایی تۆمەتبارانی ئەنفال لە دەستپێكدا حەوت تۆمەتبار دادگاییكران, ئەو حەوت كەسەی دادگایی كران, ئەوانە بوون پێشتر دەستگیركرابوون و زیندانیبوون, بریتی بوون لە: سەدام حسێن ئەلمەجید ئەلحەسەن عەبدالغەفور عەبدالقادر ئەلناسری ئەلتكریتی سەرۆك كۆماری عێراق  كە رۆژی شەممە رێكەوتی  30-12-2006  لەسەر تاوانی دوجەیل لە سێدارە درا بۆیە تۆمەتی ئەنفالی لەسەر هەڵگیرا, ئەمەش تاوانێكی گەورە بوو بەرامبەر بە كەیسە گەورەكانی دواتر كرا لە ناویاندا هەموو كەیسەكانی خەڵكی كوردستان. عەلی حەسەن ئەلمەجید ئەلحەسەن عەبدالغەفور عەبدالقادر ئەلناسری ئەلتكریتی بەرپرسی بیرۆی باكووری پارتی بەعس. لیوا روكن سابیر عەبدالعەزیز حوسێن عەلی دوری بەڕێوەبەری هەواڵگری گشتی سەربازی. فەریق روكن حوسێن رەشید محەمەد عەرەب ئەلتكریتی یاریدەدەری ئەركانی سوپا بۆ كاروبارەكانی ئۆپەراسیۆنەكان. لیوا روكن سوڵتان هاشم ئەحمەد محەمەد حەمەد  ئەلحەمەد ئەلتانی فەرماندەی فەیلەقی یەكەم. تاهیر تۆفیق ئەلحاج یوسف ئەلعانی سكرتێری لیژنەی كاروباری باكوور و  پارێزگاری موسڵ, عەقیدی روكن فەرحان موتڵەگ ساڵەح خەڵەف ئەلجبوری بەڕێوەبەری رێكخراوی هەواڵگری رۆژهەڵات. تۆمەتباران پاش ساغبونەوەی تاوان لەسەریان حوكمی قەتعی خۆیان بە سزای جۆراو جۆر وەرگرت و تاوانبار كران بە ئەنجامدانی تاوانەكانی جینۆساید, تاوانی جەنگ و تاوانی دژە مرۆڤایەتی جگە لە سەدام حسێن   و تۆمەتبار تاهیر تۆفیق ئەلحاج یوسف ئەلعانی بڕیاری بێتاوانی لە تۆمەتی بەشداری لە تاوانی ئەنفالی بۆ دەرچوو, ئەم بێ تاوانیەی ناوبراو پرسێارێكی گەورەی دروست كرد بۆ هەموو ئەوانەی شارەزان لەو بوارە. هاوكات لە پاڵ ئەو تاوانبارە سەرەكیانە, كۆمەڵێك تۆمەتباری دیكەش لە هەنگاوی یەكەمدا دیاریكرابوون بۆ دادگاییكردن, لێ ئامادە نەبوون لە دادگا و كەیسەكەیان بە هەڵپسراوی مایەوە, ئەوان لە ناو دەستگیركراوەكان نەبوون, بۆیە بەرەو رووی دادگا نەكرانەوە, بەشێكشیان لە ژیان نەمابوون. هیچ كەسێك تایبەت بە دۆسیەی ئەنفال دەستگیر نەكراو تەسلیم بە دادگا نەكرا.  وەك لە دوو داوانامەی دادگای باڵای تاوانەكاندا كە لە خوارەوە ئاماژە بە ناوەڕۆكەكانیان دەدەین, ناوی 24 تاوانبار هاتووە" بە پێی نووسراوی ف2  1445 رێكەوتی 18-12-2005 ی دادگای باڵای تاوانەكان, ژمارەی فایل 9101 و 9102 لە كۆی 9302 فایلی ئامادەكراو بۆ دادگا لە كەیسی تاوانی ئەنفال, بڕیاری گرتن بۆ 24 تاوانبار دەرچووە لەسەر داوای دادوەری لێكۆڵینەوە, كە بریتین لە"1- نزار عەبدوالكەریم خەزرەجی ( ناوی لە لیستی 423 تۆمەتبار نەهاتووە) , 2- یونس ئەلدرب ( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 3-ئەیاد خەلیل زەكی (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) - 89 -اللوائ الركن (ایاد خلیل زكی) قائد ق ق جح /د و  4- رەمزی مەحمود (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) 92-اللوائ الركن (رمزی محمود عبداللە) قائد فق مش /33 , 5-سەعید مەحمود باریكە ( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 6-قاسم دڕەیی (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) 216-قاسم رشید درەیی , 7-معتەسەم بەرزنجی ( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 8- یاسین رەئوف ( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 9-تەحسین شاوەیس(ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) 409-تحسین شاویس سعید = , 10-قاسم ئاغای كۆیە (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) 115-المستشار (قاسم فارس تاهر مصتفی اغا) ف د و ,11- بایز عەبدالڕەحمان ( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 12-عەلی ئەحمەد رەشید ( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 13-نیعمە فارس (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) 86-الفریق الركن (نعمە فارس حسین) معاون رئیس اركان الجیش للتدریب , 14-حەمید شەعبان ( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 15-نەجم عەبدوڵا دوری ( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 16-عیسمەت سابیر (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) 94-اللوائ الركن (عصمت صابر عمر) قائد فق /4 , 17-عەدنان جەباری (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) 179-سعید عدنان جباری, 18-جیهان موسا ( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 19-رەفعەت گلی (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) 275-شمال رفعت كلی امر سریە , 20-عوسمان شێخ سەعید ( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 21-شێرزاد ساڵەح, 22-تۆفیق جەبار قارەمان (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە)  159-توفیق جبار قارمان, 23-حوسێن شێخ سەعید( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە), 24-حەسیب حەمە ئینجە,( ناوی لە لیستی تۆمەتباران نەهاتووە) ".   لە 24 ناوی داواكراو 14ەیان لە لیستی 423 تۆمەتباری ئەنفالدادوای پرۆسەی دادگایی ئەنفال لەسەری ساغ بوونەوە ناویان نەهاتووە؟؟, لە پێشیانەوە نەزار خەزرەجییە, كە یەكێكە لە تاوانبارە  سەرەكیەكان, دەتوانم بڵَم لە دوای سەدام و عەلی حەسەن مەجید تاوانبارە لە دۆسیەكە, ئەگەر هیچ پۆست و بەرپرسیارێتی سەربازیشی نەبووایە, تەنها وێنەكەی لە گوندی عەسكەری قەڵاسێوكە, قەبارەی تاوانەكانی ئەنفالی چوار كە سەرپەرشتی كردووە, بەس بوون بۆ ئەوەی ناوی لە لیستەكەدا هەبوایە, بە ئەنجامدانی تاوانی گەورە سزا بدرابایا. هەروەها "لە رێكەوتی 21-12-2005, بە پێی نوسراوی دادگای باڵای تاوانەكان  ژمارە ف2  1474, فایلی ژمارە 9099 دۆسیەی ئەنفال, بە واژۆی رائید جوجی سەرۆكی دادوەرانی لێكۆڵینەوە, داوای ناوی سیانی و ناونیشانی 18 تاوانبار دەكات لەوانەی لە نامەی پێشوو زۆریان ناویان هاتبوو, كە بریتین لە تاوانباران: " 1- سەعید مەحمود باریكە, 2- عەدنان عەبدوڵا جەباری, 3-شێخ رەئوف (نوێ), 4-شێخ جەعفەر (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە)  164-جعفر عبدالكریم البرزنجی محافز السلیمانیە (نوێ), 5-شێخ رەمەزان (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) (نوێ), 6-قاسم دڕەیی, 7-جیهان موسی, 8-معتەسەم محەمەد بەرزنجی, 9-رەفعەت گلی, 10-یاسین رەئوف, 11-غەسان شێخ سەعید (ناوی لە لیستی تۆمەتباران هاتووە بەم ژمارەیەی ئاماژەمان پێی داوە) (نوێ), 12-تەحسین شاوەیس, 13-شێرزاد ساڵەح, 14-قاسم ئاغای كۆیە, 15-تۆفیق جەبار قارەمان, 16-بایز عەبدالڕەحمان, 17-حوسێن شێخ سەعید, 18-عەلی ئەحمەد رەشید, 19-حوسێن حەمە ئینجە  (نوێ) ". لە لیستی دووەمدا 5 ناوی دیكەی هاتۆتە سەر 24 ناوی پێشوو, بەمەش  ژماری ئەم داواكراوانە دەگاتە 29 تاوانباری داواكراو, پێی دەچێت دوبارەی ناو بە هەڵە هەبن,  لەو ژمارەیە  تەنها 11ەیان وەك تۆمەتبار ناویان هاتۆتەوە, 18ەیان ناویان لە لیستی تۆمەتباران نەهاتۆتەوە, كە پلەی جۆراو جۆریان هەیە و  هەندێكیشیان هاووڵاتیان سكاڵایان راستەوخۆ لە دژیان تۆمار كردووەو دۆسییەكانیان چۆتە چوارچێوەی كاری دادگاوە, سەرباری ئەوەی  ژمارەیەكی دیكەش لە تاوانباران لە لایەن قوربانیانەوە سكاڵایان لەسەر تۆمار كراوە ناویان لەناو لیستی 423 تۆمەتباری ئەنفال نەهاتۆتەوە تەنانەت لە لیستی 24 كەسەكەو لیستی 19 كەسەكەش. تەنها بەهۆینەبوونی ناوی خەزرەجی وامان لێدەكات گومانمان بۆ دروست ببێتو بۆیە پێویستە لێكۆڵینەوەی ورد لەم ناوانە بكرێت, هۆكاری نەبوونی ناویان لە ریزبەندی لیستی تۆمەتباران وەڵام بدرێتەوە, ئەم دوو بەڵگەنامەیە پێویستیان بە ساغكردنەوەی زیاترە لە لایەن نووسەران و لێكۆڵەرەوانی تایبەتمەند لە بوارەكە,  لە گەڵ دەرخستنی ناسنامەی ئەو كەسانەی ناویان هاتووە . پێش بڵاو كردنەوەی لیستی ناوی 423 تۆمەتبارەكەی  ئەنفال, لە پشكنینی دۆسیەی ئەنفال, وێرای لیستی ناوی ئەوانەی نیشانەی ئازایەتیان وەرگرتبوو بە تایبەت 77 كەسەكەی ئەنفالی 1 و 2, یان لە بەڵگەنامەكان راستەوخۆ ناویان هاتبوو, یاخود لە ریزی 163 بەشدار بووەكەی ئەنفالی 8 دا بوون و وەك بەڵگە كەوتبووە دەست دادگا, لیستێكی داواكراوانم بۆ چاودێری كوردۆساید  دروست  كرد لە پشكنینی ئەو سكالایانەی پێشكەش دادگا كرابوون, لە رۆژنامەی هەواڵ  و پەرتووكی (كوردۆساید -عەلی مەحمود محەمەد- 2008 چاپخانەی رۆمان-بڵاوكراوەی وەزارەتی رۆشنبیری زنجیرە 630- ل176 بۆ 183) بڵاوكرایەوە, زۆر ناوی تێدایە لە دۆسیەكە سكالای لەسەر تۆمار كراوە , بەلام  لە ریزبەندی 423 ناوەكەدا ناویان نییە؟؟؟. 


محەمەد شەریف كاتێ چاو ئەگێڕی بەناو روداوەكانی چەند مانگی پێشووی هەرێمی كوردستان، بۆت رون ئەبێتەوە ئەم هەرێمە لەبەردەم دوو بژاردەی گرنگ و چارەنوسازدایە كە ئەبێت خۆی یەكلایی بكاتەوە لەوەی كە ئایا ئەیەوێت بمێنێتەوە یاخود نا!!! بەدڵنیایی مانەوەی هەرێم بە پلەی یەكەم لە قازانجی پارتی دیموكراتی كوردستان و بنەماڵەی بارزانیدایە، بۆیە لەپێناو ئەم ئامانجەدا پارتی وەكو هێزی یەكەم و بەرپرسی تەواوی جومگەكانی ناو هەرێمی كوردستان ئەبێت بچێتە ژێر باری جێبەجێكردنی بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەمەریكاو هاوپەیمانیان.. پارتی ئەیەوێـت چۆن ئەم هەرێمە بهێڵێـتەوەو خۆی سەروەرو سەردارو بڕیاردەری بێت ؟ سەرەتا نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەمەریكا جەختیان لەوە كردەوە كە ئەبێت هێزی پێشمەرگە یەكبگرێتەوەو بكرێتە هێزێكی تەواو سەربەرخۆو دەستی حزب تێدا دوربخرێتەوە. ماوەی چەند ساڵێكە لە هەوڵی ئەوەدان و تائێستا توانراوە چەند لیوایەك یەكبخەوەو ئەمەش بەرەوپێشچونێكی باشە بۆ هەرێم و نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەمەریكا و هاوپەیمانانیش پێی دڵخۆشن. نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەمەریكاو هاوپەیمانیان بەمەوە ناوەستن كە تەنها تەركیز بخەنە سەر هێزی پێشمەرگە بەڵكو كاتی ئەوە هاتووە پەل بهاوێژن بۆ یەكگرتنەوەی هێزە ئەمنی و موخابەراتیەكانیش، سەرەتای ئەم هەنگاوەیش خەریكە ووردە ووردە دەستپێئەكات و روداوەكانی پێمان ئەڵێن كە هەردوو دەزگای (زانیاری)و (پاراستن) ئەبێت ئەو هەنگاوە دەستپێیكەن و تەواوی ئەندام و ئەفسەرو كارمەندەكانیان لە ئەپارتمانێكی گەورەدا كە بارەگاكەی هەولێری پایتەخت بێت كۆبكەنەوەو بەناوی (ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان) كارو چالاكیەكانیان بە ئاگاداری ئەمەریكاو هاوپەیمانان دەستپێبكەن كە ئەمەش پەیوەندیەكی تەواوی بە هەژمونی ئێرانەوە هەیە لە هەرێمی كوردستان و ئەیانەوێت لە ڕێگای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە ئاگاداری تەواوی جموجۆڵەكانی ئێران بن و كۆنترۆڵی تەواوی ئەوە بكەن كە چیتر نەتوانرێت هەرێمی كوردستان یارمەتیدەرێكی باشی دەزگای ئیتڵاعاتی ئێرانی بێت. چونی سەرۆكی دەزگای زانیاری و چەند ئەفسەرو كارمەندێكی ئەو دەزگایە بۆ هەولێرو دەوامكردنی فەرمیان لەناو ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئەو ڕاستیە ئەسەلمێنێت كە بێشك هەموو ئەم روداوانە بەبێ ئاگاداری ئەمەریكاو هاوپەیمانان مەحاڵە روبدات و بێدەنگی و لاوازی هەڵوێستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەرامبەر هەموو ئەم روداوانە ئەوە پشتڕاست ئەكاتەوە كە ئەمەریكاو هاوپەیمانان لەپشتی هەموو روداوەكانن و ناتوانن لەبەرامبەر هەنگاوەكانی ئەمەریكاو هاوپەیمانیان هیچ هەڵوێستێكی جدیان هەبێت. بۆیە گرنگە لەئێستادا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەوە تێبگات كە مانەوەی دەزگای زانیاری لە مەترسیدایەو ئەبێت بزانێت كە چونی سەرۆكی دەزگای زانیاری و چەند ئەفسەرێكی پلە باڵای بۆ هەولێرو  كاركردنیان لەژێر ناوی دەزگای زانیاری بڕیارێكی تەواوی ئەمەریكاو هاوپەیمانانەو هیچ پەیوەندیەكی بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نیە.


دڵشاد ئەنوەر  چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، کاتێک دواجار چوومە کفری، تەواو تێگەیشتم لە بێزاری و مانوو بوونی خەڵکەکەی، تێگەیشتم لەوەی بۆچی لەهەر کۆڵانێک لەسەر چەند خانوویەک نوسراوە ( بۆ فرۆشتن)، تێگەیشتم لەوەی بۆچی خەڵک کۆچ دەکات. تێگەیشتیشم لەوەی بۆچی دەمێگە دڵسۆزانی شارەکە هاوار دەکەن و گوێ یان لێناگیرێت، نیگەرانیش بووم لەوەی برا شەهیدێک بۆ دەربڕینی توڕەیی و وەکو هەڵوێستێک بەرامبەر دۆخی شارەکەی، ئاڵایەکی گەورەی عێراقی لەسەر ماتۆرسکیلەکەی هەڵکردووە! ڕێک بیرم چوو بۆ لای ئەوەی کاتێک مەسەلە دێتە سەر داهات و موڵک داگیرکردن و پارە پەیداکردن، ئێمەی گەرمیانی چەند خاوەن بەرپرسی کوێخاین، بەڵام مەسەلە هاتە سەر ئازار و موعانات، چەند بێ کەسین.. گەر لە ڕابردوودا، ڕۆژنامەنوس و چالاکوانەکانی کفری دەنگیان هەڵبڕی بێت، ئەوا ئەمجارە خەڵکەکەی بە کۆچ گوزارشت لە ئازارەکانیان دەکەن، چ کۆچێک؟! ئەو کۆچەی ئیستا قەزاکە ٦٥٠ ماڵە عەرەبی تێدایە و هەر ماڵێک لە ١٠ کەس کەمتر نین، ئەمەش ئەو مەترسیەیە کە پێشتر زۆر شاری تری کوردی دەردەدار کرد و دیموگرافیاکەی گۆڕا.. وا مەزانن پشتگوێ خستنی کفری ئاسانە لەبەر ئەوەی شوێنی کۆکردنەوەی پارەی مۆڵ نیە، بێ باکیتان بەرامبەر کفری و پشتگوێ خستنی کفری کارەساتە، کفری سەنگەری پێشەوەی گەرمیان و پشتوێنەی ناوچەیەکی فراوانە، بۆیە دڵنیابن، لەقبوونی کفری، سەرەتای دروستبوونی مەترسیشە لەسەر کەلاری ناو جەرگەی ئیدارەی گەرمیان. بۆیە کاتی بەهاناوەچوونی خێرای شارەکەو ئیشکردنی ڕاستگۆیانەو جدیانەیە بۆی، کاتی گوێ گرتنە لە دڵسۆزانی شارەکە و کارکردنە بەپێشنیارەکانیان، کاتی گۆڕانکاری ریشەییە لەو شارە. گەر پێشتان ناکرێت، ڕووی دەمم لە حکومەتە بە هەموو بەشداربووانیەوە، ڕووی دەمم لە یەکێتی یە، وەکو هێزی دەسەڵاتداری دەڤەرەکە، پاشان لە پارتیش وەکو بانگەشەکاری کوردایەتی، داهاتی دوو مانگی یەکێک لە دەروازەکان بۆ ئەو شارە تەرخان بکەن، ئەوکات بەرپرسیارێتی بوژاندنەوەی شارەکە بە ئێمەی گەرمیانیەکان بسپێرن، تا لە ڕێگەی دەیان لیژنەی پسپۆر و خۆبەخشەوە، ئەنجامتان پیشان بدەین.   ئەم نوسینە گوزارش لە بۆچونی نوسەرەكەی دەكات 



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand