درەو:
شیكاری: هەڵۆ حەسەن
شێنژن،%60بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی كۆدەكاتەوە
بۆ سێیەمجار لە مێژووی چیندا زلهێزە ئابووری و سیاسییە گەورەكانی جیهان جارێكی دیكە كۆدەبنەوە،سەركردەكانی زلهێزە ئابووری و سیاسییە گەورەكانی جیهان لە شاری شێنژن چین كۆبوونەتەوە،لەنێویاندا شی جینپینگ، سەرۆكی چین، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی ڕووسیا،ئەم لوتكەیە 21 ئابووری كۆدەكاتەوە كە نزیكەی %60بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی و نزیكەی نیوەی بازرگانی نێودەوڵەتی پێكدەهێنن،لەم لوتكەیەدا چین بەنیازە،پێشخستنی پڕۆژەیەك كە بیست ساڵە كاری لەسەر دەكات،دروستكردنی ناوچەیەكی بازرگانی ئازاد بۆ وڵاتانی ئاسیا و زەریای هێمن،ئەم بوارە %21 ئابووری جیهانی لەخۆدەگرێت و بەربەستە گومرگییەكان كەمدەكاتەوە و جووڵەی كاڵا و وەبەرهێنان لەنێوانیاندا فراوانتر دەكات، چاوەڕوان دەكرێت لە كۆبوونەوەی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ئەمساڵدا دەستپێشخەریی شێنژن،یەكەمجارە لە مێژووی نزیكەی 30 ساڵەی كۆبوونەوەكەدا، كە بەڵگەنامەیەكی فەرمی دەرئەنجامەكان بڵاودەكاتەوە،شاری شێنژنی باشووری چین میوانداری لووتكەی ئەپێكی 2026ی كرد، زیاتر لە دوو هەزار نوێنەری سیاسەت و بازرگانی لە 21 ئابووری ئەندامی ئەپێك و 13 ئابووری دەرەوەی ئەپێك لە ناوچەی چیانهای ئەو شارە كۆبوونەوە. 115كۆمپانیای ناو لیستی گەورەترین 500 كۆمپانیای جیهان بەشدارن،كۆمپانیا گەورەكانی ئەمەریكا، وەك بۆینگ و ئێچپی و سیتیگرووپ و گووگڵ، نزیكەی %20 بەشداربووانیان پێكهێنا،كە گەورەترین ڕێژەی نێو بەشداربوانە،ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە كۆمپانیا ئەمەریكییەكان گەورەترین ڕێژەی بەشدارییان هەبوو، لە كاتێكدا پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان پەكین و واشنتن هێشتا پڕ لە كێشە و گرژییە، ئەم ئامادەبوونە ئەمەریكیە دەرخەری ئەوەیە كە بازرگانی و بەرژەوەندیی كۆمپانیاكان هەندێكجار لە بەرژەوەندیی سیاسی تێدەپەڕێت.
وتارەكەی شی
سەرۆكی چین شی جینپینگ لەوتارەكەیدا بە ناونیشانی "بە بڕیارەوە بەرەو پێشەوە، بەرەو داهاتوویەكی گەش بۆ ئاسیا-پاسیفیك"،لە سەرەتادا شێنژنی وەك نموونەی گۆڕانكارییەكی گەورە وێناكرد ئەو شارەی لە چل ساڵدا گوندێكی ماسیگرییەوە بۆ ناوەندێكی جیهانیی تەكنەلۆژیا و شی ئەمەی بە «موعجیزەیەك لە مێژووی گەشەپێدانی جیهان» ناوبرد،شی جینپینگ وتی:لەگەڵ گەشەی لاوازی جیهانی بازرگانیی جیهانی بەرەو گەشە دەچێت و تەكنەلۆژیای نوێ بە خێرایی پێش دەكەوێ. شی چەند پرسیارێكی خستەڕوو:دەرگا بكرێتەوە یان دابخرێت؟ پێكەوە كار بكرێت یان بەرامبەر یەك بوەستین؟ لەگەڵ گۆڕانكاری بگونجێین یان بە شێوازی كۆن بمێنینەوە؟،شی وتی: ئەپێك لە ناو شەپۆلی جیهانگیریی ئابووریدا لەدایك بووە و ئەمساڵ چین بۆ جاری سێیەم میوانداری دەكات، ئامانجی ئەوەیە «كۆمەڵگەیەكی ئاسیا-پاسیفیك» بنیات بنێن،چوار ڕێگا بۆ سەرفرازیی هاوبەش كە بریتین لە:
یەكەم: پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری
شی جینپینگ وتی:بێ ئاسایش خۆشگوزەرانی نابێت و بێ سەقامگیری ئاسایش نابێت، سەقامگیریی دەیان ساڵی ڕابردوو یارمەتیدەر بووە تا ئاسیا-پاسیفیك ببێتە بزوێنەرێكی گرنگی گەشەی جیهان، هەرچەندە بارودۆخی دەرەكی ئاڵۆزتر دەبێت، ئەوەندە پێویستە ڕیزی نێودەوڵەتیی دوای جەنگ بپارێزرێت، جیهانێكی فرەجەمسەریی یەكسانیخواز و جیهانگیرییەكی گشتگیر هاوبەشانە دروست بكرێت،جیاوازییەكان بە گفتوگۆ و ڕاوێژ چارەسەر بكرێن.
دووەم: بنیاتنانی پردی هاوكاری
بە وتەی شی: مێژوو فێری كردووین كردنەوەی دەرگا دەبێتە هۆی پێشكەوتن و داخستنی دەرگا دەبێتە هۆی دواكەوتن. بۆیە داوای كرد:سیستەمی بازرگانیی فرە لایەنەی ڕێكخراوی جیهانی بازرگانی بپارێزرێت،بازرگانی و وەبەرهێنانی ئازاد و كراوە پشتگیری بكرێت،زنجیرەی پیشەسازی و دابینكردن جێگیر و بێ ڕێگری بمێنێتەوە،كار بۆ دروستكردنی ناوچەی بازرگانیی ئازادی ئاسیا-پاسیفیك ڕێك بخرێت،هاوكاری لە بواری بازرگانیی دیجیتاڵی، بازرگانیی ئەلیكترۆنیی نێوان وڵاتان و گومرگی زیرەك بەهێز بكرێت.
بەرژەوەندیی و سوودی هەمووان
ئابوورییەكانی ناوچەكە لە مێژوو و كولتوور و ئاستی پەرەسەندندا جیاوازن، بۆیە شێوازێكی یەكسان بۆ هەموو كەس ناگونجێت، شی جینپینگ داوای كرد ئاستەنگی بازرگانی و وەبەرهێنان لاببرێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەشەیەكی هاوسەنگ بەدی بێت كە هەم كاریگەری و هەم دادپەروەری لەخۆ بگرێت، هەروەها هاوكاریی ئابووری و تەكنیكی بۆ وڵاتانی گەشەپێدەر و هاوكاری لە گواستنەوە، تەندروستیی گشتی، وزە، ئاسایشی خۆراك و دژە گەندەڵی پێشنیار كرد، تاوەكو بەرهەمی گەشە بگاتە هەموو ئابووری و گروپ و كۆمەڵگەیەك،شی وتی: ئاسیا-پاسیفیك خاوەنی گرنگترین ناوچە كەنداوییەكانی جیهانە، كە بە ئابووریی كراوە و پەیوەندیدار و كاریگەریی ئەرێنی بەسەر ناوچەكانی دەوروبەریانەوە ناسراون،چین پشتیوانی دامەزراندنی «ڕێكخراوی جیهانی بۆ هاوكاریی ئابووریی ناوچە كەنداوییەكان» دەكات ، شی جینپینگ وتی: ئەمساڵ دەستپێكی پلانی پێنج ساڵەی پازدەهەمی چینە بۆ گەشەی ئابووری و كۆمەڵایەتی، ئابووریی چین لە سێ چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا 4.6 لە سەد گەشەی كردووە، «هێزە بەرهەمهێنەرە نوێیەكان» بە خێراییەكی زیاتر گەشە دەكەن و گواستنەوەی سەوز و كاربۆنكەم هەنگاوەكانی خێرا دەكات. پلانەكە وەك «لیستی دەرفەتەكان» وەسف كرد و وتی بانگهێشتنێكە بۆ هاوكاری كە چین بۆ بازرگانانی جیهانی ناردووە،شی بیری هێنایەوە كە چین لە ساڵی 2001 بۆ یەكەم جار میوانداری كۆبوونەوەی سەركردەكانی ئەپێكی كرد و هەمان ساڵ بوو بە ئەندامی ڕێكخراوی جیهانی بازرگانی. بە قسەی ئەو، لە 25 ساڵی ڕابردوودا چین بە تەواوی پابەندی بەڵێنەكانی ئەندامێتییەكەی بووە. هەروەها ڕایگەیاند چین پابەندی هاوكاریی كوالیتی بەرزی «پشتێن و ڕێگا» دەمێنێتەوە و بازرگانانی ناوچەكە بۆ بەشداریكردن بانگهێشت دەكات. ئەوەی گرنگە، چین نەك تەنها نرخی گومرگ كەم دەكاتەوە و دەستڕاگەیشتن بە بازاڕ فراوان دەكات، بەڵكو بەڵێنی دا چاكسازی لە بوارە قورسەكاندا بكات، وەك ڕێسا و ڕێكخستن و ستانداردەكان، بۆ ئەوەی ژینگەیەكی جێگیرتر و پێشبینیكراوتر بۆ وەبەرهێنان دابین بكرێت.
دەستپێشخەریی شێنژن
یەكێك لە خاڵە تایبەتییەكانی ئەم لووتكەیە ئەوەیە كە بۆ یەكەم جار لە 30 ساڵی مێژووی خۆیدا بەڵگەنامەی كۆتایی بە شێوەی « دەستپێشخەریی شێنژن،» بەڵگەنامەیەكی فەرمی دەرئەنجامەكان بڵاودەكاتەوە ئەم بەڵگەنامەیە پێشنیارە سەرەكییەكانی بازرگانان كۆدەكاتەوە و وەك ڕاسپاردە پێشكەش بە كۆبوونەوەی سەركردەكانی ئەپێك دەكرێت،گفتوگۆكانی لووتكەكە لەسەر تەوەری «ڕووبەڕووی نوێی ئابووریی ئاسیا-پاسیفیك و دەرفەتەكانی هاوكاری» حەوت بابەتی دەگێرتەوە،پەیوەندی و گەیاندن،زیرەكیی دەستكرد،گەشەپێدانی بەردەوام،ناوچەی بازرگانیی ئازادی ئاسیا-پاسیفیك،هاوكاریی ئابووریی دیجیتاڵ،ناوچەی كەنداوی گەورەی گوانگدۆنگ-هۆنگكۆنگ-ماكاۆ،هاوكاتیی گۆڕانی دیجیتاڵی و سەوز.
شێنژێن، شوێنی یەكەم كۆبوونەوەی سێقۆڵی
شی جینپینگ لە 19ی تشرینی دووەمدا لە شێنژێن كۆبوونەوەیەك لەگەڵ ڤلادیمیر پۆتین و دۆناڵد ترەمپ ئەنجام دەدات، ئەمەش یەكەم كۆبوونەوەی سێقۆڵیە،وەك «كۆبوونەوەیەكی بێ وێنە لە نێوان سێ هێزە ناوكییەكە» وەسف كراوە،كۆبوونەوەكە لە پەراوێزی لووتكەی سەركردەكانی ئەپێكدایە.
چی لەسەر مێزە؟
ترەمپ وتوویەتی حەزی لە كۆبوونەوە لەگەڵ شی و پۆتین هەیە بۆ باسكردنی كۆنتڕۆڵی چەكی ناوكی، لە كاتێكدا پۆتین زیاتر دەیەوێت باسی جەنگی ئۆكراینا بكات بێ ئامادەبوونی كیێڤ، سەرچاوەیەكی دیكە دەڵێت ئەجێندای كۆبوونەوەكە بریتییە لە چەكی ناوكی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئۆكراینا لە ئەجێندادا نییە..