درەو:
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەی گەشتیاری موڤێنپێک - گۆمەسپان لە هەولێر رایگەیاند:
- لەسەر پەیوەندیی نێوان ئێمە و حکوومەتی فیدراڵی، ئێمە بەردەوامین لەسەر ئەوەی کە داکۆکی لەسەر مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بکەین و، تا ئێستاش ئێمە خەریکین بۆ ئەوەی لەسەر بابەتی بودجە، لەسەر بابەتی هەموو ئەو شایستە داراییانەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە داڕشتنی موازەنەی ساڵی داهاتوو، و بە شێوەیەکی بنەڕەتیش بگەینە هەندێک ئەنجام کە لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی کوردستان و هەموو عێراقدا بێت، بەرامبەر بەمە هەوڵێکی جیدی هەیە دژی ئەوەی کە ئێمە بتوانین شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکەین، یاخود بەپێی دەستوور بتوانین مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکەین و، لە لایەکی ترەوە بە پێچەوانەوە، دەیانەوێت خەڵکیش چەواشە بکەن.
- لێرە من هەندێک راستی هەیە حەز دەکەم خەڵکی کوردستان لێی ئاگادار بێت. هەمان ئەوانەی کە دژی هەڵمەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەوەستن بۆ بەهێزکردنی کوردستان، بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، بۆ ئاساییکردنی پەیوەندیی نێوان حکوومەتی هەولێر و حکوومەتی بەغدا، هەمان ئەو کەسانە بوون کە پێشتر هەموو هەوڵێکیان دا بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان نەبێت بە خاوەنی دەستووری خۆی. ئەو کەسانە بوون لە چەندین مەجالدا هەوڵی جدییان دا کە پەرلەمانی کوردستان کارا نەبێتەوە، رێز لە هەڵبژاردن نەگیرا، سکاڵا لە دادگای فیدراڵی کرا کە بۆ حکوومەتی هەرێم پێک نەهاتووە و بۆ پەرلەمان کارا نەکراوەتەوە؟
- دوای ئەوەی کە هەوڵی جدی درا بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، بۆ پاراستنی شەرعییەتی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پەرلەمان کارا کرایەوە، دیسان هەمان ئەوانە سکاڵایەکی تریان کرد، بۆ پەرلەمان کارا کرایەوە؟ پێشتر دەیانگوت بۆ کارا نییە، ئێستا دەڵێن بۆ کارا کراوەتەوە؟ کەواتە خەڵک ئەبێت ئەم پرسیارە بکات: مەبەست چییە؟ ئایا مەبەست ئەوەیە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکرێت، یانیش مەبەست ئەوەیە خزمەتی ئەجێندایەکی گوماناوی بکرێت کە قەوارەی هەرێمی کوردستان بخرێتە مەترسییەوە؟
- ئێمە بە هەموو هەوڵێکی خۆمان، بە هەموو توانای خۆمان لەگەڵ ئەوەین قەوارە و شەرعییەتی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت، و شوکر بۆ خوا دوای کاراکردنەوەی پەرلەمان، شەرعییەتی موئەسەساتی هەرێمی کوردستان ئێستا پارێزراوە.
- باشترین رێگا رێگای دیموکراسییە، رێگای ئاشتییە، کە تۆ بتوانیت لە رووی سیاسییەوە رکابەرایەتیی یەکتر بکەیت. کە مومارەسەی دیموکراسیەت دەکەیت، ئەو وەختە لایەن هەیە بوختان وا دەکات دەڵێت خۆسەپێنەرن. ئایا ئەوەی زۆرینەی دیموکراسییەتی لایە خۆسەپێنەرە، یانیش ئەوەی بە ئەجێندایەکی گوماناوی، بە دەنگێکی دۆڕاو بیەوێت رێگە لە پێشکەوتنی کوردستان بگرێت؟ کامەیان خۆسەپێنەرە؟ دیموکراسیەت خۆسەپاندن نییە. دیموکراسیەت و رێزگرتن لە دەنگی خەڵک، رێزگرتن لە دەنگی زۆرینەی خەڵک، خزمەتکردنە بە قەوارەی هەرێمی کوردستان، خزمەتکردنە بە گەلی کوردستان.
- ئێمە بە کردەوە ئیسپاتمان کردووە بەوەی کە چەند توانیومانە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەین، سەرەڕای ئەوەی کە هەمیشە بۆ هەموو پڕۆژەیەکیش رێگری هەبووە، بەربەست هەبووە، نەیانهێشتووە پڕۆژەکانی ئێمە لە کاتی خۆیدا وەکوو پێویست بە ئاسانی بەڕێوە بچن. پڕۆژەی رووناکی بگرە، پڕۆژەی هەژماری من بگرە، هەر یەکێک لەو پڕۆژانە، دروستکردنی رێگاوبانە، دروستکردنی خزمەتی دیجیتاڵییە، گەیاندنی خزمەتگوزارییە بۆ شار و شارۆچکە و دێ و لادێکان، لە هەموو ئەو پڕۆژانە رێگری هەبووە، بەڵام ئیرادەی خەڵکی کوردستان و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان و پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوە بووە کە ئەو پڕۆژانە سەربخەن و شوکر بۆ خوا سەریش کەوت؛ بەڵام دیسان هەوڵی جدی دەدرێت بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژانە دووچاری شکست بکەنەوە، بەرامبەر بە چی؟ لە هەمووی مەترسیدارتر ئەوەیە، هەوڵێک هەیە بۆ دابەشکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان. من لێرەوە دەتوانم بە ناوی هەموو خەڵکی کوردستانەوە قسە بکەم، کە هەرێمی کوردستان دابەش ناکرێت.
- زۆر خۆشحاڵم کە دەبینم خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری سلێمانی دژی ئەم هەڵمەتە هاتوونەتە دەنگ، و داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم پاڵپشتیی خەڵکی سلێمانی بکەن، پاڵپشتیی ئەو هەڵمەتە بکەن کە ئەبێت قەوارەی هەرێمی کوردستان پارێزراو و یەکگرتوو و بەهێز بمێنێتەوە. ئێمە بە هەموو توانای خۆمان لەگەڵ خوشک و براکانمان دەوەستین، پارێزگاری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکەین، لە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەین و ناهێڵین هیچ ئەجێندایەک جارێکی تر کوردستانمان دابەش بکات.
- بەڕێزان، من دەزانم هێشتا گرفت هەیە. من دەزانم خەڵک باس دەکات، بۆچی مووچە دوا دەکەوێت یان نییە؟ نەوت نییە یان کەمە یان نرخی زۆرە؟ بەڕێزان، لەسەر ئەم بابەتەش دڵنیا بن، هەوڵێکی زۆر هەبووە بەس ماوەی ئەو ساڵانەی رابردوو، کە مووچە بچێتەوە دەست حکوومەتی فیدراڵی، کە کەرتی وزە بکەوێتە دەستی حکوومەتی فیدراڵی، دابەشکردنی نەوت لە دەستی حکوومەتی هەرێمدا نەمێنێت. هیچ یەکێک لەو شتانە لە دەستی حکوومەتی هەرێمدا نەمێنن و بەڵێنیان بە خەڵک دەدا، ئەگەر حکوومەتی هەرێم بەرپرس نەبێت لە دابەشکردنی مووچە و دابەشکردنی نەوت، ئەو وەختە هەموو شت ئاسایی دەبێتەوە.
- ئێستا پرسیار بەرامبەر بەو کەسانە ئەوەیە: ئایا کە ئێوە هەموو هەوڵێکتان دا، و لە هەموو دەرگاکانتان دا بۆ ئەوەی مووچە و نەوت و وزەی خەڵکی کوردستان بکەوێتە دەستی خەڵکی تر، ئێستا کە نییە گلەیی لە کێ دەکەن؟ ئەمە دەستکەوتی خۆتانە، خۆتان ئەمەتان داوا کردبوو. ئێستا ئەگەر مووچەکە دوا دەکەوێت، ئەگەر نەوت نرخی بەرزە، یان ئەگەر کێشەیەک بۆ خەڵکی کوردستان دێتە پێشەوە و وەکوو پێویست خزمەتگوزاری ناکرێن، کێ بەرپرسە؟ با جورئەتی ئەوەیان هەبێت بێن بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان جارێکی تر بڵێن، بڵێن ئێمە ئەو هەڵەمان کرد، داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان بکەن.
- ئێمە بەردەوام دەبین لە داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان. بەردەوام دەبین لە دەستەبەرکردن و مسۆگەرکردنی مووچەی خەڵکی کوردستان، بەڵام ئەمە کافی نییە. ئێمە تەنیا بەوە رازی نین مووچە بدرێت. ئێمە دەمانەوێت وڵاتی ئێمە پێش بکەوێت، وڵاتی ئێمە بەهێز بێت، کوردستان یەکگرتوو بێت، کوردستان ببێت بە دەروازەیەک بۆ پێشخستنی هەموو عێراق و هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش.
دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند:
- ئەم هەنگاوە دژی هیچ لایەنێک نەبووە، بەڵکوو بۆ پاراستنی شەرعییەتی پەرلەمان و قەوارەی هەرێمی کوردستان بووە. داواشی کرد بانگەوازی سەرۆک بارزانی ببێتە بنەمایەک بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان تاکوو واز لە بەرژەوەندیی شەخسی و حزبی بهێنن و بۆ پێکهێنانی حکوومەت بێنە سەر مێزی گفتوگۆ.
- پارتی پەیوەندیی بەردەوامی هەبووە لەگەڵ سەرکردایەتیی یەکێتی بۆ ئەوەی کۆبوونەوە بکرێ. لە دڵەوە دەمانەوێ بەیەکەوە بتوانین حکوومەتێک پێکبهێنین کە لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی کوردستاندا بێ، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت هەموو شتێک بە قەوارەی خۆی بێت و رێز لە دەنگی خەڵکی کوردستان و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بگیرێت.
- هەرێمی کوردستان بێگومان بە یەکگرتوویی دەمێنێتەوە و هیچ کەسێک نە مافی ئەوەی هەیە و نە توانای ئەوەی هەیە کە بتوانێ کوردستان لەیەک جیا بکاتەوە
- - زۆر دەستخۆشی لە خەڵكی سلێمانی هەڵەبجە دەكەم كە دژی ئەو هەڵمەتەن كە بۆ جیاكردنەوەی سلێمانی گرتوویانەتەبەر، داوا لە خەڵكی كوردستان دەكەم دژی ئەو هةڵمەتە بوەستنەوە، چونكە ئەوە خیانەتە لە دەستكەوتی شەهیدان و ئەزمونی هەرێم تێكدانی قەوارەی هەرێمی كوردستان لای هیچ كەسێك قبوڵكراو نیە
-