راپۆرتی: درەو میدیا رۆژی 17ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێك بە رۆژی ئاڵای كوردستان دیاریكراوە و پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری ژمارە 48 ی رۆژی 19/6/2004 ئەو رۆژەی دیاریكردووە و ساڵی 1999ش یاسای ژمارە 4 بۆ ئاڵای كوردستان پەسەندكراوە و پێكهاتەی ئاڵای كوردستان رونكراوەتەوە. شێوەی ئاڵای كوردستان گۆڕاوە لە یاسای ژمارە ( 14 ) ساڵی 1999ی یاسای ئاڵای هەرێمی كوردستانی عێراق كە پەرلەمانی كوردستان پەسەندیكردووە، ئاماژە بەوە كراوە ئەو ئاڵایەی ئێستای هەرێمی كوردستان " سەركردەی نەمر قازی محەمەد بەر لە شەهیدبوونی ئەو ئاڵایەی تەسلیم بەسەركردەی روحی هەمیشە زیندووی نەتەوەی كورد مستەفا بارزانی كردووە" بەڵام كێشەكە لێرەوە دەستپێدەكات، چونكە ئەو ئاڵایەی ئێستا زۆر جیاوازە لە ئاڵاكەی قازی محەمەد كە لە سەردەمی دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مهاباد لە 16/12/1945 هەڵكراوە و لە بری خۆرەكەی ئێستا دوو گوڵە گەنم و قەڵەم و خۆرێكی تیایە و بەدەستكاریەكی كەمەوە لە ئاڵای سەردەمی پاشایەتی ئێران وەرگیراوە و قازی محەمەد تەنها شێرو خورشیدەكەی ناوی گۆڕیوە بۆ دوو گوڵە گەنم و قەڵەم و خۆرێك، ئەگەرنا تەختی ئاڵاكەو رەنگەكانی هەمان ئاڵایە، بەڵام ئەو ئاڵایەی ئێستا زۆر جیاوازە لەو ئاڵایەی قازی محەمەد. هەژاری موكریانی ( 1921 – 1991 ) لە شیعری ئاڵای كوردستاندا كە لە ژمارەی یەكی رۆژنامەی كوردستاندا لە 11/1/1946 بڵاوكراوەتەوە لە وەسفی ئاڵای كوردستاندا دەڵێت: بێ ببینێ ئەو كەسەی پێی وایە كورد سەرناكەوێ كێ بوو پێی وابوو تەمی نەگبەتی لەسەرمان ناڕەوێ داری ئاڵاكەم وەكو چقڵێكە بۆ چاوی عەدوو هەر دڵێ خۆشی نەوێ رەبی وەبەر خەنجەر كەوێ پارچەكەی سێ رەنگی خۆی دەنوێنێ رەنگی سور دەڵێ تا تنۆكێ خوێنی كورد مابێ قەدی من نانەوێ سپییەكەی مژدەی بەیانی بەختی كورد كرد بەیان رۆژی بەختی كوردی پەیدا بوو نەما پەردەی شەوێ دوو گوڵی گەنمی دەڵێ ئاگات لە رزقی خۆت بێ خۆت كە برسی بوو چی دوژمن پێی بژین لێرەو لەوێ پێو دەڵێ نوكی قەڵەم گەر ژینی خۆش و پێی دەوێ غەیری من دەست ناكەوێ بورجی تەرەقی پێش رەوێ رەنگی سەوزی یانی دایكی ( نیشتمان) لەو رۆكەوە جوان و سەرسەوزە وەرگیری كەوتەوە عومری نوێ لاوەكان ناموسی نۆ ملیۆنە ئەو ئاڵایەمان گیان بدەن بۆ حیفزی ئەو ناموسەتان لەمنوكەوێ بە هەموو پێوەرێك ئەو ئاڵایەی ئێستای هەرێمی كوردستان، تەواو جیاوازە لەو ئاڵایەی سەردەمی قازی محەمەد لە ساڵی 1946 كە لە كۆماری كوردستان لە مهاباد هەڵكراوە، بۆیە ئێستا پرسیارەكە لەسەر ئەوەیە كە ئایا ئەو ئاڵایە ئەگەر ئاڵاكەی سەردەمی قازی محەمەدە بۆچی دەستكاری كراوە، كێ دەستكاری كردووە، " ئەگەر قازی محەمەد بە ئەمانەت داویەتیە دەست مستەفا بارزانی" بۆچی ئەو ئاڵایەی ئێستا نیە، لەگەڵ ئەوەی بەپێی زۆربەی سەرچاوە مێژووییەكان لەسەردەمی كۆتایی كۆماری كوردستان و دەستگیركردنی قازی محەمەد هیچ جۆرە بینینێك لە نێوان مستەفا بارزانی و قازی محەمەد روینەداوە و قازی محەمەد لە 23/12/1946 دەستگیركراوەو دوای زیاتر لە سێ مانگ لە 31/3/1947 لە سێدارە دراوە، لەو كاتانەشدا مستەفا بارزانی و بارزانییەكان لە مهاباد نەبوون لە شنۆ و نەغەدە نیشتەجێبوون، تەنانەت ( عەقید بەكر حەوێزی) كە ئەفسەر بووە لە سوپای كۆماری كوردستان و خەڵكی كۆیەیە لە كتێبەكەیدا بەناوی ( گەشتێك بە كۆماری مهاباددا) ئاماژە بەوە دەكات كە دواینجار كە پێكەوە لەگەڵ مەلا مستەفا، قازی محەمەدیان بینیوە، هیچ ئەمانەتێكی نەداوە بە مەلا مستەفا تەنها بە منی ئەوی وتوە " ماشێنەكەی من بەرن و سودی لێ وەربگرن، منیش وتومە چاوم بەرایی نادات ماشێنی تۆ بەكاربهێنم و بۆ خۆت بیسوتێنە" بۆیە گەڕاندنەوەی ئەم ئاڵایەی ئێستا هەرێمی كوردستان بۆ ئاڵاكەی سەردەمی كۆماری كوردستان گومان و پرسیاری زۆر هەڵدەگرێت. ئاڵای كوردستان لە هەرێمی كوردستان ئاڵای كوردستان لەهەرێمی كوردستانن ساڵی 1999 لەلاین پەرلەمانەوە كە ئەو كات تەنها پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەماندا بوو بە یاسایی كرا. بەپێی یاسای ژمارە ( 4 ) ساڵی 1999ی یاسای ئاڵای هەرێمی كوردستانی عێراق كە لە پەرلەمانی كوردستان دەركراوە، لە مادەی یەكەمی یاساكەدا ئاماژە بەوە پێكهاتەی ئاڵای كوردستان كراوە كە : هەرێمی كوردستانی عێراق ئاڵایەكی دەبێت بە شێوەی لاكێشەیی كە پانیەكەی دوو لەسەر سێی درێژیەكەی دەبێت و دابەشكراوە بەسەر سێ لاكێشەی ئاسۆیی یەكسان لە درێژی و پانیدا و پێكهاتەكەی بەم شێوەیە دەبێت: 1- لاكێشەی سەرەوە رەنگی سورە هێمای شەهیدانی بزاڤی رزگاری خوازی كوردە. 2- لاكێشەی ناوەرسات رەنگی سپی دەبێت هێمای ئاشتی و ئازادی و دیموكراسی و لێبوردنە كە خەڵكی كوردستان ئاواتە خوازیەتی. 3- خۆرێكی زەرد دەكەوێتە ناوەراستی لاكێشە سپییەكەوە چەقەكەی خاڵی یەكتربڕینی تیرەی لاكێشە سپیەكە دەبێت و تیرەی خۆرەكە ئەوەندەی پانایی لاكێشە سپیەكە دەبێت و ( 21 ) تیشكی لێوە دەردەچێت بە شێوەی سێ گۆشەی دولای یەكسان، خۆرە زەردەكە هێمای بەردەوام بونی ژیان و زانست و هێواو ئومێدەو 21 تیشكەكەشیش هێمای جەژنی نەورۆزە. 4- لاكێشەی خوارەوە سەوز دەبێت و هێمای كشتوكاڵ و سروشت و ژینگەی كوردستانە. لە مادەی سێیەمیشدا ئاماژە بەوە كراوە كە هەڵكردنی ئاڵاكە لە كاتی خۆرهەڵاتندا دەبێت و هاتنە خوارەوەشی لەكاتی خۆرئاوابووندا دەبێت. جیاوازی لەسەر ئاڵای كوردستان ئەگەرچی لە هەرێمی كوردستان ئەم ئاڵایەی ئێستا بە یاسایی كراوەو لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش بەكاردەهێنرێت، بەڵام ئەو ئاڵایە لە رۆژئاوا و باكوری كوردستان بەكارناهێنرێت و لەوێ زیاتر ئاڵای سەردەمی ماد بەكاردەهێنن كە سێ رەنگە ( زەرد و سور و سەوز) بەو پێیەش كورد لە چوار پارچەكەی كوردستان لەسەر شێوازی ئاڵایەك رێكنەكەوتوون و جیاوازیان هەیە. پۆلێن كردنی مێژووی ئاڵای كورد: 1- ئاڵای كورد لە سەردەمی دەوڵەتی ماد (700 ساڵ پێش زایین): لە سێ رەنگ پێكهاتووە (زەرد و سور و سەوز) 2- ڕاپەڕینی بەتلیس لە ساڵی 1914 ئاڵایەكی هەبوو بە قوماشێكی زێڕین دروستكرابوو ئایەتێكی قورئانی تێدا بوو. 3- ئاڵای سەردەمی شێخ مەحمود لە ساڵی 1919 لەسەر باڵەخانەی ئەفسەری سیاسی بەریتانیا هەڵكرا كە بریتی بوو لە مانگێكی سور و ڕووبەرێكی سەوز. 4- ئاڵای سەردەمی شۆڕشەكەی سمكۆی شكاك لە ساڵی 1922 هەڵكرا تیایدا نوسرا بوو كوردستانی ئازاد . 5- شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی 1925 ئاڵایەكی هەبوو ڕەنگی سەوز بوو ڕۆژێك لە ناوەڕاستیدا بوو. 6- ئاڵای كورد لە كۆماری ئارارات 1927 – 1930: لە سێ رەنگی ( سور و سەوز و سپی و ناوەڕاستەكەشی بازنەیەكی زەردو و شاخێكی تیایە). 7- لەسەردەم كۆمەڵەی هیوا لە ساڵی 1937 ئاڵایەكیان هەبوو، ئەندامانی ئەم كۆمەڵەیە بە قورئان و خەنجەر و ئاڵا دەبوو سوێندبخۆن. 8- حزبی ئازادی كوردستان لە ساڵی 1938 دەمەزرا، ئاڵایەكەیان بریتی بوو لە دوو خەنجەر و سێ ئەستێرە. 9- بۆ یەكەمجار لەسەردەمی دامەزراندنی كۆماری كوردستاندا لە مهاباد لە رۆژی 16/12/1945 لە گۆڕەپانی چوارچرا یەكەمین ئاڵا هەڵكرا تاوەكو ئێستا وەك ئاڵای كورد ماوەتەوە. 10- ئێستاش ئاڵای كوردستان بەرەسمی لە پەرلەمانی كوردستان بە یاساییكراوەو لە رەنگەكانی ( سور و سپی و سەوز ) پێكهاتووەو ناوەڕاستەكەشی خۆرێكی تیایە. ئاڵای كوردستان لە شیعری كوردیدا ئاڵا یەكێكە لەو هێما نەتەوەییانەی كە شاعیرانی كورد بایەخێكی فراوانیان پێداوە و لەروانگەی جیاوازەوە لە شیعرەكانیاندا بەرجەستەیان كردووە. لێرەدا بە كورتی و چەند نمونەیەك ئاماژە پێدەدەین: عەلی هەریری (1530 – 1600): سەبیدی حەق نەزەر ڤێرا د ئیقلیمان عەلەم گیرا ئەحمەدی خانی (1650– 1707: من دی عەلەما كەلامێ مەوزون عالی بكرا ل بانی گەردوون مەلای جزیری (1567 -1640): رایەتا فەتحی بە نەسرا (لم یرل) مەنشوور بوو شەهسواری فەردێ سوبحانی عەلەمدارێ تەبی (مستەفا بەگی كوردی 1809 – 1849) دڵ بوو؟ بردی ، عەقڵ ودین و ئابڕوو بوو ؟ لێی سەندم بۆیە، نابووت، تەپڵی، تەپڵی سەر، لە دەس ئاڵا دەكا خانای قوبادی (1704 – 1778): مەهدی لە مەككەیێ دەردێ ئاڵای تەبیبی لە بۆدێ نالی (1797 – 1855): وا چاكە خەیاڵت لەگەڵ ئەسراری هودابێ نەك بەحسی سروور و عەلەمی بادی هەوا بێ حاجی قادری كوێی (1815 -1897): بەشیر و خامە دەوڵەت پایەدارە ئەمن خامەم هەیە شیر نادیارە نە بەیداغی هەیە نە تەپڵ و كورسی ئەمەندەی پێ كرا بێ چارەنووسی ئاڵا لە شیعری نوێی كوردیدا: شێخ نوری شێخ ساڵح (١٨٩٦- ١٩٥٨) لەشیعری (شیوەنی شێخ مەحمودی سەرۆك)دا دەڵێ: هەزاران روحی جۆشانی وەتەن خواهانی كوردستان لەسەر تابووتەكەی وەستاوە بۆ تەشیعی جوسمانی بەسەر سەیارەوە بەیداخی رەش ئەشنێتەوە دایم جلی ڕەش بوەتە مۆدە بۆ هەموو خەڵقی سلێمانی كانی (١٧٩٧- ١٩٧٥): بەشەر ئیللا بە كۆشش بەرز ئەكا بەیداغ و رەمزی خۆی موحەققەق تەمبەڵی و سستی پەشیمانی لەگەڵ دایە قانیع (١٨٩٩- ١٩٦٥)، لە ساڵی ١٩٤٦ و لەكاتی هەڵكردنی ئاڵای كۆماری كوردستان، نامە شیعرێك دەهۆنێتەوە و بۆ(بێكەس)ی شاعیری دەنێرێت، كە تیایدا دەڵێت: ئەلحەمدولیلا ئاڵا هەڵكرا ماوەی ئەهلی دڵ ئەمڕۆكە درا هەركەس لەهەرلا وڕ و سەرسامە راكا ئەم ئاڵا كۆگای مەرامە جگەر خوێن (١٩٠٣- ١٩٨٤): وەرە خوشكێ تو زوو ڕابە دشەڕدا رەنگێ شێرابە بەری ئاڵا مەیە رەنگن ل سەر شاخان تە هلدا بی دڵداری شاعیر (1918 -1948) كە خاوەنی سرودی نەتەوەیی (ئەی ڕەقیب)ە و هەر لەنێو ئەو سرودەدا باس لە ئاڵای كوردستان) دەكات و دەڵێت: كەس نەڵێ كورد مردووە كورد زیندووە زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاكەمان سەید كامیلی ئیمامی " ئاوات " (1903 – 1989) لە شیعرێكدا بەناوی (ئاڵا) دەڵێ: لەو پارچە سێ ڕەنگەی وەك باڵی هومای ئاڵا هەودایەكی لێ بووە، فەوری لە ملم ئاڵا تەعریفی نییە ئاڵا، ئاڵایەكی ڕەنگینە سوور و سپی و سەوزە، ڕۆح حازرە بەسەودا كامەران موكری (1929 – 1986) لە شیعرێكیدا بە نێوی (بۆ قازی محەمەد) دوای لەسێدارەدانی پێشەوا بە حوزنێكی قوڵەوە لەو كارەساتە دەدوێت و ئاوا باس لە(ئاڵا) دەكات: ئاڵای كورد لە دڵ و چاوا لە كەژا جۆگەی خوێناوا بۆ ئەم گەلەی هی تۆ و منە وردە وردە كەوتە شنە عەبدوڵڵا پەشێو لە (دوازدە وانە بۆ منداڵان)دا، وانەی یازدەمی تایبەت كردووە بەئاڵا و دەڵێت: مناڵەكان! ئەی بێلانە ژین تاڵەكان، شەو لە خەوما ڕێبوارێك بووم بۆ بارەگای (یوتان) دەچووم كە دەروازەكەی قووتی دام ڕەشم بینی ـ ئاڵای هەبوو، سپیم بینی ـ ئاڵای هەبوو، هەرچیم بینی ـ ئاڵای هەبوو، قیژاندییان: “ئەی بێ وڵات، بۆ دەرەوە! ئەی بێ ئاڵا، بۆ دەرەوە!” منیش گوتم: “مەقیژێنن! كە دەچمەوە، ئەم چیرۆكە بۆ منداڵان دەگێڕمەوە!
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف پارتی دەیەوێت پێگەی ماڵباتی تاڵەبانی لە حكومەتی داهاتوو لاواز بكات، یەكێتیش دەیەوێت بەر لە دەستپێكردنی دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەت، رێككەوتن لەگەڵ گۆڕان بكاتو لە چەند رۆژی رابردوودا هەندێك كۆبوونەوە لەنێوان سەركردەكانی یەكێتیو گۆڕاندا كراوە. زیاتر لە دوو مانگو نیو تێپەڕێوە بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، هێشتا پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بەجددی لەگەڵ لایەنەكان باسی لە چۆنیەتی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتو دابەشكردنی پۆستەكان نەكردووە. پارتی یاری بە كاتو كارتی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەوە دەكات بۆ پەرتكردنی دۆخی ناوخۆیی لایەنە سیاسییەكانی بەرامبەریو شەكەتكردنیان لەسەر مێزی دانوستانەكان. وا دەردەكەوێت لە یاریكردن بە كارتی كاتەوە، پارتی بە پلەی یەكەم ئامانجی ماندووكردنی یەكێتی بێت، بەتایبەتی لەكاتێكدا سەركردەكانی پارتی بەڕوونی دابەشبوونی ناوخۆیی یەكێتیو شەڕكردنیان لەسەر بەشە كێكی حكومەتی داهاتوو دەبینن. یارییەكەی پارتی لەگەڵ یەكێتی! بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستیكەوتووە، یەكێتی نیشتمانی دەیەوێت لە كابینەی داهاتوودا رێژەی (40%)ی پۆستەكانی پێبدرێتو لەبەرامبەردا پارتی وەكو براوەی یەكەم رێژەی (60%)ی پۆستەكان ببات، ئەمەش دوای دەركردنی پشكی ئەو لایەنانەی تر لە بەشداری لە حكومەت دەكەن (بزوتنەوەی گۆڕان). لەبەرامبەردا پارتی دەیەوێت دوای دەركردنی پشكی لایەنەكانی تر (بزوتنەوەی گۆڕان)، رێژەی (30%)ی پۆستەكان بە یەكێتی بداتو رێژەی (70%)ی پۆستەكان بۆخۆی ببات. ئەمەش لەكاتێكدایە پارتی بەبێ هیچ دانوستانێك لەگەڵ یەكێتیو لایەنەكانی تر، پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی هێناوەتە پێشەوەو لە كۆی سێ پۆستی سەرۆكایەتی، دوو پۆستی سەرۆكایەتی بۆ خۆی یەكلاكردوەتەوە (سەرۆكایەتی هەرێمو سەرۆكایەتی حكومەت). ماڵباتی تاڵەبانی پەراوێز دەخات! بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پارتی دەیەوێت لە كابینەی نوێی حكومەتدا پێگەی ماڵباتی جەلال تاڵەبانیو ئیبراهیم ئەحمەد لاواز بكات. رۆژی 11ی ئەم مانگە لە هەولێر مەكتەبی سیاسی پارتیو یەكێتی كۆبوونەوە، ئەو كۆبوونەوەیە لەسەر داوای یەكێتی بوو، بڕیار بوو لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەڕێوەبچێت، بەڵام دواتر كۆبوونەوەكە برایە ماڵی نێچیرڤان بارزانی. بەپێی زانیارییەكان هۆكاری گواستنەوەی شوێنی كۆبوونەوەكە لە مەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە بۆ ماڵی نێچیرڤان بارزانی، رێگریكردن بووە لە بەشداریكردن ئەندامانی ماڵباتی تاڵەبانی لە كۆبوونەوەكەدا، بەڵام بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی ریسەكەی لێكردن بە خوریو دواجار خۆی كرد بە كۆبوونەوەكەی ماڵی نێچیرڤان بارزانیدا، ئەوەش لەكاتێكدایە بافڵ تاڵەبانی هیچ پۆستێكی فەرمی لەناو یەكێتیدا نییە. دیمەنی سڵاوكردنی بافڵ تاڵەبانی لە ئەندامانی وەفدی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی، ئەو راستییەی ئاشكراكرد، كە وەفدەكەی یەكێتی بەبێ هەماهەنگی چونەتە ناو كۆبوونەوەكەوە. رۆژی هەینی قوباد تاڵەبانی كوڕە بچوكی جەلال تاڵەبانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، تویتێكی كردو تێدا نوسی "ئەگەر كەتنێكی گەورە نەكەین، دۆخی ئابوری كوردستان باشتر دەبێت"، پارتییەكان وا لێكیاندایەوە مەبەست لە وشەی "كەتن" ریفراندۆمەكەی ساڵی رابردوو بێت كە مەسعود بارزانی سەرۆكاتی كردو هەرێمی روبەڕووی گەمارۆی ئابوریو سیاسی كردەوە، بەوهۆیەشەوە پارتی لەسەر ئاستی سەركردەكانی بە زمانێكی توند وەڵامی قوباد تاڵەبانی دایەوە. ئەم شەڕە قسەیەی سەركردەكانی پارتی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی لەسەروبەندی دەستپێكردنی دانوستانەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، مانای سیاسی خۆی هەیە، بەتایبەتی بەرامبەر بە قوباد تاڵەبانی كە تاكە نوێنەری ماڵبانی تاڵەبانی دەبێت لە كابینەی نوێداو بڕیارە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەربگرێتەوە. (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو پارتیو یەكێتی زانیویەتی، پارتی دەیەوێت لەكابینەی نوێدا یەكێتی لە ماڵباتی تاڵەبانی جیابكاتەوەو ئەندامانی ماڵبات لە حكومەت دوربخاتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو بێ متمانەییە كە لە دوای رووداوەكانی "16ی ئۆكتۆبەر"ەوە لەنێوان هەردوو ماڵباتی بارزانیو تاڵەبانیدا دروستبووە. بەگوێرەی زانیاری (درەو میدیا)، پارتی دەیەوێت شوێنی ئەندامانی ماڵباتی تاڵەبانی لە كابینەی نوێدا بە كەسانی سەربە كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیو مەلا بەختیار ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پڕبكاتەوە. گۆڕان .. خاڵی پارسەنگ بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای كۆچی دوایی رێكخەرەكەی (نەوشیروان مستەفا) ژمارەی دەنگەكانی بەرێژەی (61%) كەمیكرد، بەڵام قوڵبونەوەی ناكۆكی نێوان پارتیو یەكێتی، پێگەی سیاسی گۆڕانی بەهێزكردووە. پێگەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان ئێستا بەهێزترە لەو كاتەی كە كابینەی هەشتەمی حكومەت لە 2014دا پێكهێنراو هێشتا نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا بوو، ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان بووەتە خاڵی پارسەنگی ململانێكانی پارتیو یەكێتی، رەنگە جیاوازییەكە ئەوەبێت، نەوشیروان مستەفا وەكو سیاسییەكی قاڵبوو لە گۆڕەپانی دانوستاندا رێگەی نەدەدا هیچ یەكێك لە پارتیو یەكێتی خۆیو بزوتنەوەكەی لەدژی یەكتر بەكاربهێنن، بەڵام سەركردەكانی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان بوون بە بەشێك لە ناكۆكییەكانی نێوان ئەو دوو پارتە دەسەڵاتدارە، ئەمەش گوڕێكی بە بزوتنەوەكە داوە لە زەمەنی داكشانی دەنگەكانیدا. پارتی ئامانجی سەرەكی لە راكێشانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ناو حكومەت ئەوەیە، كۆتایی بهێنێت بە هاوكێشەی دابەشكردنی پۆستەكان لەگەڵ یەكێتی بەشێوەی (50+50)، چونكە ئەگەر گۆڕان بەشدار بێت، پشكی یەكێتی دەبات، بەپێچەوانەوە ئەگەر گۆڕان بەشدار نەبێ لە حكومەت، مۆركی دوو ئیدارەیی بەسەر كابینەی نوێی حكومەتەوە دیار دەبێتو هاوشێوەی رۆژانی دوو ئیدارەیی، یەكێتی لە سنوری قەڵەمڕەوی خۆی باڵادەست دەبێتو پارتیش لە قەڵەمڕەویی خۆی. یەكێتی لە یارییەكە تێگەیشتووە؟ هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی نیشتمانی بەڕوونی لە گەمەكەی پارتی بۆ بەشداریپێكردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت تێگەیشتوون، بۆیە دەیانەوێت بە هەر بەهایەك بێت بەر لە دەستپێكردنی دانوستانەكان بۆ دابەشكردنی پۆستەكان، گۆڕان لەژێر باڵی پارتی بهێننە دەرەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقو جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی پرۆژەیەكی داوەتە مەكتەبی سیاسی حزبەكەی سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆی یەكێتیو كوردستان، یەكێك لە خاڵەكانی ئەو پرۆژەیە تایبەتە بە لێكنزیككردنەوەی یەكێتیو گۆڕانو زیندووكردنەوەی رێككەوتنە سیاسییەكەی نێوانیان. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەسەر بنەمای ئەو پرۆژەیەی بەرهەم ساڵح، یەكێتی دەیەوێت رێخۆشكەری بكات بۆ سازدانی گفتوگۆ لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانو لە چەند رۆژی رابردوودا لەسەر ئاستی كەسیی هەندێك دیدار لەنێوان سەركردەكانی هەردوولا هەبووە. یەكێتی بەپلەی یەكەم ئامانجی لەم نزیكبونەوەیە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەیە، پارتی لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا بەشداری گۆڕان بۆ لێدان لە پێگەی یەكێتی بەكارنەهێنێتو هەردوولا وەكو دوو هێزی ناوچەی سلێمانی پێكەوە لەبەرامبەر پارتی بوەستنەوە. بەڵام پێناچێت بزوتنەوەی گۆڕان پێش پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ئامادەی هیچ كۆبونەوەیەكی فەرمی بێت لەگەڵ یەكێتی، چونكە ئەمە بەتەواوەتی كارتی گۆڕان لای پارتی دەسوتێنێت، سەرباری ئەمە هەندێك لە سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ماوەی رابردوودا ئەوەیان ئەزمون كردووە، یەكێتی جددی نییە لە رێككەوتن لەگەڵ گۆڕانو هەرجارێك هەوڵی گفتوگۆی دابێت، بۆ ئەوە بووە گۆڕان لە پارتی دوربخاتەوە.
راپۆرتی: نامیق رەسوڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دوا كۆبوونەوەیاندا ئاماژەیان بە رەوینەوەی گرژییەكانی نێوانیاندا كە لەدوای ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی 2017 و روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە دروست ببوو، بەڵام شەڕی میدیای و لێدوانی ئاگرینی نێوانیان بەردەوامە، تویتێكی قوباد تاڵەبانی پشكۆی ناكۆكییەكانی نێوان ئەو دوو حزبە دەگەشێنێتەوە، ئەم دوو هێزە ئەگەرچی لە راگەیاندنەكانەوە باس لە باشبونی پەیوەندییەكانیان دەكەن، بەڵام لە جەوهەردا ئەم دوو هێزە ناكۆكی قوڵیان هەیە. قوباد تاڵەبانی كەتنی نایەوە هەفتەی رابردوو وەفدی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر كۆبوونەوە، دوای كۆبوونەوەكەش سەعدی پیرە وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبوونەوەكەی بە ئیجابی وەسفكرد و رایگەیاند" سەرەتایەك بوو بۆ گەرمكردنەوەی پەیوەندییەكان" ی ئەو دوو حزبەی كە لە سەرجەم كابینەكانەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوپەیمان و پشتیوانی یەكتربوون. دوای ئەو هەنگاوەی یەكێتی و پارتی بۆ گەرمكردنەوە و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان، تویتێكی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم، نیگەرانی و كاردانەوەی پارتی لێكەوتەوە و جارێكی تر شەڕە لێدوان لە نێوان بەرپرسانی ئەو دوو حزبەدا دەستیپێكردەوە. قوباد تاڵەبانی لە تویتەكەیدا دەڵێت:" پێم وایە كە ئەگەر بەردەوام بین لەسەر چاكسازییەكانمان، رێکكەوتنمان لەگەڵ بەغداد تێك نەچێت، نرخی نەوت زۆر دانەبەزێت و كەتنێكی گەورە نەكەین پێشبینی دەكەم دۆخی ئابووری كوردستان باشتر ببێت" هەرچەندە تاڵەبانی كوڕ لە تویتەكەیدا روونی نەكردوەتەوە مەبەستی لە كەتنی گەورە چییە، بەڵام بەشێك لە بەرپرسانی پارتی بە ئیزتفزاز لێكیاندایەوەو پێیان وابوو " كەتنە گەورەكە"ی قوباد تاڵەبانی مەبەستی " ریفراندۆمە" كە پارتی بە موڵكی خۆی دەزانێت، عەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتی پارتی لە پۆستێكیدا زۆر بە رەقی وەڵامی قوباد تاڵەبانی دایەوە و دەڵێت:" كەتنی هەرە گەورەی بەناو كورد كردبێتی, خیانەتی شانزەی ئۆكتۆبەر بوو, ئەم خیانەتە بووە هۆی ئەوەی نیوەی كوردستان رادەستی حەشد و عەرەبی داگیركەر بكرێت، كاك قوباد راست دەكات, ئەگەر براكەی و دایكی و پوری و ئامۆزاكانی هیچ كەتنێكی دیكەی گەورە نەكەن, بارودۆخمان زۆر باش باش دەبێت." دوای بڵاوبوونەوەی ئەم لێدوانە توندەی عەلی عەونی جارێكی تر قوباد تاڵەبانی تویتێكی كردووە و دەڵێت :" رەحمەت لە پێشینانمان كە وتوویانە: "دار هەڵبڕە سەگی دز دیارە" نەبوونی متمانە ئەگەرچی ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستاندان، بەڵام نەبوونی متمانە لە نێوان ئەم دوو هێزەدا وایکردووە كە نەتوانن پەیوەندیەكانیان درێژە پێبدەن هەموو رووداوو گۆڕانكارییەك پەیوەندیەكانیان نێوانیان ئاڵۆز دەكات. ئەم دوو هێزە تا ئێستاش لەسەر زۆربەی پرسەكان ناكۆكن، فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە میدیای حزبەكەی راگەیاندوە هەموو ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن كە پێكهێنای حكومەتی هەرێمی كوردستان دوا دەكەوێت، دەشڵێت ” ئەو ماوەیەی ئەم كابینەی تێیدا پێكدەهێنرێت، رەنگە درێژترین ماوە بێت لە مێژووی هەموو كابینەكانی حكومەتی هەرێم”. راشیدەگەیەنێت چەند بابەتێك دانوساندنەكانی پێكهێنانی حكومەتی ئاڵۆزكردوەو پێشی وایە بەشی زۆریشی پەیوەندی بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە هەیە، دەشڵێت ” ئەو حزبە لەپڕێكداو بەبێئەوەی پرس بەهیچ لایەنێك بكات، مەسەلەی سەرۆكایەتی هەرێمی هێنایە ئاراوەو كاندیدەكەی خۆیشی دیاریكرد، ئەمەش مانای تایبەتی خۆی هەیە”. تا ئێستاش ئەو دوو خزبە ناكۆكن لەسەر: - پارتی و یەكێتی ناكۆكن لەسەر شێوازی حوكمرانی لە هەرێمی كوردستان - یەكێتی و پارتی ناكۆكن لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان و شێوازی دابەشكردنیان - یەكێتی و پارتی ناكۆكن لەسەر پۆستەكانی بەغداو بەتایبەتیش دانانی سەرۆك كۆمار - یەكێتی و پارتی ناكۆن لەسەر پرسی كەركوك و پارێزگاری كەركوك - یەكێتی و پارتی ناكۆكن لەسەر پەیوەندی هەرێمایەتی بەتایبەت توركیا و ئێران - یەكێتی و پارتی لەسەر مامەڵە و لێدوانی كارەكتەرەكانی نێوانیان ناكۆكن - یەكێتی و پارتی ناكۆكن لەسەر دابەشكاری پۆستی سەرۆكی هەرێم و حكومەت سەرەرای هەموو ناكۆكییەكان ئەم دوو هێزە ناتوانن بەبێ یەك حكومەت و پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان درێژە پێبدەن، چونكە تا ئەمڕۆش بە دیفاكتۆ هەرێمی كوردستان ( دوو ئیدارە)یە و دوو زۆنی جیاوازە ( سەوز و زەرد )، بۆیە سەرەرای ناكۆكییەكانیان بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوری و حزبیەكانیان ناچاریان دەكات ناكۆكییەكانیان وەلا بنین و بەناچاری پێكەوە شان بدەنە بەر پێكهێنانی حكومەت. رێكەوتن و پەیوەندیەكی لەرزۆك بە درێژایی ئەو هاوپەیمانێتی و رێكکەوتنانەی كە یەكێتی و پارتی پێكەوەبوون، هەمیشە پەیوەندیەكانیان بەرزی و نزمی بەخۆیەوە بینیوەو لێدوانی ئاگرینیان بەرامبەر یەكتر داوە، بەڵام دواتر بەناچاری چونەتەوە سەر مێزی گفتوگۆو پەیوەندییەكانیان ئاساییكردوەتەوە بۆ ماوەیەك، ناكۆكی و لێدوانی نێوان ئەو دوو هێزە مێژوویەوە لەرابردووشدا لێدوانە ئاگرینەكانیانی نێوانیان شەڕی براكوژی لێكەوتوەتەوە. رەنگە ئێستا لێدوانەكەی قوباد تاڵەبانی بە توندترین لێدوان دابنرێت بۆسەر پارتی چونكە پارتی بە پیشاندانی كێكی حكومەت زۆرێك لە حزبەكانی ناچاركردووە كە بێدەنگی هەڵبژێرین و بەشێك لە كارەكتەرە توندەكانی بەرامبەریشی ناچاركردووە لەم دۆخەدا بێدەنگی هەڵبژێرن. ئەگەرچی قوباد تاڵەبانی بە لایەنگری پێكەوەبوون لەگەڵ پارتی و كارەكتەری لێكنزیکبوونەوەی نێوان ئەو دوو هێزەدادەنرێت، بەو پێیەی خۆی لە دابەشكردنی كێكی حكومەتدا ئەگەری پێدانی پۆستی باڵای هەیە، بەڵام تویتەكەی بە تویتێكی تر پینەدەكات و لە دوایین تویتیدا دەنوسێت" هەركاتێك پێكەوە دیالۆگ لەسەر كێشەكان یان بابەتێك بكەین، دێنە سەر هێڵ و لەسەر وشەیەك دەیكەن بەهەرا، دەزانن بۆ ؟ چونكە دەیانەوێت پردی نێوانمان بڕوخێنن و لەیەك دوورمانبخەنەوە" ئەگەرچی كێكی حكومەت لە توێتەكەی قوباد تاڵەبانی شیرینترە و پێكەوە كێكەكە لەتدەكەن، بەڵام ناكۆكیە قوڵەكانی نێوانیان بە ئاسانی سارێژنابێت.
ئامادەكردنی: فازل حەمەڕەفعەت- نامیق رەسوڵ زۆربەی داهاتی خێزانەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، بۆ خۆراك دەڕوات و دوای ئەویش خەرجی سوتەمەنی و نیشتەجێبوون لە پلەی دووەمدا دێت، ئەوەش بە گوێرەی روپێوییەك كە وەزارەتی پلاندانی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی ئاماری هەرێم و بانكی نێودەوڵەتی ئەنجامی داوە. هەر بە گوێرەی ئەو روپێوییە، (72%)ی خێزانەكانی عێراق و هەرێم واتە لە كۆی چوار خێزان، سێ خێزانیان خانوی خۆیان هەیەو كرێچی نین. وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی ئاماری هەرێمو بانكی نێودەوڵەتی روپێوییەكیان بۆ ئاستی هەژاری لە عێراق بۆ ساڵی 2018 بڵاوكردەوە. وەكو خۆی دەڵێت، وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەم روپێوییە بەمەبەستی گەیشتن بە ئاماژە كۆمەڵایەتیو ئابورییە نوێیەكانی كۆمەڵگەی عێراقی كردووە. بۆ ئەم روپێوییە، (8 هەزارو 640) خێزان وەكو سامپڵ لە هەموو پارێزگاكانی عێراق وەرگیراون، واتە لە هەر پارێزگایەك (360) خێزان، جگە لە بەغدادو هەرێمی كوردستان كە ژمارەی سامپلەكان گەیشتوەتە (900) خێزان. ئاماژەكانی روپێوییەكە: خەرجی ئەنجامی روپێوییەكە دەریخستووە پەیكەری خەرجی خێزان بۆ كڕینی كاڵاو خزمەتگوزاری بەكاربردن بە بەراورد بە ساڵانی 2012 بۆ 2014، لە ساڵانی 2017و 2018دا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە. كاڵاو خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەكان خەرجی خێزانی عێراقی لە ساڵی 2017 بۆ 2018 بەمشێوەیە دابەشبووە بەسەر پێداویستییەكاندا: • ماددە خۆراكییەكان لە پلەی یەكەمدانو رێژەی (32%) خەرجی خێزانیان بردووە. • سوتەمەنیو نیشتەجێبوونو روناككردنەوە لە پلەی دووەمدایەو رێژەی (24%)ی خەرجی خێزانیان بردووە. • گواستنەوە لە پلەی سێیەمدایەو رێژەی (12.1%) خەرجی خێزانیان بردووە. • جلوبەرگو پێڵاو لە پلەی چوارەمدایەو رێژەی (6.4%) خەرجی خێزانەكانیان بردووە. • كەلوپەلو پێداویستییەكانی ناوماڵ لە پلەی پێنجەمدایەو رێژەی (5.2%)ی خەرجی خێزانەكانیان بردووە. تێكڕای خەرجی خێزان بەپێی روپێوییەكە، تێكڕای خەرجی هەر خێزانێكی عێراقی لە مانگێكدا (ملیۆنێكو 276) هەزار دینارە، دینارە بە نرخی بازاڕ (ملیۆنێكو 503) هەزار. تێكڕای گشتی خەرجییەكانی خێزانەكان بەپێی روپێوییەكە تێكڕای خەرجی خێزان بەمشێوەیە بەسەر خێزانی عێراقیدا دابەشبووە: * رێژەی (31%)ی خێزانەكان مانگانە كەمتر لە (یەك ملیۆن) دینار خەرج دەكەن * رێژەی (48.2%)ی خێزانەكان مانگانە لەنێوان (ملیۆن)ێك بۆ كەمتر لە (دوو ملیۆن) دینار خەرج دەكەن * رێژەی (14.6%)ی خێزانەكان مانگانە لەنێوان (دوو ملیۆن) بۆ كەمتر لە (سێ ملیۆن) دینار خەرج دەكەن * رێژەی (5.7%)ی خێزانەكان مانگانە (سێ ملیۆن) دینارو زیاتر خەرج دەكەن روپێوییەكە ناوەندی خەرجی مانگانەی هەر خێزانێكی عێراقی بە نرخی بازار ئەژماركردووە، ئەمەش دوای خەمڵاندنی ماددەكانی ناو كۆبونی خۆراك بە نرخەكانیان لە بازاڕە بازرگانییەكاندا، هەروەها خەمڵاندنی بەكرێگرتنی هەموو جۆرەكانی شوێنی نیشتەجێبوون بەپێی نرخی بەكرێگرتنی بەربڵاو لە شوێنە بەرچاوەكاندا. تێكڕای خەرجی تاك بەگوێرەی روپێوییەكە، تێكڕای خەرجی مانگانەی تاك لە عێراق گەیشتوەتە (212.6) هەزار دینار، بە نرخی بازاڕیش خەرجی هەر تاكێك (253.3) هەزار دینارە. ئەنجامی روپێوییەكە لەبارەی خەرجی تاكەوە دەریخستووە: * رێژەی (45.7%)ی تاكەكان مانگانە كەمتر لە (200) هەزار دینار خەرجدەكەن. * رێژەی (26%)ی تاكەكان مانگانە لەنێوان (200 هەزار) دینار بۆ كەمتر لە (300 هەزار) دینار خەرجدەكەن. * رێژەی (14%)ی تاكەكان مانگانە لەنێوان (300 هەزار) دینار بۆ كەمتر لە (400 هەزار) دینار خەرجدەكەن. * رێژەی (13.3%)ی تاكەكان مانگانە رێژەی (400 هەزار) دینارو زیاتر خەرجدەكات. ئاماژە دیمۆگرافییەكان روپێوییەكە لەبارەی خێزانی عێراقییەوە چەند ئاماژەیەكی نوێی ئاشكراكردووە، لەوانە: • ناوەندی ژمارەی ئەندامانی خێزان لە عێراق (6) كەسەو زۆرینەی خێزانەكان گوندنشینن. • دابەشبوونی تەمەنی تاكەكان لە كۆمەڵگەی بەپێی روپێوییەكە، دەریدەخات كۆمەڵگەی عێراقی هێشتا كۆمەڵگەیەكی گەنجە، بەجۆرێك رێژەی (38.9%) تاكەكانی كۆمەڵگەی عێراقی تەمەنیان لە خواروو (15) ساڵییەوەو رێژەی نێر زیاترە لە مێ. • ناوەندی تێكڕای خێزانداری لە عێراق (74%)ە، ئەم رێژەیەش لە ناوچە گوندنشینەكاندا بەرزترە لە شارەكان، لە گوندەكاندا (84%)ە لە شارەكان (71%)ە نیشتەجێبوون ئەنجامی روپێوییەكەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەریخستووە، رێژەی (72%)ی خێزانەكانی عێراق واتە لە كۆی چوار خێزان، سێ خێزانیان خانوی خۆیان هەیەو كرێچی نین. خۆڵ و خاشاك روپێوییەكە بەشێكی تەرخانكراوە بۆ خزمەتگوزاری پاككردنەوەی خۆڵو خاشاكی خێزانەكان. بەگوێرەی روپێوییەكە، رێژەی (53%)ی خۆڵو خاشاكی ماڵان لە عێراق لەلایەن شارەوانییەكانەوە كۆدەكرێتەوە، رێژەی (25%)ی خۆڵو خاشاك فڕێدەدرێتە دەرەوەی ناوچەكانی نیشتەجێبوون، رێژەی (8%)ی خۆڵو خاشاك دەخرێتە ناو حاویە تایبەتەكانەوە، ئەمە لەكاتێكدایە رێژەی (13%)ی ئەو خۆڵو خاشاكانە دەسوتێندرێن. بەكارهێنانەكانی ناو ماڵ روپێوییەكە دەریخستووە رێژەی (98%)ی خێزانەكانی عێراق لە پرۆسەی چێشتلێناندا غازی شل بەكاردەهێنن. كارەبا بەپێی روپێوییەكە، ئاستی پێدانی كارەبا لە تۆڕە گشتییەكانەوە رۆژانە دەگاتە (17) كاتژمێر، بەڵام پێدانی كارەبا لە موەلیدە ئەهلییەكانەوە (6) كاتژمێرە لە رۆژێكدا. ئاو رێژەی (92%)ی كۆی خێزانەكان لە عێراقدا ماڵەكانیان بەستراوەتەوە بە تۆڕی ئاوی گشتییەوە، بەڵام رێژەی (11%)ی خێزانەكان لە ناوچە گوندنشینەكاندا ئاوی (رووبار- چەم- كانی- هتد) بەكاردەهێنن. لە عێراق رێژەی (69%)ی خێزانەكان ئاوی پێویست بە ماڵەكانیان دەگات، ئەوەی كە دەمێنێتەوە بەدەست نەبوونی ئاوی پێویستەوە دەناڵێنێت، بەوهۆیەشەوە رێژەی (97%)ی خێزانەكان تانكی ئەمباركردنی ئاو لە ماڵەكانیاندا بەكاردەهێنن. ئاوەڕۆ رێژەی (35%)ی خێزانەكانی عێراق ئاوەڕۆی ماڵەكانیان بەستراوەتەوە بۆ تۆڕی گشتی ئاوەڕۆوە، بەڵام رێژەی (58%)ی ئاوەڕۆی ماڵەكان بیری زێرابەو تەنیا رێژەی (4%)ی ماڵەكان ئاوەڕۆی سەرداپۆشراویان هەیە. كەلوپەلەكانی تر روپێوییەكەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژە بە چەند زانیارییەك دەكات لەبارەی دۆخی ئابوری خێزانی عێراقی. • رێژەی (41.7%)ی خێزانەكان ئۆتۆمبیلیان هەیە • رێژەی (15.9)ی خێزانەكان ئامێری لاپتۆپیان هەیە • رێژەی (10.9%)ی خێزانەكان ئامێری (ئایپاد) یان هەیە • رێژەی (78.5%) موبایلی زیرەكیان هەیە رۆشنبیریو فێركردن روپێوییەكە ئاماژە بەوەدەكات، رێژەی (87%)ی تاكەكانی كۆمەڵگەی عێراقی لەوانەی كە تەمەنیان لە سەرو (10) ساڵییەوەیە، خوێندنەوەو نوسین دەزانن، ئەمانە رێژەی (91.9%)یان نێرینەو (82.1%) مێینەن. تێكڕای ئاستی پەیوەندیكردنی منداڵان بە قۆناغی سەرەتایی خوێندنەوە (92.5%)ە، رێژەی پەیوەندیكردن بە خوێندن لە قۆناغی ناوەندی (56%)ە، بۆ قۆناغی ئامادەییش (29.6%)ە. روپێوییەكە دەریخستووە، هۆكاری سەرەكی ئەوانەی كە نەچونەتە بەر خوێندن دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی لە نزیك شوێنی نیشتەجێبونیان بە رێژەی (30.3%)، سەبارەت بە نەچوونی كچانیش بۆ خوێندن هۆكاری كۆمەڵایەتی تایبەت هەیە بەرێژەی (11.2%). هێزی كار • تێكڕای چالاكی ئابوری ئەو كەسانەی كە تەمەنیان لە (15 ساڵ) زیاترە، گەیشتوەتە (42.8%)، ئەمە لەگەڵ بوونی جیاوازی لەنێوان رێژەی پیاوان (72.7%)و ژنان (13%) • تێكڕای بێكاری بۆ ئەوانەی تەمەنیان (15 ساڵ)و زیاترە، گەیشتوەتە (13.8%) • تێكڕای بێكاری بۆ چینی تەمەن (15- 24) ساڵ بەرزبوەتەوەو گەیشتوەتە (27.5 %) • نیوەی كرێكارانی پیاو لە كەرتی حكومیدا كاردەكەن، بەڵام ژنان رێژەی (90%)یان لە كەرتی حكومیدا كاردەكەن دیاریو هاوكارییەكان • رێژەی (25.4%)ی خێزانەكان موچەی خانەنشینیان هەیە، رێژەی (95%)ی خێزانەكان بەشەخۆراكی مانگانەیان وەرگرتووەو رێژەی (7.5%)ی خێزانەكان هاوكاری داراییان بە نەخت لە حكومەت وەرگرتووە • رێژەی (4%)ی خێزانەكان دیاریو هاوكارییان لە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی وەرگرتووە • رێژەی (98%) ی خێزانەكان ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە، بەشەخۆراكی مانگانەی بەلایانەوە زۆر گرنگە "شۆك" ئەنجامی روپێوییەكەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژە بە باری دەرونی خێزانی عێراقی دەكانو دەڵێ خێزانەكان بەهۆی یەكێك لەم پاڵنەرانەوە دوچاری "شۆك" بوون: • توندوتیژی: 17.2% • نەبوونی ئاسایش: 16.9% • مردن: 16.4% • نەخۆشی: 15.9% • توشبونی ئەندامێكی خێزان: 15.5% • لەدەستدانی بەشە خۆراكی مانگانە: 13.7% • كۆچكردنی زۆرەملێ: 10.2% باری كەسێتی باری ئابوری ئێستای خێزانەكان بەپێی روپێوییەكە: • (13%) خێزانەكان باری ئابورییان باشە • (56%)ی خێزانەكان باری ئابورییان ئاساییە • (31%)ی خێزانەكان باری ئابورییان خراپە باری ئابوری ئێستای خێزانەكان بەبەراورد بە كانونی دووەمی ساڵی 2014: • خراپ: ( 44%) • (40%): هاوشێوەی پێش 2014 بوون • (16%): باشتربوون چەند زانیارییەكی تر • رێژەی ئەو خێزانانەی كە دووچاری شۆك نەبوون، گەیشتوەتە (63.7%). • باری ئابوری ژیانی خێزانەكان لە دوو ساڵی داهاتوودا: - خراپ: (17%) - (34%): وەك خۆی دەبێتو ناگۆڕێت - (17%): باشتر دەبێت - (32%): ناڕوونە
راپۆرتی: محەمەد رەئوف شەوی رابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا شەنگال و مەخموریان بۆردومانكردو بەهۆیەوە چوار هاوڵاتی مەندەنی شەهید بوون, كە سێ ژن و منداڵێكی كچ-ن، و سیانیان ئەندامی یەك خێزانن ئەوانیش ( ئاسیا عەلی محەمەد – ٧٣ ساڵ، نارنج فەرهان قاسم – ٢٦ ساڵ (كچی ئاسیا عەلی)، ئەڤین كاوە مەحمود - ١٤ ساڵ ( نەوەی ئاسیا عەلی)، ئەیلەم محەمەد عەمەر – ٢٣ ساڵ ). بە وتەی خولوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا " پێگەكانی پەكەكەیان لە شەنگال و چیای قەرەچوغ" بۆردومانكردووە، دەشڵێت "لە چوارچێوەی هێرشەكەدا كە لەشێوەی هەڵكوتانەسەر ئەنجامدرا، زیاتر لە 30 پێگە خاپووركران، ناوچەی چیای قەرەچووخ بۆ یەكەمجار كرایە ئامانج. لەم ئۆپەراسیۆنەدا لە باكوری عێراق، زیاتر لە 20 فڕۆكەی جەنگی هەروەها ژمارەیەك فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و فڕۆكەی گواستنەوەی سووتەمەنیش تێیدا بەشدارییان كردووە" توركیا هەر كات ویستبێتی هێرش و پەلاماری سەربازی بۆسەر باشوری كوردستان ئەنجامداوە بەبێ گوێدانە بڕیارە نێودەوڵەتییەكان و هەڵوێستی حكومەت و سەروەری خاكی عێراق، تەنانەت هێرشەكانی بەجۆرێك ئەنجام ئەدات وەك ئەوەی باشوری كوردستان ویلایەتێكی توركیا بێت، بەو پێیەی لە دواین ئۆپەراسیۆنی فرۆەكانیدا خاكی باشوری كوردستان و عێراقی بە قوڵایی زیاتر لە 300كم بەزاندووە، كە ئەمەش پێشێلكاری سەروەری خاكی عێراق و هەرێمە. توركیا خۆی بە خاوەن ماڵ دەزانێت توركیا هەر كات ویستبێتی بە بەبێ گوێدانە هەڵوێستی بەرپرسانی هەرێم و عێراق ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجامداوەو خاكی عێراقی بەكار هێناوە بۆ هێرش و پەلامار( لەشكركێشی سەربازی ، هێرشی فڕۆكە، سنوربەزاندن ، دانانی بنكەی سەربازی) ئێستا سوپای توركیا لە باشوری كوردستان زیاتر لە 30 بنكەی سەربازی هەیە بەسەدان تانك و زرێ پۆش و چەكی قورس و فڕۆكەخانەی سەربازی هەیە، بۆیە توركیا باشوری كوردستانی وەك ویلایەتێكی سەربە توركیا بینیوەو مامەڵەی كردووە، هەر كات ویستبێتی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و لەشكركێشی و هێرشی فرۆكەی سەربازی بەكار هێناوە، كە بەپێی هەموو یاسایەكی نێودەوڵەتی ئەمە پێشێلكاری نێودەوڵەتیە، بێدەنگی بڕیاربەدەستان و ناوەندە سیاسیەكانی هەرێم و عێراق تەواو رێگەی خۆشكردووە بۆ تروكیا هەر كات بیەوێت ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجامبدات. ویلایەتی باشور توركیای سەردەمی ئەردۆغان چاوی بڕیوەتە باشوری كوردستان و زۆرجار وەك ویلایەتێكی توركیا مامەڵەی لەگەڵ كردووە. پێی وایە لە سەردەمانێكدا سەربە ویلایەتی موسڵی دەوڵەتی عوسمانی بووە(ویلایەتی موسڵ یەكێكە لە ویلایەتەكانی دەوڵەتی عوسمانی و لە ساڵی 1879 دامەزراو هەریەك لە سلێمانی و هەولێر و كەركوكی لەخۆدەگرت و روبەرەكەی ( 75700 كم2 ) بووەو روبەرەكەی لە ساڵی 1885 دا ( 300280 ) كەس بووە). ئێستا توركیا وێرای بونی زیاتر لە 30 بنكەی سەربازی و هەواڵگری لە هەرێمی كوردستان و لەروی ئابوریشەوە ساڵانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێم و توركیا زیاتر لە 10 ملیار دۆلارەو نزیكەی 3 هەزار كۆمپانیای توركیا لە هەرێم كاردەكەن و رۆژانە نزیكەی 350 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بە توركیادا تێپەردەبێت بۆ جیهان بۆیە توركیا لەرووی ئابوری و سەربازی و تەنانەت سیاسیشەوە هەرێمی كوردستانی كۆنترۆڵكردووە و خەریكە دەبێتە بەشێك لە توركیا. رێكکەوتنی توركیا و عێراق بۆ بەزاندنی سنور رێككەوتنی نێوان توركیا و عێراق نوێ نیە و مێژووەكە بۆ سەردەمی رژێمی بەعس دەگەڕێتەوە بەو پێیەی عێراق و توركیا لە ساڵی 1982 دا رێكەوتنێكیان ئیمزاكردووە كە بۆ پاراستنی ئەمنیەت و ئاساییشی وڵاتەكانیان ئەتوانن 20 كیلۆمەتر سنوری خاكی یەكدی ببڕن بەتایبەتیش دژ بە گروپە چەكداریەكانی نەیاریان بەتایبەتیش پەكەكە، ئەم رێكەوتنەی 1982 لە ساڵی 2007 لەسەردەمی هۆشیار زێباری وەزیری ئەوكاتی دەرەوەی عێراق نوێكرایەوە بەڵام بەزاندنی سنوری یەكتریان لە 20 كیلۆمەتر زیادكرد بۆ 25 كم، ئەمیش زیاتر لەسەر رەزامەندی توركیا بوو، بۆ ئەوەی بتوانێت دژ بە پارتی كرێكارانی كوردستان سنوری عێراق و باشوری كوردستان ببەزێنێت. بەڵام حكومەتی توركیا بە سودوەرگرتن لە دۆستایەتی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتیش لەسەردەمی شەڕی ناوخۆ توانی بەتەواوی هەژمونی خۆی لە هەرێمی كوردستان فراونبكات و سنوری عێراق ببەزێنێت بە فیعلی بنكە و بارەگای سەربازی و هەواڵگری بكاتەوە، ئەوەبوو لەدوای 1995 ەوە لە چوارچێوەی ( PMF ) هێزی ئاشتی پارێزدا بنكە و بارەگای خۆی لە هەرێمی كوردستان كردەوە، لە دوای روداوەكانی 31ی ئابی 1996 ەوەو لە چوارچێوەی بانگهێشتنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان دژ بە هێزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بنكە سەربازیەكانی زیاتر كرد، دواتریش بەهۆی شەڕی داعشەوە بنكەی تری لە هەرێمی كوردستان كردەوە، كە ئێستا نزیكەی 18 بنكەی سەربازی و هەواڵگری توركیا لە هەرێمی كوردستاندان. ئەو سنوربەزاندنە سەربازیانەی توركیا بەتەواوی پێشێلكاریە خۆ ئەگەر رێكەوتنەكەیان بۆ 25 كم بێت بەڵام هێرشەكەی شەوی رابردووی فرۆكەكانی توركیا بۆ سەر مەخمور بە قوڵایی زیاتر لە 300 كم بوو. بنكە سەربازییەكانی توركیا لە باشووری كوردستان لە باشوری كوردستان نزیكەی 18 بنكەی سەربازی و هەواڵگری ئاشكراو نهێنی توركیا لە هەرێمی كوردستاندا بوونی هەیە، نوێترنیان سنوربەزاندنەكانی ناوچەی ئامێدی و گوندی بەرمیزە بوو كە لەو ناوچەیە زیاتر لە 12 بنكەیان دامەزراندووە، بەڵام زۆرترین هێنانی هێزی سەربازی توركیا بۆ باشیك بوو لە ساڵی 2016 بەبیانووی روبەرووبونەوەی چەكدارانی داعش و راهێنانی سەربازی لەوێ دوو بنكەی سەربازی كردۆتەوە، كە 1200 سەرباز، 50 تانك، 50 هەمەر، 15 تۆپی دوورهاوێژ و ، 50 هاوەنی بچووك و دەیان چەكی بچوكو 70 ئۆتۆمبێلی سەربازی لەو ناوچەیە جێگیركراون، لەگەڵ چەند بنكەیەكی هەواڵگری لە پارێزگای دهۆك. بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی ناڕەزایەتییەكانی باشوور كە لە مانگی كانونی یەكەمی 2015، ژمارەی هێزەكانی ئەو وڵاتە لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا (٣٢٣٥) ئەفسەر و سەرباز و ژەندرمەی سوپای توركیایە لەگەڵ چەندین جۆر چەك و تەقەمەنی، بەپێی راپۆرتەكە توركیا (٥٨) تانك، (٢٧) زرێپۆش، (٣١) تۆپو (٢٦) ھاوەن، (١٧) ئاڕبیجیو (١٠) دۆشكە، (٤٠) ئۆتۆمبیلی سەربازیی. بەپێی راپۆرتەكە سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان بەسەر (١٣) بنكەو بارەگای سەربازیدا لەناوچە سنورییەكانی پارێزگای دهۆك جێگیركراون، كە لەناو هەموو بنكە سەربازیەكاندا بەشی هەواڵگریان تێدایە. 1.گەورەترین بنكە و بارەگای سەربازی توركیا لەڕووی ژمارەی سەربازەوە، لە ناحیەی (كانی ماسی)یە. لەو بنكەیەدا (٥٨٠) سەرباز و (٩١) ئەفسەر و (٢٤٠) جەندرمە و (٣٤٠) هێزی لێدان هەیە. 2.گەورەترین بنكەی سەربازی توركیا لەڕووی لۆجستییەوە، سەربازگەی (بامەڕنی)یە دەكەوێتە بەرامبەر ناحیەی بامەڕنی. لەناو ئەو بنكە سەربازییەدا گەورەترین یەكەی هەواڵگری سەر بە سوپا هەیە. هەروەها (٣٠) تانك، (٨) زرێپۆش، (٦) هاوەن، (٦) ئۆتۆمبێلی سەربازی تێدایە، جگە لەبوونی ئامێرێكی پێشكەوتووی دەنگگرتن كە بۆ كاری سیخوڕی بەكاریدە هێنن. 3.سەربازگەی باتوفا سریەیەكی تایبەتی هەواڵگری لێیە كە لە (٢٠) كەس پێكهاتووە. بنكەی سەربازی ناحیەی باتوفە گەورەترین سەربازگەی هەواڵگریە و دەكەوێتە سنوری ئیداریی قەزای زاخۆوە، (٤٠٠) سەرباز و (٦) تانك و (٢١) زرێپۆش و (١٤) ئۆتۆمبێلی سەربازیی و سێ نازووری تێدایە. 4.بنكەی سەربازی (كریبی) لە سنووری قەزای زاخۆ (٤١٤) سەرباز، (٦) تانك، (١٥) ئاڕبیجی، (٢) دۆشكە، (٦) زرێپۆش، (١١) تۆپ، (١٤) ئۆتۆمبێلی سەربازی، و چەندان چەكی سوك و مامناوەندی لێیە. 5.سەربازگەی (سینكی) (٨٠) سەرباز و تۆپێكی (١٢٠) ملمی تێدایە. 6.سەربازگەی (سیریی) لە سنووری قەزای ئامێدێیە، (٧٥) سەرباز، (٦) تانك، سێ دۆشكا، (٦) هاوەن، (٤) زرێپۆش هەیە. 7.سەربازگەی (كوبكی) لە سنووری قەزای ئامێدی. (١٣٠) سەربازی جێگیركردووە لەگەڵ دوو تانك. 8.سەربازگەی (قومری) لە ناوچەی مەتینا 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی . 9.سەربازگەی كوخی سپی 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی. 10.سەربازگەی دەرەی داواتیا لە هەفتانین 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی. 11.سەربازگەی (سەری زیری) (٦٠) سەربازی جێگیركردووە. 12.سەربازگەی گەلی زاخۆ (34) سەربازی جێگیركردووە. 13.سەربازگەی ئامێدی (٤٥) سەرباز بە تەواوی چەك و تفاقی سەربازییەوە جێگیركراون. 14. بارەگای دەزگای سیخوری میت لە ناوەندی قەزای ئامێدییە. 15. بارەگای دەزگای سیخوری میت لە ناوەندی ناحیەی باتوفە. 16.بارەگای دەزگای سیخوری میت لە قەزای زاخۆ لە گەڕەكی بێداری. 17.بارەگای دەزگای سیخوڕی میت لە ناوەندی قەزای دهۆك لە گەڕەكی گرێباسی. 18. بنكەی سەربازی توركیا لە باشیك. بوونی ئەو بنكەو بارەگایانەی سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستان تەنها لە پێناو پاراستنی ئاسایشی توركیا و كۆكردنەوەی زانیارییە لەسەر باشوری كوردستان و بەتایبەتیش لەسەر پارتی كرێكارانی كوردستان، بونی ئەو هێزە هیچ سودێكی بە هەرێم نەگەیاندووە بە جۆرێك لە كاتی هاتنی هێرشی داعش بۆسەر هەولێر توركیا ئامادە نەبوو هێز رەوانە بكات، تەنانەت ئامادە نەبوو هێزی ئەو بنكە سەربازیانەش بەكاربهێنێت لە كاتێكدا بنكەی سەربازی بامەڕنێ فڕۆكەخانەی سەربازیە و توركیا دەیتوانی لەوێوە پەلاماری داعش بدات..
راپۆرتی: نامیق رەسوڵ توركیا هێز بەرەو سنورەكانی رۆژئاوای كوردستان دەجوڵێنێت و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاواش داوا لە حكومەتی سوریا دەكات هەڵوێستی رەسمی خۆی بەرامبەر بە هەڕەشەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان رایدەگەیەنێت و وەزارەتی بەرگری ئەمریكاش هۆشداری دەداتە توركیا لەهەر هێرشێكی تاكلایەنە بۆسەر رۆژئاوای كوردستان. ئەنكەرە هێز كۆدەكاتەوە دوای راگەیاندنەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بۆ ئەنجامدانی هێرش لەدژی ناوچەكانی خۆرهەڵاتی فورات" رۆژئاوای كوردستان"، سوپای توركیا دەستیكردووە بە رەوانەكردنی هێز و چەكی قورس بۆ سنورەكانی رۆژئاوای كوردستان. بە گوێرەی میدیاكانی توركیا و رۆژئاوای كوردستان، لە كاروانێكی سەربازی كە لە 200 ئۆتۆمبیل پێكهاتبوون، لە شاری كیلیسەوە لە باكوری كوردستان چونەتە جەرابلوس لە هەرێمی شەهبای باكوری سوریا. بە گوێرەی زانیارییەكان، ئەو كاروانە سەربازییە چەندین تانك و زرێپۆشی لەخۆگرتووە و جگە لەوەش سوپای توركیا لە ناوچەكانی عەفرین و مارع و باب و جەرابلوس و ئەختەرین و عەزاز و راعی دەستی بە جموجوڵ كردووە و ماوەی دوو رۆژە لەو ناوچانە باری نائاسایی راگەیاندووە. سەرچاوە هەرێمییەكان راشیانگەیاند، سوپای توركیا جموجوڵی سەربازی و گواستنەوەی سەرباز و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی لە ناوچەی عەلۆك و تەل خەلەف تاوەكو نەستەلە دەستپێكردووە و جاروباریش دەنگی تەقە لە ناوچەکە دەبیسترێت و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە. . واشنتۆن هۆشداریدەدات لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بە هەڕەشەكانی ئەرۆدغان بۆسەر رۆژئاوای كوردستان، وەزارەتی بەرگری ئەمریكا " پێنتاگۆن" رایگەیاند هەر كردەوەیەكی تاكلایەنە لە باكوری سوریا جێگەی نیگەرانییەكی زۆر و قبوڵنەكراوە. شۆن رۆبەرتسۆن، وتەبێژی پێنتاگۆن لە بەیاننامەیەكدا وتی:" ئەنجامدانی هەر كردەوەیەكی سەربازی تاكلایەنە لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا و بە تایبەتی لە سایەی بوونی هێزەكانی سوپای ئەمریكا لەو ناوچانە جێگەی نیگەرانییەكی زۆر و هەر جۆرە كردوەیەكی لەو شێوەیە بەلای ئێمەوە قبوڵنەكراوە". وتەبێژەكەی پێنتاگۆن ئاماژیبەوەشدا كە ئەمریكا پابەندی ئاسایشی سنورەكانی توركیایە، بەڵام شەڕی دژ بە داعش تەواونەبووە و هێزەكانی سوریای دیموكرات، هاوبەشێكی بەردەوام و پابەندی ئەمریكان لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو رێكخراوە توندڕەوەدا" هەڵمەتی سەرتاسەری لە بەرامبەر هەڕەشەكانی توركیا و كۆكردنەوەی هێز لە سنورەکان، دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان هەڵمەتی سەرتاسەری دژی توركیا راگەیاند. دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان لە بەیاننامەیەكدا كە ئاراستەی رای گشتی جیهانی كردووە داوا لە حكومەتی سوریا دەكات هەڵوێستی رەسمی بەرامبەر ئەو هەڕەشانەی توركیا هەبێت و هەموو ئامادەكارییەكیشی بۆ رووبەڕبوونەوەی هێرش و پەلاماری توركیا راگەیاند. هاوكات دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان لە بەیاننامەكەیدا داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دەكات " هەڵوێستیان لە دژی پلانە دوژمنكارییەكانی ئەردۆغان " هەبێت. "هەڕەشەكانی ئەردۆغان بە جدی وەردەگرین" زوبێر ئایدار ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان " كەنەكە" رایگەیاند، هێز و رێكخراوە كوردییەكان لە وڵات و دەرەوەی وڵات رۆژی ١٥ی كانونی یەكەمی ٢٠١٨ لە برۆكسل كۆدەبنەوەو لە دژی بڕیارەكەی ئەمریكا بەرامبەر بە ٣ بەڕێوەبەری پەكەكە هەڵوێستی نەتەوەیی دەخرێتەڕوو، هەروەها لێكدانەوە بۆ هەڕەشەكانی ئەردۆغان بۆ هێرشكردنە سەر باكور و رۆژهەڵاتی سوریا دەكرێت. سەبارەت بە هەڕەشەكانی توركیا، ئایدار لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی " فوراتنیوز" وتیشی:" ئێمە هەوڵەكان و لێدوانی لەو جۆرەی بە جدی وەردەگرین. هێشتا ئەمریكا لە هەوڵدایە هاوسەنگی لەگەڵ توركیا دروست بكات و ئەوەش بوێری بە توركیا دەدات". جەختیشیكردەوە كە ئەوان هەڕەشەكانی دەوڵەتی توركیا بە جدی وەردەگرن و پێویستە هەموو كەسێكیش ئەو هەڕەشانە بە جدی بزانێت و هەڵوێستی لە دژی ئەو هەڕەشانە هەبێت.
راپۆرتی: درەو میدیا لە كۆبوونەوەی نێوان وەفدی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، عومەر سەید عەلی داوایكردووە كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری پێبكرێت لە كابینەی نۆیەمداو نێچیرڤان بارزانیش بە ئیجابی وەڵامی داواکەی رێکخەری گشتی گۆڕانی داوەتەوە. شەفاعەتەكەی عومەری سەید عەلی بۆ كۆمەڵ بەپێی زانیارییەكانی " درەو میدیا" كە لە بەرپرسێكی باڵاوە دەستی كەتوە لە كۆبوونەوەی ئەمرۆِی نێوان پارتی و گۆڕان، سەرەرای ئەوەی بەشێكی زۆری كۆبوونەوەكە تەرخانكرابوو بۆ موجامەلەی یەكتری، عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە نێچیرڤان بارزانی دەڵێت" باوكە ئەو قسەو لێدوانانە چیە كە لەسەر كۆمەڵی ئیسلامی دەیكەن، ئەوانە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا لەگەڵ ئێمەبوونەوەو پێمان باشە بۆ چوار ساڵی داهاتویش پێكەوە بین" لە وەڵامدا نێچیرڤان بارزانی بە موجامەلەوە بە عومەری سەید عەلی وتووە" رەئیمان ئیجابیە لەسەر كۆمەڵی ئیسلامی" ئەم لێدوانەی نێچیرڤان بارزانی وای لە بەرپرسانی گۆڕانكرد كە لەدوای كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ پارتی سەردانی عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بكەن و ئەو هەنگاوەیان پێ رابگەیەنن. هەر ئەمڕۆش بەرپرسانی یەكێتی لە هەولێر بانگهێشتی عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵیان كردووەو پێیان راگەیاندووە لای پارتی داوایانكردووە دەبێت كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری پێبكرێت. ترسی گۆڕان لە بەشداریپێنەكردنی كۆمەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەوەی بەتەنها نەمێنێتەوە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا" چونكە بڕیاریداوە بچێتە حكومەتەوە" زۆر پێی باشە كۆمەڵی ئیسلامیش هاوسەفەری حكومەتی بێت، بەشێكی لە ترسی شەقام و بەشێكیشی لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستانەی چوار ساڵی رابردووی كۆمەڵی ئیسلامی كە گۆڕانی جێنەهێشت. كۆمەڵی ئیسلامیش هاوشێوەی گۆڕان، زۆرینەی سەركردەكانی لەگەڵ ئەوەدان بەشداربن لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، بەڵام شەقامی كۆمەڵ زۆر دژی ئەو بەشداریكردنەن، بۆیە تا ئێستا كۆمەڵی ئیسلامی بڕیاری بەشداری یان ئۆپۆزسیۆنی نەداوە. پارتی لە نێوان یەكگرتوو و كۆمەڵ كامیان هەڵدەبژێرێت؟ پارتی پێی وایە كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە خولی پێشوو لە حكومەت و ئۆپۆزسیۆنیش موستەفید بووەو قازانجی كردووە بۆیە نابێت ئەمجارە لە هەردووكیان موستەفیدبن، بۆیە بە زۆرینەی دەنگی سەركردایەتی پارتی رەتكراوەتەوە كە كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری پێبكرێت لە كابینەی نۆیەمدا. ئەوەی ستراتیژبووە لای پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداریكردنی یەكێك لەلایەن ئیسلامیەكان بووە و ئارەزوویانكردووە كە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەشداری بكات، نەك كۆمەڵی ئیسلامی، بەڵام كە یەكگرتوو ئۆپۆزسیۆن بونی خۆی راگەیاند، بەرپرسانی پارتی و خودی نێچیرڤان بارزانی پەیوەندی بە سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووە دەكات و پێیان رادەیەگەینێت كە پارتی زۆر پێی خۆشە بەشداری حكومەت بكەن و دەیانەوێت لە كابینەی نۆیەم لەگەڵیان بن، بەڵام سەڵاحەدین بەهادین پێیان رادەیەگەیەنێت كە ئەوان لە هەڵوێستەكانی رابردوویان زیانیان كردووەو نایانەوێت بەو رێگەیەدا بڕۆنەوە.
راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازل حەمەرەفعەت كەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم رادەگەیەنرێت؟ پارتی چۆن وەزارەتەكان دابەشدەكات ؟ پارتی بە چ شێوەیەك بەشداری بە بزوتنەوەی گۆڕان دەكات؟ چارەنوسی كۆمەڵی ئیسلامی چۆن دەبێت؟ ئەمانە كۆمەڵێك پرسیارن كە لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ئاڵاونو (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وەڵامیان دەداتەوە. ئەمڕۆ لە هەولێر مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبونەوە، كۆبونەوەكە لەسەر داوای یەكێتی بەڕێوەچوو. شوێنی كۆبونەوەكە ! كۆبونەوەكە لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی بەڕێوەچوو، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، سەرەتا بڕیاربووە لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر بەڕێوەبچێت. سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، بەرپرسانی یەكێتی وتویانە ئەگەر كۆبونەوەكە لە بارەگای مەكتەبی سیاسی بەڕێوەبچێت، ناتوانن كۆنترۆڵی بكەن كێ لەسەركردەكانی یەكێتی بەشداری بكاتو كێی تر بەشداری نەكات، بەتایبەتیش پارتی بەیەكێتی راگەیاندووە كە رازی نابن هەندێك سەركردەی یەكێتی بەشداری ئەو كۆبونەوەیە بكات، بۆیە بڕیاردراوە كۆبونەوەكە ببرێتە ماڵی نێچیرڤان بارزانی. كۆبونەوە بۆچی ؟ (درەو میدیا) زانیویەتی، كۆبونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتیو پارتی زیاتر بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانو گلەییو گازندە بووە لە یەكتر، نەك بۆ دابەشكردنی پۆستە باڵاكانو یەكلاكردنەوەی پشكی یەكێتی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا. پۆستەكان چۆن دابەشدەكرێن ؟ پارتی نایەوێت وەكو جاران بەشێوەیەكی "فیفتی بە فیفتی" پۆستەكانی كابینەی نوێی حكومەت لەگەڵ یەكێتی دابەشبكات، بەڵكو دەیەوێت بەپێی رێژە یاخود خاڵ پۆستەكان دابەشبكرێت. (درەو میدیا) زانیویەتی، پارتی دەیەوێت لە كۆی (19) وەزارەتی سەرەكی و دوو وەزارەتی هەرێم پۆستەكان بەمشێوەیەدا دابەشبكرێن: * پارتی: (10) وەزارەت * یەكێتی: (6) وەزارەت * بزوتنەوەی گۆڕان: 3 وەزارەت * پێكهاتەكان: 2 وەزارەت موگناتیسەكەی پارتی ! پارتی كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە، ئامادەكاری كردبوو بۆ ئەوەی گەڕی دووەمی دانوستانەكان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی دەستپێبكات، بەڵام موگناتیسی كێكی حكومەت وایكرد، هێشتا وەفدی پارتی نەگەیشتووەتە سلێمانی بۆ لای لایەنەكان، وەفدی یەكێتی چووە هەولێرو بڕیارە سبەینێش وەفدێكی بزوتنەوەی گۆڕان بچێتە هەولێرو لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی كۆببێتەوە. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان دەست (درەو میدیا) كەوتووە، ئەم كۆبونەوانەی پارتی لەگەڵ یەكێتیو گۆڕان، لەپێناو ئاساییكردنەوەی بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستانەو پارتی نایەوێت لەم كۆبونەوانەدا بەهیچ شێوەیەك باس لە دابەشكاری پۆستەكان بكات، چونكە پارتی دەیەوێت بە پلان هەنگاو بنێتو پلانەكەشی دابەشكردووە بۆ چەند قۆناغێك لەوانە (سەقامگیری سیاسی- سەقامگیری ئەمنی- سەقامگیری ئابوری- روبەڕووبونەوەی گەندەڵی)، پارتی پێیوایە هەرێم سەقامگیری ئەمنی هەیە، پێویستە سەقامگیری سیاسی بەدی بهێنرێت، بۆ ئەمە پێویستیان بەوەیە لەگەڵ لایەنەكان پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوەو دوای ئەوە دەست بە قۆناغی سەقامگیری ئابوری بكرێت لەرێگەی چاككردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدادو زامنكردنی بەشەبودجەی هەرێم، ئەگەر پارتی بتوانێت سەقامگیری سیاسیو ئابوری بەدیبهێنێت، بەپێی قسەی سەرچاوەكەی (درەو میدیا) لە قۆناغی كۆتایدا دەستدەكات بە چاكسازیكردنو لێپێچینەوە لە گەندەڵكاران. پارتی دەست لە گۆڕان بەرنادات پارتی بەجدی كار بۆ ئەوە دەكات بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری كابینەی نوێی حكومەت بكات. لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا بۆ چی پارتی سورە لەسەر بەشداریپێكردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت، سەرچاوەیەكی باڵای پارتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" پارتی لەپێناو نەهێشتنی مۆركی دوو ئیدارەیی دەیەوێت گۆڕان بەشداری حكومەت بكات، چونكە ئەگەر حكومەت تەنها لە پارتیو یەكێتی پێكبێت، ئەوە تۆخكردنەوەی مۆركی دوو ئیدارەیی دەبێت". سەرباری ئەمە" پارتی بەڕوونی دەیەوێت سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی حكومەتی هەموو هەرێمی كوردستان بێت، جێگرەكەش وەك حكومەتی پێشوو نابێت، كە سەرۆكی حكومەتی سلێمانی بێت، بەڵكو دەبێت سەرۆكی حكومەتی داهاتوو سەرۆكی حكومەتی هەموو هەرێمی كوردستان بێت". پارتی هەرچەندە هەوڵی جدی دەدات بۆ بەشداریپێكردنی گۆڕان لە حكومەت، بەڵام هاوكات نایەوێت هیچ پۆستێكی باڵا بە گۆڕان بدات. بەپێی زانیاریەكانی (درەو میدیا)، ئەوەی لای پارتی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دانراوە، چەند وەزارەتێكی خزمەتگوزاریو دەستەیەكە، دەنگۆی دانانی دوو جێگر بۆ سەرۆكی حكومەت راست نییە. سەرچاوەیەكی تر لەناو پارتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، زیادكردنی جێگری دووەم بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، پێویستی بە گۆڕانكارییە لە یاسای ئەنجومەنی وەزیران، ئەوەش لە پەرلەمانەوە دەنگی لەسەر دەدرێت، پارتی پێیوایە گۆڕان ئەو سەنگە گەورەیەی نییە خۆی توشی ئەو هەموو سەر ئێشەیە بكات بۆی. دابەشكردنی پۆستەكان بەمشێوەیە دەبێت: • سەرۆكی حكومەت جێگرێكی دەبێت، بەڵام دەسەڵاتی زۆری نابێتو ئەو پۆستە دەدرێت بە یەكێتی. • سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی دەبێتو جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتیو جێگری دووەم بۆ پێكهاتەكان دەبێت. • سەرۆكی هەرێم لای پارتی دەبێتو جێگرەكەی كە دەبێتە جێگری فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان (پێشمەرگە) دەدرێتە یەكێتی، نەك بزوتنەوەی گۆڕان، چونكە گۆڕان هێزی چەكداری نیە. سێ سەرۆكایەتییەكە ! شێوازی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان بەپێی رێككەوتن دەبێت، هەرسێ سەرۆكایەتییەكە (سەرۆكایەتی هەرێم- سەرۆكایەتی حكومەت- سەرۆكایەتی پەرلەمان) پێكەوە رێككەوتنیان لەسەر دەكرێت. بەگوێرەی زانیاری (درەو میدیا)، یەكەمجار سەرۆكایەتی پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخواتو دەستبەكاردەبێت، دواتر پەرلەمانی كوردستان یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار دەكاتەوەو سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت بەوەش دڵی گۆڕان رازی دەكات كە پێشتر داوای كردبوو، دوای سەرۆكایەتی پەرلەمان سەرۆكایەتی هەرێم (واتە بەر لە راگەیاندنی كابینەی حكومەت نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم سوێندی یاسایی دەخوات)، پاشان سەرۆكی حكومەت (مەسرور بارزانی) كە لەبەردەم سەرۆكی هەرێمدا سوێندی یاسایی دەخوات. چارەنوسی كۆمەڵی ئیسلامی؟ سەبارەت بە كۆمەڵی ئیسلامی، (درەو میدیا) زانیویەتی، لەدواین كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا، پارتی بڕیاریداوە بەشداری بە كۆمەڵی ئیسلامی نەكات لە كابینەی نوێی حكومەت ( هەرچەندە ئێرانیەكان لەسەر خەتن بۆ رازیكردنی پارتی بە بەشداریپێكردنی كۆمەڵ)، هەر لەو كۆبونەوەیەدا بڕیاردراوە ئەو پەیامە بە كۆمەڵی ئیسلامی بدرێت، بەڵام سەركردایەتی كۆمەڵ دابەشبووە بەسەر دوو بۆچوندا، بۆچونێك لەگەڵ ئەوەن ببن بە ئۆپۆزسیۆن و رایبگەیەنن بەرلەوەی پارتی پێیان رابگەیەنێت، بۆچونێكی تر داوا دەكەن بەشداری لە دەسەڵات بكەن. كابینەی نوێ كەی رادەگەیەنرێت؟ چاوەڕەوان دەكرێت پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی (9)ی حكومەتی هەرێم تا سەرەتای مانگی دوو بخایەنێت، بەشێك لە هۆكاری دواكەوتنی پرۆسەكە پەیوەندی بە یەكێتییەوە هەیە، كە رەنگە نەتوانن بەئاسانی لەناو خۆیاندا لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان رێكبكەون. كەركوك چۆن چارەسەردەكەن؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەبارەی چارەنوسی كەركوكەوە، پارتی پێیوایە نابێت پارێزگارێك لە كەركوك دابنرێت كە ئەندامی سەركردایەتی یاخود مەكتەبی سیاسی یەكێتی بێت، بەڵكو دەبێت كەسێكی بێلایەنی سەربەخۆی كورد دابنرێت، هاوشێوەی (عەبدولڕەحمان مستەفا) پارێزگاری پێشووتری كەركوك. ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە ئایا یەكێتی بەم مەرجەی پارتی لە كەركوك قایل دەبێت یاخود نا؟
ئامادەكردنی: نامیق ڕەسوڵ چالاكانی بزوتنەوەی " هێلەك زەردەكان" لە سەرەتای ناڕەزایەتییەكانیاندا دژی سیاسەتەكانی ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا رەتیاندەكردەوە كەسێك یان زیاتر بەناوی ئەوانەوە قسەبكات، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی خۆپیشاندانەكان كە هەموو شەممەیەك لە پاریس و شارەكانی تری فەرەنسا بەڕێوەدەچن، چەند دەموچاوێك دەركەوتن و لە میدیاكانی فەرەنساوە دەناسێنران، لەو سۆنگەیەوە كە شیاون بۆئەوەی بەناوی ئەم رەوت یان ئەو رەوتەوە قسەبكەن كە هەندێكیان گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی رەتدەكەنەوە و هەندێكی تریان باوەڕیان وایە كە ئەم گفتوگۆیە كاری بنەڕەتییە، چونكە چارەسەری هەموو كێشەكان یان بەشێكی كەمی لە رێگەی گفتوگۆوە دەبێت. سەرەڕای زۆری ئەوانەی هەوڵدەدەن لەناو بزوتنەوەی " هێلەك زەردەكاندا" دەربكەون وەك نوێنەری نیمچە رەسمی، بەڵام ئەمڕۆ كۆدەنگییەك هەیە كە " بریسیلیا لۆدۆسكی" رۆڵی دیار و بەرچاوی هەبووە لە دەستپێكردن و دامەزراندنی ئەو بزوتنەوەیەدا كە دوكانێكی بچوكی لە گەڕەکی " ئاڤینۆ لۆتە مپڵ" لە پاریس هەیە و پێشتر فەرمانبەرێكی ئاسایی بووە لە یەكێك لە بانكەكاندا. 29ی ئایاری 2018 بریسلیا لۆدۆسكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە یاداشتێكی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی فەرەنسا كرد و تێیدا ئەو هۆكارانەی رونكردەوە كە بوونەتە هۆی قورسكردنی ئەركی سەرشانی ئەو كەسانەی كە داهاتیان سنوردارە، یان خاوەنی دامەزراوەی بچوكن و بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی تەنگیان پێهەڵدەچنێت. ئەوەی جێگەی سەرنجە لەو یاداشتەدا، ئەوەیە لۆدۆسكی نوسەری تێیدا داوای دابەزاندنی نرخی سوتەمەنی دەكات و لە هەمان کاتیشدا زنجیرەیەك پێشنیاری پراكتیكی خستوەتەڕوو، دەكرێت ببنە یارمەتیدەری حكومەتی فەرەنسا بۆئەوەی هاوسەنگییەک بێنێتە کایەوەو لە یەك كاتدا لەلایەكەوە رەچاوی دۆخی كۆمەڵایەتی ئەو كەسانە بكات كە داهاتیان سنوردارە، لەلایەكی تریشەوە رەچاوی دۆخی ژینگەش بكات كە وادەخوازێت كەمتر پشت بەو سەرچاوەی وزانە ببەسترێت كە دەبنە هۆی پیسبونی ژینگە. دەقی یاداشتەكە دەنگدانەوەیەكی ئەرێنی بەرفراوانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لێكەوتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ژمارەی بینەران و ئەوانەی كە پشتگیریان لە بیرۆكە و پێشنیارەكانی دەكرد گەیشتە یەك ملیۆن كەس. ئەوانەی كە لە نزیكەوە رۆژانە چاودێری خۆپیشاندانەكانی بزوتنەوەی " هێلەك زەردەكان" دەكەن دەڵێن ئەو ژنە لە رێگەی هێمنی و واقعبینییەوە رۆڵی گەورەی دەبێت لە قایلكردنی حكومەتی فەرەنسا و بە تایبەتیش ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا بەوەی كە پێویستە بە زووترین كات وەڵامی هەبێت و لانیكەم بەشێك لە داخوازی خۆپیشاندەران جێبەجێبكات. سەرچاوە: مۆنتی كارلۆ
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت نزیكەی 20 ساڵ ئەزمونی هەبوو لە كاری دەرهێنانو سیناریۆی فیلمەكاندا، خۆی لە سیناریۆی هاوڕێیەكیدا كوژرا، ئەمە چیرۆكی رەحیم زەبیحی دەرهێنەری درامای "ماڵەكەی مەعروف"ە. ئێوارەی رۆژی هەینی رابردوو لە شیوێكدا لە نزیك رێگای (نیزەڕۆ)ی شاری بانە ئۆتۆمبیلێك دۆزرایەوە كە ئاگری گرتبوو. لەناو ئەو ئۆتۆمبیلەدا كەسێكی ناسراو هەبوو، كە (رەحیم زەبیحی)ی فلیمسازو دەرهێنەری بەناوبانگی كورد بوو لەگەڵ براكەی (كەیوان زەبیحی). ئەوە روداوێكی هاتوچۆی ئاسایی نەبوو، بەهۆی (رەحیم زەبیحی)یەوە هەرزوو هەواڵەكە سنوری رۆژهەڵاتی كوردستانو ئێرانی بڕیو گەیشتە هەموو جیهان، هەواڵی مەرگی دەرهێنەرێك كە جێپەنچەی لەسەر سینمای كوردستانو ئێران دیارە. چی رویدا؟ لەبارەی مردنی (رەحیم زەبیحی)ی براكەی، گێڕانەوەی جیاواز هەیە، بەڵام ئەوەی هەر لە سەرەتاوە گومانی دروستكرد، ئەوە بوو كە ئەو دوو برایە بە روداوێكی هاتوچۆی ئاسایی نەمردوونو دەستێك لە پشت روداوەكەوە هەیە. سەرەتا هەندێك گومانیان كرد، دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی لە پشت كوشتنی ئەو سینەماكارەی كوردەوە بنو لەڕێگەی رووداوی هاتوچۆوە سیناریۆی كوژرانەكەی جێبەجێ كرابێت، سیناریۆیەك كە رەنگە هەرگیز زەبیحی لە ژیانی فیلمسازی خۆیدا بیری لێنەكردبێتەوە، ئەوەی گومانەكانی زیاتر كرد، دوای مردنو سوتانیان لەناو ئۆتۆمبیلەكەدا تەرمی ئەو دوو برایە بە دەستبەستراوەیی دۆزرایەوە، بەڵام دوای 24 كاتژمێر لە رووداوەكە، دەسەڵاتدارانی ئێران دەستگیركردنی بكوژی دوو براكەیان راگەیاند. هەندێك سەرچاوەی نافەرمی باسلەوە دەكەن، بەر لە مردنی زەبیحی هەواڵی بە كەسوكاری داوە كە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراوە، بەڵام ئەم زانیارییە تائێستا پشتڕاستنەكراوەتەوە. كاتی دۆزینەوەی تەرمی زەبیحیو براكەی بكوژەكە كێیە؟ ئەمڕۆ عەلی ئازادی یاریدەدەری فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای كوردستان بۆ كاروباری كۆمەڵایەتی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی فەرمی هەواڵی كۆماری ئیسلامی ئێران كە بە (ئیرنا) ناسراوە، ئاشكرایكرد، بكوژی (رەحیم زەبیحی)و براكەی دەستگیركراوە. بەپێی قسەی یاریدەدەری فەرماندەی پۆلیس" بكوژەكە دانی بەوەدا كە پەیوەندییەكی دۆستانەی لەگەڵ رەحیم زەبیحیو براكەی هەبووەو لەوچوارچێوەیەشدا ناكۆكییەكی دارایی كەوتوەتە نێوانیان". بكوژەكە باسی لەوە كردووە" رۆژی رووداوەكە زەبیحیو براكەی دەعوەت كردووە بۆ قاوەخانەیەكو لەوێ حەبی بێهۆشكەری پێداونو دواتر بۆ ماوەی یەك كاتژمێر بە دەوروبەری شاردا پیاسەی لەگەڵ كردوون". یاریدەدەری فەرماندەی پۆلییسی پارێزگای كوردستان یاریدەدەری پۆلیسی پارێزگای كوردستان ناوی بكوژی دوو براكەی ئاشكرانەكرد، بەڵام محەمەد فەلاحی فەرمانداری شاری بانە لە لێدوانێكدا بۆ سایتی پۆلیسی ئێران وتی: بكوژەكە ناوی (عەباس ئەكبەر مراغەیی)ەو دوای بێهۆشكردنیان، دوو براكەی لەناو ئۆتۆمبیلەكەیاندا بردووەتە شیوێكی كەناری رێگاكەو بەنزینی پێدا كردووەو سوتاندویەتی. فەرمانداری بانە بە هەمانێشوە باسی لە ناكۆكی دارایی كرد لە نێوان بكوژو كوژراوەكاندا، بەڵام هێشتا وردەكاری ئەو ناكۆكییە نازانرێت كە بووە هۆی مردنی یەكێك لە ناسراوترین سینەماكارەكانی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان. بەگوێرەی قسەی ئاژانسی (فارس)، رەحیم زەبیحیو كەیوان برای لە كورسی پشتەوەی ئۆتۆمبیلەكەدا بوونو دەستەكانیان بەستراوەتەوە. زانیارییەكان باسلەوەدەكەن، ئەو ئۆتۆمبیلەی كە دوو براكەی تێدا كوژراوە بەناوی (هاوسەر)ەكەی رەحیم زەبیحییەوەیە. رەحیم زەبیحی كێیە؟ رەحیم زەبیحی كوڕی (مستەقا زەبیحی) یەكێك لە كەسایەتیو بنەماڵە ناسراوەكانی شاری بانەی رۆژهەڵاتی كوردستانەو براكانی كەسانی كاسبكاری ناسراون بوون لە ناو بازاڕی بانەدا. زەبیحی ساڵی 1971 لە شاری بانە لەدایكبووە، ئەو 20 ساڵ ئەزمونی كاركردنی هەبوو لە بواری دەرهێنانو سیناریۆدا. یەكەمین كاری دەرهێنانی رەحیم زەبیحی لە ساڵی 2002 دا بوو بۆ كورتەفیلمێك بەناوی "هاوار"، ئەو فیلمە لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە مشتومڕی زۆری دروستكرد. كورتە فیلمی "هاوار" بەشداری كردووە لە فێستیڤاڵەكانی كورتە فیلمدا لە (تاران- ئەسفەهان- سونی- وارش- باران- كلرمۆنت فراند فەرەنسا- هامبۆرگی ئەڵمانیا- ساوپاولۆی بەرازیل)و چەندین فیستیڤاڵی تر، وەكو باشترین كورتە فیلمی فیستیڤاڵی "كلرمۆنت فراند فەرەنسا" هەڵبژێردرا. زەبیحی دوای كورتە فیلمی "هاوار"، كاری دەرهێنانی چەند كورتە فیلمێكی تری كرد لەوانە (سەتەلایت – ئەو پیاوەی كە چوو بۆ گەڕان- كۆتایی جەنگ- قاچاخچی- استرس). فیلمەكانی زەبیحی بەشداری چەندین فیستیڤاڵیان كرد لەسەر ئاستی جیهان، تەوەری فیلمەكانی ئەو زیاتر لە دەوری پرسی توندوتیژی دژی ژنانو منداڵانو قوربانیانی جەنگ دەسوڕایەوە. لە هەرێمی كوردستان رەحیمی زەبیحی زیاتر دوای دەرهێنانی درامای "ماڵەكەی مەعروف" ناسرا، كە تائێستاش ئەو درامایە بینەری خۆی لەدەستنەداوەو بەردەوام دیمەنەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نیشان دەدرێتەوە. زەبیحی زۆرجار دەیوت" خەمی مرۆڤەكان منی كرد بە سینەماكار".  هەندێك لە چالاكییە هونەرییەكانی تری زەبیحی: • ساڵی 2004 ئەندامی لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵی كورتە فیلمی سلێمانی بووە • ساڵی 2005 ئەندامی لیژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵی فیلمی ئاماد بووە • ساڵی 2005 ئەندامی لیژنەی دادوەری كورتە فیلمی رانیە بووە ئەمڕۆ لە مەراسیمێكدا بە ئامادەبوانی سەدان كەس لە خەڵكی شاری بانە، تەرمی رەحیم زەبیحیو كەیوان زەبیحی برای لە گۆڕستانی "سلێمان بەگ" بەخاكسپێردرا.
راپۆرتی: نامیق رەسوڵ هاوشێوەی پرسی بەشداریكردن لە كابینەی نوێی حكومەت كە بزوتنەوەی گۆڕانی بەسەر دوو بەرەی پشتگیر و دژ دابەشكردووە، ئامادەكارییەكانی ئەو بزوتنەوەیەش بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانی ناڕەزایەتی لێدەكەوێتەوە. بزوتنەوەی گۆڕان لە هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان كە مانگی ئایار و ئەیلولی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، رووبەڕووی شكستبووە و كورسییەكانی لە هەردوو پەرلەمانەكەدا بەرێژەیەكی بەرچاو كەمیكرد و ئەوەش ناڕەزایەتی هەڵسوڕاوان و دەنگدەرانی بزوتنەوەكەی لێكەوتەوە. لە دوای هەڵبژاردنەكان بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە دەستوری بزوتنەوەكە و كۆی جومگەكاندا بەنیازە كۆنفرانسی نیشتمانی ببەستێت و پاشان بۆ نوێكردنەوەی سەرجەم ئۆرگانەكانی، هەڵبژاردن بكرێت. لیژنەی باڵا و لاوەكی سەرەتای ئەم هەفتەیە خانەی راپەڕاندنی گۆڕان كۆبووەوە و بڕیاریدا لیژنەیەكی باڵا و چەند لیژنەیەكی لاوەكی بۆ ئامادەكاری كۆنفرانسی نیشتمانی پێكبهێنێت، شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان دوای كۆبوونەوەكەی خانە بە میدیاكانی حزبەكەی راگەیاند:" لە كۆبونەوەی خانەی راپەڕاندندا كۆمەڵێك بابەت و تەوەری هەستیار و گرنگ تاوتوێكران و بڕیار و راسپاردەی پێویستمان بۆ هەریەك لەو تەوەر و بابەتانە دەركرد، كە گرنگترینیان لەژێر رۆشنایی بڕیاری جڤاتی نیشتمانی بوو بە دیاریكردنی لیژنەی باڵای ئامادەكاریی كۆنفرانسی نیشتمان".. وتیشی: "شانبەشانی ئەو لیژنە باڵایە، نۆ لیژنەی لاوەكی دیكەمان دروستكرد بۆ پێداچونەوە و هەڵسەنگاندنی هەمو ئۆرگانەكانی بزوتنەوەی گۆڕان و پێداچونەوە بە بەرنامەی سیاسی و دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان". هەنگاوەكانی خانەی راپەڕاندن دەستوریی نین هەنگاوەكەی خانەی راپەڕاندن بۆ پێكهێنانی لیژنەی ئامادەكاری كۆنفرانسی نیشتمانی ناڕەزایەتی لێكەوتەوە و لە یەكەمین كاردانەوەدا پەرلەمانتارێكی ئەو حزبە دەڵێت:" ئەو هەنگاوانەی ئێستای خانەی راپەراندن دەربارەی كۆنفرانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەیانگرێتە بەر دەستوری نین". هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ سایتی سپی میدیا دەڵێت" ئەو هەنگاوانەی ئێستا خانەی راپەراندن دەربارەی كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەیانگرێتە بەر دەستوری نین و خانە ئەو دەسەڵاتەی نیە خۆی بكات بە لیژنەی باڵای كۆنفرانس و لیژنە فەرعیەكانیش بە سەرۆكایەتی یەكێك لە ئەندامانی خانە ببات بەڕێوە". جەختیشدەكاتەوە كە "بە گوێرەی دەستور جڤاتی نیشتمانی بڕیارئەدات نەك خانە ، دەبێت جڤات كۆببێتەوە و بڕیار لە سەر لیژنەی باڵا و كۆی هەنگاوەكان بنێت بۆ ئامادەكاری كۆنفرانس ". پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی گۆڕان دەشڵێت: "بە ڕاشكاوی دەلێم گۆڕان دەبێت گۆڕانكاری ریشەیی لە قیادە و روئیاكەیدا بكات ، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ هێشتنەوەی هەمان قیادە و روئیایە بۆ ئەوەش دەبێت ئەندامانی هەردوو جڤاتەكە هەڵوێستیان هەبێت نابێت بێدەنگ بن". پرۆگۆڕانیش قسەی هەیە ژمارەیەك هەڵسوڕاوای بزوتنەوەی گۆڕان كە زۆرینەیان لە هەندەران و لە ئەنجومەنەكانی ئەوروپای بزوتنەوەەی گۆڕانن، ماوەیەك لەمەوبەر پرۆژەیەكیان بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ئاراستەی لێپرسراوانی بزوتنەوەكە كرد و پرۆژەكەیان ناولێناوە " پرۆگۆڕان". پرۆگۆڕان لە دووەم هەنگاویدا بەرامبەر بە ئامادەكارییەكانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانی ، بەیاننامەیەكی ناڕەزایەتی دەركردووە و دەڵێت:" دەستوری گۆڕان دەسەڵاتی پێكهێنانی ئەو لیژنەیەی داوە بە جڤاتی نیشتمانی، بۆیە دەستێوەردانی خانەی راپەڕاندن لەو پرۆسەیە دژە بە دەستوری گۆڕان.". ئاماژەی بەوەشداوە كە "بەرامبەر بەم پێشێلكردنەی دەستور ژمارەیەكی زۆری هەڵسوڕاو و دەنگی نارەزاییان بەرز كروەتەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی لیژنەكە و ئەنجامدانی ئەو ئەركە بە پێی دەستور دەكەن و پرۆگۆڕان هەمان هەڵوێستی هەیە و پشتگیری تەواوی دەنگە ناڕازییەكان دەكات". دەستوری گۆڕان و كۆنفرانسی نیشتمانی بە گوێرەی مادەی یەكەم لە بەشی سیانزەیەمی دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕانی پەسەندكردنی یەكەمین كۆنگرەی یەكەم ، كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەنجامی كۆبوونەوەی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی بنكە رێكخراوەیی و دامەزراوەكانیدا دەبەسترێت و بەرزترین دەسەڵاتی بزوتنەوەكەیە. لە مادەی دووەمی هەمان بەشیشدا هاتووە:لە هەلومەرجی نائاساییدا كۆنفرانسی نیشتمانی دەبێت بەر لە هەڵبژاردنی گشتی بە ماوەیەك ببەسترێت، بەڵام لە ئەمساڵدا بزووتنەوەكە بەبێ بەستنی كۆنفرانسێك بەشداری هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و كوردستانی كرد. كێ داوای بەستنی كۆنفرانس دەكات؟ بە گوێرەی بڕگەی دووەم لە مادەی دووەمی بەشی یانزەیەمی دەستوری ناوخۆی گۆڕان، لە هەلومەرجی نائاسایی، یان لە كاتی پێویستدا، لەسەر داوای دووسێیەكی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی یان نیوەی ئەنجومەنی قەزاكان دەبەسترێت و لە كاتی ئاسایشدا كۆنفرانس چوارساڵ جارێك دەبەسترێت. ئامادەكاریی بۆ كۆنفرانس دەستوری ناوخۆی گۆڕان، ئەركی ئامادەكاری بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانی خستوەتە ئەستۆی جڤاتی نیشتمانی نەك خانەی راپەڕاندن و لە مادەی دووەمی ئەو بەشەدا و لە ئەركەكانی جڤاتی نیشتمانیدا دەڵێت:" ئامادەكاری دەكات بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان". بە گوێرەی مادەی شەشەمی بەشی سیانزەیەمی دەستوری ناوخۆی گۆڕان بەمشێوەیە ئامادەكاری بۆ بەستنی كۆنفرانس نیشتمانی دەكرێت: یەكەم: رێكخستنی تۆماری دەنگدەران: ئەم ئەركەی خستوەتە ئەستۆی ژووری پەیجوری بزوتنەوەی گۆڕان و بە هەماهەنگی ژووری هەڵبژاردن و دیاریشیكردووە كە تەنها ئەو ئەندام و هەڵسوڕاوانەی ناویان لە تۆمەاری دەنگدەراندا نوسراوەن لە پرۆسەی هەڵبژاردنی نوێنەرانی كۆنفرانسدا مافی دەنگدانیان هەیە. دووەم: ئەو هەڵسوڕاوانەی لەم قۆناغەی هەڵبژاردندا ناویان لە تۆماری دەنگدەراندا دەنوسرێت بریتین لە : • ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی قەزاكان. • بازنەوانەكان، ئەندامانی ئەنجومەنی بازنە، بنكەوانەكان، وێستگەوانەكان. • رێكخەر و ئەندامانی رایەڵە بەگشتی. خۆكاندیدكردن بۆ كۆنفرانسی نیشتمانی: یەكەم: هەر هەڵسوڕاوێك بزوتنەوەی گۆڕان لەهەر ئاستێكی رێكخراوەیی دابێت، گەر مەرجەكانی تێدابێت بۆی هەیە لە بازنەیەكی هەڵبژاردندا خۆی بۆ ئەندامێتی كۆنفرانستی نیشتمانی كاندید بكات. دووەم: هەر هەڵسوڕاوێك ویستی خۆی كاندید بكات، دەبێت فۆرمی تایبەت پڕبكاتەوە و پێشكەشی ژووری هەڵبژاردنی بكات. سێیەم: پاش لێكۆڵینەوە لە هەبوونی مەرجەكانی خۆكاندیدكردن ناوەكانیان ئەڕاستێنرێ. ئەركەكانی كۆنفرانسی نیشتمانی یەكەم: دانانی بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان لە بوارە جیاجیاكاندا. دووەم: پێداچوونەوەی دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان. سێیەم: گۆڕینی دروشمی بزوتنەوەكە یان لۆگۆكەی بەپێی گۆڕانی هەلومەرجی گشتی ئەگەر پێویستی كرد. چوارەم: پەسەندكردن و دەستكاری پلاتفۆرمەكانی هەڵبژاردنەكانی پارێزگا، هەرێم و عێراقی فیدراڵ. پێنجەم: هەڵسەنگاندنی ئەدائی نوێنەرەكانی لە دەزگا هەڵبژێدراوەكانی پارێزگان هەرێم و عێراقی فیدراڵدا. شەشەم: هەڵسەنگاندنی ئەدائی جڤاتی نیشتمانی. كۆنفرانس و هەڵبژاردن ئەوەی كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە حزبەكانی تری كوردستان و بگرە ناوچەكە و جیهانیش جیائەكاتەوە ئەوەیە كە هیچ هەڵبژاردنێك بۆ نوێكردنەوەی جڤاتی گشتی و نیشتمانی و خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە ئەنجامنادرێت و نوێكردنەوەی ئەو ئۆرگانە باڵایانەی بزوتنەوەكە لە پرۆسەیەكی تری جیا لە كۆنفرانس نوێدەكرێنەوە.
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ لە تەلاری كۆنگرێسی ئەمریكا، تەرمی جۆرج بوشی باوك سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا بە ئاڵای ئەمریكا داپۆشرا، بۆئەوەی هاوڵاتیانی ئەمریكا بۆ دواهەمین جار ماڵئاوایی لە سەرۆكەكەیان بكەن، ئەو سەرۆكەی كە ملیۆنان كەس لەو وڵاتەدا رێزو خۆشەویستیان بۆی هەیە. 41 یەكەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كە 30 تشرینی دووەم لە تەمەنی 94 ساڵیدا كۆچی دواییكرد، 12 یەمین سەرۆكی ئەمریكایە كە لە رێوڕەسمی ماڵئاواییكردنی لە ژیان پێشئەوەی بەخاكسپێردرێت، دەبرێتە كۆنگرێس كە بە مەتبەخی دروستكردنی بڕیاری ئەمریكا دادەنرێت. دوا مانەوەی بۆ سێ رۆژ لە واشنتۆنی پایتەخت، دوێنێ چوارشەممە لە كاتدراییەی نیشتمانی كۆتایی بە رێوڕەسمەكە هێنراو رەوانەی تەكساس كرا بۆئەوەی لە تەنیشت (باربێرا)ی هاوسەری بنێژرێت، كە نیسانی 2018 كۆچی دواییكرد. پلانی مەراسیمی ناشتنی سەرۆكەكانی ئەمریكا چۆن دادەنرێت؟ مەراسینی ناشتنی سەرۆكایەتی بۆ سەرۆكە كۆچكردووەكانی ئەمریكا پێشوەخت پلانی بۆ دادەنرێتو خانەوادەی سەرۆكە كۆچكردوەتەكە لەلایەن سوپاوە ئاگاداردەكرێتەوە كە هاوكاری دەكرێت بۆ رێكخستنی چەند مەراسیمێكی جیاواز. لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا، پێنج سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا كۆچی دواییانكردووە، كە دواهەمینیان بۆشی باوك بوو، لەوانە جیراڵد فۆرد، رۆناڵد ریگان، لیندن جۆنسۆنو بۆشی باوك، ئەمانە مەراسیمی رەسمیان بۆ رێكخراوە، ریچارد نیكسۆن كە بەهۆی سكانداڵی " واتەرگەیتەوە" دەستی لە سەرۆكایەتی كێشایەوە رێوڕەسمی رەسمی بۆ رێكنەخراو لە كتێبخانەیەك لە كالیفۆرنیا مەراسیمی ماڵئاوایی بۆ رێكخراو لەپاڵ هاوسەرەكەیدا نێژرا، ئەوەش بە گوێرەی كۆمەڵەی مێژویی كۆشكی سپی كە رێكخراوێكەو لەلایەن جاكلین كیندی خانمی یەكەمی پێشووتری ئەمریكاوە دامەزرێنراوە. خانەوادەی نیكسۆن بەهۆی سكانداڵی واتەرگەیتەوە كە بەهۆیەوە دەستی لە پۆستی سەرۆكایەتی كێشایەوە، ترسیان لەوە هەبوو كە ئەگەر زیارەتكاران رێز لە سەرۆكی كۆچكردوو نەگرن، ئەكە تەرمەكەی ببرێتە كۆنگرێس. مەراسیمی بەخاكسپاردنی سەرۆكەكانی چەندەی پێدەچێت مەراسیمی سەرۆكایەتی بەخاكسپاردنی سەرۆكەكانی ئەمریكا هەمیشە پێنج رۆژ دەخایەنێت، بەڵام پلاندان بۆی دوای ماوەیەكی كەم لە دەستبەكاربوونی سەرۆك لە پۆستەكەی دەستپێدەكات، ئەوە بە گوێرەی كۆمەڵەی مێژوویی كۆشكی سپی. ئەو كۆمەڵەیە رایدەگەیەنێت ئەو ئەركە " پێشوازییەكی ساردە كە لەبەردەرگای كۆشكی سپی لە سەرۆك دەكرێت"، ئاماژە بەوەدەكات، مەراسیمی بەخاكسپاردنەكە لە چەند روویەكەوە رێكدەخرێت لە گفتوگۆكردن لەگەڵ سەرۆكی وڵاتداو بۆئەوەی ئەو سەرۆكە چ شێوازێكی دەوێتو دەخوازێت چۆن یادی بكرێتەوە". راگەیاندنی رەسمیی مردنی سەرۆك كاتێك سەرۆكێكی پێشووتری ئەمریكا دەمرێت، سەرۆكی ئێستا راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی دەردەكاتو رێگە دەدات بە وەزارەتی بەرگری لەبری هەموو وڵات مەراسیمی دەوڵەت بۆ بەخاكسپاردنی رێكبخات، لەگەڵ فیرقەی كاری هاوبەش لە ناوچەی پایتەخت كە لقێكی سەر بە فەرماندەیی باكوری سوپایەو بەشداریدەكات لە رێكخستنی مەراسیمی ئاهەنگەكانی دەستبەكاربوونی سەرۆكەكانو مەراسیمی كۆچی دواییان، هەروەها فەرماندەی فیرقەی كاری هاوبەش سەركردایەتی رێكخستنیو هەمانگی هەموو ئەو چالاكییانە دەكات كە لە مەراسیمی ماڵئاواییكردن لە سەرۆكی كۆچكردوو بەڕێوەدەچن. مافی خانەوادەی سەرۆكی كۆچكردوو خانەوادەی سەرۆكی كۆچكردووە مافی ئەوەیان هەیە چەند رێزلێنانێكی سەربازی بۆ مەراسیمی بەخاكسپاردنو ماڵئاوایی رێكبخەن وەك داپۆشینی تەرمەكەی بە ئاڵای ئەمریكاو نمایشی فڕۆكەی سەربازیو تەقاندنی 21 گولە تۆپ یان پاسەوانی شەرەف. پرسەی یەكەم سەرۆكی ئەمریكا پرسەو ماتەمینی ئەمریكا بۆ جۆرج واشنتۆنی یەكەمین سەرۆك 69 رۆژی خایاند، ئەوەش بە گوێرەی كتێبخانەی نیشتمانی تایبەت بە توێژینەوەكانی جۆرج، مەراسیمەكە لە بارەگاكەی لە (ماوت ڤێرنن)ی نزیك لە واشنتۆنی پایتەخت بەڕێوەچووە، بەڵام پرسەی ماتەمینی بوشی باوك كە لە 1989 بۆ 1993 سەرۆكایەتی ئەمریكای كرد، پێنج رۆژ دەخایەنێت. دوای مردنی بوشی باوك، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا فەرمانیدا بە داگرتنی تانیوەی ئاڵای ئەمریكا بۆ ماوەی 30 رۆژو رۆژی چوارشەممەشی وەك رۆژی پرسەی نیشتمانی راگەیاند، لە رۆژەدا فەرمانگە حكومییەكان داخرانو چالاكی دامەزراوەكان كەمكرایەوەو داوا لە هاوڵاتیانی ئەمریكا كرا لە شوێنەكانی تایبەت بە نوێژكردن ئامادەبن بۆ رێزلێنان لە سەرۆكی كۆچكردووی وڵات. یەكەم سەرۆك كە لەماوەی سەرۆكاتیدا مرد ولیام هاریسۆن، یەكەمین سەرۆكی ئەمریكایە كە مردن لە كۆشكی سپیدا یەخەی پێگرتو لەماوەی سەرۆكایەتیدا كۆچی دواییكرد، هاوكات ئەو یەكەمین سەرۆك بوو مەراسیمی بەخسپاردنی دەوڵەتيی بۆ رێكخرا. هاریسۆن كە نۆیەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە چواری نیسانی 1841 دوای تەنها 30 رۆژ لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا كۆچی دواییكرد. بە گوێرەی كۆمەڵەی مێژووی كۆشكی سپی، هەردوو بازرگان ئەلسكاندەر هێنتەرو داریۆس كلاگێت، سەرپەرشتی پلاندانانی بەخاكسپاردنی هاریسۆنیان كردووەو ئاوێنەو كەلوپەلەكان بە پەردەی رەش داپۆشرانو تەرمەكەشی بە عەرەبانەیەك كە چەند ئەسپێكی داپۆشراو بە قوماشی رەش رایانكێشاوە، گوازراوەتەوە. هاریسۆن سەرەتا بەهۆی بەفربارینەوە بە شێوەیەكی كاتی لە گۆڕستانی كۆنگرێس نێژرا، پاشان دوای توانەوەی بەفرەكە گوازرایەوە بۆ ئۆهایۆ و لەوێ بەخاكسپێدرا، بەوتەی ئەو كۆمەڵەیە مەراسیمی ناشتنەكەی كە 30 رۆژی خایاندووە لە مەراسینی بەخاكسپاردنی پاشاكانەوە وەرگیراوە.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت ئەو هاوكێشەیە هەڵوەشێنێتەوە كە دەڵێ" بۆئەوەی ببێت بە سەرۆكی پارتی دەبێت بە سلكی پاراستندا تێپەڕێت" ئەو پۆستێكی "بێدەسەڵات"ی قبوڵكردووە بە هیوای گەیشتن بە "لوتكەی دەسەڵات" لەناو حزبەكەیدا. رۆژی دووشەممەی رابردوو ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدكردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانو مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەتی داهاتووی هەرێم راگەیاند. كاندیدكردنی مەسرور بارزانیو نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەو دوو پۆستە باڵایە، دوا ئەڵقەی زنجیرەیەك رێوشوێن بوو كە پارتی پێشتر بۆ وەرگرتنی هەردوو پۆستەكە گرتیەبەر. پارتی بەرلەوەی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەتو سەرۆكی هەرێم ئاشكرا بكات، نەخشەی سیاسی خۆی بۆ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم (سەرۆكایەتی هەرێم- سەرۆكایەتی حكومەت- سەرۆكایەتی پەرلەمان) داڕشتووەو ئەوەی ئێستا كاری لەسەر دەكات، جێبەجێكردنی ئەو نەخشە رێگایەیە. پارتیو سەرۆكایەتی هەرێم كاندیدكردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم لەلایەن پارتییەوە، خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت، بەتایبەتی لەكاتێكدا ئەو دامەزراوەیە ئێستا بەپێی یاسا هەڵپەسێردراوەو دیارنییە كەیو بە چ شێوەو دەسەڵاتێكەوە كارا دەكرێتەوە. (درەو میدیا) لە چەندین سەرچاوەی ئاگادارەوە زانیاری دەستكەوتووە، نێچیرڤان بارزانی خۆی ئارەزووی وەرگرتنی ئەو پۆستەی كردووەو كاری زۆریشی بۆ كردووە. نێچیرڤان بارزانی بە خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، كۆتایی بە (17) ساڵ تەمەنی خۆی هێنا لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا، ئەو دەبێت بە سەرۆكی هەرێم، بەڵام سەرۆكێكی جیاواز لە مەسعود بارزانی مامی، چونكە بە پێچەوانەی مامییەوە كە بەشێوەی راستەوخۆ لەناو خەڵكەوە هەڵبژێردراو پەرلەمان نەیدەتوانی لێپرسینەوەی لەگەڵ بكات، نێچیرڤان بارزانی لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێتو بەشێكی زۆریش لە دەسەڵاتەكانی دەدرێت بە سەرۆك وەزیران، واتە مەسرور بارزانی. پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بۆچی نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی هەرێمی بەو بارودۆخەوە قبوڵكردووە؟ رەنگە وەڵامی ئەم پرسیارە لە پەیوەست بە بارودۆخی ناوخۆیی پارتی وەڵامبدرێتەوە، نێچیرڤان بارزانی ئێستا جێگری سەرۆكی پارتییە، بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێم بە هەمان قۆناغەكانی مەسعود بارزانی مامیدا تێدەپەڕێتو چاوی لەوەیە لەم هەنگاوەوە بەرەو گرتنەدەستی لوتكەی دەسەڵات لەناو پارتی (سەرۆكی پارتی) هەڵبكشێت. نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت ئەو هاوكێشەیە هەڵوەشێنێتەوە كە پێشتر دەوترا هەركەسێك كە دەبێت بە سەرۆكی پارتی دەبێت پێشتر بە فیلتەری "دەزگای پاراستن"دا تێپەڕیبێت. كاندیدكردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، نەخشەی پارتی بۆ كابینەی نوێ ئەوەیە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بدرێت بە (مەلا بەختیار) بەرپرسی دەستەی كارگێڕی یەكێتی نیشتمانی كە ئێستا لە حزبەكەی زویر بووەو لە ماڵەوە دانیشتووە، پارتی بەم هەنگاوە دەیەێت هەم مەلا بەختیار وەكو سەركردەیەك كە بەردەوام كۆنتاكتی لەگەڵ پارتی هەیە بگەڕێنێتەوە بۆ ناو یەكێتی، هەم دەیەوێت جێگرێك لە سەرۆكایەتی هەرێم بۆ نێچیرڤان بارزانی دابنێت كە دوچاری سەرئێشەی نەكات. لە خاڵەتی رازینەبوونی یەكێتی بە دانانی مەلا بەختیار لە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، رەنگە پارتی پۆستەكە بدات بە كەسێك لە بزوتنەوەی گۆڕانو بۆ ئەوەش باس لە (مستەفا سەید قادر) وەزیری پێشووی پێشمەرگە دەكرێت. پارتیو سەرۆكایەتی حكومەت كاندیدكردنی مەسرور بارزانیش بۆ پۆستی سەرۆكی داهاتووی حكومەت، پێشتر بەچەندین قۆناغو رێوشوێندا تێپەڕیوە، مەسعود بارزانی كاری ئەوتۆی كردووە بۆ سەرخستنی كوڕەكەی لە سەرۆكایەتی حكومەت. لە یەكەم هەنگاودا بارزانی باوك، فوئاد حسێنی لە پۆستی وەزارەتی دارایی عێراق جێگیركرد وەكو كەسێكی نزیكو باوەڕپێكراوی خۆی، بارزانی بەم هەنگاوە دەیەوێت رێگای سەركەوتنی كوڕەكەی لە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم بكاتەوەو لەو رێگەیەوە كێشە داراییەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغداد چارەسەربكاتو بەربەستی ئابوری لەبەردەم سەرۆكایەتی كوڕەكەیدا لابدات. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) هەر لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی كە خراونەتەگەڕ بۆ سەرخستنی مەسرور بارزانی لە سەرۆكایەتی حكومەت، پارتی دەیەوێت مەرجەكەی یەكێتی قبوڵ بكاتو یەك جێگر بۆ سەرۆكی حكومەت دابنێو ئەو پۆستەش بدات بە یەكێتی (قوباد تاڵەبانی)، چونكە بەبێ هەماهەنگی یەكێتی لە زۆنی سەوز، كابینەكەی مەسرور بارزانی سەركەوتوو نابێت. مەسرور بارزانی كە تائێستا وەكو روخسارێكی ئەمنیو دورەپەرێز لە جەماوەر دەركەوتووە، بە هاتنی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت دەیەوێت هاوشێوەی نێچیرڤانی بارزانی پێگە جەماوەرییەكەی بەهێز بكات، بۆیە بارزانی باوكو هەموو پارتی كار بۆ سەرخستنی دەكەن. پارتیو سەرۆكایەتی پەرلەمان پارتی سەرباری ئەوەی بۆ راگرتنی پارسەنگی بنەماڵەی بارزانی هەردوو پۆستی (سەرۆكی هەرێمو سەرۆكی حكومەت) بۆ خۆی دەبات، بەڵام دەستبەرداری پەرلەمانی كوردستانیش نابێت. نەخشەی پارتی بۆ پەرلەمانی نوێی كوردستان ئەوەیە، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بدرێت بە یەكێتی، بەڵام جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان لای پارتی بێتو جێگری دووەمیشی بدرێت بە كەسێك لە پێكهاتەكان كە نزیك بێت لە پارتییەوە. پارتی دەیەوێت پەرلەمانی كوردستان لە خزمەتی كابینەكەی مەسرور بارزانیدا بێتو نایەوێت لە سەرۆكایەتی پەرلەماندا دوچاری كێشە ببێت، سەرباری ئەمەش پارتی لەم خولەدا زۆرینەی پەرلەمان پێكدەهێنێتو سەرۆكو زۆرینەی ئەندامانی فراكسیۆنی پارتیش كەسانی سەربە مەسرور بارزانین.
سەرچاوە: شەرقولئەوسەت وەرگێڕانی: ئارام مەحمود دواجار، "سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان" كە مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات پێشبینییەكانی تایبەت بەو كەسایەتییە یەكلایكردەوە، كە حكومەتی زۆرینە لە هەرێمی كوردستانی عێراق پێكدەهێنێت، دوێنێ بەشێوەیەكی فەرمی لەزاری وتەبێژی حزبەكەوە ڕایگەیاند، مەسرور كوڕە گەورەی بارزانیو بەڕێوبەری ئاژانسی پاراستن كە بە لێهاتوویو شارەزایی ناوی دەهێنرێت، دەبێتە سەرۆكی حكومەتی هەڵبژێردراو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەرو جێگری سەرۆكی حزبو كوڕی برای كۆچكردووی (ئیدریس)و زاوای، كاندیدی حزبە بۆ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان. چاودێران پێیانوایە، ئەم بڕیارانەی پارتی لەچوارچێوەی ڕێكخستنی حزبییو بنەماڵەیدایە، ڕێگەخۆشدەكات بۆ نەوەی سێیەمی بنەماڵەی بارزانییەكان، كە نێچیرڤانو مەسرور بارزانی نوێنەرایەتی دەكەن، سەركردایەتی هەرێم بكەن، دوای مەلا مستەفا بارزانی (باپیریان) كە دامەزرێنەری "پارتی دیموكراتی كوردستان"ەو دوای خۆی كوڕەكانی ئیدریس (لەساڵی 1987 كۆچی كردووە)و مەسعود، شوێنیان گرتوەتەوە. مەسرور بارزانی، دوای كاندیدكردنی بەشێوەیەكی فەرمی لەلایەن حزبەوە، دەستدەكات بە گفتوگۆ لەگەڵ هێزو پارتە براوەكان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی هەرێم كە لەكۆتایی مانگی ئەیلولی ڕابردودا بەڕێوەچوو بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، پارتی تەئكیدی كرد ئیئتیلافیی دەبێت، بەڵام بنكەفراوان نابێت وەك كابینەی پێشوو، كە زۆرێك لە قەیرانە سیاسیو ئابورییەكانی پێوەلكاوەو هێشتا ئاسەوار نەرێنییەكان لە بەرچاون لە هەرێم. ڕاگەیاندنی فەرمی كاندیدكردنەكان، كاردانەوەی جیاوازی لە نێوەندە ئەكادیمیو سیاسیو میللییەكاندا بەدوای خۆیدا هێنا، لەنێوان پێشوازیو گەشبینی بە سبەینێیەكی سیاسی گەشو ڕوونەدانی هیچ پێشكەوتنێك كە شیاوی باسكردن بێت لەسەر هەردوو ئاستی سیاسیو ناوخۆیی، بەتایبەت كە چاوەڕواندەكرێت هەندێك لایەنی سیاسی بەشداری لە حكومەتی داهاتوو بكەنو باقی لایەنەكان ببن بە ئۆپۆزسیۆن. عەبدولحەكیم خەسرەو، مامۆستای زانستی سیاسی لەزانكۆی سەلاحەدین لە هەولێر، پێیوایە، ئەم گۆڕانكارییە بەڕوونی ئاماژە بە ڕەنگدانەوەی ئەو بەرەوپێشچونە ئەرێنییە دەكات لە سیاسەتی "پارتی دیموكرات" هاتوەتەگۆڕێ، كە خاوەنی 45 كورسی پەرلەمانە، دەشڵێت" بێگومان ئەم گۆڕانكارییە گەورەیە، ئاسەوارێكی ئەرێنی قوڵی لەسەر دۆخی سیاسی جێدەێڵێت، لەسەر ئاستی ناوخۆیی یان عێراقو ناوچەكە، هەروەك ئەو هەنگاوە لەچوارچێوەی چاكسازییە سیاسییەكانی ناخۆی حزبەكەدایەو دەیەوێت بە جەماوەرە پانو بەرینەكەی ڕابگەیەنێت، كە توانانی هەڵگرتنی ئەو بەرپرسیارێتییە قورسەی هەیە لەسەر شانێتی لە قۆناغی داهاتوو، لەڕووی ئیدارەدانی وڵاتو ڕوبەڕووبونەوەی بەربەستەكانی قۆناغی داهاتوو"، بەڕای خەسرە هەردوو كاندیدەكە" شارەزایی سیاسیو ئیدارییان هەیەو ئەوەش وادەكات ببنە پیاوی قۆناغی داهاتوو، بەتایبەت لە بواری چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ بەغدادو داڕشتنی سەردەمێكی تازە لە پەیوەندی دۆستانەو هاوسەنگ لەنێوان هەردوولاو فراوانكردنی ئاسۆی پەیوەندییەكانی هەرێم و جیهانی دەرەوە". لەبەرامبەردا، مەهدی ئەبوبەكر مامۆستا لە كۆلیژی ڕاگەیاندنو ڕۆژنامەوانی لە زانكۆی سلێمانی پێیوایە، كاندیدكردنی كوڕو زاواكەی بارزانی بۆ بەرزترین دوو پۆستی هەرێم " دەچێتە چوارچێوەی هەوڵەكانی بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێ سیاسییە شاراوەكانی ئەم كەسە نزیكانەی بە ڕێگایەكی دیپلۆماسیو سیاسی دانایانە، بەبێ دروستكردنی كێشە" ڕاشیگەیاندووە"بارزانی باوك بە ڕوئیاو چاوكراوەییەوە مامەڵەی لەگەل پرسەكە كردووە، دوای وازهێنانی ساڵی ڕابردوو، هەموو دەسەڵاتەكانی بۆ سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن گواستەوە، بۆ ئەوەی دواتر بۆ كوڕەكەی بێت، كە بەمنزیكانە ئەو پۆستە وەردەگرێت، بەو مانایەی بەشێوەیەكی لەسەرخۆ بەڕەكەی لەژێرپێی زاواكەی دەرهێنا، كە پێگەو هەژمونی لەناو حكومەتو حزبدا پتەوكردبوو، ئەو دەسەڵاتانەی دەیبێت وەك سەرۆكی هەرێم، تەشریفاتیو پرۆتۆكۆلی سنوردار دەبێت، بەوەش هەر بەرەوپێشچونیكی ئەرێنی لەسایەی حكومەتی زۆرینە دێتەئارا، بۆ كوڕەی بارزانی دەبێت، بەتایبەت كە "پارتی دیموكرات" هەوڵی تێپەڕاندنی پرۆژەی دەستوری هەرێم دەدات كە چەند ساڵێكە لە پەرلەمان پەكیخراوە، بەسودوەرگرتن لە زۆرینەی پەرلەمانی، ئەوەش دوای هەموارو چەسپاندنی دەسەڵاتەكانی هەریەك لە سەرۆكی هەرێمو حكومەت، بۆ ڕازیكردنی جەمسەرەكانی ئۆپۆزسیۆن، كە لەڕابردودا دژی ئەو دەسەڵاتە فراوانە بوو كە درابوو بە سەرۆكی هەرێم". ئەبوبەكر بەدوریشی زانی چاكسازییەكی سیاسیو ئیداری ئەوتۆ لە هەرێم ڕوبدات، لەبەر ڕۆشنایی ئەو پێشهاتەی ڕویداوە، چونكە "پارتی دیموكرات" هەوڵی پاڵپێوەنانی زۆربەی هێزە سیاسییەكان دەدات بۆ ئۆپۆزسیۆنبوون، بەهۆی دروستبوونی ئەو بڕوایە لەلای، كە ئۆپۆزسیۆنی چالاك لە هەرێم بوونی نەماوە". مەسرور بارزانی لەساڵی 1969 لەدایكبووە، خوێندنی دواناوەندی لە ئێران تەواوكردووە، بەكالۆریۆسی لەزانستی سیاسی لەزانكۆی واشنتۆن بەدەستهێناوە، لەساڵی 2012وە ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمە، زمانەكانی عەرەبیو ئینگلیزیو فارسی دەزانێت. نێچیرڤان باران-یش، لەساڵی 1966 لەدایكبووە، لەساڵی 1996 جێگری سەرۆكی حكومەت بووە، لەساڵی 1999وە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، زمانەكانی ئینگلیزیو عەرەبیو فارسی دەزانێت.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف پارتی چارەنوسی سیاسی مەسرور بارزانی یەكلاكردەوەو چارەنوسی نێچیرڤان بارزانی بە هەڵواسراوی هێشتەوە، بەڵام پرسی گواستنەوەی حوكمی بنەماڵەی لەناو حزبەوە بۆناو حوكمڕانی بردە قۆناغێكی نوێوە. دواجار مەسعود بارزانی بەڵێنەكەی خۆی جێبەجێكردو سەری خۆی داناو كۆتایی بە ژیانی سیاسی خۆی هێنا لەناو دامودەزگا فەرمییەكانی هەرێمی كوردستاندا، وەك ئەوەی پێشبینی دەكرا، مەسعود بارزانی پێگە سیاسییەكەی لە سەرۆكایەتی هەرێم لەبەرژەوەندی كوڕەكەی چۆڵكرد. ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بەفەرمی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كاندیدكردو مەسرور بارزانیش بۆ پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتووی هەرێم. بنەماڵەی بارزانی لەدوای دروستبوونی حكومی خۆبەخۆی كوردییەوە لە هەرێمی كوردستان( 1992)، هەمیشە پێویستیان بە وەرگرتنی دوو پۆستی باڵا هەبووە لە ناو دامودەزگاباڵاكانی هەرێمدا، پارتی و بەتایبەتی بنەماڵەی بارزانی لەڕێگەی وەرگرتنی ئەو دوو پۆستە باڵایەوە خۆی لە تەقینەوەی كێشە خێزانییەكانی ناو بنەماڵە پاراستووە، پۆستێك بۆ (بارزانی مام- مەسعود بارزانی)و پۆستێك بۆ (بارزانی برازا- نێچیرڤان بارزانی)، بەكشانەوەی بارزانی مام لە شانۆی سیاسی، گۆرانكارییەكی گەورە لە هاوكێشەكەدا روینەداوە، چونكە هێشتا وەكو جاران پارتیو بنەماڵەی بارزانی پێویستیان بە دوو پۆستی باڵا هەیە بۆ راگرتنی هاوسەنگی دەسەڵات لەناو خێزاندا، چونكە مەسعود بارزانی پۆستەكەی لە بەرژەوەندی كوڕەكەی (مەسرور بارزانی) چۆڵكردووەو دەستكاری هاوكێشە بنەڕەتییەكەی نەكردووە. نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەی گۆڕانو جێگری پێشووی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە یاداشتەكانی خۆیدا لەبارەی پرۆسەی پێكهێنانی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە باس لە ململانێی ناو بنەماڵەی بارزانی دەكاتو دەڵێ: "ئێمە داوامان كردبوو ئەگەر بارزانی بۆ ماوەی 4 ساڵ ببێتە سەرۆكی هەرێم، جێگری هەبێو، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان بدرێ بە یەكێتی. بارزانی وتویەتی ئەوە كێشە ئەخاتە ناو خێزانەكەمانەوە من ئامادە نیم لەسەر لاشەی نێچیروان ببمە سەرۆكی هەرێم". حكومەت لە سێبەری پاراستندا بە كاندیدكردنی مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، پارتی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی خستە ژێر سێبەری دەزگای پاراستنەوە وەكو دەزگایەكی هەواڵگریو ئەمنی، چونكە مەسرور بارزانی تاڕادەیەك بەرگی مەدەنیبوون لە حكومەتی داهاتوو دەكاتەوە، بەوپێیەی ئەو روخسارێكی ئەمنی هەیەو لە ساڵی 1998ەوە بەڕێوەبەری گشتی (ئاژانسی پاراستن)ی كوردستانی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانەو دواجاریش لە ساڵی 2012ەوە بووە بە راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم. دیار نیە مەسرور بارزانی لە كابینەی داهاتوودا شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵ ئازادی رادەربرینو رۆژنامەگەریو خۆپیشاندانو نارەزاییەتییەكان چۆن دەبێت، ئایا هاوشێوەی سەرۆكایەتییەكەی لە ئاژانسی پاراستنو ئەنجومەنی ئاسایش مامەڵە لەگەڵ ئەو بنەما دیموكراسیانەدا دەكات، یاخود بەهاتنی بۆناو حكومەت دەیەوێت ئەزمونێكی نوێ تاقیبكاتەوەو ئەو بەرگە ئەمنییە لەخۆی داماڵی كە لەسەرەتای دەركەوتنییەوە بەسەریدا بڕاوە؟ زاوا لەسەر كورسییەكەی خەزور! بڕیارەكەی ئەمڕۆی پارتی زامنی پێگەی مەسرور بارزانی كرد بۆ چوار ساڵی داهاتوو، بەڵام چارەنوسی نێچیرڤان بارزانی بە هەڵواسراوی هێشتەوە، پارتی چارەنووسی سیاسی نێچیرڤان بارزانی بەستوەتەوە بە كاراكردنەوەی دامەزراوەی (سەرۆكایەتی هەرێم)، دامەزراوەیەك كە لەدوای دروستبوونییەوە مشتومڕی زۆری لەسەر بووە، دیار نیە پارتی بە چی شێوازێكو لەماوەی چەندێكدا دەیەوێت دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارا بكاتەوە، لە حاڵەتی كاراكردنەوەشیدا دیارنیە دەسەڵاتەكانی چەندو چۆن دەبن، بەڵام پارتی بەم بڕیارەی بۆ كاندیدكردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی داهاتووی هەرێمی كوردستان پەیامێكی روونی بەهەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستاندا كە بەهەر رێگاو شێوازێك بێت دەبێت لە زووترین كاتدا دامەزراوەی سەرۆكی هەرێم كارا بكرێتەوە، چونكە ئەم دامەراوەیە بۆ چوار ساڵی داهاتوو چەقی راگرتنی هاوسەنگی دەبێت لەناو بنەماڵەی بارزانیدا، بە دیاریكراوی لەنێوان مەسرور بارزانیو نێچیرڤان بارزانیدا. بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی ئەو زانیاریانەی پشتراستكردەوە كە بۆ چوار ساڵی داهاتوو حوكمڕانی لە هەرێم، پارتی لە سێ سەرۆكایەتییەكە (سەرۆكایەتی هەرێم- سەرۆكایەتی حكومەت- سەرۆكایەتی پەرلەمان) تەنیا یەك پۆست بۆ هەموو لایەنەكانی تر بەجێدەهێڵێت كە ئەویش پۆستی سەرۆكی پەرلەمانەوەو پارتی فراكسیۆنی زۆرینەیە لەناو پەرلەماندا. بە كاندیدكردنی مەسرور بارزانی بۆ سەرۆكایەتیكردنی حكومەتی داهاتوو، پارتی لای خۆیەوە بەبێ هیچ دانوستانێك لەگەڵ لایەنەكانی تر، نەخشەی سیاسی هەرێمی كوردستانی بەستەوە بە نەخشەی ناكۆكییە خێزانییەكانی ناو بنەماڵەی بارزانییەوە. چارەنوسی بارزانی باوك! هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەن مەسعود بارزانی كە لە نزیكەی سێ دەیەی رابردوودا یەكێك لە روخسارە دیارەكانی سیاسەت بووە لە هەرێمی كوردستان، بەرەو خانەنشینبوون دەڕوات، پێدەچێت رۆڵی داهاتووی بارزانی باوك تەنیا لە پۆستی سەرۆكایەتی پارتی دیموكراتی كوردستانو چاودێریكردنی ئاڵوگۆڕەكانی دەسەڵات لەناو ئەندامانی بنەماڵەی بارزانیدا كورتببێتەوە. بارزانی لە رۆژانی پێش ریفراندۆمی 25ی ئەیلولی ساڵی رابردوو ئاماژەی بە خانەنشینبوونی سیاسی خۆی كرد كاتێك وتی " ئەگەر ریفراندۆم سەرینەگرت، بڵێن ئەم كابرایە شێت بووە، سواری سەری خۆی بووە، هەمووی خەتای ئەو بووە، ئەو وەختە من حازرم بۆ ئەم مەسەلەیە سەرم لەسەری دابنێم"، لە دوای ریفراندۆمەوە بارزانی سەری جەستەیی دانەنا، بەڵام سەرە سیاسییەكەی كۆتایی هاتو چیتر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیو دیپلۆماتكارانو بەرپرسانی دەرەكی ئەو مامەڵەیەیان لەگەڵ نەكرد كە رۆژانی پێش ریفراندۆم لەگەڵیان دەكرد، رەنگە ئەمە یەكێك لە هۆكارەكان بێت بۆ خانەنشینبوونی سیاسی ئەو، دەكرێت هۆكارێكی تریش لە پرسی كشانەوەی بارزانیو خانەنشینبوونی بخوێندرێتەوە، بەتایبەتی چۆڵبونی گۆڕەپانی سیاسی هەرێم لە هاوتەمەنو نەیارو دۆستە سیاسییەكانی بارزانی بەدیاریكراویش (جەلال تاڵەبانیو نەوشیروان مستەفا)، پێدەچێت بارزانی چیتر حەوسەڵەی سیاسەتكردنی لەگەڵ نەوەی دووەمی نەیارە سیاسییەكانی دوێنێیدا نەمابێت. "جمهوریەتی ویراسی" پارتی بەو هەنگاوەكەی ئەمڕۆی شێوازی "حوكمڕانی بنەماڵەیی" لە ناو حزبەوە (پارتی دیموكراتی كوردستان) گواستەوە بۆ ناو "سیستمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان"، پارتی وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن مافی ئەوەی هەیە كێ بۆ پۆستەكان كاندید دەكات، ئەندامانی بنەماڵە یان دەرەوەی بنەماڵە، بەڵام دیمەنی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی هەرێم بەمشێوەیە ناخوێندرێتەوەو هەمووان دیمەنی "حوكمی بنەماڵەیی" بە روونی بە روخساری دەسەڵاتەوە دەبینن. نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەی گۆڕان لە یەكێك لە دیدارە رۆژنامەوانییەكاندا لەبارەی حوكمڕانی بنەماڵەییەوە لە كوردستان دەڵێ" ئەگەر لە قەرنی رابردوودا، لە سەدەی نۆزدەهەمدا یاخود لە نیوەی یەكەمی قەڕنی بیستەمدا، كورد بیویستایە ئەمارەتێك دروست بكات یان مەشیخەتێك دروستبكات، ئەیتوانی، بەڵام لە سی چڵ ساڵی رابردوودا هەم تەجروبەی حزبی پێشڕەو (حزبی تاقانە)، هەم تەجروبەی حزبی عایلە، هەم تەجروبەی ئەو حزبانەی كە جمهوریەی ویراسی دروستدەكەن، هەمووی شكستی خواردووە، بۆ نمونە ئەوە یەكێتی سۆڤیەت بەو عەزەمەتەی خۆیەوە هەرەسی هێناو شتێكی تازەی لێ دروستبووە، هەموو دەوڵەتە ئیستیبدادییەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە تونس، میسر، لیبیا، یەمەن، ئەمانە هەموو روخان، ئەمانە هەمووی جمهوریەتی ویراسی بوون، جمهوریەتی ویراسی لەگەڵ ئەمارەتدا فەرقی ئەوەیە ئەمارەت پێویستی بە هەڵبژاردن نییە، ئەمیر لەجێگەی خۆی كوڕەكەی دادەنێتو پشتاوپشت دەسەڵات ئەگرنەدەست، لە جمهوریەتی ویراسیدا ئینتیخاباتێكی كارتۆنی ئەكەن بۆ چەواشەكردنی خەڵك، ئەم محاوەلەیە لە كوردستانی عێراقدا، دامەزراندنی جمهوریەتی ویراسی كە تەجروبەی 20 ساڵی رابردوو، هەم تەجروبەی حزبی تاقانەو حزبی پێشڕەو و حزبی عایلەو جمهوریەتی ویراسی ئەمانە هەمووی شكستی خواردووە، لە كوردستانیشدا بێگومان شكست دەخوات". نەوشیروان مستەفا ئەم قسانەی كاتێك كرد كە مەسعود بارزانی، مەسرور بارزانی كوڕی كرد بە سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، بەڵام پێناچێت بزوتنەوەكەی كە لە چەند ساڵی رابردوودا شەڕی گەورەی كردووە لەسەر پرسی سیستمی حوكمڕانی هەرێم، لەدوای مەرگی ئەو چیتر نیگەرانییەكی لەمەڕ بە "بنەماڵەیكردن"ی حوكمڕانی لە هەرێم هەبێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا سەركردەكانی ئەو بزوتنەوەیە ئێستا لەهەوڵی بەشداریكردندان لە كابینەی نوێی حكومەت، كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات.
