Draw Media

راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان تاوتوێی چەند بژاردەیەك دەكات بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو بارودۆخەی كە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان تێی كەوتووە، سەڵاحەدین بەهادین هەوڵی نێودەندگیری دەدات لەنێوان هەردوولادا. پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ دەقی ئەو رێككەوتنە سیاسییەی بڵاوكردەوە كە رۆژی 4ی ئازاری ئەمساڵ لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئیمزای كرد. بڵاوكردنەوەی دەقی رێككەوتنەكە لەلایەن پارتییەوە، بەواتای كۆتایهاتنی كاركردن بوو بەو رێككەوتنە، بڕگەی 18ی رێككەوتنەكە هەردوولا وابەستە دەكات بەوەی رێككەوتنەكە بەهەموو بڕگەكانییەوە جێبەجێبكرێت، یەكێتی دەنگی بە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) نەدا، پارتی ئەمە وەكو پێشێلكردنی رێككەوتنەكە لەقەڵەم دەدات. دوای بڵاوكردنەوەی دەقی رێككەوتنەكە لەلایەن پارتییەوە، ئێستا هیچ رێككەوتنێك لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا نەماوە، رۆژی 10ی ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم دەستبەكاردەبێت‌و بەپێی یاسا مەسرور بارزانی ئامۆزای وەكو كاندیدی پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت رادەسپێرێت، لەوكاتەوەش مەسرور بارزانی بەپێی یاسا تەنیا ماوەی (30 رۆژ)ی بەبەردەمدایە پێكهاتەی كابینەكەی بخاتەبەردەم پەرلەمانی كوردستانەوە بەمەبەستی وەرگرتنی متمانە. ئەگەر لەماوەی ئەو مانگەدا پارتی‌و یەكێتی هەوڵی رێككەوتن بدەن، دەبێت كار لەسەر رەشنوسێكی نوێ بكەن، چونكە رەشنوسی رێككەوتنەكەی ئێستا لەلایەن هەردوولاوە كۆتایی هاتووە، بەتایبەتیش پاشكۆی رێككەوتنەكە كە تایبەتە بە پرسی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ كەركوك. پارتی چی دەوێت ؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، كە لەچەند سەرچاوەیەكی باڵاوە دەستیكەوتووە، پارتی بەنیازە كابینەی حكومەت لە وادەی یاسایی خۆیدا رابگەیەنێت، تەنانەت ئەگەر لەو ماوەیەدا لەگەڵ یەكێتی نەگەیشتە رێككەوتن.  پارتی نایەوێت پرسی كەركوك لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا لەگەڵ یەكێتی یەكلابكاتەوە‌و دەیەوێت كەركوك بكەوێتە دوای پێكهێنانی حكومەتەوە، ئەگەر پارتی تاكۆتایی لەسەر ئەم هەڵوێستەی سوربێت، ئەوا كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بەبێ بەشداری یەكێتی لەدایك دەبێت‌و فراكسیۆنی یەكێتی چۆن دەنگیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی) نەدا، بەوشێوەیەش دەنگ بۆ هەڵبژاردنی (مەسرور بارزانی) وەكو سەرۆكی حكومەت نادات‌و پارتی هاوشێوەی كابینەی هەشتەم، پۆستەكانی یەكێتی لە حكومەت بەبەتاڵی بەجێدەهێڵێت تائەوكاتەی كێشەی كەركوك چارەسەر دەكرێت‌و یەكێتی پەیوەندی بە حكومەتەوە دەكات.  یەكێتی چی دەوێت ؟ بەپێی زانارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێتی دەیەوێت هاوكات لەگەڵ پەسەندكردنی ناوی كاندیدەكان بۆ پۆستەكانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، ناوی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك پەسەندبكرێت، ئەگەر ئەمە نەكرا، دوای زیاتر لە 20 ساڵ، بۆیەكەمجار لە یەكتری جیادەبنەوە.  پارتی تا ئەم ساتە سورە لەسەر ئەوەی هیچ كاندیدێكی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك پەسەندناكات كە لەرووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا تێوەگلابن، پارتی ناوی "ئۆكتۆبەرچی" لەو كەسانە ناوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، یەكێتی ناوی (39) كاندیدی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك خستوەتەبەردەم پارتی‌و هەموو ناوەكان رەتكراوەتەوە، تاكە كاندیدێك كە پارتی پەسەندی كرد (فەرەیدون عەبدولقادر) بوو، ئەویش كێشەی تێكەوت. نێوەندگیرییەكی نوێ لەئێستادا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئێستا تاوتوێی چەند بژاردەیەك دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ پارتی یان جیابونەوە: بژاردەی یەكەم: دەستپێكردنی گفتوگۆیەكی نوێ لەگەڵ پارتی بە نێوەندگیری (سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی)، یەكێتی دەیەوێت لەڕێگەی ئەم هەوڵەوە پارێزگارێك بۆ كەركوك هەڵبژێرێت كە پارێزگارەكە كاندیدی یەكێتی بێت‌و پارتیش رەزامەندی بدات لەسەری، لەم حاڵەتەدا یەكێتی بەشداری كابینەی نوێی حكومەت دەكات‌و دەنگ بە مەسرور بارزانی دەدات. ئەمڕۆ سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بەبۆنەی نزیكبونەوەی كۆتایی مانگی رەمەزان راگەیەندراوێكی بڵاوكردوەوە‌و تێیدا بەناڕاستەوخۆ ئاماژە بە رۆڵی نێوەندگیری خۆی دەكات‌و چوار خاڵی پێشنیاز دەخاتە بەردەم پارتی‌و یەكێتی كە ئەمانەن: 1-    بارودۆخی هەستیارو ئاڵۆزی ناوچەكەو عێراق‌و مەترسی‌و هەرەشەكانمان هەمیشە لەبیر بێ. 2-    راگرتنی دەستبەجێی هەموو جۆرەكانی گرژی‌و شەڕی راگەیاندن. 3-    رێگرتن لە لێدوانی دژ بە یەكی سەركردەكانی هەردوولا. 4-    كۆبونەوەیەكی خێرای لوتكەی هەردوولا بە گیانێكی لێ بوردەیی‌و بە ئیرادەی چارەسەر. بژاردەی دووەم: پۆستەكان بە بەتاڵی بەجێبهێڵدرێت تا ئەوكاتەی كێشەیی پارێزگاری  كەركوك چارەسەر دەكرێت، رەنگە ئەمەش ئەگەری جیابونەوەی پارتی‌و یەكێتی دوربخاتەوە لەم قۆناغەدا. بژاردەی سێیەم:  یەكێتی بەمشێوەیەی ئێستا بمێنێتەوەو مومارەسەی كاری ئۆپۆزسیۆنی بكات، ئەمە بژاردەیەكی لاوازە‌و یەكێتی كە ناوچەیەكی قەڵەمڕەویی بەدەستەوەیە، ناتوانێت دەسەڵات رادەستی ئەوانە بكات كە لەناو حكومەتدان.  بژاردەی چوارەم: بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەپاڵ تاوتوێكردنی بژاردەكانی تردا، ئێستا لەناو یەكێتی گفتوگۆ دەكرێت لەبارەی ئەگەری جیابونەوە لەگەڵ پارتی، ئەگەر هەردوولا لە كۆتایدا نەگەیشتنە رێككەوتن.  گفتوگۆكان لەسەر ئەوە چڕبونەتەوە یەكێتی چۆن دەتوانێت بەشێوەیەكی ئاشتیانە ئیدارەی خۆی لە پارتی جیابكاتەوە، عێراق‌و وڵاتانی ناوچەكە قایل بكات، هەندێك لە یاساناسانی یەكێتی لەمبارەیەوە گفتوگۆ‌و راوێژیان لەگەڵدا كراوە.  


راپۆرتی: محەمەد رەئوف – نامیق رەسوڵ  روداوی هاتوچۆ و ناجێگیری باری تەندروستی (چراخان رەفیق)، ژنە سەرمایەدارو هاوسەری پێشووی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم، پرسیاری زۆری بەدوای خۆیدا هێناوەو كەیسێكی ئاڵۆزو فرە جەمسەرە، ( درەو میدیا) لە بەدواداچونێكی وورددا راستی روداوەكەو ئەو پرسیارو گومانانەی لەسەر كەیسەكەیە دەخاتەروو.  لە 28/5/2019 لە هەواڵێكدا كە لە پەیجی رەسمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكدا بڵاویكردوەتەوە چاراخان رەفیق رایگەیاند، توشی روداوی هاتوچۆ بووە. پەیجە رەسمیەكەی خۆی  لە هەواڵێكی بەپەلەدا دەڵێت:" بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا چراخان رەفیق توشی روداوێكی هاتووچۆ بووەو یەكێك لە پاسەوانەكانی گیانی لە دەستدا‌و دوانی دیكەیان برینداربوون‌و وەزعی تەندروستی چراخان زۆر ناجێگیرە و لەژێر چاودێریەكی سەختدایە". (درەو میدیا) بەدواداچونی وردی كرد بۆ ئەو روداوە هاتوچۆیانەی كە رۆژی 28/5/2019 لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا رویانداوە، لەو رۆژەدا هیچ جۆرە روداوێكی لەو شێوەیە لە ڕاگەیاندنەكانی پاریسدا دەستنەكەوت سەبارەت بە چراخان رەفیق كە توشی روداوی هاتوچۆ بوبێت. بە گوێرەی بەدواداچوونەكە لە ماوەی 24 كاتژمێری ئەو شە‌و‌و رۆژەدا " تەنها حەوت ڕوداوی هاتوچۆ لە سنوری پاریسدا تۆماركراون، لە روداوێكیاندا دوو ماتۆڕ سوار مردون، تەنها یەك ڕوداویان كەسێكی ڕەگەزی مێی تێدابووە، ئەویش بەسوكی بریندار بووەو  كچێكی تەمەن سێ ساڵە‌و بەڕەچەڵەك فەڕەنسییە". لە ماوەی ئەو شەو‌و رۆژەی كە چراخان رەفیق ئاماژەی پێكردووە كە توشی روداوی هاتوچۆ بووە، هیچ روداوێكی هاتوچۆ لە پاریس‌و كەسێك گیانی لەدەستدابێت‌و چراخان بە قورسی بریندار بوبێت‌و دوو پاسەوانیشی برینداربوبن تۆمارنەكراوە. بڵاوكردنەوەی وێنەی ناڕاست چراخان رەفیق لە پەیجە رەسمییەكەی خۆیدا وێنەی روداوەكەو ئۆتۆمبیلەكەی بڵاوكردوەتەوە، بەڵام بەپێی بەدواداچونی (درەو میدیا) ئەو وێنەیە روداوێكی هاتوچۆیە لە ڤێتنام كە 5/3/2017 رویداوە. روداوەكە بەم شێوەیەیە: "ئۆتۆمبێلێكی جۆری ( رانجرۆڤەر) لە شاری ( هۆشی منە)ی ڤێتنام لە بەیانی رۆژی 5/3/2017  بەهۆی تیژڕەویەوە خۆی كێشاوە بە ( حاویەكی خۆڵ و خاشاك)دا و بەهۆیەوە شۆفێرەكەی و كچێكی سەرنشین گیانیان لەدەستداوەو سەرنشینێكی تر برینداربووە"، بۆیە ئەو وێنەیەی چراخان رەفیق بڵاویكردوەتەوە دەگەڕێتەوە بۆ دوو ساڵ لەمەبەوبەرو لە فەرەنساش نەبووەو لە ڤێتنام بووە. بەرەو ئەمریكا دوو رۆژ دوای بڵاوكردنەوەی هەواڵی روداوە هاتوچۆكە جارێكی تر چراخان رەفیق لە پەیجەكەیەوە ئاگاداری سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستی خۆی بڵاوكردوەتەوە كە دۆخی تەندروستی ناجێگیرەو بۆ چارەسەر بەرەو ئەمریكا دەبرێت و لە ئاگادارییەكدا دەڵێت: "سەبارەت بە باری تەندروستی چراخان رەفیق بەداخەوە تاكو ئێستا باری تەندروستی ناجێگیرە و تیمی پزیشكی سەرپەرشتیاری حاڵەتەكەی بڕیاریاندا رەوانەی ئەمریكای بكەن بۆ چارەسەركردن ئەوە دوای ئەوەی چەند رۆژێك لە فەرەنسا چارەسەری وەردەگرت ". بەپێی بەدواداچونەكانی ( درەو میدیا) زۆر بەدەگمەن حاڵەتی وا رودەدات كە كەسێك بەهۆی خراپی باری تەندروستیەوە لە فەرەنساوە بگوازرێتەوە بۆ ئەمریكا، لە كاتێكدا نەخۆشخانەكانی فەرەنسا زۆر پێشكەوتوون و هیچیان كەمترنیە لە ئەمریكا لەرووی خزمەتگوازریی تەندروستییەوە.  تۆماركردنی سكاڵا رۆژی 10/5/2019 چراخان رەفیق لە پەیجی رەسمی خۆیەوە بڵاویكردەوە كە لە دادگاكانی بەریتانیا سكاڵای لە دژی ئاشتی هەورامی تۆماركردووە، بە تۆمەتی گەندەڵی. چراخان رەفیق لە رونكردنەوەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە"هەروەك لێرەو لەوێ ئاشتی هەورامی بە ڕێگای جیاجیا پەیام و هەڕەشەی كوشتن و گرتنەبەری ڕێگای دادگاكانی كوردستان دەكات ئەوا من ڕایدەگەیەنم كە دۆسیەم لە دژی ئەو لە دادگاكانی بەریتانیا تۆماركردوەو بەمزوانە یەك لایی دەبێتەوە ".  چراخان رەفیق ئاماژە بەوەشدەكات كە هەڕەشەی كوشتنی لێكراوە"من چۆن بە بەردەوام لەژێر هەڕەشەی كوشتنم و تەهدید دەكرێم كە هیچ نەدركێنم سەبارەت بە ئاشتی هەورامی ئێستا من بڕیارمدا مردن هەڵبژێرم نەك بێ دەنگی". بەپێی ئەو رونكردنەوەیەی چراخان رەفیق بێت، هەڕەشەی كوشتنی لەسەرەو دەیەوێت كێشەكەی لەرێگەی دادگاوە یەكلابكاتەوەو دەنگی خۆی بگەیەنێتە، خەڵكی. دواتر لە رۆژی 25/5/2019 نامەیەكی كراوە بۆ مەسعود بارزانی دەنێرێت‌و دەڵێت" جەنابی سەرۆك بارزانی، مەبەستمە بە جەنابیشت بڵێم هەروەك چۆن غەدر لە میللەت كراوە بە هەمان شێوە غەدر لە جەنابیشت كراوەو دەیان بابەتی گرنگ‌و پەیوەست بە ژیانی خەڵكیان لە جەنابیشت شاردراوەتەوە" هەر لەو نامەیەدا چراخان رەفیق بەروونی باس لە ئاشكراكردنی بەڵگەكان دەكات لە دژی ئاشتی هەورامی‌و دەڵێت: "هەر بۆیە بڕیارمدا من لە ئێستاوە سەرجەم نهێنییەكانی ئاشتی هەورامی‌و باندە مافیایەكەی بڵاوبكەمەوە بە بەڵگەو موستەمسەكات‌و ناوەكانیان و مەلەفە ئیمزا كراوەكانیان بڵاوبكەمەوەو ئەوەی چەندین ساڵە ترسی كوشتنم هەبوو لێی بڵاوی بكەمەوە‌و بیخەمەڕوو، لەهەمان كاتدا كەسانێك دوای نەمانی خۆم شتەكان بڵاوبكەنەوەو لە كەناڵە تەلەفزیۆنەكانی جیهان، وە دەریخەم كە ئاشتی هەورامی پەڵەیەكی رەشە بۆ عێراق‌و هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكە". سیناریۆ یان حەقیقەت؟ -    بە خوێندنەوەی وردی  نوسین و رونكردنەوەكانی چراخان رەفیق، دەردەكەوێت كە لەژێر فشارو هەڕەشەی توندا بووەو بۆ دەربازبوون لەو هەڕەشانە پەنای بردووە، بۆ دادگاكان. -    لەدوای بڵاوكردنەوەی ئەو رونكردنەوانە، راستەوخۆ باس لە روداوی هاتوچۆكەی دەكات، بەو واتایەی كە روداوی هاتوچۆكە پەیوەستە بەو هەڕەشەو فشارو تۆماركردنی سكاڵایانەی كە لە دژی ئاشتی هەورامی تۆماریكردووە. -    هەندێك سەرچاوەش ئاماژە بەوەدەكەن كە ئێستا هەوڵدەدرێت لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا ئاشتی هەورامی بكرێتەوە بە وەزیری سامانە سروشتییەكان و باڵێكی ناو پارتی دژایەتی دەكەن، بەتایبەتیش لە رێگەی چراخان رەفیق هاوسەری پێشویەوە دەیانەوێت بەربەستی بۆ دروست بكەن‌و ئەو هەنگاوانەی چراخان رەفیق دەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە.   -    ئەوەی كە گومان لەسەر ئەو روداوە دروست دەكات سێ خاڵە كە بریتین لە: 1-   بێدەنگی و نەبوونی هیچ جۆرە رونكردنەوەیەك لەلایەن كەسوكارو كەسە نزیكەكانی چراخانەوە بڵاونەكراوەتەوە یاخود رەتنەكراوەتەوە. 2-    ئەو رۆژەی چراخان رەفیق ئاماژەی بۆ كردووە كە روداوی هاتوچۆكەی تیایدا رویداوە، لە ماوەی ئەو 24 كاتژمێرەدا هیچ روداوێكی لەو شێوەیە لە پاریس روینەداوە، چونكە لەوێ هەموو روداوەكان تۆماردەكرێن‌و هەركەس بیەوێت دەتوانێت سێرچبكات‌و هەموو روداوەكان بدۆزێتەوە. 3-    خاڵی هەرە گوماناوی لەو روداوە بڵاوكردنەوەی وێنەی  ئۆتۆمبیلەی خۆیەتی لە پەیجە رەسمییەكەی خۆیەوە كاتێك توشی روداوی هاتوچۆ بوە، بەڵام وێنەكە دەگەڕێتەوە بۆ روداوێكی ساڵی 2017‌و لە ڤێتنام رویداوەو ناوو و ناونیشانی سەرنشینەكانیش بڵاوكراونەتەوە كە هاوڵاتی ڤێتنامین. بازرگانی نەوت  روداوەكە سیناریۆ بێت یان حەقیقەت، هیچ لەو راستیە كەمناكاتەوە، كە چراخان رەفیق پێشتر بە دەست تێكەڵكردنی‌و بازرگانی نەوت لەگەڵ ئاشتی هەورامی تۆمەتبار دەكرا. لە رۆژی 17/5/2016 ماڵپەری رەسمی پارتی دیموكراتی كوردستان (kdp.info) بڵاویكردوەتەوە" مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ( چراخان رەفیق) گەورە بازرگانی بواری نەوتی هەرێمی كوردستان دەركرد، كە ماوەیەكە هەرێمی كوردستانی جێهێشتووەو لە دەرەوەی وڵاتە". میدیاكانی پارتی راستەوخۆ چراخان رەفیقیان تۆمەتباركرد بەوەی بەشێوەی نایاسایی بازرگانی نەوتی كردووە، رۆژنامەی وشەی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان بە مانشێتی سەرەكی لە 2016 دا نوسیبوی" چراخان رەفیق عومەر بە شێوەی نایاسایی بازرگانی بە نەوت كردووەو لە چەند گەندەڵییەكدا تێوەگلاوە، بۆیە ئێستا دەست بەسەر 276 ملیار دیناری ئەو بازرگانەدا گیراوە. ئەو بڕە پارەیە، لە بانكەكانی هەرێمی كوردستانە"، بەڵام دواتر چراخان رەفیق گەڕایەوە هەرێمی كوردستان و دەستی بەكاری خێرخوازی كرد. هاوسەرگیریەكەی چراخان رەفیق لەگەڵ ئاشتی هەورامی و دواتر جیابونەوەی لە ئاشتی هەورامی‌و  بازرگانیەكەی و كارە خێرخوازییەكانی هەموو بەشێوەیەكی ئاڵۆز و ناڕون بووە.  چراخان رەفیق كێیە؟ چراخان رەفیق خەڵكی شاری سلێمانیەو لە منداڵیەوە لەگەڵ خانەوادەكەی چوەتە ئەڵمانیا، لەوێ‌ كۆلێژی یاسای تەواوكردووە. چراخان ساڵی 2011 هاوسەرگیری لەگەڵ ئاشتی هەورامیدا كردووە لە 2015 جیابونەتەوە، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ روداو 2015 دەڵێت:" زمانی ئینگلیزی، عەرەبی و ئەڵمانی بە باشی دەزانم, 10 ساڵ لە ئەڵمانیا كاری بزنسم كردووە، باوكی رەحمەتیم خاوەنی سێ‌ كۆمپانیا بوو، لە ساڵی 2007 ئەو سەرمایەی لە باوكم بۆم بەجێمابوو، كە 50 ملیۆن دۆلار بوو هێنامەوە كوردستان و بەگەڕمخست. لێرە گروپی كۆمپانیاكانی چراخان رەفیقم هەیە كە پێكدێت لە كۆمپانیای بیناسازی، هاوردە و پاككردنەوە. من پێشتر لە ئێران بەنزینم بۆ سلێمانی هاوردە دەكرد. بەڵام هەموو ئەوانەی باسیان دەكەم بەر لە شووكردنم بە ئاشتی هەورامی بووە".  


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی رێوشوێنە یاساییەكانی خۆی بەڕێوەدەچێت‌و راناوەستێت، ئەمە بڕیاری پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا باسی كاندیدەكەی یەكێتیش كرا بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری زیاتر بڵاودەكاتەوە. ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی حزبەكە لە پیرمام كۆبووەوە. تەلەفزیۆنی كوردستان زمانحاڵی فەرمی پارتی بەر لە بەڕێوەچوونی كۆبونەوەكە ئاشكرایكرد، سێ تەوەری سەرەكی لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت: •    تەوەری یەكەم: پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت •    بارودۆخی كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكانی تر •    رێوشوێنەكانی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم راگەیەندراوی فەرمی كۆبونەوەكە بەهیچ جۆرێك بە وردی باسی هەڵوێستی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لەسەر ئەو تەوەرانە باسنەكردووە، بەڵام مەحمود محەمەد وتەبێژی فەرمی پارتی دوای كۆبونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی ناكۆكییەكانەوە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند" یەكێتی پابەندی رێككەوتنەكەی نەبوو لەگەڵ پارتی، لە یەك دوو رۆژی داهاتوودا دەقی رێككەوتنەكە بڵاودەكەینەوە، لە رێككەوتنەكەدا مەسەلەی دانانی پارێزگاری كەركوك دراوەتە دەست كاك مەسعودو كاك كۆسرەت، ئەوانیش لەسەر كاندیدێك رێككەوتوون (فەرەیدون عەبدولقادر). لەبارەی پێكهێنانی حكومەتەوە بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتیدا بڕیاردراوە لەسەر ئەوەی، پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بەپێی رێوشوێنە یاساییەكانی خۆی بەڕێوەبچێت، واتە نێچیرڤان بارزانی رۆژی 10 ئەم مانگە سوێندی یاسایی دەخوات‌و پاشان وەكو سەرۆكی هەرێم مەسرور بارزانی ئامۆزای رادەسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بەپێی یاسا، مەسرور بارزانی تەنیا ماوەی (30 رۆژ)ی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی پێكهاتەی كابینەكەی بخاتە بەردەم پەرلەمانەوە بەمەبەستی وەرگرتنی متمانە. واتە ئەگەر یەكێتی لەماوەی ئەو مانگەدا كێشەكانی لەگەڵ پارتی لەبارەی پرسی كەركوك بەلایەكدا نەخات، پارتی بەبێ یەكێتی كابینەی نوێی حكومەت دەخاتە بەردەم پەرلەمان‌و متمانەی بۆ وەدەگرێت‌و حكومەت دەستبەكاردەبێت. (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لەناو پارتی زانیویەتی، پارتی دەیەوێت كێشەكانی لەگەڵ یەكێتی چارەسەر بكات، بەڵام ئەگەر چارەسەر نەبوو، بەبێ یەكێتی حكومەت پێكدەهێنێت‌و هاوشێوەی ئەم كابینەی ئێستا، شوێنی پۆستەكانی یەكێتی بەبەتاڵی بەجێدەهێڵێت تا ئەوكاتەی كێشەكان چارەسەر دەكرێن، واتە یەكێتی سیناریۆی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم جارێكی تر دووبارە دەكاتەوە‌و لە پێكهێنانی كابینەی حكومەتیشدا یەكێتی بەجێدەهێڵێت، ئەگەر تائەوكات لەسەر پرسی كەركوك نەگەیشتنە رێككەوتن. لەبارەی كەركوكەوە تەوەرێكی تری كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی، باسكردنی بارودۆخی كەركوك بوو. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەبارەی كێشەی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوكەوە لەگەڵ یەكێتی، مەسعود بارزانی وتویەتی" خۆیان ناوی فەرەیدون عەبدولقادریان هێناوە‌و وتویانە ئەمە كاندیدی ئێمەیە بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، ئێمەش وتومانە زۆرباشە ئێمەش پشتیوانی دەكەین، بەڵام دواتر پەشیمان بونەتەوە‌و تەلەفۆنیان بۆ مەسرور بارزانی كردووە كە فەرەیدون عەبدولقادر كاندید ناكەن". سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی تەوەرێكی تری كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی تایبەت بوو بە پرسی سوێندخواردن‌و دەستبەكاربوونی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان. مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی رۆژی 10ی ئەم مانگە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، پارتی هەوڵدەدات لەم مەراسیمەدا دەرگایەكی نوێ بەڕووی یەكێتیدا بكاتەوە بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكان. سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو پارتی، بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، پارتی بەفەرمی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق‌و جێگری دووەمی سەرۆكی پارتی بانگهێشتكردووە بۆ بەشداریكردن لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم. پارتی تێگەیشتووە لەوەی ئێستا بەرهەم ساڵح لە هەموو كەسێك زیاتر كاریگەری لەسەر ئەو باڵەی یەكێتی هەیە كە لە مەسەلەی كەركودا بەرامبەر بە پارتی وەستاونەتەوە، رەنگە ئەمە هۆكاری سەرەكی بێت كە لە دەرگای بەرهەم ساڵحیان داوە. ئەگەر بەرهەم ساڵح بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی بكات، لەدوای دەستبەكاربوونییەوە وەكو سەرۆك كۆمار، یەكەمجارە سەردانی هەولێر بكات، هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح لەدەرەوەی رێككەوتنی سیاسی نێوان پارتی‌و یەكێتی وایكرد پارتی‌و بەرهەم ساڵح بكەنەوە ناو ناكۆكییەكی قوڵەوە. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەرهەم ساڵح ئامادە نییە بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی بكات‌و مەرجی هەیە، مەرجەكەشی ئەوەیە، بەر لە پرۆسەی سوێندخواردن، نێچیرڤان بارزانی سەردانی بكات لە بەغداد‌و ئاڵۆزییەكان یەكلابكەنەوە. 


راپۆرتی: محەمەد رەئوف كەركوك لەناو ئاگرو تەقینەوەدا دەكوڵێت، ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوای كەركوك ئاگر لە دەغڵ و دانی جوتیارە كوردەكان بەردراو بە هەزاران دۆنم زەویان سوتا، شەوی رابردوش زنجیرەیەك تەقینەوە ئارامی كەركوكی تێكدا و ژمارەیەك قوربانی لێكەوتەوە، ناكۆكی و ململانێكانی نێوان پارتی و یەكێتی لەكەركوك و پەیوەندییە شاراوەكانی ئەو دوو هێزە بەجیا لەگەڵ كارەكتەرە سەرەكیەكانی ئێستای پارێزگای كەركوك هەڵگری دەیان پرسیاری جدیە، كە بۆچی لەگەڵ توندبونەوەی ناكۆكیەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، گرژی و كێشەو تەقینەوەكان لەوپارێزگایە زیاد دەبن؟  گرژیەكان پرسیار دروستدەكەن لەدوای توندبونەوەی ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لەسەر پرسی دانانی پارێزگاری كەركوك گەیشتە بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان و هەڕەشەی بایكۆتی تەواوەتی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، گرژیەكان و سوتانی دەغڵودانی جوتیارانی كورد لە پارێزگای كەركوك زیاتر بوو، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دوو رۆژ دوای بایكۆتەكەی یەكێتی لە 30/5/2019 بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند" چیتر سوتانی دەغڵودانی جوتیارانی كورد و ئەو بارودۆخەی ناوچەكانی مادەی 140 جێگەی قبوڵكردن نیە". چەند كاتژمێرێك لەدوای بەیاننامەكەی بارزانی زنجیرەیەك تەقینەوە شاری كەركەكیان هەژاند، بەپێی بەیاننامەی شانەی راگەیاندنی ئەمنی" شەش بۆمبی چێنراو لە شەقامەكانی قودس و پارێزگا و رێگای بەغدا لە كەركوك تەقیونەتەوە، دوو بۆمبی دیكەش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە پوچەڵكرانەوە، بەهۆیانەوە 3 كوژراو 18 برینداری لێكەوتۆتەوە". هێشتا ئاگری تەقینەوەكانی ناو شاری كەركوك كپ نەبونەوە، بەیانی رۆژی 31/5/2019 ئاگر لە زۆربەی دەغڵودانی جوتیارانی كورد بەردران، لە رۆژهەڵاتی كەركوك لە گوندی مەنسوری ناوچەی حەوتەغاری سەربەقەزای داقوق، ئاگر لە دەغڵودانی جوتیارە كوردەكانی ئەو ناوچەیە كەوتەوەو وەك جوتیاران ئاماژەی بۆ دەكەن نزیكەی 10 هەزار دۆنم زەوی سوتاون، لە هەمان كاتدا لە رۆژئاوای كەركوك لە گوندی پەڵكانەی سەربە ناحیەی سەرگەرانی قەزای دبس ئاگر لە دەغڵ ودانی جوتیارە كوردەكانی ئەو ناوچەیە كەوتەوە بە هەزار دۆنم سوتان.  زۆرێك لە جوتیاران لەكاتی سوتانی دەغڵو دانەكەیاندا ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەوە دەستی داعشی تێدا نیەو لەلایەن عەرەبە هاوردەكانەوە ئەو كارانە دەكرێت، تەنانەت تەقینەوەكانی شەوی رابردووش گومانی لای لایەنە ئەمنیەكان دروستكردووە كە شێوازی دانانی بۆمبەكان و تەقینەوەیان جیاوازە لە شێوازی تەقینەوەكانی داعش و گومانی دەستی ناوخۆیی دەكەن لەو كارە.  ناكۆكیەكان لەسەر چین ؟ لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ەوە كورد دەسەڵاتی لەو شارە لێسەنرایەوە، بە جۆرێك تا ئێستاش پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو شارە بە داگیركراو دەزانێت، یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش ئەگەرچی خاوەنی ( 6 ) كورسی ئەو شارەیە لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام دەسەڵاتی سەربازی و ئەمنی نیە لەو شارە. بەپێی لێدوانی زۆرێك لەسەركردەكانی، پارتی دیموكراتی كوردستان نایەوێت پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك دابنرێت كە بەشداری لە روداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەردا كردبێت و دەیەوێت ئەو روداوە وەك" خیانەتێك لەسەر بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتیدا بچەسپێنێت" ، بەو پێیەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداریكرد لە هەڵبژاردنی پارێزگاری نەینەواو لەگەڵ زۆرێك لەسەركردەكانی حەشدی شەعبی مامەڵەی ئاسایی دەكات، بەڵام كەركوك بە داگیركراو لەقەڵەم دەدات.  هەرچی یەكێتی نێشتیمانی كوردستانیشە سورە لەسەر ئەوەی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك دیاری بكات، بەڵام بەبێ ئامادەبوونی ئەندامەكانی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو پرۆسەیە بەڕێوە ببات، یەكێتی لەلایەك پۆستی پارێزگاری كەركوك بە مافی خۆی دەزانێت كە زۆرینەی دەنگەكانی كەركوكی بەدەستهێناوە لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2018 لەو پارێزگایە، لەلایەكی تریشەوە دەیەوێت روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر وەك روداوێكی ئاسایی تێپەڕێنێت. گرێكوێرەكەی پارێزگاری كەركوك  لەدوای ساڵی 2005 ەوە لە پارێزگای كەركوك تەنها یەك هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكراوە تا ئێستاش ئەنجومەنەكە لەكاردایە، ئەو یاسایەش كە ئەنجومەنی پارێزگای ئێستای كەركوكی پێ هەڵبژێردراوە، لە نیسانی 2004 و لەلایەن پۆڵ بریمەر حاكمی مەدەنی عێراقەوە دانراوە. بەپێی ئەو یاسایە پارێزگار لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە متمانەی پێدەدرێت، لە بڕگەی پێنجەمی بەشی دووەمی یاسای ژمارە 71ی ساڵی 2004ی عیراق هاتووە" ئەنجومەنی پارێزگاكان دەسەڵاتی دیاریكردن و دامەزراندنی پارێزگار و بریكارەكانیانی هەیە و دەتوانێت لەسەر كاریان لاببات، ئەگەر پۆستەكەش‌ چۆڵبوو، دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە بە زۆرینەی دەنگ پارێزگارێكی تر بۆ پۆستەكە هەڵبژێرنەوە". ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 41 ئەندام پێكدێت ( 26 ئەندامی لیستی برایەتی، 9 ئەندامی پێكهاتەی توركمان، 6 ئەندام لە پێكهاتەی عەرەب) لە لیستی برایەتی  ( 11 ئەندامی پارتی، 8 ئەندامی یەكێتی، 3 ئەندامی یەكگرتوو، 1 سەربەخۆ، 1 توركمان، 1 عەرەب، 1 مەسیحی)، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەبێ ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان ناتوانێت، رێژەی یاسایی كۆبكەنەوەو پارێزگار هەڵبژێرن، هەربۆیە بەپلەی یەكەم كێشەی پارێزگاری كەركوك پەیوەندی بە ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی و پارتیەوە هەیە، بەو پێیەی ئەوان دەتوانن بەبێ ئامادەبوونی ئەندامانی پێكهاتەكانی دیكە رێژەی یاسایی تەواو بكەن و پارێزگار هەڵبژێرن، كە رەنگە بە هەڵبژاردنی پارێزگارێكی كورد بەشێك لە ناكۆكیەكان چارەسەر ببێت،  بەتایبەتیش لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكە، ئەگەرچی پێكهاتەكانی دیكەش ترسی خۆیان ناشارنەوە لە ئەزمونی 14 ساڵی رابردووی پارێزگاری كورد لەو شارە كە مامەڵەیەكی باشی لەگەڵ نەكردون و ترسیان هەیە لە دووبارە بوونەوەی ئەو رۆژگارانەی كە پارێزگارە كوردەكان، نەیتوانیوە هاوسەنگی بپارێزن لە نێوان پێكهاتەكاندا، بۆیە كردنەوەی گرێكوێرەی پارێزگاری كەركوك لەدوای توندبونەوەی ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی هێندەی تر قورستربووە. ناكۆكیەكان بەكوێ دەگەن؟  ناكۆكی یەكێتی و پارتی لەسەر پرسی كەركوك گەیشتۆتە ئاستێك كە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستانیش پەكخستووەو دوایین هەڵوێست بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو لەلایەن فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە كە پێشتر رێككەوتنیان كردبوو لەسەری، بۆیە ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەریەكێكیان بۆخۆی هەوڵی پچڕاندنی پۆست و پشك دەدات لە پارێزگای كەركوك. -    پارتی دیموكراتی كوردستان جموجوڵی سیاسی لە سەر ئاستی كەركوك و بەغداد دەستپێكردووە، بۆ دەستگەیشتنەوە بەكەركوك، كە لە ئێستادا هیچ بارەگایەكی لەو پارێزگایە نیە،  زانیاریەكان ئاماژە بەوەدەكەن كە ئێستا پارتی چاوی لە پارێزگاری كەركوكەو بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر ئاستی كەركوك و بەغدادیش كاری بۆ كردووە، لەسەر ئاستی كەركوك لەگەڵ راكان جبوری پارێزگاری كەركوك و سەرۆكی هۆزە عەرەبیەكان و كوتلە عەرەبیەكانی ئەو پارێزگایە كۆبۆتەوە بەمەبەستی پێكهێنانی هاوپەیمانی بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك، بەرەزامەندی خۆی، هەروەك چۆن لە هەڵبژاردنی پارێزگاری نەینەوا هاوپەیمانی لەگەڵ كوتلە عەرەبیەكان كرد، لەسەر ئاستی بەغداش لەگەل حزبە سیاسیەكان گفتوگۆی كردووە، بەتایبەتیش فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و بەشیكی تر لەلایەن شیعەكان بۆ پرسی كەركوك. -    یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، دوای ئەوەی بەتەواوی لە نیەتی پارتی تێگەیشت كە نایەوێت یەكێتیەك ببێتە پارێزگاری كەركوك، ئەمەش دوای ئەوەی ناوی سێ كەسی دایە خودی مەسعود بارزانی تا رەزامەندی لەسەر یەكێكیان بدات بۆ پارێزگاری كەركوك، بەڵام بارزانی رەتیكردنەوە، بۆیە یەكێتی ئێستادا لە هەوڵ و جموجوڵی دیكەدایەو دو سیناریۆی هەیە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك بەبێ پەنابردن بۆ پارتی: •    پەنا بردن بۆ كوتلەی عەرەب و توركمانەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دوای نائومێدبونی تەواوەتی لە ئەندامانی پارتی لەو ئەنجومەنە، هەرچی كوتلەی عەرەبیە ئاسان نیە لەبەر ئەوەی چەند كوتلەو پارتێكن، خاوەنی ئەجێنداو سیاسیەتی خۆیانن، بەڵام بۆ ئەندامە توركمانەكان كە لەكۆی 9 ئەندام 7 یان لەبەرەی توركمانین و لەژێر كاریگەری توركیادان و دەتوانرێت لە رێگەی سەرۆك كۆماری عێراقەوە بۆ ئەو مەبەستە كار بكرێت و لە رێگەی توركیاوە فشار بكرێت بۆ ئەوەی دەنگ بە كاندیدەكەی یەكێتی بدەن بۆ پارێزگاری كەركوك. •    لە رێگەی سەرۆك كۆمارەوە كار بكرێت بۆ سڕكردنی كاری ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لەلایەك گەیشتونەتە بنبەست و ناتوانن كۆببنەوەو لەلایەكیش ماوەی 10 ساڵە تەمەنیان كۆتایی هاتووە، لەدوای سڕكردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئەو كات دەتوانرێت لە رێگەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و بە هەوڵی سەرۆك كۆمار، پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك دابنرێت، تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە بڕیارە لەسەرەتای ساڵی داهاتوو ئەنجامبدرێت.  ئێستا ناكۆكیەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەسەر پارێزگاری كەركوك، گەیشتۆتە بنبەست، هەردولایان بە جیا پەنا بۆ پێكهاتەو كارەكتەرە سیاسیەكانی دیكە دەبەن، كە رەنگە ناكۆكیەكانی ئەو دوو هێزە لەسەر پارێزگاری كەركوك دواجار ئەو پارێزگارە لەدەستی هەردوكیان دەربچێت و بۆ چارەسەری مامناوەند كەسێكی دیكە لە پێكهاتەكانی تری پارێزگاری كەركوك بكرێتە پارێزگار، یاخود تا هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكان، راكان جبوری وەك پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە.


راپۆرت: محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ- فازل حەمەڕەفعەت پێدەچێت پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان جارێكی تر سیناریۆی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دوبارە بكەنەوە، بەڵام ئەمجارەیان لەبری بەغداد، روداوەكان لە كەركوك دەبن، یەكێتی دەیەوێت كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك لەگەڵ كاندیدی پۆستەكانی حكومەتی هەرێم یەكلابكرێتەوە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وردەكانی هەڵوێست‌و پلانی یەكێتی لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا بڵاودەكاتەوە. دوێنێ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە سلێمانی كۆبووەوە، كۆبونەوەكە دوای ئەوەهات فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمان كوردستان بایكۆتی كردووە‌و دەنگی بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی كاندیدی پارتی نەدات بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم. كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بە پلەی یەكەم بۆ پەسەندكردنی بڕیاری رۆژی پێشتری مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوو سەبارەت بە دەنگنەدانی فراكسیۆنی یەكێتی بە نێچیرڤان بارزانی.   كۆسرەت رەسوڵ‌و ترسی لێكترازان بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەكەی دوێنێی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا، كە كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی كە خۆی سەرپەرشتی كردووە، باسی لە هۆكاری بڕیارەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردووە سەبارەت بە دەنگنەدان بە نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكی نوێی هەرێم. (درەو میدیا) زانیویەتی، لەبارەی بڕیاری دەنگنەدانی یەكێتی بۆ نێچیرڤان بارزانی، كۆسرەت رەسوڵ عەلی وتویەتی "ئەو بڕیارە یەكگرتوویی ناو یەكێتی پاراستووە"، ئەمە وەكو ئاماژەیەك بۆ هەڕەشەی گروپی كەركوكییەكانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی، كە رۆژی پێشتر وتبویان، ئەگەر یەكێتی لە سەر پۆستی پارێزگاری كەركوك سازش بۆ پارتی بكات، ئەوان لە یەكێتی دەستلەكاردەكێشنەوە. ئەمە هۆكارەكە بوو كە یەكێتی دەنگنەدانی بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم بەستەوە بە یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك. دوای رونكردنەوەی هۆكارەكان، كۆسرەت رەسوڵ داوای لە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كردووە بڕیارەكەی مەكتەبی سیاسی بۆ دەنگنەدان بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی پەسەندبكەن.  پارێزگاری كەركوك چۆن یەكلادەكرێتەوە ؟ پرسی كەركوك‌و هەڵبژاردنی كاندیدێكی یەكێتی بۆ ئەو پۆستە باڵی بەسەر كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا كێشا، زۆرینە پشتیوانی بڕیارەكەی مەكتەبی سیاسییان كرد، هیچ دەنگێكی ناڕەزایەتی نەبیسترا كە بەئاشكرا دژی سیاسەتی ئێستای یەكێتی بێت بەرامبەر بە پارتی، رەنگە ئەمە بەهۆی ترسیی پشتیوانی بنكەی جەماوەریی یەكێتییەوە بووبێت لە بڕیارەكەی مەكتەبی سیاسی. هەر لەبەر رۆشنایی ئەو پشتیوانییەی جەماوەریی یەكێتیدا بوو، كە ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاریدا هەر بەرپرسێكی یەكێتی دژی سیاسەتی ئێستا حزب قسە بكات، لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێت. بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دوای كۆبونەوەكە هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی ناڕەزایەتییان دەربڕیووە سەبارەت بە سیاسەتی ئێستای یەكێتی‌و باسیان لەوەكردووە یەكێتی دەتوانێت بەشێوازی تر كێشەی كەركوك چارەسەربكات‌و دابڕانی تەواوەتی لەگەڵ پارتی بەزیانی یەكێتی كۆتایی دێت، چونكە یەكێتی كارتی بەهێزی بەدەستەوە نییە پارتی ناچار بە سازش بكات.  یەك پۆست‌و دوو رێگای جیاواز  (درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆی ئەوەكراوە پارتی ژێربەژێر لە هەوڵی دانانی پارێزگارێكی دڵخوازی خۆیەتی لە كەركوك‌و بۆ ئەو مەبەستە كۆبونەوەی لەگەڵ بەشێك لە عەرەب‌و توركمان‌و تەنانەت راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك كردووە. ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لەبەر رۆشنایی هەڵوێستەكانی پارتیدا لە پرسی پارێزگاری كەركوك، بڕیاریدا ئاڕاستەیەكی جیاوازتر لە رابردوو بگرێتەبەر‌و چیتر یەكێتی داوا لە پارتی نەكات پارێزگاری كەركوكی بۆ یەكلابكاتەوە‌و لەبری ئەوە پەنا بۆ رێگای تر ببرێت. واتە ئێستا یەكێتی‌و پارتی بەتەواوەتی لە پرسی پارێزگاری كەركوك لێكترازاون‌و هەر لایەك دەیەوێت بەرێگای خۆی ئەو پۆستە لەبەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە، پێدەچێت هاوشێوەی هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح وەكو سەرۆكی كۆمار، لایەنە عێراقی‌و دەرەكییەكان پۆستی پارێزگاری كەركوك لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا یەكلابكەنەوە. لەبارەی فەرەیدون عەبدولقادرەوە پرسی كاندیبوونی (فەرەیدون عەبدولقادر) بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك لەلایەن یەكێتییەوە، تەوەرێكی تری كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بوو، (درەو میدیا) زانیویەتی، ئەنجومەنی سەركردایەتی لەوبارەیەوە داوای رونكردنەوەیان لە كۆسرەت رەسوڵ كردووە. لە وەڵامدا، كۆسرەت رەسوڵ رەتیكردوەتەوە ئەو بەرەسمی فەرەیدون عەبدولقادری كاندیدكردبێت، باسی لەوەكردووە، تەنیا لە كۆبونەوەیەكی كۆمەڵایەتیدا كە فەرەیدون عەبدولقادر خۆشی تێیدا بەشداربووە، چەند كەسێك پێشنیازیان كردووە كاندید بكرێت بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، ئەویش تەنیا وتویەتی" كاك فەرەیدون كەسێكی شۆڕشگێر بووەو پێشتر ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بووە"، بەڵام رەزامەندی نەنواندووە، رەنگە قسەكەی وەك رەزامەندبوون لێكدرابێتەوە. لە قوباد تاڵەبانی نیگەرانن ! هەرچەندە یەكێتی دەنگی بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم نەدا، بەڵام قوباد تاڵەبانی هەرزوو لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر پیرۆزبایی هەڵبژاردنی وەكو سەرۆكی هەرێم لە نێچیرڤان بارزانی كرد، ئەم هەڵوێستەی قوباد تاڵەبانی فڕین بوو لە دەرەوەی پۆل‌و هەندێك لە یەكێتییەكانی نیگەران كرد. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەكەدا بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی داوای سزادانی قوباد تاڵەبانییان كردووە، بەڵام ئەوەی نیگەرانییەكانی كەمێك رەواندەوەتەوە قسەكانی بافڵ تاڵەبانی بووە، كە رەخنەی لە پیرۆزباییەكەی قوباد تاڵەبانی برای گرتووە، تائەو ئاستەی وتویەتی" پیرۆزباییەكەی خاڵی رەشی هەڵوێستە جوانەكەی یەكێتی بوو". یەكێتی تا كوێ دەڕوات ؟ لە كۆبونەوەكەدا زۆرینە لەگەڵ ئەوەدابوون یەكێتی لەگەڵ پارتی گفتوگۆو رێككەوتنی تر نەكات، تاوەكو پارتی بەتەواوی رێككەوتنەكەی ئێستا جێبەجێ نەكات. ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاریداوە، یەكێتی لەسەر سیاسەتی ئێستا بەرامبەر پارتی بەردەوام بێت‌و ئەگەر پارتی رازی نەبێت بەدانانی كاندیدێكی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، یەكێتی لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا هەمان هەڵوێستی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی هەبێت. (درەو میدیا) زانیویەتی، ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاریداوە، دەبێت كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك‌و وەزارەتی دادی عێراق كە پشكی یەكێتییە لەگەڵ كاندیدی پۆست‌و وەزارەتەكانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لەلایەن پارتییەوە پەسەندبكرێت، بەبێ ئەمە، یەكێتی بەشداری حكومەت ناكات‌و كابینەی نوێ بە پارتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان دەسپێرێت.  هەر بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئێستا لەناو یەكێتی جارێكی تر گفتوگۆ سەبارەت بە ئەگەری دوو ئیدارەیی، دوو هەرێمیی، لامەركەزی ئیداریی دەستیپێكردوەتەوە. ئەمە لەكاتێكدایە پارتی لە زاری هۆشیار زێباریەوە تەئكید لەسەر ئەوە دەكاتەوە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت بەردەوام دەبێت و ناوەستێت. ئایا یەكێتی لەسەر هەڵوێستەكەی سور دەبێت و تا كۆتایی دەڕوات یاخود پارتی پاشەكشە دەكات و بە كاندیدێكی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك قایل دەبێت؟ بەتایبەتیش پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت پەیوەستە بە چارەنوسی مەسرور بارزانیەوە.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف - نامیق رەسوڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان دوای چوار رێككەوتن‌و دواخستنی پێكهێنانی حكومەت بۆ ماوەی (8 مانگ)، جارێكی تر گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر، (درەو میدیا) وردەكاری ئاڵۆزبونەوەی پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتی لەم راپۆرتەدا بڵاودەكاتەوە.  پەرلەمانی كوردستان نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان هەڵبژارد، ئەوەی پێشبینی دەكرا، روینەدا، نێچیرڤان بارزانی بە دەنگی (68) پەرلەمانتار هەڵبژێردرا، ئەمە لەكاتێكدا بوو پێشتر بەرپرسانی پارتی باسیان لەوەدەكرد، لەكۆی 111 پەرلەمانتار 91 ئەندام دەنگ بە نێچیرڤان بارزانی دەدەن. یەكێتی نیشتمانی، كە رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ئیمزاكرد، ئەمڕۆ دەنگی بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم نەدا. پارتی‌و یەكێتی كە پێشتر چارەنوسی كەركوكیان وەكو دۆسیەیەكی كێشەلەسەر دایە دەست كۆسرەت رەسوڵ عەلی‌و مەسعود بارزانی، ئەو دوو كەسەش چارەنوسی كەركوك‌و پەیوەندییەكانی هەردوو حزبیان دایە دەست نادیار.  بۆچی یەكێتی دەنگی بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم نەدا ؟ ئایا یەكێتی دەنگ بە بە هەڵبژاردنی مەسرور بارزانی دەدات وەكو كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ؟ پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتی بەكوێ دەگات ؟ ئەمانە پرسیاری سەرەكی ئەم رۆژانەی چاودێرانی سیاسی دۆخی هەرێمن. چی رویدا ؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لەناو یەكێتی‌و پارتی دەستیكەوتووە، دوێنێ شەو سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی یەكێتی نەخەوتوون‌و لە كۆبونەوەی چڕدا بوون. گروپی كەركوكییەكانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتی، فشاری توندیان خستەسەر حزبەكەیان بۆ ئەوەی یەكێك لە گروپەكەی ئەوان بكرێت بە پارێزگاری كەركوك، ئەمانە تاوەكو ئاستی دەستلەكاركێشانەوەی بەكۆمەڵ هەڕەشە‌و فشاریان كرد. ( درەو میدیا) لە چەند سەرچاویەكی جیاوازە زانیویەتی، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كە هاوكات جێگری دوەمی سكرتێری گشتی یەكێتییەو ئێستا بەرسەردانێك لە توركیایە پێی وابووە" كە پێویستە رێككەوتنەكە وەك خۆی جێبەجێبكرێت و هەموو دۆسیەكانی كەركوك و هەرێم و بەغداد یەك پاكێج بێت ، بەبێ ئەوە خراپە بەشداریكردن" هەرچی قوباد تاڵەبانیە "نیگەران" بوە لەو هەڵوێستەی یەكێتی و هەرزو نامەی پیرۆزبایی ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی كرد، بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ زۆر توند بونە كە بەبێ یەكلاكردنەوەی پرسی كەركوك بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان بكرێت، كۆسرەت رەسوڵ ئەگەرچی لەگەڵ بەشداریكردن و پەیوەست بون بوە بە رێككەوتنەكانەوە لەگەڵ پارتی، بەڵام لەدوای رەتكردنەوەی تەواوی ئەو كاندیدانەی كە یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركوك پێشكەشی بارزانی كردوە، ئەویش لەگەڵ بەشداریكردن نەبوە.  لە كۆتایدا لەناو مەكتەبی سیاسی كۆدەنگییەك دروستبوو لەسەر ئەوەی، یەكێتی بەبێ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك، بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان ناكات‌و دەنگ بۆ هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم نادات، بەیانی ئەمڕۆ ئەو بیرۆكەیە بوو بە بڕیارو فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی نەكرد.  39 كاندید بۆ یەك پۆست ! (درەو میدیا) زانیویەتی، بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، یەكێتی لیستێكی نوێی ناوی كاندیدەكانی خۆی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك خستوەتە بەردەم پارتی‌و بەدیاریكراوی مەسعود بارزانی. یەكێتی سێ ناوی خستەبەردەم بارزانی بۆ ئەوەی یەكێكیان هەڵبژێرێت وەكو پارێزگاری نوێی كەركوك، ناوەكان ئەمانەبوون: •    رەوەند مەلا مەحمود (جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركوك) •    ئەحمەد عەسكەری (ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتی) •    بابەكر سدیق (كاكەڕەش سدیق)، (ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتی) بارزانی هەرسێ كاندیدەكەی یەكێتی رەتكردەوە، بەبیانوی ئەوەی هەرسێكیان "ئۆكتۆبەرچین"، بەواتای ئەوەی لەو یەكێتییانەن كە پشتیوانیان لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كردووە لە كەركوك. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە تاوەكو دوێنێ، یەكێتی لەكات‌و ساتی جیاوازدا ناوی (39) كاندیدی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك خستوەتە بەردەم بارزانی‌و هەموو ئەو ناوانە رەتكراونەتەوە. یەكێتی بۆ رایگشتی تەنیا یەك كاندیدی هەیە بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، كاندیدەكەش (رزگار عەلی)یە، بەڵام لە پشتی پەرەوە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ پارتی بەردەوام ناوی كاندیدی تری پێشكەشی بارزانی كردووە. بارزانی تەنیا كەسێكی لەناو یەكێتی بەدڵە ببێت بە پارێزگاری كەركوك، ئەو كەسەش (فەرەیدون عەبدولقادر)ە، بەڵام كێشەكە لەوەدایە فەرەیدون عەبدولقادر لەلایەن یەكێتییەوە بۆ ئەو پۆستە كاندید نەكراوە. سەرچاوەیەك لەناو پارتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، پارتی بەهیچ جۆرێك لە هەڵوێستی خۆی پاشەكشێی ناكات‌و هیچ كەسێك لەوانەی پشتیوانی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەریان كردووە، وەكو كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك قبوڵ ناكات. نێچیرڤان بارزانی چی وت ؟ سەرچاوەیەكی باڵا لەناو پارتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لەدواین ساتەكان‌و بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان، مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندییان بە نێچیرڤان بارزانییەوە كردووە‌و نیگەرانی خۆیان پێگەیاندووە سەبارەت بەوەی پارتی پابەند نییە بە رێككەوتنی نێوانیانەوە، بەدیاریكراوە لە پرسی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوكدا. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، نێچیرڤان بارزانی بە دێڕێك‌و بە كورتی وەڵامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی داوەتەوە‌و وتویەتی:" داوای دەنگتان لێ ناكەم"، نێچیرڤان بارزانی بێئومێدبووە لەوەی بتوانێت چارەسەرێك لەنێوان مەسعود بارزانی مامی‌و یەكێتیدا بدۆزێتەوە لەبارەی پرسی كەركوكەوە، بۆیە بەمجۆرە وەڵامی یەكێتی داوەتەوە‌و دەستبەرداری دەنگی فراكسیۆنی یەكێتی بووە لەناو پەرلەمان. پەیوەندی پارتی‌و یەكێتی بەرەو كوێ ؟ لە یەكەم كاردانەوەدا دژ بە دەنگنەدانی یەكێتی بۆ نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی نوێی هەرێم، پارتی لەسەر زاری ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمان وتی:" بە رێككەوتنەكەماندا دەچینەوە لەگەڵ یەكێتی"، ئەمە قسەی پارتییە لەبەردەم رایگشتیدا، بەڵام لە پشتی پەردە پارتی بە پێچەوانەوە بە ئارامییەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتە نوێیەكەدا دەكات‌و دەیەوێت بگاتە چارەسەر. سبەینێ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێكردنی رێككەوتنە سیاسییەكەی لەگەڵ پارتی، یەكێتی لەبەیاننامەی فەرمی خۆیدا ئەمڕۆ رایگەیاند، پارتی پابەند نییە بە رێككەوتنەكەوە‌و كێشە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك دروستدەكات، ئێستا هەموو باڵەكانی یەكێتی كۆدەنگن لەسەر ئەوەی دەبێت لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتدا پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك هەڵبژێردرێت، بەڵام دیارنییە ئاخۆ یەكێتییەكان تا دواین سات بە یەكگرتووی دەمێننەوە یاخود لەبەرامبەر ئۆفەری تری پارتیدا دەستبەرداری بۆچونی خۆیان دەبین لەبارەی كەركوكەوە. ئێستا دوو پۆست هەن كە لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا جێناكۆكن‌و یەكلانەبونەتەوە، ئەو دوو پۆستەش بریتین: •    پۆستی پارێزگاری كەركوك •    پۆستی وەزارەتی دادی عێراق  پێشتر پارتی ئەم دوو پۆستەی لەچوارچێوەی رێككەوتندا بۆ یەكێتی یەكلاكردەوە، بەڵام ئێستا چاوی لە یەكێك لەو دوو پۆستەیە.  یەكێتی‌و پارتی دوای هەشت مانگ دانوستان‌و دواخستنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، ئەمڕۆ گەیشتنەوە خاڵی سفر، یەكێتی جارێكی تر پرسی كەركوكی خستنەوە سەر مێزی گفتوگۆكان، ئەو پرسەی لەسەرەتاوە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی ئیفلیج كرد. ئەگەر نەگەنە رێككەوتنێك، پێدەچێت یەكێتی خۆی لە دەنگدان بۆ راسپاردنی مەسرور بارزانی وەكو كاندیدەی سەرۆكی حكومەت بەدوربگرێت، ئەمەش ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتی دەباتە قۆناغێكی مەترسیدارەوە. دیار نییە یەكێتی لەسەر پرسی كەركوك تا چ ئاستێك بەرگە دەگرێت، هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی هەڕەشەی ئەوە دەكەن تا حاڵەتی دەستبەرداربوون لە بەشداریكردن لە حكومەت ئامادەنین دەستبەرداری كەركوك ببن. لەبەرامبەردا لای پارتیشەوە ئەوە روون نییە ئاخۆ ئەو سەرچڵییەی ئەمڕۆ مەسعود بارزانی بە پێگەی نێچیرڤان بارزانی برازایەوە كردی لەبەرامبەر یەكێتی، بۆ مەسرور بارزانی كوڕیشی هەمان سەرچڵی دەكات‌و ئامادەیە دەستبەرداری پشتیوانی یەكێتی ببێت بۆ ئەو حكومەتەوە كە لە داهاتوودا كوڕەكەی سەرۆكایەتی دەكات؟   


درەو میدیا:  لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا كە 81 ئەندام ئامادەبوو، نێچیرڤان بارزانی بەدەنگی 68 ئەندامی فراكسیۆنەكانی( پارتی و گۆڕان و پێكهاتەكان و سۆسیالیست) بە سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردراو ( یەكگرتوو ، كۆمەڵ ، شیوعی) كە ئامادەی دانیشتنەكە بوون، دەنگیان نەدا، یەكێتی و نەوەی نوێ بەشداری دانیشتنەكەیان نەكرد. لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا كە 81 ئەندام ئامادەبوون بریتی بوون لە:  - پارتی دیموكراتی كوردستان: 45 ئەندام - بزوتنەوەی گۆڕان: 11 ئەندام (شیرین ئەمین) ئامادەی كۆبونەوەكە نەبوو. - پێكهاتەكان: 11 ئەندام  - حزبی سۆسیالیست: 1 ئەندام  - یەكگرتووی ئیسلامی: 5 ئەندام  - كۆمەڵی ئیسلامی: 7 ئەندام  - حزبی شیوعی: 1 ئەندام  لەو ژمارە ئەندامەی ئامادەبوان ئەوانەی دەنگیاندا بە كاندیدی پارتی دیموركاتی كوردستان( نێچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانی):. -    فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان: 45 ئەندام -    فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان: 11 ئەندام ( شیرین ئەمین ) ئامادەی كۆبونەوەكە نەبوو -    پێكهاتەكان: 11 ئەندام  -    سۆسیالیست: 1 ئەندام ئەوانەی دەنگیان نەدا -    فراكسیۆنی كۆمەڵ: 7 ئەندام  -    فراكسیۆنی یەكگرتوو: 5 ئەندام  -    فراكسیۆنی شیوعی: 1 ئەندام لە كۆی ئامادەبوونی 81 ئەندامی پەرلەمان ( 68 ) ئەندام دەنگی بە كاندیدەكەی پارتی داو ( 13 ) ئەندامی ئامادەبوو دەنگی نەدا.  


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف - نامیق رەسوڵ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەسەڵاتی بە خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكە بەخشی ناڕازییەكان لە بزوتنەوەكە دەربكات، رێكخەری گشتی هەڕەشە دەكات‌و دەڵێ "حكومەت دەڵەمەیە‌و نابێ رەخنەی لێبگرێت".  ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە، مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەكە لە شاری سلێمانی كۆبووەوە، بەپێی دەستوری ناوخۆیی، ئەم جڤاتە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا. كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی، دوای كۆبونەوەی دوێنێی جڤاتی گشتی بزوتنەوەكە دێت، كە ئەو، بەپێچەوانەی جڤاتی نیشتمانییەوە، ئەنجومەنێكی راوێژكارییە‌و دەسەڵاتی بڕیاردانی نییە. گۆڕان‌و شەڕی ئەمریكا‌و ئێران ! بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو هەردوو جڤاتەكە  دەست (درەو میدیا) كەوتوون، بەفەرمی  كۆبونەوەكانی دوێنێی‌و ئەمڕۆی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر دوو تەوەری سەرەكی بووە: •    ئەگەری رودانی شەڕ لەنێوان ئەمریكا‌و ئێران لەناوچەكە‌و دۆخی كورد لەو ململانێیانەدا •    بارودۆخی ناوچە كوردستانییە كێشەلەسەرەكان لەبارەی ئەم دوو تەوەرەوە بزوتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ دوای كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بەیاننامەیەكی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە‌و تێیدا داوای سازدانی كۆبونەوەیەكی "لوتكە"دەكات لەنێوان سەركردەی لایەنە سیاسییەكان بۆ تاوتوێكردنی بارودۆخەكە. (درەو میدیا) زانیویەتی، هەڵبژاردنی ئەم دوو تەوەرە بۆ گفتوگۆكردن لە هەردوو جڤاتی گشتی‌و نیشتمانیدا گرفتی دروستكردووە‌و زۆرێك لە ئەندامان ئامانجی كۆبونەوەكەیان لا روون نەبووە، هەندێكیش پێیانوا بووە، بزوتنەوەی گۆڕان ئەو هێزە گەورە نییە قسە لەسەر ناكۆكییەكانی ئەمریكا‌و ئێران بكات لە ناوچەكەدا. خانە ناڕازییەكان دەردەكات بەیاننامەكەی بزوتنەوەی گۆڕان بەهیچ جۆرێك باسی لە تەوەرەكانی تری كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی نەكردووە، بەڵام سەرچاوەیەكی نزیك لە خانەی راپەڕاندن بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، گرنگترین بڕیاری كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ، ئەوە بووە "جڤاتی نیشتمانی دەسەڵاتی بە خانەی راپەڕاندن داوە، ئەوانەی لە سیاسەتی ئێستا بزوتنەوەكە ناڕازین، دوربخاتەوە". رێكخەر هەڕەشە دەكات (درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی دوێنێی جڤاتی گشتی‌و كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانیدا، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەڕەشەی كردووە" هەر كەسێك لە سیاسەت‌و هێڵی كاركردنی ئێستای بزوتنەوەكە‌و دیسپلینی حیزبی دەربچێت، لە بزوتنەوەكە دەردەكرێت". ئەم هەڕەشەیەی رێكخەر لە كۆبونەوەی هەردوو جڤاتدا كاردانەوەی لێكەوتەوە، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانیدا هەندێك لە ئەندامان داوایان كردووە شێوازی سزادان رێكبخرێت‌و پلەبەند بكرێت بە چەند قۆناغێك، نەك دەركردنی راستەوخۆ. هەڕەشەكانی رێكخەری گشتی هاوكاتە لەگەڵ ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییەی كە لەناو بەشێكی زۆری "هەڵسوڕاوەكانی" ئەو بزوتنەوەیە سەبارەت بە رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی‌و كێشە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەكە دروستبووە. حكومەتی دەڵەمە ! لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا جڤاتی نیشتمانی باسی لە قسەو لێدوانە توندەكانی (غالب محەمەد) پەرلەمانتاری بزوتنەوەكە كردوە لە پەرلەمانی عێراق دژ بە سیاسەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان. عومەر سەید عەلی رێكخەری بزوتنەوەكە وتویەتی "نابێت بە هیچ جۆرێك رەخنە لە حكومەت بگیرێت، چونكە حكومەتەكە دەڵەمەیە‌و هێشتا پێنەگەیشتووە". كۆنفرانس‌و هەڵبژاردنی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان كە هێزێكی نوێیە لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان، ئێستا دامەزراوە ناوخۆییەكان وادەیان بەسەرچووە، هەردوو جڤاتی گشتی‌و نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2016وە وادەی یاساییان تەواوبووە، خانەی راپەڕاندنیش كە دەسەڵاتی جێبەجێكاری بزوتنەوەكەیە رۆژی 25ی تەموزی داهاتوو تەمەنی یاسایی كۆتایی دێت، كە بۆ ماوەی دوو ساڵە. ئێستا لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا مشتومڕی كۆنفرانس‌و هەڵبژاردنی ناوخۆیی گەرمە، لە كۆبونەوەی دوێنێی‌و ئەمڕۆی هەردوو جڤاتەكەدا باسی خۆرێكخستنەوە كراوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بڕیاربەدەستانی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان نایانەوێت بەمزوانە هەڵبژاردنی ناوخۆیی بكرێت. سەرچاوەیەك لە جڤاتی نیشتمانی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، خانەی راپەڕاندن نایەوێت هەڵبژاردنی ناوخۆیی بكرێت‌و دەڵێ ئێستا گۆڕان بەرگەی هەڵبژاردنی ناوخۆیی ناگرێت‌و دەبێت ئەو پرسە دوابخرێت بۆ دوای پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت‌و كۆتایهێنان بە دۆسییەی ناڕەزاییەكان لەناوخۆی بزوتنەوەكەدا. وتەبێژی حیزب لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا لەبارەی دانانی وتەبێژێكی فەرمی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆكرا، هەندێك ناوی (وشیار عەلی عومەر)یان هێنا، بەڵام جڤات دەنگی لەسەر نەدا‌و پرسی وتەبێژ یەكلانەكرایەوە. تاوەكو هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن لە 27ی تەموزی 2017 شۆڕش حاجی وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان بو، بەڵام دوای هەڵبژاردنی وەكو ئەندامی خانە، لەو پۆستەدا نەما‌و لەوكاتەوە گۆڕان وتەبێژی فەرمی نییە. پەنجەكان یەكتری دەشكێنن ؟ دۆخی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانییەوە پێی نایە قۆناغێكی نوێوە، كە دەتوانرێت ناوی كتێبە بەناوبانگەكەی نەوشیروان مستەفا دامەزرێنەری بزوتنەوەی لێبنرێت، قۆناغی "پەنجەكان یەكتری دەشكێنن". (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە زانیاری دەستكەوتووە، لەناو ئەندامانی خانەی راپەڕاندندا كۆدەنگییەك دروستبووە لەسەر ئەوەی "بزوتنەوەی گۆڕان لە ناڕەزایەتی پاكبكرێتەوە". ئەمڕۆ لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا خانەی راپەڕاندن ئەو دەسەڵاتەی پێدرا پەنجەی هەموو ئەوانە بشكێنێت كە ناویان لێنراوە "ناڕازییەكان"، پێشبینی دەكرێت بەر لە هەر جوڵەیەكی سیاسی ناڕازییەكان، باڵی رازیی‌و بەدیاریكراوی خانەی راپەڕاندن دەستی خۆی بوەشێنێت‌و بە فەرمی كۆتایی بە ئەندامێتی ئەوانە لەناو بزوتنەوەكەدا بهێنێت كە دژی سیاسەتی ئێستا بزوتنەوەكە قسە دەكەن. ئەمە لەكاتێكدایە ئەوانەی ناویان لێنراوە "ناڕازیی" لەبنەڕەتەوە بەشێك لە كەسایەتییە كاریگەرەكانیان پێشوەختە دەستیان لە كاركردن لە بزوتنەوەكە كێشاوەتەوە‌و ئامادەی گەڕانەوە نین چ بۆ ناو بزوتنەوەكە چ بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستانەی كە لە كابینەی نوێی حكومەت بەر بزوتنەوەكە كەوتوون‌و خۆیان بە گۆڕان نازانن. لەبەرامبەر توندكردنەوەی رێوشوێنەكان لەناو گردی زەرگەتەوە، لە دەرەوەی گردەكەش ناڕازییەكان خەریكی خۆكۆكردنەوەی بۆ گەڕێكی نوێی روبەڕووبونەوە، ئێستا ئاڕاستەیەك لەناو ناڕازییەكان دروستبووە كە داوای هەڵوێستی جدی‌و یەكلاكەرەوە دەكات بەر لەوەی نەیارەكانیان بڕیاری پێشوەختەیان لەسەر بدەن.    كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی، ناڕازییەكان بەسەر سێ گروپدا دابەشكردووە: گروپی یەكەم: پرۆگۆڕان، كە لە هەڵسوڕاوەكانی بزوتنەوەكە لە وڵاتانی ئەوروپا پێكدێت، باسی لەوەكراوە ئەم گروپە وەكو حزبێك مامەڵە دەكات، هەندێك داوایان كردووە لە گۆڕان دەربكرێن. گروپی دووەم: ئەو هەڵسوڕاوانەی دژی بزوتنەوەكە قسە دەكەن، بڕیاردراوە ئەمانە بەفەرمی لە بزوتنەوەكە دەربكرێن. گروپی سێیەم: ئەوانەی ناڕازین‌و دانیشتوون، بەڵام قسە لەسەر بزوتنەوەكە ناكەن، ئەمانە هیچ رێوشوێنێكیان لەدژ ناگیرێتەبەر. لیژنەی كاندیدەكان بڕیاربوو ئەمڕۆ لیژنەی تایبەت بە یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پۆستە حكومییەكان كۆببێتەوە‌و دواین لیستی كوتكراوەی كاندیدی پۆستەكان رادەستی جڤاتی نیشتمانی بكات، بەڵام لیژنەكە كۆنەبووەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی دژی ئەوەبوون كۆنە وەزیرو پەرلەمانتارو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاكان‌و ئەندامانی خانە بۆ وەرگرتنی پۆستەكان كاندید بكرێن. ئێستا لەبارەی چۆنیەتی یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستەكانەوە بیروڕای جیاواز لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا هەیە، ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دابەشبوون بەسەر دوو بۆچوندا: •    بۆچونی یەكەم: ئەو ئەندامانەی خانە كە خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستەكان كاندید كردووە، داوا دەكەن یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان نەخرێتە ناو جڤاتی نیشتمانییەوە، واتە جڤاتی نیشتمانی كە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە دەنگیان لەسەر نەدات. •    بۆچونی دووەم: چەند كەسێكی تر لەناو خانە كە كاندید نین، دەیانەوێت جڤات بە دەنگدان كاندیدەكان یەكلابكاتەوە. لەنێوان هەردوو بۆچونەكەدا، كوڕەكان نەوشیروان مستەفا كە دەوترێت بڕیاری كۆتایی لای ئەوانە، لەگەڵ ئەوەدان لە دەرەوەی جڤات كاندیدی پۆستەكان یەكلابكرێتەوە. سەرچاوەیەكی نزیك لە لیژنەی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، خانەی راپەڕاندن دەیەوێت كارەكانی لیژنەكە پەكبخات تا دواین ساتەكان‌و وادەی نزیكبونەوەی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكان بە مەسرور بارزانی، ئەوكاتە بەبەهانەی نەبوونی كاتی گونجاوەوە خۆی بڕیاری كۆتایی لەسەر ناوی كاندیدەكان بدات.  


راپۆرتی: درەو میدیا   بەیانی رۆژی 26/5/2019 لە دادگای سلێمانی و لەبەردەم دادوەردا روبەروبونەوە لە نێوان شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و 10 ئەندامی ئەو جوڵانەوەیەو 5 رۆژنامەنوسی سكاڵاكارو دوو پارێزەری شاسوار عەبدولواحید رویدا. روبەروبونەوەی شاسوار و ئەندامانی نەوەی نوێ بە جلوبەرگی ئاسایی خۆیانەوە ئەو 10 ئەندامەی جوڵانەوەی نەوەی نوێی و شاسوار عەبدولواحید كاتژمێر 12ی نێوەڕۆی 26/5/2019 هێنرانە هۆڵی دادگاییكردنەكە لە دادگای سلێمانی، كە پرۆسەی دادگاییەكە بە سەرپەرشتی دادوەری لێكۆڵینەوەی تایبەتمەند بە كەیسی ئاسایش بەڕێوەچوو. (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو دادگا وردەكاری بەڕێوەچوونی دانیشتنەكەی دادگا دەستكەوتووە، ئەو ئەندامانەی نەوەی نوێ كە وەك ئەدمینی پەیجەكان ناودەبڕێن و پێشتر دەستگیركرابوون، بە روونی دانیان بەوەدا نا ئەم پەیجانەیان بەرێوەبردووە (فایلی نهێنی، داهاتویەكی نوێ‌، رۆژگوڵ، پەیج و ماڵپەری رۆژنامەو..)و لەلایەن خودی شاسوار عەبدولواحیدەوە سەرپەرشتی و ئاراستە و سپۆنسەر كراون. لەبەرامبەردا شاسوارعەبدولواحید كە بە دەموچاوێكی كەمێك غەمگین و بێدەنگیكی قوڵەوە لەناو هۆڵی دادگاییكردنەكەدا دانیشتبوو" هەموو ئەو تۆمەتانە كە روبەروی دەكرایەوە رەتی دەكردەوە، تەنانەت كە دادوەر پرسیاری لێدەكرد دەیوت" هەتا ئازادنەكرێم، لەسەر ئەو پرسانە قسە ناكەم".   تەنانەت ئەو ئەدیمینانە دانیان بەوەداناوە كە ئەوان موچەیان هەبوو و یەكێك لەوان لە ناو دادگاكەدا رایگەیاند " هەشت سەعات دەوامم كردووە بە 350 هەزار دینار ئەو كارەم كردووە" كەسێكی تریان وتی" مانگانە 650 هەزار دینارم هەبووە".   ئەوان بەروونی وتیان "تەنانەت بە ڤیزاكارتی خودی شاسوار عەبدولواحید سپۆنسەری ئەو بابەتانە كراوە" لەبەرامبەردا شاسوار عەبدولواحید رایگەیاندووە" بەڵی ئەو بابەتانە بە ڤیزاكارتی من سپۆنسەركراون،  بەڵام من پێم وتوون بۆ بابەتی بەسود سپۆنسەری بكەن، نەك جنیۆدان و تەشهیركردن بە خەڵكی". رۆژنامەنوسە سكاڵاكارەكان پێنج رۆژنامەنووس كە سكاڵایان لەسەر خودی شاسوار عەبدولواحید تۆماركردووە، ئامادەی دانیشتنی دادگا بوون كە ئەوانیش:  كەمال رەئوف: سەرنووسەری ماڵپەری شار نیاز سەعید: نووسەرو سیاسیی تاریق فاتیح: سەرنووسەری هاوڵاتی محەمەد هەورامی: رۆژنامەنووس سیروان رەشید: رۆژنامەنووس ئەوان لە دانیشتنەكەدا ئیفادی خۆیانداو بەڵگەی خۆیان لەسەر ئەو تەشهیرو ناوزراندنانەی پێیانكراوە خستۆتەروو، كە دواتر راگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوەو ئاماژەیان بەوەكردووە" لە رووبەروبونەوەكەدا هەردوو سكرتێرەكەی شاسوار عەبدولواحید؛ لەبەردەم رۆژنامەنووس و نووسەران و دادوەری بەرێزدا؛ دانیان بەوەدا نا، كە فرمان و رێنماییان لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە وەرگرتووە بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو تۆمەت و بووختانە داتاشراوە جۆراوجۆرانەی كە بۆ ناوزڕاندنی ئێمەو ئەوانی تریش لەماڵپەڕی (ڕۆژنامە)و پەیجە بندیوارو نهێنییەكانی بەشی سۆشیال میدیای (نەوەی نوێ)دا بڵاویان كردۆتەوەو ڕاستەوخۆ شاسوار عەبدولواحید خۆی دەقی بووختان داتاشین و تۆمەت هەڵبەستنەكانی داڕشتووەو بۆی ناردوون بۆ بڵاوكردنەوەو بەڤیزا كارتی ناوبراو ؛ ئەو ماڵپەڕو پەیجانە سپۆنسەر كراون و بەرێوەبراون ، ئەو كارانەش لەرێگەی گرووپ چاتێكەوە كراوە كە سكرتێرەكانی شاسوار عەبدولواحیدو لێپرسراوی بەشی سۆشیال میدیای (نەوەی نوێ) سەرپەرشتییانكردووە". لە دانیشتنەكەدا لەلایەن رۆژنامەنوسە سكاڵاكەرەكانەوە چەندین بەڵگە لەسەر درووستكردنی سایتی ( رۆژنامە) خراوتەوە رایانگەیاندووە كە لەلایەن خودی شاسوار عەبدولواحیدەوە دروستكراوەو پارەی بۆ خەرجكراوە، تەنانەت وەسڵی دروستكردنی سایتەكەش خراوەتەروو كە بڕی (600 دۆلار)ی تێچووەو لەلایەن سكرتێرەكەی شاسوار عەبدولواحیدەوە بۆی خەرجكراوەو كاتێك دادوەر رودەكاتە سكرتێرەكەی شاسوار عەبدولواحید و پێی دەڵێت" ئێوە ئەو بڕە پارەیەتان خەرجكردووە ؟"، ئەویش دەڵێت" بەڵێ، بەڵام بە فەرمانی شاسوار عەبدولواحید".  ئەو رۆژنامەنوسانە سورن لەسەر سكاڵاكانیان و داوای قەرەبووی مادی و مەعنەوەی لە سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەكەن. تەنانەت لە كۆتایی دانیشتنەكەدا شاسوار عەبدولواحید رودەكاتە سەرنوسەری رۆژنامەی هاوڵاتی و پێی دەڵێت "كەس نا تۆ سكاڵام لەسەر تۆمار بكەیت !؟" ئەویش دەڵێت " كەس نا تۆ ئەوا تەشهیرمان پێبكەیت!؟".  رێگەیان گەڕانەوەیان پێنەدرا لە دانیشتكەدا هەردوو پارێزەری شاسوار عەبدولواحید و كۆمپانیای نالیا (عوسمان شێخ سدیق و رێباز محەمەد) ئامادەبوونو ئەوان تەواوی تۆمەتەكانیان رەتكردەوە كە روبەرووی شاسوار عەبدولواحید كرایەوە.   پارێزەرانی شاسوار عەبدولواحید ئەوەشیان وت كە" ئەو تۆمەتانەی روبەروی شاسوار عەبدولواحید دەكرێتەوە تەنها قەسەیەو تا ئێستا هیچ بەڵگەیەك نیە كە شاسوار عەبدواحید ئاراستەی كردبێتن و پێی وتبن تەشهیر بكەن".  دانیشتنەكە زیاتر لە 4 كاتژمێری خایاندووە، لەدوای هاتوچۆ و چونەدەرەوەیان، رێگە بە پارێزەرەكانی شاسوار عەبدولواحید نەدرا بگەڕێنەوە بۆ ناو دانیشتنەكەی دادگاو ئیمزا لەسەر كۆتایی دانیشتنەكە بكەن، ئەمە بەپێی قسەی پارێزەرەكان خۆیان. داوای ئازادكردن لە كۆتایی دانیشتنەكەدا ئەو 10 ئەندامەی نەوی نوێ داوایان لە دادوەركردووە لەم سەروبەندی جەژنە ئازادیان بكەن و دادوەریش پێی وتون "ئیشاڵڵا"،  بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) پێشبینی دەكرێت پێش جەژنی رەمەزان شاسوار عەبدولواحید و ئەو ئەندامانەی نەوێ نوێ بە (كەفالەت) ئازادبكرێن،چونكە ئەو مادەیەی پێی دادگایی دەكرێن(مادەی ( 2 )ە لە یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن)ە، رێگە دەدات ئەوان بە كەفالەت ئازادبكرێن. دادگاییكردنی ئەو كەیسە بەردەوام دەبێت و شاهید و سكاڵاكاری تر لە دانیشتینی داهاتوو كە چاوەڕەوان دەكرێت یەكشەممەی داهاتوو بەرێوە بچی بەشدار دەبن، بەو پێیەی ئەوەی ئێستا بەرێوە دەچێت تەنها لێكۆڵینەوەیە( تەحقیقە) دادگاییكردنەكەشیان بەردەوام دەبێت.  لە دانیشتنەكەدا دادوەری دادگاییەكە بە نوێنەری ئاسایشی سلێمانی دەڵێت" كە دەبێت پارێزەر و هەر كەسێكی دیكە بیەوێت ئەمانە بیبینێت رێگریان لێنەكرێت و بیانبینێت" 


د. شێركۆ كرمانج  ٤-٤ لە سێ بەشی پێشوتری ئەم زنجیرە وتارە قسەوباسمان لەسەر سیستمی پەرلەمانیی‌و سیستمی سەرۆکایەتیی کرد. ئارگیومێنتی سەرەکی لەو سێ بەشەدا ئەوەبوو کە سیستمی پەرلەمانی گونجاوترە لە سیستمی سەرۆکایەتی بۆ ئەو وڵاتانەی کە تازەبەدیموکراسی گەیشتوون. لەم بەشەدا دوای قسەکردن لەسەر ئەو تەنگژە سیاسیانەی کە ڕووبەڕووی ئەم دوو جۆرە سیستمە سیاسییە دەبنەوە هەوڵدەدەین باس لە گونجاوی‌و نەگونجاوی هەر یەکێک لەو دوو سیستمە سیاسییە بۆ هەرێمی کوردستان بکەین. تەنگژەی سیاسیی لە سیستمی سەرۆکایەتیی تەواو پێچەوانەی سیستمە پەرلەمانییەکان، سیستمە سەرۆکایەتییەکان تەواو تەنگژەئامێزن‌، وەک ئەو کێشە بەردەوامانەی ئۆباما لەگەڵ کۆنگرێس (پەرلەمان)دا هەیبوو یان ئەوەی ئێستا ترەمپ لەگەڵ کۆنگرێسدا هەیەتی. کێشەکانی نێوان سەرۆک لەگەڵ پەرلەماندا سەرچاوەکەی لەوەگرتوە کە هەردوولایان بە جیاو راستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن‌. ئەوەی کێشەکان زیاتر قوڵدەکاتەوە ئەوەیە کە هەردوولا، سەرۆک‌و پەرلەمان/کۆنگرێس، بەرنامەو پلان‌و سیاسات‌و مانداتای (mandates) جیاو زۆرجار ناکۆک بەیەکیان پێیە. بۆیە سەرۆک زۆرجار بێئومێدو بێزاردەبێت لە پرۆسەی سیاسی‌. دیسانەوە وەک ئەو کێشانەی کە ئۆباما لە پرسی بیمەی تەندروستی‌و یاساکانی چەکداماڵین هاتە پێشی‌و ئەوانەش کە ترمپ لە دروستکردنی دیواری نێوان ئەمریکاو مەکسیک هاتۆتەپێشی نمونەی پشتڕاستکەرەوەن. ئا لەوکاتانە سەرۆک لەوانەیە بێگوێدانە پەرلەمان بڕیاری وا بدات کە هێزی یاسایان هەبێت، وەک ئەوەی لە ئینگلیزی پێیدەگوترێت (rule by decree-law). لادانی سەرۆک لە سیستمی سەرۆکایەتیی نزیک بە نەکردەیە، تەنانەت ئەگەر سەرۆک دوای هەڵبژاردنەکان هیچ پشتیوانییەکی جەماوەری یان پەرلەمانی نەبێت یان ئەوەتا کارێکی نادەستوری ئەنجامبدات، چونکە سەرۆک شەرعیەتی لە خەڵک وەرگرتوە بۆیە پەرلەمان ناتوانێت لەسەر کار لایدات یان داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت بکات، وەک پێشتر ئاماژەمانپێکرد مەگەر لە حالەتی تانەلێدان (impeachment). ئەویش زۆرینەیەکی ڕەهای دەوێت بۆیە تاوانبارکردنی سەرۆک یان متمانە لێسەندنەوەی نزیک بە نەکردەیە، وەک لە کەیسی بیل کلینتن‌و مۆنیکا دیمان کە سەرەڕای ئەوەی بەڵگەی تەواو بەدەستەوەبوو کە کلینتن لەگەڵ مۆنیکا لەناو کۆشکی سپی کاری سێکسی ئەنجامدابوو کەچی کۆنگرێس نەیتوانی متمانەی لێبستێنێتەوە. ئەمە لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان پەرلەمان‌و سەرۆک لە سیستمە سەرۆکایەتییەکەیاندا ئاوا سەخت بێت دەبێت لە وڵاتێکی/هەرێمێکی وەک کوردستان ئەم کێشەیە چەند ئاستەم بێت. لەگەڵ قوڵبونەوەی کێشەکان‌و گەیشتنیان بە ئاستی تەنگژە، وەک ئاماژەی پێکرا، ئیدی ئەگەری ئەوە هەیە کە هەم سەرۆک یان ئۆپۆزسیۆن پەنا بۆ هێزە سەربازییەکان ببەن بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان، یان هێزە سەربازییەکان خۆیان لە پرسەکە هەڵقورتێنن‌و سەرۆک لابدەن‌و پەرلەمان هەڵبوەشێننەوە. بەبنەما لەسەر ئەو لۆجیکەی کە سیستمە سەرۆکایەتییەکانی لەسەر دامەزراوە بەگشتی سەرۆکێکی هەڵبژێردراو ماوەیەکی دیارکراویان هەیە. بۆیە لۆجیکی سەرۆکایەتی مەیلی بەوەدایە کە سەرۆکێک بەرهەمبێنێت کە بەردەوام لەگەڵ پەرلەمان‌و کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕووبەڕووبوونەوەو بەگژیەکداچوونەوەن، وەک ترەمپ و کۆنگرێس لەلایەک‌و ترەمپ‌و کۆمەلگەی مەدەنی‌و میدیا لەلایەکی دیکە. بەگشتیش هەردولا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوان شەرعییەتییان لە خەڵک وەرگرتووە بۆیە ئامادەنین گوێڕایەڵی لە گروپ‌و رێکخراوە بەرگریکەرەکان لە مافەکانی کەمینەکان، چ کەمینەی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی بن یان کەمینەی نەتەوەیی‌و ئایینی. ئەم دیاردەیە بە زەقی لە کوردستان لەسەروبەندی ناڕەزاییەکان لەسەر پرۆژەی دەستورو یاسای خۆپیشاندان بەدیدەکران. تەنگژەی سیاسی لە سیستمی پەرلەمانی ئەم کێشانەی لەسەرەوە لە پەیوەند بە سیستمی سەرۆکایەتی باسیلێکرا زۆر کەمتر ڕووبەرڕووی سەرۆکی حکومەت‌و پەرلەمان لە سیستمە پەرلەمانییەکان دەبنەوە. ئەمەش بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە لە سیستمی پەرلەمانی سەرۆک وەزیران نوێنەرایەتی ئەو حیزبە یان ئەو ئیئتیلافە دەکات کە زۆرینەی پەرلەمانی پێکدێنن بۆیە بۆ تێپەڕکردنی بڕیارو یاساکان ململانێکان ئەگەر دروستیشبن ناگەن بە بنبەست. پوختەی هەر چوار بەشی ئەم زنجیرە وتارە بەبنەما لەسەر ئەم شیکردنەوانەی سەرەوە دەتوانین بڵێین کە هەڵبژاردنی سیستمی سەرۆکایەتی بۆ ئەو وڵات‌و گەلانەی کە لە سیستمێکی پاشایەتیی-سوڵتانیی یان تۆتالیتێری/دکتاتۆریی تازە رزگاریان بووەو دەیانەویت بەرەو دیموکراسی بچن ئەوا هەڵبژارندن‌و پەیڕەوکردنی سیستمی سەرۆکایەتی لەبەرئەوەی فەزاکانی ئازادی کەمدەکاتەوەو سیستەمێکی کێشەئامێزەو تەگەرە لەپێش کۆمەڵگەی مەدەنی دروستدەکات‌و تەنگ بە فرەحیزبی هەڵدەچنێت‌و ئەگەری کودەتا زیاددەکات‌ هەڵەیەکی کوشندەیە. جۆرجیاو بولگاریا دوو نمونەی دیارن لەم پەیوەندەدا، جۆرجیا دوای رزگاربوون لە دەسەڵاتی یەکێتی سۆڤییەت سیستمی سەرۆکایەتی هەڵبژارد ئەمەش بۆ ئەو دەوڵەتە بوو بە یەکێک لە هۆکارەکانی گەشەنەکردنی کۆمەڵگای مەدەنی‌و رۆیشتنی ئەم وڵاتە بۆ ئاقارەکانی تاکڕەوی. هاوکات بولگاریا دوای رزگاربوونی لە سیستمە تۆتالیتارییە کۆمۆنیستەکە سیستمی پەرلەمانی هەڵبژارد ئەمەش گەشەیەی کۆمەڵگای مەدەنی‌و دیموکرسی لێکەوتەوە بەتایبەت ئەگەر بەراوردبکرێت بە جۆرجیا، ئەمە ئەگەر قسە لەسەر ئەو شەڕە ناوخۆیی‌و ئاژاوەو ناسەقامگیریانە نەکەین کە ساڵانێک دوای رزگاربوون جۆرجیا پێیداتێپەڕی.   بەشی ( 3-4 ) http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=3852 بەشی ( 2-4 )  http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=3784&fbclid=IwAR3nv1RpR04pPORK7OqAQT1ZNFYQxD8gKyJhtVZPGbPQQLtGBb5_f2zq9lk بەشی ( 1-4 ) http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=3762&fbclid=IwAR1dCsvvcoH8W67gMmM9aYh63-ZqMVC16qTsU2DhH3n3lwBzhm60NIsfpkw 


(درەو میدیا): سیروان بارزانی 75%ی پشكەكانی كۆمپانیای كۆڕەك بۆ پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان دەكڕێتەوە، دوو كۆمپانیای فەرەنسی‌و كوەیتی لە دادگا سكاڵا لە كۆڕەك دەكەن‌و داوای قەرەبوو دەكەن. بەپێی بەڵگەنامەیەك كە سایتی (بلۆمبێرگ) بڵاویكردوەتەوە، دەستەی پەیوەندییەكان‌و راگەیاندنی عێراق، كۆمپانیای "ئۆرانج"ی فەرەنسی لە پشكدارێتی كۆمپانیای "كۆڕەك" كردوەتە دەرەوە‌و پشكەكانی بەخشیوە بە چەند وەبەرهێنێكی لۆكاڵی. بلومبێرگ باسلەوەدەكات، دەستەی پەیوەندییەكان‌و راگەیاندنی عێراق فەرمانێكی ئیداری دەركردووە بۆ حەواڵەكردنی رێژەی 44%ی پشكی كۆمپانیای "ئۆرانج" كە بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای "ئەجیلیتی" كوەیتی لەناو كۆمپانیای كۆڕەك هەیەتی. فەرمانەكەی دەستەی پەیوەندییەكانی عێراق، خاوەندارێتی پشكی كۆمپانیای "ئۆرانج"ی فەرەنسی گواستوەتەوە بۆسەر سێ وەبەرهێنی ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان كە یەكێكیان (سیروان بارزانی) برازای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە. بەپێی قسەی سەرچاوەكە، هەرێمی كوردستان فەرمانەكەی دەستەی راگەیاندنی عێراقی جێبەجێكردووە‌و خاوەندارێتی پشكەكەی گواستوەتەوە بۆسەر پشكی وەبەرهێنەرە ناوخۆییەكان. بە سەندنەوەی پشكی كۆمپانیا فەرەنسییەكە، ئێستا رێژەی 75%ی كۆمپانیای كۆڕەك بە تەنیا پشكی سیروان بارزانییە.  ساڵی 2011 هەردوو كۆمپانیای "ئۆرانج"‌و "ئەجیلیتی" لەڕێگەی وەبەرهێنانی بڕی (810 ملیۆن) دۆلارەوە، پشكێكیان لە كۆمپانیای كۆڕەك كڕی، بەڵام دەستەی پەیوەندییەكان‌و راگەیاندنی عێراق ساڵی 2014 رایگەیاند، ئەو گرێبەستە بۆ كڕینی پشكەكەی كۆڕەك هەڵوەشاوەتەوە، چونكە كۆمپانیا فەرەنسی‌و كوەیتییەكە پابەند نەبوون بە بەڵێنەكانیان بۆ دروستكردنی تونێل‌و دانانی تۆڕەكان. وتەبێژی كۆمپانیا فەرەنسییەكە رایگەیاند:" پشكی ئۆرانج‌و ئەجیلیتی بەشێوەیەكی نایاسایی دەستی بەسەردا گیراوە‌و ئۆرانج بەردەوام دەبێت لەسەر گرتنەبەری هەموو هەنگاوێك بۆ وەرگرتنی قەرەبوو". لەلایەكی ترەوە كۆمپانیای ئەجیلیتی دەڵێ" بەردەوامە لەسەر رێوشوێنە یاساییەكان لە دوبەی‌و نیویۆرك‌و سەنتەری نێودەوڵەتی تایبەت بە یەكلاكردنەوەی ناكۆكییە داراییەكان، بۆ گێڕانەوەی پشكەكەی لە كۆمپانیا عێراقییەكە". لەبەرامبەردا سیروان بارزانی كە یەكێك لە بەهێزترین پیاوانی خاوەنی كار لە عێراق بەرگری لە بڕیارەكەی دەستەی پەیوەندییەكانی عێراق دەكات‌و دەڵێ" دادگاكانی عێراق پیشتوانی بڕیارەكەیان كردووە‌و بەهۆی بڕیارەكەی دەستەی پەیوەندییەكانەوە شانم داوەتەبەر مامەڵەكردن لەگەڵ قەرزەكانی كۆڕەك".  


( درەو میدیا): پەرلەمانتارێكی بزوتنەوەی گۆڕان لە بەغداد لەسەر موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە داواكاری گشتی عێراق سكاڵا تۆماردەكات. لە بەیاننامەیەكدا غالب محەمەد پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق وتی:" حكومەتی عێراق تائێستا چوار مووچەی تەواوی 2019ی فەرمانبەرانی هەرێمی كورستانی ناردووەو بەمنزیكانە مووچەی مانگی 5یش دەنیرێت، كەچی تەنیا دوو مووچەی دابەشكردووەو پاری دوو مووچەكەی دیكەی بۆ دانەوەی قەرزی كۆمپانیا و بەڵێندەران بەكارهێناوە، لە كاتێكدا مووچە بابێكی تایبەتەو نابێت و نایاساییە بۆ بابەتی دیكە بەكاربهێنرێت، بەڵكو ئەوە مافی فەرمانبەرانەو دەبێت بدرێت بەوان، بۆیە بەم هۆكارە سكاڵام تۆماركردووە". ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان وتیشی:" بابەتێكی تر كە سكاڵام لەسەر حكومەتی هەرێم تۆماركردووە، گواستنەوەی كەسێكە بەناوی (ئەبوبەكر) لە داواكاری گشتی هەولێرەوە بۆ قەزای خەبات، لەبەر ئەوەی داوای مافی فەرمانبەرانی كردووەو بە حكومەتی وتووە بۆچی مووچەی خەڵك نادەن". لە كۆتایی بەیاننامەكەیدا غالب محەمەد جەخدەكاتەوە كە ئەگەر داواكاری گشتی عێراق لەسەر ئەم دوو پرسە وەڵامی نەبێت و كاری لەسەر نەكات، ئەوا لە دادگای فیدراڵی عێراق سكاڵا لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆماردەكات. دەقی بەیاننامەكە: بۆ رای گشتی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ هەموو راگەیاندنەكان ئەمڕۆ لە داواكاری گشتی عێراق سكاڵام لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆماركرد. وەكو ئاگادارن حكومەتی عێراق تائێستا چوار مووچەی تەواوی 2019ی فەرمانبەرانی هەرێمی كورستانی ناردووەو بەمنزیكانە مووچەی مانگی 5یش دەنیرێت، كەچی تەنیا دوو مووچەی دابەشكردووەو پاری دوو مووچەكەی دیكەی بۆ دانەوەی قەرزی كۆمپانیا و بەڵێندەران بەكارهێناوە، لە كاتێكدا مووچە بابێكی تایبەتەو نابێت و نایاساییە بۆ بابەتی دیكە بەكاربهێنرێت، بەڵكو ئەوە مافی فەرمانبەرانەو دەبێت بدرێت بەوان، بۆیە بەم هۆكارە سكاڵام تۆماركردووە. بابەتێكی تر كە سكاڵام لەسەر حكومەتی هەرێم تۆماركردووە، گواستنەوەی كەسێكە بەناوی (ئەبوبەكر) لە داواكاری گشتی هەولێرەوە بۆ قەزای خەبات، لەبەر ئەوەی داوای مافی فەرمانبەرانی كردووەو بە حكومەتی وتووە بۆچی مووچەی خەڵك نادەن. ئەگەر داواكاری گشتی عێراق لەسەر ئەم دوو پرسە وەڵامی نەبێت و كاری لەسەر نەكات، ئەوا لە دادگای فیدراڵی عێراق سكاڵا لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆماردەكەم. غالب محەمەد عەلی پەرلەمانتاری عێراق 23ی ئایاری 2019  


راپۆرت: BBC وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت هواوی كە دووەم گەورە كۆمپانیای دروستكردنی موبایلی زیرەكە لە جیهاندا، روبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی گوگڵ رایگەیاند رێگاكانی گەیشتنی بەو پرۆگرامانە كۆتوبەند دەكات، كە بەرهەمی دەهێنێت.  گەشەی ئەم كۆمپانیا چینی-یە لە داهاتوودا وابەستەیە بە ئاستی پشتبەستنی خەڵك بەو پرۆگرامانەی كۆمپانیای زەبەلاحی گوگڵ بەرهەمیان دەهێنێت، كە بە بزوێنەری سێرچ (گەڕان)ە بەناوبانگەكەی ناسراوە، لەنێویاندا یوتیوب‌و نەخشە‌و پۆستی ئەلیكترۆنی (ئیمێڵ). بڕیارەكەی گوگڵ دوای ئەوە هات ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆك ئەمریكا هواوی خستە لیستی ئەو كۆمپانیایانەی كە بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە حكومەت، كۆمپانیا ئەمریكییەكان ناتوانن بازرگانی لەگەڵدا بكەن.   ئەم بڕیارەی گوگڵ دەبێتەهۆی كۆتوبەندكردنی كۆمپانیا چینی-یەكە لە دەستڕاگەیشتن بەو ئەپدەیتانەی كە سیستمی ئەندرۆید بەرهەمیان دەهێنێت، هەروەها رێگەی گەیشتنیشی بە "ئەپ ستۆر" كۆتوبەند دەكات كە بە گوگڵ پلەی ناسراوە. پێدەچێت ئەمە كاریگەری دابنێت لەسەر گەشەی خێرای هواوی، كە توانیویەتی لە فرۆشتنی ئامێری تەلەفۆنی زیرەكدا كۆمپانیای ئەپڵ تێپەڕێنێت. ئێستا بەڕێوەبەر‌و كۆمپانیا جێبەجێكارەكان تاوتوێی ئەوە دەكەن ئایا تا چ ئاستێك خەڵك بەرگەی ئەوە دەگرن ئەپلیكەیشنەكانی گوگڵ لەناو موبایلە هواوی-یەكانی دەستیاندا نەبێت، ئەو ئەپلیكەیشنانەی كە بوون بەبەشێكی گرنگ لە ژیانمان.  بایدۆ.. تاكە بزوێنەری سێرچ لە چین گەڕان بۆ زانیاری‌و وەڵامدانەوە گوگڵ دەستیكردووە بە فەراهەمكردنی بزوێنەری سێرچ بۆ زانیارییەكان لە ئینتەرنێتدا، تائێستا ئەمە باشترینی ئەو شتانەیە كە پێشكەشیكردووە. ئەگەر خەڵك لەسەرتاسەری جیهان سێرچ بۆ بابەتێك بكەن لە ئینتەرنێت، رێژەی 89%یان گوگڵ بەكاردەهێنن. كۆمپانیای "نێت ماركێت شیر" دەڵێ دووەم بزوێنەری سێرچ لەڕووی بەكارهێنانەوە، بە ركابەرێكی راستەوخۆی گوگڵ دانانرێت. لە چین رێژەی 8%ی خەڵك ئەو بزوێنەری سێرچە بەكاردەهێنن كە بە (بایدو) ناسراوە، چونكە حكومەت گوگڵی راگرتووە. بۆیە نائامادەگی بزوێنەری سێرچی گوگڵ لە هواویدا تەنیا كاریگەری لەسەر بازاڕی ناوخۆیی نابێت، بەڵام خەڵك ئەگەر ویستیان سێرچ بۆ زانیارییەك بكەن، بەكارهێنانی گۆگڵ بەباشتر دەزانن، ئەمەش دەبێتە هۆی لەقاڵبدانی كڕینی ئامێری هواوی لەلایەن هەندێك لە هاوبەشەكانەوە لەسەر ئاستی جیهان.  تیكتۆك.. ئەو ئەپلیكەیشنەی كە ركابەرێتی یوتیوب دەكات تەماشاكردن لە نزیكەوە گوگڵ لە 2006دا یوتیوبی كڕی، ئاستی سەركەوتنی گەیشتە سنورێك كە لەگەڵیدا ئەركێكی نوێ دەركەوت كە ئەویش یوتیوبەر (بەكارهێنەری یوتیوب)ە. ئەگەر لێهاتویت لە یارییەكانی كۆمپیوتەر‌و، بەكارهێنانی هەندێك لە بابەتەكانی جوانكاری، یاخود ئەژمارێكت هەیە بۆ میوانداریكردنی خەڵك، یاخود قسەكردن لەبارەی كاروباری ژیانەوە، لە كەناڵەكەتەوە لە یوتیوب ملیۆنان خەڵك تەماشات دەكەن‌و دەبیت بە ملیۆنێر. سەرباری سەركەوتنی یوتیوب بەو ئاستەی كە توانیویەتی هەندێك خەڵك بەناوبانگ‌و دەوڵەمەند بكات (گۆڤاری فۆربیس دەڵێ ساڵی رابردوو 10 كەس لە ئەستێرە یەكەمینەكانی زیاتر لە 180 ملیۆن دۆلاریان بەدەستهێناوە)، هێشتا لەو لایەنەوە‌و لە ئەپلیكەیشنی ڤیدیۆكانی ترەوە، روبەڕووی ركابەرێتی بەهێزی گوگڵ دەبێتەوە. لە كۆتایی ساڵی 2018دا، لەڕووی داونلۆدكردنەوە لەلایەن خەڵكەوە لەسەر ئاستی جیهان، ئەپلیكەیشنی "تیكتۆك" پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، ئەمە بەپێی قسەی كۆمپانیای "سینسۆر تاوەر" بۆ بازاڕكاری.  تیكتۆك لە ساڵی 2016دا دەركەوت، توانی مانگانە بگات بە 500 ملیۆن بەكارهێنەر لە سەرتاسەری جیهان. كۆمپانیا چینی-یەكە دەستیپێكرد‌و، دواتر لەسەر ئاستی هەموو جیهان ناوبانگی دەركرد. ئەپلیكەیشنەكە تەنیا پارچە ڤیدیۆی كورت نەبێت بڵاوی ناكاتەوە، ركابەری راستەوخۆی ئەپلیكەیشنی ئنستگرامە زیاتر لەوەی ركابەری یوتیوب بێت، بەناوبانگبوونی ئەم ئەپلیكەیشنە دەریدەخات چۆن حەزی خەڵك گۆڕانكاری بەسەردا دێت. ئێستا یوتیوب بوەتە سامانێكی زەبەلاح بۆ گوگڵ، ملیارێك‌و 800 ملیۆن كەس لە جیهان بەكاریدەهێنن، بەڵام ئاستەم نییە ركابەرێتی بكات‌و بەسەریدا سەركەوێت لەڕێگەی ئەپلیكەیشنێكی بچوكترەوە، پێدەچێت رۆڵی لە داهاتوودا كەمببێتەوە.  ئەگەر لەداهاتوودا هواویت كڕی رەنگە چیتر گۆگڵ پلەی تێدا نەبینی زانینی ئاڕاستەكە ئەپلیكەیشنی نەخشە وا ئەژماردەكرێت لە ئاستی گوگڵ خۆیدا بێت- ئەپلیكەیشنێكی پڕ جەماوەرە. هەندێك كەس ئەم سەركەوتنە بۆ شكستی ئەپلیكەیشنی ئەپل بۆ نەخشەكان دەگێڕنەوە كە ركابەرێتی دەكات‌و لە 2012وە دەستیپێكردووە، ئەم ئەپلیكەیشنە روبەڕووی رەخنە بوەتەوە بەهۆی ورد نییە‌و وردەكارییەكان ون دەكات. كێشەی ئەپلیكەیشنی ئەپل گەورە بوو، بەجۆرێك ساڵی رابردوو كۆمپانیاكە پەنای برد دووبارە دامەزراندنەوەی، ئەوەش بەبەكارهێنانی باك ئەپی بەكارهێنەرانی ئەیفۆن خۆیان‌و بەكارهێنانی چەند چارجەری (شاحینە)یەكی بچوك كە ئامێری ئاگاداركردنەوەی پێوە بەستراوە. روپێوییەك كە كۆمپانیای فلۆینت بۆ بازاڕكاری كردویەتی ئاماژە بەوەدەكات رێژەی 69% بەكارهێنەرانی ئایفۆن لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەكارهێنانی نەخشەكانی گوگڵ بەباشتر دەزانن لە نەخشەكانی ئەپڵ. بەڵام بارودۆخی گۆگڵ لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر دەگۆڕێت، ئەگەر هەژمونی ئەو كۆمپانیایەمان لە بواری سێرچدا لەبەرچاوگرت. قەدەغەكردنی هەموو ئەپلیكەیشنەكانی گوگڵ لە چین واتە زیادبوونی ئاستی جەماوەریی ئەپلیكەیشنی بایدۆی ركابەری. دەوترێت 200 ملیۆن كەس ئێستا تایبەتمەندی كارپێكردنی دەنگیی ئەو ئەپلیكەیشنە بەكاردەهێنن. بایدۆ چاوی لەوەیە لە دەرەوەی سنوری چین بڵاوببێتەوە‌و چارەسەرێكیش بە هواوی پێشكەش بكات بتوانێت بەهۆیەوە ئەو بۆشاییە پڕبكاتەوە، كە بەهۆی لەدەستدانی ئەپلیكەیشنەكانی گوگڵەوە بۆی دروست دەبێت.   سەرۆكی كۆمپانیای هواوی دەڵێ كۆمپانیاكەی دەتوانێت بەسەر ئاستەنگەكاندا سەركەوێت جیابونەوە ئێستا بەكارهێنەرانی موبایلی زیرەك دوو سیستمی بنەڕەتی كارپێكردنیان لەبەردەستدایە، یەكێكیان "ئای ئۆ ئێس"ە لە ئامێری ئەپڵدا، ئەوی تر "ئەندرۆید"ە لە ئامێرەكانی تردا، پێدەچێت راگرتنی ئەپلیكەیشنەكانی گوگڵ لە هواوی، بە سیستمی ئەندرۆید-یشەوە، ببێتەهۆی هەڵاتنی سیستمێكی نوێ. سەرۆكی كۆمپانیای هواوی بە میدیاكانی چینی راگەیاند:" مامەڵەی ئێستای سیاسەتمەدارانی ئەمریكا سوكایەتیكردنە بە تواناكانمان". دامەزرێنەری هواوی باوەڕی وایە كۆمپانیاكەی لەتوانایدایە بەبێ گەیشتن بە پرۆگرامەكانی ئەمریكاش، بەردەوام بێت. جێرمی تۆمسۆن جێگری سەرۆكی كۆمپانیاكە لە بەریتانیا وتی:" پلان بۆ رودانی ئەگەری لەو جۆرە دادەنێین، بەڵام تائێستا روینەداوە". ئاماژەی بەوەكرد:" پرۆگرامی هاوتەریبمان هەیە بۆ گەشەپێدانی جێگرەوە.. لەوباوەڕەداین ئەوە كڕیارەكانمان دڵخۆش دەكات". بەكارهێنانی سیستمێكی ركابەر لەلایەن هواوییەوە بەواتای كردنەوەی بوارە لەبەردەم بژاردەی زۆردا، دوور لە ئەپڵ ‌و ئەندرۆید، سەختە بوترێت ئەتوانێت سەركەوتوو بێت لەم كێبركێیەدا. كۆمپانیا چینییەكە دەتوانێت پشت بە پاڵپشتی حكومەت‌و بازاڕی گەورە لۆكاڵییەكەش ببەستێت. هواوی لە فرۆشتنی موبایلدا لە بازاڕدا پێش ئەپڵ كەوتووە گوگڵ هیواخوازە بەردەوام بێت لە پاراستنی بارودۆخی بەهێزی خۆی لە بازاڕی ئامێرەكانی تەلەفۆن‌و بەردەوامبوونی خەڵك لەسەر بەكارهێنانی ئەپلیكەیشنەكانی لەسەر ئاستی جیهان. كۆمپانیای مایكرۆسۆفتی زەبەلاحی ئەمریكی بەو سیستمی كارپێكردنەی كە دروستیكرد، توانی رێژەی 42%ی بازاڕی تەلەفۆن لە ئەمریكا بۆی خۆی ببات، بەڵام راوەستا‌و ئەو سیستمەی راگرت، سەرباری ئەوەی كۆمپانیای زەبەلاحی نۆكیای كڕیبوو، وەكو هەوڵێكی بۆ بڵاوكردنەوەی سیستمێكی فراوانتر. ئەگەر كۆمپانیای هواوی سەربەخۆیی وەرگرت‌و بڕیاریدا گەشە بە سیستمێكی كارپێكردنی تایبەت بەخۆی بدات، گوگڵ هیوادارە دوچاری ئەو چانسە رەشە نەبێتەوە.


د. شێركۆ كرمانج    ٣-٤ لە دوو بەشی پێشوی ئەم زنجیرە وتارەدا دوای ناساندن‌و پێناسەی سیستمی پەرلەمانی‌و سەرۆكایەتی باسمان لە پەیوەندی نێوان جۆری سیستمی حوكم‌و فرەحیزبی‌و ئەگەرەكانی بەدیموكراسیبوون‌و بەدیموكراسیمانەوەو تەنگژەی سیاسیی‌و كودەتای سەربازی كرد. لەم بەشەدا باس لە پرسێكی دیكەی گرنگ لە پەیوەند بە جۆری سیستمی سیاسیی‌و كاریگەری لەسەر گەشەی دیموكراسی لە وڵاتە تازە-بەدیموكراسیبووەكان، وەك كوردستان، دەكەین ئەویش پرسی جێكردنەوەی ئۆپۆزسیۆنە لە سیستمی سیاسیی وڵاتەكە. یەكێك لە هۆكارە هەرە سەرەكییەكانی سستی گەشەی دیموكراسی لە وڵاتە تازە-بەدیموكراسیبووەكان نەبوونی چوارچێوەیەكی دامودەزگایی-یاسایی‌و دابونەرێتی-سیاسییە كە جێگەوڕێگەی كاری ئۆپۆزسیۆن لەناو سیستمە سیاسییەكە رێكبخات. بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە داخۆ كامە جۆر لە سیستمی سیاسی، پەرلەمانیی یان سەرۆكایەتیی، چاكترو زیاتر رێگە بە بوونی ئۆپۆزسیۆن لەناو سیستمە سیاسییەكە، نەك لە دەرەوەی، دەدات. لەسەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین كە بوونی ئۆپۆزسیۆن بە كۆڵەكەیەكی سەرەكی گەشەی دیموكراسی‌و لێپرسینەوە لە دەسەڵات دادەنرێت. لەڕاستیدا بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز زامنكەری هەرە سەرەكی راستەڕێكردنی حكومەتە، ئەویش بە ئیلزامكردنی حكومەت بە جێبەجێكردنی ئەو پەیمانانەی لە بانگەشەكانی هەڵبژاردن بە خەڵكی دەدات‌و لێپێچینەوەش لە بڕیارەكان‌و نیشاندانی لایەنە شاردراوەو نێگەتیڤەكانی بەرنامەو بڕیارەكانی حكومەت. بۆیە ئەو سیستمەی كە فەزاكانی كاری ئۆپۆزسیۆن واڵاتردەكات چاكتر خزمەت بە گەشەو سەقامگیری دیموكراسی دەكات‌‌. بۆیە لەكاتی هەڵبژاردنی سیستمی حكومڕانیدا دەبێت بەهەند وەربگیردرێت. بەشی هەرە زۆری توێژەرو ئەكادیمییەكانی جیهان لەو باوەڕەن كە بەڵگەی زۆر لەبەردەستدان پشتیوانی لەو ئارگیومێنتە تیورییە دەكات كە پێیوایە سیستمی پەرلەمانی دیموكراسی فەزاكانی ئازادی بەرفراوانتر دەكات‌و كارئاسانی بۆ وەلانانی ئەو ئاستەنگە كۆمەڵایەتی‌‌و ئابوریانە دەكات كە بوونەتە كۆسپ لەبەردەم دیموكراسییە تازەپێگەیشتووەكان (وەك كوردستان) ‌. لوجە هێلمس (Ludger Helms)، كە پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەكانە لە زانكۆی ئینسبروك (Innsbruck) لە نەمسا، لە توێژینەوەیەك كە لە جۆرناڵی (Government and Opposition) لە ٢٠٠٤ بڵاویكردۆتەوە، هاوشێوەی ستێپان‌و سكاچ (بڕوانە بەشەكانی دیكەی ئەم زنیجیرە وتارە) باس لەوەدەكات كە بەگشتی ئەكادیمی‌و توێژەرەكان لەو باوەڕدان كە سیستمی پەرلەمانی دیموكراسی باشتر لە سیستمی سەرۆكایەتی جێگە بە بوونی ئۆپۆزسیۆن دەدات. ئەویش پێیوایە ئۆپۆزسیۆن لە سیستمی پەرلەمانی چاكتر دەتوانێت بەكارەكانی خۆی لە چاودێریكردنی حكومەت‌و جێگیركردنی دیموكراسییەت‌و شەفافییەت‌و لێپرسینەوە هەڵبستێت. لەم بەشەدا باس لەوە دەكەین كە بۆ لە سیستمی پەرلەمانیی، بەبەراورد بە سەرۆكایەتیی، ئۆپۆزسیۆن كاراترو راحەتتر دەتوانێت ئەرك‌و كارەكانی مەیسەر بكات. یەكەم، سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین كە لە سیستمە پەرلەمانییەكان، بەتایبەتی ئەو سیستمانەی لەسەر بنەمای سیستمی وێستمینیستەر (Westminster) دامەزراوان (وەك بەریتانیا، ئوسترالیا، كەنەدا، مالیزیا) ئەوا ئۆپۆزسیۆن بەرەسمی دانیپێنراوەو لەناو پەرلەمان‌و لە دەرەوەی پەرلەماندا بە فەرمی ئەرك‌و كارەكانی خۆی ئەنجامدەدات. ئەم بە فەرمی ناسینە بۆتە مایەی ئەوەی كە لە زۆربەی سیستمە پەرلەمانییەكان ئۆپۆزسیۆن حكومەتی سێبەر پێكبهێنێت. حكومەتێك كە وەك جێگرەوەی حكومەتەكەی دەسەڵات دەبینرێت‌. بوونی حكومەتێكی سێبەری دانپێنراو لە زۆر رووەوە گرنگی هەیە بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كە حكومەتەكەی دەسەڵات ئینتیباعێكی لادروست دەبێت كە جێگرەوەی هەیە بۆیە ئەوپەڕی هەوڵەكانی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتیان. هاوكات خەڵكیش‌/دەنگدەرانیش ئەو هەستەیان لادروستدەبێت كە حكومەتەكەی رۆژ ئەزەلی نییەو ئەوان دەتوانن لە هەڵبژاردنی داهاتودا دەنگ بە حكومەتەكەی دیكە بدەن كە خۆی لە سێبەردا وەك بەدیلی حكومەت نیشاندەدات. ئامادەیی‌ ئەو هەموو هەلە لەبەردەست هاوڵاتیاندا كە لە سیستمە پەرلەمانییەكان بوونیان هەیە لە سیستمی سەرۆكایەتی بوونی نییە. خەڵك/دەنگدەران لە سیستمە سەرۆكایەتییەكان (بۆ نمونە: ئەمریكا) تەنیا چەند مانگێك پێش هەڵبژاردنەكان دەزانن كە كاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ سەرۆكایەتی كێیە. لەوەش خراپتر تا دوای هەڵبژاردنەكان نازانن داخۆ كابینەی حوكم لە كێ پێكدێت چونكە سەرۆك دوای هەڵبژاردن ئیختیاری ئەندامانی كابینە دەكات، كەچی، وەك گوتمان، لە سیستمی پەرلەمانی هاوڵاتی بەردەوام دەزانێت كە كێ لە هەڵبژاردنی داهاتو دەبێت بە سەرۆك وەزیران‌. سەرۆك وەزیرانی چاوەڕوانكراو (سەرۆكی ئۆپۆزسیۆن) دەبێت بەردەوام لەبەرابەر پۆستی هەر وەزیرێك پێش هەڵبژاردنەكان‌و دوای هەڵبژاردنەكان بەردەوام ئەندامانی كابینە چاوەڕوانكراوەكەی لە حكومەتەكەی سێبەردا دەستنیشانكردبێت. دووەم، بێجگە لەمە بوونی حكومەتی سێبەر وەك قوتابخانەیەك وایە بۆ ئەزمون وەرگرتنی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن نەك تەنیا وەك سیاستەوان‌و پەرلەمانتارێك بەڵكو وەك دەوڵەتدار (statesman). لەوەش گرنگتر خەڵك حكومەتە بەدیلەكە پێش هەڵبژاردن دەناسن بۆیە دەزانن داخۆ ئەم حكومەتی سێبەرە شایستەی ئەوەیە دەنگی پێبدرێت یان مانەوەو هێشتنەوەی حكومەتی دەسەڵات. ئەمەش بژاردە/ئیختیار لەبەردەم هاوڵاتیان زیاددەكات. وەزیرەكانی سێبەر كۆمەڵێك تواناو كارامەیی لە قۆناغی لە سێبەربووندا فێردەبن كە زۆر بەكەڵك دەبن لەوكاتانەی كە دێنە دەسەڵات. ئەمەش وادەكات كە حكومەتە نوێیە پێكهاتووەكە بە كۆمەڵێك ئەزموونەوە بچێتە سەركار نەك وەك ئەوەی لە سیستمە سەرۆكایەتییەكاندا پەیڕەودەكرێت چونكە لە سیستمە سەرۆكایەتییەكان حكومەتی سێبەر بوونی نییە. ئەمەش بۆ ئەو عەقڵییەتە دەگەڕێتەوە كە سەرۆك لە سیستمە سەرۆكایەتییەكان لە هەموو دەسەڵاتێك باڵاترەو كەس ناتوانێت ببێتە ركابەری یان سێبەری. سێیەم، لە سیستمە سەرۆكایەتییەكان‌و نیمچە سەرۆكایەتییەكان بە پێچەوانەی سیستمە پەرلەمانییەكان پەرلەمان نەبۆتە سەنتەری سیستمی سیاسی‌و بڕیار‌و گفتۆگۆو بەڵكو ئەوە سەرۆكایەتییە كە هەم چاوی میدیا هەم هاوڵاتیانی لەسەرە. لە دەزگای سەرۆكایەتیش ئۆپۆزسیۆن غایبە چونكە دەزگای سەرۆكایەتی تەنیا لەلایەن حیزب یان ئیئتیلافی دەسەڵاتبەدەستەوە پێكهاتووەو بەڕێوەدەچێت. ئەم حالەتە زۆرجار ئۆپۆزسیۆن توشی بێئومێدی دەكات‌و هەندێكجار وایلێدەكات دەست بۆ ناڕەزایی لەدەرەوەی سیستمی سیاسی ببات ئەمەش زۆرجار كارەساتی گەورەی لێدەكەوێتەوە، وەك لێكترازانی نیشتیمانی. چوارەم، لە سیستمە پەرلەمانییەكان سەرۆكی ئۆپۆزسیۆن بێجگە لە موچەی خۆی وەك ئەندام پەرلەمان ئەوا بە حوكمی مەقامی وەك سەرۆكی ئۆپۆزسیۆن بودجەی تایبەتیشی بۆ تەرخاندەكرێت. لە پاڵ سەرۆكی ئۆپۆزسیۆن ئەندامانی حكومەتی سێبەریش بودجەی تایبەتیان بۆ تەرخاندەكرێت كە بەگشتی خۆی لە بوونی نوسینگەی تایبەتی‌و دابیینكردنی چەند فەرمانبەرێك كە یارمەتی سەرۆكی ئۆپۆزسیۆن‌و حكومەتی سێبەر دەدەن لە ڕاپەڕاندنی كارەكانیان بەتایبەتی كاری بەدواداچوون‌و لێكۆڵینەوەو توێژینەوە. پێنجەم، لە سیستمە پەرلەمانییەكان نەرێتێك هەیە كە پێیدەگوترێت كاتی پرسیار (question time). راستە ئەم نەرێتە بەپێی دەستور لە سیستمە سەرۆكایەتییەكان رەتنەكراوەتەوە بەڵام ئەزمونی گەلان ئەوەمان پێدەڵێن كە تا ئێستا لە هیچ وڵاتێك سەرۆك بانگهێشتی پەرلەمان نەكراوە بۆ لێپرسینەوە لە كارو ئەرك‌و بڕیارەكانی. بەپێچەوانەی ئەمە لە سیستمە پەرلەمانییەكان هەم سەرۆك وەزیران هەم وەزیرەكان هەموو هەفتەیەك، لەو هەفتانەی كە پەرلەمان تێیاندا دادەنیشێت، چەندین سەعات تەرخانكراوە بۆ كاتی پرسیار. كاتی دیاریكراو بۆ كاتی پرسیار لە سیستەمێكی پەرلەمانی بۆ سیستمێكی پەرلەمانیی دەگۆڕێت بەڵام زۆربەی هەرە زۆری ئەو وڵاتانەی كە پەیڕەوی سیستمەكە دەكەن هەفتانە، ئەگەر نەڵێین رۆژانە، كاتیان تەرخانكردوە هەم بۆ ئۆپۆزسیۆن هەم بۆ ئەندامانی دیكەی پەرلەمان بۆ لێپرسینەوە لە سیاسەتەكانی حكومەت، ئەویش بە پرسیاركردن لە سەرۆك وەزیران‌و وەزیرەكان. شەشەم، شتێكی دیكە كە لە سیستمە پەرلەمانییەكاندا بووە بە نەرێت ئەویش تەرخانكردنی كاتی یەكسانە لە میدیاكانی دەوڵەت. بۆنمونە بەپێی چارتەری دەزگای بی بی سی، كە میدیایەكی دەوڵەتییە لە بەریتانیا، هەم لەكاتی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن هەم لەكاتی بانگەشەكردن یان رەخنەگرتن لە سیاسەتێك یان بڕیارێك یان بەرنامەیەكی حكومەت یان ئۆپۆزسیۆن دەبێت هەردوولایەن یەكسانانەو بێلایەنانە لە بی بی سی كاتیان بۆ تەرخانبكرێت. دیارە بە گشتی یان پارتی كرێكاران یان پارتی پارێزگاران لە بەریتانیا لەسەر حوكمن بۆیە كاتی دیاریكراو بۆ حزبەكانی دیكەی پەرلەمان، وەك پارتی لیبرالەكان، بەپێی سەنگیان لە پەرلەمان لە میدیای حكومی بۆ تەرخانكراوە. ئەم نەرێتە لەوانەیە لە سیستمە سەرۆكایەتییەكانیش تا ڕادەیەك ڕەچاوبكرێت بەڵام لە سیستمە پەرلەمانییەكان بووە بە نەرێتێكی سیاسی‌و بەپێی ڕێنماییەكان ڕێكخراوە كە خزمەتێكی گرنگ بە پرسی گەیشتنی دەنگی لایەنەكان بە هاوڵاتیان بە یەكسانی دەكات. ئەمەش خزمەتێكی گەورە بە دیموكراسی دەكات، چونكە دیموكراسی ناكرێت‌و نابێت تەنیا لە دەنگداندا قەتیسبكرێت. حەوتەم، سیستمە پەرلەمانییەكان بە حوكمی ئەوەی كە پەرلەمانیان كردوە بە سەنتەری هەموو جموجۆڵەكانی حكومەت‌و ئۆپۆزسیۆن، هەروەها لەبەرئەوەی ئۆپۆزسیۆن لە سیستمە پەرلەمانییەكان بە فەرمی دانیپێنراوەو لەناو پەرلەماندا مافی زیاتری پێدراوە، بۆیە لەم سیستمە فەزای ململانێ لەنێوان حیزبەكان كراوەترە. لە راستیدا لە سیستمە پەرلەمانییەكانی وەك بەریتانیا‌و ئوسترالیا پەرلەمان سەنتەری هەم یاسادانان هەم بڕیاردانە چونكە وەزیرەكان‌و وەزیرەكانی سێبەر هاوكات وەزیر یان وەزیری سێبەرو ئەندامی پەرلەمانیشن. ئەم خسڵەتەی سیستمە پەرلەمانییەكان گرنگییەكەی لەوەدایە كە بڕیاری گەلێك ناكەوێتە دەست تاكە سەرۆكێكی هەڵبژێردراو وەك ئەوەی لە سیستمە سەرۆكایەتییەكان بەدیدەكرێت. ئەمەش خسڵەتی دەستەجەمعی لە بڕیاردان دەبەخشێت بە سیستمە پەرلەمانییەكان لەبەرابەر بڕیاردانی تاكڕەوانە كە خسڵەتێكی سیستمە سەرۆكایەتییەكانە. هەشتەم، راستی ئەمەی سەرەوە لەوەدایە كە كوتلەی پەرلەمانی حیزبی دەسەڵاتدار لە سیستمە پەرلەمانییەكان دەتوانن سەرۆك وەزیران بگۆڕن‌و یەكێكی دیكەی لە جێگەی دانێن بەڵام سەرۆك لە سیستمە سەرۆكایەتییەكان لەبەرئەوەی شەرعیەتی راستەوخۆ لە خەڵك وەرگرتوە بۆیە هیچ دەسەڵاتێك نەدەتوانێت لێبپرسینەوەی لەگەڵدا بكات نە هیچ كەس‌و دەزگایەكیش دەتوانێت لایببات. سەرۆكی هەڵبژێردراو مەگەر خیانەت بكات‌و ئاشكراببێت یان توشی نەخۆشی نەفسی بێت دەنا هەرچەند ناكاراو تاكڕەو بێت ئەوا بۆ چوار ساڵ حكومی خۆی دەكات‌و هاوڵاتیان‌و پەرلەمانیش‌ ناچارن تا كاتی هەڵبژاردنی داهاتوو چاوەڕێبكەن ئەگەر بیر لە لابردنی بكەنەوە. نۆیەم، لە سیستمە سەرۆكایەتییەكان‌و نیمچە سەرۆكایەتییەكان ئۆپۆزسیۆن نە وەك سیستمە پەرلەمانییەكەی ئەڵمانیا، كە ئۆپۆزسیۆن لە دانانی كارنامەی پەرلەمانی (parliamentary agenda) رۆڵی هەیە، نە وەك سیستمە پەرلەمانییەكەی بەریتانیا، كە ئۆپۆزسیۆن رۆژانی ئۆپۆزسیۆن (opposition days) هەیە، مافی هەیە. غیابی رۆژانی ئۆپۆزسیۆن یان نەبوونی رۆڵ لە دانانی كارنامەی پەرلەمانی بوونی ئۆپۆزسیۆن لە سیستمە سەرۆكایەتییەكان دەكات بە بوونێكی كارتۆنی‌. ئەمەش دژایەتی دەكات لەگەڵ پرنسیپە دیموكراسییەكان. بۆیە دەبینین لە سیستمە سەرۆكایەتییەكان هەندێكجار تەنانەت حیزبە كەمینەكان مافی پێشنیازكردنی پرۆژە یاسایان نییە. لەژێر رۆشنایی ئەم قسەوباسانەی سەرەوە دەتوانین بڵێین كە سیستمی پەرلەمانی باوەشی زۆر ئاواڵاترە لە سیستمی سەرۆكایەتیی بۆ ئۆپۆزسیۆن ئەمەش هەم سەقامگیری سیاسی زامنتردەكات هەم ئاسانكاری بۆ گەشەی دیموكراسی دەكات.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- نامیق رەسوڵ- محەمەد رەئوف نێچیرڤان بارزانی دوای پشووی جەژنی رەمەزان وەكو سەرۆكی هەرێم دەستبەكاردەبێت، (درەو میدیا) زانیویەتی ئێستا سەرقاڵی ئامادەكردنی تەلارێكی نوێیە بۆ سەرۆكایەتی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی دوای 14 ساڵ لە دروستبوونی سەرۆكایەتی هەرێم، ئەو دامەزراوەیە لەسەر "چیای سەری رەش" دەهێنێتە خوارەوە. رۆژی 8ی ئەم مانگە، بەزۆرینەی دەنگی (89) پەرلەمانتار لە كۆی (111) ئەندام، پەرلەمانی كوردستان پرۆژەی پێشنیازی "هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم‌و شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان"ی پەسەندكرد. چوار رۆژ دوای پەسەندكردنی ئەم یاسایە، واتە رۆژی 12ی ئەم مانگە، پەرلەمانی كوردستان بەفەرمی دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردەوە. رۆژی 15ی ئەم مانگە وادەی یاسایی خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كۆتایی هات، كە بەپێی یاساكە لەناو پەرلەمانی كوردستان هەڵدەبژێردرێت. بەپێی یاسا پەسەندكراوە نوێیەكە، دەبوو دوو رۆژ دوای داخستنی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، سەرۆكایەتی پەرلەمان ناوی ئەو كەسانە بۆ رایگشتی ئاشكرا بكات كە مەرجە یاساییەكانیان تێدا بووە‌و كاندیدبونیان پەسەندكراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دوو رۆژ پشووی فەرمی هەبوو، پەرلەمان رۆژی 19ی مانگ ناوی كاندیدە پەسەندكراوەكانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم راگەیاند كە ئەمانەن:  •    نێچیرڤان ئیدریس بارزانی •    ئومێد عەبدولسەلام قادر •    محەمەد حەمەساڵح عومەر •    رێبوار عەزیز مستەفا •    هیوا عەبدوڵا خدر ئەمڕۆ وادەی یاسایی لەبەردەم ئەو كەسانەدا تەواو دەبێت كە ناویان وەكو كاندید پێكەشكردووە‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان كاندیدبوونی رەتكردونەتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، تائێستا هیچ تانەیەك لە دادگای تەمیز تۆمارنەكراوە، چونكە تەنیا كاندیدبوونی یەك كەس رەتكراوەتەوە، كە (فەرهاد پیرباڵ)ە‌و ئەویش جگە لە دەربڕینی ناڕەزایەتی لەبەردەم راگەیاندنەكاندا دژ بە بڕیاری دورخستنەوەی، باسی لەوە نەكردووە كە بەشێوەی یاسایی لە دادگای تەمیز تانەی پێشكەش كردبێت. بەگوێرەی رێوشوێنە یاساییەكان، رۆژی 23ی ئەم مانگە، واتە پێنج شەممەی ئەم هەفتەیە دادگای تەمیز بڕیاری كۆتایی خۆی رادەگەیەنێت، بەهۆی ئەوەی هیچ تانەیەك تۆمارنەكراوە، دادگا دوچاری هیچ سەرئێشەیەك نابێتەوە‌و لەوادەی خۆیدا بڕیاری كۆتایی رادەگەیەنێت.  كاندیدێكی بێ ركابەر ! ئێستا بەپێی نوسراو، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی داهاتووی هەرێمی كوردستان، (4) ركابەری هەیە، بەڵام لە واقیعدا هیچ یەكێك لەو ركابەرانە ناتوانن ببن بە بەربەست لەبەردەم گەیشتنی نێچیرڤان بارزانی بە كورسی سەرۆكی هەرێم كوردستان، چونكە هیچ یەكێك لەو كاندیدانە نوێنەری لایەنە سیاسییەكان نین‌و بەشێوەی سەربەخۆ چونەتە ناو گەمەكەوە. سەرباری ئەمە، پارتی بە رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، زۆرینەی رەهای دەنگی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ سەرخستنی نێچیرڤان بارزانی مسۆگەركردووە، دەنگی پشتیوانی نێچیرڤان بارزانی ئێستا لەناو پەرلەمان پێكهاتووە لەم دەنگانە:  •    فراكسیۆنی پارتی‌و سۆسیالیست: 46 دەنگ •    فراكسیۆنی یەكێتی: 21 دەنگ •    فراكسیۆنی گۆڕان: 12 دەنگ •    دەنگی كورسی كۆتاكان: 11 دەنگ  بەرپرسانی پارتی دەڵێن نێچیرڤان بارزانی تەنیا كاندیدی پارتی نییە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، بەڵكو كاندیدی (بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتیمانی)شە. بەپێی یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسەندكردنی دەستور، سەرۆكی نوێی هەرێم لەناو پەرلەمان بە "دەنگدانی ئاشكرا"‌و بە "دەنگی زۆرینەی رەها" واتە (دەنگی 56 پەرلەمانتار لە كۆی 111 پەرلەمانتار) هەڵدەبژێردرێت. ئێستا نێچیرڤان بارزانی لەكۆی 111 دەنگی پەرلەمان، نەك تەنیا (56) دەنگ، بەڵكو (90) دەنگی زامن كردووە. جگە لەو لایەنانەی كە پشتیوانی لە هەڵبژاردنی كاندیدەكەی پارتی دەكەن، چوار لایەن لەناو پەرلەمان هەن پشتیوانی كاندیدی پارتی ناكەن‌و بەشێك نین لە رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بەڵام هیچ یەكێك لەو لایەنانە كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم نییە، ئەو لایەنانە بریتین لەمانە: •    جوڵانەوەی نەوەی نوێ: 8 كورسی •    كۆمەڵی ئیسلامی: 7 كورسی •    یەكگرتووی ئیسلامی: 4 كورسی •    حزبی شیوعی: 1 كورسی ئەم لایەنانە لەسەرەتاوە هەندێك گفتوگۆیان كرد بە ئومێدی ئەوەی بتوانن پێكەوە كاندیدێكیان هەبێت بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، بەڵام دواتر پاشگەزبونەوە، بەپاساوی ئەوەی ئەوان لەبنەڕەتەوە دژی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بوون كە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە.   هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم بەپێی یاسا كارپێكراوەكە، دەبێت لەرۆژی یەكشەممەی داهاتوو كە دەكاتە 26ی ئایار، پەرلەمانی كوردستان لەماوەی (3 رۆژدا) دانیشتنێك سازبدات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان. شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم بەپێی یاساكە، بە "دەنگدانی ئاشكرا" دەبێت، ئەمە سەرەتا هەندێك مشتومڕی دروستكرد، بەڵام ئێستا ئەو كێشەیە چارەسەركراوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، لە رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆكدا، هەر پێنج كاندیدەكە پێكەوە دەخەنە دەنگدان، كامیان دەنگی زۆرینەی بەدەستهێنا، وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان ناوی لێدەنرێت. بەگوێرەی ئاماژەكان، نێچیرڤان بارزانی بەئاسانی‌و بەتێكڕایی دەنگی (90) پەرلەمانتار وەكو سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێردرێت، هەندێك لە بەرپرسانی پارتی باسلەوە دەكەن دەنگەكانی دەگاتە (91) دەنگ. لەبەرامبەر ئەمەدا بەرەی نەیاری یاسای سەرۆكایەتی ژمارەیان (20) كورسییە لەناو پەرلەمان، سەرباری ئەوەی ئەم بەرەیە هیچ كاندیدێكی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم نییە، رەنگە تەنانەت بە "نەخێر"یش لەدژی نێچیرڤان بارزانی دەنگ نەدەن‌و لەبری ئەوە هۆڵی پەرلەمان بەجێبهێڵن، چونكە هەندێك لەو لایەنانە نایانەوێت پارتی‌و بەدیاریكراوی نێچیرڤان بارزانی لەخۆیان نیگەران بكەن. لەكاتی دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان، هیچ یەكێك لەو (5) كەسەی كە خۆیان كاندیدكردووە، لەبەردەم پەرلەمان ئامادە نابن. لە سەری رەشەوە بۆ هەولێر ! بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئێستا نێچیرڤان بارزانی كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی ئامادەكردنی تەلاری نوێی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە بۆ خۆی‌و هەردوو جێگرەكەی. (درەو میدیا) زانیویەتی، تەلاری نوێی سەرۆكایەتی هەرێم دەكەوێتە ناوەڕاستی شاری هەولێرەوە. واتە دوای 14 ساڵ لە دروستبوونی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی بارەگای سەرەكی ئەم دامەزراوەیە لە "سەری رەش"‌و لوتكەی چیایەكەوە دەهێنێتە خوارەوە بۆ ناو شارو نزیك لە خەڵك. سوێندخواردن بەپێی وادەی یاسایی، دەبێت سەرۆكی نوێی هەرێم دوای هەڵبژاردنی لە پەرلەمانی كوردستان، لەماوەی (7) رۆژدا لە مەراسیمێكدا سوێندی یاسایی بخوات‌و دەستبەكار ببێت. پێشبینی دەكرێت، مەراسیمی سوێندخواردن‌و دەستبەكاربوونی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی نوێی هەرێم بكەوێتە دوای پشووی جەژنی رەمەزانەوە. راسپاردنی مەسرور بارزانی (درەو میدیا) زانیویەتی، نێچیرڤان بارزانی هاوكات لەگەڵ سوێندخواردنیدا وەكو سەرۆكی هەرێم، مەسرور بارزانی ئامۆزای بەفەرمی رادەسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم. مەسرور بارزانی كە كاندیدی پارتییە بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت، بەپێی یاسا ماوەی (30) رۆژی لەبەردەمدایە كابینەكەی بباتە بەردەم پەرلەمان بەمەبەستی وەرگرتنی متمانە، پێشبینی دەكرێت مەسرور بارزانی زۆر زوتر لەوادەی دیاریكراو ناوی كاندیدی لایەنە بەشدارەكان بۆ پۆستە وزارییەكان بخاتە بەردەم پەرلەمان، بۆ ئەوەی لەدوای دەستبەكاربونی نێچیرڤان بارزانییەوە لە پۆستی سەرۆكی هەرێم، پۆستی سەرۆكی حكومەت بەزویی پڕبكرێتەوە‌و كۆتایی بەوادەی حكومەتی كاربەڕێكەر بهێنرێت.   



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand