یەكێتی داوای كۆبونەوە لە پارتی دەكات

Draw Media

2020-05-17 11:14:14



(درەو):
كۆسرەت رەسوڵ لە هەولێرەو چاوەڕێی دیداری بارزانییە، بافڵ تاڵەبانیش بە تەلەفۆن داوای كۆبونەوە لە فازل میرانی دەكات. 
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند، كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی لەهەوڵی رێكخستنی كۆبونەوەیەكدایە لەگەڵ مەسعود بارزانی.
بەپێی قسەی سەرچاوەكە، كۆسرەت رەسوڵ عەلی ئێستا لە شاری هەولێرەو دەیەوێت لەگەڵ بارزانی دیدارێك بكات.
ئەم هەوڵە دوای ئەوەدێت لەماوەی رابردوودا پارتی‌و یەكێتی نەگەیشتنە رێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی كۆبونەوەیەك لەنێوان مەكتەبی سیاسی هەردوولا.
كۆتایی ساڵی 2019 یەكێتی كۆنگرەی چوارەمی خۆی بەست، ئەنجامی كۆنگرەكە دڵخوازی پارتی نەبوو، پارتی تائێستا بەفەرمی دانی بە سەركردایەتییە نوێیەكەی یەكێتیدا نەناوە.
(درەو) زانیویەتی، بەمدواییە كە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی كەرەنتینەی لە لەندەن شكاندو گەڕایەوە بۆ كوردستان، لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتییەوە پەیامێكی بۆ نێردراوە‌و داوای لێكراوە پارتی‌و یەكێتی كۆببنەوە‌و كۆتایی بە كێشەكانی نێوانیان بهێنن.
سەرچاوەیەكی نزیك لە سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی بە (درەو)ی راگەیاند، ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی كردووە‌و داوای لێكردووە وادەیەك بۆ بەڕێوەچوونی كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی هەردوولا دیاری بكرێت.
هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی ئاگاداری هەوڵەكەی بارزانین لەگەڵ بافڵ تاڵەبانیدا، پێیانوایە بارزانی لەو رێگەیەوە دەیەوێت ناكۆكی بخاتە ناو یەكێتییەوە‌و بەدیاریكراویش نێوان هاوسەرۆكەكانی یەكێتی كە بریتین لە بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی.
پارتی‌و بارزانی نیگەرانن لە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی، تائێستا ئامادەنین مامەڵەی لەگەڵ بكەن، پارتی نایەوێت دان بنێت بەو واقیعەی نوێیەی كە لەناو یەكێتیدا هاتوەتەكایەوە.
هەندێك زانیاری هەن لەبارەی ئەوەی بەمدواییە پارتی هەوڵێكی هەبووە بۆ ئەوەی لەبری مەكتەبی سیاسی یەكێتی، كۆبونەوە لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی بكات، كە زۆرینەیان مەكتەب سیاسییەكانی پێشتری یەكێتین‌و پارتی پێشتر مامەڵەی لەگەڵیان كردووە، بەڵام ئەم هەوڵە لەناو یەكێتییەوە شكستی پێهێنراوە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتیشە، بەمدواییە هەوڵی لێكنزیكردنەوەی هەردوولای دا، بەڵام هەوڵەكانی بێ ئەنجام بوون.
تائێستا وادەی كۆبونەوەی چاوەڕوانكراوی نێوان مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و پارتی نازانرێت، بەڵام كۆبونەوەكە لە حاڵی بەڕێوەچوونیدا وەكو یەكەمین دانپێدانانی پارتییە بە سەركردایەتی نوێی یەكێتی‌و دەستوپەنجە نەرمكردنە لەگەڵ واقعی نوێی یەكێتیدا.
یەكێتی لە حكومەت هاوبەشی پارتییە، بەڵام وەكو لایەنێكی ئۆپۆزسیۆن مامەڵە دەكات، بەمدواییە بارگرژی میدیایی لەنێوان هەردوولا پەرەی سەندووە، لە میدیا فەرمی‌و نافەرمییەكانەوە هێرش دەكەنەسەر یەكتر، كێشەی زینی وەرتێ لەنێوانیاندا یەكلانەبووەتەوە، بەمدواییەش ناكۆكییەكانی ناو پەرلەمانی هاتەسەر.
بەڕێوەچوونی كۆبونەوەی نێوان پارتی‌و یەكێتی لەكاتێكدایە ئێستا حكومەتی هەرێم كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، بە قەیرانێكی دارایی سەختدا تێدەپەڕێت، خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتی لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێم دژی پێنەدانی موچە دەستیپێكردووە.
هاوكات حكومەتی هەرێم سەرقاڵی نوسینەوەی رەشنوسی رێككەوتنێكی نوێیە لەگەڵ بەغداد سەبارەت بە نەوت‌و بودجە، ئەنجامی ئەو رێككەوتنە تائێستا یەكلانەبووەتەوە‌و لە هەموو حاڵێكدا رێككەوتنەكە دەخرێتە ناو پرۆژە بودجەی 2020ی عێراق‌و دەبێت پەرلەمانی عێراق پەسەندی بكات‌و رێككەوتنەكە دەكەوێتە دوای پشووی جەژنی رەمەزانەوە.
هەرێمی كوردستان لەسەروبەندی جەژنی رەمەزاندایە، فەرمانبەران ماوەی (60) رۆژە موچەیان وەرنەگرتووە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand