چۆن هەواڵێکی بێبنەما دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەناسیتەوە؟

Draw Media

2020-02-22 18:30:28



*سەلام عومەر

زانیاری ناڕاست لە ڤایرۆسەکە ترسناکترە. ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتۆتە ئێرانی دراوسێ، بەڵام ئەو ڤایرۆسەی پێشتر گەیشتووە و لە کۆرۆنا مەترسیدارترە بڵاوکردنەوەی زانیاری شێوێنراو و هەڵەیە دەربارەی ڤایرۆسەکە. ڕێنمایی ڕۆژنامەوانی لەبەردەستدان تا زانیاری ناڕاست یان هەواڵێکی درۆ بناسیتەوە، ئەو ڕێنماییانە زانیاری ناڕاستیش دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگرێتەوە. تۆ ئەگەر ئێستا ئەم بابەتە دەخوێنیتەوە تکایە جارێکی تر بۆ هاوڕێ و کەسوکار و هاوپیشەکانتی باس بکە. 
(١٠) ڕێنمایی بۆ ناسینەوە هەواڵێکی بێبنەما دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا:
یەکەم: بزانە چ کەسێک زانیارییەکەی نوسییوە؛ لە بواری تەندروستییدا کاردەکات؛ پەیامنێری تایبەت بە بواری تەندروستییە و ئایا چی لێپرسراوێتییەکی هەیە.
دووەم: تکایە تەنیا ناونیشانەکە مەخوێنەرە؛ پێویستە هەموو هەواڵی تایبەت بە ڤایرۆسەکە بخوێنیتەوە. چەند هەواڵێکی کەم بخوێنەرەوە، بەڵام هەموو هەواڵەکە بخوێنەرەوە.
سێیەم: بزانە کام دەزگای ڕاگەیاندن هەواڵەکەی بڵاوکردۆتەوە، دەزگاکە هیج ئەزمونێکی هەیە لە بواری تەندروستیدا، بەرنامەی تایبەتی هەیە لە بواری تەندروستیدا.
چوارەم: بزانە کەی هەواڵەکە بڵاوکراوەتەوە؛ نوێیە یان بەسەرچووە.
پێنجەم: بزانە کام سەرچاوە لە هەواڵەکەدا پشتی پێبەستراوە، ئەو سەرچاوەیە بۆ قسەی کردووە، لایەنێکی تایبەتمەندە؛ باش بزانە هەواڵی بێ سەرچاوە خۆی ڤایرۆسە.
شەشەم: بزانە فۆتۆ و ڤیدیۆکان لە کوێوە هاتوون. بە هەموو ڤیدیۆیەک باوەڕمەکە!
حەوتەم: بیربکەرەوە لەوەی ئەو لایەن یان کەسەی هەواڵەکەی بڵاوکردۆتەوە، هیچ ئامانجێکی شاراوەی هەیە. بۆچی ئەو هەواڵە لەو کاتەدا بڵاودەکاتەوە.
هەشتەم: بزانە کامە دەزگای راگەیاندنی تر ئەو هەواڵەی بڵاوکردۆتەوە، زانیارییەکان بەراورد بکە. ئەگەر کەسێکی نزیکت زمانێکی تر دەزانێت داوای لێبکە بە زمانەکەی تریش دڵنیابێتەوە لە زانیارییەکە. 
نۆیەم: رۆژانە بزانە لیژنەی تایبەت لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی حکومەتی فیدراڵی دەربارەی نەخۆشییەکە چی دەڵێن. 
دەیەم: باش بیربکەرەوە پێش ئەوەی هەواڵەکە شێربکەی! کە بەهەڵە بڵاوبۆوە کۆکردنەوەی نییە!

 

* ڕاهێنەری ڕۆژنامەوانی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand