مەسعود بارزانی: دوو مانگی تر حكومەت پێكدێت
.jpg)
2025-01-24 19:44:36
درەو:
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنی شەمس:
🔹سەرەڕای هەموو ئەو پیلانانەی دژی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامدرا، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان سەركەوتنی گەورەمان بەدەستهێنا.
🔹هەندێك لە هێزەكانی بەغدادو ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆ بەشداربوون لەو پیلانە، ئامانجیان ئەوەیە پارتی بشكێنن و دووچاری شكست و دابەشكردنی بكەن.
🔹لەسەرەتاوە وتومانە ڤیتۆمان لەسەر كەس نیەو شایستەی هەڵبژاردن دەكرێتە پێوەر، بۆ پێكهێنانی كابینی نوێی حكومەت.
🔹لەدواین دیداری وەفدی پارتی لەگەڵ یەكێتی هەنگاوی گەورەیان بڕیوە، ئومێد دەكەین بەمزوانە بگەنە رێككەوتن و حكومەت پێكبهێنن.
🔹 جێگەی قبوڵكردن نیە پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان بگاتە هەڵبژاردنی عێراق لە مانگی 10 وەك هەندێك وا دەڵێن پێویستە و چاوەڕێ دەبین لەماوەی دوو مانگی تر حكومەت پێكبێت.
🔹بەداخەوە لە بەغداد یەك لایەن بڕیار نادات، كۆمەڵێك لایەنن، هەندێك لەو لایەنانە نیەتیان خراپە بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان و، تەنانەت بەرامبەر عێراقیش.
🔹ئەو لایەنانە رێگرن لە چارەسەركردنی كێشەكان كە نەیانتوانیوە شەقامێك لە ناوەڕاست و باشوری عێراق دروست بكەن.
🔹سودانی ئاستەنگی زۆری لەبەردەمدایە، لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم رێككەوتووە لەسەر زۆرێك لە پرسەكان، بەڵام رێگەنادەن رێككەوتنەكان جێبەجێبكات.
🔹زۆرجار بیرمان لە كشانەوە كردووەتەوە لە پرۆسەی سیاسی، ئێمە عەوداڵی پۆست نین و بابەتەكە پۆست نیە، بەڵكو پرسی مافی نەتەوەیی و شكۆی گەلەكەمان و هاوبەشی راستەقینەیە.
🔹رێككەوتنمان لەسەر سێ بنەما كردووە، سازان و هاوسەنگی و هاوبەشی، عێراق دەبێت لەسەر ئەم سێ بنەمایە ئیدارە بدرێت، بەبێ ئەمانە كێشەكان چارەسەرناكرێت.
🔹ئەگەر بگەینە قەناعەتی تەواو نائومێدی بەوەی ئەو سێ بنەمایە كۆتایی هاتووە، هیچ پێویست ناكات لە حكومەتێكدا بەشداربین كە هیچ راو دەسەڵاتێكمان نەبێت تیایدا.
🔹لە كەناڵی فەرمییەوە هەڕەشە لە عێراق كراوە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریكاوە، بەوەی ئەگەر گروپە چەكدارەكان لە هێرشكردن بۆ سەر ئیسرائیل نەوەستن، عێراق روبەڕوی هێرش دەبێتەوە.
🔹من هیچ گومانێكم نیە لەوەی لەئایندەدا نەتەوەیی كورد مافی خۆی بەدەستدەهێنێت، بەڵام ئەوە لەسەر مەسەلەی كات وەستاوە، بەڵام من دژی ئەوەم كورد پەنا بەرێت بۆ توندوتیژی و چەك لە هیچ بارودۆخێكدا.
🔹 ئەگەر پارتی كرێكاران دەیەوێت بمێنێتەوەو رۆڵی هەبێت لە ئایندەدا پێویستە واز لەشەڕكردن بهێنێت، چونكە شەڕ بەردەوام ناكۆكییەكان دەوروژێنێت، ئەگەر یەكێك ناچاربێت بەرگری لەخۆی بكات ئەوە شتێكی ترە.
🔹 من ئامۆژگاری مەزڵوم عەبدیم كرد كە نائومێد نەبێت و پەنا بۆ دیالۆگ بەرێت، ئامۆژگاریم كرد بە ئاراستەی یەكخستنی گوتاری كورد و یەك هەڵوێستی هەنگاو بنێت
🔹پەیوەندییەكی باشمان هەیە لەگەڵ توركیا، ئومێد دەكەین بتوانین ئەو پەیوەندییە لە بەرژەوەندی سەقامگیری ناوچە بەكاربهێنین، دەكرێت رۆڵ لە كێشەكانی سوریاش ببینین.
🔹دەسەڵاتدارانی توركیا زمانیان گۆڕاوە، لە رابردودا بە ناوی كوردستان توڕە دەبوون، بەڵام ئێستا باس لە برایەتی كوردو تورك دەكەن.
