هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەبەردەم سیناریۆكان

Draw Media

2024-04-14 14:11:57



هەڵشۆ عبدولفه‌تاح 
پاشئەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان یاسای بەردەوامی خۆی پەسەندكردو هاوشێوەی خولەكانی ڕابردوو ماوەی كاركردنی پەرلەمانی دڕێژكردەوەو ئەم یاسایە لەبەردەم دادگای باڵای دەستوری تانەی لێدرا، بەپاساوی ئەوەی درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنی خولی پەرلەمان لەدەرەوەی دەستوری عێراقە بەتایبەت ماددەی (56)، بۆیە دادگای باڵای فیدراڵی لە30ی ئایاری 2023 یاسای ژمارەی (12)ی ساڵی 2022 هەڵوەشاندنەوەو لەگەڵ ڕەتكردنەوەی هەر یاساو بڕیارێك لەدوای ڕێكەوتی 6ی تشرینی دووەم 2022 دەرچووە بەهەڵوەشاوە هەژماركرد، چونكە پەرلەمان تا ئەو ڕێكەوتە شەرعییەتی دەنگدەری هەبوو.
 لەدوای ئەم بڕیارە پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەم بووە بابەتێكی گرنگ‌و زۆر پێویست، ئەمەش بەهۆكاری ئەوەی هەرێم خاڵ بویەوە لەدەسەڵاتێ یاسادانانی شەرعی‌و ناشەرعی، هەرێم كەوتە ناو بۆشایی دامەزراوەییەوە سەرئەنجام لەڕێكەوتی 3ی ئاداری 2024 سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان مەرسومی چوارەمی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەم دەركردو ئەمەش پاڵشت بە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڕگەی دووەم لە ماددەی دەیەمی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڕیاردرا 10ی حوزەیرانی ئەمساڵ پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەم  بەڕێوەبچێت، بێگومان بەهەماهەنگی‌و تەنسیق لەگەڵ پارتە سیاسییەكان‌و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان/عێراق، دوای ئەو ڕێكەوتە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق دەستیكرد بەئامادەكارییەكان‌و خشتەیەكی بەرنامەی کاری دانا بۆ ئامادەكارییەكانی پرۆسەکە.
لەبەردەوامی ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، پارتی دیموكراتی کوردستان وەك هێزێكی سەرەكی لەهەرێمی كوردستان بەپاساوی بوونی سەرنج‌و تێبینی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەم لەڕێكەوتی 18ی ئازاری 2024 لەڕێگەی بەیاننامەیەک هەڵویستی خۆی بڵاوکردەوەو رایگەیاند بڕیاریداوە بەشداری هەڵبژادنەكە نەكات، ئەم هەڵویستەی پارتی لێكدانەوەو شیكردنەوەی زۆری بۆ دەكرا، ئێمە كارمان بەوەنییە، تەنها لەو بڕگەیە لەسەری دەوەستین ئایا لەدوای ئەم بڕیارە پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەم چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت؟ سیناریۆ‌و ئەگەرەكان چییە؟ چۆن چارەسەر دەکرێت؟
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان/عێراق بەپێی یاسای ژمارە (31)ی ساڵی 2019 دامەزراوەو بەپێی ئەم یاسایەش دەسەڵاتی ئەنجامدانی ڕێكارەكانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی هەیە، بەتایبەت ئەوەی هەرێمی كوردستان جۆرێك لەجیاكاریشی پێدرا ئەویش لەڕێگەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی کە لە ڕێکەوتی 21ی شوباتی ئەمساڵ دەریکرده، بەوەی ئەركی بەڕێوەبردنی پرۆسەكەی خستەئەستۆی، بۆیە ئەو دامەزراوە لەبەردەوامی بەڕێوەبردنی پرۆسەكە دەستیكرد بەتۆماركردنی ناوی بەربژێرانی هەڵبژاردنی خولی شەشەم، پاشان تۆماركردنی پارتی سیاسی‌و هاوپەیمانی دواتر وەرگرتنی لیستی ناوی كاندید، ئەمەش وەك كارێكی رۆتینی‌و ئامادەكاری، تائێستا ڕێكارەكان ئاسایی‌و یاساییە بەڵام ئەوەی بووه‌تە جێگەی هەڵویستە لەسەركردن، پاش سێجار درێژكردنەوەی ماوەی تۆماركردنی پارتی سیاسی‌و وەرگرتنی لیستی كاندیدان، بەڵام پارتی دیموكراتی تائێستاش هەر سورە لەسەر پێشكەشنەكردن‌و خۆتۆمارنەكردنی لەهەڵبژاردنەکە، ئێستا ئەنجامدانی هەڵبژادرنی خولی شەشەم لەبەردەم چەند ئەگەرو سیناریۆیەكەو پرسیار دەکرێت ئایا هەڵبژاردنەکە لەکاتی خۆیدا دەکرێت؟ سیناریۆکان چییە؟ چۆن چارەسەر دەکرێت؟ ئێمە لێرەدا بەوردی سیناریۆكان دەخەینەڕوو:ـ
یەكەم:ـ ڕێكارەكان‌و ئامادەكارییەكان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە وەكخۆی بڕوات‌و پرۆسەكە لە 10ی حوزەیران بەڕێوەبچێت بەبێئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداربێت. بێگومان ئەمە لاوازترین سیناریۆیە، هەرچەند لەڕووی یاسایی‌و ئیدارییەوە ئەم بەشدارینەكردنەی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هێزێكی سیاسی زۆر ئاساییە، چونكە یاساو دەستور چۆن ڕێگەو مافی داوە بەبەشداریكردنی پارتی سیاسی‌و كاندیدو هاوپەیمانی بەهەمان شێوە ڕێگەی داوە بەبەشدارینەكردن. لەڕووی پراكتیكییەوە ئەمە لەعێراق ئەزموون كراوە، هێزی یەكەم كە پێی دەوترێت سەدرییەكان، لەلایەن موقتەدا سەدر سەركردەی دیاری شیعە سەرۆكایەتی دەكرێت لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10ی ئۆكتۆبەری 2021 بەهێنانی 73 كورسی پەرلەمانی عێراق بووە هێزی یەكەم، بەڵام بەهۆکاری ئەوەی ئامادەنەبوو لەگەڵ هێزە شیعییەكانی دیكە حكومەت پێكبهێنێت چووە دەرەوەی پەرلەمان‌و دواتریش لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی نەبەستراو بەهەرێم بەشدارنەبوو پرۆسەکەش بەڕێوەچوو، بەڵام لەهەرێمی كوردستان ئەمە لەڕووی واقعییەوە ئمكانی جێبەجێكردنی نییە، چونكە تائێستا هەرێم لەڕووی جوگرافییەوە دابەشبووە بەسەر دوو پارتی دەسەڵاتدار هەریەكە خۆیان ئیدارەو پۆلیس‌و پێشمەرگەو دەسەڵاتی ناوچەكانی خۆیان بەنزیك لەڕەهایی لای خۆیانە، بۆیە ناکرێت هەڵبژاردنێک بەبێئەوەی هێزی دەسەڵاتداری ناوچەكەی تێیا نەبێت و پرۆسەکەش بڕوات و دامەزراوەکان بخاتە خزمەتی؛ چونکە لەو ناوچانە لە کارمەندێکی ئاسایی تا دواین پلەی باڵا حزب دایدەنێت و لایدەبات؛ بۆیە ئەمە لاوازترین سیناریۆیە.
دووەم:- سیناریۆی دووەم ئەوەیە كۆمسیۆن تیروپشكی بۆ هێزو لایەنە سیاسییەكان‌و كاندیدی سەربەخۆی ئەنجامداوەو ژمارەی پێداون، بێگومان ئەمە ڕیكارێكە لە دەسەڵاتی كۆمسیۆنە، هەرچۆن دەسەڵاتی كاتی كردنەوەو داخستنی  تۆماركردنی پارتە سیاسییەكانی هەیە، بەهەمان شێوە مافی هەیە جارێكی دیكە دەرگای خۆتۆماركردنی بكاته‌وه‌، دەکرێت بۆ ماوەی یەك ڕۆژ یاخود چەند ڕۆژێك دەرگای خۆتۆماركردنی پارتی سیاسی بكاتەوە، ئەمەش تاڕێگە بدات پارتی دیموكراتی كوردستان هاوشێوەی پارتە سیاسییەكانی دیكە خۆی تۆمار بكات‌و ژمارەی پێبدرێت‌و هەڵبژاردنەكە لەكاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت.
ئەم سیناریۆیە دەكەوێتە سەر خواست‌و ویستی پارتی دیموكرات، ئایا نییەت‌و خواستی گۆڕاوە لەبەشدارینەكردنەوە بۆ بەشداریكردن؟ بێگومان ئەوەی تائێستا لە لێدوان‌و دیدارە فەرمییەكانی بەرپرسانیان دەیبینین ئەمە بەدیناكەین، بۆیە ئەم سیناریۆیەش تاڕادەیەك لاوازەو ناتوانێت زۆر ئومێدی لەسەر هەڵبچنرێت.
سێیەم:ـ سیناریۆی سێیەم ئەوەیە؛ هەڵبژاردنی بۆ چەند مانگێك دوابكەوێت بەمەرجێك لەشەش مانگ زیاتر نەبێت، بێگومان لەحاڵەتی جێبەجێكردنی ئەم سیناریۆیە پێویستمان بەجارێكی دیكەی درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنی ئەنجومەنی كۆمسیارانە، ئەویش بەدەنگدان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكرێت، چونكە سەرەتای مانگی تەمموز ماوەی یاسایی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كۆتایی دێت، بۆیە لەدوای ئەو ڕێکەوتە ئەو تاكە بژاردەیەش نامێنێت كە پرۆسەی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانمان بۆ یەڕێوەببات، بۆ چارەسەری ئەمەش پێویستە پرۆژە یاسایەك ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بكرێت‌و لەڕێگەی تەواوكردنی ڕێكارەكانی بەیاساییبوون جارێكی دیكە ماوەی كاركردنیان بۆ دڕێژ بكرێتەوە.
ئەم سیناریۆیەش هەروا ئاسان نییە، چونكە لەڕاستی ئەم ڕێكارە پێویستی بەدەنگی پەرلەمانتارانی عێراقەو ئەمەش دەچێتەوە چوارچێوەی هێزو لایەنە بەشدارەكانی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆیە پێویستت بەوەیە ڕەزامەندی ئەوانی دیکەی لەسەربێت كە ئەمەش هەروا كارێكی ئاسان نابێ‌و پێویستی بەبوونی ئیرادەیەكی سیاسیی بەهێزە، چونكە ڕاستە لەدرێژكردنەوەی یەکەمی تەمەنی ئەنجومەنی كۆمسیاران كارەكە زوو راییكرا، بەڵام ناكرێت خاڵێك نادیدەبگیرێت ئەویش ئەوەیە ئەوكات هێزە شیعییەكان‌و عێراقییەكان پێویستیان پێی بوو بۆ ئەنجامدان‌و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی نەبەستراو بەهەرێم لە18ی كانوونی یەكەمی 2023، بەڵام ئێستا ئەمە بوونی نییە ئەگەر كارێكی وا بكرێت تەنها بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە.
چوارەم:ـ سیناریۆی چوارەم ئەوەیە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان جارێكی دیكە دوابخرێت بكەوێتە ساڵی داهاتوو لەگەڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت.
بۆ ئەم سیناریۆیە یەكێكە لەبژاردە بەهێزەكان‌و ئەنجامدانیشی ڕەنگە كارێكی زۆر قورس نەبێ بەچەند هۆكارێك یەكەم تەنها ڕێككەوتی هەردوو پارتی دەسەڵاتداری دەوێت، كەڕەنگە ئەوەی لەمیدیا دەگوزەرێت پێچەوانە بێت لەگەڵ هۆڵی كۆبونەوەكان، بۆیە كارێكی ئەستەم نییە، بەشێكی دیكەی ئەوەیە ئەم دواخستنەش تاڕادەیەك بڕیارو بەڵی هێزە شیعەكانی دەوێت، ئەمەش بەپێی ئەو پەیوەندییەی ئێستا هەیەو سەردان‌و بەهێزكردنەوەی پەیوەندی عێراق‌و ئەمەریكا لەئارادایە  هێزە شیعەكانیش پێویستیان بەهەردوو هێزە كوردییەكەیە، بۆیە ڕەنگە بەڵێیان بۆ دواخستن‌و یەكخستنی هەردوو هەڵبژاردنەكە كارێكی زۆر قورس نەبێت.
بەشێكی دیكەی لەم سیناریۆیە وەك بەربەست بزانرێت پرسی وڵاتانی نێودەوڵەتی‌و ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، لەڕاستیدا لێرەدا پێویستە ئەوە بزانرێت بۆچوونی ئەمانە تەنها وەك ئعتیبار وەردەگیرێت نەك ئەوەی بڕیاری كۆتایی لای ئەوان بێ، بۆیە ڕەنگە لەڕێككەوتنی نێوان هەردوو هێزە دەسەڵاتدارە كوردییەكە ئەوەش بڕەوێتەوە، باشترین نمونەش بەداخەوە ئەو فشارە لەڕابردووش هەبووە بەڵام وەكخۆی كاری پێنەكراوەو گوێی لێنەگیراوە.
لەم شیكردنەوەیەدا ئەوەی پێویستە بگوترێت ئەوەیە گەیشتنی هەرێمی كوردستان بەم دۆخەی ئێستا كە ماوەی نزیك بە یەک ساڵە دەسەڵاتێكی گرنگ لەهەرێم بوونی نییە كە پەرلەمانە، هەموو ئەمانە ئەنجامەو هۆكاری سەرەكی بۆ ململانێی ناتەندروست كاری هەردوو حزبی دەسەڵاتدار دەگەرێتەوە، كە لەهیچ كام لە خولەكانی پەرلەمانی كوردستان نەیانتوانیوە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكەن، تادواینجار دادگای باڵای فیدراڵی ستۆپی پێكردن‌و ئەو كلتورەی ڕاگرت‌و ئێستاش بەهۆكاری نەگونجاندنی هەردوو حزب‌و بوونی مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەكانیان دەتوانێت بڵێن ڕێگریی ڕاستەوخۆ ناڕاستەوخۆ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم دروستدەكەن، گومانی تێیدا نییە ئەم فۆڕمە لەبەردەوامی هەرێم بەرەو بچوکردنەوەی زیاتر دەبات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand