دیاردەی جیابوونەوەی ھاوسەرگیریی لە دونیای ئێمەدا

Draw Media

2024-03-10 13:31:49



مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)


هەفتەی پێشو ئەنجومەنی داوەریی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک ئاماری گرنگ و سەرنجڕاکێشی لەسەر بارودۆخی دروستکردنی خێزان و جیابوونەوە لە ھەرێمی کوردستاندا، بڵاوکردەوە. ئامارەکان وێنەیەکی گشتیمان لەسەر ئەم دیاردەیە لە دە ساڵی نێوان (٢٠١٤-٢٠٢٣)دا، لە ھەرێمدا نیشائەدات. یەکێک لەو بابەتە سەرەکییانەی ئامارەکان  ھۆکارەکانی جیابوونەوەن لە ھەرێمی کوردستاندا.
بەپێی ئامارەکان لە نێوان ساڵانی (٢٠١٤-٢٠٢٣) دا، رۆژانە (١٢٩) مارەبڕین لە دادگاکانی هەرێمی کوردستاندا تۆمارکراون. وەکچۆن لە ھەمان ماوەدا هەموو رۆژێک زیاتر لە (٢٦) حاڵەتی تەڵاقدان و جیابوونەوە تۆمارکراون. بە مانایەکی دیکە ٢٠% ، لە سەدا بیستی، ئەو ھاوسەرگیریانەی لەو دە ساڵەدا دروستکراون، بە جیابوونەوە کۆتاییان ھاتووە، واتە لە ھەر ٥ ھاوسەرگیرییەک کە دروستکراون، یەکێکیان ھەڵوەشاوەتەوە.
یەکەمین تێبینیەک بکرێت لەم ئاستەدا لەسەر ئەم ئامارانە بیڵێین، نزیکبوونەوەی ژمارەی جیابوونەوەکانە لەو ژمارانەی کە لە وڵاتە ئەوروپییەکاندا ھەن، بۆ نموونە لە ھۆڵەندادا. ئاستی جیابوونەوە لە هۆڵەندادا لە سەدەی بیستەمدا گۆرانکاریی گەورەی بەسەرداھاتووە و لەگەڵ تێپەرینی ساڵەکانی سەدەکەدا ژمارەی جیابوونەوەکان زیادیکردوە. لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا ژمارەی جیابوونەوە لە ھۆڵەندادا لە ھەر ھەزار کەسێک تەنھا ٢ کەس بووە، بەڵام لە نێوان ساڵانی شەستەوە بۆ ناوەڕاستی ساڵانی ھەشتا، ئەم ژمارەیە بەرزبۆتەوە بۆ ١٠ جیابوونەوە لە هەر هەزار ھاوسەرگیرییەک. لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ یشەوە ئەم رێژەیە زۆر زیاتر بەرزدەبێتەوە و لە هەر ٤ هاوسەرگیرییەک کە دروستدەبن یەکێکیان هەڵدەوەشێتەوە. بە مانایەک لە ماناکان ئاستی جیابوونەوە لە کوردستاندا نزیکە لە ئاستی جیابوونەوە لە وڵاتێکی وەک ھۆڵەندایە. دەشێت ئەم لێکچونە وەک یەکێک لە دەرەنجامەکانی دیاردەی بەجیھانیبوون و گۆڕانی خواست و چاوەڕوانیی و سایکۆلۆژیای مرۆڤەکان ببینین، کە لە زیاد لە بەشێک لە بەشە جیاوازەکانی جیھاندا، بە تایبەتی لەلای نەوە گەنجەکان، دروستبووە و ئامادەیە.

ئامارەکان نیشانیئەدەن زۆرترین حاڵەتی جیابوونەوە لای نەوە گەنجەکان ڕوئەدات، ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ٤٠ ساڵە. ژمارەی جیابوونەوەش لای ئەو کەسانەی کە تەمەنیان ٥٠ ساڵ و بەرەوژوورە، بە ڕادەیەکی بەرچاو کەمتر و نزمترە. ئەمەش بەرەو ئەوەمان دەبات کە بڵێین دیاردەی جیابوونەوە لە ھەرێمدا، بە پلەی یەکەم، دیاردەی بەشە گەنجەکەی کۆمەڵگاکەیە. ھۆکارەکانی جیابوونەوەش وەک لە ڕاپۆرتەکەدا ھاتووە بریتین لە:
- نەگونجان لەگەڵ یەكتری: ٢٥%
- جیاوازی تەمەن: ١٤%
- خیانەتی زەوجی: ١٣%
- نەبوونی ماڵی جیا: ١٠%
- مۆبایل و ئینتەرنێت: ١٠ %
- هۆكاری نەزۆكی: ٩ %
- هۆكاری كۆمەڵایەتی:  ٩ %
- ژنهێنانی دووەم: ٤ %
- هۆكاری ئابوری:٣ %
- هۆكاری دیكە: ٣ %

بەڵام ”مەسەلەی نەگونجان لەگەڵ یەکتری“ و ”جیاوازی تەمەن“ و ”نەبوونی ماڵی جیا“ و ”مۆبایل و ئینتەرنێت“، ”ھۆکاری ئابوریی“ کە بەسەریەکەوە نزیکەی ٦٢% لەسەدی ھۆکارەکانە، چیمان پێدەڵێن؟ خوێندنەوەیەکی وردی ھۆکارەکان نیشانیئەدەن بەشی زۆریان، بە پلەی یەکەم، پەیوەندییان بە ژیانی نەوە گەنجەکانەوە ھەیە. ئەگەرچی جیابوونەوە ڕووداوی ناو ھەموو تەمەنێکە، چ لای ژنان و چ لای پیاوان، بەڵام شیکردنەوەیەکی وردی ئەو ئامارانە نیشانیئەدەن کە دیاردەکە لە دونیای ئێمەدا دیاردەی بەشە گەنجەکەی کۆمەلگاکەیە. ئەوانەی کە بەیەکەوە ناگونجێن، جیاوازی تەمەن بەلایانەوە مەسەلەیەکە، ماڵی تایبەتیان نییە، مۆبایل و ئینتەرنێت بەشێوەیەکی بەردەوام بەکاردەھێنن، لە ڕووی ئابووەییەوە لاوازن، دیسانەوە بەشە گەنجەکەی کۆمەڵگاکەیە. بەڵام چۆن ئەم دیاردەیە بنرخێنین؟
لای ھەندێک، جیابوونەوە هێمایە بۆ تێکچوونی ئەخلاق و کەمبوونەوەی بەرپرسیارێتیی و هەڵوەشاندندوەی خێزان، دیاردەیەکی خراپ و نالەباری ناو کۆمەڵگایە، زۆرجاریش بە دوورکەوتنەوە و لادان لە دین و بە تەسلیمبوون بە چێژ و شەھوەتی دنیاییەوە، گرێئدەرێت. ئەوانەی ئەم ڕوانینەیان بۆ دیاردەکە ھەیە، ئەو بەشەی کۆمەڵگان کە دەکرێت بە مۆرالیست، یان ئەخلاقگەرا ناوببرێن. ئەمانە کەم تا زۆر ئەو بەشەی کۆمەڵگاکەن کە کۆنەپارێز و سونەتیین. جیابوونەوە مەرجنییە دیاردەیەکی خراپ بێت، بەپێچەوانەوە دەشێت چەندان رووکاری ئەرێنی پۆزەتیڤی هەبێت. بۆ نموونە دەتوانێت ئامرازی ئازدکردن و رزگارکردنی ژیانی دووکەس لەیەکتری بێت کە توانای بەیەکەوەژیانیان نەبێت، یان ژیانی یەکتریان تاڵکردبێت و کەش و ھەوایەکی تەواو خراپ و ناتەدروستیان بۆیەکتریی و دەوروبەرکەیان، دروستکردبێت. جیابوونەوە دەشێت ئامرازی بەخشینی هەلیتری ژیان بە کەسەکان بێت، کۆتاییهێنانبێت بەو کەش و هەوا ناوەکییە بیمارەی دەشێت لە ژیانی ناو ھاوسەرگرییەکدا دروستبووبێت. بەڵام جیابوونەوە دەشێت کێشە و دڵشکانی گەورەشی لێبکەوێتەوە، بەتایبەتی گەر منداڵ لە ئارادابێت. لەم دۆخانەدا زۆرجار جیابوونەوە منداڵ دەخاتە ناو دۆخێکی دەرونیی و مادی سەختەوە، ھەروەھا بۆ ئەو خانمانەیش کە ناتوانن بژێوی خۆیان دابینبکەن و ژیانێکی تازە بۆخۆیان دروستبکەن.

بە بۆچونی من زیادبوونی ژمارەی جیابوونەوە، بە تایبەتی لای ئەو بەشەی کۆمەڵگا کە گەنجن، بۆ دووجۆر گۆڕانکاریی دەگەرێتەوە کە لە دوای ڕاپەڕیندا دروستبووە. یەکەمیان کۆمەڵێک گۆڕانکاریی کولتوریی و بەھایی و ئەخلاقییە. دووھەمیان کۆمەڵێک گۆڕانکاریی مادیی و ئابورییە. لە یەکەمیاندا ئێمە لە بەردەم کۆمەڵگایەکداین کە گۆڕانی گەورە لە سیستمی بەھاکانیدا دروستبووە. دۆخێکی بەھایی ھاتۆتەکایەوە کە من لە چەند نووسنێکدا ناوی ”شڵەژانی پێوانەیی“م لێناوە. شڵەژانی پێوانەیی ھێما بۆ ئەو دۆخە تایبەتە دەکات کە بەھا سونەتییەکان قورسایی جارانیان نەماوە و بەھا تازەکانیش ھێزی تەواویان نییە نە چەسپاون. جۆرێک لە شڵەژان ئامادەیە کە تیایدا جیاکردنەوەی باش لە خراپ و دەشێت لە ناشێت و دروست لە نادروست، بەو ئاسانییەی جاران لەئارادانییە. ھاوکات لەم کۆمەڵگایەدا پرۆسەی جیاوازی بەتاکەکەسبوون و دروستبوونی شێوازی نوێی کەسایەتیی و لەدایکبوونی فۆرمی تازەی خودسازیی، ھاتۆتەکارەوە. ھەم فۆرمی نوێی ژنبوون و ھەم فۆرمی تازەی پیاوبوون ھاتونەتەکایەوە، کە تیایاندا ھەستکردن بە شوناس و نرخ و مانای تاکەکەسییانەی ژیانی ھەریەکێکیان، بە بەراورد بە قۆناغە کۆنەکان، لە ئاستێکی رێژەیی بەرزدایە. بە تایبەتی لەدایکبوونی زیاد لە نەوەیەکی گەنج لە ژینگەیەکدا کراوە بەسەر ئەزموونی جیاوازی گەنجبوون و ژنبوون و پیاوبوون و بەسەر شێوازی تری ژیاندا، جیاواز لەوانەی ڕۆژگارێکی درێژ لە کۆمەڵگای ئێمەدا باڵادەستبوون. ئەم نەوە گەنجانە جۆرێک لە بەهاو نرخی کۆمەڵایەتییان لا دروستبووە جیاواز لەوەی لای نەوەکانی بەر لە خۆیان هەبووە و جیاواز لەو بەها و نرخە سونەتیی و تەقلیدییانەیش کە ڕۆژگارێکی درێژ، لە دونیای ئێمەدا باڵادەستبوون. ئەمە جگە لە مەسەلەی بەخوێندەواربوون و ئاگادارتربوون لە جیهان، لەڕێگای بوونی توانایەکی گەورەی فێربوون و پەیوەندیکردن لە رێگای تەکنۆلۆژیای پەیوەندیکردنی تازەوە.
  ھەموو ئەو گۆڕانکارییانە وایانکردوە تاکەکەسێک لەدایکببێت کە ھەستێکی تایبەتی بەتاکبوونی خۆی لەناودا دروستبووبێت و پرۆسەیەکی تایبەتی خودسازییش ئاراستەیبکات، وابکات حەز و خواست و داواکاریی و ئومێد و ئارەزوی شەخسیی ھەبێت و چاوەروانیی تایبەتیشیی لەخۆی و لە ژیان و لە ھاوسەرگیریی و بەیەکەوەەژیان لەگەڵ کەسێکی دیکەدا، هەبێت. رێزنەگەرتنی ئەم شتانە، وادەکات کەسەکان نەتوانن بە ئاسانی بەیەکەوە بژین.  

جگە لەو گۆڕانکارییە نەوەعیانە، خودی کۆمەڵگاکە خۆیشی، جیابوونەوەی ھاوسەرەکان لەیەکتری، وەک جاران، بە کێشەیەکی گەورە نازانێت و وەک جۆرێک لە حەیاچوون و دابەزینی نرخی کۆمەڵایەتیی، نایبینێت. ئەو ئیدانەکردن و نزم تەماشاکردنەی جاران بۆ جیابوونەوە هەبوو، لە ئێستادا بەو جۆرە و بەو مانایانەی جاران، نەماوە. ھاوکات نە گەرەک بەو فۆرمانەی جاران بوونی ماوە، نە ژیانی ناو ئاپارتمانە گەورەکان ژیانی ناو کۆڵان و گەڕەکەکانی جارانە. فۆرمەکانی دراوسێیەتیی و بەیەکەوەبوون گۆڕانی گەورەیان بەسەردا ھاتووە. جۆرێک لە دوورەپەرێزیی کۆمەڵایەتی دروستبووە کە بەرھەمی خۆخەریککردنی کەسەکانە بە ژیانی تایبەتی خۆیانەوە و ھەندەسەی تازەی یەکە نیشتەجێەکانی ناو شارەکانیش لە قازانجی ئەم دوورەپەرێزیی و دابڕانانەدایە. ئەمە جگە لەوەی کە کارکردنی ژن و پیاو لەم ڕۆژگارەدا هەمان بەها و نرخیان هەیە و بڕێکی بەرچاو لە ژنان دەتوانن خاوەنی سەرچاوە و داهاتی تایبەت بەخۆیان بن.
ھەڵکشانی دیاردەی جیابوونەوە شتێکیشمان لەسەر خودی خێزان خۆی وەک دەزگایەکی تەقلیدیی ناو دونیای ئێمە پێدەڵێت، نیشانمانئەدات ئەم دەزگایە ئەو هێز و مانا و قورساییەی نەماوە کە نیو سەدە لەمەوپێش هەیبووە. دەتوانین زیادبوون و ھەڵکشانی دیاردەی جیابوونەوە بەو دۆخە گشتییەی پارچەپارچەبوونی کۆمەڵایتیەوە گرێبدەین، کە لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا دروستبووە. نەمان یان لاوازبوونی هاوبەشی کۆمەڵایەتیی و ھاوبەشی فەرهەنگیی، ڕۆل دەبینن لە دابەشبوون و پارچەپارچەبوون و هەڵوەشاندنەوەی یەکە کۆمەڵایەتییەکاندا، لەناویشیاندا خێزان.
بە کورتییەکەی، یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە کە دیاردەی جیابوونەوە یەکێک لە دەرەنجامەکانی پرۆسەی بەتاکەکەسبوون بێت کە چەند دەیەیەکە لە دونیای ئێمەدا بە خەستی لای بەشێکی کۆمەڵگاکە ئامادەیە. جیابوونەوەکان دەشێت وەک ھەوڵدانێک بۆ هەڵبژاردنی جۆری تر لە ژیان وێنابکرێن کە نەکرێت لەناو چوارچێوەی خێزاندا، بە تایبەتی لە چوارچێوە تەقلیدییەکانی خێزاندا، جێیانببێتەوە.

بۆیە بە بیماریکردن و ویناکردنی دیاردەی جیابوونەوە، وەک نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتیی، یان وەک هەڕەشەیەکی ئەخلاقیی، یان کورتکردنەوەی کۆی دیاردەکە بۆ پیلانی دەرەکیی و ناوەکیی، و قسەکردن لەسەر ئەم دیاردەیە بەم زمانە، بەشێکە لە گوتاری هێزە تەقلیدیی و سونەتییەکانی ناو دونیای ئێمە. ئەو ھێزانەی کە توانای بینینی گۆڕانکارییەکان و توانای قبووڵکردنیانی، نییە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand