نێچیرڤان بارزانی: دۆسەی نەوت زۆر شەفاف بوو

Draw Media

2024-02-23 06:05:40



درەو:
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت: دۆسیەی نەوت شەفاف بووەو داهاتەكەی نەچووەتە گیرفانی تایبەتەوە، ئەوكات لە 2014 لەگەڵ عێراق ریككەوتین ئەگەر ئەوان موچە نەدەن ئێمە نەوت بفرۆشین.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دیدارێكی كەناڵی (الحدث) سەبارەت بە پرسیارێكی تایبەت بە نەوت دەڵێت:
پرسیار: نەوتی پێشوو كە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركییەوە هەناردە دەكرا، ئەو پارەیەی دەگەڕایەوە نەدەچووە خەزێنەی حكوومەتەوە، بەڵكوو دەچووە گیرفانی تایبەت! عێراق بەم شێوەیە هەرێمی كوردستانی تۆمەتبار دەكرد، ئێوە چۆن وەڵامی ئەم تۆمەتە دەدەنەوە؟
وەڵام: ئەوكات سەرۆك وەزیران بووم، نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستانەوە دەچووە بەندەری جەیهان. لە بەندەری جەیهانی توركیا كۆمپانیای سۆمۆ هەیە كە هەموو كاری هەناردەكردنی نەوت و پرسی نەوتی عێراق دەكات. لەوێ چاودێریی هەموو بەرمیلێكی دەكرد. ئێمە داوامان كرد كە دەبێ سۆمۆ لەوێ بێت. سۆمۆ هەموو ژمارەكانی تۆمار دەكرد، دوای ئەوە نەوت بە كڕیارەكانی نەوت دەفرۆشرا. ئەو پارەیەی دەهاتەوە، بە ڕێگەپێدانی بانكی ناوەندیی عێراق، دەهاتەوە هەرێمی كوردستان. ئەو كاتە كە ئێمە بودجەمان لە بەغدا نەبوو، ئەو پارەیە بۆ مووچە خەرج دەكرا. ئەم پرۆسەیە هەمووی لەلایەن كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانە‌وە وردبینی بۆ دەكرا. كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان سەیری هەموو ئەو ژمارانەی دەكرد، ئێستاش ئەو ژمارانە هەموویان هەن. ئەمانەمان هەمووی بە وردی داوەتە بەغدا و داومانەتە پەرلەمانی كوردستان. هەر كەسێك بیەوێ زانیاری لەسەر ئەو دۆسیەیە هەبێت، بەوپەڕی شەفافییەتەوە هەموو شتەكان هەن. ئەم تۆمەتانە بێ بەڵگەن و ڕاست نین. فرۆشتنی نەوت شتێك نییە بتوانی بیفرۆشی و بیخەیتە گیرفانی خۆتەوە. شتی وا مومكین نییە! زۆر جار باس لەوە دەكرێت كە هەرێمی كوردستان یەكلایەنە نەوتی فرۆشتووە. ئێمە یەكلایەنە نەوتمان نەفرۆشت، عێراق شوباتی ساڵی 2014 بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی، ئێمە مانگی ئایاری هەمان ساڵ دەستمان بە هەناردەكردنی نەوت كرد. پێشتر لەگەڵ عێراق ڕێككەوتنمان هەبوو، ئەگەر ئەوان بودجەمان نەدەنێ كە ئەوكاتە مالكی سەرۆك وەزیران بوو، مافی خۆمانە نەوت هەناردە بكەین.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand