کێشەی مامۆستایان و ئاستەکانی خراپەکاریی

Draw Media

2024-02-04 19:18:20



مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

 

ماوەی چەند مانگێکە دەیان ھەزار مامۆستا لە دۆخی دەربڕینی ناڕەزایەتیدان بەرامبەر بەو ھەلومەرجە سەختەی ڕووبەڕوویان کراوەتەوە، دۆخی ووشککردنی بژێوی مانگانەیان، کە ژیانی خۆیان و ماڵ و منداڵەکانیانی لەسەربەندە. پێشێلکردنی ئەو مافە ھەرە سادە و ھەرە سەرەتاییە، واتە مافی وەرگرتنی بڕێک داھات لەبەرامبەر ئەو کارەدا کە ئەنجامی ئەدەن، تەنھا لە قۆناغی کۆیلایەتیی و دەرەبەگایەتیدا روویداوە. تەنها لەو قۆناغەدا مرۆڤ ناچارکراوە، جارێک وەک ”کۆیلە“ و جارێک وەک ”مسکێن“، بێ بەرامبەر و بە زۆر کار ئەنجامبدات. بڕێکی گەورەی مرۆڤایەتی زیاد لە چەند سەدەیەکە ئەو دوو قۆناغە ناشیرینەی مێژووی بەجێھێشتوە و لە بەشێکی گەورەی جیھاندا ئاسەوەریان نەماوە. ناچارکردنی مۆرڤ بە کارکردن بەبێ بەرامبەر و بەبێ وەگرتنی ھەقی کارەکەی، لەزۆر رووەوە گەڕانەوەیە بۆ قۆناعی کۆیلەیەتیی و دەربەگایەتی لە ناشیترین فۆرمیدا.

لەسەرێکی دیکەوە پێشێلکردنی ئەو مافە ھەرە سەرەتاییە بۆ ئەو ژمارە گەورەیە لە کەسانی ئیشکەر لە وڵاتەکەدا، ھێما بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ڕەمزیی گەورەش دەکات: کێشەی نەبوونی ھیچ ”پەیمان“ و ”گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی“ کە بتوانێت پارچە و بەشە جیاوازەکانی ئەو کۆمەڵگایە بەیەکەوە گرێبدات و لەناو پەیوەندییەکی ئەخلاقییدا وادا کۆیانبکاتەوە، نەھێڵێت ئەم بەشەی کۆمەڵگاکە متمانەی بە بەشەکانی دیکەی نەمێنێت و ڕێگربێت لەوەی ئاستی پارچەپارچەبوون و دابەشبوونی کۆمەڵایەتی، بۆ ئاستێکی تەواو ترسناک بەرزببێتەوە. بەشبەشکردنی مامۆستایان بەوەی بڕێکیان لەژێر فشار و ترساندندا ناچاربن بۆ پۆلەکانی خوێندن بگەرێننەوە و ئەوانیتریشیان لە دەرەوەی پۆلەکاندا بمێننەوە، ئەم کێشەیە ترسناکتر دەکات و ھیج کۆگیرییەک ناھﺔێڵێتەوە.

 

ھەرەشە بە فەسڵکردن و غائیبدان و گواستنەوە و نانبڕینی زیاتر، دۆخێک دروستدەکات بڕێکی گەورەی ئەو مرۆڤانە ھەست بەوەبکەن کە ”مرۆڤی زیادە“ ن و ھیچ ئیعترافێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسییش لە ئارادانەبێت بتوانێت شتێک لە نرخ و بەھایان بۆ بگێرێنێتەوە. جێھێشتنی ئەو ژمارە گەورەیە لە مامۆستای ناڕازیی بە تەنھا، لە ئارادانەبوونی لانی ھەرەکەمی بەدەمەوەچونی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی، زاڵکردنی لۆژیکی ترساندن و ھەڕەشەکردن و سزادان، وا لە مرۆڤ دەکات ئەو ھەستەی تیادا دروستببێت کە کەسانی دیکە نایانەوێت، کەڵکیان نییە و کەس پێویستیی بەوان نییە، مرۆڤی زیادەن و دەشێت وەک ”تەلەف“، پاشەڕۆ، ببینرێن و مامەڵەبکرێن.

ھەر کۆمەڵگایەکیش ”مرۆڤی زیادە“ و قابیلی ”تەلەف“کردنی بەرھەمھێنا، کۆمەڵگایەکە ئەگەری شەڕ و پێکدادانی کۆمەڵایەتیی لەناویدا گەورە و ھەمەلایەنە. لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا ھەستکردن بە ئاسایش، ڕۆحیەتی متمانەکردن بە یەکتری لاوادەبێت و شوێنیان بەبێ باوڕیی و دڕدۆنگیی، دەگیرێتەوە. لە دونیای ئێمەدا دۆخێک دروستبووە لەسەرێکەوە ملیۆنێر و ملیاردلێری بێئیش و بێبەرھەم و بێکار دروستدەکات. ئەمانە ئەو کەسانەن کە لەناو سیاسەتەوە بۆ ناو ئابووریی دزەدەکەن و پێگە سیاسییەکانیان بۆ پێگەی ئابووریی گەورە تەرجەمەدەکەن. ھەروەھا ئەوانەشن کە لەو نوخبە سیاسییە حوکمڕانەکەوە نزیکن و سەرمایەیەکی زەبەلاح و خۆڕاییان لەبەردەستدایە. کەچی، لەسەرێکی دیکەوە، ئەو ژمارە گەورەیە لە مامۆستا، کە پێویستە ڕۆژانە لەناو پۆلەکانی خوێندندا کاربکەن و رەنج لەگەڵ سەدان هەزار قوتابیدا بدەن، ئەوان بێ دەرامەت و بێ سەرچاوەیەکی مادیی سادە بمێننەوە. نەمانی موچە نەمانی ئەو لانیکەمی  دڵنیاییە کە مرۆڤ پێویستیی پێیەتیی بۆئەوەی بتوانێت مرۆڤبوونی خۆی لە شێوە مادیی و رۆژانەیی و سادەکانیدا، بژیی. وادەکات ئینسان ھەست بەوە نەکات لە ژینگەیەکدا دەژیی ئەوی وەک مرۆڤ قبووڵە و بەردەوام نووقمی کارەسات و تراژیدیای ھەمەجۆری ناکات.
دەبێت حوکمڕانانی ئەو وڵاتە چاوەڕوانی چ مامەڵەکردنێکی عەقڵانی بن لە ھاونیشتیمانیەک ھەستنەکات ئەوان گوێ بۆ داخوازییە ھەرە سەرەتاییەکانی دەگرن و بەمەش وەک مرۆڤێکی زیادە و پاشەرۆیەک، مامەڵەی لەگەڵدا ناکەن کەی بۆیانبکرێت دەستبەرداری ببن. وێناکرنی کەسەکان وەک مرۆڤێک کە پێویستنین، گەورەترین ئیھانەیەکە بە کەرامەتی ئینسانی ئەوان بکرێت. دیوی دووھەمی سیاسەتی ترساندنی مامۆستایان و ناچارکردنیان بە دەوامکردن ئەم سیاسەتی رێزنەگرتن و ئیھانەکردنەی بەردەوامەی مرۆڤی ئەو کۆمەڵگایەی لەپشتە.  

ھانا ئارێنت دەیگوت خراپەکارییە ھەرە گەورەکانی دونیا، ئەو کەسانە ئەنجامیئەدەن کەناتوانن بیربکەنەوە. لای ئەم ژنە تیوریستە، بیرنەکردنەوە سەرچاوەی ھەموو نەھامەتییەکانە. ئەوە بیرنەکردەوەیە وادەکات مرۆڤ نەتوانێت ھیچ داوەریکردنێکی ئەخلاقیی و ویژدانی ئەنجامبدات و خراپەکاریی بەردەوامیش ئەنجامبدات و پێیوابێت ئەو کاری ئاسایی خۆی جێبەجێدەکات. بیرنەکرنەوە مرۆڤ دەگۆڕێت بە کوتلەیەکی بێرۆح و بێتێگەیشتن و بێویژدان. کە بیرکردنەوە نامێنێت، مرۆڤ ئەو شتانە دەکات کە کەسانی تر داوای لێدەکەن بیکەن، یاخود تەلسیمی خواست و حەز و سایکۆلۆژیای شەخسی خۆی دەبێت. ئەوەی ئەمڕۆکە لە ھەرێمدا ڕووئەدات ئەم کردەی بیرنەکردنەوە ترسناکە و بەردەوامەیە. فۆرمێک لە حوکمڕانیی ئامادەیە کە بیرکردنەوەی تەڵاقداوە، ئەوەی کۆی دەزگاکان و بڕیارەکان دەجوڵێنێت سایکۆلۆژیا و خواست و تەماحی شەخسیی و گروپی ئەو نوخبەیەیە کە حوکمڕانە. کەسانێکیش بیرنەکەوە زۆر ترسناکترن لە کەسانێک چەک بەدەستبن و بتوانن کەسانیتر، بکوژن.

 

 

فەیلەسوفێکی گەورەی وەک ئیمانۆیل کانتیش کاتێک باس لە خراپەکاریی دەکات، سێ ئاستی خراپەکاری لەیەکتری جیادەکاتەوە، کە پاڵنەرەکانی ئەو خراپەکارییانە بڕ و ڕادەی خراپبوونیان، دیاریدەکات. یەکەمیان، ئەو جۆرەیە لە خراپەکاری کە لە کەسایەتییەکی پوچ و ناجێگیرەوە سەرچاوە دەگرێت، کەسێکی ھیچ نەزان و نائاگا. ئەم ئاستە لە خرپەکاریی ئاستە سادەکەی خراپەکارییە. دووھەمیان، ئەو جۆرە خراپەکارییەیە کە لەوی پێشویان زیانبەخشتر و ترسناکترە، ئەویش خراپەکاریی ئەو کەسانەیە کە لە کینەدۆزیی و ڕقەوە کاری خراپە ئەنجامئەدەن. ھەرچی شێوازی سێھەمی خراپەکارییە، کە مەترسیدارترە لە ھەردوو شێوازەکەی تر، ئەو جۆرەیە لە خراپەکاریی کە لە گەندەڵیی و فەساد و ساختەکارییەوە، سەرچاوەدەگرێت. لەم ئاستەدا مرۆڤ دەستبەرداری هەر پابەندبوون و بەرپرسیارێتییەک دەبێت لەناو ئەو ژینگەیەدا کە تیایدا دەژیی و هیچ گرنگییەکیش بە ھیچ ”گرێبەستی کۆمەڵایەتیی“ و  ”ئەخلاقی“ش، نادات.

وەک پێشتریش ھێمام پێکرد، ھیچ شتک ھێندەی ووشککردنی سەرچاوەی بژێوی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگا، ھێما بۆ غیابی تەواوەتی ھەر گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا ناکات. ئەوەی ئەمرۆکە لە مامۆستایان داوادەکرێت جگە لە گوێڕایەڵیکردنێکی ڕەھا شتێکی دیکە نییە، گوێڕایەڵییەکی بێئیرادە بۆ منی فوتێکراوی ئەو سیاسییانەی ھەرێمەکە بەڕێوەدەبەن. وەک ھانا ئارێنتیش دەڵێت، مرۆڤ زۆر مافی ھەیە، بەڵام ھیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە گوێڕایەڵ و گوێ لەمست بێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand