جەنگ و مامۆستای بێموچەو ئەخلاق

Draw Media

2024-01-28 15:02:37



 

مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی ئەو بەشەی کە دەکەوێتە نێوان میسرو ئێران و تورکیاو ئیسرائیلەوە، ناوچەیەکە پڕ لە جەنگ و ئەگەری جەنگ، پڕ لە کوشتن بڕین و پەلاماردان. شەڕو شۆڕو نائارامیی دیاردەی سەرەکیی ئەو ناوچەیەو لە دوو ده‌یەی رابردوودا بەدەگمەن ساتەوەختێک دەدۆزینەوە خاڵی بووبێت لەم دیاردەیە. جەنگی چەندجارەی ئیسرائیل و فەلەستینییەکان، جەنگی نێوان لایەنە ناکۆکەکان لە یەمەن، جەنگ لە سوریا، جەنگی درێژخایەنی تورکیا لەگەڵ کوردو لەناو سوریادا. جەنگی نێوان میلیشیا ناکۆکەکانی ناو عێراق، جەنگی دەوڵەتی عێراقی لەگەڵ ئەو میلیشیایانەدا، جەنگی نێوان ئەمریکاو میلیشیا جیھادییەکان. جەنگ لە ئێران لەنێوان دەوڵەت و بەشێکی زۆری ناوچەکە، کە زۆربەیان جەنگی لەبرییە، جەنگی دەوڵەتی ئێرانی لەگەڵ پێکھاتە جیاوازەکانی ناو سنورەکانیدا.
لە ھەرێمی کوردستانیشدا جەنگ و ئەگەری جەنگ لەنێوان ھێزە سیاسییە ناکۆک و دوژمناکارەکانی ھەرێمدا بەشێکی بەرچاوی مێژووی دوای ڕاپەڕینە، جەنگی ھێزو بزاوتە دیندارە توندڕەوەکان لەگەڵ کۆمەڵگاو لەگەڵ ھێزە نادینییەکاندا، ئینجا ئامادەگیی توندوتیژو خوێناوی وڵاتانی دراوسێ و تەماحە ئیمپراتۆریەتییەکانیان لە ھەرێمداو تێکەڵبوونیان بە بوونی دەیان ھێزی میلیشیایی لە عێراق و ناوچەکەدا.
 لە سەرووی ھەموو ئەمانەشەوە ئەگەری پێکدادانی نێوان میلەتانی ناوچەکەو ئەو رژێمە گەندەڵ و توندوتیژو خوێناویانەی حوکمڕانیان دەکەن، ئەگەرێکی کراوەیە. لە سەرجەمی ناوچەکەدا بڕێکی گەورە لە توڕەیی و ناڕازیبوون و نائومێدبوون لە ئارادایە، کە ھەریەکێکیان بەشێوەیەکی تایبەت فو بە کورەی جەنگدا دەکەن، دەیان فۆرمی نادادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابوریی و دینیی لە ئارادان کە جەنگ و پێکدادان دەکەنە یەکێک لە دەرەنجامە بەھێزو چاوەڕوانکراوەکان.

بە کورتیی، زیاد لە بەشێکی ناوچەکە یان لە دۆخی جەنگێکی خوێناویدایە، یاخود لەبەردەم ئەگەری جەنگێکی لەو بابەتەدایە. کۆمەڵێک ململانێی سەختگیر لە ئارادان، کە بەرە جیاوازەکانی ئەو ململانێیە باکیان بە چارەسەرکردنی سیاسییانەو ھێمنی ئەو کێشانە نییەو جەنگ و پێکدادان بەئاسانی دەتوانێت یەکێک لە دەرەنجامە سەرەکییەکانی ئەو ململانێیانە، بێت.

ھاوکات ناوچەکە پڕیشیەتی لە چەکی کۆکوژیی ترسناک، ئیسرائیل و پاکستان دوو ھێزن خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئێرانیش پرۆژەو خەونی بوون بە ھێزێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی ھەیە، تورکیا ئەندامی ناتۆیەو لەڕووی تیورییەوە تەواوی ھێزو توانا سەربازییەکەی ناتۆی لەبەردەستدایە. چەندان بنکەی سەربازی ئەمریکیش لە ناوچەکەدا ھەن کە توانای وەگەڕخستنی جبەخانە گەورەکەی چەکی ئەمریکایان ھەیە. ئینجا دەیەھا میلیشیای گەورەش ھەن کە پڕ چەک و پڕ ڕقن و خاوەنی تەکنۆلۆژیای کوشتنی مۆدێرنن، لە فۆرمی بکەری نادەوڵەتیدا ئامادەن و لەھەندێک دۆخدا تواناکانیان لە توانای خودی ئەو دەوڵەتەی تیایدا ئامادەن، بەھێزترە، وەک دۆخی حیزبوڵای لوبنانی و حوسییەکانی یەمەن و حەماسی فەلەستینی. میلیشیاکانی عێراقیش بەھەمان ئاڕاستەدا دەڕۆن و گەشەدەکەن. ئەمە جگە لە بوونی ژمارەیەکی خەیاڵی لە درۆن لەناوچەکەدا کە ھەم لەبەردەستی دەوڵەتەکان و ھەم لە بەردەستی ھێزە میلیشیاکاندایە. دۆخێکی ئابوریی سەختیش لەئارادایە خەڵکانێکی زۆری ناچاردەکات بۆ دابینکردنی نانی رۆژانەیان، ببنە بەشێک لەو نەخشە جەنگاوییە ترسناکەو لەناو ھێزە سەربازیی و میلیشیاکانی ناوچەکەدا دەستبەکاربن. ئەمە جگە لە تێوەگلانی ناوچەکە لە بازرگانی ماددەی ھۆشبەرو وێرانکردنی کەسایەتی و ژیانی بەشێکی گەورەی مرۆڤە خەمبارەکانی ئەو ناوچەیە.
لە ھەرێمەکەی ئێمەشدا بەشێکی گەورەی ئەو دیاردانەی باسمکرد ئامادەیە، ھێزی سیاسیی ناتەباو نابەرپرسیار ھەن و حوکمڕانن، ھێزی سەربازیی سەر بە حیزب و کەس و بنەماڵەی سیاسیی ھەن و کاردەکەن، جیھازێکی بیرۆکراسیی گەورەی پڕکراو لە کەسانی بندیار ھەیە، نادادپەروەریی گەورە لە ھەموو بوارەکانی ژیان و حوکمڕانیی و بەڕێوەبردندا ئامادەیەو کاردەکات، سیستمێکی سیاسیی داخراو و دابڕاو لە کۆمەڵگا لەئارادایە، دۆخێکی ئابوریی وێران سەروەرە، بزوتنەوەی کۆمەڵایەتیی بێوەڵام لەسەرشەقامن و داوای مافە ھەرە سەرەتاییەکانی خۆیان دەکەن، بۆ نموونە ناڕەزایی دەربڕینی دەیان ھەزار مامۆستا بۆ چەندان مانگ لەپێناوی وەرگرتنی موچەکانیاندا، ھتد.. ئینجا نفوزی گەورەو ئامادەگی بەرفراوانی وڵاتانی دراوسێ لە ھەرێمەکەدا کە ھەریەکێکیان ھەڵگری پرۆژەی تایبەتی تێکدانی ھەرێمەکەیە، وەک ھەندێک سەرچاوە دەڵێن لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی تورکیا لەڕێگەی(٢١٥) بنکەو بارەگای سەربازییەوە هاتوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوەو سەروەری عێراق و ھەرێم و خودی مرۆڤەکانیان پێشێلکردووە.
لەسەروو ھەموو ئەمانەشەوە پاشەکشەکردنێکی گەورەو بەرچاوی دۆزی کورد ھەم لەناوخۆو ھەم لە ناوچەکەو ھەم لە جیھاندا.


کەچی لەباتی ھەر ھەوڵدانێکی ناوەکیی لە ھەرێمدا بۆ چارەسەرکردنی لانیکەمی ئەو کێشانە، گوێمان لەوەدەبێت کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ”حیزبوڵای کوردی“ دروستدەبێت و ھێزێکی دینیی تر، لەسەر مۆدێلی حیزبوڵای لوبنانی، لە ھەرێمەکەدا ئامادەدەکرێت. بێگومان ھێزێک بە میلیشیاو چەکدارو میدیاو بودجەو درۆنی تایبەتیی خۆیەوە. یاخود دەبینین دەزگای میدیایی تازەو تەلەفیزیۆنی ساتالایتی نوێ، بە بودجەیەکی گەورەوە، دادەمەزرێت. یاخود لیستێکی پڕ ناوی چەندبارەو پڕ گەندەڵیی بۆ موچە بۆ بەغدا دەنێردرێت کە وادەکات موچەی بەشە ئیشکەرەکەی وڵاتەکەش بخرێتە مەترسییەوە. یان ھێزی تایبەت بۆ ئەم یان ئەو کەس دروستدەکەن کە سەنگەرگۆڕی دەکات و لەم پارتی سیاسییەوە دەچێتە ناو ئەویتریان، ھتد...
لە ڕاستیدا ئەوەی لەم ھەرێمدا دەیبینین تەنھا دەرکەوتە جیاوازەکانی ئەو دیمەنە نییە کە لەسەرەوە باسمکرد، تەنھا ھێرش و پەلاماریی دەرەکیی و ئەگەری جەنگ و بوونی حوکمڕانییەکی تەواو نابەرپرسیارو گەندەڵ نییە، ئەوەی ھەیەو ھەموو جیھان بە ئاشکرا دەیبینێت، دابڕان و ڕووتبوونەوەی ”مەسەلەی کورد“ە، لە سەرجەمی رەھەندە ئەخلاقیی و ویژدانییەکانی. ناشیرینبوونێکی سەرتاسەریی سەرجەمی ئەزموونەکەو سەرجەمی ئەو خواست و چاوەڕوانییە ئینسانیی و ئەخلاقییانەیە کە لەم مەسەلەیەوە ئاڵاوە. ئەمەش دەرەنجامی ئەو ڕاستییەیە کە ئەزموونی حوکمڕانی کوردیی، لەدوای ڕاپەڕینەوە تا ئەمڕۆ، بەتایبەتی لە دۆخی ئەم چەند ساڵەی دواییدا، لە ھیچ تاقیکردنەوەیەکی ئەخلاقییدا دەرناچێت. چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ژیانی گشتیی، چۆنیەتی ئیدارەدانی ناکۆکیی و ململانێکان، شێوازی بەڕێوەبردنی دەزگا سەرەکییەکان لە وڵاتەکەدا، چۆنیەتی بڕیاردان لە مەسەلە ستراتیژیی و گرنگەکاندا، شێوازی مامەڵەکردنی نەیاران و کەسانی جیاواز، جۆری پەیوەندیی ناوەکیی ھێزە حوکمڕانەکان لەگەڵ یەکدا، شێوازی پەیوەندیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و لەگەڵ خودی کۆمەڵگاکەی خۆیاندا، بارگاوی نین بە لانی ھەرەکەمی ڕەھەندێکی ئەخلاقیی، کە بشێت وەک رەھەندی ئەخلاقیی مەسەلەی میلەتێک نیشانبدرێت، بەتایبەتی میلەتێک کە زیاد لە سەدەیەکە بە کەمینەکراوەو لەو دۆخی کەمینەبوونەوە خەریکی بەرگریکردنە لەخۆی و شوناس و زمان و بوون و مانەوە و مافی گەشەکردن و پێشکەوتنی.
خاڵی سەرەکیی لە رەھەندە ئەخلاقییەکانی ھەر دۆزێکی سیاسیدا، بریتییە لە مەسەلەی دادپەروەریی، ھەر سیاسەتێک، بەناوی ھەر مەسەلەیەکەوە ھەبێت و قسەبکات، کاتێک خاڵیی دەبێت لەو لانی کەمەی دادپەروریی کە پێویستە، لەوەدەکەوێت ھەڵگری ئەو لانیکەمە لە رەھەندی ئەخلاقیی بێت کە بشێت بەرگریی لێبکرێت. ھەر سیاسەتێک و ھەر مەسەلەیەک بیەوێت شوێنی ڕێزو نرخ بۆدانان بێت، پێویستیی بەو لانیکەمە لە ڕەھەندی ئەخلاقیی ھەیە کە بیرۆکەی دادەپه‌روەریی بنەما سەرەکییەی دەستنیشاندەکات.
لەم چەند ساڵەی ڕابردووشدا ھیچ دیاردەیەک ھێندەی شێوازی مامەڵەکردن و کاردانەوە بە ڕووی ئەو ناڕەزایی دەربڕینە درێژخایەنەی دەیان ھەزار لە مامۆستای بێموچەو بێدەرامەتدا دەرخەری بزربوون و نەبوونی ئەو رەھەندە ئەخلاقیی و ویژدانییە نییە لە حوکمڕانیی کوردیدا. حوکمڕانییەک‌ کە پێیوایە بەناوی مەسەلەی میلەتێکەوە دروستبووەو بەناوی ئەویشەوە حوکمدەکات.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand