کێن ئەوانەی باس لە سەروەری دەکەن؟

Draw Media

2024-01-21 19:40:40



مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

لە دوای ھێرشەکەی ئێرانەوە بۆسەر ھەولێر  زاراوەی ”سەروەریی“ بووە بە زاراوەی سەرەوکیی ناو ئەو زمانە سیاسییە کە لایانە جیاواز و دژ بەیەكەکان قسەی پێدەکەن. ئەم زاراوەیە ھەم بەشێک بوو لە زمانی بەرگریرکردنی ئێرانییەکان لە خۆیان و ھەم لە زمانی ئیدانەکردن و ناڕەزایی دەربڕینی ئەوانەیش کە کردەوەکەی ئێرانیان بە کردەوەیەكی توندوتیژ و دوژمنکارانە ناساند. واتە زاراوەکە
ھەم زاراوەی بەخشینی رەوایەتی بوو بە پەلامارەکان و ھەم زاراوەی ئیدانەکردن و نارەزیی دەربڕین بوو، بەرامبەر بە پەلامارەکە. دەسەڵاتدارانی ئێران ووتیان "هێرشه‌كه‌ی هه‌ولێر له‌چوارچێوه‌ی به‌رگریكردندایه‌ له‌ سه‌روه‌ری و ئاسایشی ئێران". باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ئیدانەی هێرشەکەی سەر هەولێری کردو پێی لەسەر ئەوەداگرت کە ئەو ھێرشە و ”هێرشەکانی ئەم دواییە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری عێراقە.“وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش رایگەیاند کە ”هێرشەكەی ئێران دوژمنكاریە بۆ سەر سەروەری عێراق“. مەسرور بارزانیش، وەک سەرۆكی حکومەتی هەرێم، لە داڤۆسەوە ھێرشەکەی بە”پێشێلکردنی سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستان“ ناوبرد.

بۆ کەسێک کەمێک شارەزای مێژووی فیکری سیاسیی بێت، دەزانێت زاراوەی ”سەروەریی“، لە سەدەی ھەژدەھەمەوە، وەک بەردی بناغەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەبنیرێت و مامەڵەدەکرێت. چەمکەکە بنەمای یاسای سەرەکیی چۆنیەتی مامەڵەکردنی دەوڵەتەکانە بۆ یەکتری. لەپاڵ ئەم زاراوەیەدا، دەوڵەتەکان ھەم لەناو خۆیاندا ”سەروەر“ن لەوەدا چۆن پەیوەندییە ناوەکییەکانی ناو دەوڵەتەکە دادەرێژن و رێکدەخەن و ھەم لە پەیوەندییە دەرەکییەکانیشدا رێ لەوەدەگرێت دەوڵەتان دەست وەردەنە ناو کاروباریی یەکترییەوە. چەمکی سەروەریی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی  بە بەخشینی رەوایەتیشەوە ھەیە بە کردەی ”بەرگریکردن لە خود“، ئەوەی بە ئینگلیزیی پێیدەڵێن self-defence، کە لە دونیای ئەمڕۆدا مانای بەرگریکردن لە نیشتیمان و نەتەوە دەگەیەنێت، لە بەرامبەر ھەر ھەڕەشەیەکی دەرەکیدا. ھاوکات زاراوەی ”سەرەوەریی“ بە بوونی ”دەوڵەتی نەتەوە“وە گرێدراوە. ئەوەی لە کۆتاییەکانی سەدەی ھەژدەھەم و لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەھەمەوە وەک بوونەوەرێکی سەروەر مامەڵە دەکرێت، دەوڵەتە، ”دەوڵەتی نەتەوە“،سەرەتا لە ئەوروپادا دروستدەبێت و دواتر بە بەشەکانی تری جیھاندا بڵاودەبێتەوە. بۆیە ھەر دەوڵەتێک کە باسی سەرەوەی کرد، ئەوا باس لە ”سەروەری نەتەوەیی“ دەکات، باس لەوەدەکات ئەو دەوڵەتە ”دەوڵەتی نەتەوە“یە و ئەو سەروەرییەی ئەو دەوڵەتە ھەیەتی سەروەریی ئەو نەتەوەیەیە کە ئەو دەوڵەتە نوێنەرایەتی و بەرجەستەی، دەکات.


بەڵام پرسیاری سەرەکیی لە پەیوەندیدا بە چەمکی ”سەروەری“ەوە ئەوەیە ئایا دەوڵەتەکانی ئەم ناوچەیە دەوڵەتی نەتەوەن یان نا؟ ئایا دانیشتوانە پڕ لە جیاوازییەکانی ناو سنووری ئەو دەوڵەتانە توانیویانە ببن بە نەتەوە یان نا؟ ئایا توانیویانە ئەو کۆمەڵگا خەیاڵکردە یەکگرتو و ھاوشێوەیە دروستبکەن کە بە نەتەوە ناوببرێت؟ وردتر بپرسین ئایا بەراستی ئێران دەوڵەتی نەتەوەیە؟ شتێک ھەیە بەناوی نەتەوەی ئێرانییەوە؟ نەک تەنھا ئێران، ئایا لە کۆی ناوچەکەدا دەوڵەتی نەتەوە بوونی ھەیە یان نا؟ لە ئێراندا، ئایا ئەو وڵاتە سەرزەمینی بەزۆر کۆکردنەوەی چەندان گروپ و کۆمەڵەی ئەتنیی و دینیی و مەزھەبیی جیاواز نییە، کە ھەریەکەیان وێنەیەکیان لەسەر شوناسی کۆیی خۆیان ھەیە، ناچێتە ناو شوناسی بوونی ئەو نەتەوە ئێرانییە کە حوکمڕانانی ئەو وڵاتە بۆ ئەو وڵاتەیان ھەیە؟ ھەمان پرسیار بۆ عێراق و تورکیا و سوریا و لوبنان و سعودیە و یەمەن و لوبنان و زۆرێک لە وڵاتانی تری ناوچەکە ڕاستە. ئایا ئەو وڵاتانە خاوەنی یەک نەتەوەن، یان خاوەنی چەندان گروپی جیاواز و چەندان پێکھاتەی ھەمەرەنگیی بەر لە دروستبوونی نەتەوەن؟ ھەموو ئەو پرسیارانە بەرەو ئەوەمان دەبا کە بپرسین: ئایا بەکارھێنانی چەمکی ”سەروەریی“ لەلایەن دەوڵەتەکانی ئەم ناوچەیەوە، لانی ھەرەکەمی ڕەوایەتی سیاسیی و ئەخلاقیی تێدایە؟ یان چەمکەکە بۆ بەرگریکردن لەو سیستمی حوکمڕانییانە بەکاردەێت کە پەیوەندیان بە دەوڵەتی نەتەوە و بە خودی نەتەوە و نیشتیمانی نەتەوەییەوە، نییە؟

بە بۆچوونی من ھیچ یەکێک لە دەوڵەتە سەرەکییەکانی ئەم ناوچەیە، دەوڵەتی نەتەوە نین، دەوڵەتێک نین لەوەدا سەرکەوتووبن دانیشتوانە جیاواز و ھەمەرەنگەکەیان، بکەن بە نەتەوە و وایان لێبکەن ھەست بەوەبکەن خاوەنی یەک شوناسی سەرەکیی و ھاوبەشن. یان لانیکەمی شوناسی خۆیان لەناو ئەو شوناسەدا بدۆزنەوە کە حوکمڕانان لەسەرەوە بەسەر ھەمووندا دەیسپێنێت؟ دەوڵەتەکانی ئەم ناوچەیە دەوڵەتی گروپێکی ئەتنی یان دینیی یان ناوچەیی یان مەزھەبی دیاریکراون و ئەم دۆخەش وایلێکردون لە باتی ئەوەی دەوڵەتی ھەموو نەتەوە بن، دەوڵەتی نەتەوە بن، دەوڵەتێکی سێکتاریی، تائیفی، یان ئەتنی، یان دینیی، یان نوخبەیەکی تەواو داخراوبن و بەھیچ جۆرێک نوێنەرایەتی کۆی ئەو دانیشتوانە نەکەن کە لەناو سنوورەکانیاندا کۆبوونەتەوە و دەژین و نەتوانراوە بکرێن بە نەتەوە.
ئەمەش وادەکات ئەو دەوڵەتانە ھەم لە ئاستی ناوەکییدا و ھەم لە ئاستی دەرەکییدا خاوەنی سەروەریی نەبن. لە ئاستی ناوەکیدا، حوکمڕانەکانی ئەو دەوڵەتانە، خاوەنی سەروەریی نین چونکە ئەوان نوێنەرایەتی کۆی کۆمەڵگاکە ناکەن و سەروەریی ئەوان سەروەریی کۆمەڵگاکە وەک نەتەوەیەکی یەکگرتوو نییە. لە باشترین دۆخدا سەروەری ئەوان سەروەری بەشێکی کۆمەڵگاکەیە، کە ئەمەش نایکاتە خاوەنی ئەو سەروەرییەی لە سەدەی ھەژدەھەمەوە بە سەروەری دەوڵەتی نەتەوەوە، گرێدراوە. لە ئاستی دەرەکیشدا ئەوەی ئەنجامی ئەدەن کردەیەک نییە بتوانن بەناوی ھەموو نەتەوەکەوە ئەنجامیبدەن و لە جەوھەریشدا بەرگریکردن بێت لەو نەتەوەیە.

بە کورتییەکەی، ئەگەر لەم بەشەی دونیادا شتێک بەناوی دەوڵەتی نەتەوەوە بوونی نەبێت، ئەمە مانای ئەوەیە شتێکیش بەناوی نەتەوە و نیشتیمانی نەتەوەییەوە دروستنەبووە و دروستنەکراوە، کەواتە ئەو ”بەرگریکردنە لە خود“ کە پەنای بۆ دەبرێت، لە باشترین حاڵەتدا، بەرگریکردنە لەو گروپە تایبەتەی کە حوکمڕانە، ئەو گروپەی، کە زۆربەی جار، ھەم میلەتەکەی خۆی گیری بەدەستییەوە خواردوە، ھەم  دنیای دەرەوە و دەوڵەتەکانی دراوسێشی. لە ڕاستیدا ئەوەی لەم ناوچەیەدا ھەیە کۆمەڵێک حاکمی بێمیلەت و ژمارەیەک دەسەڵاتداری بێ نەتەوە و کۆمەڵێک جوگرفیایە کە نەیانتوانیوە ببن بە نیشتیمان. بەڵام ئەم حوکمڕانانە بەناوی میلەت و دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییەوە قسەدەکەن.
بەم مانایە، بۆ نموونە، دەوڵەتی ئێرانی دەوڵەتی نەتەوە نییە، چونکە شتێک بەناوی نەتەوەی ئێرانەوە بوونی نییە کە کۆی دانیشتوانە جیاوازەکەی ئەو وڵاتە خۆیان بە بەشێکی بزانن و ئەو نەتەوە دروستکراو و سەپاوە بە نوێنەرانی خۆیان بزانن.  ئەوەی ھەیە یەکەیەکی سیاسییە نوێنەرایەتی گروپێکی ئەتنی دیاریکراو، واتە فارس، و مەزھەبێکی دینیی دیاریکراو، واتە شیعە، لە وڵاتەکەدا دەکات. ھەمان روانین بۆ دەوڵەتەکانی تری ناوچەکە، لەوانەش تورکیا، سوریا، لوبنان، عێراق و سعودیە و یەمەن، بە ھەمانشێوە راستە.

جگە لەمە لەم ناوچەیەی ئێمەدا ژمارەیەک لەو دەوڵەتانە کە دەوڵەتی نەتەوە و نیشتیمانێکی دیاریکراو نین، خۆیان وەک دەوڵەتی ئیمپراتۆری دەبینن و خەونی بوون بە ئیمپراتۆریەتی  ناوچەکە دەبینن. ئەم خەونە ئەو ھەستەی تێدا دروستکردون کە خۆیان بەخاوەنی ھەموو ناوچەکە بزانن. ھەم ئێران و ھەم تورکیای سەردەمی ئەردۆغان و عوسمانیزمی نوێ، ئەم خەون و تەماحە ئیمپراتۆریەتانەیان ھەیە و کاریشی بۆدەکەن. لە قۆناغەکانی پێشوتریشدا ناسیۆنالیزمی عەرەبی، لە فۆرمە ناسریی و بەعسییەکەیدا، باسیان لە خۆ بە خاوەن زانینی ھەموو دونیای عەرەب دەکرد. ئەگەر ئێران و تورکیا لە نموونە ھەرە دیارەکانی نوێنەرایەتیکردنی ئەم خەونە ئیمپراتۆرییە بکەن. لە ئێستادا سعودیە و قەتەر و ئیماراتیشی ھاتۆتەسەر. ھەموو ئەم دەوڵەتانە ھیچ ڕێزێک بۆ چەمکی سەروەریی دانانێن و وا ھەڵسوکەوت دەکەن وەک ئەو چەمکە بوونی نەبێت. ھەرموویان دەستدەخە کاروباری سەرجەمی دەوڵەتەکانی ناوچەکەوە، ھەرجارە و بەشێوەیەک، جارێک لەرێگای دەستوەردانی سیاسییەوە، جارێک لە رێگای دەستوەردانی ئابورییەوە، جارێکی تر لەرێگای دەستدرێژیکردنی سەربازییەوە، تا بە بەرپاکردنی جەنگ دەکات. لە ڕاستیدا ئەوەی لەم ناوچەیەدا لە ململانێدایە و بەیەکدا دەدات تەنانەت کۆمەڵێک ناسیۆنالیزمی تائیفیی توندوتیژ و دوژمنکارانە نییە، بەڵکو کۆمەڵێک گروپ و تاقم و مەزھەب و حوکمڕانن، کە خاوەنی خەونی ئیمپراتۆریەتی گەورەن و ھەریەکێکیشیان ئەوانیتری لەخۆی نەچوو، بە رێگرێکی ترسناک لەبەردەم ئەم خەونە ئیمپراتۆرییە ناشەرعیەدا دەزانێت.

 

ھەموو ئەم شتانە وادەکەن چەمکی سەرەوەریی نەتەوەیی و نیشتیمانی، کە ئەمرۆ لەسەر زاری کۆی بکەرە سیاسییەکانی ناوچەکەیە، چەمکێکی بەتاڵبێت و ھێما بۆ دۆخێکی کۆنکرێت و مێژووی راستەقینە نەکات، چەمکێک بێت ھێما بۆ بۆشاییەکی سیاسیی گەورە بکات، بۆشاییی نەبوونی نەتەوەیەک بەگریی لێبکرێت. بۆیە ئەوەی چەمکی سەروەریی لەم ساتەدا بەرگریی لێدەکات ئەو خەونە ئیمپراتۆرییە ناقۆڵایەیە کە کۆمەڵێک بکەری سیاسیی خاوەن دەسەڵاتی نانەتەوەیی و نانیشتیمانی و تائیفیی، لەم ناوچەیەدا نوێنەرایەتی دەکەن.

یەکێکی تر لە کێشە گەورەکانی ناوچەکە ئەوەیە ئەم ھێزە تائیفییانە دەیان پرۆکسیی و ھێزی ناوچەیی جیاوازیان لە چەندان وڵاتی ناوچەکەدا بۆخۆیان دروستکردوە و چەکداریان کردون، ئەوەی بخوازن و بیانەوێت لە رێگای ئەوانەوە ئەنجامیئەدەن.  حیزبوڵا و حەماس و حوسیەکان و حەشدی شەعبی بۆ ئێران و ئەلقاعیدە و جەبھەی نوسرە و چەندان گروپی تر بۆ تورکیا. پارتی و یەکێتیش بەسەر ئەوو دوو ھێزەدا دابەشبوون.  
ھەموو ئەم گۆڕانکارییە نێگەتیڤ و ترسناکانە لە دونیایەکەدا ڕووئەدات کە دونیایەکی بەجیھانیبووە، بەجیھاینبوون، العولمە، بەشە جیاوازەکانی ئەو دونیایە بە چەندەھا شێوە بە یەکترییەوە گرێئەدات و وڵاتێک یان میلەتێک یان دەوڵەتێک نەماوە، بە دەیان و سەدان شێوە بە دەرەوەی خۆیەوە گرێنەدرابێت و نەبسترابێتەوە. جیھانی ئەمرۆ جیھانی ئەو دەوڵەتانە نییە کە وەک دورگە و دارستانی دابڕاو لەپاڵ یەکدا دروستبووبن. بەڵکو جیھانێکی ئاڵۆز و بەناویەکداچووە کە پێویستی بە جۆرێک لە خەیاڵ و بیرکردنەوەی سیاسیی داھێنەرانە ھەیە، کە بکەرە سیاسییەکانی ئەم ناوچەیە و حوکمڕانەکانیان ھەڵگریان نین. خەیاڵ و بیرکردنەوەیەکی سیاسیی کە بچێتە دەرەوەی سنوورەکانی دەوڵەتی نەتەوە و باوەش بۆ دروستکردنی یەکەی ئابوریی و سیاسیی و فەرھەنگیی ناوچەیی و جیھانی گەورە بکاتەوە، بە لۆژیکی تائیفە و گروپێکی ئەتنی و دینیی داخراوی بەر لە دروستبوونی نەتەوە، لەناو ئەو جیھاندا ئامادەنەبێت و کارنەکات.
 جگە لەمە ئەو مەسەلە گرنگ و سەرکییانەی لەم ناوچەیەدا پێویستیان بە چارەسەرکردن ھەیە زەحمەتە ھیچ یەکێکیان لەناو چوارچێوەن و سنوورەکانی ھەر دەوڵەتێک لە دەوڵەتەکاندا بەتەنھا چارەسەربکرێن، لەوانەش، بۆ نموونە، گەشەدان بە ئابورییەکی بەرھەمھێن، دروستکردنی بازارێکی چالاک و کراوەی ناوچەیی، گەشەی گەورەی دانیشتوان، مەسەلەی کۆچکردن، کێشەی پیسبوونی ژینگە، مەسەلەی دابینکردنی وزە، پاراستن و رێزگرتنی مافەکانی مرۆڤ، دابینکردنی ئاشتیی و ئاسایشێکی دوورمەودا توانای ژیان و بەردەوامی ھەبێت.

مەترسی ژیان لەم ناوچەیەدا و لەپاڵ ئەو جۆرە لە حوکمرانیدا کە ھەیە، لەوەدایە زۆرینەیان بە لۆژیکێکی تائیفیی مەزھەبیی و ئەتنیی پەڕگیرەوە، بوونەتە خاوەنی خەزێنەیەکی گەورە لە تەکنۆلۆژیای کوشتن و وێرانکاریی تازە، بوونەتە خاوەنی ھەزارەھا درۆن و رۆکێتی دوورھاوێژ. ئێران و تورکیا دوو نموونەی زیندووی ئەم مەترسیەن و ئەوەی لە ھەولێر ڕوویدا بەرجەستەکەرێکی ڕۆژانەی ئەم مەترسییەیە.  

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand