بۆ ناتوانین بچینە دەرەوەی سیاسەتەوە؟

Draw Media

2024-01-14 15:06:08



مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

سیاسەت یەکێکە لە چالاکییە ھەرە سەرەکییەکانی ناو ژیانی گشتیی ھەر کۆمەڵە مرۆڤێک بەیەکەوە کۆمەڵەیەک دروستبکەن و بەیەکەوە بژین و ژیانێکی پێکەوەیی ھاوبەش دروستبکەن. لە راستیدا سیاسەت چالاکی دروستکردنی ھاوڵاتییانە بەیەکەوە بۆ ئەو ژیانە پێکەوەیی و ھاوبەشە. چالاکییەکی ھەمیشەیی و بەردەوامیشە، ئەوە نییە کەسەکان بۆ یەکجار ئەنجامیبدەن و تەواو، بە پێچەوانەوە ھاوڵاتییان بە بەردەوامی ئەم چالاکییە تایبەتیەی دروستکردنی ژیانی پێکەوەییان درێژەپێئەدەن و بەشێکی دانبڕاوە لە ژیانی رۆژانە و ھاوبەشیان. لە ڕاستیدا ھیچ چالاکییەکی ئینسانیی ھێندەی سیاسەت پێویستیی بە گرنگیپێدانی رۆژانە و بەردەوام نییە و پێویستی بە بەشداربوونی بەردەوامی مرۆڤەکان، نییە. لە دروستکردنی ئەم ژیانە ھاوبەش و پێکەوەییەدا ھاوڵاتییان پێویستییان بە گفتوگۆ و ڕاگۆرکێ و دیالۆگی بەردەوام ھەیە، پێویستیان بەوە ھەیە قەناعەت بەیەکتری بھێنن و بگەنە ئەو خاڵەی بەیەکەوە بریاربدەن لە چ جۆرە کۆمەڵگا و چ جۆرە حوکمڕانیی و چ جۆرە ژیانێکی پێکەوەییدا، بەیەکەوە کۆببنەوە.
بەم مانایە سیاسەت ئەو چالاکییە بنەرەتییەیە کە کاریگەریی لەسەر ھەموو ئەو کەسانە بەجێدەھێڵێت کە ئەندامی کۆمەڵگایەک، تەنانەت، کۆمەڵەیەکی تایبەتن. زۆرجار ئەوە سیاسەتە، بە تایبەتی کاتێک دەزگایەکی گرنگیی وەک دەوڵەت دروستدەبێت، کە تا ڕادەیەکی زۆر دەستنیشانی ئەوەدەکات مرۆڤەکان لەو کۆمەڵگایەدا چی بن و چۆن بن و بشتوانن ببن بە چی. داخۆ بوونەوەری ئازادبن یان نائازاد، بکەربن یان کارلەسەرکراو، تەنانەت دڵشادبن یان خەمبار. دەوڵەت وەک سەركیترین دەزگایەکی سیاسی کاریگەریی و نیشانەکانی لەسەر ھەریەکێکمان بەجێدەھێڵێت، تا ڕادەیەکی گەورەش دەستنیشانی ئەوەدەکات کام شێوازی خودسازیی و کام فۆرمی بەتاکەکەسبوون ھەبێت و باڵادەستبێت.

بێگومان سیاسەت تەنھا لەناو خودی دەوڵەتدا ئامادەنییە و کورتناكرێتەوە بۆ بوون و ئامادەگیی دەوڵەت. بڕێکی زۆر لە رووداوەکانی ژیانی رۆژانە، کاردانەوەکانی مرۆڤ بەرامبەر ئەو ڕووداوانە، دروستبوونی رای گشتیی، بوون و ئامادەگیی ئایدیۆلۆژیا و دیدگا سیاسییە جۆربەجۆرەکان، تەنانەت ئامادەگیی ئەوشوناسانەی مرۆڤ بەخۆی و بەو کۆمەڵە و ژینگەیەی دەبەخەشێت کە تیایدا دەژیی، ئەو بەھا و نرخانەی کە ھەڵیاندەبژرێت و بەرگریان لێدەکات، یان ئەوانەی دژیان دەوەستێتە و نەفیاندەکات. چۆنیەتی تێگەیشتنیش لەوەی ڕووئەدات، چۆن ھەڵیان بسەنگێنیت، چۆنیەتی ئەنجامدانی کاری پێکەوەیی و دەستەجەمعیی، گەشەدان بە کام یاداوەریی و لەبیرکردنی کامیان، تەماھیکردن لەگەڵ چ کەس و ھێز و شێوازێکی تێفکرین و بیکردنەوەدا و لابردن و نەفیکردنی کامیان، ھەر ھەموویان پەیوەندییەکی راستەوخۆ و پتەویان بە سیاسەتەوە وەک چالاکیی و تێگەیشتن ھەیە و سیاسەت لەناو ھەر یەکێکیاندا ئامادەیە.  

بە کورتییەکەی، ئینسان چۆن ژیانی خۆی وەک تاکەکەس وەک ئەندامی کۆمەڵە و ژینگەیەکی تایبەت دەژیی، مەسەلەیەک نییە دابڕاوبێت لە سیاسەت، یان شتێک بێت لە دەرەوەی سیاسەتدا. تاکەکەس چ تاکەکەسێکی کۆنکریت و مەلموس بێت، چ ئەندامێکی ئەبستراکتی کۆمەڵەیەکی تایبەت، ھەمیشە ھەم تاکەکەسبوونەکەی و ھەم کۆمەڵبوونەکەی بەناو دەیەھا و سەدەھا چالاکی و بڕیار و دیدگادا تێدەپەرێت کە سیاسەت لە سێنتەری ھەریەکێکیاندایە. بەم مانایە سیاسەت دەرەوەیەکی نییە تا مرۆڤەکان بتوانن بۆی بچن و لەوێدا بژین، مادام مرۆڤەکان بە کۆ و بە یەکەوە دەژین، مادامەکی ئەو کۆبوون و بەیەکەوەژیانە پێویستی بە رێکخستن و بەرێوەبردن ھەیە، بۆیە سیاسەت بەشێکە لە ژیانی ھەر تاکەکەسێکی ناو ئەو پێکەوەبوونە.

ھەڵسوکەوتی سیاسیی خۆیشی دەرکەوت و بەرجستەبوونی ھەمەرەنگ و فرەجۆری ھەیە، ھەڵسوکەوتێکی ئاڵۆزە و لە زیاد لە سەرێکەوە گرێدراوە بە بوونی رۆژانە و بەردەوامی تاکەکەس ھەم لە پەیوەندیدا بە خۆیەوە،  و ھەم بە بوونی لەگەڵ ئەوانیتردا. ئەمە وادەکات تەنانەت کاروبارە ئینسانییەکانیش کاروباری سیاسیبن، نە سیاسەت خۆی و نە ھەڵسوکەوتی سیاسیی شتێک نین لە دەرەوەی بواری مەسەلە ئینسانییەکاندابن. مرۆڤ لە  پرۆسەی دروستکردنی خۆیدا وەک تاکەکەس و لە دروستکردنی کۆمەڵگایەکدا وەک کایەیەک بۆ بەیەکەوەبوون و ژیانی ھاوبەش، بەناو سیاسەت خۆیدا وەک چالاکییەکی تایبەت و بەناو شێوازی جیاوازیی ھەڵسوکەوتی سیاسیدا تێدەپەرێت، کە بەسەریەکەوە شوناسی ئەو تاکەکەسانە و شوناسی کۆمەڵگاکەش دەستنیشاندەکەن.
بەم مانایە ”گرێبەستی کۆمەڵایەتیی“، ئەوەی لە ئەدەبیاتی فیکریی و تیوریدا ناوی گرێبەستی کۆمەڵایەتیی لێنراوە،  تەنھا گرێبەستێکی سیاسیی نییە، واتە گرێبەستێک نییە کە شێوازی حوکمڕانیی دروستبکات، بەڵکو گرێبەستێکی سایکۆلۆژیی و نەفسیشە. واتە جۆرێک لە سایکۆلۆژیای دیاریکراو سەروەردەکات. ھەم رووە کۆمەڵایەتییەکەی گرێبەستی کۆمەڵایەتیی، ھەم ڕووە سایکۆلۆژیی و نەفسییەکەی، نووقمن لەناو کردە و دیدگا و گوتاری سیاسیی جیاوازدا.

ھەموو ئەو ھەقیقەتە کۆمەڵایەتییانەش کە بوون بە ھەقیقەت، بە تایبەتی کە بوون بە ھەقیەتی ھەژمونگەر و خاوەن دەسەڵات کە زۆرجار زۆرینەی کۆمەڵایەتیی باوەڕیان پێیەتی، لە پشتییەوە کردە و چالاکیی سیاسیی ئامادەیە. ھەموو ئەوانەی بەشدارن لە دروستکردنی جیھاندا و ھەموو ئەوانەش رێگرن لە دروستبوونی ئەو جیھانەدا بە شێوازی جیاواز، لە کردەی سیاسیی ھەمەجۆرەوە ئاڵاون، بە کردەی دروستکردن و بەرھەمھێنانی ھەقیقەتەکانەوە.

تەنانەت خودی زمان خۆیشی، ئەو زمانەی قسەی پێدەکەین و بە ھۆیەوە باسی خۆمان و ھەست و ژینگەکەمان دەکەین، باسی کێشە و چاوەڕوانیی و خەون و خواستەکانمان دەکەین، ئەو زمانەی بەھۆیەوە بیردەکەینەوە،  گوتار بەرھەمدەھێنین، مانا دروستدەکەین، ھەر ھەموویان دەستی سیاسەتیان لەناودایە و سیاسەت رۆڵ لە دروستبوون و بڵاوبوونەوە و بەھێزبوون و لاوازبوونیاندا دەبینێت.


تەنانەت ئەو شتانەی کە لە بیریاندەکەین و ئەو شتانەیش کە بیرماندەکەوێتەوە، کە یاداوریمان لەناوەوە بەرنامەرێژدەکات، پڕیدەکات لە وێنە و رەمز و مانا و ناو و گوتار، سیاسەت رۆڵێکی سەرەکیی و بنەرەتیان تێدادەبینێت. ھیچ یاداوەرییەک بوونی نابێت سیاسەت بەشێکی گرنگیی وەبیرھێنانەوە یان لەیادچوونەوەی نەبێت. بۆ نموونە، ئەوەی وایکردوە لەمڕۆدا ئیبن تەیمیە و ئیبن قەیومی جەوزیی و ئیبن کەسیر و ئیبن حەنبەل، وەبیری زۆر موسڵمان بکەوێتەوە، بەڵام ئەلرازیی و ئیبن روشد و ئەل فارابی بیرنەکەونەوە، یان بەو ئەندازەیەی گروپی یەکەمیان بیرنەکەونەوە، دیسانەوە سیاسەت لێی بەرپرسیارە و سیاسەت ئاراستەی دەکات. یاداوەریی یەکێک لە سەرزەمینە سەرەکییەکانی ئیشکردنی سیاسەتە.

بە کورتییەکەی، ھەموو بەرگریکردنێک لە دابڕینی سیاسەت لە ژیان و لە جیاکردنەوەی چالاکییە ئینسانییەکان لە سیاسەت وەک چالاکی دروستکردنی ژیانی پێکەوەیی و گشتی، بەرگریکردنێکی ھەڵە و ناڕاستە. سیاسەت دەرەوەیەکی نییە مرۆڤ بتوانێت بچێتە ناویەوە، لە رۆژی دروستبوونی مرۆڤەوە لەناو سکی دایکیدا سیاسەت ئامادەیە و ھەموو منداڵێک کە دروستدەبێت، لەو کاتەدا کە دەکەوێتە ناو سکی دایکییەوە، لە ھەمان ئەوکاتدا دەشکەوێتە ناو سیاسەتەوە. بەم مانایە سیاسەت منداڵدانی کۆمەڵگایە. ئەمەیە وادەکات ھەموو دیدگایەکی دژ بە سیاسەت، دیدگایەکی نابینا و کوشندەبێت.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand