"نێچیرڤان بارزانی مەرسومی چوارەم دەردەكات"

Draw Media

2024-01-10 14:48:52



درەو:
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرقاڵی ئامادەكردنی خشتەیەكی زەمنیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بۆ ئەو مەبەستەش رۆژی (30ی ئایاری 2024)ی دیاریكردووە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
دواتر لەسەر بنەمای ئەو خشتە زەمەنییەی كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بۆ ئامادەكارییەكانی خۆی كردوویەتی، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان مەرسومی چوارەم دەردەكات بۆ دیاریكردنی رۆژێك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، پێشتر سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان سێ مەرسومی دیكەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەركردبوو، بەڵام هەڵبژاردن بەرێوە نەچوو.


مەرسومی یەكەمی هەڵبژاردن
رۆژی 24ی شوباتی 2022 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەرسومێك رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022ی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد، واتە (7) مانگ بەر لە وادەی تەواوبوونی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی هەرێم وادەی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی دیاریكرد.

مەرسومی دووەمی هەڵبژاردن
26ی مانگی ئازاری 2023، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەرسومی دووەمی دەركردو تێیدا وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی دیاریكردەوە، ئەمجارە رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی بۆ هەڵبژاردن دیاریكرد، واتە ئەمجارەش ماوەی 8 مانگ دەرفەت بە لایەنەكان درا بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و هەمواری یاسای هەڵبژاردن لەناو پەرلەماندا، ئەم وادەیەك تێپەڕی‌و لایەنەكان بەدیاریكراویش پارتی‌و یەكێتیی نەگەیشتنە رێككەوتن.

مەرسومی سێیەم هەڵبژاردن
3ی مانگی ئابی 2023 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەرسومی سێیەمی دەركردو تێیدا وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی دیاریكردەوە، ئەمجارە رۆژی 25ی شوباتی 2024ی بۆ هەڵبژاردن دیاریكرد.

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand