وه‌فدی هه‌رێم له‌ به‌غداده‌ بۆ رێككه‌وتن له‌سه‌ر هه‌مواری یاسای بودجه‌

Draw Media

2024-05-15 12:03:57



(دره‌و): 
وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌غداد به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی لیژنه‌ی پێداچوونه‌وه‌ی خشته‌كانی بودجه‌ی گشتیی كردووه‌، ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ تاوتوێكردنی میكانیزمه‌كانی ئاڵوگۆڕكردن و گواستنه‌وه‌ی پشكی هه‌رێم بووه‌ له‌ناو خشته‌كانی بودجه‌دا، له‌گه‌ڵ پرسی راده‌ستكردنی داهاته‌كانی هه‌رێم به‌ حكومه‌تی فیدراڵ.
محه‌مه‌د ته‌یم وه‌زیری پلاندانان كه‌ هاوكات جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیشه‌، ئه‌مڕۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌ پێداچوونه‌وه‌ی خشته‌كانی بودجه‌ی گشتی عێراقی كرد بۆ ساڵی 2024. 
وه‌زیری نه‌وت، وه‌زیری كاره‌با، (به‌نگین رێكانی) وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ پشكی پارتی، سه‌رۆكی دیوانی چاودێری دارایی عێراق راوێژكاره‌كانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌شداربوون له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا.
له‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ وه‌فدێك كه‌ پێكهاتوون له‌ ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و ئومێد سه‌باح سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ئامانج ره‌حیم سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و عه‌بدولحه‌كیم خه‌سرۆ سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگیی و به‌دواداچوون، به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌یان كردووه‌.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق، له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا گفتوگۆ كراوه‌ له‌باره‌ی میكانیزمه‌كانی "ئه‌نجامدانی گواستنه‌وه‌ له‌ ته‌رخانكراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ناو خشته‌كانی بودجه‌دا، به‌تایبه‌تیش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی و داهاته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ میكانیزمی راده‌ستكردنی ئه‌و داهاتانه‌ به‌ حكومه‌تی فیدراڵی به‌گوێره‌ی بڕیاری دادگای فیدراڵی و یاسای ئیداره‌ی دارایی و یاسای بودجه‌ی گشتی". 
له‌ ته‌وه‌رێكی تری ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا باس له‌ زیادكردنی داهاته‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی كورتهێنان كراوه‌ له‌ بودجه‌ی گشتیدا، ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی دۆزینه‌وه‌ی ده‌قی یاسایی و داخڵكردنی فرۆشی كاره‌باو نه‌وت له‌ ناوخۆ وه‌كو داهات له‌ناو خشته‌كانی بودجه‌دا. 
په‌رله‌مانی عێراق وه‌رزی یاسادانانی خۆی درێژكردوه‌ته‌وه‌، یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا ده‌یه‌وێت ده‌نگی له‌سه‌ر بدات پرسی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ی گشتی عێراقه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ كردوویانه‌. 
یاسای بودجه‌ی سێ ساڵه‌ی عێراق (2023-2025-2025) له‌ كۆتاییه‌كانی حوزه‌یرانی 2023وه‌ كه‌وتوه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردن، به‌ڵام به‌هۆی ناكۆكی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ، مادده‌كانی تایبه‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ نه‌كران، یاسای بودجه‌ پشكی هه‌رێمی له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌رجی راسته‌قینه‌ی عێراق دیاریكردووه‌، ئه‌مه‌ وایكرد له‌ مانگه‌كانی سه‌ره‌تای به‌ركاربوونی یاسای بودجه‌دا پشكی هه‌رێم زۆر پاشه‌كشێ بكات، به‌تایبه‌تیش كه‌ خه‌رجی گشتی له‌و مانگانه‌ی سه‌ره‌تادا له‌ئاستێكی نزمدا بوو.
ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غداد سه‌ریكێشا بۆ رێككه‌وتن له‌سه‌ر ده‌ستكاریكردنی پشكی هه‌رێم له‌رێگه‌ی هه‌مواری یاسای بودجه‌وه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand