حكومەتی هەرێم بەقەرزاری ماڵئاوایی لە 2023 دەكات

Draw Media

2023-12-10 12:10:49



(درەو):
وەزارەتی دارایی عێراق نوسراوی كرد بۆ ناردنی دواین (700 ملیار) دینار قەرز بۆ حكومەتی هەرێم، كابینەی نۆیەم بە سێ موچەی قەرزی فەرمانبەران‌و (2 ترلیۆن‌و 100 ملیار)ی قەرزی حكومەتی بەغدادەوە ماڵئاوایی لە ساڵی 2023 دەكات. 
وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، لەسەر  فەرمانی سەرۆك وەزیران‌و بە چاودێری خاتوو تەیف سامی وەزیری دارایی، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی نوسراوێكی دەركرد بۆ پێدانی بڕی (700 ملیار) دینار قەرز بە حكومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، ئەمە بە گەرەنتی پارەیەكی پێشەكی كە بە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەدرێت، بەو مەرجەی لە شایستەكانی هەرێم پاكتاو بكرێت دوای پابەندبوونی بە بڕگەكانی یاسای بودجەوە. 
ئەمە دواین بڕی (700 ملیار) دینارە كە  ئەمساڵ حكومەتی فیدراڵ بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستانی دەنێرێت لەچوارچێوەی ئەو بڕیارەدا كە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەریكردووە بۆ پێدانی بڕی (2 ترلیۆن‌و 100 ملیار) دینار بۆ مانگەكانی (9- 10- 11)ی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، حكومەتی هەرێم بەپێی تەرخانكراوەكەی حكومەتی فیدراڵ مامەڵەی لەگەڵ پارەكەدا نەكرد، بەهۆی ئەوەی لە دابەشكردنی موچە دواكەوتبوو، پارەی ئەو سێ مانگەی بۆ مانگەكانی (7-8-9) تەرخانكرد، بەوهۆیەوە ساڵی 2023 كۆتایی دێت‌و موچەخۆران سێ موچەی مانگەكانی (10-11-12)یان دەكەوێتە لای حكومەتی هەرێم، چونكە ئەو 700 ملیارە ئەم چەند رۆژە دەگاتە هەرێمی كوردستان، موچەی مانگی (9)ی پێدا دابین دەكرێت.
بەم پێیە، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سێ موچەی قەرزەوە ماڵئاوایی لە ساڵی 2023 دەكات‌و ئەگەر لەسەرەتای 2024دا لەبارەی یاسای بودجەوە نەگاتە رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، دۆخەكە خراپتر دەبێت، چونكە بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ئەو سێ (700 ملیار) دینارەی كە كۆتایی ئەمساڵ بۆ هەرێم نێردراوە بەشێوەی قەرزەو لە پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 دەبڕدرێت، خۆ ئەگەر پشكی هەرێم بەشی پێدانەوەی قەرزەكەی نەكرد، حكومەتی عێراق قەرزەكە لە پشكی هەرێم بۆ ساڵی 2024 دەبڕێت، واتا حكومەتی هەرێمی ساڵی دارایی داهاتووشی خستوەتە رەهنەوە بۆ وەرگرتنی ئەم قەرزە. 
حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ بەشێوەی زارەكی لەسەر هەمواری یاسای بودجە رێكەوتنیان كردووە، بەڵام هیچ هەنگاوێكی كردەیی بەئاڕاستەی هەمواری یاسای بودجە نابینرێت. 
بودجەی سێ ساڵەی عێراق لە كۆتایی حوزەیرانی ئەمساڵەوە چووە بواری جێبەجێكردن، حكومەتی هەرێم لە پشكی خۆی لە بودجەكە رازی نەبوو، بۆیە ماددەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستان تائێستا نەچونەتە بواری جێبەجێكردن. 
كرۆكی كێشەكە پەیوەندی بە دیاریكردنی شایستەی هەرێمی كوردستان هەیە لە چوارچێوەی خەرجی راستەقینەی عێراقدا، حكومەتی هەرێم بەمە قایل نییە‌و داوا دەكات شایستەی هەرێم لە تێكڕای خەرجی عێراق دیاری بكرێت. 
ئەمە لەپاڵ چەند كێشەیەكی تر لەبارەی یاسای بوجەوە، لەوانە كەمی نرخی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە یاساكەدا كە جێگای ناڕەزایەتی حكومەتی هەرێمە. 
حكومەتی هەرێم رۆژی 9ی تشرینی دووەم پرۆسەی دابەشكردنی موچەی مانگی (8)ی ئەمساڵی تەواو كردووە، ئێستاو لە مانگی 12دا پرۆسەی دابەشكردنی موچەی مانگی (9) بەڕێوەدەبات. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand