دۆخی دارایی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی عێراقدا

Draw Media

2023-06-12 16:08:34



راپۆرت: درەو
چیتر دۆلاری نەوتی هەرێم ناچێتە (ئاڕ تی) بانكی هەولێرەوە، بەپێی یاسای بودجەی عێراق هەرێمی كوردستان مانگانە (6 ملیار) كورتهێنانی لە خەرجی موچەدا دەبێت، بەڵام لەبەرامبەردا مانگانە نزیكەی (200 ملیار) دینار داهات لەناوخۆدا دەستدەكەوێت كە دەتوانێت بە ئاسانیی كورتهێنانەكە پڕبكاتەوە، لە پاكتاوی شایستەو پایەندییە داراییەكانی 6 مانگی ئەمساڵیشدا، حكومەتی هەرێم بڕی (430 ملیار) دیناری بۆ دەمێنێتەوە. وردەكاری دۆخی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق لەم راپۆرتەدا.

كورد لە بودجە 
دواجار، سەرباری مشتومڕێكی دورودرێژ، بودجەی 2023ی عێراق لە پەرلەمان پەسەند كرا، ئەمە بودجەی دوو ساڵی داهاتووشە واتا ساڵانی 2024‌و 2025.
ماددەكانی (12، 13، 14)ی بودجە تایبەتن بە هەرێمی كوردستانەوە، ئەمە سەرباری چەندین بڕگەی تر كە لەناو بودجەكەدا هەرێم دەگرێتەوە. 
بەپێی ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە:
•    لە ئەگەری خەرجكردنی رێژەی 100%ی شایستە داراییەكانی هەرێمدا وەكو ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە، بۆ ساڵی 2023 تێكڕای شایستەی هەرێمی كوردستان لەناو بودجەدا بریتی دەبێت لەبڕی (18 ترلیۆن‌و 310 ملیار) دینار، واتا مانگانە بڕی (ترلیۆنێك‌و 526 ملیار) دینار.
•    لەبەرامبەر وەرگرتنی ئەم شایستە داراییەدا، هەرێمی كوردستانیش پابەندی دارایی دەكەوێتە سەر شان‌و دەبێت بەپێی یاسای بودجە بۆ بەغدادی بگەڕێنێتەوە، تێكڕای ئەو پابەندییە داراییەی كە بۆ ساڵێك دەكەوێتە سەر شانی حكومەتی هەرێم بڕەكەی (14 ترلیۆن‌و 520 ملیار) دینارە، واتا بۆ هەر مانگێك بڕی (ترلیۆنێك‌و 210 ملیار) دینار. 
واتا بەگوێرەی ئەم هاوكێشەیە، هەرێم مانگانە بڕی (ترلیۆنێك‌و 526 ملیار) دینار لە بەغداد وەردەگرێت‌و لەبەرامبەردا بڕی (ترلیۆنێك‌و 210 ملیار) دینار بۆ بەغداد ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، لەم جیاوازییەدا بڕی (310) ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە. 
بەگوێرەی حیساباتێك كە (ئامانج رەحیم) سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كردویەتی، تێكڕای شایستە داراییەكانی هەرێم:
یەكەم: قەرەبووی فەرمانبەران
بە تێكڕا موچەی فەرمانبەران ، خانەنشینان و پێشمەرگە بۆ ساڵی 2023 بڕەكەی دەكاتە (10 ترلیۆن و 876 ملیار) دینار، واتا بۆ هەر مانگێك بڕی (906) ملیار دینار.

موچە لەناو بوجەدا 
تەرخانكراوی موچە یەكێك لە پایە گرنگەكانی پشكی هەرێمی كوردستانە لەناو بودجەی فیدراڵی عێراقدا، سێ جۆر تەرخانكراوی موچە لە ناو بودجەدا بۆ هەرێمی كوردستان دانراوە كە ئەمانەن: 
•    بڕی (9 ترلیۆن‌و 300 ملیار) دیناری خەرجی رەوەن (النفقات الجاریە) بۆ موچەی (681 هەزارو 979) فەرمانبەری هەرێم تەرخانكراوە، ئەم بڕە پارەیە بۆ هەر مانگێك دەكاتە (775) ملیار دینار.
•    بڕی (ترلیۆنێك‌و 346 ملیار) دینار بۆ خەرجی موچەی خانەنشینی واتا مانگانە بڕی (112) ملیار دینار.
•    بڕی (228 ملیارو 304 ملیۆن) دینار بۆ یەك ساڵی خەرجی موچەی پێشمەرگە واتا مانگانە بڕی (19 ملیار) دینار.
بەپێی ئەم هاوكێشەیە، بە تێكڕا هەرێم مانگانە تەنیا بۆ موچە بڕی (906 ملیار) دیناری لە بودجەی گشتی عێراق بەردەكەوێت، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی دواین مانگ، تێكڕای خەرجی مانگانەی موچە لە هەرێمی كوردستان بڕەكەی (912 ملیار) دینارە.
بە لێدەركردنی ئەو بڕە پارەی كە مانگانە لە بودجەی عێراق بۆ موچەی هەرێم تەرخان دەكرێت (واتا 906 ملیار دینار) لەگەڵ خەرجی راستەقینەی موچە لە هەرێم (واتا 912 ملیار)، دەردەكەوێت لەدوای جێبەجێكردنی یاسای بودجە، مانگانە حكومەتی هەرێم بڕی (6 ملیار) دینار كورتهێنانی لە دابینكردنی خەرجی موچەدا دەبێت. 

كورتهێنانی خەرجی موچە چۆن پڕدەكرێتەوە ؟
بەپێی یاسای بودجەی 2023ی عێراق، هەرێمی كوردستان مانگانە دەبێت رێژەی (50%)ی داهاتی دەروازە سنورییەكان بگەڕێنێتەوە بۆ بەغداد، تێكڕای داهاتی دەروازە سنورییەكانی هەرێم لە بودجەدا بۆ ماوەی ساڵێك بەبڕی (ترلیۆنێك‌و 560 ملیار) دینار دیاریكراوە، واتا هەر مانگێك (130) ملیار دینار وەكو داهاتی دەروازە سنورییەكان دیاریكراوە، ئەم داهاتە بەشێوەی مەقاصە (50%) دەگەڕێتەوە بۆ عێراق‌و (50%)ی تری بۆ حكومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە كە مانگانە بڕەكەی (65 ملیار) دینارە. 
سەرباری 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكان، لەدوای پەسەندكردنی بودجەوە حكومەتی هەرێم چەند داهاتێكی تریشی هەر لەبەردەستدا دەمێنێت، لەوانە: 
•    بڕی (30) ملیار دیناری مانگانەی یارمەتی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە.
•    داهاتی تری ناوخۆیی لە باج‌و رسومات (جگە لە فەرمانگە فیدراڵییەكان) كە مانگانە بە زیاتر لە (100 ملیار) دینار دەخەمڵێندرێت، واتا ئەگەر حكومەتی هەرێم مانگانە بە تەواوەتیش پابەندییە داراییەكانی  خۆی بەرامبەر بە بەغداج جێبەجێ بكات، هێشتا نزیكەی (200 ملیار) دینار داهات لە ناوخۆدا كۆدەكاتەوە، ئەم بڕە پارەیەش دەتوانێت بێ كێشە (6 ملیار) دینارەكەی كورتهێنانی خەرجی موچە پڕبكاتەوە. 

پاكتاوی شەش مانگی رابردوو
بەپێی یاسای بودجە، یاساكە لە رۆژی 1/1/2023 دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە نەك لەو رۆژەی كە لە رۆژنامەی "وەقایع"ی عێراقی بڵاو دەكرێتەوە، ئەمە بەواتای ئەوە دێت یاسای بودجە (اپر رجعی) تێدایە، واتا شایستە‌و پایەندی شەش مانگی رابردووی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان لەخۆدەگرێت. 
شایستە‌و پابەندی هەرێم لە یاسای بودجە بۆ (6) مانگی ئەمساڵ چۆن پاكتاو دەكرێت ؟
پاكتاوی (6) مانگی ئەمساڵ لەرێگەی هاوكێشەی (شایستەی موچەی هەرێم – پابەندییەكانی سەر شانی هەرێم) دەردەهێنرێت، با ئەم هاوكێشەیە بكەین بە ژمارە: 
•    تێكڕای شایستەی موچە هەرێم لە ناو بودجە مانگانە بڕەكەی (906) ملیار دینارە، بڕی ئەم پارەیە بۆ ماوەی (6) مانگ دەكاتە (5 ترلیۆن‌و 436 ملیار) دینار.  
•    تێكڕای پابەندییە داراییەكانی (6) مانگی رابردووی سەر شانی هەرێم كە دەبێت بۆ بەغدادی بگەڕێنێتەوە، بریتییە لەمانە:
-    بەهۆی پەسەندنەكردنی بودجەوە، لە (6) مانگی رابردوودا هەرێم بڕی (800 ملیار دینار وەكو قەرز لە بەغدادەوە وەرگرتووە‌و بەڵێنیداوە دوای پەسەندكردنی بودجە  بیگەڕێنێتەوە، ئەمە لەگەڵ بڕی (400 ملیار) دیناری دیكە كە بڕیارە لەچەند رۆژی داهاتوودا بگاتە هەرێمی كوردستان، واتا بە تێكڕا هەرێم بڕی (ترلیۆنێك‌و 200 ملیار) دینار قەرزی بانكەكانی عێراقی لەسەرە. 
-    قەرزی بانكی بازرگانی عێراق (TBI) كە مانگانە بڕەگەی (53 ملیارو 700 ملیۆن) دینارەو بۆ شەش مانگ تێكڕای ئەم پارەیە دەكاتە (322 ملیارو 200 ملیۆن) دینار.
-    داهاتی بەدەستهاتووی نەوتی هەرێم لە 1/1/2023 بۆ 25/3/2023 كە بڕەكەی مانگانە (ترلیۆنێك‌و 92 ملیار) دینارە بۆ ئەو سێ مانگە (جگە لە پێنج رۆژی مانگی ئازار) بە تێكڕا دەكاتە (3 ترلیۆن‌و 94 ملیار) دینار.
-    كۆی گشتی داهاتی خاڵە سنورییەكان كە مانگانە (130) ملیار دینار دیاریكراوە، رێژەی (50%)ی ئەم داهاتە بۆ بەغداد دەگەڕێتەوە كە مانگانە بڕەكەی (65 ملیار دینارە، كۆی شەش مانگی رێژەی 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكان دەكاتە (390 ملیار) دینار.
بە كۆكردنەوەی ئەم ژمارانەی سەرەوە،  تێكڕای ئەو پابەندییە داراییانە دەردەكەوێت كە لەناوەی 6 مانگی رابردوودا دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی هەرێم‌و دەبێت بۆ بەغدادی بگەڕێنێتەوە، بڕەكەی (5 ترلیۆن‌و 6 ملیار) دینارە. 
پاكتاوی 6ی مانگی رابردوو لەنێوان هەولێرو بەغداد بەپێی یاسای بودجە، لەم هاوكێشەیەدا دەردەهێنرێت: 
شایستەی موچەی هەرێم - پابەندییەكانی هەرێم= پوختەی پاكتاوكراو
5 ترلیۆن و 436 ملیار- 5 ترلیۆن‌و 6 ملیار دینار = 430 ملیار دینار
واتا لەم پاكتاوەدا دەبێت حكومەتی فیدراڵ بڕی (430 ملیار) دینار بۆ حكومەتی هەرێم بگەڕێنێتەوە، ئەمەش دەبێت بە داهاتێكی تر لەبەردەستی حكومەتی هەرێمدا. 

پارەی نەوتی هەرێم لە كوێ دادەنرێت ؟
بەرەبەیانی 25ی ئازاری رابردوو، توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان راگرت، ئەمەش وەكو وڵامدانەوە‌و كاردانەوەیەك بۆ بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس لەسەر سكاڵای عێراق. 
لەدوای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە، حكومەتی هەرێم هیچ چارەیەكی تری لەبەردەمدا نەما جگە لەوەی هەناردەی نەوت رادەستی كۆمپانیای وەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" بكات، ئەمەش لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەنێوان هەولێرو بەغداد. 
بەپێی بڕگەیەكی ئەو رێككەوتنەی كە بەر لە پەسەندكردنی بودجە لەنێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ كرا، بڕیاردرا داهاتی نەوتی هەرێم لە بانكێكی ئەبوزەبی ئیماراتی عەرەبی دادەنرێت، بەڵام كۆمپانیایەكی جیهانی وردبینی تێدا دەكات. 
رێككەوتنەكە هەنگاوی كۆتایی بڕی، رۆژی 27ی  نیسانی رابردوو، بانكی ناوەندیی عێراق لە نوسراوێكدا كە ئاڕاستەی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوت "سۆمۆ"ی كردبوو، رەزامەندی نیشاندا لەسەر ئەوەی  داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بخرێتە (Citi Bank)ی ئەبوزەبی لە ئیماراتی عەرەبی، بەڵام بەمەرجی ئەوەی كۆمپانیایەكی وردبینی نێودەوڵەتی راسپێردرێت بە وردبینیكردن لە حساب بانكییەكەی هەرێم.
ئەگەر ئەم رێككەوتنە لە یاسای بودجەدا پەسەندبكرایە، ئەوا مانگانە حكومەتی هەرێم داهاتی نەوتی بە (دۆلار) بۆ دەگەڕایەوە، بەڵام لە بودجەدا ئەم بڕگەیە رەتكرایەوە‌و دەستكاری كرا. 
بڕگەی یەكەم لە ماددەی (14)ی بودجەی پەسەندكراوی عێراق دەڵێ:
•    تێكڕای داهاتی نەوتی هەناردەكراو و فرۆشراو لە ناوخۆدا، لەو كێڵگانەی كە دەكەونە هەرێمی كوردستانەوە، لە حساب بانكییەكدا دادەنرێت كە وەزارەتی دارایی فیدراڵ لای بانكی ناوەندیی عێراق دەیكاتەوە‌و هەموو ئەو داهاتانەی تێدا دادەنێت كە لە هەناردەو فرۆشی نەوتی خاو‌و بەرهەمەكانییەوە بەدەستدەهێنرێن، بەبێ هیچ لێبڕینێك. هەموو حساب بانكییە هاوشێوەكان دادەخرێن. 
بەگوێرەی ئەم بڕگەی بودجە، سەرلەبەری رێككەوتنی پێشووی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ هەڵوەشێندراوەتەوە‌و لەمەودوا تێكڕای داهاتی نەوتی هەرێم كە بە دۆلار دەگەڕێتەوە، دەچێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق‌و وەزارەتی دارایی بە دیناری عێراقی شایستە داراییەكانی هەرێم دەنێرێت. 
زەرەرمەندی گەورەی ئەم بڕگەی یاسای بودجە، بانكی (RT)یە لە هەولێر، چونكە لەدوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمەوە بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، ئەم بانكە پارەی داهاتی نەوتی هەرێم لە دۆلارەوە دەگۆڕییەوە بۆ دینار، لەمەشدا سودمەندی یەكەم بوو. 
خاوەندارێتی (RT) ناڕوونە، سۆران عومەر كە ئێستا ئەندامی پەرلەمانی عێراقە، لەو سەردەمەی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بوو، هەندێك بەڵگەی بڵاوكردەوە‌و رایگەیاند، خاوەندارێتی ئاڕ تی بانك بۆ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە، بەڵام مەسرور بارزانی ئەم قسەی رەتكردەوە‌و سكاڵای یاسایی لەسەر تۆمار كرد.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand