چارەنوسی داهاتی نەوتی هەرێم لەدوای ناوبژیوانییەکەی دادگای پاریس

Draw Media

2023-03-28 08:05:48



 

شیكاری: درەو

ئەگەر قەبارەی فرۆشتنی نەوت و داهات ساڵی (2022)ی هەرێم بە نمونە وەربگرین، کۆی بەهاکەی بریتی بووە لە (12 ملیار و 331 ملیۆن) دۆلار؛
# بە هەمان رێوشوێن و نرخی فرۆشتنی حکومەتی هەرێم بڕی (5 ملیار و 709 ملیۆن) دۆلار لە پرۆسەی نەوتی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.
# بە هەمان رێوشوێنەکانی و حکومەتی هەرێم و بە نرخی فرۆشتنی کۆمپانیای سۆمۆ بڕی (6 ملیار و 346 ملیۆن و) دۆلار لە پرۆسەی نەوتی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.
# بە هەمان رێوشوێنەکان و نرخی کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێم بفرۆشرێت لەبری ئەوەی (5 ملیار و 709 ملیۆن) دۆلار بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت بڕی (11 ملیار و 37 ملیۆن) دۆلار لە پرۆسەی نەوتی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.

سەرەتا
دادگای ناوبژیوانی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس رۆژی 23/3/2023 لە بەرژەوەندی حكومەتی عێراق و دژی بەرژەوەندییەكانی هەرێم تایبەت بە دۆسیەی فرۆشتنی نەوت سکاڵایەکی حکومەتی عێراقی یەکلاکردەوە. كە عێراق لە دژی توركیا تۆماریكردبوو، بەهۆی پێشێلكردنی بڕگەكانی ڕێككەوتنی بۆری عێراق و توركیا كە لە ساڵی (1973) واژۆكراوە، كە تێیدا هاتووە، حكومەتی توركیا دەبێت پابەندی ڕێنماییەكانی عێراقی بێت سەبارەت بە گواستنەوەی نەوتی خاو كە لە عێراقەوە هەناردە دەكرێت بۆ سەرجەم ناوەندەكانی هەڵگرتن و گواستنەوەی و وێستگەی كۆتایی.
هەر ئەم بڕیارەش بووە هۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی تورکی، وا بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی دەست بە دانوستان و گفتوگۆ بکەن، لەبارەی چۆنییەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، تا گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی و هاوبەش.
بەڵام هەر چۆنێک بێت، تا ڕادەیەک ئەوە روون بووەتەوە کە جارێکی دیکە دۆخەکە ناگەڕێتەوە پێش بڕیارەکەی دادگای پاریس، لێرەدا تەنها شیکاری چارەنوس و ئەو بژاردانە دەکەین کە لە رووی قەبارەی داراییەوە لە شێواز و فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەکەوێتەوە، ئەوانیش بریتین لە؛

یەکەم؛ بە هەمان رێ وشوێنەکانی و ئێستا نەوتی هەرێم لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بفرۆشرێت و تەنها داهاتەکەی بگەڕێتەوە بۆ ناوەند
بۆ بەرچاو ڕوونی زیاتر، ئەگەر داتاکانی تەواوی ساڵی (2022)ی کۆمپانیای دیلۆیت لە بارەی فرۆش و نرخ و داهات و خەرجی نەوتی هەرێم لە رێگەی بۆری نەوتی کوردستان – جەیهانی تورکی بە نمونە وەربگرین ئەوا؛
-    حکومەتی هەرێم بڕی (144 ملیۆن و 404 هەزار و 412) بەرمیل نەوتی لە رێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە.
-    بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی بە (84.99) دۆلار فرۆشتووە.
-    کۆی بەهای نەوتی خاوی فرۆشراوی هەرێم زیاتر بووە لە (12 ملیار و 331 ملیۆن و 417 هەزار) دۆلار.
بەڵام ئەوەی لێرەدا دەبێتە ئاستەنگ و جێگەی پرسیار ئەوەیە؛ ئایا خەرجییەکانی پرۆسەی نەوتی هەرێم لە کۆی داهاتی نەوت دەردەکرێت؟ پاشان دەخرێتە سەر هەژمارێکی بانکی، تایبەت بە حکومەتی ناوەند؟ یان سەرجەم داهاتەکان دەچێتە سەر ئەو هەژمارەو دواتر هەرێم لە پشکی بودجە و داهاتی خۆی خەرجی و تێچووی نەوت و کرێی کۆمپاناکان خەرج دەکات.
ئەگەر خەرجی پرۆسەکە لە داهاتی گشتی نەوت دەربکرێت و پاشان بکرێتە سەر هەژمارەی تایبەت بە حکومەتی ناوەند، ئەوا بەپێی داتاکانی دیلۆیت لە ساڵی (2022)دا (54%)ی داهاتی گشتی نەوت بۆ خەرجی رۆیشتووە و (46%)ی گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێم. بەم پێیەش لە کۆی (12 ملیار و 331 ملیۆن و 417 هەزار) دۆلار، تەنها (46%)ی بڕی (5 ملیار و 709 ملیۆن و 704 هەزار) دۆلاری دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتی ناوەند و زیاتر لە (6 ملیار و 712 ملیۆن و 556 هەزار) دۆلاری دەڕوات بۆ خەرجی (بڕوانە خشتەی ژمارە (1))

 

دووەم؛ کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێم بفرۆشێت و داهاتەکەی بگەڕێتەوە بۆ ناوەند
لەم سیناریۆیەدا دوو بژاردە لە بەردەستە، کە ئەوانیش بریتین لە؛
1.    نەوتی هەرێم لە بە هەمان رێوشێنەکانی حکومەتی هەرێم هەناردە بکرێت و کۆمپانیای سۆمو نەوتی هەرێم بفرۆشێت؛
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، ئەگەر  توانای بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2022) بە نمونە وەربگرین؛
-    حکومەتی هەرێمی بڕی (144 ملیۆن و 404 هەزار و 412) بەرمیل نەوتی لە رێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە.
-    ئەگەر سۆمۆ هەر بەرمیلێکی نەوتی هەرێم بە (95.54) دۆلار بفرۆشێت هاوشێوەی عێراق.
-    کۆی بەهای نەوتی خاوی فرۆشراوی هەرێم بە نرخی سۆمۆ زیاتر دەبوو لە (13 ملیار و 700 ملیۆن و 307 هەزار) دۆلار.
-    بە گوێرەی ڕێوشوێنەکانی هەرێم (54%) دەچێت بۆ خەرجی بە قەبارەی زیاتر لە (7 ملیار و 450 ملیۆن و 54 هەزار) دۆلار
-    (46%)ی داهات دەمێنێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی بە قەبارەی زیاتر لە (6 ملیار و 346 ملیۆن و 342 هەزار) دۆلار.
بڕوانە خشتەی ژمارە (2)
 

2.    نەوتی هەرێم بە سەرجەم رێوشێنەکانی کۆمپانیای سۆمۆ هەناردە بکرێت و هەر کۆمپانیاکەش نەوتی هەرێم بفرۆشێت 
لەسەر بنەمای هەمان گریمانەکانی پێشوو ئەگەر  توانای بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2022) بە نمونە وەربگرین؛
-    حکومەتی هەرێمی بڕی (144 ملیۆن و 404 هەزار و 412) بەرمیل نەوتی لە رێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە.
-    ئەگەر سۆمۆ هەر بەرمیلێکی نەوتی هەرێم بە (95.54) دۆلار بفرۆشێت هاوشێوەی عێراق.
-    کۆی بەهای نەوتی خاوی فرۆشراوی هەرێم بە نرخی سۆمۆ زیاتر دەبوو لە (13 ملیار و 700 ملیۆن و 307 هەزار) دۆلار.
-    بە گوێرەی ڕێوشوێنەکانی سۆمۆ ئەو کێڵگە نەوتیانەی عێراق کە لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە بەڕێوە دەبرێن (20%) داهاتی بەرهەمی کێڵگەکان دەچێت بۆ خەرجی بەرهەمهێنان و (80%) داهاتەکەی دەمێنێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی بەم پێیەش؛
-    بە گوێرەی ڕێوشوێنەکانی سۆمۆ (20%) داهات دەچێت بۆ خەرجی، بە قەبارەی زیاتر لە (2 ملیار و 759 ملیۆن و 279 هەزار) دۆلار.
-    (80%)ی داهات دەمێنێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی بە قەبارەی زیاتر لە (11 ملیار و 37 ملیۆن و 118 هەزار) دۆلار.
بڕوانە خشتەی ژمارە (3)


بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand