سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردە و ئاستی بەرهەمی کێڵگەکان

2025-09-27 07:03:00
درەو:
راپۆرتی: روونبیین
ئەمڕۆ شەممە ٢٧ئی ئەیلولی ٢٠٢٥ هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی هێڵی بۆری عێراق - تورکیاوە دوای ٣٠ مانگ لە راوەستان دەستیپێكردەوە
دەستپێکردنەوەی هەناردە پاش ئەوە دێت کە بەشێوەیەکی کاتی رێکەوتنی ٣ قۆڵی لە رۆژی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠٢٥ دا لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکان کرا. رێکەتنەکە لە چوار چێوەی دوو خاڵی سەرەکیدا دەخولێتەوە یەکەم؛ شایستەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان دوای ڕادەستکردنی نەوت بە سۆمۆ. دووەم؛ قەرزەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان لای حکومەتی هەرێم.
سەبارەت بەشایستەکانیان دوای رادەستکردنی نەوت بەسۆمۆ بە پێی رێکەوتنەکە هەمواری یاسای بوجەی ٢٠٢٥ کراوە بە بنەما بەو پێیە بڕی ١٦ دۆلار وەکو تێچوی نەوت ( بەرهەمهێنان و گواستنەوە) بدرێت بە کۆمۆپانیا نەوتییەکان وە کو سلفە تا ئەوکاتەی تێچووی راستەقینەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە لایەن کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی بێلایەنەیەوە دیاری دەکرێت. کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکە دەبێت لەماوەی ٢ مانگادا لە دەستبەکاربوونییەوە کارەکانی تەواو بکات .
بەو پێیە ئەم رێکەوتنە کاتییە بۆ ماوەی راگوزەرە تا ئەوکاتەی دەگەنە ئەوەی تێچووی راستەقینەی نەوتی هەرێم دیاری دەکرێت ئەوکاتە ١٦ دۆلارەکە دەگۆڕێت بۆ ئەو شیوازەی کە کۆپانیا نێودەوڵەتییەکە دیاری دەکات، بە کاریگەری پێشو ( باثر رجعی) شایستەکان بالانس دەکرێت. لەگەڵ هەندێ وردەکاری تر کە شایستەکانیان بە نەوت وەربگرن و گرەنتی نوسراو بە کۆمپانیاکانی نەوت دراوە و لەکاتی درووستبوونی کێشەدا دادگای نێوبژیوانی پاریس پەنای بۆ ببرێت بۆ چارەسەری کێشەکان.
گەر لایەنەکان پێی رازی بن ئەوکاتە دەبێت بە بنەمایەک لە یاسای بوجەی ٢٠٢٦ دا دەچەسپێت، بەرەو قۆناغیێکی زیاتر سەقامگیرمان دەبات بۆ رێکەوتن.
بەشی دووەمی رێکەوتنەکە سەبارەت بە قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکانە لای حکومەتی هەریم کە لە ملیارێک دۆلار زیاترە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان ڕێککەوتن لەسەر کۆبوونەوە لە ماوەی ٣٠ ڕۆژ لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن بۆ کارکردن لەسەر میکانیزمێک بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەرزانەی کۆمپانیاکان هەیانە لای حکوومەت.
بەوهیوایەین هیچ تەگەرەیەک نەیەتە ڕێی هەناردەو لایەناکان پابەندبن بەو خاڵانەی لەسەری رێککەوتوون، چوونکە سەرکەوتنی ئەم رێکەوتنە زەمینەی لەبار و گونجاو دەرەخسێنێت بۆ بەردەوامی و جێگیربونی رێکەوتنەکە و دەرئەنجامیش دەرباز بوون لە گرێی یاسایی بوون و نەبوونی گرێبەستە نەوتییەکان.
ئاستی بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێـم لە ئێستادا
بە پێی زانیرییەکەنی رێکخراوی روونبین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت، دواهەمین ئاماری بەرهەمی رۆژانەی کێڵگە نەوتییەکنی هەرێمی کوردستان پێش دەستپێکردنەوەی هەناردە لە ٢٦ی ئەیلولی ٢٠٢٥ دا لە ٩ کێڵگەی نەوتی بەرهەمهێنی نەوتی کوردستانەوە بریتییە لە ٢٨٥ هەزار بەرمیل نەوت. لەم بڕە بڕی ٣٠ هەزار بەرمیل نەوتی پشکی کۆمانیاکانی ناوچەی گرێبەستی تاوکییە ( دی ئێن ئۆ و گنێڵ ئەنێرجی) کە لە ناو خۆدا دەیفرۆشن، بەڵام لە هەماکاتدا کڕیارەکان داخڵی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانی دەکەنەوە بۆ هەناردە و گەیاندنی بە بەندەری جەیهان لەسەر دەریای ناوەڕاست.
پاش ئەوەی کێڵگەکان دەگەنە ئەو پەڕی توانایان لە ماوەی چەند مانگی ئایندەدا پێشبینی دەکەین بەوپێیەی زۆربەی کێڵگەکان جگە لە خورمەڵە و تاوکی بەو پەڕی توانایانەوە یان شتێک کەمتر نەوت بەرهەم دەهێنن لە سەرەتای ساڵی نوێوە ئاستی بەرهەم نزیک ببێتەوە لە ٣٥٠ هەزار بەرمیل نەتی رۆژانە، بەڵام بۆ گەشتن بە ٤٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە پێویستی بەوەبەرهێنان و لێدانی بیری زیاترە لە کێڵگەکان، واتە دەکەوێتە سەر ئەوەی چەند وەبەرهێنانی زیاتر دەکەن لە کێڵگەکاندا.
خشتەی ئاستی بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان:
