ئاری هەرسین میللەتێک ئەبێت خاوەنی یەک نیشتیمان، یەک زمان، یەک مێژوو و یەک چارەنوسی هاوبەش بێت. شەق کردن و پارچە پارچە کردنی میللەت بە بێ سێو دوو گەورەترین خیانەتە. پاش بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زۆر لە وڵاتانی جیهان، ڤایرۆسەکە هاتە وڵاتی کوردستانیشەوە. ئەم ڤایرۆسە نە نەتەوە ئەناسێت نە پێستی ڕەنگی سپی و زەرد و ڕەش. نە وڵاتی دەوڵەمەند ئەناسێت و نە هەژار. خۆشبەختانە ئەم ڤایرۆسە (هەر وەک مردن) نە فەقیر ئەناسێ و نە دەوڵەمەند. کەچی هەندێک کەس لە هەرێمە بچکۆلانەکەی ئێمەدا لە ئامار و زانیاری بڵاوکردنەوە لەسەر ئەم ڤایرۆسە دیسانەوە میللەت شەق ئەکەن. گوایە لە هەولیر هیچ حاڵەتێکی کۆرۆنا نیە و ئەم ڤایرۆسە بە تەنیا تەماعی لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیانە. وەک بڵێی سلێمانیەکان خۆیان دەعوەتی ئەم ڤایرۆسەیان کردوە بۆ ئەو دەڤەرە…! ئەگەر حکومتی هەرێم حکومەتی هەموو هەرێمی کوردستانە؟ ئەگەر یەک نیشتیمانی پیرۆزی کوردستانە؟ نابێت حکومەت نە ڕێگە بە م جیاوازیە بدات و نە سیاسەتی خۆشی بداتە دەست خەڵکانی نامەسئول و بێ ئیشی سەر تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان. ئێمەی خەڵکی کوردستان وەک حەشاماتێکی ملیۆنی واین لە یەک جەستەدا. ئەگەر کوردستانیەک لە زاخۆ هەتا خانەقین یان لە هەر هەر کوێرە دێیەکی ئەم خاکە پیرۆزە ئازاری پەنجە توتەیەکی هەبێت، وەک ئەوە وایە هەمومان توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوبین. ڵە ڕاستیشدا گاڵتەجاڕێکی گەورەیە ڤایرۆسی کۆرۆناش بکەینە دوو ئیدارەیی. من هیوادارم هیچ توشبوویەکی کۆرۆنا لە هەولێر و هیچ شوێنێکی دونیا نەبینم. بەڵام شاردنەوەی زانیاری بەری کورتە و خزمەت بە هاوڵاتیان ناکات. بۆیە حکومەت نابێت ڕێگە بدات هەندێک لە ستافەکەی بە ئاڕاستەی مەبدە ئی نەعامەکەی بەرن. ئەگەریش زانیاریەکان دروست نین، پێویستە حکومەت خۆی ڕونکردنەوەی هەبێت و، سەرجەم ئامارەکانی هەرێم بڵاو بکاتەوە و، سزای توند بەسەر ئەو کەسانەدا بسەپێنێت کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بونەتە دەمڕاستی حکومەت.
د. رزگار ئاغــا دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی وتەیەک: هەتا ئێستا, زانیاری و رێنوومایی فەرمانەگەی تەندرووستیی و, هەندێ پزیشک, لەسەر شاشەی تەلەفیزۆنەکان, دەربارەی گوێزانەوە و تووش بوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ, ئەو بیرۆکە باوەیە کە جۆریکە لە جۆرەکانی هەوکردنی قورسی سییەکان بێت. واتە, گوێزانەوەکە لە رێی کۆئەندامیی هەناسەوە بێـت. هەندێ رێ وشوێن و رێنماییانە بڵاوکردۆتەوە کە تایبەتن بەم شێوازی گوێزانەوەیە. هەروەها, هەڵە لێکدانەوەیەک لە رێنماییکردن بۆ خواردنەوەی ئاو بە شێوەیەکی بەردەوام, گوایە ئەم ڤایرۆسە ئەچێتـە گەدەوە و لەوێ لە رێی ترشەکانی گەدەوە لەناو ئەچن! بەڵام لە تەک توێژیینەوەی زیاتر و, بڵاوبوونەوەی ئەم درمە بەو خێراییە تییژە, توێژەر و زانایان – جگە لە بەرکەوتنی هەناسەیی وەک کۆکە و پژمیین –, بۆ ئەوە ئەچن کە, ڕێگەی تریش هەبێت کە مایەی بلاوبوونەوە و تەشەنەکردنی نەخۆشییەکە بن. باس و خواسی گەرم هەیە, لەسەر بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە -پێ بەپێی رەوشتی ڤایرۆسەکانی پێشوو ترەوە وەک سارس- لە رێگەی کۆئەندامی هەناسە و هەرسەوە تەشەنەیان کردووە, وەک لە وتارێکدا بە ناونیشانی : "?The 2019-nCoV coronavirus: Are there two routes to infection" لە لایەن رچارد لارسن, لە سایتی " inform.org " لەم بارەیەوە نووسراوە بە تێرو تەسەلیی. بۆیە, بریاری داخستنی شوێنە گشتیییەکانی وەک: قوتابخانە و, زانکۆ و, پەرستن و, خۆشیی و, بۆنە کۆمەڵایەتییەکان و, کۆبوونەوە فەرمییەکان گرنگن, بۆ ڕێگرییکردن لە هەردوو شێوازی گواستنەوە و, تەشەنەی ئەم نەخۆشییە. کەمیی رۆشنبیریی تەندرووستی و, سستی بەدواداچوونی پسپۆڕانی ئەم بوارەش, کاریگەرییان هەیە لەسەر نەبوونی ئاوەزایەکی کراوە, بۆ پەسەندکردن وو گوێڕایەڵیی لە ئاستی مەترسیی وەها گەورەدا, کە کۆمەڵگە, سەرتاسەریی, رووبەرووی ئەبێتەوە. بە هیوای ئەوەی ئەم نووسیینەی ریچارد لارسن, کە کردوومە بە کوردیی, لێرەدا, سەرنجی لایەنی پەیوەندیداری هەڵمەتی قەلاچۆکردن و, خۆپارێزیی لەم نەخۆشییە, رابکێشێت و بەهەند وەریبگرن و, لای خۆیانەوە, لە سەر ئاستێکی زانستیی نێودەوڵەتییش, شوێنی بکەون بۆ دەرئەنجامەکانی. ------------ نووسیینەکە: کۆرۆنا: ئایا دوو سوور هەیە بۆ گوێزانەوەی نەخۆشییە درمەکان؟ ڤایرۆسە نوێیەکە, ئەشێت, لە رێگەی هەناسەدان و ریخۆڵەوە, لە مرۆڤ بچێتە دەروەوە. نووسیینی رێچارد لارسن پرۆفیسۆر ریچارد لارسن, توێژەر لە پەیمانگای (MIT) لە ئەمەریکا, نووسیینێکی زۆر سەرنج راکێشی پزییشکییانەی نووسییوە و, لە سایتی (inform.org) بڵاوی کردۆتەوە, هەر وەک خۆی ئەڵێـت, ئەم بۆچوونانەم, پێویستییان بە وردبوونەوە و بەدواداچوونی تاقییگەیی هەیە, بۆ بەهەند وەرگرتن و, گرتنەبەری رێ و شوێنی پێویست لە ئاستیدا. ریچارد, بە بەسەرهاتی یەکەم قوربانیی ئەم ڤایرۆسە دەست پێدەکات: لە شاری (وهان) ی چیین, لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٩, پزیشکێکی ٣٤ ساڵ بە ناوی ( لیی ویین لینگ), سەرنجی ڤایرۆسێکی نامۆی نوێی دا, وەک خۆی گێڕاویەتەوە:( زانیم کە ئەم نەخۆشییە, درمە, کاتێک لە نەخۆشێکەوە بۆم گوێزرایەوە, هەڵسوکەوتی لەتەک حێزانەکەیا هەبووە لە ماڵەوە و, منیش یەکسەر لێوەی تووش بووم. بەم شێویە بوو, زانیم کە درمەکەی زۆر توندە, بەڵام سەیر ئەوەبوو , ئەو نەخۆشە هییچ نیشانەیەکی پێوە دیارنەبوو, بۆیە خەمسارد بووم لە ئاستییدا). دکتۆر ( لیی) وای زانیبوو, نەخۆشەکەی هەڵگری نیشانەکانی " سارس", کە لە هەرێمی گواندۆنگ لە باشووری چیین لە ساڵی ٢٠٠٢ و لە ٢٠٠٣ دا ناسرا. (لیی) بە دیارییکراوی ئەڵێت: وام زانی " سارس" گەڕاوەتەوە و, لام وابوو,هەموو پێویسیتمان بەوەیە, خۆمان ساز و ئامادەبکەین بۆ رووبەرووبوونەوەی و, رێ و شوێنی خۆپارێزیی زیاتر بگریینە دەست. ئەم پزیشکە, ویستی هاوڕێکانی و کەسانی تری نەخۆشخانە وریابکاتەوە و, هەواڵێکی گشتگییری بلاوکردەوە لەسەر ئەم ڤایرۆسە نوێیە, بەڵام لە لایەن بەپرسیارانەوە سزا درا و, ناچارکرا کە قسەکانی بکێشێتەوە. ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی, چەند هەفتەیەک ئەم مەترسییە دوا بکەوێت, پێش ئەوەی تەندرووستی چیین مامەڵەی تەواو و درووست لەتەک ئەم ڤایرۆسە نوێیەدا بکات. پاش ئەوەی کە ئەم پزیشکە, بوو بە پاڵەوانێکی نەتەوەیی و, لە رۆژی ٧ی شوباتی ٢٠٢٠ بەم ڤایرۆسە مرد, کە لە نەخۆشێکی خۆیەوە وەری گرت. زۆریینەی زۆری باس و خواسەکانی فایرۆس کۆرۆنا ئەوەیە, کە " هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدا"ە. وایان زانراوە مردنی دکتۆر (لیی) یش بە ڤایرۆسی سارسی ٢٠٠٣ بووە. ئیتر کاتی پرسیار هاتووە: "ئایا سەرەکییترین رێگەی باو بۆ گواستنەوەی سارس بۆ کەسانی تر چیی بووە؟". رەنگە, وەڵامەکە بمانباتەوە بۆ باخچەکانی" ئامۆیی" لە هۆنگ کۆنگ. کۆمەڵگایەکی نیشتەجیبوونی ١٩ بینا بوو, کە گەورەترین موڵگەی بڵاوبوونەوەی سارس بوو, لەسەر ئاستی کۆ بە کۆیی خەڵک دا. لەم شوێنە, ٣٠٠ حاڵەتی سارس کەوتەوە, کە دەرکەوت هەموویان لە نیشتەجێیەکی ٣٣ سالی نیشتەجێی یەکێک لە فلاتەکانی ئەو کۆمەڵگە یەوە, تووش بووبوون, کە چارەسەری نەخۆشی گورچیلەی ئەخوارد و, توشی سار بووبوو و, لە تەکیشییدا تووشی "سکچوون یان رەوانیی – الاسهال-" بوو بوو, وەک نیشانەیەکی توندی سارس. ئیتر زۆری نەبردووە, هەموو دانیشتوانیی فلاتەکانی ئەو بینایەی ئەوی تیاژیاوە, بە شێویەکی شاقووڵییانە, هەموویان تووش بوون, واتە سەروو فلاتەکەی خۆی تا سەربان و , خوار فلاتەکەی خۆی تا زەمیین. بەجۆرێک بەهییچ جۆرێک, چاوی بە کەس, یان بەریەککەوتنی لەو هاوسێیانەی نەبووە. بەپێی ئەو بەدواداچون و پشکنییانەی, کە کران بۆ دۆزیینەوەی هۆکاری راست و درووست, دەرکەوت کە ڤایرۆسەکە, چووتە بۆری ئاوەرۆی توالێتەکانەوە, لە رێی توالێتی فلاتی تووشبووەکەوە و, لە رێی گوێزانەوەی گازی سکچوونەکەیەوە بە بۆریەکاندا, بۆ فلاتەکانی سەروو و خوارووی خۆی. دواتر, پشکنیینە تاقییگەییەکان ئەوەیان بۆ دەرکەوت, کە ڤایرۆسەکە توانای گوێزانەوەی هەتا ٢٠٠ مەتری هەیە , لە کەسێکەوە بۆ یەکێکی تر. ئەم ئەنجامانە سەرسووڕهێنەرن, لەوکاتەی پژمیین, یان کۆکەی کەسێکی تووشبوو بە " نەخۆشی هەناسەیی", تەنها لە چەند مەترێکی کەمەوە توانای تووشکردنی کەسانی تری هەیە, بەلام بۆری ئاوەرۆ, توانای تووشکردنی کەسانی تری هەیە هەتا ٢٠٠ مەتر. زاناکان وتیان کە ١٠ % هەتا ٢٠%ی تووشبووانی سارس, تووشی سکچوون ئەبن و, ئەگەری گوێزا نەوەی درمەکەیان هەیە لە رێگەی ریخۆڵەوە. هەت رۆژی ١٤ی شوبات, نووسەری ئەم وتارە ئەوە دڵنیایە, کە بۆری ئاوەڕۆی گوێزەرەوەی سارس لە باخچەکانی " ئامۆیی" هۆنگ کۆنگ, وەک کێشەیەک لەم بابەتدا سەیر نەکراوە. تەنانەت, ئەگەر مرۆڤ نەچێتە توالێتیش بۆ هەڵمژیینی ئەم گازانە, ئەوا هەر خۆی رۆژانە 0.6 هەتا 1.8 لتر گازی دووەم ئۆکسیید لە ریخۆڵەکانییدا درووست ئەکات. رێگەی دەرکردنی ئەم گازانە بۆ هەوا, ئەتوانرێت بۆ راڤەکردنی بڵاوبوونەوە و گوێزانەوەی ئەم فایرۆسە لە ناو خێزاندا ئاسان بکات, چونکە هەموو, هەمان توالێت بەکار ئەهێنن. ئەمەش کە دەرکەوت, توشبوون لە یەکێک لە ئەندامانی خێزانەوە بەبێ بەریەک کەوتنی هەناسەیش روویداوە, وەک لە نەخۆشەکەی دکتۆر (لیی) دەرکەوتبوو. ئەم رێتێچوونانە, دەرئەنجامی زانستی یەکلاییکەرەوە نیین, بەڵکو توێژیینەوە و پشکنیینی زیاتری وردتریش پێویستن. رۆژی ١١ی شوباتی ساڵی ٢٠٢٠, گۆڤاری " نیۆیۆرک تایمز" بڵاویکردەوە, هەر لەو شارەی, لە باخچەکانی " ئامەوی" دا, سارس بڵاوبووەوە, ژنێکی ٦٢ ساڵی هۆنگ کۆنگیی, لە دە فلات لە ژێرەوەی فلاتی تووشبوویەکی کۆرۆناوە, ئەمیش تووشی کۆرۆنا بووە, بە هەمان شێوە لە رێی بۆریەکانی ئاوەڕۆوە. لەو حاڵەتانەی کە زۆر چەسپاون, لە ٤٩ حاڵەتی تووشبووی هۆنگ کۆنگیی, سێ حاڵەتیان بۆ خێزانی ئەو ژنە تووشبووە ٦٢ ساڵە ئەگەڕێنەوە, دوانیان لە هەمان فلاتدا ئەژیین و, وەک تەگبیرێکی خۆپاراستن, ٥٠ دانیشتووی ئەو بینایە خراونەتە کەرەنتیینەوە. پوختەیەکی نووسیینەکە: بە کورتییەکەی, رووداوە تۆمارکراوەکانی کانوونی دووەم و شوباتی ٢٠٢٠, سەلماندوویانە, کە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ, تەنها نەخۆشییەکی هەناسەیی نییە, بەڵکو ڤایرۆسەکە لە مرۆڤەوە بە دوو شێوە دەرئەچێت: یەکێکیان هەواییە, ئەوی تریان ریخۆڵەییە. لە حاڵەتی ریخۆڵەییدا, ئەو مادەییە ڤایرۆسەکەی هەڵگرتووە, رەنگە دۆخی رەق, شل, یان گازیی بێت. بەڵام گوێزانەوە هەواییەکەی ڤایرۆسەکە, لە یەکێکەوە بۆ ئەوی تر, بە رێگەی پژمیین یان کۆکە ئەبێت, واتە پێویستیی بە کارلەیەکی دوو کەس هەیە بە نزیکیی ٢-٣ مەترەوە. کاری پشکنیین و بەدواداچوونی مەیدانیی, کە بۆ سارس کرا لە ٢٠٠٣, دەریخست, کە گازی سکچوونی پڕ لە ڤایرۆسەکە ئەتوانێـت بە هەڵگرەکەیەوە بنووسێـت ,کە هەوای ناو بۆریەکانە و, بە شێوەیەکی بەرفراوانی مەترسییدار بڵاوبێتەوە بۆ هەناسەی زۆرترین بەرکەوتوو. پرسیار لە بارەی ئەوەوە, مەبەست لە بەیەکدادان بە کەسێکی تردا مانای چیی ئەگەیەنێت؟ لە حاڵەتی نەخۆشیی هەواییدا, بوونی دوو کەس ئەگەیەنێـت بەیەکەوە, یان لە دووریی ٢ – ٣ مەترەوە و بۆ کاتێکی کەم. بەڵام ئەوەی مەبەستە لەم وتارەدا, واتە بەکارهێنانی هەمان توالێت, بە هەر ماوەیەک بێت, کورت یان درێژ, چونکە ئەو هەوایە هەڵدەمژێت, کە لە توالێتەکەدایە, خراپتریش ئەوەیە کە هەواکێشی (ساحبە) تێدانەبێت, یان حاڵەتی نیشتەجیبوون لەو بینا بەرزانەی, کە هەموو فلاتەکان یەک هەواکێشی هاوبەشیان هەبێت. ئەکەر دەرکەوت, ئەم گریمانانەی وتمان, راست دەربچن, بەشێکی یان هەمووی, ئەوا زۆرێک لە گۆڕانکارییەکان پێویستن, کە ببن لە ناو سیستەم و رێ وشوێنە گییراوەکانی قەلاچۆکردنی ئەم نەخۆشییەدا, کە پێویستن فەراهەم بهێنرێن لە ناو حەمام و توالێتەکان و, هەواکێشی تەواو بۆ دەرەوە, بە سەربەخۆیانە هەبن بۆ هەموو نەخۆشەکان لە کەرەنتیینەکاندا. بە گەڕانەوە بۆ سارس لە ٢٠٠٣ دا, ئەو نەخۆشە درمە بە کوتانەکان (ڤاکسیینەکان) نەوەستێنرا, بە ڵکو لەڕێی هەلسوکەوتی تاکەکانەوە بوو, کە تێکچڕان و قەرەباڵغییان کەم و دیاریی کرد و, پاکژیی رۆژانەیان پاراست بە جوانتریین شێوە و, گۆشەگییرییان گرتەبەر بۆ هەر کاتێک گومانیان لا دروست ببێت. ئەمرۆش لە نەبوونی کوتان (ڤاکسیین)ی ئەم نەخۆشییە, باشتریین شتێک بگییرێتە بەر, پابەندبوونە بەو رێ و شوێنانەی پێشووتر, بە شێوەیەکی چڕوپڕ و رێکخراوانە. سەرچاوە: https://pubsonline.informs.org/do/10.1287/orms.2020.02.01/full/
خالید رەزا ئەو شەش مانگەی کە بە ئیختفا لە شێخەوە بەئەرکی ریکخراوەیی و پیشمەرگانە هاتبومەوە بۆ ناوشاری سلیمانی، رۆژگاریکە کە هەتا دەمرم شانازیی پێوە ئەکەم. ئەزانم لەبەر نادادی و خراپ حوکمرانی خۆماڵی خەلکی کوردستان بەگشتی و نەوەکانی سەرەتا و دوای راپەرین توڕە و نیگەرانن. بەلام خەبات و تیکۆشانی سەدساڵەی گەلی ئیمە لێوان لێوە لە نوچدان و هەستانەوە. نادیدە گرتنی قۆناغەمیژوییەکان و خەتی چەپ و راست هینان بەسەر میژوی دور و نزیکی میلەتەکەماندا، کاریکی نارەواو نادروستە. ئەبێ هەر روداویک بخرێتەوە ناو زەمان و زەمینی خۆیی و ئینجا دراسەبکری و قسەی لەسەر بکرێ. من وەک یادەوری ئەورۆژانە کە بەئیختیفا لە ماڵی هاوریم کاک حەمەنوری مام ئەحمەد (هاورێ موراد)بوم لە یادی راپەرینی 7ی شوباتی سالی ٩١ دا، پیم خۆش بو وینەی ئەو دەفتەر خدمەیە بلاو بکەمەوە کە بەوێنەی گەنجێتی خۆم و بەناوی خواستراوە وپێی هاتمەوە بۆ ناوشار. ئەوانەی سەردەمی بەعس یان لەبیرە درندەیی داودەزگا سەرکوتکەرەکانی بەعس یان دیوە. بۆ خۆپاراستن لەوانە ئەبو ریوشوینی تایبەت بگیرایەتە بەر. یەکێ لەو رێوشوینانە دروستکردنی دەفتەرخدمەی عەسکەری و ناسنامە و وەرەقەی هاتوچۆکردن بو بە مۆروتەدابیری کۆپی کراوەوە. لەناو شۆڕش دا پێشمەرگەیەکی بەسەلیقە و دەسرەنگین هەبو، ئەویش هاوریی خۆشەوێستم کاک شەماڵی بەهجەت کابان بو. کاک شەماڵ ی بەهجەت کابان دائیرەی تەجنیدی شۆرش : کاک شەماڵ بۆخۆی دەفتەرخدمە وشتەکانی دروست دەکرد، لە بەرگەوە بۆ بەرگ لایەرەکانی وەک دەفتەرخدمەی ئەسڵ بەتسلسل و ناوەرۆکەوە بەجۆریک دروست دەکرد، کە کەس فەرقی پی نەکات، ئەو مۆرو بریارانەی کە پیویستی بوایە، لەریی ریکخستنەوە ، وینەکانی دەست دەخست و، دەینارد مۆرەکان بەقەبارەو شکلی ستاندەردی خۆی درووست دەکردەوە، بێ ئەوەی داوای هیج کۆمەکیکی مادی لە شۆڕش بکات. بەتەنها دەزگاچاپیەکانی بەکار دەهینا. بەدەگمەن کەسیک هەبێ و هاتبیتەوە ناوشارو، کاک شەماڵ بەڵگەی بۆ نەکردبێ... پیش من یش هەر ئەم کاک شەماڵە دەفتەر خدمەیەکی مەزبوتی بۆ کاک مستەفای سەید قادر (جیگری سەرۆکی هەرێم) دروستکرد بو، هەتا کاتی گرتن و، بەربونەکەشی، بەعس هەستی نەکردبو، کە دەفتەرخدمەکەی بەناوی خواستراوی (عەزیز عومەر)ەوە بوو، تەزویربێ..! بەندەش هەر ئەم کاک شەماڵە دەفتەر خدمەیەکی نایابی بەناوی (دەرسیم خدرئەحمەد)، بۆ دروستکردم و، بە بریاری شرحبیل و، بە نەخۆشی دڵ لە عەسکەری تەسریح ی کردبوم...! من بەو دەفتەرخدمیە هاتمەوە بۆ ناوشارو، شەوانە بۆ ئیشوکاری ریکخستن لە گیرفانم دا بو. شەوی 4 لەسەر 5 ی مانگی 3 لەگەڵ کاک ئاکۆ محمەد وەهبی چوین بۆ ماڵی کاک مەحمودی حەمەی فەتاح (هاوری سامان) کە لەگەل خاڵە حەمەئەمین ی شاتوان ئەرکی پەیوەندی کردن بە موستەشارەکانی شارەزورمان پێ سپاردبون. خاڵە حەمەین باسی ئیشەکانی خۆبۆکردین وتی جگە لە ئەحمەدی حەمەعیزەت ی موستەشار، لەگەل ئەوانی تر قسەیکردوە و ئامادەن بۆ هاوکاری. وەک ئەڵین قسە قسە ئەهینی کاک مەحمەد کوریکی هەبو ناوی رەوەز بو مناڵ بو، شکور ئێستە گەورە بوە و لەهۆلەندا زانکۆی خویندوەو ئیستە دامەزراوە. لەبەر ئەوەی خزمی یەک بوین بەلام من رەوەزم نەبینی بو، بۆیە هەرکاتیک ئەرۆشتین بۆ مالیان، وا ریک کەوتبوین لەبەر منالەکانیان هەر (بەدەرسیم) قسەم لەگەل بکەن. لەدوای سەرکەوتنی راپەرین کە رۆشتم بۆ سەردانیان هەمویان بە خالید قسەیان لەگەل ئەکردم، رەوەز چرپاندبوی بە گوێێ دایکی دا، وتبوی کوا ئەو پیاوە ناوی خالیدە، خۆ ئەوە کاک دەرسیمە. ئیتر بو بەپێکەنین و وتمان ئێستە ناوم خالیدە و، ئەوە هی پیش راپەرین بو. ناوگۆرینیک بە بێ مناسەبە و گویزەبانە.! جا سەرتان نەیەشێنم، لەکاتی هەستانماندا کە هاتینەدەرەوە و لەبەردەرگا گویمان لە موکەبەرە بو بانگەوازی ئەکرد سبەینی مەنعەتەجولە، کاک مەحمود و خاڵە حەمەین وتیان مەرۆن و لیرە بن. لەگەل کاک ئاکۆ کردمان بەگاڵتە و وتمان کوا حکومەت ماوە ئەوە لەترسا وا ئەکەن. ئیمە سواری سەیارەکە(تۆیۆتایەکی کۆرۆنائی 79 ی تەکسی)بو ریکخراوی سلیمانی بۆ ئیش وکاری ریکخستن کریبویان.هاتین.کە لای ماڵی محافزە وە هاتینە سەرجادەکە روەو ئامادەی صناعە، گەیشتینە بەر ئوتیل هاژە کەوتینە ناو کەمینێکی گەورە ی ئەمن وجاش ەوە کە بەبۆنەی کوشتنی خوالیخۆش بو فایەق ی مۆتێ وە دانرابو!. یەکسەر لەگەل کاک ئاکۆ ریکەوتین کە من سایەق تەکسیم وئەو نەفەرە و یەکتر ناناسێن.هەروامانکرد. ئەوانەی ریگەیان لیگرتین جاش بون. دایان بەزاندین و بەجیا تەحقیق یان لیکردین، جاشەکان من یان برد بۆلای ئەفسەریک ئەمن کە لەوکاتەدا تەفتیشی پاسیکی 21 نەفەریان ئەکرد، تەنها ترسی من لەو کاتەدا ئەوەبو کە نەوەک ئەمانە پیشمەرگەی تەسلیم بوەوە بن بمن ناسنەوە، ئەگینا ترسم لە دەفتەر خدمەکەم نەبو، بردیانم بۆلای ئەفسەرەکە و ئەویش بردمەیە بەر لایتی پاسە و دەفتەرخدمەکەم دایە دەستی، دوای سەیریکردنی خۆم و هەلدانەوەی پەرەکانی، دایمی یەوە وتی برۆ. هەناسەیەکی قوڵم هەڵکیشێ، ترسی کاک ئاکۆش لەدلما بو کە گەیشتمە وە لای سەیارەکە، دەفتەر دخمەشیان لە کاک ئاکۆ داواکردبو، ئەویش هەر بەتەزویر وەک ئەندازیاری کارەبا ئینتداب کرابو بۆ مەعمەلی چیمەنتۆکە. هەردوکمان بەسەلامەتی رزگارمان بو. ئەوە بو بۆ بەیانیەکەی لەرانیەی دەروازەی راپەرینەوە ئاگریان لەسەر پشتی بەعسیەکان کردەوە. سوپاس بۆ هاوریم کاک شەماڵی بەهجەت کابان کە سەلیقە و دەسرەنگینی خۆی ئەوشەوە رزگاریکردم. بۆچی ناوی دەرسیم م بۆ خۆم هەلبژارد؟ هاورێی جوانەمەرگ پاریزەر ئارام محمەد کەریم، کە لەگەل هاورێ یان هیوا و سەردار دا، لەبەردەم سانەوەی رۆشنبیری کوڕان دا، بەعسیەکان بە بەرچاوی خەڵکەوە گولەبارانیان کردن، سێ هاورێێ چاونەترسی کۆمەلە بون. هاورێ ئارام ئەو کاتە ئەندامی ریکخراوی سلیمانی کۆمەلە بو، راستەخۆ بەرپرسم بو، ئەو ناوی نهینی (دەرسیم ) بو، منیش لە خۆشەویستی ئەو و بۆ لەبیر نەچونەوە ناوە نهێنی یەکەی شەهید ئارامم کرد بە نازناوی خۆم. سلاو بۆ گیانی هەرسێ شەهیدە نەمرەکەی کۆمەڵە، کە بەعسیەکان دڕندانە شەهیدیانکردن. سلاو ئەنیرم بۆ رۆحی خاڵە حەمەئەمین ی شاتوان کە بەغەدر شەهیدکرا، سلاو بۆ رۆحی پاک وبیگەردی خزم و هاوری و کەسم کاک مەحمودی حەمەی فەتاح(هاورێ سامان). ناوی خۆم: خالید ڕەزا ئەمین ناوی خوازراو: دەرسیم خدر ئەحمەد لە کۆتایی دا سەری ریز و نەوازش بۆ شەهیدانی راپەرین و تیکرای شەهیدانی ریگای ئازادی و رزگار دائەنەوێنم. نە خەبات و تیکۆشێن بە کەس ئەفرۆشینەوە، نە کڕیار یشین. 6-3-2020
د. كەنعان حەمەغەریب لە سەدەکانی ناوڕاستدا لە جیهانی مەسیحیدا پرسیارێک دەکرێت کە ئایا ئەسپ چەند ددانی هەیە، ئەم بابەتە دەبێتە مایەی موناقەشە، پیاوانی ئاینی دەڵێن نە ئەم پرسیارەو نە وڵامەکەی لە ئینجیلدا نەهاتووە، یەکێک وتی پێویست بە هیچ ناکات دەتوانین دەمی ئەسپ بکەینەوەو ددانەکانی بژمێرین. کەنیسە ئەم پرسیارو وڵامە بە کوفرو لە ئاین درچوون هەژمار دەکات. لەم دۆخەی ئێستادا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە پێی پزیشکانی پسپۆڕ ئەگەری مەترسییەکی گەورەی هەیە بۆ مرۆڤ لە هەموو جیهانداو یەکێک لە رێگا هەرە کوشندەکانی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە گردبونەوەی مرۆڤەکانە، چونکە ئەگەری گواستنەوە زیاتر دەکات. لەم رۆژانەدا لە کوردستان بڕیاری داخستنی ناوەندەکانی خوێندن دراو پاشانیش بریاری ئەوە درا کە نوێژی هەینی و نوێژی جەماعەت لە مزگەوتەکان راگیرێت. ئەم بڕیارە هەر زوو بە سیاسی کراو لای زۆریك لە موسوڵمان بە دژایەتی ئاین و خوا خرایە روو. وەک تەحدی و خۆنمایشکردن هەندێک لە مزگەوتەکان لە دەرەوی مزگەوتەکان نوێژی هەینی ئەنجامدرا. ئەم وێنەیە چۆن بخوێنرێتەوە؟ دەکرێت لە زۆر گۆشەنیگاوە تەماشا بکرێت، ئەوەی لێرەدا بە کورتی باسی دەکەم لە روانگەی تیۆریای مەعریفەوەیە. من باوەڕم بەوە هەیە بە درێژایی مێژوو دنیای موسڵمان گرفتێکی بەرچاوی نەبووە لە گەڵ زانست و مەعریفەیی تاقیگەیی، دەکرێت مشت و مڕی زۆر کرابێت بەڵام بابەتە لە سەر رەتکردنەوەی خودی زانست و بەرهەمە مەعریفیەکانی تاقیگە نەبووە، لە رووی فەلسەفیشەوە لە کاتیكدا لە دنیای مەسیحیدا خەڵک لە سەر فەلسەفاندن و مەعریفەی زانستی دەسوتێنران مەزگەوتەکان شوێنی گفتۆگۆ فەلسەفەییەکان بوو. دەکرێت لە هەندێک باردۆخدا هەندێک لە ئەنجامگیریە فەلسەفیەکان جێگەی رەخنەوە قبوڵکردن نەبوبێتن، بەڵام ئاسان نییە بەڵگە بهێنرێتەوە بۆ رەتکردنەوەی ئەو ئەنجامگیریانە لە تاقیگە بەرهەم هاتبێتن. هەڵبەتە قسەکانی من لە سەر هەندێک لەو بابەتانە نین کە زانست وەک کۆتا چیرۆکی تەفسیرکردنی وجود باس دەکەن و هەموو سەرچاوەیەکی تری مەعریفی رەت دەکەنەوە، بەمەش زانست دەبێتە مقدس و ئەمەش پیچەوانەی زۆرێک لە تیۆرەکانی فەلسەفەی زانستە. بۆیە دەکرێت بوترێت تحدی کردنی ئەنجامگیریە تاقیگەیەکانی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و رەتکردنەوەی رێنماییە پزیشکییەکان بە کەنیسەکردنی مزگەوتەو لە هەمان کاتیشدا لە رووی یاساییەوە هۆکاربوون بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم پەتایە بە دەرنییە لە بەرپرسیارێتی یاسایی و لە رووی ئیمانیشەو ئەگەر زەرەرنەدان لە کەسی تر پرسێکی ئیمانی و ئەخلاقی بێت و لە هەمان کاتیشدا بەرپرسیارێتی بێت ئەوا دەبێت موسوڵمان ئەم پرسە زۆر بەلایەوە گرنگ بێت. لە کۆتاییدا ئایا خوای میهرەبان کامەی بەلاوە گرنگە؟ پاراستنی ژیان و یاخود گردبونەوەو دروستکردنی هەڕەشە بۆ ژیانی مرۆڤەکان؟ ئایا ئەم خوای ئیمە ئەوەندە بێ بەزییە لە پێناوە ئەم نمایش وگردبونەوە ئاسایی بێت بەلایەوە ژیانی مرۆڤەکان بێتە قوربانی؟ دەتانەوێت وا بە نا موسوڵومان بڵین خوا تینووەو تێنوێتی بەوە دەشکێت مرۆڤەکان ببنە قوربانی؟ بۆیە دەکرێت بوترێت ئەم رەفتارانە بە کەنیسەکردنی مزگەوتە لە رووی مەعریفییەوە لە کاتێکدا بە درێژایی مێژوو بەڵگەی ئەوە دەخرێتەو روو کە مزگەوت جیاوازە لە کەنیسە.
عومەر عەلی محەمەد ڕاسپاردنی محەمەد عەلاوی بۆ پێکھێنانی حکومەتی عێراق لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە پاش رەتکردنەوەی ژمارەیەک لە پاڵێوراوھات بۆ ئەو پۆستە، چونکە زۆرینەی کاندیدەکانی تر لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە جێگەی رەزامەندی نەبوون و بە کاندیدی حزبی لە قەڵەمیان دەدان یان پێشتر پۆستی حکومیان وەرگرتبوو یان بە ھاوسۆز لەگەل کۆماری ئیسلامیان دەزانی، دواجار سەرۆک کۆمار محەمەد عەلاوی راسپارد بۆ پێکھێنانی حکومەت، چونکە ئەم کارەکتەرە بەشێکی زۆر لە مەرجەکانی تێدابوو، سەربەھیچ پارتێکی سیاسی نەبوو لە ئێستادا و ھیچ پۆستێکی پەرلەمانی و حکومیشی نەبوو لەلایەکی تریشەوە جێگای رەزامەندی ئەمریکییەکان و ئیرانییەکانیش بوو، خۆپیشاندەرانیش بەشێکیان پشتیوانیان لێ دەکرد و لەلای بەشەکەی تریشیان جێگای گومان بوو، عەلاوی لەسەرەتای دەستپێکردنی ھەوڵەکانیدا بۆ پێکھێنانی کابینەکەی وەک نوێنەری خۆپیشاندەران خۆی نمایش دەکرد و بە شێوەیەکی گشتی جەختی دەکردەوە لەسەر جێبەجێکردنی سێ خاڵی سەرەکی کە ھەرسێکیان لە مەرج و داواکانی خۆپیشاندەران بوون کە ئەوانیش دیاریکردنی کاتێک بۆ ئەنجامدانی ھەلبژاردنی پەرلەمان و بەرەو ڕووبوونەوەی گەندەڵی و بەدادگایی گەیاندنی بکوژی خۆپیشاندەران بوو، مەرجێکی سەرەکی عەلاوی بۆ دروستکردنی کابینەکەی ئەوە بوو کە نابێت ھیچ کاندیدێک لەسەر بنەمای حزبی لە حکومەتەکەیدا بوونی ھەبێت، ئەم داوایەشی بووەھۆی ئەوەی بەشێکی زۆر لە کوتلە سیاسییەکان رووبەرووی ببنەوە، کە لە نێویشیاندا کوتلەی کوردی و بە تایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان. عەلاوی لە بەیانی پاشەکشەکەیدا کە بۆ سەرۆک کۆماری ناردووە دان بەو راستییەدا دەنێت کە بەشێک لە پارتە سیاسیەکان ئامادە نەبوون واز لە کاندیدی حزبی بھێنن و لە پێناوی بەرژەوەندی نیشتیمانیدا دەنگ بە کابینەکەی بدەن، لە ھەمانکاتدا کەوتووەتە ژێر فشاری توند بۆ ئەوەی ئاراستەی حکومەتەکەی پی بگۆرن . ھەلوێستی کوتلە کوردییەکان لەسەرەتادا بە دوو ئاراستە بوو، یەکەمیان ئاراستەی پارتەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی بوو کە گروپی ( ١٥) یان دروستکردبوو، بۆ ئەم مەبەستەش دووجار کۆبوونەوەیان لەگەل عەلاویدا ئەنجامدابوو، بە پێی لێدوانی چەند ئەندام پەرلەمانێکی ئەم گروپە، عەلاوی بەڵێنی دابوو بە کورد کە درێژە بە دانی موچەی ھەرێم بدات و دان بە شایستە داراییەکانی پێشمەرگەدا بنێت و خەرجکردنی پارەی جوتیاران بە سالانی رابردووشەوە بدات و ھیچ رێگرییەک دروستنەکات بۆ چەسپاندنی مادەی ١٤٠ و لە جیاتی سێ وەزیر، وەزیرێک وەک جێگری سەرۆک وەزیران بە کورد بدات . ئاراستەی دوووەم ھەلوێستەکانی پارتی و یەکێتی بوو کە زۆر نیگەران بوون بە ھەڵوێستەکانی گروپی ١٥ و ھەوڵی لە باربردنی ئەو گروپەیاندا، بۆ ئەم مەبەستەش لە ھەرێمی کوردستان پارتی بانگەشەیەکی بۆ حزبە کوردستانیەکان نارد ھەتاکو کۆبوونەوەیەک بکەن لەگەڵ ھەر سێ سەرۆکایەتییەکە بۆ یەکخستنی ھەلوێستیان لە ئاست پێکھێنانی حکومەتەکەی عەلاوی، بەدەمەوەچوونی حزبەکانی گۆران و یەکگرتوو و کۆمەڵ بووە سەرەتایەک بۆ شکستپێھینانی ھەوڵەکانی گروپی ١٥ و گەرانەوە بۆ ژێر چەتری پارتی، پارتی ئەم کۆبوونەوەیەی بە ناوی پاراستنی یەکریزی نیشتیمانیەوە ئەنجامدا، لە کاتێکدا ئەمە ھیج پەیوەندی بە مەسەلە نیشتیمانیەکانەوە نەبوو، چونکە عەلاوی بەڵێنی دابوو کە زیاتر لەوەی کە ھەیە بۆ کورد ئەنجامیبدات . ناکۆکیەکانی پارتی لەگەل کابینەکەی عەلاوی تەنھا لەسەر ئەوەبوو، کەرازی نەبوو کاندیدی حیزبی لە حکومەتەکەیدا قبوڵبکات ، پارتی بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ ئەم برگە راگەیاندبوو، کە ئەگەر کاندیدی حزبی قبوڵ نەکرێت ئێمە لەو حکومەتەدا بەشداری ناکەین . پارتی وەک حزبێکی سیاسی ئازادە لەوەی کە چ جۆرە ھەلوێستیکی ھەبێت، بەڵام پرسیارەکە لەسەر ئەو پارتانەیە کە بێجگە لە نەوەی نوێ لەناو گروپی ١٥ دا بوون، ئایا ھۆکاری چی بوو کە گروپەکەیان ھەڵوەشاندەوە و بەدەم بانگەشەکەی پارتییەوە چوون و بە ناوی یەکریزی نیشتیمانییەوە پشتیوانیان لە ھەلوێستەکەی پارتی کرد؟ بە بروای ھەندێک لە توێژەرانی سیاسی و ھەندێک لە ئەندام پەرلەمانتارەکانی گروپی ١٥کە لە ھەندێک وتارولێدواندا دەڵێن: دەسەڵاتداران لە ھەرێمی کوردستاندا دلخۆش نین بەوەی کە لە عێڕاقدا دەسەڵاتێکی دادپەروەر و دوور لە گەندەلی و شەفاف بێتە ئاراوە، چونکە ئەو کاتە پرسیار لەسەر گەندەڵی لە دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستانێشدا دروستدەبێت و ئەو کاتەش ئەگەری ئەوە ھەیە جەماوەر داوابکەن ھاووشێوەی عێڕاق رووبەروی گەندەڵی ببنەوە و گەندەڵکاران بە دادگا بگەیەنن، لەلایەکی تریشەوە بریاردان لە ئەنجامدانی ھەلبژاردنێکی پەرلەمانی پێش وەختە کە دووور بێت لە ھەژموونی حزبی و تەزویر و بە لارێدا بردوون و لەلایەن رێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیشەوە سەرپەرشتی بکرێت، ئەو کاتە قەبارەی راستەقینەی جەماوەری دوو پارتە حکومڕانەکەی ھەرێم دەردەکەوێت و بەمەش ئاستی ئەو تەزویرە گەورە ئاشکرا دەبێت کە لە ھەلبژاردنی پێشوو کردوویانە و لە ئێستاشدا دەردەکەوێت کە تاچ ئاستێک دەنگدەر و جەماوەریان ھەیە؟ . لەبەر ئەوە حکومڕانانی ھەریمی کوردستان ھەرگیز بە شیوەیەکی ئیجابی پشتیوانی لە گۆرانکارییەک ناکەن کە بە قازانجی ھاوڵاتیانی عێڕێق بێت، چونکە بە درێژایی ١٨ سالی رابردوو پارتە کوردێکانیش بە تایبەتیش یەکێتی و پارتی بەشدارن لەو گەندەڵییەی کە لە عێڕاقدا ھەبووە و ئەگەر لە ئایندەدا دادگایەک پێکبھێنرێت بۆ لێپێچینەوە لە گەندەلکاران، ئەوا وەزیرە کوردەکانیش لێ قوتارنابن . لەلایەکی ترەوە بەبڕوای ھەندێک لە چاودێرانی سیاسی پارتە حکومرانەکانی ھەریمی کوردستان لە ئیستادا حەز بەوە ناکەن کە دەسەڵاتێکی سەقامگیرو ئارام لە عێڕاقدا دروستببێت کە تیایدا یاسا سەروەر بێت و مافەکانی ھاوڵاتی تێیدا بچەسپێت و شەفاف و دادپەروەربێت، چونکە ئەو کاتە دەبێت ھەموو سەرچاوەی داھاتەکان بە تایبەتیش نەوت شەفاف بێت و لە ژێر چاودێری پەرلەماندا بێت، چونکە ئەوەی لای ھەمووان ئاشکرایە کە داھاتەکان بەتایبەتیش نەوت لە ھەرێمی کوردستاندا نەک بۆ پەرلەمانی عێراق بەڵکو پەرلەمانی کوردستانیش بێ ئاگایە لێی و ھیچی لێ نازانێت و بۆشی نییە پرسیار لە چۆنییەتی دەستەکەوت و خەرجیەکانی بکات، لەبەر ئەوە ھەتا ئەم دۆخە بەو جۆرە ئالۆز و نا ئارام بێت ئەوان زیاتر سودمەند دەبن و ھیچ بڕە داھاتێکی نەوتیش ناگەڕێننەوە بۆ عێراق .
د. ئومێد رەفیق تورکیا لە رێکەوتنە نوێیەکەیدا کە ئەمرۆ لە مۆسکۆ لەگەڵ پۆتین لە روسیا کردی ،لەبارەی ئیدلبەوە ئەنجامەکانی بەدڵی ئەو نەبو . چونکە زۆر خال و بەندی بە کراوەیی ھێلراوەتەوە ،بەڵام خاڵی مەترسیدار ئەوەیە ئەم دۆرانەی لەسەر حیسابی رۆژئاوا وەربگرێتەوە بەتایبەت کۆبانی، به تایبهتی ئهو برگهیهی كه ههردوو لا دهستكراوه دهبن له ئهگهری ههر شكاندنێكی ئاگربرهكه، له لایهن رژێمی سوریا بهرامبهر به توركیاو گروپه تیرۆریستیهكان بهرامبهرسوریاو هێزهكانی رۆسیا، خاڵێكی تری كه توركیا تییادا دۆڕاوه هێزهكانی سوریا ناگهڕێنهوه بۆ خاڵهكانی پێش پێشرهوییهكانی ، له ئێستادا جگه له شارۆچكهی سهراقوب، هێزهكانی سوریا زۆر شوێنی تری ستراتیژیو سهربازی كۆنترۆڵكردۆتهوه، بهتایبهتی ههردوو شاڕیی سهربازی ئم فایڤ و ئێم فۆڕ. پۆتین له كۆنگره رۆژنامهنوسیهكهیدا ئهوهشی بهئاشكرا ووت كه توركیا دهبێت ئهو ناوچانهی ئیدلیب پاك بكاتهوه له گروپه تیرۆریستیهكان، له ئێستادا دهنگۆی ئهوه ههیه ، توركیا راستهوخۆ دوای رێكهوتنهكه داوای له هێزه چهكدارهكان كردوه كه پێنج ههزار له و چهكدارانه بچنه ناوچهی گرێ سپی. ئهوهش زهنگه مهترسیدارهكهیه، ههروهها خاڵێكی تر له ڕێكهوتنهكه جهختكردنهوهی ههردوو لایه لهیهر یهك پارچهی و سهروهری سوریا، خاڵی بههێز لهم ناوهنده ئهوهیه كه ئهمریكا ڕێگه بهم ههنگاوه نهدات ، چونكه ئهمریكا بهشێك نییه له رێكهوتنی ئهستانه، بهڵام كێشهی گهوره ئهوهیه كه ئهم ناوچانه نهوتی نییه ، بۆیه ئهمریكا به راشكاوی ئهڵێت ئێمه پارێزگاری له بیره نهوتهكان دهكهین، ئهم مهترسییانه له كاتێكدایه ، كه دوێنێ بهشار ئهسهد بانگهشهی ئهوهی دهكرد كێشهیهك به ناوی كورد له سوریا نییه.
د. رزگار ئاغا وەزارەتی (داد)ی ئەمەریکا, لە رۆژی ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠, رایگەیاند, کە د. چارلس ڵیبەر (Charles Lieber) ( سەرۆکی بەشی کیمیا و بایۆلۆجیی کیمیایی لە زانکۆی هارڤەرد- و دوو خوێندکاری چیینیی لە سێ حاڵەتی جیاجیادا تۆمەتبارکراون, بە تۆمەتی هاوکارییکردنی کۆماری چیین ی میللیی. د. چارلس ڵیبەر, ٦٠ ساڵ, بە تۆمەتی گوفتاردانی درۆ لە سکاڵایەکی تاوانکارییدا گییرا. یانکیینگ یی (Yanqing Ye), ٢٩ سال, مێ, هاوڵاتیی چیینییە, تۆمەتبارە بە, گزییکردن لە ڤییزە, گوفتاری درۆ, سیخوڕیی بۆ حوکوومەتی بیانیی و پییلان. ئێستا لە چیینە و، نەگییراوە. زاوسۆنگ ژیینگ (Zaosong Zheng), ٣٠ ساڵ, نێر, هاوڵاتیی چیینییە, لە ١٠ی ئەیلوولی ٢٠١٩, لە فڕۆکەخانەی لۆگان لە بۆستن, تۆمەتی فڕاندنی (تەهریبکردن)٢١ تیووبی توێژیینەوەی زانستیی بۆ چیین لێپێچیینەوەی لەتەکدا کراوە, دواتر لە٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ گییراوەو, لە ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ گوفتاری درۆ و چەواشەکاریی داوە . بەپێی پەڕاوەکانی دادگا, لە ساڵی ٢٠٠٨ دا, د. ڵیبەر, وەک سەرۆکی توێژەری یەکەم، لە کۆمەڵەی ڵیبەر بۆ توێژیینەوە لە زانکۆی هارڤەرد, پسپۆڕ لە بواری زانستی نانۆ, زیاتر لە پازنزە ملیۆن دۆلاری وەک بەخشینێکی دارایی پێدراوە، لە لایەن پەیمانگای نیشتمانیی تەندرووستیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی. ئەم بەخشیینە, دژ ئەوەستێتەوە لەتەک ئەوپشتییوانە داراییانەی کە لە حوکوومەتە بیانیی یان بۆردە بیانییانەوە وەرگییراون، بە بێ زانیاریی و ئاگاداریی زانکۆی هارڤەرد. بەم پێیە, د. ڵیبەر بووەبە " زانای ستراتییجی"ی لە زانکۆی ووهان (WUT) بۆ تەکنۆلۆجیا –چیین. بە پێی ئەم گرێبەستە, هەلدەستێت بە پێگەیاندنی هەزاران بەهرەداری چیینیی، لە ماوەی نێوان ٢٠١٢ هەتا ٢٠١٧. ئەم گرێبەستە چیینییە, لە دیارتریین بەرنامەکانی چیینە، بۆ راکێشان و دامەزراندنی بەهرە زانستییە بەرزەکان، بۆ تۆکمەکردن و پێشخستنی زانستیی و گەشانەوەی ئابووریی و ئاساییشی نەتەوەیی چیین. لێرەوە, زانا و لێهاتووەکان لە دەرەوەی چیینەوە ئەرەخسێنرێن، لە بەرامبەر پارە و بەخششی گەورەدا. بەپێی ئەو گرێبەستە, ڵەیبەر بۆ ماوەی سێ ساڵ, بڕی پەنجا هەزار دۆلار مانگانە لە زانکۆی (WUT) وەرئەگرێت, لە تەک خەرجیی بژێوی، کە ئەگاتە بری سەدو پەنجا و هەشت هەزار دۆلاری ئەو کاتەو, خستنە بەردەستی بڕی یەک ملیۆن و نیو دۆلار، بۆ دامەزراندنی تاقیگەی توێژیینەوە لە زانکۆی (WUT). بۆیە ڵەیبەر ناچار بوو، کە لە پێناوی (WUT), نۆ مانگ لە ساڵێک دا کار بکات و, پرۆژەی هاوکاریی نێودەوڵەتیی رابگەیەنێـت, داوای بروانامەی داهێنان بکات و، تویژیینەوەکانیشی بە ناوی زانکۆی (WUT) بڵاوبکاتەوە. سکاڵاکە لەسەر د. ڵیبەر ئەوەیە, لە ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩دا, ڵەیبەر درۆی کردووە، لە بابەتی تێوەهەڵچوونی لە بەرنامەی پێگەیاندنی هەزاران بەهرەداری چیینیی و، پێوەندیی بە زانکۆی (WUT). لە وەڵامی لێپێچیینەوەکاراندا, وتوویەتی، کە بە هییچ شێوەیەک داوای ئەوەی لێ نەکراوە، کە لە بەرنامەی پێگەیاندنی بەهرەداراندا بەشداریی بکات, بەڵام " وتی دڵنیا نییم" چۆن چۆنیی چیین ئەوی بەشدارکردووە لەو بەرنامەیەدا. سزای گوفتاری درۆ و ساختە و هەلبەستن، ئەگاتە پێنج ساڵ زیندانیکردن و، سێ ساڵ ئازادکردنی بە چاودێرییەوە و، غەرامەی دووسەد و پەنجا هەزار دۆلار. یان چینگ یی, بەپێی لائیحەی تۆمەتبارکردنەکە, (یی) ئەفسەری یەک ئەستێرەیە لە سوپای ئازادیی میللیی چیین و, هێزی چەکداری کۆماری چیین ی میللیی و, ئەندامی حیزبی شیوعیی چیینییە. لە فۆرمی داواکردنی ڤییزەی هاتنە ژوورەوە (J-1), (یی) خۆی بە خوێندکار نووسییوە, درۆیشی لە بابەتی خزمەتی سەربازیی بەردەوامدا کردووە، کە لە زانکۆی نیشتمانیی تەکنۆلۆجیای بەرگریی ئەخوێنێت (NUDT), ئەمە ئەکادیمییایەکی سەربازیی گەورەیە و، حیزبی شیوعیی چیینیی ئەیبات بەڕێوە. هەروەها وتووشیەتی, کە خوێندنی لە بەشی فیزیا و کیمیا و ئەندازیاریی پزیشکیی زیندەگیی لە زانکۆی بۆستن، لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ بۆ نیسانی ٢٠١٩ کردووە. ئیشەکەی (یی) لە سوپای ئازادیی چیین, بەجێهێنانی توێژیینەوە و هەلسەنگاندنی سوپای ئەمەریکاییە، لە پێگەکانییدا, ناردنی دۆکیومێنت و زانیاریی لەسەر ئەمەریکا بۆ چیین. سزای ڤییزەی ساختەش , زیندانییە بۆ دە ساڵ وسێ ساڵ ئازادکردن بە چاودێرییەوە و، غەرامەی دوو سەد و پەنجا هەزار دۆلار. بەڵام تۆمەتی سیخووریی بۆ حوکوومەتێکی بیانیی، هەر هەمان سزای سەرەوەی هەیە. لە ئابی ٢٠١٨دا, ژیینگ, هاتۆتە ناو خاکی ئەمەریکاوە بە ڤییزەی (J-1), توێژیینەوەیەکی لەسەر خانەکانی شێرپەنجە کردووە لە ناوەندی پزیشکیی (Beth Israel Deaconess Medical Center) لە بۆستن, لە ماوەی نێوان ٤ی ئەیلوول ٢٠١٨ بۆ ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩. دواتر, ژیینگ، ٢٠ تیووبی لە توێژیینەوە بایۆلۆجییەکانی دزییوە و، هەوڵی ئاودیو سنووری ئەمەریکای داوە,لە فرۆکەیەک دا بەرەو چیین. لە گرتنییدا, یەکەمجار خۆی هەڵە کردووە لەو تییوبانە, بەڵام دواجار دانی پێدا ناوە، کە لەو تاقییگە ئیسرائیلییە دزیوونی و, بەرو چیینی ئەبات، هەتا لەوێ بەکاریان بهێنێت لە توێژیینەوەیەکدا، لە تاقیگەی تایبەتی خۆی و، بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانی بە ناوی خۆیەوە. تۆمەتی ئاودیوسنوورکردن, زیندانییە بۆ دە ساڵ وسێ ساڵ ئازادکردن بە چاودێرییەوە و، غەرامەی دوو سەد و پەنجا هەزار دۆلار. هەندێ نووسینی تریش لە سایتەکانی تری ئەمەریکادا بلاوبوونەتەوە,کە هەریەکەیان بە جۆرێک تایبەتمەندییەوە تیشک ئەخەنە سەر ئەم پرسە گەرمە. لە لایەکی تریشەوە, تۆرە کۆمەڵایەتییەکان, باس و خواسی خەمخۆرییان تیادا بلاوبۆتەوە. پۆڵ فارێڵ, لە سایتی (Heavy.com) نووسیوویەتی: (یی) تۆمەتبارە بە سیخوڕیی کردن لە زانکۆی بۆستنەوە, نەک زانکۆی هارڤەرد و, پێوەندیی بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە نییە. هەروەها (ژیینگ) یش, کە تییووبەکانی دزیووە و، هەوڵی ئاودیوسنووری ئەمەریکای کردووە بەروە چیین بۆ توێژیینەوەی تایبەتی خۆی. بەپێی دۆکیومێنتەکانی حوکوومەتی فیدراڵیی پەیوەست بە گرتنی د. ڵەیبەر, ناوبراو هییچ پێوەندیی بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە نییە. گرتنی د. ڵیبەر, هاوکاتە، لەتەک دەرچوونی لائحەی تۆمەتبارکردنی دوو هاوڵاتیی چیینی لە هەمان رۆژدا. سایتی (npr) لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ دا لە وتاری (Acclaimed Harvard Scientist Is Arrested, Accused Of Lying About Ties To China), ئەڵێت: لە گوفتارێکی نووسیین دا, کە هێشتا رانەگەیەنراوە, رۆژی سێشەمە, دادوەری تایبەتیی نووسینگەی فیدراڵیی (FBI), رۆبەرت بلومب) وتی: ڵیبەر, سەرۆکایەتیی کۆمەڵێک لە توێژیینەوەی کردووە, لە زانکۆی هارڤەرد, کە چڕبوونەتەوە لە زانستیی نانۆدا, تاقیگەیەکی تایبەتی توێژیینەوەشیی لە زانکۆی (WUT) دامەزراندووە, کە وەک دەرئەکەوێت، بە بێ ئاگایی زانکۆی هارڤەرد بووە. هەروەها لەبەر پەرچی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ڵیبەر کراوە, هارڤەرد بە (FBI) ئەڵێت" ئەو تۆمەتانەی کە حوکوومەتی ئەمەریکا ئاراستەی پرۆفیسۆر ڵیبەری کردووە, تا ئەوپەڕیی مەترسییدارن. هارڤەرد هاوکاریی دەسەلاتی فیدراڵیی ئەکات, بە پەیمانگای نیشتمانیی تەندرووستییشەوە, بۆ ئەم مەبەستەش, بۆ پێداچوونەوە بە رەفتاری نادروستی پرۆفیسۆرەکەیانەوە, مۆڵەتێکی کارگێرییان پێداوە هەتا کاتێکی نادیار". جۆن دیمرز, یاریدەدەری داواکاری گشتیی ئاسایشی نەتەوەیی, لە بەیانێکدا ئەلێت: ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ڵیبەر کراوە " ئەو هەرەشە مەترسییدارە روون ئەکەنەوە, کە کۆششی چیین بەردەوامە، بۆ دزیینی کۆششی هزریی و, توێژیینەوەکانی زانکۆکانی ولاتەکەمان" هەروەها, ئەوەیشی بۆ زیاد کرد: " زانکۆ ئەمەریکاییەکان, لەتەک پاراستنی ژینگەی توێژیینەوە و, فێڕبوونی کراوە و, هاوکارییکردن دا, بوونەتە باشتریین زانکۆکانی جیهان, بۆیە پێویستە ئەم هەڕەشەیە بەوپەڕیی توندییەوە بەهەند وەربگیرێت و, رێ وشوێن و, بەدواداچوونی بەردەوام بگیرێتە بەر, لەتەک ئەو رێوشوێنانەش, کە ئەگیرێتە بەر, بۆ پابەندکردنی پرۆفیسۆرەکان و, باربووکردنی بەرنامەکانیان و, مسۆگەرکردنی ئاسایشی ماددی و ئینتەرنێت، لە پێناوی پاراستنی توێژیینەوە هەستیارەکانیان" دان ئیڤۆن, لە ١٨ی شوباتی ٢٠٢٠,لە سایتی (Snopes.com) بە ناونیشانی " Was Charles Lieber Arrested for Connections to Coronavirus, Wuhan Lab? " ئایا گرتنی ڵیبەر پێوەندیی هەیە بە فایرۆسی کۆرۆنای تاقییگەی( وهان)ەوە؟ لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠, پیاوێک بە ناوی (Marty Weiss), لە فەیسبووکەکەیدا, پۆستێکی درێژی نووسیووە, کە گرتنی پرۆفیسۆر ڵەیبەر و, هەردوو هاولاتییە چیینییەکە (یی و ژیینگ) ئەبەستێتەوە بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە. ئەم پۆستە، زیاتر لە ٢٥٠٠ کۆمێنتی بۆ نووسراوە و ٢٨٠٠٠ جاریش شێرکراوە. گرتنی ڵیبەر, هەواڵێکی گەورەیە لە ناوەندی ئەکادمییاییدا؛ بەڵام دوای ئەوەی کە بەکارهێنەکانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان, بەزمێکیان نایەوە, گوایە باربووکردنەکە(تەمویل) لە زانکۆی(WUT)ی چیینییەوە دەستی پێکردووە, کە خاڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێیە. ئیتر ئەم دژە بۆچوونانە دایان بەیەکدا و، پێوەستێکی ناراستیان لە نێوان ڵیبەر و بییردۆزی پییلان دا چنیی, کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرهەمێکی تاقیگەیی یە، وەک چەکی بایۆلۆجییە. سیناتۆری کۆماریی (تۆم ئەرکەناس), بەرپەرچی بییردۆزی پییلان ئەداتەوە, کە فایرۆسی کۆرۆنا دروستکراوی مرۆڤ بێت. لە چاوپێکەوتنێکدا لە تەک (Maria Bartiromo) لە ١٦ی شوباتی ٢٠١٠ دا, وتی: ئەم ڤایرۆسە لە بازاری گیانەوەران سەرچاوەی نەگرتووە, زۆرێک لە حالەتی بنەرەتیی هەن و, لە گیانەوەرانیشەوە سەرچاوەیان نەگرتووە, بەڵام راستە ئەزانیین, چەند میلێکی کەم دوورین لە بازاری خواردمەنییەوە, دواتر تاقییگەکانی (Bio Safety) چیین, لە جۆری پلە چوارن, هەتا بتوانن توێژیینەوە لەسەر نەخۆشییە درمەکان بکەن. ئێمە هییچ بەڵگەیەکمان لەبەر دەست نییە, کە یەکلاییانە بزانیین, ئەم نەخۆشییە لەوێوە سەرچاوەی گرتبێت, بەڵام بەلایەنی کەمەوە, ئەتوانیین ئەو پرسیارە بکەین.
عەبدوڵا ئەحمەد " کاک نەوشیروان وتی ئێمە ڕاپەڕینمان بۆ ئەم رۆژە نەكرد، بۆیە قسە ناكەم" لەسەروبەندی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و كە لە 7/3/2010 بەڕێوەچوو، لە KNN سەرقاڵی ئامادەكردنی بەرنامەیەك بووم لەسەر راپەڕین، دەمویست بە ووردی لە رەگو ریشە راپەڕین بكۆڵمەوە، بۆیە چومە رانیەو لەوێوە دەستم پێكرد، یاسین خدر كە ئێستا ئەندامی پەرلەمانە چاوساغیكردم و كاسێتێكی دەنگی شەهید عەلی نەبی بۆ پەیداكردین لە رێگەی كوڕەكەیەوە، كە باسی ئەوە دەكات كە نەوشیروان مستەفا ئەندازیاری راپەڕینە، تا ئەو كاتە ئەو كاسێتە دەنگی بڵاو نەبووەوە بەو شێوەیە، دواتر هەرلە شاری رانیە ژمارەیەك كەسی بەشداربووی راپەڕینمان دواند، لە رێگەی كاك مستەفا سەلیم كە كار ئاسانی زۆری بۆ كردین. لەو كاتەدا لەسەروبەندی نزیك بوونەوەی یادی راپەڕین یەكێتی دارودیواری رانیەی لە لافیتەی سەوز هەڵكێشابوو ئەویش بەهۆی شكستەكەیان لە هەڵبژاردنی 25/7/2009، واپیشانیان ئەدا كەڕاپەڕین دەسكەوتی ئەوانە، یادەكە هاوكات بوو لەگەڵ هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و گۆڕانیش بە لیستی سەربەخۆ بەشداربوو، هەمو لایەنەكان سڵیان دەكردەوە چونكە گۆڕان خاوەنی میدیایەكی بەهێز و جەماوەرێكی ئازاو حەماسی بوو، ئێمە دوای تۆماركردنی لێدوان و ئەوەی دەمانویست كردمان و گەڕاینەوە سلێمانی بیرۆكەی بەرنامەكە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەكاك مەحمود ڕەزاوە هەبوو كاك مەحمود ئاگاداری ووردەكاری راپەڕین بوو، لەو سەروبەندەدا یەكێتی دەستكەوتەكانی راپەڕینی دەكردە هی خۆی و ناوی كاك نەوشیروانی نەدەهێنا،چەندکەسێکیان باسی ڕاپەڕینیان دەکرد کە هەر ئاگایان لەڕاپەڕین و وردکاری ڕاپەڕین نەبوو، كاك مەحمود ڕەزاپێی باش بوو لەو بەرنامەیەدا كاك نەوشیروان خۆی بەشدار بێت باسی راپەڕین بكات، بۆیە راستەوخۆ چوین بۆ لای كاك نەوشیروان، لەو هۆڵەی ئێستا كۆبونەوەكانی جڤاتی نیشتیمانی تێدا دەكرێت دانیشتبوو، چوینە ژوورەوەو سڵاومان كرد مەجلیسەكەی گەرم و گوڕو زۆر قەرەباڵغ بوو، هەر ئەوكاتە بوو كە عەدنان عوسمان ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان بەپێشمەرگەی وتبوو میلیشیا سەرجادەو دارو بەردیان لێپڕكردبوولە پێشمەرگەو زیندانی سیاسی و خانەنشین. -دوای بەخێرهاتن ودانیشتن + كاك نەوشیروان سەرقاڵی بەرنامەیەكین لەسەر ڕاپەڕین وەك دەزانین تۆ ئەندازیاری ڕاپەڕین بوویت. پێمان خۆشە بەرنامەكەمان بۆ دەوڵەمەند بكەیت -تۆ چوزانی من ئەندازیاری ڕاپەڕین بووم + شڵەژام و وتم هەندێ حزب و كەس دەیانەوێ بیكەن بەدەسكەوتی خۆیان. - جابابیكەن، ئێمە ڕاپەڕینمان بۆ ئەم ڕۆژە نەكرد، ئێستا ئەوانەی بەرهەمی ڕاپەڕین دەخۆن ماڵیان بچێتە هەركۆڵانێكەوە خەڵكی ئەو گەڕەكە خانوەكەی دەفرۆشێ. + كەواتە تۆ قسە ناكەی -نەخێر، ئێوەگەنجن لەسەر ئەم ڕاپەڕینەی ئێستا ئیش بكەن، چی پێویستان بە راپەڕێنیكە كە بەشدار نەبوون تیایدا.
مەلا بەختیار یادی (29) ساڵەی راپەڕین، لە دەروازەی راپەڕینو راپەڕینی شارەكانی تریش، لە رۆژانی تردا، لەهەموو گەلی كوردستان پیرۆز بێ. ئەم یادە، نەك لەبەرئەوەی یادێكی سیاسی-جەماوەریە، گرنگە، بەڵكو یادێكی مێژووییە، چونكە، رۆژی وەرچەرخانی ستراتیژی گەلی كوردستانە، ستراتیژی راپەڕین لە شارەكانەوەو كۆتاییهاتن بە ستراتیژی شۆڕشی چەكداری لەشاخەكاندا. هیچ نەتەوەیەك بەئەندازەی كورد، لەسەرەتای سەدەی هەژدەهەمەوە، لەسەر خەباتی بێهودەی چەكداری لە شاخەكانەوە سور نەبووە. بەڵام دوو سەدە، هەتا ئەنفالەكانی سەردەمی شۆڕشی نوێ-گوڵان، خەباتی چەكداری، شكستی دەخوارد؛ كەچی، بەبێئەوەی باری بابەتی لەناوچەكە، یان لەجیهاندا، لەبەرژەوەندی شۆڕشی چەكداری بگۆڕدرێ، كورد، لەهەموو بەشەكانی كوردستان، لە خەباتی چەكداری بەردەوام بووە. زۆربەی خەباتە چەكدارییەكەش، بەهەمان رێبازو ستراتیژ، لەبەرامبەر هەمان داگیركەری بەشەكانی كوردستاندا، بە سەردارێتی سەرۆك هۆزەكان، یان شێخەكان، بەردەوام بووە. لە دوو سەدەماندا، تەنها راپەڕینی بەردەركی سەرای (1930)و دامەزراندنی كۆماری كوردستان (پایتەختی مەهاباد) دوو ئەزمونی جیاواز بوون لەو نەریتە چەكدارییە دورودرێژە. ئەنجامەكانیشیان لەهەموو بارێكەوە، وەكو ئەزمونی سیاسی، باشتر بوون، بەڵام دیسان هیچیان نەكرانە ستراتیژی كوردایەتی بۆ خەباتی شارو شارستانی. -شۆڕشی ئەیلول (1961-1975) چەكداری بوو. -شۆڕشی نوێ-گوڵان (1976-1991) چەكداری بوو. -شۆڕشی چەكداری رۆژهەڵات (1980-1982) دوای راپەڕینی گەلانی ئێران، چەكداری بوو. -شۆڕشی باكوری گەریلا (1984-2020) چەكدارییە. تاقە ئەزمون، كە خەباتی جەماوەری-چەكداری، بەحوكمی هەلومەرجەكە ئاوێتە كران، ئەزمونی ئێستای رۆژئاواو پەیەدەیە. تائێستاش لەناو دۆخی گشتی سوریادا، بەردەوامە. راپەڕینی بەهاری (1991) وەرچەرخانی ستراتیژی سیاسییە. لە شاخەوە بۆ شار. ئەمەیان خاڵی گەوهەری راپەڕینە لای من. منیش لە كتێبی (شۆڕشی كوردستانو گۆڕانكاریەكانی سەردەم-1989) جەختم لەسەر گۆڕینی ستراتیژی چەكداری بۆ راپەڕینی بەردەوام كردۆتەوە. لە (7) ژمارەی (ئاڵای شۆڕش)دا، (لەساڵانی 1990-1991) سەروتارو لێكۆڵینەوەو تەنانەت ئارمی سەر ئۆرگانەكەش، لەسەر راپەڕینی بەردەوامە. پێش كتێبو ئۆرگانی ناوبراو، لەساڵی (1989)وە هەتا داگیركردنی كوێیت (1990) دوورونزیك، یەك لایەنی كوردستانی، بە چەپو راستەوە، باسیان لە ستراتیژی راپەڕینو كۆتایی ستراتیژی چەكداری نەكردووە. بەڵكو هەتا كوێیتیش داگیركرا، جگە لە (مام جەلال) "بەرەی كوردستانی" دوودڵ بوون لە لێدانی عێراق لەلایەن ئەمریكاوە لە كوێیت. تەنانەت كە كوێیت داگیركرا، جیهان كاردانەوەی هەبوو، بەرەی كوردستانی ماوەیەك بێهەڵوێست بوو!! تەنانەت، لایەنیش هەبوون، خواخوای مفاوەزاتی سەدام بوون. بەڵام كە زانرا، ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی سوپای عێراق لە كوێیت تێكدەشكێنێو شیعەكانیش لەژێر كاریگەری ئێران خۆیان بۆ روخاندنی سەدام ساز دەكرد، هەنگینێ، بەرەی كوردستانی كەوتنە خۆیانو بەرنامەی راپەڕینییان، گەڵاڵە كرد. هەڵوێستی مام جەلالو پەسەندی مەسعود بارزانی، دوای دڵنیابوون لە لێدانی عێراق، بوونە مایەی ئەوەی بەرەی كوردستانی بەرنامە داڕێژێ. لەناو بەرەی كوردستانیشدا، یەكێتی بەسەركردایەتی شادڕەوان نەوشیروان مستەفا، بەرنامەو نەخشە خۆیان سازدابوو. یەكەمین هێزیش بوون لە سۆران نشیندا راپەڕین، پارتیش لە بادینان نشیندا، راپەڕینی بەرپا كرد. بەبێ ئەوەی هیچ لایەكیان هیچ ناوچەیەك بەرامبەر یەكتر، پاوان بكەن. لەكاتی داگیركردنی كوێیتەوە هەتا لێَدانی عێراق لە كوێیت، كاتێكی زۆر بۆ ئامادەكاری باشتر، بەفیڕۆ درا. بۆیە، كە راپەڕین بەرپا بوو، ئەو نەخشەیەی دەبوو ئامادە بكرێ بۆ ئیدارەی شارەكان، زۆر لاواز بوو، ئاكام تاڵانییەكی زۆر دەستیپێكرد. هێزە كوردستانیەكان وا دەهاتنە بەرچاو، خۆیان بە كاتیی بزانن. بۆیە، نە لەناو كەركوكدا، توانییان پاشماوەی هێزە شكاوەكەی بەعس دەرپەڕێنن.. نە كە سوپای عێراقیش پەلاماری كوردستانی دایەوە، توانییان شارە گەورەكانو زۆربەی قەزاكان بپارێزن. سەرەنجام تراژیدیای كۆچ رویدا. دوای كۆچیش مفاوەزاتێكی نەزۆك، لەگەڵ رژێم.. كرا. ئەگەر دوای كۆچ؛ فشاری نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی هێڵی (36)و بڕیاری ئەنجومەنی ئاساییش (677) نەبوایە، بەدڵنیاییەوە، هێزەكانی بەرەی كوردستانی، هەرچی چۆنێ بووە، مفاوەزاتیان لەگەڵ فاشیەكان دەگەیاندە رێكەوتن: -لەلایەكەوە راپەڕین وەرچەرخانی سیاسی بوو. -لەلایەكی ترەوە، كۆچ تراژیدیایەك بوو، جیهانی پێ هەژا. -ئاكامیش سیاسەتی نێودەڵەتی بەرامبەر كوردستان، بۆ یەكەمین جار بوو، بگۆڕێ.. سەرەنجامی هەر سێ ئەو راستییانە، بەرەی كوردستانی ئیدارەی كوردستانی دوای كشانەوەی ئیدارەو سوپای عێراق، كەوتە دەست. بەڵام بە هاتنەوەی (بەرەی كوردستانی) بۆ حوكمڕانی، هەموو لایەنەكانی دەستیان كرد بە تاڵانكردنی فەرمانگەكانی حكومەتو تەواوی ئامێرەكانیان راماڵی بۆ ئێران، پارەی گومرگەكانیان دەخواردو پارەی ئامێرەكانیش دەكرانە پارووی چەوری حیزبەكانو بەرپرسەكان (بە چەپو راستەوە!). هەڵبژاردن، لەژێر فشاری كێشە سیاسیەكانو داخوازی دۆستانی كورد، كرا. كارێكی گەورە بوو. بەڵام هەر ساڵێكی خایاند.. ناكۆكیەكان گەیەندرانە بنبەستو شەڕی ناوخۆ.. چوار ساڵیشی خایاند؛ لەدوای رێكەوتنی واشینتۆن (1998) دۆخەكە، بە قۆناغ باشتر بووە. بەڵام هێشتا، ئەركەكانی راپەڕینی بەردەوام، چاوەڕێی جێبەجێكردنن. وەكو: یەكەم: گەندەڵی بەردەوامە. دەبێ ریشەكێش بكرێ. دووەم: دەستوری هەمیشەیی كوردستان نەنوسراوە. پێویستە بنوسرێ. سێهەم: یەكپارچەیی هەرێمی كوردستان، تەواونەكراوە. ئەركە تەواو بكرێ. چوارەم: كەسوكاری شەهیدان.. هێشتا چاوەڕێی خەونی شەهیدەكانیانن. ئۆباڵە بەدی بێت. پێنجەم: دادپەروەری.. لایەنی كەم نییە. پێویستە بەدی بێت. شەشەم: كێشەكانی هەرێمو بەغداد.. چارەسەر نەكراوون. پرۆژەی دانوستانی نوێی گەرەكە. حەوتەم: توندوتیژی بەرامبەر ژن.. بەردەوامە. تاوانە بنەبڕ نەكرێ. هەشتەم: فەلسەفەی پەروەردەو نشونما، لاوازە...تاد. ستراتیژی هاوچەرخی دەوێ. لە یادی راپەڕیندا.. كە پێموایە هێشتا بەدیهێنانی پەیامەكانی راپەڕین بەردەوامە.. لایەنە سیاسیەكان، نەك لە خەمی ئەو ئامانجانە نین، بەڵكو ناكۆكی سیاسیو حوكمڕانی نێوانیان، لەساڵانی رابردوو قوڵترە. گەندەڵیو تاڵانیش گەیشتۆتە ئاستێكی ترسناك، كە تەنانەت گوێ نادرێتە پەڕینەوەی نەخۆشی كۆرۆناش.. بەهۆی كاروانی قاچاخی نەپشكێندراوی گومرگ نەكراو. بەدڵنیاییەوە، راپەڕین، لەهەموو بارێكەوە بەردەوام دەبێ.. رای گشتی وشیار دەبێتو بەرپەرچی دیاردە دزێوەكان، پەرە دەسەنێ. گەلی كوردستان.. لە دوا ئەنجامدا، هەتا بەدیهێنانی دوا ئامانجەكانی، لە خەبات كۆڵنادات. نەوەی سەردەمەكەش، نەوەی زووتر هاتنەدەستو خەباتی مەدەنییە.. نەوەیەك نییە، تەنها بە دروشمو بەڵێنی زەردو سور، دەستەوەستان بوەستێ. دەوروبەرمان شایەتن!
سەرباز حاتەم خوا یار بێت کۆرۆناش تەواو دەبێت بە کەمترین زیان، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو وانانەن کە دەکرێت لێیەوە فێربین. ھێندە گەشبین نیم کە کۆڕۆنا وەرچەرخانی زۆر گەورە لە سیستەمی تەندورستی و ئابووری و شتە گەورەکانی تری ژیانماندا بھێنێتە کایەوە، چونکە بە تەبیعەت ئێمە میلەتێک نین وەبەرھێنان لەسەر شکست و خاڵە لاوازەکانمان بکەین. بەس بەلایەنی کەمەوە ئەتوانین بیکەین بە خاڵی گۆڕانکاری ئەرێنێ لە ھەندێ خوی ڕۆژانەمان کە مایەی گواستنەوەی زۆر نەخۆشی و پەتای ڤایرۆسی و گوازراوەن بە کۆرۆناشەوە. کۆموڵگای ئێمە چەند خوێکی باوی ھەیە جگە لەوەی سەرچاوەی نەخۆشی و گواستنەوەی جۆرەھا ڤایرۆسن, بگرە دوورن لە شێوەژیانی شارستانی و سەردەمیانە و ھەروەھا نەنگی کۆمەڵایەتیشن. یەکەم: پاک و خاوێنی، ئێمەی کورد بە گشتی پاک و خاوێن نین. جارێ لە بەڕێوەبردنی چێشتخانەو کافتریا و چایخانەکان ھەر وەزعمان زۆر خەراپە. تۆ سەیری سەر جادەو شۆستەی ئیسکان و سەھۆڵەکە بکە، جێگای حەسانەوەو خواردن و خواردنەوەی ھەزارن کەسن کەچی وەھا بە چەوری و پیسی داپۆشراون ئەڵێی دووکانی ڕۆنگۆڕن. تا ئێستاش لە ڕێسۆرانتە بەناو ڕاقیەکانیشمان کابرا بە پارچەیەک پەڕۆ یان ئیسفەنجی تەڕو بۆرو پیس مێزەکەی بەردەممان بۆ ئەسڕێتەوەو ئێمەش تەقەی سەرمان دێت و کەباب و قۆزی خۆمان دەخۆین. زۆربەی چایچیەکانمان پیاڵەکان لە قاپە چڵکاوێکی ڕەنگ ڵێڵی پیسا ئەشۆن، ئەیی بۆ دەست و پەنجەو و نینۆک و سەدریەو جل و بەرگی شاگرد ەکان ناڵێی. ئەگەر ئەمجارە چوون بۆ مریشک کڕین، بە ووردی سەیرێکی ئەو کەل و پەل و ئاوو مەنجەڵەی ناو دوکانەکە بکەن ئینجا بۆتان دەردەکەوێت کە چۆن مریشکەکەتان بۆ حازر دەکرێت. لە سەمونخانەو نانەواخانەکان کابرا بەدەست پارە لە سەدان کەس وەردەگرێت و سەمون و نانەکەی تۆش ھەر بەو دەستە تێدەکات. زۆر جار لەبەینی کڕیارێک و دانەیەکی ترا دەست و پەنجەیان بە شوێنی نەشیاویشیانا دەکەن. بەیانیەک زوو بەسەر نانەوا کەی گەڕەکا چووم، بینیم کابرا زۆر بەتوندی دواوەی خۆی لە ژێر جلەکانیەوە ئەخوراند. منیش ناچار چووم بۆ نانەوایەکی تر، بینیم کابرا لە جگەرەکێشان هاتەوەو ویستی نانم بداتێ، منیش گوتم بمبورە چونکە جگەرەت بەدەستەوەیە نانەکەم ناوێ، ھیچی نەوت بەس ھێندە پەست بوو بەدەستی بوایە ئەیکوشتم. دووەم : ئاودەست، نازانم بۆ ئاودەستی کورد ھێندە پیس و بۆن ناخۆشە. زۆرجار لەخۆم دەپرسم تۆ بڵێی پەیوەندی بە مێژووی ئاودەستەوە بێت لای ئێمە, کە شتێکی تازەیەو تا چەند ساڵێک بەر لەئێستاش لە ھەندێ لە لادێکان ئاودەست نەبوو وە تا ئەمڕۆِش زۆر لە شارنشینانیش لە جیاتی ئەوەی لە ژوورەوە دروستی بکەن و خاوێن و بۆنخۆش ڕایبگرن دەچن لە دەرەوەی لە سوچێکی حەوشە دروستی دەکەن بۆئەوی لەکۆڵ پاک و بۆنخۆش ڕاگرتنی ببنەوە. لەڕاستیدا خاوێنی شوێنی سەرئاو نابێت ھیچی لە شوێنی نانخواردن و خەوتن کەمتربێت، چونکە ئەشێ ببێتە سەرچاوەی چەندان نەخۆشی کوشندە. بەدەر لەوەش هەر خۆ بەتاڵکردنەوە بۆخۆی لە شوێنی پاک و بۆنخۆش یەکێکە لەشتە خۆشەکان و چێژبەخشیشە. تۆ واز لەوە بێنە، ئەچیتە شوێنی گەشتیاری وەھا ئەڵێی سەد خۆزگە حەفازەم ببەستایە باشتر بوو. لە ھەندێک ڕێستۆرانت کابرا کە پاک و خاوێنی ڕاناگرێ، شعوری ئەوەشی نیە قەپاغێکی پێنج سەد دیناری بکڕێ و بیخاتە سەرکونی ھینەکە(دوو لەڕووی ئێوە) بۆ ئەوەی پێش و دوای نان خواردن کە ئاودەستەکە بەکارئەهێنین ناچار بە بینین و بۆنکردنی پوپی کابرای پێش خۆمان نەبین. مزگەوتەکان ماڵی خوان و شوێنی بەجێهێنانی ئەرکە ئاینیە پیرۆزەکانن و زۆر شایەنی ئاودەست و دەست شۆری پاک و خاوێنترن لەوانەی کە ئێستا هەن. یان با ئاودەستەکانی مزگەوتەکان لاببرێن یان پاکتر ڕابگیرێن هەر لەبەر نەخۆشی نا بەڵکو بۆ ئەوەی سیماو وێنەیەکی زۆر جوانتر و شایستەتر بەو شوێنە پیرۆزە ببەخشن. ساڵێکیان میوانێکی بێگانەم لەگەڵ بوو لە هەولێرەوە دەچووین بۆ سلێمانی فەقیرە لەڕێ زۆری بۆھات و ڕامانگرت بۆئەوەی خۆی بەتاڵ بکاتەوە بەس کە ئاودەستەکەی بینی زۆر پیس بوو گوتی ناتوانم, یەک سعاتی تر بەناچاری چاوەڕێی کرد تاگەیشتینە شوێنی مەبەست . سێیەم: خۆ لەیەک خشاندن. کە ئەچی بۆ شوێنە قەرەباڵغ و گشتیەکان بەر چەندان کەس دەکەویت. سپەیس و بۆشایی نێوانمان ناھێڵینیەوە، بگرە ھەندێک جار ئەوەندە ئەچینە نزیک یەک ھەڵم و ھەڵاوی دەم و لوتمان دەچنە ناو دەم و لوتی کەسی تەنیشت یان بەرامبەرمان. جارێ سەرە ھەر نازانین، چوار چوار و پێنج پێنج بەسەر سەری کابرای کاشێرەوە ئەوەستین و ھەرکاکەو شانی خۆی ئەباتە پێش وەک ئەوەی ئەوانەی دەوروبەری بەشەر نەبن. سەیری کۆمەڵگا پێشکەوتوەکان بکەن، بەردەوام بۆشاییەک لە نێوان خۆیاندا دەھێڵنەوە ئینجا لە سەرەیا بێت، لە ناو مەسعەدابێت یان لە ھەر شوێنێکی تری گشتیدا بێت... پێم وابێت ھەر ئەم خوە ناشیرینەی بەریەک کەوتن و نەھێشتنەوەی بۆشاییی بۆ کەسانی ترە کە کەلتوری خۆ ھەڵقورتاندن و حەزی دەستخستنە ناو ژیانی کەسانی تریشی لەناومان پەرەپێداوە. کابرا لەجیاتی ئەوەی خەریکی سەیارە لێخوڕینی خۆی بێت سەیری ناو سەیارەی ئەملاو ئەولای دەکات, لەجاتی ئەوەی چاوی لەسەر نانخواردنی خۆی بێت سەیری مێزی ئەملاو ئەولای دەکات بەدەم قسەکردن و وتاردانەوە، ئینجا کە تۆ لە سوچێکی ترەوە دەمی بەکراوەیی ئەبینی ئەڵێی ھەباشەیە پڕە لە لەوەڕ، ئەڵێیت قوڕ بەسەر ئەوەی بەرامبەرت. جارێکیان لە ئەمستەردام بووم ئەچووم بۆ شارێکی نزیک ناوی ویسپە بەس ھێڵی شەمەندەفەرەکە لەکار کەوتبوو ناچار پاسیان بۆ خەڵک دابین کردبوو بەس نەفەرەکان ھێندە زۆربوون نزیکەی ٢٥ دەقیقە لەسەرەی ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ مەتری چاوەڕێمان کرد بەس نەفەرەکان یەک بەیەک و بە هێمنی سەردەکەوتن بەبێئەوەی یەک نەفەر شانی بەر شانت بکەوێ یان دەنگی لێوە بێت یانیش ھەوڵی سەرە بڕی بدات. لەوکاتەیا یەکسەر شێوەی سەرکەوتنی پاسم لای خۆمان بیرکەوتەوە، ئەها لەگەڵ ڕاگرتنی پاسەکەیا ئەوەی خوارەوە یەکسەر خۆی پیا ئەکا چاوەڕێی دابەزینی ئەوانەی ناوەوە ناکات، نەتان بینیوە زۆر جار لەسەر دەرگای پاس یان لە مەسعەدەکان خەڵک لێکگیر ئەبن و باوەش بەیەکدا دەکەن. برادەرێکی خۆشەویستم بۆی گێڕامەوە و گوتی ئەوکاتەی کە لەتەمەنی حەوت بۆ هەشت ساڵی بۆ یەکەمجار بۆ نوێژی جەماعەت چوومە مزگەوت ئەو پرسیارەی بە مێشکمدا هات ئەوەبوو بۆچی لەگەڵ سەلام دانەوەیا ئەو خەڵکە بەگوژمەو بەیەکەوە پڕ بە دەرگاکەدا دەکەن، بەهەمان شێوەی ئێمە لە قوتابخانە. ئەیگوت بۆخۆم ئەچومە بەرزاییەک و سەیرم ئەکردو ئەمویست تێیان بگەم. برادەرێکی ترم بۆی گێڕامەوە و گوتی لەکاتی موچە(پێش ئەزمەی مالی و نیوە موچەو دواکەوتنی) مامۆستا و ستافی زانکۆکە بە کۆمەڵ و بەپانی و بەبێ ڕیز بەستن لە بەردەم ژووری موچە دابەشکردنەکە یا ئەوەستان. لە قسەکردنیشا هەر سەرە نازانین، تۆ سەیری گۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەکانی خۆمان و هی وڵاتان بکە، ئەوانەی ئێمە هەرهەموویان بەیەکەوە هاوار دەکەن، لەگەڵ ڕێزم ئەڵێی چۆلەکەن ئەجریوێنن، و هەموی هەر دەیەوێت ئەو یەکەم پرسیار بکات. پێشکەشکار هەیە خۆی لە میوانەکەی زیاتر قسە دەکات، یان لێکدا لێکدا دەڵێ '' باش, باشە'' و نایەڵێ کابرا زانیاریەکە بگەیەنێ و خێرا خێرا پێی دەبڕێت و دەیەوێت بەس خۆی قسەو پرسیار بکات. پێویستە لە پاڵ بۆڵە بۆڵ و ڕەخنە گرتن خۆمان ھەنگاو ھەڵنێین و ئەوشتە بچوکانە بگۆڕین کە لە دەسەڵاتماندان و لە ئەنجامیشدا گۆڕانکاری گەورەی ئەرێنی لەسەر ژیانی خۆمان و دەوروبەرمان دروست دەکەن ژیانیشمان ئاسانتر دەکەن. خوای گەورە هەمومان لە دەردو بەڵا بەدوور کات و هانمان بدات بۆ ئەوەی لەپەراوێزی ترس و زیانەکانی کرۆنایا بتوانین هەندێک وەبەرهێنانی ئەرێنی بکەین.
هیوا سەید سەلیم دوای ئەوی سوپای توركیا لە ئیدلب تووشی شكست سەربازی بوو، كە تیایدا بە دەیان سەربازی وڵاتەكەی و چەندین تیرۆرستی نزیك لە خۆی كوژران. وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر ئەو شکستە سەربازیە، وە بۆ فشارخستنە سەر وڵاتانی ئەوڕپا و هاوپەیمانی ناتۆ كە توركیا ئەندامی ئەو هاوپەیمانیەیە، توركیا هەڵسا بە کردنەوەی دەروازە سنووریەكانی لەبەردەم هەزاران كۆچبەر، تا رووبکەنە وڵاتانی ئەورپا، لە پڕۆسەیەكی بە قاچاغبردنی رێكخراو، بەدەیان هەزارهاوڵاتی كە هەڵگری رەگەزنامەی جۆراوجۆرن بۆ سنوورەكانی یۆنانستان و بولگاریای بەڕێكرد. قەڵفڕكردنی (تهریب) پەنابەران، پرسێكی سیاسیە کە توركیا دەستی بۆبردووە، توركیا دەیەوێت پرسی پەنابەران وەک كارتی فشار بۆ سەر وڵاتانی ئەورپی بەكاربێنێت، بۆ ئەوەی دەستكەوتی سیاسی و ماددی دەستكەوێته. هەروەها لەپاڵ پرسە سیاسیەکە ئەو بابەتە پرسێكی یاسایشە، چونكە قەڵفڕكردنی پەنابەران تاونێكە پەیوەستە بە رێكەوتنامەی نەتەوەیەكگرتووەكان، تایبەت بە رووبەڕوبونەوەی تاوانی رێكخراو، كە بەقاچاغ ناردنی پەنابەرانیش دەچێتە چوارچێوەی تاوانی رێكخراو. ئەو تاوانە كە ئەمجارەیان توركیا ئەنجامی دەدات، هەموو سیماكانی تاوانی ریكخراوی تێدایە لەوەی بە بەرنامە و ئاشكرا پەنابەران هاندەدا و ناچاریان دەكات كە بە نایاسایی روو لە وڵاتی دیكە بكەن، وەك چۆن بینیمان كارئاسانی بۆ هەزاران پەنابەركرد لە رێگەی ئۆتۆبوسەوە گواستنیەوە بۆ خاڵە سنووریەكان. خاڵی دووەمی تاوانی رێكخراو وەك لە یاسا نێودەوڵەتیەكان هاتووە، بریتیە لە مەترسی ئەو پرۆسەیەی توركیا دەستی بۆ بردووە لە هاندانی پەنابەران، مەترسی لەسەر گیانی هەزاران كەس لە خەڵكانی سڤیل درووست دەكات، كە ئەمەشیان پێچەوانەی یاسا و رێسا نێودەوڵەتیەكانە، چونكە بە هاندان و ناچاركردنی ئەو پەنابەرانە گیانیان دەكەوێتە مەترسیەوە، لەبەرئەوەی پڕۆسەكە بە ئاسایی و یاسایی بەڕێوە ناچێت بگرە قاچاغە. دەوڵەتی توركیا جگە لەوەی لە یاسا نیشتمانیەكانی خۆشیدا، یاسای تایبەتی هەیە سەبارەت بە بەقاچاغ ناردنی پەنابەران، هەروەها لەوبارەیەوە چەندین ریكەوتنی تایبەتی واژۆكردووە، سەبارەت بە رێگری لە كۆچی پەنابەران، دواین رێكەوتنامەش كە لە نێوان توركیا و یەكێتی ئەوڕپا واژۆكراوە، ریكەوتنامەی ٢٠١٦ بووە، كە لە بەرامبەر رێگری توركیا لە چوونی پەنابەران بۆ ئەوڕپا، لایەنی دووەم ساڵانە هاوكاری ماددی توركیا دەكات بە بڕی ٣ێ ملیار یۆرۆ. توركیا ئەوجارەیان هەموو بیانوەكانی بریتیە لەوەی فشارێكی زۆری پەنابەرانی سوریای لەسەرە، وە شەڕی ئیدلب فشارەكانی سەر تورکیای بۆ لە ئەستۆگرتنی کاروباری پەنابەران زیاتركردوە، بەڵام ئەو راپۆرتانەی كە لەنێو پەنابەرەكان بڵاودەكرێنەوە پێچەوانەكەمان پێدەڵێن، لەوەی كەمترین ژمارەی ئەو پەنابەرانەی توركیا قەڵفڕیان دەكات، هەڵگری رەگەزنامەی سوریایین و لە نێو ئەوانیش كەمترینیان خەڵكی دەڤەری ئیدلبن . كارتی پەنابەران كە توركیا وەك فشار بەرامبەر ئەورپا بەكاریان دێنێت، تا ئێستا كارتێكی بێكاریگەر بووە، چونكە وەك باسمانكرد توركیا دەستی بۆ پرسێكی نایاسایی بردووە، كە لە رۆژگاری ئەمڕۆمان پرسێكی جدی جیهانیە، ئەویش پرسی كۆچی نایاسای پەنابەرانە، كە كێشەی ئابووری و بێكاری لەو ولاتانە درووستكردووە كە لێشاوی پەنابەران رووی تێدەكەن، وڵاتی یۆنانستان بە نموونە. ئەم کێشەیە وا لە ولاتانی ئەورپا دەكات كە بۆ لەمەودوا متمانەیان بە توركیا نەبێت، چونكە ئەگەر جاران توركیا بە نەهێنی ولاتی ترازێتی كۆچی نایاسایی بووە، ئەوا ئەمجارەیان بەبەرچاوی هەموو دونیا دەرگای لەبەردەم كۆچی نایاسی كردۆتەوە، گیانی دەیان هەزاران هاوڵاتی سڤیل وەک کارت دژی وڵاتانی رۆژئاوا بەکاردێنێت، بێباک لەوەی چارەنووسی ئەو هاوڵاتیانە چیان بەسەر دێت، لەوەی لە برسان دەمرن، یان لەسەرمان رەقدەبنەوە، یان دەبنە قوربانی شەپۆڵەکانی دەریا. • قەڵفڕکردن= تەهریب
هەردی مەهدی میکە گێڕانەوە مێژووییەکان و بەڵگەنامەکان، ئاماژەی ئەوەیان لێهەڵدەهێنجرێت زۆرینەی پەتا جیهانگرەکان، کە زۆربەی سەرچاوەکانی لە دووسەدەی ڕابردوودا، ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بووە، عێراق و ئێران ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و ئەم جووتە دراوسێیەش بۆیەکیان گواستۆتەوە، زۆرجار ناوچە کوردنشینەکان پردی گواستنەوەکە بوون، بەتایبەت مەرزەکانی گەرمیان و سلێمانی/کرماشان و سنە، ئێران بە کۆرۆناوە هەشت جار، ڕووبەڕووی پەتای جیهانگر بۆتەوە، توندترینیان ئەوەی ساڵانی 1824 و 1904بوون، هەردووکیان لە عێراقی عوسمانی هەناردەی ئێرانی قاجاری کراون، ئەوەی یەکەمیان دەگەڕێتەوە بۆ پاش گەمارۆی بەغدا لەلایەن دەوڵەتی قاجارەوە، بەڵام پاش کشانەوەیان، سەربازانی ئێرانی پەتابڵاوەکەی ئەوسای بەغدایان بردەوە ناوچەی کرماشان و پاشتر سەرجەم شارەکانی ئێرانی ئالودەکرد. هەرچی پەتای 1903_1904یشە کە کاریگەرتر و کوشندەتر بوو، بەهۆی زیارەتی ئێرانییەکان بوو بۆ مەزارگەکانی شیعە لە سامەرا و نەجەف و کەربەلا بوو، کە لەوێ پاش تێکەڵبوونیان لەگەڵ سەردانکەرانی وڵاتانی دی، لەگەڵ خۆیان بردیانەوە و بەسەر دەوڵەتی قاجار (ئێرانی ئێستادا)بەشیانەوە... لە سەرجەم پەتاکاندا، توێژینەوە مێژووییەکان نیشانی دەدەن، پیسوپۆخڵی، بێمتمانەیی بە حکومەت، کەمتوانایی چارەسەرگە و تیمارخانەکان، خورافات و ئاین و ملنەدانی پیاوانی ئاینی بۆ ڕێنماییەکان و دواجار پەیوەندیەکان و تێکەڵی خەڵک لە بۆنەکاندا، هۆکارەکانی بڵاوبوونەوە و کۆنتڕۆڵنەکردنی پەتاکان بوون. ئێستاش هەر هەمان فاکتەر لەم دوو وڵاتە جێکەوتەیان هەیە و هاندەرن بۆ تەشەنەسەندن. گەر حکومەتی ئێران و مەلامەزهەبیەکانیان لە هەفتەی یەکەمدا، بەگوێی ڕێنمای تەندروستی جیهانی و وەزارەتی تەندرووستی خۆی بکردایە، بەدڵنیایی ناوچەکە و ئێرانیش ئارامتر دەبوون، ڕێک ئەوکاتە کە وتیان با هاتوچۆی قوم دابخرێت بەڵام هەژموونی ئایەتوڵاکان و کەسابەتی یاسیی و بازرگانەکان نەیانهێشت! ناکرێت لەبەر نیەتخوێندنەوە و گومان، ئەو هەموو تەرمانەی چین و ئێران نەبینرێن. شیکاری پەتا زانست و ئەزموونی پێویستە، نەک گومان و "پێمووایە" و عەقیدەپەرستی. قورئان لە فەرموودە و سوننەت گرنگترە (لاتلقوا بایدیکم الی التهلکە)، شەهید بەشەهید دانانرێت گەر خۆی بکاتە مردوو، دەبێت پاش بەرەنگاریی و هەوڵ بۆ دنیا و مرۆڤدۆستی شەهید بێت، وشەی شەهید گەر تەفسیری مرۆڤسەنتەریی بۆ نەکرێت مەترسیدارە، ئاخر شەهیددۆستی داعشفیکرەکانی بەرهەمهێنا. بۆیە وەک چۆن پێویستە سەرجەم یاریگا، باڕ، زانکۆ، قوتابخانە، هۆڵ و بەرنامە قەرەباڵغەکان دابخرێن مزگەوت و پەرستگاکانیش هەروا، مرۆڤ میحوەری بوونە. خێرایی بڵاوبوونەوە و پەیوەندییەکان، نەخۆشیی ئاسایی و ڤایرۆسەکان دەکەنە پەتا، گەرنا ئەوان (ڤایرۆسەکەن) هەمیشە نزیک و هاوڕێ و مشەخۆری سەر دنیا و جەستەی مرۆڤ بوون. گەر وابکەین دەمێنینەوە و ئەمە و هی دیکەش تێدەپەڕێنین و ئەوسا هەم نەورۆز و هەم مەولودی ئازیز جارێکیتر دەکەینەوە. حەیفە شارستانیەت و ڕۆحی ئینسان بە کۆرۆنا لەباربچێت.
بەیار عومەر عەبدوڵا یۆنانی کۆن سیستەمێکی فیدرالی هەبووە؛ هەر ناوچەیەک حکومەتێکی تایبەت بەخۆی هەبووە، بەڵام هەمویان یەک پایتەختیان هەبووە کە بریتی بووە لە ئەسینا. یەکێک لەو حکومەتانە ناوی سپارتا بووە و کەوتۆتە باشوری یۆنانەوە. خەلکی سپارتا بە جەنگاوەری ئازا و چاونەترس ناسرابوون لەبەر ئەوەی حکومەتی سپارتا هەر لە سەرەتاوە ڕاهێنانی جەستەیی و مەشقی سەربازیان بە منداڵەکانیان دەکرد لەسەر چۆنێتی شەڕکردن و چاونەترسی. ئەمەش وایکردبوو کە خەلکی سپارتا، کە پێیان دەوترێت سپارتان بە ئازاترین و کاریگەرترین هێزی شەڕکەر لە ناو یۆنانی کۆندا بناسرێن. بەپێچەوانەی خەلکی ئەسینای پایتەختەوە کە زیاتر سەرقاڵی خوێندنەوە و نوسین و فەلسەفە بوون و کەمتر شارەزای هونەری شەڕکردن بوون. لە ساڵی ٥٠٠ بۆ ساڵی ٤٥٠ پێش زاین، واتە بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ فارسەکان و یۆنانیەکان لە شەڕدا بوون. ئەمەش بەوە دەستیپێکرد کە کۆرشی پاشای فارسەکان و دواتریش داریوش دەستیانکرد بە داگیرکردنی بەشێکی یۆنان. دواجار سپارتانەکان تاکە هێز بوون کە فریای یۆنان و ئەسینا کەوتن و توانیان سوپای فارسەکان تێکبشکێنن و لە یۆنان دەریانبکەن، ئەگەرنا فارسەکان خەریکبوو تەواوی یۆنان داگیربکەن. دوای تەواوبونی جەنگ، سپارتانەکان کە خۆیان بە براوەی شەڕ دەزانی و دەیانویست دەسەڵاتیان پێبدرێت، لەگەڵ حکومەتی ئەسینا کەوتنە شەڕەوە کە ٣٠ ساڵی خایاند. لە شەڕەکەدا سپارتانەکان بردیانەوە چونکە خەلکەکەی زیاتر شارەزای بواری سەربازی و جەنگ بوون. دواجار سەرکردەکانی ئەسینا کە زانیان بە شەڕ دەرەقەتی سپارتانەکان نایەن، ناچار پەنایان بردە بەر ئەوەی کە بە پارە و پۆست و هەندێک ئیغرائاتی تر فەرماندەکانی سپارتا لە خشتەبەرن و بیانکەن بە گوێڕایەڵی خۆیان. واتە ئەوەی بە شەڕ پێیان نەکرا، توانیان بە فریوی پارە و پۆست بەدەستی بهێنن و سپارتانەکانی پێلاوازبکەن. ئەوەی هەستی پێدەکرێت ئەوەیە کە پارتی هاوشێوەی ئەسینای کۆن بەدرێژایی شەڕی نەگریسی ناوخۆ دەرەقەتی یەکێتی نەهات و نەیتوانی لەناویبەرێت، چونکە یەکێتی هاوشێوەی سپارتانەکان زیاتر شارەزای جەنگ بوون، پارتی ناچار پەنای بردە بەر ئەوەی بە فریوی پارە و پۆست و هەندێک ئیغرائاتی تر بەشێکی بەرچاو لە فەرماندەکانی یەکێتی لاواز و گوێڕایەڵ بکات. شۆڕشی نوێ و ڕاپەڕینی ١٩٩١ یش یەکێتی دەوری سەرەکی هەبوو تێیدا (کە ئێستا سەرکردەکانی دابەش بون بەسەر یەکێتی و گۆڕاندا)، بەڵام لەبەر ناکۆکی ناوخۆیی و لاوازی بەرامبەر فریوی پارە و پۆست و غەریزە، پارتی بوو بە خاوەن ماڵ و باقیاتیش بوون بە میوان. دواتریش بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی سنوری سەوز باوەڕیان وابوو کە بزوتنەوەی گۆڕان لەجیاتی یەکێتی دەتوانێت بەرامبەر پارتی بوەستێتەوە و خزمەتی ئەم سنورە بکات، بەڵام دواجار پارتی توانی لە ڕێی ئەوەی بیانخاتە حکومەتەوە بەبێ ئەوەی دەسەڵاتی فعلیان بداتێ بۆ خزمەتی ئەم سنورە، خەلک لە گۆڕانیش بێئومێد بکات. هەر هێزێک بیەوێت هەڵسێتەوە و ببێتەوە بە خاوەنی بڕیار و ئیرادەی سەربەخۆ و بتوانێت خزمەتی ئەم سنورە بکات، دەبێت خۆی لەو کەسانە ڕزگاربکات کە وەک سپارتانەکان ئیرادەیان لاوازە بەرامبەر فریوی پارە و پۆست و غەریزەکانی تر.
دانا ھەڵەبجەیی ئەم پەتایە، ئەم تاعون و ئاوڵە و کۆلێرا و مەلاریایە، دنیای چاک سەرقاڵ و وروژاندووە. مرۆڤایەتی لە سەرەتاکانی مێژوودا تا سەرەتای سەدەی بیستەم زۆرلەم جۆرە ڤایرۆسەی ھاوچەشنی کرۆنای بەخۆیەوە بینەوە، بەڵام کەس ئاگای لە کەس نەبووە و وڵات و تەنانەت کیشوەرەکان بێ ئاگان بوون لە یەکتر، پەتاکان وئافاتاکان لەم کۆرۆنایەش مەترسیدارتر بوون و بەڕێشیانکردووە. ھەرچەند بە ملێۆنەھا مرۆڤی لەناوبردووە و ھیچ چارەیەکشی نەبووە، ئەمە سەراڕی ئەوەی زانست و چارەی دەرمانیش وەک ئێستا پێشکەوتوو نەبووە، بەڵام وەک ئێستا گۆی زەوی نەتۆقاندووە. ئەگینا جاران زۆرتر بەو ڤایرۆسە جۆراوجۆرانە زیاتر بە ملێۆنەھا مردوون نەک ئێستا بە سەدھا. بەڵام ئەمڕۆ سۆسیالمیدیا و تەکنەلۆژی دنیای تەنیوە و ھەرتاکێکی ئەوپەڕی دونیا ئاگای لەوپەڕی دونیا ھەیە. ئاڵای زەرد بە ھەر ماڵێک و بەلەمێک و کالیسکەیەک بوایە، مانای تووشبوانی مەرگی ئەگرتەوە. ئیتر ئاڵای زەرد مانای تاعون و مەرگ بوو، خەڵکی پێ ئاگادار ئەکرایەوە کە کەس نزیکی نەبێتەوە، کەرنتیرەش ھەر لەو کاتەوە سەری ھەڵدا و چل ڕۆژ خەڵکی تووشبویان گێرۆدەی شوێنێک ئەکرد و نیمچە زیندانییەکی ڕێزدارانە بوو. تەنانەت ھیتلەر بۆ قێزەوەنکردنی جووەکان ئەستێرە شەش نوکەکەی جولەکانی لە پارچە قوماشێکی زەرد درووستکردبوو و ئەیکردە قۆڵیان، بۆ ئەوەی کە وا نیشان بدات کە جووەکانیش وەک نەخۆشی تاعون مەرگھێنەرن و خەڵک پێوێستە خۆیانی لێ دوور بخەنەوە و بناسرێنەوە. بە کورتییەکەی پەتای ڤایرۆس و بەکتریا و نەخۆشی بە کۆمەڵ، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ھەبووە و بە ملیۆنان مرۆڤی کوشتتووە، بەڵام ھیچ کاتێک وەک ئەم کۆرۆنایە ناوبانگی نەبووە و خەڵکی نەتۆقاندووە، ئەرێ خۆ ھەر دوێنێ بوو ئەنفلۆنزای کۆتر ومرێشک و بەراز و مانگا بڵاوببوویە، لەمەش زیاتر خەڵکی تووشکرد و کوشتی، کەچی خەڵکییان وەک ئێستا ھەراسان نەکردبوو، ئاخر چونکە ناوی ئەنفلۆنزا( ھەڵامەت) ی پێوە بوو و ئەوەندە ترسی نەبوو، بەڵام ئەم ناوە ڕێتمدار و مۆسیقییە و سەرنجدارەی کۆرۆنا، سام و ھەیبەت و ئاوازێکی تایبەتی خۆی ھەیە کە لە خۆیەوە مرۆڤ ئەبێت گرنگایەتی پێ بدات. باشە ئەگەر ئەم بەڵایە ھەر وا بەردوام بێت خۆ ئەگەر مرۆڤەکانی دونیا نەکوژێت، ئەوا دونیا سەقاڵی خۆی ئەکات. بەڵام ئەی نابێت پرسیار بکرێت ئەمە تا کەی بەردەوام ئەبێت، تاکەی ئەم خەڵکەی سەر گۆی زەوی پێوەی سەەقاڵ ئەبن؟. کەی کۆتایی دێت و چارەکەی چییە؟!. ئیتر دونیا بچوک بووەتەوە و دەسەڵاتداریی جیھان بە تانک و تۆپ ناکرێت، جەنگی ڤایرۆس و بەکتریا ئاسانترینترینە میتۆدی تۆقاندن و خۆڕادەەستکردنە بۆ زلھێزوکەی جیھان. ئەوەتا لە کوردستان شەڕە لەسەر ئەوەی کە موسڵمان توشی نابێت و ئەوەی بە کۆرۆنا ئەمرێت ئەچێتە بەھەشت و شەھیدە!. تەنانەت دونیای ئایین و فەلسەفە وزانستی ھێناوەتە ژێر پرسیار و سایکۆلۆژی مرۆڤەکانی ھێناوەتە ژێر تاقیکردنەوە. بەڵام ئەوەتا وڵاتێکی وەک تورکیا و میسر لە میللەت و جیھانی ئەشارنەوە کە ئەو کۆرۆنایە نەھاتۆتە وڵاتەکەیان، کە من پێم وایە بۆ ئەوەی کە ئەم ھاوینە ھەموو ئەورپا ڕوویان تێبکات، کە گوایە ئاسایشترین شوینن بۆ پشوو و ئاسودەیی، ئاخر لە نیوەی زیاتر داھاتی وڵاتەکەیان لەسەر گەشت و گوزارە!. ھەولێرەکەی خۆشمان ھەمان ڕۆڵی تورکیا ئەبینێت، کەواتە ئەم کۆرۆنایە ھەم مەرگە ھەم تۆقاندنە، ھەم ئابووری و سیاسەت. ئەگینا ڤایرۆسێک لە سەدا سێ بکوژێت و بە تێکەڵەی ئامپولی ئایدز و ھەڵامەت چارە بکرێت، ئیتر ئەم ھاشوھوشەی بۆ چییە؟.
سەركەوت شەمسەدین لەم ئەزمونە کەمەی ئێمە لە بەغداد بوین دەرفەتێکی گەورەبوو بتوانین لە نزیکەوە سەوداو مامەڵەکانی پارتی و یەکێتی لە بەغداد باشتر تێبگەین، بزانین پرسە گرنگەکانی نێوان هەرێم و بەغداد چین، پێوەرەکان بۆ دۆست و نەیار لە بەغداد چین، هێزەکانی ناوەراست و باشور و رۆژئاوای عێراق لەسەر و لە چیدا ناکۆکن لەگەڵ هەرێم؟ بۆ پارتی هێواش هێواش کار بۆ گەراندنەوەی مالکی دەکات، بۆ ناتوانن لەگەڵ سەدر سیاسەت بکەن؟ بۆ وەزیری داراییەکەی سەر بە پارتی بۆ رۆژێکیش پارەی ئەو کۆمپانیایانە دواناخات بەڵام لە ئاست دواکەوتنی موچە و پارەی جوتیارانی هەرێم بێ دەسەڵاتە؟ هەموو ئەمانە بێ کارکردنی ورد لە بەغداد تێگەشتنیان زەحمەتە. ئەوەی بۆ ئێمە رونبویەوە کە هەردوو حیزب خاوەن چەندین گرێبەستی زەبەلاحی سەدان ملیۆن دۆلارین لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوەکانی عێراق (بۆنمونە کۆمپانیای کار ی سەربە پارتی و قەیوان ی سەربە یەکێتی لەگەڵ هەردوو وەزارەتی کارەبا و نەوت ی عێراق بەهای گرێبەستەکانیان نزیکەی دوو ملیار دۆلارە). چەندین گرێبەستی تر لەگەڵ کۆمپانیای هاوبەشی سەربە نوری مالکی و گروپی عەساییب وهەندێ لە بازرگانە سنوننەکان. ئەم گرێبەستانە بەشێوەیەک کراون و پارێزراون کە دەستبۆبردنیان زەحەمەتە. ئەمانە کە سودی هەردوو حیزب و هێزەکانی ناوەراست و باشوری تێدا پارێزراوە (بۆ نمونە گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن و ئینتەرنێت کە بەشی زۆری کۆمپانیای سەربە پارتی و یەکێتین)، خاڵی بەیەک گەشتن و ململانێی پارتی و یەکێتی و هێزەکانی باشورە، نەک پرسی موچە و بودجە و پارەی جوتیاران. چەند جارێک هەوڵ هەبوو بۆ لێکۆڵینەوە لەم گرێبەستانە بەڵام هەرزوو لێکۆڵینەوەکان پەکیان کەوت. کاتێک پەرلەمانتارێکی کوتلەی نەسر ی سەر بە عەبادی بابەتی ئەم گرێبەستانەی وروژاند کوتلەی پارتی کەوتنە لۆبیکردن و هەوڵدان بۆ دەمکوترکردنی، هەتا وەزیرێکی پارتی لە بەغداد بە عەبادی وتوبوو "ئەگەر ئەو پەرلەمانتارەتان بێدەنگ نەکەن، ئێمەش مەلەفمان لایە لەسەرت." کاتێکیش بەزۆر توانرا بابەتی لێکۆڵینەوە لە گرێبەستەکانی کارەبا و نەوت بکرێت کە هەردوو کۆمپانیای قەیوان و کاریشی دەگرتەوە، پارتی لەرێگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنەکەیەوە بابەتەکەیان داخست و دواتر لیژنەیەک پێکهێنرا بەڵام لیژنەکە نەیتوانی هیچ کۆبونەوەیەک بکات و ئەنجامی نەبوو. بۆیە گرێی سەرەکی نێوان پارتی و یەکێتی لەگەڵ بەغداد (کە لەسەر زۆر بابەت ناکۆکن جگە لە پاراستنی بەرژەوەندیەکانی کۆمپانیاکانیان) کێشەی موچە و بودجە و کێشەی پارە جوتیاران و کەرکوک نیە. یەکێتی کە تەواوی نوێنەرە کوردەکانی کەرکوکی بۆخۆی قۆرغ کردووە هیچ شەرێکی جدی بۆ مافی کەرکوک لە بودجە و دامەزراندن نەکرد، هیچ کارێکی جدی بۆ پێکهێنانی لیژنەی کاتی مادەی ۱٤٠ نەکرد. پارتی یەک رۆژیش دانیشتنی پەرلەمانی بۆ دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان تەرخان نەکردوە، بەتایبەت شەنگال و مەخمور کە میدیاکانی شین و رۆرۆیانە. ئەوپەری بێ ئاگاییە پێتوابێت لەدوای ۲٠۱٠ ەوە پارتی و یەکێتی جگە لە گرێبەست و بەرژەوەندی حزبی هیچ جۆرە بابەتێکی بەرژەوەندی گشتی ستراتیژی کارکدنیان نەبووە لە بەغدا. هەموو ئەو شەرفرۆشت نە بە محمد تۆفیق عەلاوی سەدر هیچ پەیوەندی بە بودجەی کوردستان و کەرکوک ەوە نیە، بەڵام بۆ فریودانی حزبەکانی تر لە کۆبونەوە فەرمیەکانی ئەوەی پێیدەوترێت گەلەکۆمەی کوردایەتی داواکاریەکان کۆمەڵێ خاڵی کۆنکرێتین، بەڵام قسەی جدی لەپشتی پەردە دەکرێت کە جگەلە پارتی و یەکێتی حزبەکانی تر هیچ بەشدارییەکیان پێناکرێت و وەک بوکەڵە لەلایەن پارتی و یەکێتی ەوە بەکاردەهێنرێن. سەرکەوت شەمسەدین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق فراکسیۆنی ئایندە ن. پارێزگای سلێمانی