لە دەقی دەستپێشخەرییەکەیاندا هاتووە، لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دەستەبەرکردنی مافی هاووڵاتییان و مووچەخۆرانی لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵیی عێراقدا، هەروەها بۆ پاراستنی سامانی گەلی عێراق و چەسپاندنی دەستپاکی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا نە بە گرژیی سەربازی و سەپاندنی دیفاکتۆ بە هێز دەکرێت، نە بە بەردەوامبوونی قاچاخچێتی و هەڵاتن لە چاودێری، بەڵکو لە رێگەی بنیاتنانی هاوبەشییەکی دەستووریی شەفافەوە دەبێت کە رێگری لە بەهەدەردان و گەندەڵی لە هەردوولا بکات.
هەروەها داوایان کردووە، شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە هەر ململانێیەکی سیاسی دووربخرێتەوە، بە مووچە و مافی خانەنشینان، چاودێریی کۆمەڵایەتی، زیندانییانی سیاسی و کەسوکاری شەهیدانەوە و، ئەو مافە دەستوورییانە بە هیچ ناکۆکییەکی نێوان هەردوولاوە نەبەسترێنەوە.
ئەو سێ فراکسیۆنە جەخت دەکەنەوە کە بە هەموو شێوەیەک هەر جۆرە قاچاخچێتی، باجی نایاسایی، خۆدزینەوە لە گومرگ و رەفتاری دەرەوەی یاسا لە دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم ناوچەکانی دیکەی عێراق رەت دەکەنەوە.
دەستپێشخەرییەکە لە چوار خاڵ پێکهاتووە:
یەکەم: مەرجەعییەتی دەستووری
پابەندبوونی گشتگیر بە دەستووری عێراق بە هەموو مادەکانییەوە وەک تاکە مەرجەعییەتی پابەندکەر بۆ رێکخستنی پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر بەبێ جیاکاری، لە پێش هەموویانەوە پابەندبوون بە جێبەجێکردنی مادەی 140 بەپێی رێکارە دەستوورییەکانی و گرتنەبەری گفتوگۆی نیشتمانی و لێکتێگەیشتنی هاوبەش وەک تاکە رێگە بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان.
دووەم: دەروازە سنوورییەکان و پاراستنی سنوور
-پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی گومرگی و پێناسێکی گومرگیی فیدراڵیی یەکگرتوو، لە بەرامبەردا بەڕێوەبردنێکی مەیدانیی هاوبەش و هاوئاهەنگ هەبێت.
-شەفافییەت و بەئەلیکترۆنیکردن لە رێگەی رێکخستنەوەی دەروازەکان لە ماوەیەکدا کە لە دوو مانگ تێپەڕ نەکات و بەستنەوەیان بە سیستەمێکی چاودێریی ئەلیکترۆنی و دارایی هاوبەش کە رێگری لە دەستکاریکردن و قاچاخچێتی بکات.
-جەختکردنەوە لەوەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور هێزێکی فیدراڵین و ئەرکی پاراستنی ئاسایشی سنوورە نێودەوڵەتییەکان بەپێی یاسا دەگرنە ئەستۆ، دوور لە ناکۆکییە سیاسییەکان یان دەستوەردان لە کاروباری کارگێڕیی ناوخۆیی.
سێیەم: نەوت، وزە و دادپەروەریی دارایی
- دوورخستنەوەی مافە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە هەر ململانێیەکی سیاسی، لە نێویاندا مووچە، مافی خانەنشینان، تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، زیندانییانی سیاسی و کەسوکاری شەهیدان و نەبەستنەوەی ئەم مافە دەستوورییانە بە هیچ ناکۆکییەکی نێوان هەردوولاوە.
- قۆرخکردنی بەبازاڕکردنی نەوتی خاو لە رێگەی کۆمپانیای (سۆمۆ)ـەوە، وردبینیکردنی بەرهەمهێنان و تێچوو بە شێوەی مەیدانی لە رێگەی لیژنەی هونەری و دارایی هاوبەشەوە و رێگریکردن لە هەر هەناردەکردنێکی نایاسایی نەوت یان بەرهەمە نەوتییەکان.
- پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە رادەستکردنی نەوت و داهاتەکان، لە بەرامبەردا پابەندبوونی حکومەتی فیدراڵی بە دەستەبەرکردنی پشکی دادپەروەرانەی هەرێمی کوردستان لە بودجە و دابینکردنی تێچووی کارپێکردنی راستەقینە و وردبینیکراو.
- دەستەبەرکردنی مافی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ دەستگەیشتن بە وزە بە هەموو جۆرەکانییەوە (بەنزین، نەوتی سپی، گازوایل، گازی چێشتلێنان و کارەبا) بە هەمان نرخی فەرمیی یەکگرتووی پەسندکراو لە تەواوی عێراق بەبێ جیاکاری یان بارگرانیی زیاتر.
چوارەم: دڵنیایی جێبەجێکردن و رۆڵی چاودێریی ئۆپۆزیسیۆن
- بەشداریکردنی هێز و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان وەک لایەنێکی چاودێریی سەرەکی و بێلایەن بۆ بەدواداچوونی دەستپاکی و شەفافییەت لە دۆسیەکانی نەوت، دەروازە سنوورییەکان و سامانی گشتی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا، بە جۆرێک ئەم رۆڵە چاودێرییە پشتیوانی و گەرەنتیی دامەزراوەیی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە هەبێت بۆ رێگریکردن لە قۆرخکردنی زانیاری یان تاکڕەوی لە بڕیارداندا.
شاندی سێ فراکسیۆنە کوردستانییەکە پێکهاتبوون لە: موسەننا ئەمین (سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان) ، و رێبوار کەریم (سەرۆکی رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی)، و ئەحمەد رەشید (سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان).
بە گوێرەی نووسینگەی راگەیاندنەکەی، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە: "هەندێک لایەن دەیانەوێت گەلی کورد تێوەگلێنن لە دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوت بۆ ئەوەی بەرژەوەندی و هەژموونی خۆیان بپارێزن."
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتوویەتی، سوپای عێراق هەموو پێکهاتەکان لەخۆدەگرێت لەسەر سنوورەکان جێگیر دەبێت نەک لەناو شارەکاندا و حکومەتیش لە تایبەتمەندیی هەرێم [ـی کوردستان] تێدەگات کە بە خەبات و قوربانیدانی گەلی کورد بەدیهاتووە.
عەلی فالح زەیدی بە سێ فراکسیۆنە کوردستانییەکەی گوتووە، "حکومەتەکەی پاشەکشە ناکات لە پلانەکانی بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و راوەدوونانی قاچاخچییەکانی نەوت. عێراق پابەندە بە جێبەجێکردنی دەستوور و بەتایبەت مادەی 140 بۆ چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان".