شیكاری: درەو
🔻 سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق (عەلی زەیدی) پشت بەست بە ماددەکانی (111/ و 112/ یەکەم) لە دەستوری هەمیشەیی عێراق و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان و پابەندکردنی حکومەتی هەرێم بە ڕادەستکردنی تەواوی بەرهەمی نەوت بە حکومەتی فیدراڵی، فەرمانیداوە بە "ڕاسپاردنی سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بە پێنەدانی ڕەزامەندیی هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان تەنها لە ڕێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە نەبێت..." هەروەها "ڕاسپاردنی وەزارەتی نەوت بۆ بەڕێوەبردنی سەرجەم ئەو کێڵگە نەوتییانەی سەر بە وەزارەتن و دەکەونە سنووری کارگێڕیی پارێزگاکانی (دیالە – کەرکووک – سەڵاحەددین – نەینەوا)ـەوە کە لە ڕووی ئەمنییەوە لە ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانی عێراقدان" لەگەڵ چەندین بڕیارو فەرمانی دیکەی پەیوەندیدار بەم دۆسییەیە.
🔻 به گوێرهی نوسراوێكی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی؛
🔹 زیانە داراییه خەمڵێنراوەکانی ئیستیغلالکردنی کێڵگە نەوتییەکانی سەر بە کۆمپانیای نەوتی باکوور له لایهن هەرێمی کوردستانهوه له ماوهی نێوان ساڵانی (2004 تا کۆتایی ئازاری 2023) گەیشتووەتە، سەروو (ملیارێک و 905 ملیۆن) بەرمیل نەوت بە بەهای نزیک لە (123 ملیار) دۆلار.
🔹 چڕبوونەوەی زۆرینەی بڕەکەنەوتەکە لە دوو کێڵگەدا بووە: تەنها نەوتی خورمەڵە (656 ملیۆن و 290 هەزار) بەرمیل بووە بە ڕێژەی (34%) و کێڵگەی تاوکێ (616 ملیۆن و 150 هەزار) بەرمیل، بووە بە ڕێژەی (32%) پێکەوە پتر لە (ملیارێک و 272 ملیۆن) بەرمیل پێکدەهێنن، واتە نزیکەی (67%) و (زیاتر لە دوو لەسەر سێ)ی کۆی بڕەکە تەنها لەم دوو کێڵگەیەدایە.
سەرەتا
ڕۆژی 24/11/2026 (سەباح نوعمان - وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:"سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەڕێز عەلی فالح زەیدی، پێداچوونەوەی بە ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە بەقاچاخبردنی نەوت لە کۆمپانیای نەوتی باکوور کرد؛ بە پشتبەستن بەو بنەمایەی کە سەروەریی نیشتمانی دابەش نابێت و پاراستنی سامانی عێراق جەنگێکی چارەنووسسازە، کە دەوڵەت لە ڕێگەیەوە سنوورێکی یەکلاکەرەوە بۆ هەموو جۆرە قاچاخچێتییەک دادەنێت، بەڕێزیان فەرمانی دەرکردنی کۆمەڵێک ڕێکار و بڕیاری کرد".
بەشێکی فەرمان و ڕێکارەکان تایبەتە بە هەرێمی کوردستانی عێراق و لە نێویاندا پرسی نەوت و کێڵگە نەوتییەکان وتەبێژەکە ڕایگەیاند؛ "ڕاسپاردنی سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بە پێنەدانی ڕەزامەندیی هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان تەنها لە ڕێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە نەبێت، بۆ ڕێگریکردن لە تێکەڵبوونی دەسەڵاتەکان" هەروەها "ڕاسپاردنی وەزارەتی نەوت بۆ بەڕێوەبردنی سەرجەم ئەو کێڵگە نەوتییانەی سەر بە وەزارەتن و دەکەونە سنووری کارگێڕیی پارێزگاکانی (دیالە – کەرکووک – سەڵاحەددین – نەینەوا)ـەوە کە لە ڕووی ئەمنییەوە لە ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانی عێراقدان" ئەوەشی ووت "ڕاسپاردنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی وزە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بۆ گرتنەدەستی سەرجەم کێڵگە نەوتییەکان و چاودێریکردنیان بە کامێرا، بەو کێڵگانەشەوە کە دەکەونە سنووری کارگێڕیی حکوومەتی فیدراڵی و لە ڕووی ئەمنییەوە لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێم"ـدان" زیاتر لەوەش "ئامادەکردنی میکانیزمێکی ڕوون کە جووڵەی بەرهەمە نەوتییەکان لە نێوان پارێزگاکان و لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە ڕێکبخات و سەرجەم لایەنەکان پابەند بن پێوە" ئاماژەی بەوەشدا فەرماندراوە بە "بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەمیانە بۆ پاراستن و چاودێریکردنی بۆری و بیرە نەوتییەکان (نوێکردنەوەی سیستەمی نیشتمانیی دیجیتاڵی بۆ چاودێریکردنی هێڵەکانی نەوت و ئاشکراکردنی قاچاخچێتی)" و هەروەها "بەستنەوەی پێوەری ئەلیکترۆنی لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە لەسەر سەرجەم بیرە نەوتییە کاراکانی عێراق" و "ئامادەکردنی گۆڕەپانی تایبەت لە بازگەکانی دەروازەی (سلێمانی – هەولێر – دهۆک) لەلایەن تیمی ئەندازیاریی سەر بە نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، کە فەرمانبەرانی وەزارەتی نەوت و پۆلیسی وزە و ئاسایشی نیشتمانی تێیدا جێگیر بن، هەروەها دروستکردنی تاقیگە لەو بازگانەدا بۆ پشکنینی ئەو بەرهەمانەی بەرەو ئەو پارێزگایانە دەردەچن" لە کۆتایشدا ئەوەی دەربارەی پرسی نەوتە بڕیار دراوە بە "ڕاسپاردنی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان بۆ گواستنەوەی سەرجەم کارگەکانی قیری ئۆکسێنراو و نەفتا کە دەکەونە سنووری کارگێڕیی پارێزگاکانی (دیالە، سەڵاحەددین، کەرکووک و نەینەوا) و لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئەمنیی حکوومەتی فیدراڵیدان، بۆ ناوچەکانی دیکەی ناو هەمان ئەو پارێزگایانە لە ماوەی (6) مانگدا".
ئاژانسی فهرمی ههواڵهكانی عێراق (واع) ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەنگاوەی حکومەتی عێراق پشتی بە دەستوری هەمیشەیی عێراق و یاسا بەستووە کە تێیاندا هاتووە؛
- ماددەی (111): نەوت و گاز موڵکی هەموو گەلی عێراقن لە هەموو هەرێم و پارێزگاکاندا.
- ماددەی (112)/ یەکەم: حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ حکومەتی هەرێمەکان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکاندا، هەڵدەستێت بە بەڕێوەبردنی نەوت و گازی دەرهێنراو لە کێڵگەکان.
- بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لە 15ی شوباتی 2022:
1. هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان و پابەندکردنی حکومەتی هەرێم بە ڕادەستکردنی تەواوی بەرهەمی نەوت بە حکومەتی فیدراڵی.
2. وەزارەتی نەوت بەدواداچوون بۆ گرێبەستە واژۆکراوەکانی فرۆشتنی نەوت و گاز دەکات و ڕێگە دەدات بە بەدواداچوونی پووچەڵکردنەوەی گرێبەستە نەوتییەکان.
ئەم هەڵوێستەی حکومەتی عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان، بە خێرایی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم و زۆربەی حیزب و سەرکردەی سیاسی هەرێمی کوردستانی هێناوەتەسەرهێڵ و بەیاننامەی جیاوازیان دژ بەو فەرمان و ڕێکارانە دەرکردووە کە بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەگیرێتەبەر، هێشتا ڕوون نییە دۆخەکە بە کوێ دەگات.
کێڵگە نەوتییەکانی کۆمپانیان نەوتی باکور و خەمڵاندنی زیانە ئیستیغلالکردنی
به گوێرهی نوسراوێكی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی، زیانە داراییه خەمڵێنراوەکانی ئیستیغلالکردنی کێڵگە نەوتییەکانی سەر بە کۆمپانیای نەوتی باکوور له لایهن هەرێمی کوردستانهوه له ماوهی نێوان ساڵانی (2004 تا کۆتایی ئازاری 2023) گەیشتووەتە. بڕی (ملیارێک و 905 ملیۆن و 915 هەزار) بەرمیل نەوت بە بەهای (122 ملیار و 989 ملیۆن و 571 ههزار و 424) دۆلار.
چڕبوونەوەی زۆرینەی بڕەکە لە دوو کێڵگەدا بووە: تەنها نەوتی خورمەڵە (656 ملیۆن و 290 هەزار) بەرمیل بووە بە ڕێژەی (34.4%) و کێڵگەی تاوکێ (616 ملیۆن و 150 هەزار) بەرمیل، بووە بە ڕێژەی (32.3%) پێکەوە (ملیارێک و 272 ملیۆن و 440 هەزار) بەرمیل پێکدەهێنن، واتە نزیکەی (66.76%) و (زیاتر لە دوو لەسەر سێ)ی کۆی بڕەکە تەنها لەم دوو کێڵگەیەدایە.
بۆ خهمڵاندنی نرخی ههر بهرمیلێك نهوت، پشت به میکانزمی نرخدانانی نەوتی خاوی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) بهستراوهو کۆمپانیاکە پەسەندی كردووه، وەک لە خوارەوە ڕوون کراوەتەوە.
خشتە

وهك له نهخشهكهی خوارهوهدا دهردهكهوێت له سنوری ناوچه جێناكۆكهكان، نۆ كێڵگه له دهوری هێڵی تهماسه نێوان ساڵانی 1991 – 2003 ههڵكهوتووی، كه سیانیان كهوتوونهته ژێر دهسهڵاتی حكومهتی ههرێمی كوردستانهوه، ئهوانیش بریتین له كێڵگهكانی (سهفییه و خورمهڵه) له سنوری پارتی دیموكراتی كوردستان و (كێڵگهی غازی كۆرمۆر) له سنوری دهسهڵاتی یهكێتی نیشتمانی كوردستان، و شهش كێڵگهكهی دیكه لهلایهن كۆمپانیای نهوتی باكور (سهر به حكومهتی ناوهندی) بهڕێوهدهبرێن.
نهخشهی كێڵگه نهوتی و غازییهكانی سنوری ناوچه جێناكۆكهكان

هەڵکەوتەی گرنگترین کێڵگە نەوتییەکان
لە ڕێكەوتی 14/5/2022دا كۆمپانیای نەوتی باكوری عێراقی، ڕایگەیاند كە لەدوای هێرش و پەلامارەكانی داعشەوە بۆ پارێزگاكانی باكور و دواتر دوای ڕزگاركردنی ئەو ناوچانە لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە،حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستیگرتوە بەسەر چەند كێڵگەیەكی نەوتیدا لە پارێزگای موصڵ و هەولێر و كەركوك و صلاح الدین. گرنگترینی ئەو کێڵگانە بریتین لە:
1. كێڵگەی نەوتی خۆرمەڵە:
دەكەوێتە سنوری پارێزگای هەولێر بە دووری 33كم لە باشووری هەولێرو بڕی یەدەگی نەوتی تیایدا دەگاتە 3160 ملیۆن بەرمیل و لەلایەن كۆمپانیای كارەوە بەڕێوەدەبرێت. كە بەدرێژكراوەی كێڵگەی نەوتی كەركوك دادەنرێت.
2. كێڵگەی نەوتی كەركوك
نەوتی یەدەگی هەبوو لە كێڵگەی كەركوكدا دەخەمڵێنرێت بە نزیكەی 13 ملیار بەرمیل نەوت، كە نزیكەی 12% لەكۆی یەدەگی نەوتی عێراق پێكدێنێت. ئەم كێڵگەیە پێنجەم كێڵگەی گەورەی نەوتە لە جیهاندا كە بریتیە لە گردێك كە ڕووباری زێی بچوك دەیبڕێت و درێژیەكەی 96.5 كم و پانیەكەشی دەگاتە 4 كم. قوڵی بیرە نەوتەكانی لەنێوان 450 مەتر بۆ 900 مەتردایە.
لەسەردەمی پاشایەتیدا ژمارەی بیرە نەوتەكانی 44 بیر بوون، دوای خۆماڵیكردنی نەوتیش لەساڵی 1973دا ئەم كێڵگەیە 47 بیری بەرهەمی تیادا بوە، و 88 بیریش لەژێر چاودێری و دۆزینەوەدا بوون و 1 بیریش بۆ تێكردنی ئاو و 55بیریش داخراون. و كێڵگەی كەركوك 330 بیری نەوتی بە بەرهەم لەخۆدەگرێت و ئەم ژمارەیەش لە زیادبوندایە.
3. كێڵگەی نەوتی بای حەسەن:
دەكەوێتە ڕۆژئاوای كەركوكەوە، بیرە نەوتەكانی ئەم كێڵگەیە لە بیرە نەوتەكانی كێڵگەی كەركوك قوڵترن كە لە نێوان 1500 مەتر بۆ 3000 مەتردان.
4. كێڵگەی نەوتی ئاڤانا:
وەزارەتی نەوتی عێراقی لەساڵی 2013دا گرێبەستێكی مۆركردوە لە گەڵ كۆمپانیای بریتیش پتڕۆلیۆمی بەریتانیدا بۆ هاوكاریكردنی كۆمپانیای نەوتی باكور بۆ پێشخستنی هەردوو كێڵگەی هاڤانا و باباگوڕگوڕ كە دەكەونە پارێزگای كەركوكەوە.
5. کێڵگەی غازی كۆرمۆر
كێڵگەیەكی بچووك-مامناوەندییە و دەكەوێتە سنوری پارێزگای صلاح الدین وە و لە باكوری ڕۆژهەڵاتی شاری دووزخورماتوە بە دووری 35كم لە ڕێگای گشتی دوزخورماتوو-كەركوك. ولەلایەن كۆمپانیای نەوتی باكورەوە دۆزراوەتەوە و تا ساڵی 2003 ئیدارەی داوە. جۆری غازەكەی غازی شیرینە واتە ڕێژەی H2S تیادا نزمە. دەتوانرێت ڕاستەوخۆ بەكاربهێنرێت بەبێ مامەڵەی چارەسەری بۆ لابردنی كبریت تیایدا. كۆمپانیای دانا غازی ئیماراتی كاری تیادا دەكات لە 15/4/2007وە.
6. كێڵگەی نەوتی سەفیە:
ئەم كێڵگەیە یەكێكە لە كێڵگە نەوتیەكانی سەر بە كۆمپانیای باكوور لە پارێزگای موصڵ، و دەكەوێتە ناحیەی زوممار نزیك لە سنوری عێراق و سوریاوە، و لە 10/4/2015وە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و لە ئێستادا لەلایەن كۆمپانیای كارەوە بەڕێوەدەبرێت.
ئەو پەڕی توانای بەرهەمی ئەم كێڵگەیە بریتیە لە 4000 بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لەوكاتەی لەلایەن كۆمپانیای باكورەوە بەڕێوەدەبرا. یەكەم جار لەساڵی 1974دا یەكەم بیرە نەوتی لێدراوە و دواتر لە نیوەی دووەمی ساڵی حەفتاكاندا دووەم بیرە نەوتی لێدراوە و لەناوەڕاستی هەشتاكانیشدا بەرهەمی خۆبەخۆی هەبوە و لە ساڵی 1990دا زیاد لە 40 بیرە نەوتی تیادا بوە و 120كم دەكەوێتە ڕۆژئاوای كێڵگەی نەوتی عەین زالەوە بڕی یەدەگی نەوتی مەزندە دەكرێت بە 300 ملیۆن بەرمیل.

سەرچاوەکان
- عەلی حمە ساڵح – بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست، پەڕەی فەرمی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک، بەڵگەنامەکانی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و نەخشەی کێڵگە نەوتییەکانی سنوری ناوچە جێناکۆکەکانی لێ وەرگیراوە.
https://www.facebook.com/share/p/1CiqR5L2W1/
- نەوزادی موهەندیس، چارەنوسی كێڵگە نەوتیەكانی ناوچەجێناكۆكەكان بەرەو كوێ؟، کوردپلات، 5/29/2022؛
https://www.kurdplat.net/2022/05/blog-post_78.html