سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

بۆ رێگای گەشەپێدان، عێراق لەبری پارە نەوت دەدات

ماڵپەرێكی ئەمریكی: عێراق لەبری پارە نەوت دەدات بە كۆمپانیا توركییەكانی بەشدار لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان، هەژمارێکی هاوبەش لە نێوان بەغدادو ئەنكەرە لە یەكێك لە بانکەکانی تورکیا دەكرێتەوە بۆ کۆکردنەوەی ئەو پارانەی بۆ پڕۆژەکە تەرخانکراون

بڵاوکراوەتەوە لە : 14 تشرینی دووەم 2026

بۆ رێگای گەشەپێدان، عێراق لەبری پارە نەوت دەدات

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان


درەو:
ماڵپەری "الحرە" لە راپۆرتێكدا دەڵێت، بەغداد و ئەنكەرە لە پەسەندکردنی میکانیزمێک نزیک دەبنەوە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی نەوتی عێراق بە تێچووی جێبەجێکردنی پڕۆژەی «رێگای گەشەپێدان»، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دابینکردنی پارەی کاش کە لە ئەنجامی دابەزینی داهاتە نەوتییەکانی عێراقەوە سەریهەڵداوە، بەهۆی ئەو پشێوییانەی لە گەرووی هورمزدا هەن.
پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، کە تێچووەکەی بە نزیکەی 17 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، ئامانجی بەستنەوەی بەندەری گەورەی فاوە لە باشوری عێراق بە سنوورەکانی تورکیاوە لە ڕێگەی ڕێگایەکی وشکانی و هێڵی ئاسنینەوە کە درێژییەکەی نزیکەی 1200 کیلۆمەتر دەبێت، بەمەش رێڕەوێکی بازرگانی دابین دەکات کە کەنداو بە تورکیا و ئەوروپاوە دەبەستێتەوە و پێگەی عێراق لە جوڵەی گواستنەوەی ناوچەییدا بەهێزتر دەکات.
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە میانی دیدارێکیدا لەگەڵ وەبەرهێنەران و پیاوانی کاری عێراقی لە ئوردن لە 26ی تشرینی یەکەمی رابردوودا رایگەیاند، سەرەتای ساڵی 2027 دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەکەو دروستکردنی شارە پیشەسازییە هاوپێچەکانی بەخۆوە دەبینێت، هاوکات لەگەڵ کردنەوەی بەندەری فاو بە تەواوی توانای بازرگانییەوە.
ئەحمەد ئەنساری، شارەزای ئابوری، پێی وایە پەنابردن بۆ ئاڵوگۆڕکردن (نەوت بەرامبەر پڕۆژە) ڕێگە بە عێراق دەدات شایستە داراییەکانی کۆمپانیا جێبەجێکارەکان بە نەوت بداتەوە لەبری پارەی کاش، ئەمەش فشارەکانی سەر پارەی نەختینە لە سایەی دابەزینی داهاتەکاندا کەمدەکاتەوە.
ئەنیل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، رۆژی هەینی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی جەختی کردەوە، گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ دیاریکردنی میکانیزمەکانی دابینکردنی دارایی بۆ پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان و خواستی ئەنكەرەی دەربڕی بۆ تەواوکردنیان و چەسپاندنی میکانیزمێکی دارایی تۆکمە وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی جێبەجێکردن.
لە هەنگاوێکی کردەییشدا، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە تشرینی یەکەمی رابردوودا کارکردنی لەسەر تەواوکردنی گفتوگۆکان لەگەڵ تورکیا راگەیاند سەبارەت بە دامەزراندنی سندوقێک بۆ دابینکردنی دارایی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، کە لە ڕێگەیەوە شایستە داراییەکانی کۆمپانیا جێبەجێکارەکان لە بەرامبەر بڕێک لە نەوتی عێراقدا دەدرێتەوە.
فازیل عەباس، بەڕێوەبەری بەشی پڕۆژەکان لە کۆمپانیای گشتی هێڵی ئاسنینی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتووە، پێشنیازەکە دامەزراندنی سندووقێکی دارایی تایبەت بە پڕۆژەکە لەخۆدەگرێت، کە لە ڕێگەیەوە شایستەی کۆمپانیا تورکییە جێبەجێکارەکان دەدرێتەوە.
یوسف کاتب ئۆغڵو، توێژەری ئابوری تورکی، دەڵێت، هەردوولا کار دەکەن بۆ کردنەوەی هەژمارێکی هاوبەش لە یەکێک لە بانکەکانی تورکیا بۆ کۆکردنەوەی ئەو پارانەی بۆ پڕۆژەکە تەرخانکراون و پێدانی شایستەی کۆمپانیا جێبەجێکارەکان، بەڵام باس لەوەش دەکات کە ئەم رێکارە داراییانە هێشتا پێویستیان بە تەواوکردنی هەماهەنگیی نێوان هەردوو وڵات هەیە.
لە بەرامبەردا، ئەنساری هۆشداری دەدات لەوەی ئاڵوگۆڕکردن بە گەرەنتییەکی تەواو دابنرێت بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە و دەڵێت: بە تەنیا گەرەنتیی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە ناکات، چونکە سەرکەوتنی بە چەندین هۆکارەوە بەستراوەتەوە، لەوانە تەواوکردنی توێژینەوە هونەرییەکان و یەکلاکردنەوەی گرێبەستەکان و دابینکردنی پێداویستییە یاسایی و کارگێڕییەکان، سەرەڕای ڕوونی میکانیزمەکانی نرخاندنی نەوت و بڕە تەرخانکراوەکان و مافە داراییەکانی عێراق.
عێراق پێشتریش سوودی لە میکانیزمی ئاڵوگۆڕکردن وەرگرتووە لەو پڕۆژانەی کە کۆمپانیا چینییەکان جێبەجێیان کردووە، ئەویش بەپێی رێککەوتنێکی ستراتیژی کە ساڵی 2019 لەگەڵ پەکین واژۆ کرا، کە تێیدا کۆمپانیا چینییەکان بە بەهای ملیاران دۆلار پڕۆژەیان لە عێراق جێبەجێ کرد، لە بەرامبەر وەرگرتنی بڕە نەوتی خاوی عێراقدا.
پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان هێڵێکی شەمەندەفەرو ڕێگایەکی خێرای هاوتەریب لەخۆدەگرێت و بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت کە لە ساڵانی 2028 و 2033 و 20250 کۆتاییان دێت.

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 16 کاتژمێر

کاریگەری گرێبەستە گازییەکانی ئەمریکا لەسەر داهاتووی هەرێم

null
پێش 17 کاتژمێر

فایەق زێدان لەگەڵ تۆم باراك باسی لە پێویستی هەمواركردنەوەی دەستورو گۆڕینی سیستمی پەرلەمانی بۆ سەرۆكایەتی كردووە

null
پێش 21 کاتژمێر

حەوت مەرجەکەی بودجەی ٢٠٢٧؛ هەرێمی کوردستان