ئۆکرانیا.. هەناردەكارێكی گەورە 

Draw Media

2022-02-26 12:05:40



 
راپۆرتی: درەو
بەپێی ئامارەکان بەرهەمهێنانی ناوخۆی ئۆكرانیا  لە ساڵی (2021) گەیشتووە بە (200) ملیار دۆلار، یەدەگی نەختینەیی (31.6) ملیار دۆلار بووە، لە کاتێکدا بەهای هەناردەکردنی بەرهەمەکانی خۆی داوە لە (68.24) ملیار دۆلار، بەم پێیەش تێکڕای گەشەی ئابوری لە وڵاتەکەدا برتیبووە لە (3.4%) بەپێی خەملاندنە نێودەوڵەتییەکان.

پێگەی جوگرافی ئۆکرانیا
ئۆکرانیا لە ڕووی جوگرافییەوە دەکەوێتەوە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە، دووەم گەورەترین وڵاتی ڕۆژھەڵاتی ئەورووپایە، ڕوبەرەکەی بریتییە لە (603 هەزار و 628) کیلۆمەتر دووجا، لەگەڵ ڕووسیا لە ڕۆژھەڵاتەوە بە درێژایی (1576) کیلۆمەتر هاوسنورە، لە باکورەوە لەگەڵ بیلاڕووس بە (891) کیلۆمەتر، پۆڵەندا بە (428) کیلۆمەتر، سلۆڤاکیا بە (90) کیلۆمەتر و ھەنگاریا لە ڕۆژئاواوە بە (103) کیلۆمەتر، ڕۆمانیا بە (169) کیلۆمەتر و مۆلدۆڤا بە (939) کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوا، ھاوسنوورە. جگە لەوەی لە باشورەوە بەسەر دەریای ڕەش و دەریای ئازوف دا دەڕوانێت. 
زۆربەی خاکی وڵاتەکە تەختاییە و نزمە لەگەڵیدا ڕووباری گرنگی پیا تێدەپەڕێت لەوانە ڕووباری "دنایپەر" جوگرافیای وڵاتی ئۆکرانیا هەمەجۆرە و بەپێی هەرێمەکانی دەگۆڕێت، تاکە زنجیرە چیای هەڵکەوتەی وڵاتەکە "کارپاسیان"ە لە ڕۆژئاوای وڵاتەکەدا، کە سێیەم درێژترین زنجیرەچیای کیشوەری ئەورووپایە بە ١٥٠٠ کیلۆمەتر، توانەوەی بەفری چیاکان دەبنە هۆی سەرچاوەیەکی گرنگی ئاو بۆ ڕووبارەکانی و چەندین تاڤگەش لەم وڵاتەدا هەڵکەوتووە.
گرنگترین سەرچاوە سرووشتییەکانی وڵاتەکە بریتین لە (نەوت، گازی سروشتی، ئاسنی خاو، مەنگەنیس، خەڵووز، خوێ، گۆگرد، گرافایت، تیتانیۆم، مەگنیسیۆم، نیکل و جیوە و چەندان کانزای بەنرخی تر) ئەم وڵاتە لە مێژوویدا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی ژینگەیی سرووشتی و دەستکرد بووەتەوە و بوونەتە بۆی پیسکردنی سەرچاوە ئاوییەکان و هەوای وڵاتەکە و کەوتنە ژێر کاریگەری تیشکیدانەوەوە، لەناویاندا کارەساتە بەناوبانگەکەی چێرنۆبڵە کە لە ٢٦/٤/١٩٨٦ دا ڕوویدا و بە یەکێک لە کارەساتە گەورە دەستکردەکانی مێژوو دەژمێردرێت، کارەساتی چێرنۆبڵ لە کارگەیەکی درووستکردنی چەکی ئەتۆمیدا ڕوویدا لە شاری پریپیاتی باکووری وڵاتی ئۆکرانیا کە لەو کاتەدا وڵاتی ئۆکرانیا سەر بە یەکێتی سۆڤیەت بوو، ئەم کارەساتە بە گەورەترین هەڵە و کارەساتی ئەتۆمی لە مێژوودا دەژمێردرێت چ لەڕووی قووربانیانەوە چی لەڕووی زیانی ئابوورییەوە، ڕێژەی تیشکدانی بە ڕادەیەک زۆربوو کە ناوچەکانی چواردەوری بە تیرەی ٣٤ کیلۆمەتر قەدەغەی نیشتەجێبوون کرا و کاریگەرییەکە لەسەر ئەو ناوچانە و تەواوی وڵات تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش ماوە.
ئەم کۆمارە لە ساڵی (1922)ەوە تا کەوتنی یەکێتی سۆڤییەت بەشێک بووە لەو یەکێتییەو لە (28/8/1991) سەربەخۆیی ڕاگەیاندووە. شاری (کیێڤ) کە گەورەترین شاری ئوکراینایە کرایە پایتەختی وڵاتەکە.
لە ڕووی کارگێڕییەوە وڵاتی ئۆکرانیا، جگە لە دورگەی (قرم) کە خاوەنی خود موختارییە، دابەشکراوە بۆ (24) ناوچە یان پارێزگا. کە بریتین لە پارێزگاکانی (کیێڤ، بولتافا، خارکۆڤ، ئۆدیسا، سومی، لەفیف، کیرۆفۆغراف، لۆستک، دنیبرۆبێترۆفسک، چەرنۆبڵ، زابارۆجیا، ڤینیتسا، دۆنیستک، ئۆرجغورود، لۆغانسک، ئیڤانۆ فرانکیڤسک، خیرسۆن، لیکۆلایڤ، تشیرکاسی، ریڤنا، تشیرنیڤتسی، تشیرنیهیڤ، خمیلنیتسکی، جیتۆمیر).

بەپێی ئامارەکان ژمارەی دانیشتوانی وڵاتی ئوکرانیا زیاتر (44) ملیۆن کەسە کە دەکاتە (0.62%) دانیشتوانی جیھان. تەمەنی مام‌ ناوەندی دانیشتوانی  وڵاتەکە (39.8) ساڵە (69%) دانیشتوانی وڵات لە شارەکان دەژین.


دانیشتوانی وڵاتەکە وەک چۆن لە پێکهاتەی نەتەوەوی ڕەگەزی جیاواز پێکهاتوون، بە هەمان شێوە پەیڕوانی ئاینی جیاوازی تێدایە.

توانا ئابورییەکانی ئۆکرانیا
لەگەڵ ئەوەی ئۆکرانیا بەسەرەتایەکی خراپ دەستی پێکرد، لەگەڵ جیابوونەوەی لە یەکێتی سۆڤییەت خاوەنی ئابورییەکی بەهێز نەبوو، چونکە بەردەوام لەدوای ساڵی (1991)ەوە لەگەڵ ڕوسیا پەیوەندییەکانی ڕوو لە قەیران دەکات زۆرجاریش بڵاوبوونەوەی گەندەڵی گورزی گەورەی لە ئابورییەکەی داوە. 
بەڵام بەم دواییانە یەکێک بووە لە دەوڵەتە خاوەن ئابورییە بەهێزەکان لە ناوچەکە، چونکە بایەخێکی گەورەی ئابوری ستراتیجی بۆ وڵاتانی ئەوروپی هەیە، ئەمەش یارمەتی دەربووە بۆ گەشەی خێرای وڵاتە، جگە لەوەی خاوەن سەرچاوەیەکی گەورەی سروشتییە لە بواری کانزاو کشتوکاڵ، سەرباری ئەو میراتە پیشەسازییەی لە یەکێتی سۆڤییەت بۆی بەجێمابوو. 
بەپێی ئامارەکان بەرهەمهێنانی ناوخۆی وڵاتەکە لە ساڵی (2021) گەیشتووە بە (200) ملیار دۆلار، یەدەگی نەختینەیی (31.6) ملیار دۆلار بووە، لە کاتێکدا بەهای هەناردەکردنی بەرهەمەکانی خۆی داوە لە (68.24) ملیار دۆلار، بەم پێیەش تێکڕای گەشەی ئابوری لە وڵاتەکەدا برتیبووە لە (3.4%) بەپێی خەملاندنە نێودەوڵەتییەکان.
کەرتی کشتوکاڵی ئۆکرانیا پشکی گەورەی بەخشیبووە بە گەشەسەندی ئابوری وڵاتەکە، ئەمەش بایەخێکی گەورەی بەخشیوە پێیان لەسەر ئاستی جیهان، چونکە ناردەنی بواری کشتوکاڵ (45%)ی هەناردەی ئۆکرانیا پێکدەهێنێت، بەشی زۆری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ گونجاوی و فراوانی و بەپیتی خاکەکەتی کە نزیەکەی (40) ملیۆن هێکتار زەوی شیاوی هەیە بۆ ئەو بوارە. 
ئامارەکان ئاماژە بەوە دەدەن ئۆکرانیا ساڵانە (50) ملیۆن تەن بەروبوومی کشتوکاڵی بەرهەم دێنێت، لەنێویاندا بەرهەمهێنانی (28) ملیۆن تەن گەنم و هەناردەکردنی زیاتر لە (18) ملیۆن تەنی، ئەمەش پلەی شەشەمی وڵاتانی هەناردەکەری گەنم و چوارەم هەناردەکەری گەنمەشامی و پلەی سێیەم لە بڕی بەرهەمهێنان، پلەی دووەم لە بەرهەمهێنانی جۆ و پلەی چوارەم لە هەنارەکەری لەسەر ئاستی جیهان پێ بەخشیوە. 
سەرەڕای گرتنی پلەی یەکەمی سەرئاستی جیهان لە هەنارەکردنی زەیتی گوڵەبەڕۆژەو پلەی سێیەم لە بەرهەمهێنان وهەنارەدەکردنی هەنگوین کە ساڵانە بەنزیکەی (81) هەزار تەن دەخەمڵێنرێت.
هەروەها هەناردەکردنی میوەی وڵاتەکە ساڵانە دەگات بە (55) هەزار تەن لە میوەی جۆراوجۆر، جگە لە هەنارەکردنی  (450) هەزار تەن لە گۆشتی سور و (431) هەزار تەن لە گۆشتی سپی.
لە بواری کازاشدا پشکێکی گەورەی هەیە لە بەرهەمهێنانی ئاسنی خاو کە ساڵانە (60) ملیون تەنە و بەم پێیەش پلەی شەشەم دەگرێت لەبەهەمهێنانی ئاسن لەسەر ئاستی دنیا و پلەی دووەم لە خاوەندارێتی یەدەگی جیوە لەسەر ئاستی ئەوروپا. پلەی یەکەم لە کبریت و پلەی دەیەم لەسەر ئاستی جیهان لە یەدەگی خاوی تیتانیۆم.
لە بواری پیشەسازیدا ئۆکرانیا پلەی چوارەمی هەیە لە هەناردەکردنی ماتۆڕ (تۆڕباین) بۆ ویستگەی وزی ئەتۆمی و پەلەی دوانزەیەمیشی هەیە لە هەنادەکردنی چەک کە بە ملیارێک دۆلار دەخەمڵێنرێت، کە نزیکەی (700) هەزار کەس کاری لە کارگەکانی چەک کاردەکەن.

ئابوری ئۆكرانیا بە ژمارە
روبەری ئۆكرانیا (604 هەزار) كیلۆمەترە

 70%ی روبەرەكەی زەوی كشتوكاڵیە 15% دارستانە 
لە ئۆكرانیا 
6.9 ملیۆن تەن زەتی گوڵە بەرۆژەی هەناردەكردووە
431 هەزار تەن پەلەوەری هەناردەكردووە
81 هەزار تەن هەنگوینی هەناردەر كردووە
55 هەزار تەن میوەی هەناردەكردووە
30 هەزار تەن مەعكەرۆنی هەناردەكردووە 

لە جیهاندا لە هەناردەی گەنمدا لە پلەی سێیەمدایە 
ساڵی 2020 (24 ملیۆن) تەن گەنمی بەرهەمهێناوە
(18 ملیۆن) تەنی هەناردەكردووە واتا 75%ی هەناردەكردووە.
لە جیهاندا لە هەناردەی گەنمەشامیدا لە پلەی چوارەمدایە

سامانی كانزایی
20 هەزار كانی دەرهێنانی كانزایی هەیە 
5%ی یەدەگی خاوی ئاسن لە جیهاندا لە ئۆكرانیایە 
خاوەنی گەورەترین یەدەگی كیبریتە لە جیهاندا
لە یەدەگی جیوەدا پلەی دووەمی جیهانی هەیە
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand