پوتین بەر لە بڕیارە گرنگەكان لەگەڵ كێ راوێژ دەكات ؟

Draw Media

2022-02-25 12:33:41



درەو:
ئۆلگا ئیفشینا- كاترینا كینكۆلۆڤا - بی بی سی
وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت
لە چەند هەفتەی رابردوودا، ڤیلادیمیر پوتین سەرۆكی روسیا دەستی بە وەرگرتنی بڕیاری یەكلاكرەوە كرد، كۆمەڵێك بڕیار كە كاریگەری بەردەوامیان دەبێت، ئەمەش نەك تەنیا لەسەر ئۆكرانیا‌و روسیا، بەڵكو لەسەر جیهان بەگشتی. 
ئەو كەسانە كێ بوون، كە پوتین راوێژیان پێدەكات لەكاتێكی دەركردنی  ئەم بڕیارانەدا ؟ ئایا دەنگی سەربازی مۆسكۆ لە كاریگەری بەهێزی ئەو گروپەوە سەرچاوەی گرتووە كە بە "سیلۆڤیكی" ناسراوە‌و ژمارەیەك لە وەزیرو سەرۆكی ئاژانسە ئەمنییەكان لەخۆدەگرێت- وەكو ئەوەی هەندێك لە شیكەرەوەكان دەڵێن ؟
دەكرێت روسیا بە كۆماری سەرۆكی ئەفسانەیی ناوببرێت، سەرۆك پوتین هەموو دەسەڵاتەكانی بەدەستەوەیە، هەموو بڕیارە سەرەكییەكان كە پەیوەندیدارن بە بەڕێوەبردنی دەوڵەتەوە، لە كۆتایدا ملكەچ دەبن بۆ بڕیارە تایبەتەكانی ئەو. 
بەڵام سەرباری ئەم هەموو دەسەڵاتە بەرفراوانە، پوتین راوێژ بە كەسانێك دەكات كە لە دەوروبەریدان، بەتایبەتیش ئەوانەی كە بۆ ماوەیەكی زۆر هاوڕێی بوون، ئەوانەی كە زۆر متمانەی پێیان هەیە. ئەم بازنەیە كۆمەڵێك لەو بەرپرسانە لەخۆدەگرێت كە كاریان لە ئاژانسە ئەمنییەكاندا كردووە‌و دەنگی بەهێزیان هەیە. لە روسیا ژمارەیەك ئاژانس هەن كە لە بواری ئەمن‌و جێبەجێكردنی یاسادا كاردەكەن‌و بە گروپی "سیلۆڤیكی" ناسراون. 
پوتین كاروانی خۆی لە یەكێك لەم ئاژانسانەوە دەستپێكردووە، بەدیاریكراویش دەزگای هەواڵگری پێشووی سۆڤیەت (KGB)، كە كاركردنی لە قۆناغی دوای یەكێتی سۆڤیەتەوە لەژێر ناوی (دەستەی ئاسایشی فیدراڵی روسیا FSB) دەستپێدەكات. لەوكاتەوە كە پوتین گەیشتوەتە دەسەڵات، كاریگەری گروپی "سیلۆڤیكی" زیادی كردووە. 

پێنج گەورەكە
زۆرینەی بڕیارەكانی تایبەت بە سیاسەتی دەرەوە‌و ناوخۆی روسیا لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی روسیادا دەدرێن، ئەم ئەنجومەنە لە (30) ئەندام پێكدێت، ئەمانە گرنگترین پایەكانی گروپی "سیلۆڤیكی"ی پێكدەهێنن، لەناویاندا سەرۆكەكانی هەواڵگری دەرەوە‌و دەستەی ئاسایشی فیدراڵی روسیا FSB‌و وەزیرانی ناوخۆ‌و دەرەوە‌و بەرگری لەگەڵ سەرۆك وەزیران‌و سەرۆكی هەردوو هۆڵەكەی پەرلەمان. 
نیكۆلای پاترۆشیڤ سكرتێری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی روسیا، ئەلیكسەندەر بۆرتنیكۆڤ سەرۆكی دەستەی ئاسایشی روسیا، سێرگی ناریشكین سەرۆكی هەواڵگری دەرەوەی روسیا، ماوەی چەندین ساڵە سەرۆك ڤیلادیمیر پوتین دەناسن‌و لە سانت بترسبۆرگ كە پێشتر بە "لینینگراد" دەناسرا، لە حەفتاكانی سەدەی رابردوودا كاریان لەگەڵدا كردووە. 
لەگەڵ ئەو سێ ناوەی پێشوودا، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوە‌و سێرگی شویگۆ وەزیری بەرگری، ئەو گروپە پێنج كەسییە پێكدەهێنن كە دەوترێت نزیكترین كەسن لە ڤیلادیمیر پوتینەوە، كە سەرۆكی روسیا بەشێوەیەكی زۆر رێز لە بۆچونەكانیان دەگرێت بەتایبەت لەبواری سیاسەتەكانی دەرەوەدا. 

نیكۆلای پاتروشیڤ
نیكۆلای پاترۆشیڤ سكرتێری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی روسیایە، كە پوتین سەرۆكایەتی دەكات، پاترۆشیڤ بە "هەڵۆی سەرەكی" تیمی سەرۆك دادەنرێت، پاترۆشیڤ لە حەفتاكانی سەدەی رابردوودا لە دەزگای هەواڵگری روسیا KGB لەگەڵ پوتیندا كاریكردووە. 
ساڵی 1999 چوەتە شوێنەكەی پوتین‌و بووە بە سەرۆكی دەستەی ئاسایشی فیدراڵی روسیا FSB، ئەم دەزگایە لەدوای KGB دروستبوو، پاترۆشیڤ تاوەكو ساڵی 2008 لەم پۆستەدا مایەوە، دەوترێت ئەو نزیكترین كەسە لە پوتین‌و لە هەركەسێك زیاتر گوێی بۆ ئەو دەگرێت. 

سێرگی شویگۆ
رەنگە لە راستیدا سێرگی شویگۆ وەزیری بەرگری، نزیكترین هاوڕێ‌و راوێژكاری پوتین بێت، ئەم پیاوە هاوكات بەرپرسی ئاژانسی هەواڵگری سەربازی روسیایە، ئەندامانی ئەم ئاژانسە تۆمەتبار دەكرێن بە ژەهراویكردنی سیخوڕی پێشووی روسیا (سێرگی سكریباڵ) لە بەریتانیا لە 2018دا، هەروەها ژەهراویكردنی سیاسەتمەداری ئۆپۆزسیۆنی روسیا (ئەلیكسی ناڤالنی) لە سیبریا ساڵی 2020دا. 
سەرچاوەكان دەڵێن حەفتاكانی سەدەی رابردوو، پەیوەندی باش لەنێوان شویگۆ و پۆتیندا گەشەی كردووە، بەڵام لە سەرەتای سەدەی نوێوە، ئەم دوو پیاوە بوون بە هاوڕێی نزیكی یەكترو زمانێكی هاوبەش هەردووكیانی كۆكردوەتەوە، هەردووكیان بەشێوەیەكی بەردەوام لە پشووەكاندا سەردانی سیبریا دەكەن كە زێدی وەزیری بەرگرییە. 

ئەلیكسەندەر بۆرتنیكۆڤ 
ئەلیكسەندەر بۆرتنیكۆڤ سەرۆكی دەستەی ئاسایشی فیدراڵی روسیا FSB لەگەڵ پۆتیندا لە نوسینگەی KGB لە لینینگراد خزمەتی كردووە، ساڵی 2008 لەدوای پاترۆشیڤ پۆستی سەرۆكی دەستەی ئاسایشی فیدراڵی روسیای وەرگرتووە، لە بواری روبەڕبووبونەوەی سخوڕیدا كاریكردووە‌و چەند دەیەیەك شارەزایی هەیە. 
چاودێران دەڵێن سەرۆكی روسیا زیاتر لەو راپۆرتانەی كە لە سەرچاوەكانی ترەوەی پێی دەگات، راپۆرتە هەواڵگرییەكانی دەستەی ئاسایشی فیدراڵی روسیاوە بەدڵە‌و پەسەندی دەكات. ئەم دەستەیە كاریگەری لەسەر ئەو لایەنانە هەیە كە یاسا جێبەجێ دەكەن، لەوانە وەزارەتی ناوخۆ‌و نوسینگەی داواكاری گشتی، ئەم دەستەیە هێزی تایبەتی خۆی هەیە، لەناویاندا هێزی دەستەبژێری "ئەلفا"‌و گروپەكانی "فیمبیڵ". 

سێرگی لاڤرۆڤ
لە توندڕەویدا، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا لەبەرامبەر بۆرتنیكۆڤ-دایە، ئەو شارەزاترین دیپلۆماتكاری روسە، لە ساڵی 2004ەوە سەرۆكایەتی وەزارەتی دەرەوەی روسیا دەكات، واتە نزیكەی دوو دەیە دەبێت. سەرباری ئەوەی لەگەڵ پوتین نەیخوێندووە‌و لە دامەزراوە ئەمنییەكاندا كاری نەكردووە، دەوترێت پوتین زۆر رێز لە لاڤرۆڤ دەگرێت. 
لاڤرۆڤ لەناو بازنەی هاوڕێ تایبەتەكانی پوتیندا نییە، بەڵام رێزی سەرۆكی بەدەستهێناوە، ئەمەش بەهۆی پیشەیبوون‌و كارە جدییەكانی‌و هەڵەنەكردنییەوە لەماوەی دورودرێژی كاركردنیدا. 

سێرگی ناریشكین
سێرگی ناریشكین سەرۆكی هەواڵگری دەرەوە هاوشێوەی بۆرتنیكۆڤ‌و پاترۆشیڤ لە لینینگراد لەگەڵ پوتیندا خزمەتی كردووە، سەرباری ئەوەی سەرۆكی هەواڵگرییە، بەڵام بەشێوەیەكی رێژەیی بەرپرسی گشتییە، چەندین چاوپێكەوتنی لەگەڵ دەزگاكانی راگەیاندن كردووە، لەناویاندا لەگەڵ ستیڤ رۆزنبێرگ پەیامنێری BBC.
ئەەوانەی ناریشكین لە نزیكەوە دەناسن دەڵێن، موخلیسی پوتینە‌و بەسروشت كەسێكی بە زەبت‌و رەبتە، ملكەچی فەرمانە‌و پابەندە بەو هێڵەی كە بۆی دەكێشرێت، باگراوەندە ئەمنییەكەی‌و بیرتیژی‌و شارەزاییە پیشەییەكەی یارمەتی داوە بچێتە ناو بازنە نزیكەكەی پوتینەوە، دەوترێت ڤلادیمیر پوتین پشت بەو یاداشتە هەواڵگرییانە دەبەستێت كە ئاژانسەكەی ناریشكین پێشكەشی دەكات. 

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی روسیا: شوێنی بڕیاردان
كۆبونەوەی ئەمدواییەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی روسیا كە تێیدا گفتوگۆكرا لەبارەی داننان بەو "دوو كۆمارە"دا كە جوداخوازەكان لە خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا دەستیان بەسەردا گرت، نیگایەكی روونی لەبارەی دینامیكی كاری ئەم ئەنجومەنە نیشاندا.
سارە راینسفۆرد پەیامنێری BBC لە خۆرهەڵاتی ئەوروپا ئەم كۆبونەوەیەی بە پارچە شانۆگەرییەك ناوبرد كە هەركەسێك تێیدا رۆڵ‌و سیناریۆیەكی دیاریكراوی هەیە. 
وتی" زۆرینەی گەورە بەرپرسانی روس بەشێوەیەكی شەرمنانە لە نیوەی مێزەكەدا دانیشتوون، بەر لەوەی ڤلادیمیر پوتین یەك لەدوای یەك داوایان لێبكات لە میكرۆفۆنەكە نزیك ببنەوە‌و ئەو شتانەی پێ بڵێن كە دەیەوێت بیبیستێت". 
سەرباری ئەوەی ئەمە تەنیا گەمەیەكی بیزەنتییە لە سیاسەتێكی تایبەتی‌و كەسیدا، بەڵام هەندێك لە چاودێرانی تر وای دەبینن، دینامیكیەتی پڕگرێوگۆڵی ئەم گروپە رۆڵی خۆی دەبینێت.
ئەلیكسەندەر باونۆڤ پسپۆڕی سەنتەری كارینگی لە مۆسكۆ دەڵێ" دەبێت تێبگەین ئەنجومەنی ئاسایش كۆبونەوەی كۆمەڵێك كەسە كە هاوڕێ نین‌و دەكرێت بكەونە ململانێوە لەگەڵ یەكتردا". 
باس لەوە دەكات" هەموو ئەوەی وتویانە – لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا- تەنیا گوزارشت نەبووە لەوەی بیریان لێكردوەتەوە، بەڵكو هەوڵدانیان بووە بۆ ئەوەی لەبەردەم پوتیندا بە یەكتری نەدۆڕێنن، لەم گەمەیەدا كە دەزگا ئاگاداریەتی". 
كۆبونەوەكە تیشكی خستە سەر قەبارەی كۆنترۆڵی تایبەتی ڤیلادیمیر پوتین بەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییەوە، هەروەها چۆن دەتوانێت بەشێوەیەكی ئاشكرا سەرزەنشتیان بكات‌و  بیانكات بە فیلم، بەوپێیەی هاوڕێی كۆنن، تەنیا كەمێك پارێزبەندییان هەیە. 
سەرباری ئەوەی هاوڕێیەكی دێرین بوو- رەنگە هاوڕێیەتی تایبەتیش- بەڵام سێگری ناریشكین سەرۆكی هەواڵگری دەرەوە پلارێكی توندی لەلایەن پوتینەوە بەركەوت، بەهۆی ئەوەی "بەڕوونی قسەی نەكرد" كاتێك پێشنیازی كرد دەرفەتێكی تر بە "هاوبەشە خۆرئاواییەكان" بدرێت بەر لەوەی دان بە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یاخیبواندا بنرێت، ئەمە بەشێوەیەكی روون، پوتینی بێزار كرد، فشاری لە ناریشكین كرد پشتیوانی خۆی بۆ داننانی خێرا بەو ناوچانەدا رابگەیەنێت، ئەمەش ئەو شتە بوو سەرۆكی هەواڵگری رەزامەندی لەسەر نیشاندا، دەركەوت كە زۆر بێزارە. 
مارك جالوتی لە پەیمانگای شاهانە بۆ توێژینەوەی ئەمنی‌و بەرگریی لە تویتەر نوسی:" لە راستیدا ناریشكین لە خراپترین دۆخ رزگاری بوو، بەهۆی تێكەڵكردنەكەیەوە، پوتین پێیدا هەڵگژا. ئەم دیمەنە دەریخست ئەو خزمەتكاری سەرۆكەكەیەتی نەك هاوڕێی. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی بەمدواییە یەكێك بووە لە راشكاوترین قسەكەرە گشتییەكان، ئەمە نیشانیدا ستایش ناكرێی لەبەر ئەوەی پێشتر خزمەتت كردووە". 
جێگەی باسە، ئەندامانی تری ئەنجومەنی ئاسایش وەكو ناریشكین هەستیان بەو شەرمەزارییە نەكرد، جگە لە وەزیرەكانی بەرگری‌و دەرەوە‌و بۆرتنیكۆڤ سەرۆكی دەستەی ئاسایشی، داوا لە ئەندامانی تری ئەنجومەن كە ژمارەیان 30 كەسە نەكرا بۆ ئەوەی بۆ جاری دووەم قسە بكەن. 
لاڤرۆڤ پشتیوانی خۆی بۆ بەردەوامیدان بە هەوڵە دیپلۆماسییەكان نیشاندا، بەڵام شویگۆ و بۆرتنیكۆڤ توندڕەوتر بوون‌و سوور بوون لەسەر داننان بە جوداخوازەكانی سەربە روسیادا لە خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا. 
كۆبونەوەكە هاوكات كۆبونەوەیەكی جیاواز بوو، چونكە لە تەلەفزیۆنی حكومەتی روسیاوە پەخشكرا، زۆرجار ئەنجومەنەكە بەنهێنی كۆدەبێتەوە، سەرباری بوونی گومانی لەبارەی راستی بانگەشەكانەوە، گریمانە دەكرا پەخشی راستەوخۆ بكرێت، لەكاتی تەماشاكردنی وردی ڤیدیۆكەدا چاودێران تێبینی ئەوەیان كرد، بینینی هەندێك لە ئامادەبووانی كۆبونەوەكە هاوتا نییە لەگەڵ كاتی پەخشەكەدا. 

ئەنجومەنێكی تر
باوەڕوایە دوور لە بەرپرسانی ئەمنی‌و وەزیری دەرەوە، پوتین كۆبونەوەی تاكەكەسیی لەگەڵ بەرپرسانی تر لە دامەزراوەی دەسەڵات‌و تەنانەت دەرەوەش دەكات. 
یفگینی مینشینكۆ شیكەرەوەی سیاسی كە میدیاكانی روسیا بەشێوەیەكی بەفراوان قسەكانی بڵاودەكەنەوە، بۆ ماوەی چەندین ساڵ چاودێری دەستەبژێری روسیای كردووە، بەشێوەیەكی سیستماتیك راپۆرت لەسەر بازنەی نزیك لە ڤیلادیمیر پۆتین كۆدەكاتەوە كە بە "مەكتەبی سیاسی 2.0" ناویان دەبات، ئەمەش وەكو بەراوردكرنێك بە سەركردایەتی شیوعی سۆڤیەت. 
لە دواین راپۆرتیدا بۆ ساڵی 2021، مینشینكۆ دەڵێ، سێرگی سوبیانین سەرۆكی شارەوانی مۆسكۆ‌و ئیگۆر سیچین سەرۆكی كۆمپانیای زەەبەلاحی نەوتی حكومەت (روسنەفت) لەناو ئەو كەسانەدان كە نزیكن لە سەرۆكەوە. 
ئەوەش زانراوە كە هەردوو برای ملیاردێر (بۆریس، ئەركادی رۆتەنبێرگ) نزیكەن لە ڤلادیمیر پوتنەوە، ئەمەش بەوپێیەی كە دوو كەسی نزیكن‌و متمانەی پێیان هەیە، هەروەها هاوڕێی سەردەمی منداڵی ڤلادیمیر پوتینن، ئەم هەفتەیە ناوی ئەم دوو برایە هات لە سزاكانی بەریتانیا دژ بە روسیا. لە ساڵی 2020دا گۆڤاری فۆربس ناوی ئەم دوو برایەی وەكو دەوڵەمەندترین خێزان لە روسیادا هێنا. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand