پۆتن داوای چی لە ئۆكرانیا دەكات ؟

Draw Media

2022-02-13 08:31:29



 
(درەو): 
"ڤلادیمیر پۆتن سەرۆكی روسیا چی لە ئۆكرانیا دەوێت ؟" ئەمە پرسیاری رۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانیایە. 
رۆژنامەكە باسلەوە دەكات، سەرباری ئەوەی وتەبێژە فەرمییەكانی روسیا رۆژانە رەتیدەكەنەوە مۆسكۆ هیچ نیازێكی هەبێت بۆ هێرشكردن بۆسەر ئۆكرانیا‌و پۆتن-یش هەمان قسەی لای ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا‌و بە تەلەفۆنیش لەگەڵ بایدن كردووە، بەڵام ئەم رەتكردنەوەیە دوو كێشەی تێدایە:
یەكەم: كەمینەیەك لە حكومەتەكانی خۆرئاوا باوەڕ بەم قسەیەی روسیا دەكەن.
دووەم: پۆتن روونی نەكردووەتەوە ئەگەر بەنیازی شەڕ نییە، بۆچی زیاتر لەنیوەی هێزە چەكدارەكانی روسیا (زیاتر لە 130 هەزار) سەربازی لەسەر سنوری ئۆكرانیا كۆكردوەتەوە ؟.
بۆ زانینی وەڵامی ئەم پرسیارانە، دەبێت سەرەتا وەڵامی ئەم پرسیارانەی تر بدرێتەوە. 

چی شتێك بۆتن دەجوڵێنێت ؟
چەندین تێگەیشتن هەیە، هەندێكیان دەڵێن پۆتن دەیەوێت سەرلەنوێ بازنەی هەژمونی روسیا لە خۆرهەڵاتی ئەوروپا دابڕێژێتەوە، بەتایبەتیش لە كۆمارەكانی پێشووی یەكێتی سۆڤیەت لەوانە (ئستوانیا، لاتیڤیا، بیلاروسیا، جۆرجیا، لیتوانیا، ئۆكرانیا). 
وەكو رۆژنامە بەریتانییەكە دەڵێ" لەدوای كەوتنی یەكێتی سۆڤیەتەوە، پۆتین داخی زۆری بۆ لەدەستدانی ئەم وڵاتانە هەڵڕشتووە".
سەرباری ئەوەی بەگوێرەی هەموو پێوەرەكان (ئەمباری چەكە ئەتۆمییەكان‌و لایەنی جوگرافی)، روسیا لەڕووی هێزەوە توانایەكی مامناوەند‌و تاڕادەیەكیش شكستیخواردووە، بەڵام پۆتن دەیەوێت بە وڵاتانی خۆرئاواو روسەكانیشی نیشان بدات كە هێشتا روسیا زلهێزە.

بۆچی ئۆكرانیا ؟ 
پۆتن دەترسێت، ئۆكرانیا كە لەڕووی ستراتیژییەوە گرنگە‌و زاڵە بەسەر كەناری باشوری خۆرئاوای روسیادا، زیاتر لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا تێكەڵ ببێت، بۆیە دژی نزیكبونەوەی ئۆكرانیایە لە (ناتۆ)، هەروەك دژی بەهێزبوونی پەیوەندییەكانی (كییڤ)ە لەگەڵ وڵاتانی یەكێتی ئەوروپادا. 
لەڕوانگەی پۆتن-ەوە، خراپتر لەمەش ئەوەیە، ئۆكرانیایەكی دیموكرات دروست ببێت كە رێز لە ئازادی رادەربڕین‌و رۆژنامەگەریی بگرێت‌و لەبەرامبەردا روسەكان ئەم ئازادییەیان نەبێت، ئەمەش لە كۆتایدا وا دەكات پۆتن تاوەكو سەر لە دەسەڵاتەكەیدا نەمێنێتەوە. 
ئاخهەڵكێشان بۆ رابردوو بەشێكی ترە لە بیروبۆچوونی پۆتن، كە پێیوایە ئۆكرانیا بەشێكی جیانەكراوەی مێژوویی روسیایە‌و لەدەستدانی لە جەنگی سارددا، شكست بوو بۆ روسیا.

بۆچی لەم كاتەدا ؟
پۆتن هەست دەكات وڵاتانی خۆرئاوا لاوازتر بوون، بەتایبەتیش دوای بێدەسەڵاتبوونی پەیمانی (ناتۆ) لە ساڵی رابردوودا لە ئەفغانستان، پێیوایە جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا هەڵمەتی كۆتایهێنانی جەنگەكانی راگەیاندووە‌و هیچ ئاماژەیەك بۆ تێوەگلانی ئەمریكا لە جەنگێكی نوێدا بوونی نییە. 
پۆتن تێبینی ئەوەی كردووە، سەرەنجی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا‌و توانا سەربازییەكانی تەرخانكراوە بۆ چین، نەك ئەوروپا. 
لەسەر ئاستی ناوخۆییش، پۆتن دەیەوێت سەركەوتنێكی گەورە تۆمار بكات بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆی‌و چاوپۆشیكردن لە بڵاوبونەوەی گەندەڵی‌و بەهانە هێنانەوە بۆ ئەو بارە نالەبارەی كە روسەكان بەهۆی سزاكانی خۆرئاواوە دووچاری بوون (ئەو سزایانەی كە لە دوای هێرشی یەكەمی روسیا بۆسەر ئۆكرانیا لە 2014وە بەسەر روسیادا سەپێندراون). 

پۆتین چی دەوێت ؟
بۆ ئەوەی كۆتایی بەم قەیرانە بهێنێت، پۆتن دەیەوێت خۆرئاوا بەڵێنی پێبدەن ئۆكرانیا یاخود (جۆرجیاو مۆڵدۆڤا) بۆ هەتا هەتایە وەكو ئەندام لە پەیمانی (ناتۆ) وەرناگرن. 
هەروەها دەیەوێت پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) لەو وڵاتانە بكشێنەوە كە ئەو ناوی لێناون هێڵی (روبەڕووبونەوە) كە بریتین لە (پۆڵەندا، رۆمانیا، بولگاریا)، ئەم وڵاتانە پێشتر لەناو پەیمانی لەناوچووی (وارسۆ)دا بوون. 
هەروەك دەیەوێت، ئۆكرانیا قایل ببێت بە سەپاندنی ئۆتۆنۆمی لە ناوچەی (دونباس)‌و دەستهەڵگرتن لە داواكارییەكانی بۆ گەڕاندنەوەی دورگەی (كریمیا) ئەمەش وەكو بەشێك لەوەی كە ناوی لێناوە "رێككەوتنەكانی مینسك"، پۆتن دەیەوێت پرۆسەی بڵاوبونەوەی موشەكە مامناوەندەكانی ئەمریكا لە ناوچەی خۆرهەڵات‌و باشوری ئەوروپا رابگرێت یاخود سنوردار بكات. 
بەڵام دیارترین خواستنی پۆتن لە قەیرانی ئۆكرانیادا بریتییە لە دووبارە دیزاینكردنەوەی "ژێرخانی ئەمنی" ئەوروپا، بۆ جۆرێك هەژموونی روسیای تێدا فەراهەم كرابێت‌و بازنەی جیۆسیاسی خۆی بەرفراوان بكات.
وەڵامی ئەمریكا بۆ زۆرینەی ئەم پرسیارانە (نەخێر) بووە، بۆیە قەیرانەكە تەقیوەتەوە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand