دانەغاز: داهاتمان لە (30%) زیادیكردووە

Draw Media

2022-02-12 15:03:09



 درەو:
کۆمپانیای دانەغازی ئـیماراتی لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ئاشکرای کردووە کە کۆمپانیاکە لە ساڵی 2021دا (184) ملیۆن دۆلاری لە غازی هەرێمی کوردستاندا دەستکەوتووە و بەمەش سەرمایەی کۆمپانیاکە (30٪) زیادی کردووە و گەیشتوەتە (452 ملیۆن دۆلار).
لەوبارەیەوە پاتریک ئەلمان وارد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دانەغاز وتی: لە مانگی کانوونی یەکەمدا ژمارەیەکی پێوانەییمان تۆمار کرد لە بەرهەمهێنانی غاز و ئێل پی جی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا. بەجۆرێک لە ماوەی 3 ساڵی رابردوودا بەهەمهێنانی غاز(50٪) زیادی کردووە. ئەمە جگە لە تۆمارکردنی بەدەستهێنانی (377) ملیۆن دۆلار کە هەموو ئەم دەستکەوتانە بەشداربوون لەوەی ژمارەیەکی پێوانەیی لە قازانج تۆمار بکەین.
کۆمپانیاکە ئاشکرای کردووە، کۆی قازانجی ساڵی ڕابردوو، 128 ملیۆن دۆلار بووە، بەجۆرێک (250٪) زیادی کردووە بەراورد بە ساڵی 2020 کە تەنها (36 ملیۆن دۆلار) بووە. بەمەش داهاتی گشتی کۆمپانیاکە (30٪) زیادی کردووەو گەیشتوەتە (452 ملیۆن دۆلار)، کە هۆکاری سەرەکی ئەوەش بە پێی راپۆرتی کۆمپانیاکە بەرزبونەوەی نرخی نەوت و بەرزبونەوەی ئاستی وەبەرهێنانی کۆمپانیاکەیە لە هەرێمی کوردستاندا.
کۆمپانیای دانەغازی ئـیماراتی کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیا تایبەتەکانی غازی سروشتی لە ناوچەکەدا، لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە ئێستادا بەهۆی بەرزبونەوەی داهاتی کۆمپانیاکە بەشێوەیەکی سەرنج راکێش پشکەکانی بازرگانی پێوە دەکرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand