روسیا سیناریۆی سوریا دووبارە دەكاتەوە ؟

Draw Media

2022-02-12 13:55:32



(درەو):
روسیا سیناریۆی سوریا دووبارە دەكاتەوە، خاكی ئۆكرانیا داگیر ناكات، لەسەر سنورەوە ئاگرباران دەكات‌و ئەمباری چەكی ئۆكرانیا لەناو دەبات، ئاژاوەی سیاسی لە ئۆكرانیا دروست دەكات، پێشبینییەكان بەمشێوەیەن. 
قسەكانی پێشووی ئیدارەی ئەمریكا لەبارەی ئەوەی ئەگەری چونەناوەوەی روسیا بۆ ناو خاكی سوریا ئەگەرێكی دوورە، دەریدەخات رەنگە ئەمریكا لە بەكەمگرتنی مۆسكۆدا لە قەیرانی ئۆكرانیا، سەرلەنوێ بكەوێتە هەڵەوە. 
سایتی (ناشۆناڵ ئنترێس) دەڵێ" ئەمریكا بەر لە چەند ساڵێك بەدووری دەزانی روسیا بچێتە ناو خاكی سوریاوە، ئەمە هەڵە دەرچوو، هێزەكانی روسیا‌و فڕۆكە جەنگییەكانی چونە ناو دڵی قەیرانی سوریاوە". 
سایتەكە باسلەوە دەكات، هەندێك وانە هەن كە دەبێت ئەمریكا سودیان لێ ببینێت، ئەمەش لەڕێگەی چاوحشاندنەوە بە دەستوەردانی سەربازی روسیا لە سوریا، ئەمە هەندێك ئاماژە لەبارەی قەیرانی ئێستای روسیاو ئۆكرانیا بەدەستەوە دەدات".

چوار وانە لە سوریاوە
یەكەم: دەستوەردانی سەربازی روسیا لە سوریا، لەبری جەخت خستنەسەر گەڕاندنەوەی خاك بۆ ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی بەشار ئەسەد، بەشێوەیەكی سەرەكی چڕبووەوە لە وێرانكردنی توانای هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی حكومەتی سوریا.
ساڵی 2015 كاتێك هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن توانایان بۆ دروستكردنی فشار لەسەر دیمەشق زیاتر بوو بۆ لادانی ئەسەد لە دەسەڵات، كرملین بڕیاریدا بەشێوەیەكی راستەوخۆ بچێتە ناو ململانێكانی سوریا، ئەمەش لەرێگەی بەكارهێنانی هێزی ئاسمانی‌و گورزی موشەكیی، لەمەشدا تیمی سەربازی روسیا كاری لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هێزە سەربازییەكانی ئۆپۆزسیۆن دەكرد. 
دووەم: سوربوونی روسەكان لەسەر بەجهێشتنی " كەمترین شوێن پێ" لەسەر خاكی سوریا، ئەمەش لەو رێگەی سەرەنج ناخەنە سەر داگیركردنی خاك‌و بەرپرسیارێتی حوكمڕانی لە سوریا ناگرنە ئەستۆ. 
تەنانەت روسەكان لە چەندین حاڵەتدا نێوەندگیرییان كرد بۆ راگرتنی شەڕ‌و هێشتنەوەی ناوچە گرنگەكان لە دەستی خاوەنەكانیاندا، ئەمە لەبەرامبەر ئەوەدا حكومەت كۆنترۆڵی بەشێكی زۆری خاكی سوریا بكات‌و پاشان سەرلەنوێ هەژموون بۆ حكومەتی دیمەشق بگەڕێندرێتەوە. 
سێیەم: هەر كاتێك پێویست بە هێزی زەمینی بوبێت، روسەكان پەنایان بۆ كۆمپانیای سەربازی تایبەت یاخود هێزی سەربازی نارێكخراو بردووە، ئەمە وایكرد سەربازانی روسیا لە سوریا كەمتر بە جلوبەرگی فەرمییەوە دەربكەون‌و زیانی گیانیشیان كەم بێت. 
دواجار لەرێگەی وەشاندنی موشەكی (كالیبر كروز) لە گەشتیگەلی دەریای قەزوینەوە، روسەكان توانای خۆیان لە وەشاندنی گورزی كوشندە نیشاندا لەو بنكانەوە كە لە ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی خۆیاندایە. بەكارهێنانی ئەو كەشتیانەی كە لە دەریای قەزویندان، ئەو پەیامەی گەیاند كە توانا سەرەكییەكانی روسیا پێویستیان بەوە نییە ببرێنە ناوچەكانی ململانێوە‌و روبەڕووی مەترسی بكرێنەوە. 

ستراتیژیەتێكی پتەو لە ئۆكرانیا
هەڵمەتی سەربازی روسیا لە سوریا ئاماژەی ئەوەمان پێدەدات ئەگەر روسیا بڕیار بدات هێزی سەربازی دژی ئۆكرانیا بەكاربهێنێت، ئەوان پەنا بۆ وەشاندنی گورزی دوور مەودا دەبات بۆ وێرانكردنی جبەخانەی ئۆكرانیا، بەتایبەتیش ئەمباری فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی‌و هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزە سەربازییە رێكخراوەكانی. 
حاڵەتی سوریا ئەوەش ئاشكرا دەكات، كە روسەكان تا بۆیان بكرێت خۆیان بەدوور دەگرن لە پەڕینەوە لە سنور‌و لەسەر هێڵی سنورەوە ئاگری خۆیان دەوەشێنن. 
ژماری هێزی تایبەتی ئۆكرانیا بۆ جەنگ‌و بەكارهێنانی چەكی ئەمریكی دژی تانك‌و زرێپۆشەكانی روسیا، كاراییان نابێت ئەگەر روسیا هاوشێوەی هێرشەكەی بۆسەر سوریا، هێرش بكاتە سەر ئۆكرانیاش. 
لەكاتێكدا هەندێك پێشبینی دەكەن، روسیا هەڵمەتی زەمینی ئەنجام بدات بۆ داگیركردنی خاكی ئۆكرانیا، دەستەی گشتی ئەركانی سوپای روسیا پلان دادەنێت بۆ وێرانكردنی توانا‌و لاوازكردنی رۆحی مەعنەوی سوپای ئۆكرانیا‌و دروستكردنی دۆخی ئاژاوەی سیاسی لەو وڵاتە. 
ئەمریكا گریمانەی كردبوو روسیا "ترس"ی هەیە لە سەرچڵیكردن‌و رۆیشتن بۆ سوریا، ئەم هەڵەیەی ئەمریكا دەكرێت لە ئێستا لە ئۆكرانیاش دووبارە ببێتەوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand