"ئەمریكا نێچیرێكی گەورەی راوكردووە"

Draw Media

2022-02-03 08:36:22



 (درەو): 
هێزێكی تایبەت بە هێلیكۆپتەر گواستراونەتەوە بۆ پارێزگا ئیدلب، لەوێ نزیكەی سێ كاتژمێر شەڕ بووە، هێلیكۆپتەرێكی ئەمریكا كێشەی تێكەوتووە‌و سەربازانی ئەمریكی خۆیان تەقاندویانەتەوە، بەرپرسانی ئەمریكا دەڵێن نێچیرێكی گەورە راوكراوە، بەڵام هێشتا ناوی نێچیرەكە ئاشكرا نەكراوە‌و بایدن ئەمڕۆ رایدەگەیەنێت. 

"سەركەوتوو بوو"
جۆن كێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا "پەنتاگۆن" رایگەیاند، ئەركەكە تایبەت بوو لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆرو سەركەوتوو بوو. 
"هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت كە لەژێر فەرمانی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكادان تایبەت بە روبەڕووبونەوەی تیرۆر، ئەركەكەیان ئەنجامدا.. ئەركێكی سەركەوتوو بوو، هیچ زیانێك لە ریزی هێزەكانی ئەمریكا نەبوو.. هەركاتێك زانیاریمان بەردەست كەوت، قسەی زیاتر دەكەین" وتەبێژەكەی پەنتاگۆن وای وت. 
سەرچاوەكان لە سوریاوە باسلەوە دەكەن، هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هێزێكیان لەرێگەی هێلیكۆیتەرەوە دابەزاندووە، ئەم هێزە ماڵێكیان لەنێوان هەردوو شارۆچكەی (ئەتمە)‌و (دێر بلوت) لە پارێزگای ئیدلبی سوریا كردوەتە ئامانج.
ئەو ناوچەیەی كە شەڕەكە تێیدا رویداوە، كەمپی پەنابەرانی تێدایە‌و هەندێك لە راپۆرتەكان باسلەوە دەكەن، سەركردەی گروپە توندڕەكان ئەم كەمپانەیان كردوەتە پەناگە.

سەركردەیەكی قاعیدە !
دوای دابەزینیان، هێزەكە لەرێگەی بڵندگۆوە قسەیان كردووە‌و داوایان لە داواكراوەكان كردووە خۆیان رادەست بكەن، شایەتحاڵەكان دەڵێن ئەم ئۆپراسیۆنە هاوشێوەی ئۆپراسیۆنی كوشتنی ئەبو بەكر بەغدادی بووە.
هەندێك لە سەرچاوەكان دەڵێن لەم ئۆپراسیۆنەدا (9) كەس كوژراون، هەندێك تر دەڵێن (12) كەس كوژراون. 
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت ژۆرناڵ" لەزاری چەند بەرپرسێكی ئەمریكییەوە دەڵێ" ئەم ئۆپراسیۆنەكە لە چەند رۆژی رابردوودا پلانی بۆ دانراوە‌و تیرۆرستێكی گەورەی كردوەتە ئامانج". 
بەپێی قسەی رۆژنامەكە، لەم ئۆپراسیۆنەدا فڕۆكەی جەنگی لە جۆری (ئاباچی) بەكارهاتووە‌و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانیش گورزی ئاسمانییان وەشاندووە.. هێزە تایبەتەكەی ئەمریكا  لەگەڵ هەندێك هێزی تردا، هەڵیانكوتاوەتەسەر شوێنێك لە ناوچەی (ئەتمە) لە پارێزگای ئیدلب‌و ئۆپراسیۆنەكە زیاتر لە دوو كاتژمێری خایاندووە، ژمارەیەك كەس كوژراون‌و هەندێك لە خانوەكانی ناوچەكە وێران بوون.
ئەو شایەتحاڵانەی نزیك بوون لە شوێنی رووداوەكەوە باسلەوە دەكەن، هێزەكانی ئەمریكا توشی روبەڕووبونەوە بوون لەگەڵ ئەو كەسانەی كە هەوڵی دەستگیركردنیان داون، ئەو شوێنەی كە ئەم رووداوە تێیدا رویداوە دەكەوێتە دووری نزیكەی 15 كیلۆمەتر لە گوندی (باریشا)، ئەو گوندەی كە ئۆكتۆبەری 2019 هێزەكانی ئەمریكا ئەبوبەكر بەغدادی رێبەری رێكخراوی "داعش"یان تێدا كوشت. 
ئۆپراسیۆنەكە بەلای ئەمریكییەكانەوە زۆر گەورەیە، وا بڕیارە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ژەنەراڵ فرانك ماكنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا كە بەرپرسە لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لەبارەی ئەم ئۆپراسیۆنەوە وتارێك بخوێنێتەوە.
رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز) دەڵێ" ئەو ئۆپراسیۆنەی كە هێزە تایبەتەكانی ئەمریكا لە باكوری خۆرئاوای سوریا ئەنجامیانداوە، سەركردەیەكی رێكخراوی قاعیدە كردوەتە ئامانج. 

تەقاندنەوەی هێلیكۆپتەرێك
رۆژنامەكە لەزاری چەند چاودێرێكی ئەمریكییەوە نوسیویەتی" كەمێك پاش ناوەڕاستی دوێنێ شەو، هێلیكۆپتەرە ئەمریكییەكان هێزەكانی كۆماندۆیان گواستوەتەوە، گەمارۆی ماڵێكیان داوە لە ناوچەی (ئەتمە) كە دەمەوێتە سنوری نێوان سوریا‌و توركیا‌و ئەم ناوچەیە لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریادایە. 
شایەتحاڵەكان دەڵێن، هێزە ئەمریكییەكە لەكاتی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەكەدا، بە بڵندگۆو بە زمانی عەرەبی هاواریان كردووە‌و داوایان لە ژن‌و منداڵ كردوو لەناو ماڵەكانیان بێنە دەرەوە، پاش نزیكەی دوو كاتژمێر لەم بانگەوازە، شەڕێكی گەورە دەستی پێكردووە، موشەكی تێدا بەكارهێنراوە.
بەگوێرەی راپۆرتی (نیویۆرك تایمز)، لەم ئۆپراسیۆنەدا هێلیكۆپتەرێكی ئەمریكا توشی كێشەی میكانیكی بووە، بەناچاری نیشتوەتەوە، هێزەكانی ئەمریكا خۆیان فڕۆكەكەیان تەقاندوەتەوە".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand