کۆمەڵگەی زەوی: لەناوچوونی جۆرەکان ڕاستییە یان خەیاڵ؟ 

Draw Media

2022-02-02 18:57:10



درەو:
نوسینی: خالد سلێمان
لە مێژووی زەویدا پێنج لەناوچوونی گشتی گەورە ڕوویداوەو جۆرەکان (ڕووەک و ئاژەڵ) لەناوچوون، هەمووشیان دەرەنجامی دیاردەی سروشتیی بوون، لە کاتێکدا هۆکارەکانی ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات و زۆربەی زاناکان ناوی لێدەنێن لەناوچوونی گشتی شەشەم، بەتەواوەتی دەگەڕێنەوە بۆ مرۆڤ. ژمارەیەک زانای سروشتی و زیندەوەرزانی، پێیان وایە ئێمە نەک تەنها لەسەر ڕێگەی لەناوچوونی گشتی شەشەمین، بەڵکو کاتی ئەوەش بەسەرچووە لەو زیانە گەورانە پاشگەزبینەوە کە لە ماوەی 500 ساڵی ڕابوردوودا بەزەویمان گەیاندووە. بەپێچەوانەی پێنج لەناوچوونەکانی ترەوە، کە مەزەندە دەکرێت بەرواری ئەوەی پێنجەم بگەرێتەوە بۆ 66 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا، کە دەرەنجامی دیاردەی سروشتین بوون، هۆکارەکانی لەناوچوونی ئەمڕۆ  دەگەڕێنەوە بۆ چالاکیی مرۆیی و زیادەڕۆیی لەبەکارهێنانی سروشتدا. ئەمە ناوەڕۆکی لێکۆڵینەوەیەکی نوێیە کە زانکۆی هاوای (ئەمریکا) و مۆزەخانەی نیشتمانیی بۆ مێژووی سروشتی لەپاریس (فەرەنسا) پێی گەیشتوون. 
توێژەرانی بەشدار لەم توێژینەوە نوێیەدا بەناونیشانی : لەناوچوونی گشتی شەشەم: ڕاستی، خەیاڵ یان خەمڵاندن؟ پێیان وایە ڕێژەی (7.5٪ تا 13٪)ی دوو ملیۆن جۆری ناسراو لەسەر زەوی، لە ساڵی (1500 ز)ەوە تا ئەمڕۆ لەناوچووە. ئەمەش وا دەگەیەنێت کە ڕیتمی لەناوچوونی جۆرەکان لەماوەی 500 ساڵدا لەو ڕێژەیە زۆر زیاترە کە لە سەر لیستی یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت (IUCN) بۆ جۆرە لەناوچووەکان دانراوە. ئەم رێژەیەش بەگوێرەی لیستی ڕێکخراوەکە خۆی لە 869 جۆردا دەبینێتەوە، واتە 0.04%ی جۆرەکان. 
بەگوێرەی توێژینەوە نوێکەی زانکۆی هاوای و مۆزەخانەی نیشتمانیی بۆ مێژووی سروشتی لەپاریس کە گۆڤاری زانستییBiological Reviews  لەسەرەتای مانگی یەک (جەنیوەری) 2022دا بڵاویکردووەتەوە، ژمارەی ئەو جۆرانەی کە لەماوەی دیاریکراودا بەهۆی مرۆڤەوە لەناوچوون خۆی لە نێوان 150000 تا 260000دا جۆردا دەبینێتەوە، لەناویاندا ڕووەک. ڕۆبێرت کوای، سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بەئێمێل بۆم ناردبوو دەڵێت: هەڵبەتە جۆری زیاتر هەن کە نەماندۆزینەتەوەو کەس هیچیان لەبارەوە نازانێت.
 نووسەرانی توێژینەوەکە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن کە هەندێ ناوەند نایانەوێت باوەڕ بەو ئارگۆمێنتە بەرچاوانە بکەن کە خەسڵەتەکانی قەیرانی گەورەی هەمە-چەشنی لەگەڵ ڕوودانی لەناوچوون و کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتوانی جۆرەکان، دیاری دەکەن. باوەڕیشیان بەوە نیە کە لەناوچوونێکی شەشەمی جۆرەکان لە ئارادا بێت.
بۆ بەهێزکردنی هەڵوێستەکانیان، ئەو کەسانەی کە شکیان لە حاڵەتی لەناوچوونی شەشەم جۆرەکان هەیە، بەزۆریی دەگەرێنەوە بۆ سەر ئەو لیستە سورەی کە (IUCN) بۆ جۆرەکان دایناوە. بە پشت بەستنیش بەو رێژە کەمەی لیستەکە دایناوە، پێیان وایە کە ڕێژەی گشتی لەناوچوون جیاواز نیە لە ڕێژەی سروشتیی لەناوچوون. 
لیستە سورەکەی (IUCN) بۆ جۆرە لەناوچووەکان، لەڕوانگەی نووسەرانی توێژینەوە نوێکەدا، زۆر لایەنگرانەیەو ئاسان نیە پشتی پێ ببەستین، چونکە بەشێوەیەکی بنەڕەتی حاڵەتی لەناوچوونی گروپەکانی باڵندەو شیردەرەکان، وشکاوی و خشۆکەکان و هەروەها ماسیش وەردەگرێت. بەم شێوەیەش لیستەکە ڕێژەیەکی زۆر کەم لە لەناوچوونی مێرووەکان وەردەگرێت، لەکاتێکدا مێرووەکان زۆرینەی زۆری جۆرەکانی ئاژەڵان لەسەر زەوی پێکدەهێنن؛ واتە 95٪ تا 97٪ جۆرەکانی کۆمەڵگەی زەوی مێروون. پشتگوێ خستنی ئەم لایەنەش، بە دڵنیاییەوە دەبێتە هۆی پیشان نەدانی رێژەی تەواوی حاڵەتی لەناوچوون. لەهەمان کاتدا، ژمارەیەک لە زاناکان قەیرانی لەناوچوون ڕەتناکەنەوە، بەڵام وەک ڕەوتێکی نوێی سروشتی لێی دەڕوانن، چونکە مرۆڤیش بەلای ئەوانەوە بەشێکە لە جیهانی سروشتی، بگرە هەندێک بە ئارەزووی یاریکردن بەم تیۆرە لە بەرژەوەندی مرۆڤدا شتەکان ساغ دەکەنەوە. نووسەرانی توێژینەوە زانستییە نوێکە دەڵێن: ئێمە لەگەڵ ئەم هەڵوێستانەدا هاوڕا نین، چونکە مرۆڤ تاکە جۆرە کە لە ئاستێکی فراواندا توانای یاریکردنی بەزەوی هەیە، ئەوە مرۆڤە مۆڵەتیداوە بەڕوودانی ئەم قەیرانەی ئێستای هەمە-چەشنی. 
چارڵز داروین لەکوێی ئەم قەیرانەدایە؟
ئەوانەی بڕوایان بەو تیۆرە هەیە کە دەڵێت لەناوچوونی جۆرەکان، ڕەوتێکی نوێی گەشەسەندنە، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆش بێت، پشت بەتیۆری نشونماو گەشەسەندن دەبەستن، کە زانای زیندەوەرزانی بەریتانی چارڵز داروین (1809-1882)، تیایدا جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە: پێکهاتنی جۆرەکان، وەک پێکهاتنی جیۆلۆجی چیاو و دۆڵ و دەریاکان، کارێکی سروشتییە، مانەوە و لەناوچوونیان پەیوەستە بەوەی کە سروشت چی بژاردە دەکات. ئەمە بەو مانایە دێت کە جۆرە نوێکان، ئەگەر لەسەر وشکانی بن یان لەناو ئاودا، بەشێوەیەکی زۆر هێواش و لەسەرخۆ دەردەکەوتن، لەسایەی ئەو خەسڵەتانەی هەیانەو باشتر بوونیان لە جۆری ترو چوونە ململانێوە لەگەڵیاندا، دەمێننەوە. بەگوێرەی ئەم تیۆرەش کە داروین لەژێر ناونیشانی بژاردەی سروشتیدا کاتیگۆری دەکات، لەناوچوونی ئەو جۆرانەی پێگەو گرنگییان کەمترە لە جۆری تر، تا ڕادەیەک گومانی لەسەر نیە. تیۆری نشونماو گەشەسەندنیش کە لە کتێبی (بنەڕەتی جۆرەکان)دا بەدوور و درێژی خراوەتەڕوو لەسەر سێ کۆڵەکە ڕادەوەستێت: بژاردەی سروشتیی، توخم لەگەڵ گۆڕانی بۆماوەیی و ململانێ لەپێناو مانەوەدا. 
بژاردەی سروشتیش وەک داروین باسی دەکات بریتییە لە وردبوونەوە لە بچووکترین جیاوازی لە کە هەموو ڕۆژێکدا، لە هەموو کاتژمێرێکدا و لەهەموو جیهاندا. بنەمای ئەم پرۆسەیەش ڕەتکردنەوەی هەموو شتێکی خراپە لە جۆرێکدا، هەروەها پاراستن و زیادکردنی هەموو شتێک باش و بەسوود لە جۆرێکەی تردا؛ ئەوەی یەکەم لەناودەچێت و ئەوەی دووەم دەمێنتەوە. پرۆسەکەش لە بێدەنگی و بەبێ هۆشیاری کاردەکات، یانی لەهەر کات و دەرفەتێکدا کە بوونەوەرێکی زیندوو دەتوانێت دۆخی ئۆرگانی و نائۆرگانی خۆی چاک بکات. 
بەکورتییەکەی و پشت بەستن بەو بۆچوونەی کە پێی وایە دروستبوونی هەر توخمێک و هەر جۆرێک، لە کۆتاییدا بەیارمەتی خەسڵەتە وەرگیراوەکان دەبێت، لەناوچوون دەرەنجامێکی بێگومانە. یانی جۆر هەیە لەرێگەی ململانێوە لەپێناو مانەوەدا، لەسەر لاشەی جۆری تر دروست دەبێت. ئەوەی لەناودەچێت  سوودو گرنگیی کەمترە لەوانی تر. بەگوێرەی تیۆرەکەی داروین، لەگەڵ ئەوەی گۆڕانی هەر جۆرێکیش سەربەخۆیە لەوەی لە جۆرێکی تردا هەیە، هێزی بژاردەی سروشتیی کارایەو دەسەڵاتی باڵای هەیە کە کۆکردنەوەی سەرجەم گۆڕانەکاندا، ئیتر ئەگەر کاریگەرییەکان ڕێکخراوو خێرا بن یان هێواش و بێ مەبەست. داروین لەهەموو ئەمانەدا پشتی بەستبوو بە توێژینەوەی زاناکانی پێش و سەردەمی خۆی لە زانستەکانی زیندەوەرزانی و زەویدا، وەک زانای جیۆلۆجی بەریتانی چارڵز لایێل، زانای زیندەوەرزانی بەریتانی هێبرت سبنسەر و زانای زیندەوەرزانی فەرەنسی ژان باتیست لامارک. 
لەو ساڵانەی کە چارڵز داروین خەریکی گەشەپێدانی تیۆری بزاوتی لەناوچوون و بژاردەی سروشتیی بوو، کۆتایی دوو باڵندەی پەنگوینی گەورە بوو، کە بەتەنها لەسەر گۆی زەوی مابوونەوە. ئەو دوو پەنگوینە (Great Auk بەئینگلیزی) ساڵی 1844 لەسەر دەستی ڕاوچییەکانی ئایسلەندا لە دوورگەیەکدا کوژران و بە یەکجاریی ناوی پەنگوینی گەورە لەمێژوودا سڕایەوە. لەگەڵ ئەوەی سڕینەوەی ئاسەواری باڵندەکە، هەر لەسەر دەستی زانایەکی بواری باڵندەناسیی بەریتانی بەشێوەیەکی ورد تۆمارکرا، سەرنجی داورینی ڕانەکێشاو لە ئۆفیسەکەی خۆیدا لە Dawn House خەریکی نووسین و گەشەپێدانی بیرۆکەکانی بوو لەسەر بژرادەی سروشتی و گەشەسەندن.
بەپێی نووسەری کتێبی (لەناوچوونی شەشەم)، ئێلیزابێت کۆلبێرت، ژمارەی باڵندەی پەنگوینی گەورە کە فڕین خیانەتی لێکرد، پێش ئەوەی بکەوێتە بەردەم کۆمەڵکوژیی ڕاوچییە ئەوروپییەکان، بەتایبەتی دووای دۆزینەوەی ئەمریکا (1495)، لەسەر هەردوو ڕۆخی باکووری زەریای ئەتڵەسی بە ملیۆنان دەژمێردرا. پەنگوینی گەورە، لاشەیەکی پڕو قەڵەوی هەبوو، بەڵام باڵەکانی کورت بوون و نەیدەتوانی بفڕێت، لەناو دەریادا مەلەوانێکی خێراو لێهاتوو بوو، تەنانەت لە قوڵای 40 مەتریشدا. ساڵی یەک هێلکەی دادەناو بۆ ئەم مەبەستەش لەناو دڵی زەریاوە لە کۆتای بەهارو سەرەتای هاویندا خۆی دەگەیاند رۆخەکان یان دوورگەکان و بەدیار هێلەکەکەوە دەبوو تا لە دایکبوونی بێچووەکەی. مێینەو نێرەکە هەردووکیان ئەم بەرپرسیارێتییەیان دەگرتە ئەستۆ.
ئەگەر پشت بە تیۆری بژرادەی سروشتیی داروین ببەستین، ئەوا لەناوچوونی ئەم باڵندە وشکاوییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە توانای بەرگری و ململانێی لەگەڵ جۆرەکانی تر نەبوو، هەروەها بێفەڕیش بوو، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە ڕاوچی و گەریدەکانی ئەوروپا بوون لەناویان برد، چونکە گۆشتێکی زۆر خۆشی هەبوو. جگە لە گۆشتەکەیشی، پەڕە نەرم و دەگمەنەکەی پەنگوینی گەورە، سەرچاوەی دروستکردنی سەرینی نوێی ئەوروپیانە بوو، هەورەها لەشی بەچینێکی ئەستووری ڕۆن داپۆشرابوو کە بۆ هەموو جۆرە سوتەمەنییەک بەکاردەهێنرا. ئەوەش لە باکووری ئەتڵەنتی سارددا، وای لە ڕاوچی و کۆڵۆنیالیستەکان دەکرد هەندێجار بیسوتێن و خۆیانی پێ گەرم بکەنەوە. کۆڵۆنیالیست و دەریاوانی بەریتانی ڕیچارد وێتبۆرن (1561-1635) لە ڕۆژانەکانیدا دەنووسێت، <وەک ئەوەی خوا ئەم بوونەوەرە داماوەی کردبێتە کەرەستەیەکی نایاب بۆ ژیانی مرۆڤ>. گەریدەو دۆزەرەوەی فەرەنسی، ژاک کارتیێ (1491-1557) کە یەکەم ئەوروپی بوو نەخشەی ڕووباری سانت-لۆرانت لە کەنەدا بکێشێت، لەسەر چۆنێتی کوشتنی ئەو ئاژەڵە باسی ئەوە دەکات چۆن هەندێکیان دەخواردو خوێیان بەهەندێکی تریشیانەوە دەکردو دەیانخستنە ناو بەلەمەکانەوە، لە شوێنێکدا دەنووسێت: <لەماوەی نیو کاتژمێردا دوو بەلەممان پڕکرد>. 
لەناوبردنی پەنگوینی گەورە کە سەدان هەزار ساڵ بوو لە باکووری زەریای ئەتڵەسی دەژیا، هاوکات بوو لەگەڵ دەرکەوتنی نووسینەکانی چارڵز داروین لەسەر تیۆری نشونماو گەشەسەندن. داروین دووای ئەوەی لەگەڵ کەشتیەوانی بەریتانی ڕۆبێرت فیتزۆری، لە ساڵی 1831 تا 1836 بەکەشتی HMS Beagle کە سەر بە هێزی دەریاوانیی شاهانەی بەریتانی بوو، گەشتێکی ڕۆخەکانی ئەمریکای باشوور دەکات و ژیانی هەمە-چەشنی و جۆرەکانی ئاوی و وشکاویەکانی دوورگەکانی گالاپاگۆش دەبینێت، بیرۆکەی نووسینی لەسەر بژرادەی سروشتی لا دروست دەبێت. بەتایبەتی لەماوەی گەشتەکەدا کتێبی (پرانسیپەکانی جیۆلۆجیا) دەخوێنێتەوە لە نووسینی زەویناسیی ئەو کاتە، چارڵز لاێل، بیرۆکەی بەراوردکردن و لێکچوونی پێکهاتن لە نێوان و جیۆلۆجیا و بایۆلۆژیدا (واتە زەویناسی و هەمە-چەشنی) دەگەڕێتەوە بۆ چارڵز لاێل و داروین لەزۆر شوێندا باسی ئەوە دەکات. ساڵانێک پێش ئەو گەشتەو گەڕانەوەی داروین بۆ بەریتانیا کە ئیتر دەستی کرد بەنووسین، کەشتییەکی تری هاوشێوەی سەر بە هێزی دەریاوانی شاهانەی بەریتانی بەناوی HMS Boston و بەسەرکردایەتی کەشتییەوان ئارۆن تۆماس لە بەریتانیاوە بەرەو نیوفاوندلاند دەڕوات لە باکووری ڕۆژهەڵانی کەنەدا. 
بەشێک لەو شایەتحاڵی و نووسینانەی لەسەر تراژیدیای لەناوبردنی پەنگوینی گەورە لەبەردەستدان، لەو گەشتەی کەشتی HMS Boston دا نووسراون کە سەفەری بۆ نیوفاوندلاند کرد، بازرگان و دۆزەرەوەی بەریتانی George Cartwright لەو کەسانە بوو. لەگەڵ ئەوەی بەریتانیای ئەو کاتە هەندێ ڕێسای لەپێناو پاراستنی پەنگوینی گەورە دەکرد، بەڵام هیچ شتێک ڕێگەی لە کۆڵۆنیالیست و ڕاوچی و گەریدەکان نەدەگرت و بەردەوام بوون لە کۆمەڵکوژیی. ساڵی 1785، بازرگان و دۆزەرەوە بەریتانییەکە باسی ئەوە دەکات کە ئەگەر سنوورێک بۆ کوشتنی ئەو باڵندەیە دانەنرێت ئەوا ژمارەی زۆر کەمدەبێتەوەو دەچێتە ڕیزی نەبوونەوەو دەنووسێت: "ئەم وێرانکارییەی ئەو خەڵکە کردیان، لەدەرەوەی خەیاڵە". ئەم ڕستەیە قەبارەی کۆمەڵکوژییەکە دژی ئەو باڵندەیە دەردەخات.  
ئەم گێڕانەوە مێژووییانە پێمان دەڵێن کە چارڵز داروین بێئاگا نەبووە لەو کۆمەڵکوژییەی لەلایەن کۆڵۆنیالست و گەریدەو ڕاوچییە ئەوروپییەکانەوە دژی باڵندەکە ئەنجامدرا، بەتایبەتی مامۆستایەکی زانستی ئاژەڵان لە زانکۆی کامبریدج لەو کاتەدا کە ناوی (ئالفرێد نیوتن) بوو، زانیاری وردی لەسەر کوشتنی دواهەمین جووتە پەنگوین هەبوو. لەهەمان کاتدا کەسێکی نزیک بوو لەداروین-ەوەو هەر ئەم هۆکارەشە وا لەنووسەری کتێبی (لەناوچوونی شەشەم)، ئێلیزابێت کۆلبرێت، دەکات بنووسێت: "لەناوچوونی جۆرەکان کە هۆکارەکەی مرۆڤە لەبەر چەند هۆکارێک جێگەی دڵەڕاوکێیە، هەندێکیشیان پەیوەندییان بە خودی تیۆرەکەی داروین-ەوە هەیە، جێگەی سەرسوڕمانە کە زانایەکی لێهاتووی وەک داروین کە توانای ڕەخنە لەخۆگرتنی هەبوو، تێبینی ئەوەی نەکرد". ئێلیزابێت کۆلبرێت دەیەوێت ئەوە بەبیری خوێنەران بهێنێیەوە، کە داروین بەشێوەیەک لە شێوەکان دانی بە ڕۆڵی مرۆڤدا نابوو لە لەهەندێ حاڵەتی لەناوچوون، بەڵام ئەوە تەنها لە ڕستەیەکی کورتدا بوو لە کتێبی (بنەڕەتی جۆرەکان) کە دەڵێت، "هەندێ ئاژەڵ بەهۆی مرۆڤەوە پێش لەناوچوونیان دەگمەن دەبن". 
ڕووەکەکانیش لەناوبران
نووسەرانی ئەو توێژینەوە زانستییەی کە ئەم وتارەی لەسەر بنیادنراوە، مافی خۆیانە شکیان لەو لیستانە بێت کە بۆ لەناوچوونی جۆرەکان دانراون، هەروەها ئەو بۆچوونانەش ڕەتبکەنەوە کە لەناوچوونەکە وەک ڕەوتێکی سروشتی دەبینن و دەیکەنە بەهانەیەک بۆ بێدەنگی بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییەی دژی زۆرینەی کۆمەڵگەی زەوی دەکرێت. نووسەرانی توێژینەوەک بەبێ پەردەپۆشی باسی ئەوەیان کردووە کە مرۆڤ تاکە جۆرە توانای هەیە لە ئاستێکی فراواندا یاری بەزەوی بکات. 
دەتوانرێت لەوەش زیاتر بووترێت و کۆی بێدەنگی و هێنانەوەی بەهانە بۆ کۆمەڵکوژی دژی جۆرەکان و تەماشاکردنی وەک جوڵەیەکەی سروشتیی، گرێبدرێت بە بۆچوونێکەوە کە مێژوو لەت و پەت دەکات، بەتایبەتی مێژووی مرۆڤ و پەنجەمۆرەکانی لەسەر زەوی. لێرەدا دەمەوێ بگەڕێمەوە لای مەسەلەی دابڕان لەگەڵ ڕابووردودا و پەیوەندی بە کۆمەڵکوژی دژی جۆرەکانەوە، هەروەها فەرامۆشکردنی جۆرێک لەبەرژەوەندی جۆرێکی تردا. مەسەلەکە لێرەدا زیاتر ڕوون دەبێتەوە کاتێک کۆی قەیرانی لەناوچوون یان لەناوبردن، گرێ دەدەین بە مێژووی کۆڵۆنیالیزمەوە، کە کۆمەڵکوژییکە تیایدا بەشێکە لە ڕەوتە مێژووییەکە و تراژیدیای پەنگوینی گەورەش باشترین نموونە بوو. ئەوە کۆمەڵکوژییەی کۆڵۆنیالیزم پیادەی کرد، بەشێکی دانەبڕاوەیە لە کارەساتی لەناوچوونی ئێستا، لەم سۆنگەیەشەوە مێژووی کۆمەڵگەی زەوی لەت لەت ناکرێت؛ دەبێ هەمووی پێکەوە بخوێنینەوە. 
مێژووناس و بیریاری بەریتانی کریستۆفەر ئالن بێلی لە کتێبی (لەدایکبوونی جیهانی نوێ)دا دەنووسێت: ئەگەر پێش 50 ساڵ پرسیارمان لە مێژوونووسان و خوێندکارە لێهاتووەکان دەربارەی ئەو گۆڕانکارییە ئابوورییە گەورانە بکردایە کە لە بەشی دووەمی سەدەی هەژدە، لەسەر زەوی ڕوویاندا، لەوانەیە هەموویان ئاماژەیان بۆ شۆڕشی پیشەسازی و سەرەتای ماشێنسازی لە بەرهەمهێناندا بکردایە لە بەریتانیای گەورە. کەسیش شکی لە گرنگێتی و ڕۆڵی پرۆسەی پیشەسازی درێژخایەندا نیە لەو شێوازەی کە هەموو جیهان پێی دەژیت، بەڵام بەپێچەوانەی پرۆسەی پیشەسازاندن و بەڕوانگەیەکی گلۆباڵ، دوو گۆڕانی تری کۆمەڵایەتی و ئابووری هەبوون کە پێگەیەکی گرنگتریان لە هەموو ئەو گۆڕانکاریانە هەبوو کە لە مێژووی پەرەسەندی هەسارەی زەویدا ڕوویاندا، بەلایەنی کەمەوە هەتا ساڵی 1830.
گۆڕانی یەکەم، ماڵیکردنی سروشت بوو. مرۆڤ بە هەزاران ساڵی گەشەسەندندا تێپەڕبوو، لە گەریدەیی و گەڕان بەدووای خۆراک و جێگۆڕکێ بەبێ ئامانجی نیشتەجێبوون و داگیرکردنی زەوی، تا دەگاتە چالاکی جوتکاریی داریکراو، دووای ئەوەش شێوازی ڕێکخراوی زایتر لە بەکارهێنانی زەوی و کشتوکاڵی چڕوپڕ. ئەم وەرزەی مێژووی مرۆڤایەتی، واتە قۆناغی کشتوکاڵی چڕوپڕ، خێراییەکی فراوانی بەخۆوە بینی لە بەکارهێنانی زەوی و لەناوبردنی جۆرەکانی ڕووەک و ئاژەڵ لەپێناو بازرگانیکردن بە دارو پێست و گۆشت و قاوە...هتد. ئەمە فاکتەری سەرەکی لەنابردنی شێوازی کشتوکاڵی لۆکاڵی و کلاسیکی بوو کە کۆمەڵگە ڕەسەنەکان لە ئەمریکا، ئاسیا و ئەفریقیا لەسایەیدا دەژیان.
تا ئەمڕۆ، هەندێ وڵات لە دنیادا باجی ژینگەیی قۆناغی پێش پیشەسازی ئەدەن، کە دەکرێ وەک قۆناغی ملکەچکردنی سروشت یان ماڵیکردنی سروشت بناسرێنێت، چونکە گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەر کولتورو شێوازەکانی خواردندندا هێنایە کایەوە، لەزۆر شوێنی جیهاندا بووە هۆی ڕووتاندنەوەی خاک و کۆتایهێنانی جۆرەکان. لەم میانەدا دەتوانین ئەزموونی هاییتی لە دوورگەکانی دەریای کاریبی وەک نموونە بهێنینەوە. ساڵی 1804 دەرکەوتنی هاییتی وەک یەکەم کۆماری ڕەش پێستەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بوە هۆی ڕووتاندنەوەی وڵاتەکە کە دەوڵەمەند بوو دارستانی چڕوپڕ.
کاتێل کرێۆلیەکان، واتە خەڵکی هاییتی، سەربەخۆییان بەدەستهێنا و بوونە خاوەن وڵاتی خۆیان، کۆڵۆنیالیزمی فەرەنسی مەرجی ئەوەی بەسەردا سەپاندن، کە دەبێ 150 هەزار فرەنکی ئەو کاتە لەبەرامبەر سەربەخۆییدا بدەنە فەرەنسا (15 ملیار یۆرۆ بە حیسابی ئەمڕۆ). کۆمارە تازە لەدایکبووەکەش، هیچ پارەیەکی نەختییی نەبوو، بەڵام خاوەن خاکێکی دەوڵەمەند بوو، داری گوێزی هیندی، ماهۆنگۆ، مانگۆ و هەروەها خۆرمای هیندی لە 80% ڕووبەری وڵاتەکەیان داپۆشیبوو. کۆڵۆنیالیزمی فەرەنسی لەبەرامبەر ئەو پارەیەدا کە بەسەر کۆمارە نوێکەدا سەپاندی، بەڕێککەوتن لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتەکەدا، دەستی کرد بەبڕینەوەی دارەکانی هاییتی و دەیان ساڵ بەردەوام بوو هەتا قەرزی کۆڵۆنیاڵیی لە رێگەی دارەوە وەربگرێتەوە. هەڵبەتە پێش ئەم ڕوداوە بە نزیکەی هەشتا ساڵ، واتە لە نیوەی یەکەمی سەدەی هەژدەدا، فەرەنسا لە ڕێگەی ڕووتاندنەوەی هاییتی-یەوە نیوەی قاوەی جیهانی بەرهەم دەهێنا. لە ڕێگەی سیستمێکی کۆیلایەتییەوە، بازاڕەکانی ئەوروپای پڕکردبوو لە قاوە. لەنێوان ساڵانی (1755-1789) دا ئیمپراتۆریەتی فەرەنسا گەورەترین وەبەرهێنانی قاوەی لەو کۆڵۆنییەدا کردو لەماوەی 34 ساڵدا بەرهەمی قاوەی لە سێ ملیۆن کیلۆگرامەوە گەیاندە 34 ملیۆن کیلۆگرام، یانی نیوەی پێداویستی جیهان لە قاوە. 
هاییتی، کە ئەمڕۆ یەکێکە لە هەژارترین وڵاتەکانی دنیاو تەنها 2%ی ڕووبەری خاکەکەی بە دارستان و سەوزایی داپۆشراوە، دووای 200 ساڵ لەسەربەخۆیی، باجی تێکدانی سیستمە سروشتییەکەی و لەناوبردنی جۆرەکان دەدات. ئەم کۆمەڵکوژییە سیستێماتیکییەی جۆرەکانی ڕووەک بەرێژەی 98% لە دوورگەکانی کاراییب هاوکات بوو لەگەڵ لەناوبردنی باڵندەی پەنگوینی گەورە لە باکووری زەریای ئەتڵەسیی. 
گۆڕانکاری دووەم، بەدیاریکراوی لەم خاڵەدا دەردەکەوێت، واتە ماڵیکردنی سروشت لەژێر ڕکێفی سیستمی کۆڵۆنیاڵدا کە بەش بەحاڵی خۆی شێوازی نوێی لە کولتورو خۆراک و بەکاربردندا سەپاند بەسەر بیرکردنەوەی کۆمەڵگە ئەوروپییەکاندا؛ بەتایبەتیش کولتوری بەکاربردنی قاوەدا کە پێش کۆڵۆنیالیزم دەگمەن بوو لە ئەوروپادا. دەستگرتن بەسەر شەکرو قاوەدا، سەرەتای ڕێکخستنەوەو چڕکردنی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنان بوو، نەک تەنها لە شێوازی بەکاربردندا، بەڵکو لە توانای گەیشتنیش بە سەرچاوەو خۆراکی باش لە کوالێتیدا لە ڕووی بەهاو چێژەوە. دەستگرتن بەسەر سەرچاوەکانی خۆراکدا بەبێ سیستمێکی کۆڵۆنیاڵ لەسەر زەوی مەحاڵ بوو، لەناوبردنی جۆرەکانی ڕووەکیش لە هاییتی نموونەیەکی ڕوون بوو ڕەفتاری کۆڵۆنیالیزم لە ملکەچکردنی سروشت، کە تێکدانی سیستمێکی تەواوی ژینگەیی بەدووادا هات. 
بەم شێوەیەش، گۆڕانکارییە کولتوورییەکان لە کشتوکاڵ و خۆراکدا کە دەرەنجامی ماڵیکردنی سروشت بوون لە ژێر ڕکێفی سیستمێکی کۆڵۆنیاڵدا، بوونە سەکۆی سەردەمی پیشەسازی کە وەک گڕی یەکەمی گەرمبوونی زەوی دەناسرێت. ئەویش لەپای پیشەسازییەکی فراوان کە ڕێژەیەکی زۆری گازە گەرمکەرەوەکانی دەخستە کەشەوە. ئیتر بەم شێوەیە، دووای پڕوکاندنی زەوی لەکاتی ماڵیکردنیدا بەدرێژایی هەردوو سەدەی شانزەو هەڤدە، سەردەمی پیشەسازی کە کۆتایی سەدەی هەژدەو سەرەتای سەدەی نۆزدەی پێ ناسرایەوە، بووە ئاگرێکی نەرم و لەسەرخۆ زەوی گەرم دەکرد، ئەویش لەڕێگەی دەردانی گازەوە بۆ کەش. بەو شێوەیە هەردوو سەدەی (16 و 17) بە ملکەچکردنی زەوی ناسرانەوە لەلایەن کۆڵۆنیالیزمەوە کە خۆراک و دارو پێستی لە کۆڵۆنیەکانیەوە لە هەردوو بەشی ئەمریکا و ئاسیا دەگواستەوە بۆ شارەکانی خۆی، لەهەمان هەمان کاتیشدا کۆیلەی لە دوورگەی (گۆرێ)ەوە لە ڕۆژئاوای ئەفریقیا دەگواستەوە بۆ ئەمریکا. 
ئەگەر لە ئامارەکانی حاڵی زەوی وردبینەوە، (وێنەی خوارەوەدا)، تێبینی ئەو دەرەنجامە کارەساتبارانە دەکەین کە سیاسەتی ملکەچکردنی زەوی و بەکارهێنانی زۆرەملێی جۆرەکان، بەرهەمی فەلسەفەیەکی ئابووریی ئەوروپی بوون، کە سروشتی وەک سەرچاوەیەکی لەبن نەهاتوو دەبینی. ئەمڕۆ، کە دەبینین زەوی لە 85% ی شوێنە شێدارەکانی لەدەست ئەدات، 
سێ چارەکی بەزۆرملێ دەگۆڕدرێت و لە 3%ی دەریاکان لە ڕووی هەمە-چەشنییەوە فۆرمی کێویانە وەردەگرێت، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە هەموو جیهان لەبەردەم ئەوەدایە ببێتە کۆپییەکی تر لە هاییتی، چونکە پرۆسەی لەناوبردنی کۆمەڵگەی زەوی زۆر خێراترە لەوە لەسەر دەستی کۆڵۆنیالیزم لە سەدەی (16 و 17) دا ڕوویدا. تەنها لەنێوان ساڵانی (1980-2012) زیاتر لە یەک ملیۆن کیلۆمەتر لە دارستانی کەمەری و نیمچە کەمەریی لەسەر ئاستی جیهان لەناوبراون، کشتوکاڵیش فاکتەری یەکەمی ئەم وێرانکارییەیە. 
 
لە داگیرکردنی ئەمریکاو خاکی ماورییەکانەوە لە ئوسترالیاو نیوزلەندا تا دەگایە نیمچە دوورگەی هیندی و ئەفریقیا، بۆ یەک چرکەش ملەکەچکردنی زەوی نەوەستاوە. وەک چۆن جوگرافیاناس و دۆزەرەوەو گەریدەکانی سەدەی شانزە، بەشدارییان لە دەست بەسەراگرتنی سەرچاوەکانی زەوی و تێکدانی شێوازە خۆڕسکەکانی بەرهەمهێنانی خۆراکدا کرد، ئەمڕۆش ناوەندێکی زۆری زانستی و دامەزراوەی ئەکادیمی و سیستمی سیاسی ڕاستڕەو، لەپشتەوەی تێکدانی ئەو بەشەی زەوین لە کۆڵۆنیالیزم ماوەتەوە. جیهانی ئەمڕۆ لەپاڵ بێدەنگییەکی هاوشێوەی بێدەنگییەکەی چارڵز داروین، هیچ شوورەییەک لەوەدا نابینێت، چارەنووسی زەوی وەک ئەوەی هاییتی لێبکات. 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand