رێكخەر وەكو "كاربەڕێكەر" دەمێنێتەوە

Draw Media

2021-10-14 13:54:22



راپۆرت: درەو
عومەر سەید عەلی‌و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان هێشتا لە پۆستەكانیان بەردەوامن، بەڵام بەشێوەی "كاربەڕێكەر"، چارەنوسی بزوتنەوەكە رادەستی "دەستەیەكی كاتیی" دەكرێت كە دیار نییە كەی دروست دەكرێت، سەرلەنوێ ململانێی كۆن‌و نوێیەكان دەستی پێكردوەتەوە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتە. 

سفربوونی كورسییەكان
ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق نسكۆ بوو بۆ بزوتنەوەی گۆڕان، ئەم هێزە كە 2010 لە یەكەمین بەشداریكردندا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق (8) كورسی بردەوە، لەدووەم بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كە 2014 بەڕێوەچوو، ژمارەی كورسییەكان بۆ (9) كورسی بەرزبووەوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2018دا ژمارەی كورسییەكانی بۆ (5) كورسی دابەزی‌و لە هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەریشدا كورسییەكانی (سفر) بوو. 
ئەم پاشەكشێ گەورەیە، ناڕەزایەتی لەناو بزوتنەوەی گۆڕان دروستكرد، داوای دەستلەكاركێشانەوەی رێكخەری گشتی‌و خانەی راپەڕاندن كرا، هەندێك لەمە زیاتریش رۆشتن‌و داوای كشانەوەی بزوتنەوەی گۆڕانیان كرد لە حكومەتی هەرێم‌و حكومەتە خۆجێییەكان، پرسی كشانەوە لەحكومەت كە زۆربەی لایەنگرانی گۆڕان بە هۆكاری هەستانەوەی بزوتنەوەكەی دەزانن لە ئێستادا بە كراوەیی بەجێهێڵدراوە بۆ دوای گۆڕانكارییە حزبەكان رەنگە تا ئەوكاتەش ئیتر وادەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كۆتایی بێت و پرسی كشانەوەی گۆڕان لە حكومەت نەكەوێتە بواری جێیەجێكردنەوە.

دوو كارنامەی رەتكراوە 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە رۆژانی دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق‌و سفربوونی كورسییەكانی گۆڕان، دوو كارنامە هەبووە بۆ چۆنیەتی روبەڕووبونەوەی ئەو قەیرانە ناوخۆییەی دروستبووە:
كارنامەی یەكەم: 
ئەمە كارنامەی عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی‌و مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بووە، ئەم كارنامەیە داوای كردووە لیژنەیەكی كاتیی بە سەرۆكایەتی (جەلال جەوهەر) دروست بكرێت، ئەم كارنامەیە كە سەركردە كۆنەكان تێیدا باڵادەست دەمانەوە، رەتكرایەوە. 
كارنامەی دووەم: ئەم كارنامەیە لەلایەن چیا نەوشیروان مستەفاوە پێشنیازكراوە‌و بەپێی كارنامەكە داوا كراوە (یوسف محەمەد سادق) بكرێت بە رێكخەری گشتی، ئەمە لەلایەن كاستە كۆنەكەوە رەتكراتەوە.
لەدوای رەتكردنەوەی ئەم دوو كارنامەیە، ئێستا میحوەرێكی نوێ دروستبووە كە میحوەری چیا نەوشیروان مستەفایە لەگەڵ مستەفا سەید قادردا.
بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەسەرەتای قەیرانەكەدا عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دوو پێشنیازی هەبووە:
یەكەم: دەرفەت بدرێت رێكخەرو خانەی راپەڕاندن لەسەر كاری خۆیان بەردەوام بن تاوەكو دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، وادەی فەرمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان مانگی ئەیلولی ساڵی داهاتووە، بەڵام بەمدواییە بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لەناو پارتییەوە خواستێك هەیە بۆ ئەوەی هاوشێوەی عێراق، لە هەرێمی كوردستانیش هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان بكرێت. 
دووەم: رێكخەرو خانە بەردەوام بن‌و لەماوەی سێ مانگدا دیراسەی پاشەكشێی دەنگی گۆڕان لە هەڵبژاردن بكرێت‌و دواتر بڕیار بدرێت.
هەردوو پیشنیازەكەی رێكخەری گشتی رەتكرانەوە‌و كێشەكە خرایە بەردەمی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان.
 
جڤاتی نیشتمانی چی كرد ؟
دوێنێ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بڕیاردان لەبارەی بارودۆخی ناوخۆیی‌و ئەو شكستەی توشی بزوتنەوەكە، كۆبووەوە.
لەم كۆبونەوەیەدا، رێكخەری گشتی‌و خانەی راپەڕاندن دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەش كرد، تا ئەو كاتەی دەستەیەكی "كاتیی" بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەكە دروست دەكرێت‌و ئامادەكاری بۆ كۆنفرانسی نیشتمانی دەكرێت. 
واتە بەگوێرەی بڕیارەكەی جڤاتی نیشتمانی، رێكخەری گشتی‌و خانەی راپەڕاندن لەسەر كاركردنی خۆیان بەردەوام دەبن تا ئەو كاتەی دەستە كاتییەكە بۆ بەڕێوەبردنی گۆڕان دروستدەكرێت. 
دیار نییە ماوەی قۆناغی كاربەڕێكەر چەند دەخایەنێت، بەڵام بەپێی ئەوەی باسدەكرێت ئەو دەستەیەی كە بڕیارە بەشێوەیەكی كاتیی بۆ بەڕێوەبردنی گۆڕان دروست بكرێت ژمارەی ئەندامەكانی لەنێوان (9 بۆ 13) كەس دەبێت‌و رێكخەرو ئەندامانی دەستلەكاركێشاوەی خانەی راپەڕاندن ئەندام نابن تێیدا. 
بەگوێرەی دەستوری ناوخۆیی، جڤانی نیشتمانی بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام كێشەكە ئەوەیە ئەم جڤاتە خۆشی لە ساڵی 2014وە وادەی یاسایی بەسەرچووە‌و نوێ نەكراوەتەوە.

چیرۆكی بزوتنەوەی گۆڕان
دوای چەند ساڵێك ناكۆكی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی، نەوشیروان مستەفا ساڵی 2009 لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەكانی تری یەكێتی، جیابونەوەی خۆی راگەیاند‌و بزوتنەوەی گۆڕانی دروستكرد. 
25ی تەموزی 2009 بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری یەكەمین هەڵبژاردنی كرد كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوو، لەم هەڵبژاردنەدا (25) كورسی بردەوە‌و بەسەر یەكێتیدا سەركەوت‌و لەدوای پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بوو بە دووەمین هێز لەسەر ئاستی هەرێم. 
بزوتنەوەی گۆڕان تەمەنی دەبێت بە (12) ساڵ، لەم ماوەیەدا تەنیا 
یەك كۆنفرانسی كردووە، ئەم كۆنفرانسە كۆتا رۆژەكانی ساڵی 2013 لە هەولێر بەڕێوەچوو، لەم كۆنفرانسەدا یەكەمین دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكە پەسەندكرا‌و لەم دەستورەدا بڕیار لەسەر دروستكردنی خانەی راپەڕاندان درا.

خانەی یەكەم 
تاوەكو نەوشیروان مستەفا دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕان لە ژیاندا بوو، خانەی راپەڕاندن دروست نەكرا، ئایاری 2017 نەوشیروان مستەفا كۆچی دوایی كرد، دوای مردنی، ئەو موڵك‌و ماڵانەی كە بەناویەوە بوو، كوڕەكانی گواستیانەوە سەر ناوی خۆیان، پاش ئەم رووداوە كە كاردانەوەی هەندێك لەسەركردەكانی بزوتنەوەكەی لێكەوتەوە‌و وەكو "تەوریسی سیاسی"‌و "دەستگرتن بەسەر موڵك‌و ماڵی بزوتنەوەكە" ناویان برد، رۆژی 25ی تەموزی 2017 جڤاتی نیشتمانی بۆ یەكەمجار ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی هەڵبژارد‌و شوێنەكەی نەوشیروان مستەفاشی بە (عومەر سەید عەلی) پڕكردەوە.
بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، خانەی راپەڕاندن "بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیارو راسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی لەنێوان دوو كۆبونەوەدا"، واتە ئەم خانەیە دەسەڵاتی جێبەجێكردنی هەیە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا. 
یەكەمین خانەی راپەڕاندن لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ئەندامەكانی لە (7) پێكدەهات كە بریتی بوون لە: 
•    عومەر سەید عەلی: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە
•    عوسمان حاجی مەحمود: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری باژێڕەكان (دوای 10 مانگ كاركردن، بەهۆی ناڕازیبوون لە چۆنیەتی سیاسەت‌و ئیدارەكانی بزوتنەوەكە، پەیوەندی كۆمپانیای وشە‌و بزوتنەوەكە، تاپۆكردنی گردی زەرگەتە لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، خراپی مامەڵەی خانەی راپەڕاندن لەسەر پرسەكان، دەستی لە ئەندامێتی خانە كێشایەوە‌و بە فەرمی دوركەوتنەوەی لە بزوتنەوەی گۆڕان راگەیاند)
•    جەمال حاجی محەمەد: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری جڤاتی نیشتمانی
•    جەلال جەوهەر: ئەندامی خانەی راپەڕاندن، سكرتێری فراكسیۆنەكان
•    محەمەد تۆفیق رەحیم: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری ژورەكان 
•    شۆڕش حاجی: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری خەڵك
•    رەئوف عوسمان: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سەرۆكی جڤاتی گشتی
دیارترین كارێك رێكخەری گشتی‌و یەكەمین خانەی راپەڕاندن كردی، بەشداریكردن بوون لە كابینەی (نۆیەم)ی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمە ناڕەزایەتی لەناو بزوتنەوەكەدا دروست كرد، چونكە كابینەی (هەشتەم)ی حكومەت بە شكست بۆ بزوتنەوەی گۆڕان كۆتایی هات‌و پارتی رێككەوتنی خۆی لەگەڵ گۆڕان هەڵوەشاندەوە‌و گۆڕانی لە حكومەت دەركرد‌و دەرگای پەرلەمانی كوردستانیشی داخست، بەڵام گۆڕان سەرباری ئەمانە جارێكی تر لەگەڵ پارتی تێهەڵچووەوە‌و رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ ئیمزا كرد. 

خانەی دووەم
خانەو رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بەگوێرەی دەستوری ناوخۆیی بۆ خولێكی (دوو ساڵ)ی هەڵدەبژێردێن، وادەی یەكەمین خانەی راپەڕاندن لە تەموزی 2019دا تەواو بوو.
جڤاتی نیشتمانی كە هێشتا خۆشی هەر وادە بەسەرچوو بوو، دوو مانگ دوای وادەی دیاریكراو و لە رۆژی 14ی ئەیلولی 2019دا ئەندامانی نوێی خانەی راپەڕاندنی هەڵبژارد، ئەمە دووەمین خانە بوو لە مێژووی بزوتنەوەی گۆڕاندا، پێكهاتەی نوێی خانە كە تائێستاش هەندێكیان بەردەوامن ئەمانە بوون: 
•    عومەر سەید عەلی: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان
•    عەدنان عوسمان: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری جڤاتی نیشتمانی (دوای ساڵێك كاركردن دەستی لەكاركێشایەوەو شێخ كامیل پێنجوێنی لە شوێنەكەی دانراو تائێستا بەردەوامە)
•    جەلال جەوهەر: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان (دەستی لەكاركێشایەوە‌و سەفین مەلا قەرە لە شوێنەكەی دانراو تائێستا مەلا قەرە بەردەوامە)
•    دەرباز محەمەد: ئەنجامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری ژورەكان
•    شەماڵ عەبدولوەفا: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری باژێڕەكان (دەستی لەكاركێشایەوە‌و ئاسۆ رەحیم لە شوێنەكەی دانراو ئاسۆ رەحیم تائێستا بەردەوامە)
•    برزۆ مەجید: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری خەڵك
خانەی دووەمی راپەڕاندن بە رێكخەری گشتیشەوە، لە 14ی ئەیلولی ئەمساڵدا، واتە بەدیاریكراوی رێك یەك مانگ لەمەوبەر وادەی یاسایی بەسەرچوو، واتە رێكخەرو ئەم خانەیە لەكاتێكدا دەستیان لەكاركێشاوەتەوە كە خۆیان لەڕووی یاساییەوە وادەكەیان تەواو بووە.

چارەنوسی رێكخەرو داهاتووی گۆڕان 
ئێستا كە رێكخەرو خانەی راپەڕاندنی ماوە بەسەرچوو دەستیان لەكاركێشاوەتەوە‌و بەشێوەی "كاربەڕێكەر" بەردەوام دەبن تا ئەو كاتەی دەستەیەكی كاتیی دروستدەكرێت بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەكە‌و بڕیاردان لەسەر چارەنوسی ئەم هێزە سیاسییە‌و پەیكەری بزوتنەوەكە‌و شێوازی بەڕێوەبردنی. 
بەر لەوەی گۆڕان توشی شكست ببێت لە هەڵبژاردن، رێكخەری گشتی‌و خانەی راپەڕاندن وادەی سازدانی دووەمین كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەكەیان بۆ كۆتایی ئەمساڵ دواخست، بڕیاربوو لەم كۆنگرەیەدا گۆڕانكاری لە پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەكەدا بكەن كە لەسەردەمی نەوشیروان مستەفادا نوسراوەتەوە، بەجۆرێك دەسەڵاتی مەركەزیی لەناو بزوتنەوەكە بەهێز بكرێت‌و رۆڵی خانەی راپەڕاندن بەهێزترو رۆڵی جڤاتی نیشتمانی لاواز بكرێت، بەڵام هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق‌و ئەنجامەكانی، ریسەكەی لە عومەر سەید عەلی‌و هاوباوەڕەكانی لەناو خانەی راپەڕاندن كرد بە خوری. 
ئاسۆی چارەسەر بۆ قەیرانەكانی گۆڕان هێشتا لەناو گردی زەرگەتەدا دەسوڕێتەوە‌و ئەو هەڵسوڕاو بەرپرسانەی كە لەماوەی رابردوودا لە بزوتنەوەكە دوركەوتونەتەوە هێشتا لەناو ئەجێندای چارەسەردا نین.
گۆڕان لەكاتێكدا توشی ئەم تەقینەوە ناوخۆییە بووە، كە ماوەیەكە‌و بەر لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقیش، فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمانی كوردستان دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەكیان لەگەڵ سیاسەتەكانی بزوتنەوەكەی‌و ئەوی تریان دژە، فراكسیۆنەكەشی لە پەرلەمانی عێراق پەیوەندی خۆیان لەگەڵ بزوتنەوەكەدا دابڕیوە.
ئەم دوو بەرەیە، فراكسیۆنەكەی بەغداد‌و نیوەی فراكسیۆنەكەی هەولێر، لەگەڵ هەندێك لەو هەڵسوڕاوانەی كە هێشتا لەچوارچێوەی بزوتنەوەكەدا ماونەتەوە ئێستا نیمچە بەرەیەكیان دروستكردووە، بەپێی بەدواداچونی (درەو)، ئەمانە مەرجیان هەیە بۆ بەشداریكردن لە هەر پرۆژەیەكی نوێ لەناو گۆڕاندا، یەكێك لە مەرجەكانیان ئەوەیە "چارەنوسی گردی زەرگەتە یەكلابكرێتەوە‌و بخرێتەوە سەر موڵكی گشتی"، ئەمە داواكاری یوسف محەمەد‌و هۆشیار عەبدوڵاو عەلی حەمەساڵح‌و هاوڕێكانیانە، داواكارییەك كە لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاوە بۆ یەكەمجار لەلایەن عوسمان حاجی مەحمود‌و كۆچكردوو قادر حاجی عەلییەوە جەختی لەسەر دەكرا‌، به‌ڵام ئه‌وان داوایان ده‌كرد موڵكه‌كان بخرێته‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان. 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand